ئالان به‌هائه‌ددین عه‌بدوڵڵا ئه‌لموده‌ڕیس، دكتۆرا له یاسا - مامۆستا له كۆلێژی یاسا/ زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین
پێشه‌كی
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مرۆڤ بوونه‌وه‌رێكی كۆمه‌ڵایه‌تییه و ناتوانێت به‌ته‌نیا بژیت و تاكه بونه‌وه‌ره توانای بیركردنه‌وه و شیكردنه‌وه‌ی هه‌یه، بۆیه ده‌ڕبڕینی ڕاوبۆچوون بۆته یه‌كێك له خه‌سڵه‌ته بنه‌ڕه‌تییه‌كانی مرۆڤ كه له ئه‌نجامدا وه‌ك مافێك دانی پێ نرا له هه‌ردوو ئاستی نێوده‌وڵه‌تی و نێوخۆیی‌دا. كه‌واته: بیركردنه‌وه و كۆمه‌ڵایه‌تیبوون وا ده‌كات مرۆڤ بۆچوونی هه‌بێت كه ڕه‌نگه له زۆر باردا ئه‌م بۆچوونه دژ به بۆچوونی هاومرۆڤه‌كه‌ی تری بێت یاخود دژی بۆچوونه‌كانی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه بێت كه تیایدا ده‌ژیێت. ئه‌م دژیه‌كبوونه ده‌بێته هۆكار و پاڵنه‌ری سه‌ره‌كی بۆ دۆزینه‌وه‌ی ڕێگه و كه‌ناڵ بۆ ده‌ڕبڕینی ڕاوبۆچوونه‌كان.
له كۆنه‌وه، تاكه‌كانی نێو كۆمه‌ڵگه، بۆ ده‌ڕبرینی ڕاوبۆچوونه‌كانیان په‌نایان بۆ چه‌ندین ڕێگه بردووه. هه‌ندێك له‌و ڕێگه‌یانه ده‌بێته هۆی ئاژاوه و ناسه‌قامگیری وه‌ك: پێكدادانی چه‌كداری و سووتاندن و شكاندنی كه‌لوپه‌ل و باره‌گاكان و، هه‌ندێكی تریش به شێوه‌یه‌كی ئاشتییانه به‌ڕێوه ده‌چێت وه‌ك: خۆپیشاندان و مانگرتن و بایكۆتكردن و په‌نابردنه به‌ر دادگه و ئامرازه میدیایییه‌كان و... .
بایكۆتكردن شێوه‌یه‌كه له شێوه‌كانی ده‌نگهه‌ڵبڕین و داواكردنی ماف و ده‌ڕبڕینی ڕاوبۆچوونه‌كان كه له سه‌ره‌تاوه له‌لایه‌ن كرێكارانی كه‌رتی تایبه‌ته‌وه پیاده ده‌كرا – به‌تایبه‌ت له دوای شۆڕشی پیشه‌سازیی ئه‌وروپا كه نووسه‌ری بریتانی "ویلیا‌م بینبو" به داڕێژه‌ری بیرۆكه‌ی بایكۆتكردن داده‌نرێت له ڕێگه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی كتێبێكی له ساڵی (1832)، كه تیایدا ئاماژه‌ی به بایكۆتكردن كردبوو كه پێویسته ببێته نه‌ریتێكی كرێكارانه بۆ داواكردنی ماف و باشتركردنی بژێوی ژیان – به‌ڵام له ئێسته‌دا تێبینی ده‌كرێت كه ئه‌م شێوه‌ی ده‌نگهه‌ڵبڕینه، بووه‌ته نه‌ریت و له‌لایه‌ن فه‌رمانبه‌رانی كه‌رتی گشتیشه‌وه بۆ داواكردنی ماف و باشتركردنی بژێوی ژیان پیاده ده‌كرێت.
ئه‌گه‌رچی له بایكۆتكردنی كرێكارانی كه‌رتی تایبه‌ت زۆر باس له به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی و سه‌روه‌ریی وڵات و مه‌ترسیی نیشتمانی ناكرێت، به‌ڵام هه‌موو ئه‌مانه له بایكۆتكردنی فه‌رمانبه‌رانی كه‌رتی گشتی باسیان لێوه ده‌كرێت، چونكه كاروه‌ستان له هه‌ر فه‌رمانگه‌یه‌كی گشتی، گورزێكه به‌ر خزمه‌تی گشتی ده‌كه‌وێت. بۆیه له بایكۆتكردنی فه‌رمانبه‌رانی كه‌رتی گشتی، هه‌میشه به‌راورد ده‌كرێت له نێوان مافی فه‌رمانبه‌ر و مافی كۆمه‌ڵگه كه خۆی له به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی ده‌بینێته‌وه كه سه‌ره‌نجام ته‌رازووه‌كه به لای به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی شكاوه‌ته‌وه، به‌تایبه‌ت له وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست؛ بۆیه هه‌میشه به چاوی گومانه‌وه سه‌یری ڕه‌فتاری بایكۆتكردنی فه‌رمانبه‌ران كراوه.
لای هه‌مووان ئاشكرایه، به‌هۆی ئه‌و قه‌یرانه دارایییه‌ی به‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانی گرتووه له ساڵی (2014)وه تاوه‌كوو ئێسته، بایكۆتكردنی فه‌رمانبه‌رانی كه‌رتی گشتی بۆ داواكردنی مووچه‌كانیان بۆته نه‌ریتێك، به شێوه‌یه‌كی پچڕپچڕ له چه‌ند ناوچه‌یه‌كی هه‌رێم پیاده ده‌كرێت. تا ئه‌م قه‌یرانه‌یش به‌رده‌وام بێت ئه‌وا پرۆسه‌ی بایكۆتكردنی فه‌رمانبه‌رانیش هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت. بۆیه به‌پێویستمان زانی ئه‌م بابه‌ته له ڕوانگه‌ی یاسا به‌ركاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان بخه‌ینه به‌ر باس و لێكۆڵینه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی له ڕه‌وایه‌تیی یاسایی‌ی پیاده‌كردنی بایكۆتكردن له كه‌رتی گشتی دڵنیا بینه‌وه، چونكه ئه‌م بابه‌ته زۆر هه‌ستیاره و چه‌ندین ڕه‌هه‌ندی تێدایه كه په‌یوه‌ندیی ڕاسته‌وخۆیان هه‌یه به مافه‌كانی مرۆڤ و خزمه‌تكردنی هاووڵاتیان و جۆری په‌یوه‌ندیی نێوان فه‌رمانبه‌ر و كارگێڕی و، هه‌روه‌ها شكۆی كارگێڕی له هه‌رێمی كوردستان.
مانای بایكۆتكردن له كه‌رتی گشتی
به شێوه‌یه‌كی ساده و به‌كورتی، بایكۆتكردنی فه‌رمانبه‌رانی كه‌رتی گشتی: واتا وه‌ستانی گشت یان زۆرینه‌ی فه‌رمانبه‌رانی فه‌رمانگه‌یه‌كی كه‌رتی گشتی له كاركردن له ڕێگه‌ی نه‌چوون بۆ ده‌وامی فه‌رمی به شێویه‌كی كاتی بۆ داواكردنی مافێكی په‌یوه‌ندیدار به به‌رژه‌وه‌ندییه پیشه‌یییه‌كانیان. بایكۆتكردنی فه‌رمانبه‌رانی كه‌رتی گشتی زۆر شێوازی هه‌یه كه به‌پێی بارودۆخی كاركردن و چۆنێتیی بیركردنه‌وه و ده‌ستێوه‌ردانی سیاسی، شێوازه‌كان ده‌گۆڕدڕێن.
به‌پێی ئه‌م پێناسه‌ی سه‌ره‌وه، بایكۆتكردن بریتییه له:
بايكۆتكردن له ڕێككه‌وتننامه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان.
به شێوه‌یه‌كی گشتی، جاڕنامه‌ی جیهانیی مافه‌كانی مرۆڤ (1948)، هیچ ده‌قێكی تێدا نییه به‌ڕوونی باس له بایكۆتكردن بكات وه‌ك مافێك له مافه‌كانی مرۆڤ؛ ئه‌وه‌ی هه‌یه هه‌مووی ئاماژه‌ی ناڕاسته‌وخۆن، وه‌ك ئه‌وه‌ی له مادده (19)دا باس له مافی ده‌ڕبڕین ده‌كات، یاخود ئه‌وه‌ی له بڕگه (1) له مادده (20)دا هاتووه كه ئاماژه‌یه بۆ مافی كۆبوونه‌وه، به مه‌رجێك ئاشتیخوازانه بێت، یاخود ئه‌وه‌ی له مادده (23)دا هاتووه كه باس له مافی كاركردن و دامه‌زراندنی سه‌ندیكاكان یان په‌یوه‌ندیكردن پێیانه‌وه ده‌كات بۆ پاراستنی به‌ر‌ژه‌وه‌ندییه‌كان.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی په‌یوه‌سته به په‌یماننامه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی تایبه‌ت به مافه ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕۆ‌شه‌نبیرییه‌كان كه له ساڵی (1966) واژوو كراوه، له بڕگه (1/د) له مادده (8)دا زۆر به‌ڕوونی بایكۆتكردن وه‌ك مافێك ده‌ناسێنێت، به مه‌رجێك به‌پێی یاسای وڵاتانی ئه‌ندام له‌م په‌یماننامه‌یه پیاده بكرێت. ئه‌م ده‌قه یاسایییه نێوده‌وڵه‌تییه سێ ئاماژه‌ی گرنگی تێدایه: یه‌كه‌میان، بایكۆتكردن مافێكه پێویسته بوار بۆ پیاده‌كردنی بڕه‌خسێت. دووه‌میان، ئه‌م په‌یماننامه‌یه هیچ جیاوازییه‌كی نه‌كردووه له نێوان بایكۆتكردن له كه‌رتی گشتی و بایكۆتكردن له كه‌رتی تایبه‌ت، كه ده‌كرێت له هه‌ردووكیان پیاده بكرێت. سێیه‌میان، پیاده‌كردنی ئه‌م مافه ده‌بێت له‌ژێر ڕۆشناییی ئه‌و مه‌رجه یاسایییانه بێت كه وڵاتانی ئه‌ندام دیاری ده‌كه‌ن. كه‌واته: له ئاماژه‌ی یه‌كه‌م و دووه‌مدا هه‌موو وڵاتانی ئه‌ندام له‌م په‌یماننامه‌یه وه‌ك یه‌كن، به‌ڵام له مه‌رج و كۆتی پیاده‌كردنی ئه‌م مافه، بێ گو‌مان جیاوازن، ئه‌مه‌یش به‌هۆی جیاوازیی سیسته‌می سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووریی وڵاتان له یه‌كتری.
ئه‌وه‌ی تایبه‌تیشه به عێراق، وڵاتی عێراق له ساڵی (1971) ئه‌م په‌یماننامه‌یه‌ی واژوو كردووه و له ساڵی (1992)وه بۆته به‌شێك له سیسته‌می یاسایی‌ی عێراقی. ئه‌مه‌یش مانای ئه‌وه‌یه، پێویسته یاسادانه‌ری عێراقی له كاتی داڕشتنی یاسا و په‌یڕه‌و و ڕێنوێنییه‌كاندا پابه‌ندی ناوه‌ڕۆكی ئه‌م په‌یماننامه‌یه بێت. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا، تێبینی ده‌كرێت یاسادانه‌ری عێراقی پیاده‌كردنی ئه‌م مافه‌ی له كه‌رتی تایبه‌تدا به یاسا ڕێك خستووه، به‌ڵام له كه‌رتی گشتیدا هه‌ڵوێستی یاسادانه‌ر وه‌ك پێویست نییە.
هه‌ڵوێستی یاسادانه‌ران له جیهان
هه‌ڵوێستی یاسادانه‌ران له جیهان له‌مه‌ڕ بایكۆتكردنی فه‌رمانبه‌رانی كه‌رتی گشتی، به‌سه‌ر دوو ئاراسته‌دا دابه‌ش بووه. ئاراسته‌ی یه‌كه‌م پێی وایه ئه‌م بایكۆتكردنه كارێكی ناڕه‌وایه و گورزێكه به‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی ده‌كه‌وێت و پێویسته فه‌رمانبه‌ری بایكۆتكار سزا بدرێت، چونكه ئه‌م كاره ده‌بێته هۆی كاروه‌ستان له فه‌رمانگه‌یه‌كی گشتی كه له بنه‌ڕه‌ته‌وه بۆ خزمه‌تی گشتیی نێو كۆمه‌ڵگه دانراوه؛ ئه‌مه جگه له‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی نێوان فه‌رمانبه‌ر و ده‌وڵه‌ت په‌یوه‌ندییه‌كه به یاسا ڕێك خراوه و بواری ئه‌وه‌ی نییه گفتوگۆی له‌سه‌ر بكرێت، به به‌راورد له‌گه‌ڵ په‌یوه‌ندیی نێوان كرێكار و خاوه‌ن كار له چوارچێوه‌ی گرێبه‌ستی كار له كه‌رتی تایبه‌تدا. یه‌كێك له‌و یاسادانه‌رانه: یاسادانه‌ری ئوردنییه كه له بڕگه (ج) له مادده (69)ی په‌یڕه‌وی ڕاژه‌ی فه‌رمانبه‌رانی شارستانیی ئوردنی ژماره (9) بۆ ساڵی (2020)، زۆر به‌ڕوونی فه‌رمانبه‌رانی پابه‌ند كردووه كه نابێت به هیچ شێوه‌یه‌ك بایكۆتی كاركردن بكه‌ن، به‌پێچه‌وانه ڕووبه‌ڕووی سزای كارگێڕی ده‌بنه‌وه.
به‌ڵام ئاراسته‌ی دووه‌م پێی وایه به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی، پاساو نییه بۆ ڕێگریكردن له بایكۆتكردنی فه‌رمانبه‌رانی كه‌رتی گشتی وه‌ك ڕێگه‌یه‌ك بۆ داواكردنی مافێكی ڕه‌وا، چونكه له ئێسته‌دا به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی له كاره‌كانی كه‌رتی تایبه‌تیشدا ڕه‌نگ ده‌داته‌وه، له ئه‌نجامی كاركردن به‌هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ كه‌رتی گشتی و له‌ئه‌ستۆكردنی هه‌ندێ له‌و كارانه‌ی كه له پێشوودا له ئه‌ستۆی كه‌رتی گشتی بوون. هه‌ر بۆیه، ڕێگه‌دان به بایكۆتكردن له كه‌رتی تایبه‌ت و ڕێگه‌نه‌دان به بایكۆتكردن له كه‌رتی گشتیدا بیرۆكه‌یه‌كی نالۆژیكییه. كه‌واته: به‌پێی ئه‌م ئاراسته‌یه بایكۆتكردنی فه‌رمانبه‌رانی كه‌رتی گشتی مافێكه و ده‌توانرێت له چوارچێوه‌ی یاسادا پیاده بكرێت وه‌ك: گرتنه‌به‌ری ڕێكاری یاسایی پێش بایكۆتكردن و، ئاگاداركردنه‌وه‌ی پێشوه‌خته و، ئاشتییانه‌بوونی بایكۆتكردنه‌كه و، نابێت ببێته هۆی پشێوی و ئاژاوه‌گێری و، دیاریكردنی ئه‌و فه‌رمانگه و ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ی كه له‌به‌ر هه‌ستیاریی كاره‌كانیان نابێت بایكۆت بكه‌ن و هتد. هه‌روه‌ها به‌پێی بۆچوونی ئه‌م ئاراسته‌یه، پێدانی ئه‌م مافه ده‌بێته هۆی هێنانه‌دیی جۆرێك له سه‌قامگیری له‌نێو كاری كه‌رتی گشتیدا. یاسادانه‌ری وڵاته پێشكه‌وتووه‌كان و، هه‌روه‌ها یاسادانه‌ری وڵاتی به‌حرێن و جه‌زائیر نوێنه‌رایه‌تیی ئه‌م ئاراسته‌یه ده‌كه‌ن.
ئه‌وه‌ی تایبه‌تیشه به هه‌ڵوێستی یاسادانه‌ری عێراقی، ده‌بێت ئه‌وه بزانین كه له دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی عێراقه‌وه تاوه‌كوو ئێسته هیچ یاسایه‌كی تایبه‌ت بۆ ڕێكخستنی بایكۆتكردن له عێراقدا ده‌رنه‌كراوه - جا چ په‌یوه‌ست بێت به فه‌رمانبه‌رانی كه‌رتی گشتی یاخود كرێكارانی كه‌رتی تایبه‌ت. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا، یاسادانه‌ری عێراقی چه‌ند ده‌قێكی یاسایی‌ی پچڕپچڕی، له‌نێو چه‌ند یاسایه‌كی جیاواز بۆ ڕێكخستنی بایكۆتكردنی كرێكارانی كه‌رتی تایبه‌ت، داڕشتووه. هه‌رچی په‌یوه‌ستیشه به فه‌رمانبه‌رانی كه‌رتی گشتییه‌وه، ئه‌وا هه‌ڵوێستی یاسادانه‌ری عێراقی له‌م باره‌یه‌وه زۆر ڕوون نییه.
بایكۆتكردن له ده‌ستووری كۆماری عێراق بۆ ساڵی (2005)
ئه‌گه‌رچی ده‌ستووره یه‌ك له دوای یه‌كه‌كانی عێراق باسیان له ماف و ئازادییه‌كان كردووه، به‌ڵام هیچ ئاماژه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆیان تێدا نییه بۆ داننان به بایكۆتكردن وه‌ك مافێكی ده‌ستووری؛ ئه‌مه‌یش بۆ ئه‌و بیروبۆچوونه سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تییه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق بڕوایان پێی هه‌بووه.
خاڵی گۆڕانكاریی پۆزه‌تیڤ له هه‌ڵوێستی یاسادانه‌ری ده‌ستووری له عێراقدا له ساڵی (2004)ه‌وه ده‌ست پێ ده‌كات، كاتێك یاسای به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌تی عێراق بۆ ساڵی (2004) - كه به هه‌وێنی ده‌ستووری ئێسته‌ی عێراق 2005 داده‌نرێت – له بڕگه (هـ) له مادده (13)دا زۆر به‌ڕوونی دانی ناوه به بایكۆتكردنی ئاشتییانه وه‌ك مافێكی ده‌ستووری، به مه‌رجێك له چوارچێوه‌ی یاسادا پیاده بكرێت؛ جا چ له كه‌رتی گشتی بێت یاخود كه‌رتی تایبه‌ت. ئه‌م هه‌نگاوه ده‌ستوورییه زۆر گرینگ بوو، چونكه ته‌واو جیاواز بوو له‌گه‌ڵ بۆچوونه ده‌ستوورییه‌كانی تری پێشه خۆی و، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی گۆڕینی سیسته‌می سیاسی عێراق بوو له دوای ڕووخانی ڕژێمی دیكتاتۆری به‌عس له ساڵی (2003).
به‌ڵام ئه‌م هه‌ڵوێسته ده‌ستوورییه له دوای ده‌رچوونی ده‌ستووری كۆماری عێراق بۆ ساڵی (2005) به‌م شێوه ڕوون و ئاشكرایه نه‌مایه‌وه، چونكه ئاماژه‌دان به مافی بایكۆتكردن له هه‌ردوو كه‌رتی تایبه‌ت و گشتیی‌دا، بوون به ئاماژه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ له ڕێگه‌ی تێگه‌یشتن له ناوه‌ڕۆكی مادده (38) كه باس له مافی هه‌موو هاووڵاتییه‌كی عێراقی ده‌كات له ڕاده‌ڕبڕین و كۆبوونه‌وه و خۆپیشاندانی ئاشتییانه له چوارچێوه‌ی یاسادا. بێ گو‌مان به‌ڕوونی باس له بایكۆتكردن نه‌كراوه، به‌ڵام ڕه‌نگه بایكۆتكردن بچێته ژێر باری هه‌ردوو چه‌مكی ڕاده‌ڕبڕین و كۆبوونه‌وه‌ی ئاشتییانه، به‌ڵام به شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ. بێ گو‌مان ئه‌م بابه‌ته پێویستی به یه‌كلاییكردنه‌وه هه‌یه به بڕیارێكی دادگه‌ی باڵای فیدڕاڵی عێراق، كه به‌پێی بڕگه (دووه‌م) له مادده (93) له ده‌ستووری عێراقی، تاكه لایه‌نی تایبه‌تمه‌نده به لێكدانه‌وه و شڕۆڤه‌كردنی وشه و ده‌سته‌واژه‌كانی نێو ده‌ستووری عێراقی.
بایكۆتكردن له یاسای كاری عێراقیدا
له یاسای كاری عێراقیدا، چ ئه‌وه‌ی له هه‌رێمی كوردستان به‌ركاره كه ژماره (71)ى ساڵی (1987)ه و چ ئه‌وه‌ی له عێراقدا كاری پێ ده‌كرێت كه ژماره (37)ی ساڵی (2015)یه، به هیچ شێوه‌یه‌ك باس له بایكۆتكردنی فه‌رمانبه‌رانی كه‌رتی گشتی نه‌كراوه. ئه‌وه‌ی له‌م دوو یاسایه‌دا ڕێك خراوه، بریتییه له ڕێكخستنی چۆنێتی و شێوازی بایكۆتكردنی كرێكارانی كه‌رتی تایبه‌ت له كاركردن، كه به مافێكی كرێكارانی هه‌ژمار كردووه و ده‌توانن له چوارچێوه‌ی ئه‌و ڕێسایانەی كه له‌م دوو یاسایه‌دا هاتووه، به شێوه‌یه‌كی ئاشتییانه پیاده‌ی بكه‌ن؛ وه‌ك مادده‌كانی (42-162-163-164) له یاسای كاری ساڵی (2015) و، هه‌روه‌ها مادده (136) له یاسای كاری ساڵی (1987). بێ گو‌مان ئه‌م دوو یاسایه به‌سه‌ر فه‌رمانبه‌رانی كه‌رتی گشتیدا جێبه‌جی نابن، چونكه به‌پێی بڕیاری ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی شۆڕشی عێراقی (هه‌ڵوه‌شێنراو) ژماره (150) بۆ ساڵی (1987)، چه‌مكی كرێكار بۆ فه‌رمانبه‌رانی كه‌رتی گشتی به‌كار نایه‌ت.
بایكۆتكردن له یاسای سزادانی عێراقیدا
ياساى سزادانى عێراقی كه ژماره (111)یه و له ساڵی (1969) له عێراقدا ده‌رچووه و تاوه‌كوو ئێسته به‌ركاره و له هه‌رێمی كوردستانیش كاری پێ ده‌كرێت، زۆر به‌ڕوونی له مادده (364)دا بایكۆتكردنی ده‌وامی كه‌رتی گشتی له‌لایه‌ن فه‌رمانبه‌رانه‌وه به تاوان هه‌ژمار كردووه و سزای بۆ دیاری كردووه، ئه‌گه‌ر هات و ئه‌م بایكۆتكردنه بووه هۆی دروستكردنی مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیان و ته‌ندروستی و ئاسایشی خه‌ڵك، یان بووه هۆی ڕوودانی پشێوی و ئاژاوه‌گێڕی له‌نێو خه‌ڵك، یان بووه هۆی په‌كخستنی فه‌رمانگه‌یه‌كی گشتی كه بۆ خزمه‌تی گشتی دانراوه. هه‌روه‌ها سزای ئه‌م تاوانه‌ی توندتر كردووه، ئه‌گه‌ر هات و ئه‌م بایكۆتكردنه له‌لایه‌ن سێ فه‌رمانبه‌ر، یان زیاتر ئه‌نجام درا كه ڕێكه‌وتنی پێشوه‌خته‌یان هه‌بێت، یان به مه‌به‌ستی به‌دیهێنانی ئامانجێكی هاوبه‌ش ئه‌م بایكۆته‌یان ئه‌نجام دابێت، تیایدا هاتووه: "1- يعاقب بالحبس مدة لا تزيد على سنتين وبغرامة لا تزيد على مائتي دينار أو بإحدى هاتين العقوبتين كل موظف أو مكلف بخدمة عامة ترك عمله ولو بصورة الإستقالة أو إمتنع عمدا عن واجب من واجبات وظيفته أو عمله متى كان من شأن الترك أو الإمتناع ان يجعل حياة الناس أو صحتهم أو أمنهم في خطر أو كان من شأن ذلك ان يحدث إضطرابا أو فتنة بين الناس أو إذا عطل مرفقا عاما. 2- ويعتبر ظرفا مشددا إذا وقع الفعل من ثلاثة أشخاص أو أكثر وكانوا متفقين على ذلك أو مبتغين منه تحقيق غرض مشترك."
ئه‌وه‌ی له‌م ده‌قه یاسایییه تێبینی ده‌كرێت ئه‌وه‌یه، یاسادانه‌ری عێراقی به هیچ شێوه‌یه‌ك جیاوازیی نه‌كردووه له نێوان بایكۆتێك بۆ داواكردنی داواكارییه‌كی شایسته و ڕه‌وا و بایكۆتێكی بێبنه‌ما و ناڕه‌وا، كه سه‌ره‌نجام هه‌ردووكیان به‌پێی یاسای سزادان تاوانن و نابێت ئه‌نجام بدرێن. به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه له‌به‌رچاو بگیرێت، ئه‌و بایكۆتكردنه‌ی كه به تاوان هه‌ژمار كراوه، بایكۆتێكه ئه‌و لێكه‌وتانه‌ی لێ ده‌كه‌وێته‌وه كه به یاسا دیاری كراوه. ئه‌مه‌یش مانای ئه‌وه‌یه له ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه‌ی ئه‌م لێكه‌وتانه، ئه‌وا بایكۆتكردنی فه‌رمانبه‌رانی كه‌رتی گشتی به تاوان هه‌ژمار ناكرێت، به‌ڵام ڕێگریش نابێت له سه‌پاندنی سزا كارگێڕییه‌كان.
بایكۆتكردن له یاسای كارگێڕی
زۆرن ئه‌و یاسا و په‌یڕه‌و و ڕێنوێنییانه‌ی كه باری فه‌رمانبه‌رێتیی گشتی له عێراق و هه‌رێمی كوردستان ڕێك ده‌خه‌ن، وه‌ك: ئه‌وانه‌ی تایبه‌تن به میلاكات و ڕاژه‌ی شارستانێتی و سه‌ربازی و دادوه‌ری و زانكۆیی و هتد. ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه له‌م باره‌یه‌وه ئه‌وه‌یه، هیچ ده‌قێكی یاسایی نییه بۆ ڕێكخستن، یان به لایه‌نی كه‌م باسكردنی بايكۆتكردنى فه‌رمانبه‌رانی كه‌رتی گشتی، چونكه زۆربه‌ی ئه‌م یاسایانه هه‌ڵگری بیرۆكه‌ی سۆسیالیستین و له‌پێش ساڵی (2003)وه ده‌ركراون. بۆیه ڕه‌نگه ئه‌مه ئه‌وه بگه‌یه‌نێت كه بایكۆتكردن له كه‌رتی گشتیدا ڕێگه‌پێدراو نییه؛ به به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ی له بڕگه (دووه‌م) له مادده (4) له یاسای به‌رزه‌فت (إنضباط)ی فه‌رمانبه‌رانی ده‌وڵه‌ت و كه‌رتی گشتیی عێراقی ژماره (14)ی ساڵی (1991)دا هاتووه، كه فه‌رمانبه‌ری پابه‌ند كردووه به ئاماده‌بوون له شوێن و كاتی دیاریكراو بۆ كاركردن و نابێت به‌بێ مۆڵه‌ت دوا بكه‌وێت، تیایدا هاتووه: "يلتزم الموظف بالواجبات الاتیة: ثانيا- التقيد بمواعيد العمل وعدم التغيب عنه إلا بإذن، وتخصيص جميع وقت الدوام الرسمي للعمل." كه‌واته: هه‌ر ڕه‌فتارێكی فه‌رمانبه‌ر پێچه‌وانه‌ی ئه‌م ده‌قه یاسایییه‌ی سه‌ره‌وه بێت، ئه‌وا ڕووبه‌ڕووی سزا كارگێڕییه‌كانی ده‌كاته‌وه، وه‌ك: ئاگاداركردنه‌وه و سه‌رزه‌نشت و بڕینی مووچه و دابه‌زینی پله و هتد.
بایكۆتكردن له یاسای ڕێكخستنی خۆپیشاندان
دوای مشت‌ومڕ و ململانێی سیاسی، بۆ یه‌كه‌م جار له هه‌رێمی كوردستان یاسایه‌ك بۆ ڕێكخستنی خۆپیشاندانه‌كان له ساڵی (2010) به ژماره (11) ده‌ركرا. له بڕگه (سێیه‌م) له مادده (1)ی ئه‌م یاسایه‌دا هاتووه: "مه‌به‌ست له‌م زاراوه و ده‌سته‌واژانه‌ی دادێن، واتاكانی به‌رامبه‌ریانه بۆ مه‌به‌ستی ئه‌م یاسایه:- سێیه‌م: خۆپیشاندان: كۆمه‌ڵێكی ڕێكخراو یان نیمچه‌ڕێكخراوی خه‌ڵكه، به شێوه‌یه‌كی ئاشتییانه له گۆڕه‌پان و شه‌قام و شوێنه گشتییه‌كاندا بۆ ماوه‌یه‌كی دیاریكراو ده‌ڕۆن. ئامانجی دروستكردنی ڕایه‌كی یه‌كگرتووی گشتییه بۆ وه‌دیهێنانی مه‌به‌ستێكی دیاریكراو كه گردبوونه‌وه‌ی گشتی به مه‌به‌ستی خۆپیشاندان، مانگرتن، په‌ناگیری له‌خۆ ده‌گرێت."
سه‌رنج و تێبینیی یاسایی و زمانه‌وانیی زۆر هه‌ن له‌سه‌ر ئه‌م پێناسه‌یه كه ڕه‌نگه له‌م وتاره‌دا جێگه‌ی نه‌بێت باسی لێوه بكه‌ین، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌مانه‌وێت تیشكی بخه‌ینه سه‌ر ئه‌وه‌یه: مانگرتن – وه‌ك شێوازێك له شێوازه‌كانی خۆپیشاندان – جیاوازیی هه‌یه له‌گه‌ڵ بایكۆتكردن، چونكه بایكۆتكردن بریتییه له پچڕانی په‌یوه‌ندیی نێوان فه‌رمانبه‌ر و فه‌رمانگه‌ی گشتی له ڕێگه‌ی نه‌چوونی فه‌مانبه‌ر بۆ ده‌وامی فه‌رمی. به‌ڵام مانگرتـن بریتییه له چوون بۆ ده‌وام به‌ڵام كـارنه‌كردن تیـایدا. بۆیه، به نیشانه‌ی سه‌رسوڕمانێكی گه‌وره‌وه سه‌یری هه‌ڵوێستی یاسادانه‌ری كوردستانی ده‌كه‌ین، چونكه چه‌مكی مانگرتن به‌م شێوازه‌وه له‌گه‌ڵ پێناسه‌ی یاسایی‌ی خۆپیشاندان یه‌ك ناگرێته‌وه. به هه‌ر حاڵ، ده‌بێت ئه‌وه بزانین ئه‌وه‌ی له یاسای ڕێكخستنی خۆپیشاندانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان هاتووه، ڕێكخستنی مانگرتنه كه پێویستی به مۆڵه‌ت هه‌یه نه‌وه‌ك بایكۆتكردن؛ به‌و مانایه‌ی كه له سه‌ره‌وه‌دا ئاماژه‌مان بۆی كردووه، له‌به‌ر هه‌بوونی جیاوازی له نێوانیان له ڕووی سروشت و ڕێكاره‌وه.
كۆبه‌ند
ئه‌و قه‌یرانه دارایییه‌ی به‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانی گرتووه له لایه‌ك و، داواكاریی ڕه‌وای مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان، دوو ڕاستین كه‌س ناتوانێت نكوڵییان لێ بكات. ڕه‌نگه ڕه‌وایه‌تیی داواكاریی بایكۆتكاران هۆكاری سه‌ره‌كی بێت كه‌وا ده‌سه‌ڵاتداره فه‌رمییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان هیچ ڕێكارێكی كارگێڕییان به‌رانبه‌ر فه‌رمانبه‌ره بایكۆتكاره‌كان نه‌گرتۆته به‌ر؛ سه‌ره‌ڕای هه‌بوونی چه‌ندین ده‌قی یاسایی‌ی جۆراوجۆر كه ده‌سه‌ڵاتی سزادان به لایه‌نه فه‌رمییه‌كان ده‌دات.
دوور له بابه‌تی قه‌یرانی دارایی و، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان وێنه‌یه‌كی جوانتر و باشتر نیشانی جیهانی ده‌ره‌وه بدات كه له‌گه‌ڵ ده‌قه یاسایییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان گونجاو بێت، پێشنیازی ده‌ركردنی یاسایه‌كی تایبه‌ت ده‌كه‌ین كه ڕێگه به بایكۆتكردن بدات به‌ڵام له چوارچێوه‌ی یاسادا؛ به شێوه‌یه‌ك كه پێویسته داواكارییه‌كان ڕه‌وا بن و به شێوه‌یه‌كی ئاشتییانه بێت و ماوه‌یه‌كی بۆ دیاری بكرێت و دوور بێت له ئه‌جێندا و ده‌ستێوه‌ردانی سیاسی و نه‌بێته هۆی په‌كخستنی ژیان و نه‌بێته هۆی مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیان و ته‌ندروستی و ئاسایشی كۆمه‌ڵگه و نه‌بێته هۆی سزادانی بایكۆتكاران یان ڕێكخه‌رانی بایكۆتكردن له دوای كۆتاییهاتنی پرۆسه‌كه، چ له ڕێگه ده‌ركردن یان گواستنه‌وه‌ی ڕاژه یان كۆتاییهێنان به گرێبه‌ست؛ هه‌روه‌ها دیاریكردنی ئه‌و فه‌رمانگانه‌ی كه نابێت بایكۆتی تێدا بكرێت و ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ی كه له‌به‌ر هه‌ستیاریی كاره‌كانیان نابێت بایكۆت بكه‌ن و هتد.
ئێمه پێمان وایه سه‌رهه‌ڵدانی هه‌ر دیارده‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی، پێویستی به چوارچێوه‌یه‌كی یاسایی هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی ئاراسته‌كراو بێت و له سنوور ده‌رنه‌چێت و، هه‌ر كاتێك نه‌توانرا ئه‌م دیارده كۆمه‌ڵایه‌تییه به یاسا قه‌ده‌غه بكرێت، ئه‌وا باشتره به یاسا ڕێك بخرێت بۆ ئه‌وه‌ی سنووردار بێت. بایكۆتكردنی فه‌رمانبه‌رانی كه‌رتی گشتیش ده‌چێته ژێر باری ئه‌و بۆچوونه‌مان، چونكه ئه‌و بایكۆته‌ی له ئێسته‌دا له هه‌ندێ ناوچه‌ی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه له‌ژێر كۆنتڕۆڵ ده‌رچووه و پێویسته به یاسا چوارچێوه بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی جۆرێك له هاوسه‌نگی له نێوان ڕه‌وایه‌تیی داواكاریی بایكۆتكاران و پاراستنی ئاسایش و به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانی بێته دی.