ئالان به‌هائه‌ددین عه‌بدوڵڵا ئه‌لموده‌ڕیس، دكتۆرا له یاسا - مامۆستا له كۆلێژی یاسا / زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین
پێشه‌كى
دراو به یه‌كێك له گرینگ‌ترین و به‌هێزترین ئه‌و ئامرازه دارایییانه داده‌نرێت كه ئابووریی وڵاتانی له‌سه‌ر بونیاد ده‌نرێت و، هه‌میشه كاریگه‌ریی هه‌بووه؛ چ به شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ، له‌سه‌ر پێـشكه‌وتن یاخود دواكـه‌وتنی ئابووریی وڵاتان. هه‌ر بۆیه، له هه‌موو بۆنه‌یه‌كی ئابووریدا، چ بووژانه‌وه بێت یاخود داڕمان، ئاماژه سه‌ره‌كییه‌كان بۆ دراو ده‌بن.
به‌ڵام، له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌موو گرینگی و كاریگه‌رییه‌دا، كه‌چی ده‌بینین به‌های دراو هه‌موو كاتێك ڕه‌نگدانه‌وه‌ی هێز و توانا یاخود لاوازیی ئابووریی وڵاتان نابێت، به‌ڵكوو له زۆر باردا، تێبینی ده‌كرێت هه‌ندێ له وڵاتان خاوه‌ن ئابوورییه‌كی زۆر به‌هێزن كه‌چی به‌های دراویان له به‌رامبه‌ر دراوه بیانییه‌كان نزمه، وه‌ك وڵاتی ژاپۆن بۆ نموونه. پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌یش هه‌ر ڕاسته؛ تێبینی ده‌كرێت هه‌ندێ له وڵاتان خاوه‌ن ئابوورییه‌كی زۆر لاوازن كه‌چی به‌های دراویان له به‌رامبه‌ر دراوه بیانییه‌كان زۆر به‌رزه، وه‌ك وڵاتی ئوردن.
كه‌واته، به‌های دراوی هه‌ر وڵاتێك نیشانده‌ری هێز یاخود لاوازیی ئابووریی ئه‌و وڵاته نییه، به‌ڵكوو هۆكاری تر هه‌ن به‌های دراوی وڵاتانی پێ دیاری ده‌كرێت له بازاڕه جیهانییه‌كاندا، وه‌ك: دیاریكردنی نرخی دراو له‌لایه‌ن بانكی ناوه‌ندییه‌وه، یاخود دیاریكردنی نرخی دراو به‌پێی خواست و خستنه‌ڕوو (العرض والطلب)، یاخود به‌رزكردنه‌وه، یان نزمكردنه‌وه‌ی ئاستی سووی دیاریكراو له‌لایه‌ن بانكی ناوه‌ندییه‌وه، یاخود ڕادده‌ی سه‌قامگیریی سیاسی له وڵات‌دا و هتد.
به شێوه‌یه‌كی گشتی، دوو سیسته‌می سه‌ره‌كی بۆ دیاریكردنی به‌های دراوی وڵاتان پێڕه‌و ده‌كرێت، ئه‌وانیش "سیسته‌می نرخی گۆڕاو" و "سیسته‌می نرخی جێگیر"ه. پێڕه‌وكردنی هه‌ر یه‌ك له‌م دوو سیسته‌مه، پێویستی به چوارچێوه‌ی یاسایی هه‌یه و، بێ گومان جێبه‌جێكردنیشیان لێكه‌وته‌ی دارایی و یاسایی‌ی ده‌بێت. به‌ڵام چوارچێوه و لێكه‌وته‌كانی ئه‌م دوو سیسته‌مه، له وڵاتێكه‌وه بۆ وڵاتێكی تر جیاوازه و به‌پێی قه‌باره و ئاست و توانای ئابووریی ئه‌و وڵاته ده‌گۆڕدرێت.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دراو له‌م دوو سیسته‌مه‌دا فاكته‌ری هاوبه‌شه، بۆیه هه‌میشه باس له ڕادده‌ی جووڵه‌ی به‌های دراو ده‌كرێت له‌نێو ئه‌م دوو سیسته‌مه‌دا، چونكه بۆ جێبه‌جێكردنی هه‌ر سیاسه‌تێكی ئابووری، به‌های دراوی وڵات جووڵه ده‌كات؛ چ به‌ره‌و به‌رزبوون یاخود دابه‌زین؛ جا چ به‌ئه‌نقه‌ست بێت یاخود خۆڕسك بێت. ئه‌وه‌ی ئێستا له عێراق و هه‌رێمی كوردستان ده‌گوزه‌رێت بریتییه له جێبه‌جێكردنی سیاسه‌تێكی ئابووریی دیاریكراو و هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ جووڵه‌پێكردنی به‌های دیناری عێراقی له به‌رامبه‌ر دۆلاری ئه‌مریكی – كه دراوی سه‌ره‌كیی مامه‌ڵه‌پێكردنه له دوای دیناری عێراقی – ئه‌م جووڵه‌یه‌یش به‌ره‌و دابه‌زینی نرخی دیناری عێراقییه و مه‌به‌ست لێی به‌دیهێنانی ئامانجێكی داراییی دیاریكراوه.
پێناسه‌ى هه‌ردوو سیسته‌م و شێوازه‌كانیان
سیسته‌می نرخی گۆڕاو (Floating Exchange Rate)، سیسته‌مێكی دارایییه بۆ دیاریكردنی نرخی دراو و له زۆربه‌ی وڵاته سه‌رمایه‌دارییه‌كان پێڕه‌و ده‌كرێت و به سیسته‌مێكی كـراوه و هه‌میشه "متقلب" ده‌ناسرێت. به‌پێی ئه‌م سیسته‌مه، به‌های دراوی وڵات له به‌رامبه‌ر دراوه بیانییه‌كان له بازاڕی دراودا به‌پێی ئاستی خستنه‌ڕووی دراوه‌كه و خواست له‌سه‌ری، دیاری ده‌كرێت. به واتایه‌كی تر، دیاریكردنی به‌های دراوی وڵات له به‌رامبه‌ر دراوی وڵاتانی تر به شێوه‌یه‌كی ئازادانه ده‌بێت و به هیچ شێوه‌یه‌ك حكوومه‌ت یان بانكی ناوه‌ندی، ڕۆڵی ڕاسته‌وخۆیان نابێت له دیاریكردنی به‌های دراوی وڵات و ده‌ستیان ده‌كێشنه‌وه و خۆیان له‌م بابه‌ته به‌دوور ده‌گرن.
به شێوه‌یه‌كی پراكتیكی، پێڕه‌وكردنی ئه‌م سیسته‌مه ده‌بێته هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی دراوی وڵات له به‌رامبه‌ر دراوه بیانییه‌كان - دۆلار وه‌ك نموونه - ئه‌گه‌ر هات و خواستی هاووڵاتیان و كۆمپانیاكان له‌سه‌ر دۆلار، كه‌متر بوو له خستنه‌ڕووی دۆلار له بازاڕی دراودا. به‌پێچه‌وانه‌یشه‌وه، نرخی دراوی وڵات داده‌به‌زێت ئه‌گه‌ر هات و خواست له‌سه‌ر دۆلار، زیاتر بوو له خستنه‌ڕووی له بازاڕی دراودا. هه‌ر بۆیه، ئه‌م سیسته‌مه به گۆڕاو وه‌سف ده‌كرێت، چونكه به‌رزی و نزمی له نرخی دراودا زۆر به‌خێرایی ده‌بێت و ڕه‌نگه له ڕۆژێكدا چه‌ندین جار ئه‌م به‌رزبوونه‌وه و نزمبوونه‌وه‌یه تۆمار بكرێت.
به‌ڵام، سیسته‌می نرخی گۆڕاو ته‌واو پێچه‌وانه‌ی جۆری دووه‌مه له سیسته‌می دیاریكردنی به‌های دراو كه به سیسته‌می نرخی جێگیر (Fixed Exchange Rate) ده‌ناسرێت و له‌لایه‌ن زۆربه‌ی وڵاته دواكه‌وتوو و تازه‌پێگه‌یشتووه‌كان و، هه‌روه‌ها وڵاته به‌رهه‌مهێنه‌ره‌كانی نه‌وت پێڕه‌و ده‌كرێت. به‌پێی ئه‌م سیسته‌مه، بانكی ناوه‌ندی له ڕێگه‌ی فرۆشتنی دراوێكی بیانیی دیاریكراو به دراوی نیشتمانی، ڕۆژانه گووژمه‌یه‌كی دیاریكراو له دراوی بیانی به نرخێكی دیاریكراو ده‌خاته بازاڕه و له‌م ڕێگه‌یه‌وه دراوی نیشتمانی له به‌هایه‌كی نیمچه‌جێگیر ده‌وه‌ستێنێت. له‌م سیسته‌مه‌دا، بانكی ناوه‌ندی وه‌ك كۆمپانیایه‌كی ئاڵوگۆڕپێكردنی دراو ده‌رده‌كه‌وێت، چونكه كاری سه‌ره‌كیی ڕۆژانه‌ی، بریتی ده‌بێت له خستنه‌ڕووی دراوێكی بیانیی دیاریكراو كه زۆرترین مامه‌ڵه‌ی پێوه ده‌كرێت (وه‌ك دۆلار بۆ نموونه) بۆ نێو بازاڕی دراوی نێوخۆیی بۆ پڕكردنه‌وه‌ی پێداویستی و خواستی بازرگان و كۆمپانیا لۆكاڵییه‌كان كه بۆ دانه‌وه‌ی قه‌رز و پابه‌نده دارایییه‌كانیان له ئه‌نجامی هاو‌رده‌كردنی كاڵا و خزمه‌تگوزارییه‌كان له ده‌ره‌وه‌ی وڵات، پێویستیان به‌م دراوه هه‌یه.
سیسته‌می نرخی جێگیر به یه‌ك شێواز ڕایی ده‌كرێت، به‌ڵام سیسته‌می نرخی گۆڕاو بۆ دیاریكردنی نرخی دراو به دوو شێواز ڕایی ده‌كرێت؛ یه‌كه‌میان پێی ده‌گوترێت "شێوازی ئازاد": به‌پێی ئه‌م شێوازه، حكوومه‌ت و بانكی ناوه‌ندی به هیچ شێوه‌یه‌ك، چ ڕاسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ، ده‌ست ناخه‌نه ناو پڕۆسه‌ی دیاریكردنی نرخی دراو به‌پێی خواست و خستنه‌ڕووه‌وه و، لێ ده‌گه‌ڕێن ئه‌م پرۆسه‌یه به شێوه‌یه‌كی ئازادانه به‌ڕێوه بچێت. شێوازی دووه‌میش پێی ده‌گوترێت "شێوازی ئاراسته‌كراو". ئه‌م شێوازه هه‌روه‌ك شێوازی یه‌كه‌مه و نرخی دراو به‌پێی ئاستی خواست و خستنه‌ڕووی دراو دیاری ده‌كرێت؛ به‌ڵام ئه‌وه‌ی له شێوازی یه‌كه‌م جیای ده‌كاته‌وه، بریتییه له ده‌ستوه‌ردانی بانكی ناوه‌ندی له پڕۆسه‌ی دیاریكردنی نرخ، هه‌ر كاتێك پێویست بكات، وه‌ك به‌رزبوونه‌وه یان دابه‌زینی نرخی دراوی نیشتمانی له به‌رامبه‌ر دراوه بیانییه‌كان به شێوه‌یه‌كی به‌رچاو و چاوه‌ڕواننه‌كراو، ئه‌و كاته بانكی ناوه‌ندی هه‌وڵ ده‌دات له ڕێگه‌ی گۆڕینی قه‌باره‌ی خواست یان خستنه‌ڕوو، جۆرێك له هاوسه‌نگی له نرخی دراوی نیشتمانی بێنێته كایه‌وه. كه‌واته به‌پێی شێوازی دووه‌م، بانكی ناوه‌ندی دوو ئاست دیاری ده‌كات بۆ به‌های دراوی نیشتمانی له به‌رامبه‌ر دراوه بیانییه‌كان، به‌تایبه‌ت دراوی سه‌ره‌كی (وه‌ك دۆلار) كه ئاستێكیان به‌رزه و نابێت به‌های دراوی نیشتمانی له‌م ئاسته زیاتر به‌رز بێته‌وه و، ئاسته‌كه‌ی تریش نزمه و نابێت به‌های دراوی نیشتمانی له‌م ئاسته زیاتر دابه‌زێت؛ به‌پێچه‌وانه‌وه بانكی ناوه‌ندی ده‌ست ده‌خاته نێو پرۆسه‌ی دیاریكردنی به‌های دراوی نیشتمانی.
كورته‌يه‌كى مێـژووى سیسته‌مى دیاریكردنی دراو له جيهان
پێش كۆتاییهاتنی جه‌نگی جیهانیی دووه‌م، له ته‌مووزی ساڵی (1944)، نزیكه‌ی (44) وڵات له شاری "بريتۆن وۆدز" له ویلايه‌تی "نيوهامبشير"ی ئه‌مریكی كۆ بوونه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی چوارچێوه‌یه‌ك بۆ هه‌ماهه‌نگیی ئابووری له نێوان وڵاتان و به‌دیهێنانی سه‌قامگیریی نه‌ختینه‌یی له نرخی دراو و یارمه‌تیدانی وڵاتان بۆ دووباره بونیادنانه‌وه و هاندانی وه‌به‌رهێنان دابڕێژن. له ئه‌نجامی ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌دا دوو ڕێكخراوی ئابووریی گرینگ دامه‌زران؛ یه‌كه‌میان، "ڕێكخراوی سندووقی نه‌ختینه‌ییی نێوده‌وڵه‌تی" بوو كه كاره‌كانی بریتین له دروستكردنى هه‌ماهه‌نگیی ئابووری له نێوان وڵاتان و به‌دیهێنانی سه‌قامگیریی نه‌ختینه‌یی و دارايى، به‌تایبه‌ت سه‌قامگیری له نرخی دراو، هه‌روه‌ها زاڵبوون به‌سه‌ر كێشه دارایییه‌كان له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی و پێدانی قه‌رزی كورتخایه‌ن. دووه‌میان، "كۆمه‌ڵه‌ی بانكی نێوده‌وڵه‌تی" بوو كه كاره‌كانی بریتین له یارمه‌تیدانی وڵاتان بۆ دووباره بونیادنانه‌وه و هاندانی وه‌به‌رهێنان و پێشكه‌شكردنی یارمه‌تیی دارایی و ته‌كنیكی و پلاندانان بۆ له‌نێودبردنی هه‌ژاری له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی و پێدانی قه‌رزی درێژخایه‌ن و مامناوه‌ند به وڵاتان و هاندانی كه‌رتی تایبه‌ت له‌نێو وڵاتاندا.
یه‌كێك له گرینگ‌ترین ئه‌و ڕێككه‌وتنه دارایییانه‌ی په‌یوه‌ست بوون به دراو و له چوارچێوه‌ی "بریتۆن وۆدز) واژووی له‌سه‌ر كرا، بریتی بوو له پێڕه‌وكردنی سیسته‌می نرخی جێگیر بۆ دیاریكردنی نرخی دراوی وڵاتانی ئه‌ندام له ڕێككه‌وتننامه‌ی "بریتۆن وۆدز"؛ ئه‌میش له ڕێگه‌ی به‌ستنه‌وه‌ی به‌های دراوی نیشتمانیی ئه‌م وڵاتانه به دۆلاری ئه‌مریكی و، ڕێگه‌یان دا به ڕێژه‌ی (1%) نرخی دراویان له به‌رامبه‌ر دۆلار به‌رز یاخود نزم بێته‌وه.
ئه‌م سیسته‌مه پێڕه‌و كرا تا له ڕێكه‌وتی (15/8/1971) سه‌رۆكی ئه‌مریكا "نیكسۆن"، بڕیاری كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكای دا له سیسته‌می نرخی جێگیر و، هه‌موو هه‌وڵه‌كانی وڵاتانی ئه‌ندام له "بریتۆن وۆدز" بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌مریكا بۆ نێو سیسته‌می نرخی جێگیر بۆ دیاریكردنی به‌های دراوی نیشتمانی، شكستی هێنا. سه‌ره‌نجام - له‌به‌ر هه‌ژموونی داراییی ئه‌مریكا - له ئایاری ساڵی (1976) ڕێكخراوی سندووقی نه‌ختینه‌ییی نێوده‌وڵه‌تی به شێوه‌یه‌كی فه‌رمی، دانی نا به سیسته‌می نرخی گۆڕاو بۆ دیاریكردنی نرخی دراوی نیشتمانی.
ئه‌م بۆچوونه‌ی ئه‌مریكا بۆ ئازادكردنی نرخی دراو به‌پێی خواست و خستنه‌ڕوو، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ڕا و بۆچوونی ئابووریناسانی ئه‌مریكا بوو، به‌تایبه‌ت ڕا و بۆچوونه‌كانی "قوتابخانه‌ی نه‌ختینه‌یی" كه ئه‌كادیمیست و ئابووریناس "میلتۆن فریدمان" ڕێبه‌رایه‌تیی ده‌كرد. فریدمان له بنه‌ماڵه‌یه‌كی جووله‌كه له ساڵی (1912) له نیویۆرك له‌دایك بووه و له ساڵی (2006) كۆچی دواییی كردووه. فریدمان له ساڵی (1976) خه‌ڵاتی نۆبڵی له بواری ئابووریی پێ به‌خشراوه. فریدمان پێی وابوو ئازادكردنی نرخی دراو و دیاریكردنی به‌هاكه‌ی له ڕێگه‌ی خواست و خستنه‌ڕووه‌وه، ده‌بێته هۆی به‌دیهێنانی هاوسه‌نگیی ئابووری، چونكه هه‌موو كورتهێنانێكی بازرگانی ده‌بێته هۆی زۆربوونی خواست له‌سه‌ر دراوی بیانی. ئه‌مه‌یش ده‌بێته هۆی دابه‌زینی نرخی دراوی نیشتمانی؛ ئه‌م دابه‌زینه‌یش هۆكار ده‌بێت بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاست و توانای كێبڕكێی به‌رهه‌می لۆكاڵی له به‌رامبه‌ر به‌رهه‌می بیانی كه به‌رزبوونه‌وه‌ی ڕێژه‌ی هه‌نارده‌كردن و كه‌مبوونه‌وه‌ی ڕێژه‌ی هاو‌رده‌كردنی لێ ده‌كه‌وێته‌وه و له ئه‌نجامدا كاریگه‌ریی پۆزه‌تیڤی ده‌بێت له‌سه‌ر ڕاستكردنه‌وه‌ی كورتهێنانی ته‌رازووی بازرگانی و جۆرێك له هاوسه‌نگی دێنێته كایه‌وه.
به‌رزبوونه‌وه یاخود نزمبوونه‌وه‌ی نرخی دراو واتای چی ده‌گه‌یه‌نێت؟
هه‌موو وڵاتێك دراوێكی بیانی دیاری ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی كه‌رتی گشتی و كه‌رتی تایبه‌تی ئه‌م وڵاته گشت مامه‌ڵه ده‌ره‌كییه‌كانیانی خۆیان له ده‌ره‌وه‌ی وڵات به‌م جۆره دراوه بیانییه ئه‌نجام بده‌ن – وه‌ك ئه‌وه‌ی له عێراق و هه‌رێمی كوردستان به دۆلاری ئه‌مریكی ئه‌نجام ده‌درێت. دیاریكردنی ئه‌م دراوه بیانییه بۆ مامه‌ڵه ده‌ره‌كییه‌كان، واتا پێویسته هه‌میشه نرخی دراوی نیشتمانی له به‌رامبه‌ر ئه‌م دراوه بیانییه سه‌ره‌كییه بخه‌مڵێندرێت و نرخی له بازاڕی دراودا دیاری بكرێت، چ به سیسته‌می نرخی گۆڕاو بێت یاخود سیسته‌می نرخی جێگیر.
جووڵه‌ی به‌های دراوی نیشتمانی، چ به به‌رزبوونه‌وه یاخود نزمبوونه‌وه له به‌رامبه‌ر دراوی بیانیی سه‌ره‌كی، هه‌ندێ لێكه‌وته‌ی ده‌بێت كه ڕه‌نگه ده‌وڵه‌ت خۆی بیه‌وێت ئه‌م جۆره لێكه‌وتانه بكه‌وێته‌وه. بۆ نموونه: ئه‌گه‌ر به‌های دراوی نیشتمانی له به‌رامبه‌ر دراوی بیانیی سه‌ره‌كیدا به‌رز بووه‌وه، ئه‌وا به شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ ده‌بێته هۆی:
به‌ڵام به دیوه‌كه‌ی تره‌وه، ئه‌گه‌ر نرخی دراوی نیشتمانیی وڵات له به‌رامبه‌ر دراوی بیانیی سه‌ره‌كیدا دابه‌زی، ئه‌وا لێكه‌وته‌كانی ته‌واو پێچه‌وانه‌ی ئه‌و لێكه‌وتانه‌ن كه له سه‌ره‌وه‌دا ئاماژه‌مان پێ كردووه؛ واتا ده‌بێته هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاست و ڕێژه‌ی هه‌نارده‌كردنی كاڵای لۆكاڵی بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات و، دابه‌زینی ئاستی هاو‌رده‌كردنی كاڵای بیانی بۆ نێوخۆی وڵات، ئه‌گه‌ر كه‌رتی پیشه‌سازیی وڵات توانای دابینكردنی پێداویستیی نێوخۆیی هه‌بوو و، هه‌روه‌ها ده‌بێته هۆی زیادبوونی ڕێژه‌ی وه‌به‌رهێنانی بیانی له نێوخۆی وڵات و، بووژانه‌وه‌ی كه‌رتی پیشه‌سازی و كشتوكاڵی لۆكاڵی.
كه‌واته ئه‌و وڵاتانه‌ی پشت به هه‌نارده‌كردن و وه‌به‌رهێنانی بیانی ده‌به‌ستن، ئه‌وا دابه‌زینی نرخی دراوی نیشتمانی له به‌رژه‌وه‌ندیی ئابووریی وڵاته‌كه‌یاندایه. به‌پێچه‌وانه‌وه، ئه‌و وڵاتانه‌ی پشت به هاو‌رده‌كردن ده‌به‌ستن، ئه‌وا به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی دراوی نیشتمانی له به‌رژه‌وه‌ندییانه. به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه‌یش بزانین كه كاریگه‌ریی به‌رزبوونه‌وه یاخود دابه‌زینی نرخی دراوی نیشتمانی له وڵاتێكی سه‌رمایه‌داری بۆ وڵاتێكی تازه‌پێگه‌یشتوو و له‌وێیشه‌وه بۆ وڵاتێكی دواكه‌وتوو، هه‌روه‌ها وڵاته به‌رهه‌مهێنه‌ره‌كانی نه‌وت جیاوازه، چونكه ئابووریی هه‌ر وڵاتێك خاوه‌نی تایبه‌تمه‌ندییه‌كی جیاوازه.
چوارچێوه‌ی یاسایی‌ی دیاریكردنی به‌های دیناری عێراقی
دياريكردنى به‌هاى دينارى عێراقى له به‌رامبه‌ر دراوه بيانييه‌كان، بابه‌تێكه ده‌چێته ژێر چه‌ترى سياسه‌تى نه‌ختينه‌يیى ده‌وڵه‌ت كه به‌پێى بڕگه‌ی (سێيه‌م) له مادده (110) له ده‌ستوورى كۆمارى عێراق بۆ ساڵى (2005)، نه‌خشاندنى ئه‌م سياسه‌ته له‌سه‌ر ئاستى عێراق له پسپۆڕیى ده‌سه‌ڵاته په‌يوه‌نديداره‌كانى ناوه‌نده و هه‌رگيز هه‌رێمه‌كان ناتوانن به‌هاى دينارى عێراقى ديارى بكه‌ن. تيايدا هاتووه: "تختص السلطات الإتحادية بالإختصاصات الحصرية الآتية: ثالثا:- ڕسم السياسة المالية، والكمركية، وإصدار العملة، وتنظيم السياسة التجارية عبر حدود الأقاليم والمحافظات في العراق، و وضع الميزانية العامة للدولة، ورسم السياسة النقدية وإنشاء البنك المركزي، وإدارته."
ئه‌وه‌ى ئێستا له‌سه‌ر ئاستى ڕاگه‌ياندنه‌كانى عێراق قسه‌ى له‌سه‌ر ده‌كرێت ئه‌وه‌يه: ئايا چ ده‌زگه‌يه‌كى فه‌رمى له عێراق ده‌سه‌ڵاتى دياريكردنى به‌هاى دينارى عێراقیى پێ سپێردراوه؟ ڕاسته له ئێستا‌دا بانكى ناوه‌ندى ئه‌م كاره ده‌كات، به‌ڵام پرسيار ئه‌وه‌يه: ئايا هيچ پاڵپشتيیه‌كى ياسايى هه‌يه بۆ ئه‌م ڕه‌فتاره‌ی بانكی ناوه‌ندی؟ بۆ ده‌سكه‌وتنی وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه، بێ گومان ده‌بێت بگه‌ڕێینه‌وه بۆ یاسای بانكی ناوه‌ندیی عێراقی ژماره (56) بۆ ساڵی (2004) كه له بنه‌ڕه‌ته‌وه به زمانی ئینگلیزی نووسراوه و له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی كاتیی هاوپه‌یمانان (هه‌ڵوه‌شێنراو) ده‌ركراوه. به‌پێی بڕگه (ب) له مادده (16) له‌م یاسایه، ده‌سه‌ڵات دراوه به ئه‌نجومه‌نی كارگێڕیی بانكی ناوه‌ندیی عێراقی بۆ دیاریكردنی سیاسه‌تی به‌هاى دیناری عێراقی، تیایدا هاتووه:
(While observing the primary objective and other objectives set out in Article 3, the Board shall, within the limits set out in this Law: B. formulate policies to attain the primary monetary policy objective, including the exchange rate policy, limits on open market operations to be conducted by the CBI, policies regarding interest rates for.....)
ئه‌م ده‌قه یاسایییه ئاماژه‌یه‌كی زۆر ڕوونه بۆ ئه‌وه‌ی كه به‌پێی یاسا ته‌نیا ئه‌نجومه‌نی كارگێڕیی بانكی ناوه‌ندیی عێراقی ده‌سه‌ڵاتی دیاریكردنی به‌های دیناری عێراقیی هه‌یه له به‌رامبه‌ر دراوه بیانییه‌كان یاخود پێڕه‌وكردنی هه‌ر شێوازێك بۆ ئه‌م دیاریكردنه. به واتایه‌كی تر، نه پارێزگاری بانكی ناوه‌ندی به‌ته‌نیا و نه ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق و نه وه‌زاره‌تی داراییی عێراقی، ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌یان پێ نه‌دراوه. هه‌ر بۆیه، ئه‌و بڕیاره‌ی له ڕێكه‌وتی (19/12/2020) له بانكی ناوه‌ندیی عێراقی ده‌رچووه به دابه‌زاندنی به‌های دیناری عێراقی له به‌رامبه‌ر دۆلاری ئه‌مریكی له (1200) دینار بۆ (1460) دینار بۆ هه‌ر دۆلارێك، له ڕووی یاسایییه‌وه بڕیارێكی دروسته.
به‌ڵام چیرۆكی ئه‌م بڕیاره هێشتا ته‌واو نه‌بووه، چونكه به‌پێی مادده (103) له ده‌ستووری كۆماری عێراق بۆ ساڵی (2005)، بانكی ناوه‌ندیی عێراقی ده‌سته‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆیه و له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه چاودێری ده‌كرێت؛ تیایدا هاتووه: "أولا:- يعد كل من البنك المركزي العراقي، و ديوان الرقابة المالية، و هيئة الإعلام و الاتصالات، و دواوين الأوقاف، هيئات مستقلة ماليا و إداريا، و ينظم القانون عمل كل هيئة منها. ثانيا:- يكون البنك المركزي العراقي مسؤولا أمام مجلس النواب، ويرتبط ديوان الرقابة المالية، و هيئة الإعلام و الاتصالات بمجلس النواب."
به بۆچوونی ئێمه، ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی چاودێریكردنی هه‌بێت، بێ گومان ده‌سه‌ڵاتی لێپێچینه‌وه‌یشی هه‌یه كه ڕه‌نگه بگاته ئاستی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بڕیاری بانكی ناوه‌ندی به دابه‌زاندنی به‌های دیناری عێراقی له به‌رامبه‌ر دۆلاری ئه‌مریكی. ئه‌گه‌رچی تا ئێستا چاودێریكردنی كاره‌كانی بانكی ناوه‌ندیی عێراقی به شێوه‌یه‌كی پراكتیكی له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه ئه‌نجام نه‌دراوه، به‌ڵام ڕه‌نگه له چه‌ند ڕۆژی داهاتوودا - به هۆی گوشاری جه‌ماوه‌ر له‌سه‌ر حزبه سیاسییه‌كان - په‌رله‌مان بانگهێشتی پارێزگاری بانكی ناوه‌ندی بكات و ڕه‌نگه بگاته ڕادده‌ی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌م بڕیاره؛ ئه‌گه‌رچی به دووری ده‌زانین، چونكه باری ئابووریی عێراق یارمه‌تیده‌ری ئه‌م هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌یه نییه.
په‌یوه‌ندیی نێوان سیسته‌می جێگیر و سیاسه‌تی بانكی ناوه‌ندیی عێراقی
له ئێستا‌دا بانكی ناوه‌ندیی عێراقی بۆ دیاریكردنی به‌های دیناری عێراقی، سیسته‌می نرخی جێگیر (Fixed Exchange Rate) پێڕه‌و ده‌كات. له‌م باره‌یه‌وه بانكی ناوه‌ندی، ڕۆژانه له ڕێگه‌ی زیادكردنی ئاشكراوه دۆلار بۆ فرۆشتن ده‌خاته ڕوو و، به‌م پێیه نزیكه‌ی (180-210) ملیۆن دۆلار ده‌فرۆشێته بانكه ڕێگه‌پێدراوه‌كان به نرخی (1460) دینار بۆ هه‌ر دۆلارێك و، له بانكه‌كانیشه‌وه ده‌گاته ده‌ست كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕپێكردنی دراو و، له‌وێیشه‌وه بۆ ده‌ستی هاووڵاتی و بازرگانان به نرخێكی زیاتر له‌وه‌ی بانكی ناوه‌ندی دیاریی كردووه كه ڕه‌نگه له داهاتوودا له نێوان (1470) بۆ (1500) دینار بۆ هه‌ر دۆلارێك مامه‌ڵه‌ی پێوه بكرێت.
پرسیاری سه‌ره‌كی ئه‌مه‌یه: بۆچی عێراق ناتوانێت سیسته‌می نرخی گۆڕاو بۆ دیاریكردنی به‌های دیناری عێراقی پێڕه‌و بكات؟ به بۆچوونی ئێمه، له ئێستا‌دا به هیچ شێوه‌یه‌ك عێراق له‌توانایدا نییه سیسته‌می نرخی گۆڕاو پێڕه‌و بكات، چونكه عێراق وڵاتێكی به‌رهه‌مهێنه‌ری نه‌وته و ڕۆژانه نزیكه‌ی (5) ملیۆن به‌رمیل نه‌وت ده‌فرۆشێت و پاره‌ی نه‌وت به دۆلار وه‌رده‌گرێت و ئه‌م پرۆسه‌یه نزیكه‌ی (95%) له ڕێژه‌ی هه‌نارده‌ی عێراقی پێك دێنێت. كه‌واته سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كیی دابینكردنی دۆلاری ئه‌مریكی بۆ بازرگانه عێراقییه‌كان (بۆ ئه‌وه‌ی له ئه‌نجامی هاو‌رده‌كردنی كاڵا و خزمه‌تگوزاری بۆ ناوه‌وه‌ی عێراق، پاره‌ی پابه‌نده دارایییه‌كانی خۆیانی پێ بده‌ن)، بریتییه له‌و دۆلارانه‌ی كه بانكی ناوه‌ندیی عێراقی، ڕۆژانه له ڕێگه‌ی زیادكردنی ئاشكراوه ده‌یخاته بازاڕه‌وه.
ئه‌گه‌ر بانكی ناوه‌ندیی عێراقی ئه‌م پرۆسه‌یه ڕابگرێت و چیتر دۆلار نه‌خاته بازاڕ و پشت به سیسته‌می نرخی گۆڕاو ببه‌ستێت، ئه‌وه مانای ئه‌وه‌یه دۆلار له بازاڕی دراو به‌زه‌حمه‌ت ده‌ست ده‌كه‌وێت و نرخه‌كه‌ی یه‌كجار گران ده‌بێت، چونكه ئاستی هه‌نارده‌كردنی كاڵا بۆ ده‌ره‌وه‌ی عێراق – جگه له نه‌وت - ته‌نیا ڕێژه‌ی (5%) له كۆی گشتیی هه‌نارده‌ی عێراق پێك دێنێت و ئه‌و بڕه دۆلاره‌ی له ئه‌نجامی ئه‌م ڕێژه بچووكه‌ی هه‌نارده‌كردنه‌وه ده‌ست ده‌كه‌وێت، به‌شی قه‌باره و ڕێژه‌ی هاو‌رده‌كردنی كاڵا و خزمه‌تگوزاری بۆ ناوه‌وه‌ی عێراق ناكات كه به دۆلاری ئه‌مریكی ئه‌نجام ده‌درێت، چونكه عێراق نزیكه‌ی (75%) له پێداویستییه نێوخۆیییه‌كانی له ڕێی هاو‌رده‌كردنه‌وه دابین ده‌كات. ئه‌مه‌یش ئه‌وه ده‌گه‌ینێت كه عێراق وڵاتێكه له ئه‌نجامی نه‌بوونی هاوسه‌نگی له نێوان ئاست و قه‌باره‌ی هاو‌رده‌كردن و هه‌نارده‌كردنه‌وه، به ده‌ست كورتهێنانی ته‌رازووی بازرگانییه‌وه ده‌ناڵێنێت.
ئه‌وه‌یش له‌بیر نه‌كه‌ین كه جێبه‌جێكردنی سیسته‌می نرخی جێگیر له‌گه‌ڵ دابه‌زینی نرخی نه‌وت و كه‌مبوونه‌وه‌ی داهاتی عێراق له ساڵانی ڕابردوو، بووه‌ته هۆی كه‌مبوونه‌وه‌ی ئاستی یه‌ده‌گی نه‌ختینه‌ییی عێراق له (80) ملیار دۆلار له ساڵی (2014) بۆ (55) ملیار دۆلار له ساڵی (2019). له ئێستا‌دا جێبه‌جێكردنی سیسته‌می نرخی گۆڕاو به باشترین چاره‌سه‌ر بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی یه‌ده‌گی نه‌ختینه‌ییی وڵاتان داده‌نرێت؛ به‌ڵام جێبه‌جێكردنی ئه‌م سیسته‌مه بۆ عێراق ناشێت، چونكه عێراق خاوه‌ن ئابوورییه‌كی شكستخواردوو و كه‌رتێكی پیشه‌سازیی لاوازه كه ناتوانێت پێداویستیی نێوخۆیی له كاڵا و خزمه‌تگوزارییه‌كان دابین بكات و، هه‌روه‌ها ناتوانێت كێبڕكێی كاڵاكانی ده‌ره‌وه بكات بۆ ئه‌وه‌ی ببێته سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ دابینكردنی دۆلار بۆ بازاڕی دراوی عێراقی.
بۆچی عێراق به‌های دراوی خۆی له به‌رامبه‌ر دۆلاری ئه‌مریكی دابه‌زاند؟
بانكی ناوه‌ندی، دوای ڕاوێژكردن له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی دارایی و له‌سه‌ر داوای ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق، به‌های دراوی عێراقیی له به‌رامبه‌ر دۆلاری ئه‌مریكی دابه‌زاند. ئامانجی سه‌ره‌كیی له‌م هه‌نگاوه، پڕكردنه‌وه‌ی كورتهێنان بوو له بوودجه‌ی ده‌وڵه‌تی عێراق بۆ ساڵی (2021) كه به زیاتر له (50) ترلیۆن دینار مه‌زه‌نده ده‌كرێت و، هۆكاری سه‌ره‌كیی ئه‌م كورتهێنانه‌یش خراپ به‌ڕێوه‌بردنی ئابووریی عێراق و دابه‌زینی نرخی نه‌وته. به‌پێی دوایین لێكۆڵینه‌وه، حكوومه‌تی عێراق له كۆی (60) ملیار دۆلار كه بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران پێویستییه‌تی، ده‌توانێت له ڕێی به‌رزكردنه‌وه‌ی به‌های دۆلار له به‌رامبه‌ر دیناری عێراقی، (20) ملیار دۆلار دابین بكات. بێ گومان ئه‌م ژماره‌یه، دڵخۆشكه‌ره بۆ حكوومه‌تی عێراقی، چونكه له ساڵی (2021) توانای دابینكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی ده‌بێت.
ئامانجێكی تری ئه‌م هه‌نگاوه بریتییه له كه‌مكردنه‌وه‌ی ئاست و ڕێژه‌ی هاو‌رده‌كردن؛ له به‌رامبه‌ردا هاندانی كه‌رتی پیشه‌سازی و كشتوكاڵی بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی به‌رهه‌م و كواڵێتییه‌كه‌ی. به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه، له پرۆژه‌یاسای بوودجه‌ی ده‌وڵه‌تی عێراق بۆ ساڵی (2021) هیچ گوژمه‌یه‌ك بۆ بووژانه‌وه‌ی هه‌ردوو كه‌رتی كشتوكاڵی و پیشه‌سازی ته‌رخان نه‌كراوه، ئه‌مه‌یش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه ڕه‌نگه ئه‌م ئامانجه به شێوه چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌ی نه‌یه‌ته دی.
ئامانجێكی تری ئه‌م هه‌نگاوه بریتییه له هاندانی وه‌به‌رهێنه‌رانی بیانی بۆ وه‌به‌ره‌هێنان له عێراق. زیادبوونی ئاستی وه‌به‌رهێنان له عێراق، واتای زیابوونی هه‌لی كار بۆ گه‌نجانی عێراق ده‌گه‌یه‌نێت. بێ گومان به‌دیهێنانی ئه‌م ئامانجه، پێویستی به سه‌قامگیریی سیاسی و ئابووری هه‌یه، كه عێراق له‌م باره‌یه‌وه كێشه‌ی زۆری هه‌یه.
هه‌رێمی كوردستان له كوێی هاوكێشه‌ی دیاریكردنی به‌های دیناری عێراقیدایه؟
هه‌رێمی كوردستان به هیچ شێوه‌یه‌ك ناتوانێت كاریگه‌ریی له‌سه‌ر سیاسه‌تی بانكی ناوه‌ندیی عێراقی تایبه‌ت به دیاریكردنی به‌های دیناری عێراقی له به‌رامبه‌ر دۆلاری ئه‌مریكی هه‌بێت، به‌ڵام ناشكرێت ده‌سته‌وه‌ستان بێت، به‌ڵكوو پێویسته سوود له باشییه‌كانی ئه‌م بڕیاره وه‌ربگرێت و هه‌وڵ بدات خۆی لێكه‌وته خراپه‌كانی به‌دوور بخات. هه‌رێمی كوردستان خاوه‌نی هه‌ندێ تایبه‌تمه‌ندیی سیاسی و ئابوورییه كه له شوێنه‌كانی تری عێراق جیای ده‌كاته‌وه و، ڕه‌نگه ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییانه هۆكار بن بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت سوود له پرۆسه‌ی دابه‌زینی به‌های دیناری عێراقی له به‌رامبه‌ر دۆلاری ئه‌مریكی وه‌ربگرێت. له‌وانه:
یه‌كه‌م – وه‌به‌رهێنانی بیانی
دابه‌زینی به‌های دیناری عێراقی، هانی وه‌به‌رهێنانی بیانی ده‌دات له عێراق. له‌م باره‌یه‌وه، پێویسته حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئاراسته‌كردنی وه‌به‌رهێنه‌ره بیانییه‌كان بۆ هه‌رێم، سوود له‌م سه‌قامگیرییه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی هه‌رێم وه‌ربگرێت. به‌دڵنیایییه‌وه به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی وه‌به‌رهێنانی بیانی له هه‌رێم، پێویسته هاوته‌ریب بێت له‌گه‌ڵ فه‌راهه‌كردنی هه‌لی كاری زیاتر بۆ گه‌نجانی هه‌رێم، چونكه بێكاری، هۆكاری سه‌ره‌كیی پشێوی و ناسه‌قامگیرییه.
له ڕاستیدا كاتی ئه‌وه هاتووه پێداچوونه‌وه به یاسای وه‌به‌رهێنان له هه‌رێمی كوردستان بكرێت، به شێوه‌یه‌ك هانی وه‌به‌رهێنان بدات و ببێته سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ داهاتی گشتی. هه‌روه‌ها پێویسته لێخۆشبوو‌ن له باج و ڕسوومات له‌نێو یاسای وه‌به‌رهێنان ته‌نیا بۆ پڕۆژه پیشه‌سازی و كشتوكاڵییه ستراتیژییه‌كان بێت، بۆ ئه‌وه‌ی ئاراسته‌ی وه‌به‌رهێنانی بیانی له كه‌رتی خزمه‌تگوزاری (وه‌ك هۆتێل و مۆتێل و چێشتخانه و زانكۆ و مۆڵ و...)، بگۆڕین بۆ كه‌رتی پیشه‌سازی و كشتوكاڵی به مه‌به‌ستی بونیادنانی ئابوورییه‌كی به‌هێز بۆ هه‌رێمی كوردستان. هه‌روه‌ها پێویسته میكانیزمی گونجاو دابنرێت بۆ ڕێگرتن له چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی قازانجی پرۆژه وه‌به‌رهێنه‌ره‌كان له‌سه‌ر شێوه‌ی دۆلار بۆ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم به‌بێ هه‌بوونی هیچ مه‌رج و ڕێكارێك.
دووه‌م – كه‌رتی پیشه‌سازی
كه‌رتی پیشه‌سازی له هه‌رێمی كوردستان زۆر لاوازه و توانای دابینكردنی پێداویستیی نێوخۆییی نییه له كاڵا و خوارده‌مه‌نییه‌كان. بۆیه به بۆچوونی ئێمه به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی دۆلار كاریگه‌ریی له‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ی ئاستی هاو‌رده‌كردن نابێت، چونكه هه‌رێم – وه‌ك عێراق –بۆ دابینكردنی پێداویستیی نێوخۆیی پشت به هاو‌رده‌كردن ده‌به‌ستێت و، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پابه‌نده دارایییه‌كانی هاو‌رده‌كردن به دۆلاری ئه‌مریكی ئه‌نجام ده‌درێت، بۆیه پێشبینی ده‌كرێت نرخی كاڵا و خوارده‌مه‌نییه هاو‌رده‌كراوه‌كان له ماوه‌ی داهاتوو به شێوه‌یه‌كی به‌رچاو به‌رز بێته‌وه، ئه‌گه‌ر ڕێكاری توند نه‌گیرێته به‌ر. كاتی ئه‌وه هاتووه بیر له كه‌رتی پیشه‌سازی بكرێته‌وه و هانی وه‌به‌رهێنه‌رانی نێوخۆیی بدرێت بۆ دروستكردنی كارگه پیشه‌سازییه‌كان له چوارچێوه‌ی كێبڕكێیه‌كی دادپه‌روه‌رانه و به‌بێ ده‌ستوه‌ردانی سیاسی یان كۆمه‌ڵایه‌تی.
سێیه‌م – كه‌رتی گه‌شتوگوزار
له هه‌رێمی كوردستان تا ڕادده‌یه‌ك توانراوه سوود له كه‌رتی گه‌شتوگوزار وه‌ربگیرێت و، بووه‌ته سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ داهاتی گشتی، به‌ڵام وه‌ك پێویست نه‌بووه، چونكه نه‌توانراوه گه‌شتیاری بیانی بهێنرێته هه‌رێمی كوردستان و، هه‌روه‌ها شوێنه گه‌شتیارییه‌كانیش له خوار ئاست و ستانده‌ری جیهانیدان.
به بۆچوونی ئێمه، دابه‌زینی نرخی دراوی نیشتمانی، كاریگه‌ریی له‌سه‌ر زیادكردنی ژماره‌ی گه‌شتیارانی بیانی ده‌بێت. به‌ڵام عێراق ئه‌و وڵاته نییه گه‌شتیار كاتی خۆی بۆ سه‌ردانیكردنی ته‌رخان بكات. ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه هه‌رێمی كوردستانه و، پێویسته سوود له‌م هه‌له زێڕینه ببینرێت بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ژماره‌ی گه‌شتیاری بیانی له ڕێگه‌ی ڕێكلامكردن و باشتركردنی خزمه‌تگوزارییه گه‌شتیارییه‌كان. ئه‌مه‌یش ده‌بێت هاوته‌ریب بێت له‌گه‌ڵ هاندان و زیادكردنی به‌رهه‌می نێوخۆیی، چونكه هه‌رێمی كوردستان هیچ سوودێكی ئابووریی نابینێت له گه‌شتیارێك كه هه‌زاران كیلۆمه‌تر ببڕێت بۆ ئه‌وه‌ی كاڵایه‌كی توركی یان ئێرانی له كوردستان بكڕێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پاره‌ی فرۆشتنی ئه‌م كاڵایانه له نێو هه‌رێم نامێنێته‌وه، به‌ڵكوو دووباره له ڕێگه‌ی هاو‌رده‌كردنه‌وه ده‌چێته ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان.
چواره‌م – مووچه و بوودجه و قه‌رزی گشتی
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی فرۆشتنی نه‌وتی هه‌رێم به دۆلاری ئه‌مریكی ده‌بێت، بۆیه له ماوه‌ی داهاتوودا به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی دۆلار ده‌بێته مایه‌ی كۆكردنه‌وه‌ی داهاتێكی زۆر بۆ خه‌زێنه‌ی گشتیی هه‌رێم و، ده‌كرێت بۆ پڕۆژه ستراتیژییه جیاجیاكان و پێدانی مووچه له كاتی خۆیدا سوودی لی وه‌ربگیرێت. هه‌روه‌ها له ئه‌نجامی به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌های دۆلار، قه‌رزی گشتیی نێوخۆییی سه‌ر شانی حكوومه‌تی هه‌رێم ئه‌وه‌ی به دیناری عێراقی دیاری كراوه، به ڕێژه‌ی (16-18%) داده‌به‌زێت، كه ئه‌مه له به‌رژه‌وه‌ندیی حكوومه‌تدایه. به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وه، قه‌رزه‌كانی حكوومه‌ت ئه‌وانه‌ی لای كه‌سانی تره و به دیناری عێراقی دیاری كراوه، ئه‌وا له‌به‌ر دابه‌زینی به‌های دیناری عێراقی به ڕێژه‌ی (16-18%) داده‌به‌زێت و، ئه‌مه‌یش له به‌رژه‌وه‌ندیی حكوومه‌تدا نییه. هه‌رچی قه‌رزی ده‌ره‌كییه ئه‌وا وه‌ك خۆی ده‌مێنێته‌وه، چونكه به دۆلاری ئه‌مریكی دیاری كراون.
پێنجه‌م – هێزی كڕینی دراو (Purchasing Power)
به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌های دۆلار به‌و بڕه‌ی كه بانكی ناوه‌ندیی عێراقی بڕیاری له‌سه‌ر داوه، توانای كڕینی دیناری عێراقی به ڕێژه‌ی نێوان (16-18%) كه‌م ده‌كاته‌وه، چونكه كاڵا هاو‌رده‌كراوه‌كان به هه‌مان ڕێژه نرخیان به‌رز ده‌بێته‌وه، چونكه به دۆلاری ئه‌مریكی له ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم ده‌كڕدرێن. بێ گومان ئه‌مه‌یش به شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ كاریگه‌رییه‌كی نێگه‌تیڤی له‌سه‌ر ژیان و گوزه‌رانی هه‌ردوو چینی هه‌ژاران و مامناوه‌ند ده‌بێت. ئه‌مه جگه له ئه‌وه‌ی هه‌ر فه‌رمانبه‌رێكی هه‌رێم، ئه‌وه‌ی مووچه‌ی مانگانه‌ی له (1،200،000) كه‌متره، ئه‌وا له‌به‌ر هه‌مان هۆكار، ڕاسته‌وخۆ به‌و بڕیاره‌ی بانكی ناوه‌ندی زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بێت. بۆیه، پێدانی مووچه له كاتی خۆیدا – ته‌نانه‌ت به لێبڕینیش بێت - له لێكه‌وته‌كانی ئه‌م كاریگه‌ریییه نێگه‌تیڤه كه‌م ده‌كاته‌وه.
شه‌شه‌م – جێبه‌جێكردنی گرێبه‌سته‌كان
به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌های دۆلاری ئه‌مریكی له به‌رامبه‌ر دیناری عێراقی، كاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆی ده‌بێت له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی ئه‌و گرێبه‌ستانه‌ی كه به‌های جێبه‌جێكردنیان به دۆلاری ئه‌مریكی دیاری كراوه، جا چ گرێبه‌سته حكوومییه‌كان بێت یاخود ئه‌وانه‌ی كه‌رتی تایبه‌ت. ڕه‌نگه ئه‌م به‌رزبوونه‌وه‌یه هۆكار بێت بۆ وه‌ستاندنی جێبه‌جێكردنی زۆرێك له‌م گرێبه‌ستانه، چونكه ئه‌وانه‌ی به دۆلاری ئه‌مریكی قه‌رزارن، زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بن و ئه‌وانه‌یشی خاوه‌نی قه‌رزن به دۆلاری ئه‌مریكی، ئه‌وا سوودمه‌ند ده‌بن.
بۆیه، ده‌رچوونی بڕیارێكی فه‌رمی به هه‌ژماركردنی دابه‌زینی به‌های دیناری عێراقی وه‌ك بارێكی له‌ناكاو به‌پێی حوكمه‌كانی یاسای مه‌ده‌نیی عێراقی ژماره (40) بۆ ساڵی (1951) به‌پێویست ده‌زانین، بۆ پێداچوونه‌وه به پابه‌ندییه دارایییه‌كانی نێو ئه‌م گرێبه‌ستانه، چ به ڕێككه‌وتنی لایه‌نه‌كانی نێو گرێبه‌ست یاخود له ڕێگه‌ی دادگه‌وه له كاتی دروستبوونی كێشه‌ی یاسایی؛ هه‌موو ئه‌مانه‌یش به مه‌به‌ستی گێرانه‌وه‌ی هاوسه‌نگییه له نێوان ئه‌رك و مافه‌كانی نێو ئه‌م گرێبه‌ستانه.
حه‌فته‌م – كه‌رتی زه‌ویوزار
كه‌رتی زه‌ویوزار یه‌كێك ده‌بێت له‌و كه‌رتانه‌ی كه‌وا گورزێكی ڕاسته‌وخۆی پێ ده‌كه‌وێت، چونكه خانوو و زه‌ویی به‌تاڵ و باڵاخانه‌كان به دۆلاری ئه‌مریكی كڕین و فرۆشتنیان پێ ده‌كرێت، به‌ڵام له بنه‌ڕه‌ته‌وه به دیناری عێراقی خه‌مڵاندنیان بۆ كراوه؛ بۆیه ئه‌و خانووه‌ی بۆ نموونه به (200) هه‌زار دۆلاری ئه‌مریكی كڕدراوه، ئه‌وا له ئێستا‌دا به كه‌متر له‌و نرخه ده‌كڕدرێت، چونكه كڕیاران ئاماده نابن هه‌مان نرخ یان زیاتر به‌م خانووه بده‌ن، چونكه به‌های دۆلار به‌رز بووه‌ته‌وه. بۆیه ڕه‌نگه بۆ ماوه‌ی (3-6) مانگی داهاتوو، له‌به‌ر نه‌بوونی متمانه، جووڵه‌ی كڕین و فرۆشتن له‌م كه‌رته سست بێت، به‌ڵام ئه‌وه كاتی ده‌بێت، چونكه له داهاتوودا له‌ژێر ڕۆشناییی به‌ها نوێیه‌كه‌ی دۆلاری ئه‌مریكی، دووباره نرخی ڕاسته‌قینه بۆ زه‌ویوزاره‌كان دیاری ده‌كرێن.
هه‌شته‌م – كڕینی كاڵا و خزمه‌تگوزاری به دۆلاری ئه‌مریكی
یه‌كێك له دیارده نێگه‌تیڤه‌كانی نێو بازاڕه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، بریتییه له دیاریكردنی نرخی كاڵا و خزمه‌تگوزارییه‌كان به دۆلاری ئه‌مریكی، ئه‌مه له كاتێكدا مامه‌ڵه‌كردن به دراوی وڵات له‌نێو خودی وڵات‌دا به كارێكی سیادی هه‌ژمار ده‌كرێت. به بۆچوونی ئێمه - كاتی ئه‌وه هاتووه به بڕیارێكی فه‌رمی، هه‌موو بازرگان و كۆمپانیا بازرگانییه‌كان و فرۆشگه‌كان و پێشكه‌شكارانی خزمه‌تگوزارییه‌كان، پابه‌ند بكرێن به دیاریكردنی نرخی كاڵا و خزمه‌تگوزارییه‌كانیان به دیناری عێراقی، ئه‌مه‌یش له‌به‌ر دوو ئامانج؛ یه‌كه‌میان – پاراستنی مافی به‌كاربه‌ران له فێڵكردن له كاتی گۆڕینی نرخی دۆلار بۆ دیناری عێراقی و، هه‌روه‌ها له كاتی به‌رزی و نزمی له نرخی دۆلاردا. دووه‌میان – بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی خواست له‌سه‌ر دۆلاری ئه‌مریكی.