ئالان به‌هائه‌ددین عه‌بدوڵڵا ئه‌لموده‌ڕیس، دكتۆرا له یاسا - مامۆستا له كۆلێژی یاسا/ زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین
پێشه‌كی
به شێوه‌یه‌كی گشتی، زانكۆ وه‌ك ده‌زگه‌یه‌كی ئه‌كادیمی و زانستی و مه‌عریفی، ڕۆڵی هه‌یه له پێگه‌یاندنی نه‌وه‌ی داهاتوو و به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان، چ ڕاسته‌وخۆ بێت یان ناڕاسته‌وخۆ، كاریگه‌ریی هه‌یه له‌سه‌ر ئاراسته‌كردن و نه‌خشاندنی داهاتووی گه‌نجان. هه‌ر بۆیه پێویسته به‌وریایییه‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ بابه‌ته زانكۆیییه‌كان بكرێت، چونكه به خه‌ون و ئاوات و داهاتووی گه‌نجانه‌وه گرێ دراوه كه سه‌رمایه‌ی له‌بننه‌هاتووی وڵاتن.
زۆر به‌ڕاشكاوانه ده‌یڵێم: زانكۆكان له هه‌رێمی كوردستان له‌به‌ر چه‌ندین هۆكار نه‌یانتوانیوه وه‌ك پێویست و چاوه‌ڕوانكراو ڕۆڵی پۆزه‌تیڤانه‌ی خۆیان له‌نێو كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانیدا بگێڕن و نه‌بوونه‌ته پاڵپشت و هاوكارێكی باش بۆ حكوومه‌ت و ده‌زگه فه‌رمییه‌كانی تر بۆ ڕاستاندنی ڕه‌فتاره‌كان و هه‌ڵسه‌نگاندنیان. ئه‌م ده‌ره‌نجامه هۆكاری زۆری له‌پشته‌وه‌یه كه یه‌كێكیان بریتییه له خودی ئه‌و یاسا و ڕێنوێنییانه‌ی كه زانكۆكان و كاری زانكۆیییان ڕێك خستووه. ڕێنوێنیی ژماره (1)ـی ساڵی (2019) كه له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ده‌ركراوه به مه‌به‌ستی ڕێكخستنی كردنه‌وه‌ی لقی زانكۆی نێوده‌وڵه‌تی له هه‌رێمی كوردستان – عێراق، نموونه‌یه‌كه له‌و یاسا و ڕێنوێنییانه‌ی كه‌وا چه‌ندین تێبینییان له‌سه‌ره، چونكه به شێوازێكی نه‌گونجاو داڕێژراوه. هه‌ر بۆیه نه‌بۆته فاكته‌رێكی كاریگه‌ر بۆ سه‌ركه‌وتنی ئه‌زموونی لقی زانكۆ بیانییه‌كان له هه‌رێمی كوردستان.
تێبینیی یه‌كه‌م - ناونیشانی ڕێنوێنیی
ناونیشانی ڕێنوێنییه‌كه بریتییه له "كردنه‌وه‌ی لقی زانكۆی نێوده‌وڵه‌تی له هه‌رێمی كوردستان – عێراق". به بۆچوونی ئێمه، جیاوازیی زۆر هه‌یه له نێوان هه‌ردوو ده‌سته‌واژه‌ی "زانكۆی نێوده‌وڵه‌تی" و "زانكۆی بیانی"دا. زانكۆی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌و زانكۆیه‌یه كه‌وا لقی له چه‌ندین وڵات‌دا هه‌یه و ڕه‌نگه ئه‌م زانكۆیه زانكۆیه‌كی عێراقی بێت یاخود بیانی. به‌ڵام زانكۆی بیانی ئه‌و زانكۆیه‌یه كه‌وا له ده‌ره‌وه‌ی عێراق دامه‌زراوه، جا لقی له وڵاتانی تر هه‌بێت یاخود نا ئه‌وا به بیانی هه‌ژمار ده‌كرێت، چونكه له عێراق به‌پێی یاسای عێراقی دانه‌مه‌زراوه.
كه‌واته: به‌پێی ناونیشانی ڕێنوێنییه‌كه بێت، ئه‌وا مۆڵه‌تی كردنه‌وه‌ی لق ته‌نیا به‌و زانكۆیانه‌ی كه لقیان له چه‌ندین وڵات‌دا هه‌یه ده‌درێت. به‌پێچه‌وانه‌وه، هه‌ر زانكۆیه‌كی بیانی لقی له وڵاتانی تر نه‌بێت و ویستی ئه‌وه‌ی هه‌بێت لقی له هه‌رێمی كوردستان بكاته‌وه، ئه‌وا ڕێگه‌ی پێ نادرێت، چونكه زانكۆیه‌كی نێوده‌وڵه‌تی نییه. بۆیه به بۆچوونی ئێمه، باشتر ده‌بوو له جیاتی زانكۆی نێوده‌وڵه‌تی، ده‌سته‌واژه‌ی زانكۆی بیانی به‌كار بهاتبایه، چونكه زانكۆی بیانی هه‌موو زانكۆیه‌ك ده‌گرێته‌وه كه له ده‌ره‌وه‌ی عێراق دامه‌زراوه، جا لقی له وڵاتانی تر هه‌بێت یاخود نا. ئه‌م بۆچوونه‌یشمان پاڵپشتیی یاسایی‌ی هه‌یه له بڕگه (چواره‌م-2) له مادده (5) له یاسای زانكۆ تایبه‌ته‌كان له هه‌رێمی كوردستان – عێراق ژماره (3) بۆ ساڵی (2013)؛ كاتێك ئه‌م بڕگه یاسایییه ڕێگه به كردنه‌وه‌ی لقی زانكۆ ڕه‌سه‌ن و باوه‌ڕپێكراوه بیانییه‌كان ده‌دات له هه‌رێمی كوردستان، بێ ئه‌وه‌ی ئاماژه به مه‌رج و سیفه‌تی نێوده‌وڵه‌تیبوونی ئه‌م زانكۆیه بكات.
تێبینیی دووه‌م - پاڵپشتیی یاسایی‌ی ڕێنوێنی
هه‌ر ڕێنوێنییه‌ك كه ده‌رده‌چێت، پێویسته پشت به یاسایه‌كی به‌ركار ببه‌ستێت، یاخود به لایه‌نی كه‌م هیچ یاسایه‌ك نه‌بێت ڕێگری له ده‌ركردنی ئه‌م ڕێنوێنییه بكات. ڕێنوێنیی ژماره (1) بۆ ساڵی (2019) پاڵپشت به چه‌ند بڕگه‌یه‌كی یاسایی ده‌ركراوه كه له پێشه‌كیی ڕێنوێنییه‌كه‌دا ئاماژه‌یان بۆ كراوه. ئه‌وه‌ی تێبینی ده‌كرێت هه‌ندێك له‌و بڕگه یاسایییانه‌ی كه ئاماژه‌یان پێ كراوه، په‌یوه‌ندییان به كردنه‌وه‌ی لقی زانكۆی نێوده‌وڵه‌تی نییه! بۆ نموونه:
به بۆچوونی ئێمه ئاماژه‌دان به هه‌ردوو مادده‌ی (42) و (50) له یاسای وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی و، هه‌روه‌ها بڕگه (چواره‌م) له مادده (5) له یاسای زانكۆ تایبه‌ته‌كان، به‌س بوو بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م ڕێنوێنییه ڕه‌وایه‌تیی یاسایی‌ی هه‌بێت.
تێبینیی سێیه‌م - هه‌ڵوێستی ده‌ستوور له‌مه‌ڕ ئه‌م ڕێنوێنییه
ئه‌گه‌رچی ئه‌م ڕێنوێنییه پاڵپشت به یاسا به‌ركاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ركراوه، به‌ڵام به‌پێی بڕگه (شه‌شه‌م) له مادده (114) له ده‌ستووری كۆماری عێراق بۆ ساڵی (2005)، نه‌خشاندنی سیاسه‌تی په‌روه‌رده و فێركردن یه‌كێكه له پسپۆڕییه هاوبه‌شه‌كانی نێوان حكوومه‌تی ناوه‌ند و هه‌رێمه‌كان و پێویسته پێكه‌وه به گفتۆگۆ و ڕاوێژكردن ئه‌م سیاسه‌ته بنه‌خشێنن، تیایدا هاتووه: "تكون الإختصاصات الآتية مشتركة بين السلطات الاتحادية وسلطات الأقاليم: سادسا:- ڕسم السياسة التعليمية والتربوية العامة بالتشاور مع الأقاليم والمحافظات غير المنتظمة في إقليم."
له ئێسته‌دا، ئه‌م ڕێنوێنییه تاكلایه‌نه له هه‌رێمی كوردستان ده‌ركراوه و چه‌ندین لقی زانكۆی بیانی پاڵپشت به‌م ڕێنوێنییه له هه‌رێمی كراونه‌ته‌وه. من له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌م هه‌رێمی كوردستان تا پێی ده‌كرێت بتوانێت ده‌سه‌ڵاتی زیاتر له ناوه‌ند وه‌ربگرێت و ئه‌م ده‌سه‌ڵاتانه‌یش بۆ خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندییه باڵاكانی هه‌رێم ڕایی بكات، به‌ڵام ئه‌م ده‌سه‌ڵاته كه په‌یوه‌سته به زانكۆكان، گرێدراوه به ده‌سه‌ڵاتێكی تر، ئه‌ویش دانپێدانانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستیی عێراقییه به بڕوانامه‌ی قوتابییه ده‌رچووه‌كانی لقی ئه‌و زانكۆیانه‌ی كه به‌پێی ڕێنوێنییه‌ك كراونه‌ته‌وه؛ ڕه‌نگه به‌بێ ڕاوێژكردن بێت له‌گه‌ڵ به‌غدا. دڵنیام ئه‌م بابه‌ته دوای چوار ساڵی تر كێشه بۆ قوتابییه ده‌رچووه‌كان دروست ده‌كات، بۆیه پێویسته هه‌ر له ئێسته‌وه خه‌م له‌م بابه‌ته بخورێت، چونكه داهاتووی گه‌نجانمان گرنگه.
تێبینیی چواره‌م - ملكه‌چبوونی لقی زانكۆی نێوده‌وڵه‌تی بۆ یاسا
له مادده (2) له ڕێنوێنیی ژماره (1) بۆ ساڵی (2019)دا هاتووه، لقی زانكۆ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان یاسای وڵاتی زانكۆی دایك به‌سه‌ریاندا جێبه‌جێ ده‌كرێت له‌گه‌ڵ ڕه‌چاوكردنی یاسا و ڕێنوێنییه به‌ركاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان، هه‌روه‌ها مادده‌كانی نێو ڕێنوێنیی ژماره (1)ـی (2019).
پێش ئه‌وه‌ی ئاماژه به دژیه‌كبوونی ئه‌م مادده‌یه له‌گه‌ڵ یاسا به‌ركاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان بكه‌م، ده‌مه‌وێت ڕه‌خنه له‌و بیرۆكه‌یه بگرم كه ڕێگه‌ێ داوه به جێبه‌جێكردنی یاسای وڵاتی زانكۆی دایك - كه یاسایه‌كی بیانییه - به‌سه‌ر لقی زانكۆ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له هه‌رێمی كوردستان، چونكه له بنه‌ڕه‌تدا جێبه‌جێكردنی یاسا به‌ركاره‌كانی هه‌رێم به‌سه‌ر لقی ئه‌م زانكۆیانه، به‌شێكه له سه‌روه‌ریی یاسایی‌ی هه‌رێم به‌سه‌ر كه‌سه بیانییه‌كانی نێو هه‌رێمی كوردستان. هه‌روه‌ها چۆن ده‌كرێت یاسای بیانی جێبه‌جێ بكرێت له‌گه‌ڵ ڕه‌چاوكردنی یاسا و ڕێنوێنییه به‌ركاره‌كانی هه‌رێم؟! چونكه دوو سیسته‌می یاسایی و دوو هه‌ڵوێستی زۆر له یه‌ك جیاوازن. بۆیه ئه‌م ڕه‌چاوكردنه له ڕووی پراكتیكییه‌وه هه‌رگیز نایه‌ته دی. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی له ڕێنوێنییه‌كه‌دا هیچ میكانیزمێك دیاری نه‌كراوه بۆ چاره‌سه‌ركردنی حاڵه‌تی هه‌بوونی دژیه‌كبوون له نێوان ئه‌م دوو سیسته‌مه یاسایییه جیاوازه كه ئایا كار به كام سیسته‌می یاسایی ده‌كرێت؟
ئه‌مه له لایه‌ك، له لایه‌كی تره‌وه ناوه‌ڕۆكی مادده (2)ی ئاماژه‌پێكراو دژیه‌ك و ناكۆكه له‌گه‌ڵ ناوه‌ڕۆكی مادده (41) له یاسای وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستیی هه‌رێمی كوردستان كه باس له ملكه‌چبوونی زانكۆ و په‌یمانگه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات بۆ یاسا و ڕێنمایییه به‌ركاره‌كانی هه‌رێم؛ جا حكوومی بن یاخود تایبه‌ت یاخود بیانی. هه‌روه‌ها مادده (2)ی ئاماژه‌پێكراو، دژیه‌كه له‌گه‌ڵ ناوه‌ڕۆكی بڕگه (2) له مادده (49) له یاسای شارستانیی عێراقی كه باس له ملكه‌چبوونی لقی كه‌سه واتایییه‌كان ده‌كات بۆ یاسای عێراقی، ئه‌گه‌ر هات و ئه‌م لقه له عێراقدا كاری كرد. بێ گومان له‌م حاڵه‌ته‌یشدا كار به یاسا ده‌كرێت نه‌وه‌ك ڕێنوێنی.
تێبینیی پێنجه‌م - سه‌رپه‌رشتیكردنی لقی زانكۆی نێوده‌وڵه‌تی
به‌پێی مادده (3) له ڕێنوێنیی ژماره (1) بۆ ساڵی (2019)، ده‌سته‌ی ئه‌میندارانی زانكۆی دایك سه‌رپه‌رشتیی لقی زانكۆی نێوده‌وڵه‌تی له هه‌رێمی كوردستان ده‌كات. ئه‌م ده‌قه یاسایییه پرسیارێتیی زۆر هه‌ڵده‌گرێت كه ڕه‌نگه وه‌ڵامدانه‌وه‌یان ئاسان نه‌بێت. بۆ نموونه: ئایا هه‌موو زانكۆیه‌كی نێوده‌وڵه‌تی، ده‌سته‌ی ئه‌میندارانی هه‌یه؟ ئه‌گه‌ر نه‌یبێت ئه‌وكات چاره‌سه‌ر چییه؟ ڕه‌نگه ده‌سه‌ڵاتی سه‌رپه‌رشتیكردنی لقی زانكۆ درابێته ئه‌نجومه‌نی زانكۆ، یان فه‌رمانگه‌یه‌كی كارگێڕیی سه‌ر به زانكۆ، ئه‌وكات چۆن ئه‌مه چاره‌سه‌ر ده‌كرێت؟
بۆیه، به بۆچوونی ئێمه، باشتره ناوی سه‌رپه‌رشتیكار به شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ ئاماژه‌ی بۆ نه‌كرێت و له بڕی ئه‌و، ده‌سته‌واژه‌ی "ده‌سه‌ڵاتی تایبه‌تمه‌ند به سه‌رپه‌رشتیكردن له‌نێو زانكۆی دایك" به‌كا ربهێنرێت، ئه‌ویش به مه‌به‌ستی ده‌ربازبوون له‌م گرفته یاسایییه و له كێشه‌ی گه‌ڕان به نێو سیسته‌می یاسایی‌ی وڵاتێكی بیانی بۆ دۆزینه‌وه‌ی ناوی سه‌رپه‌رشتیكار.
تێبینیی شه‌شه‌م - ئه‌ندامی ده‌سته‌ی وانه‌گوتنه‌وه
به‌پێی بڕگه (1) له مادده (9) له ڕێنوێنیی ژماره (1)ی ساڵی (2019)، پێویسته به لایه‌نی كه‌م ڕێژه‌ی (50%)ی ستافی وانه‌گوتنه‌وه له لقی زانكۆ نێوده‌وڵه‌تییه‌كه له هه‌رێم له ستافی نێوده‌وڵه‌تی پێك بێت. پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه: مه‌به‌ست چییه له ستافی نێوده‌وڵه‌تی؟ به شێوه‌یه‌كی گشتی به كارمه‌نده‌كانی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان (UN) و ڕێكخراوه‌كانی سه‌ر به (UN) ده‌گوترێت فه‌مانبه‌ر یاخود كارمه‌ندی نێوده‌وڵه‌تی، چونكه سه‌ر به هیچ وڵاتێك نین. بۆیه له‌م ڕێنوێنییه‌دا به‌كارهێنانی ده‌سته‌واژه‌ی "ستافی نێوده‌وڵه‌تی" هه‌ڵه‌یه و، پێویسته به ده‌سته‌واژه‌ی ستافی بیانی بگۆڕدرێت.
هه‌روه‌ها ده‌پرسین: ئایا عێراقی، هه‌ڵگری دوو ڕه‌گه‌زنامه بێت، بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌م ڕێژه‌یه به بیانی هه‌ژمار ده‌كرێت؟ ئایا ئه‌م ڕێژه‌ی (50%)ە مه‌رجه بۆ پێدانی مۆڵه‌ت، یاخود ده‌كرێت له دواییدا ئه‌م ڕێژه‌یه پڕ بكرێته‌وه؟ ئه‌گه‌ر مه‌رج بوو بۆ پێدانی مۆڵه‌ت، دابه‌زینی ئه‌م ڕێژه‌یه بۆ خوار (50%) چ لێكه‌وتێكی یاسایی‌ی لێ ده‌كه‌وێته‌وه؟ ئایا گرێبه‌ستی ستافی بیانی پێویسته هه‌میشه‌یی بێت (Full Time) یاخود كاتی (Part Time)؟ ئایا مه‌به‌ست له دیاریكردنی ڕێژه‌ی (50%) بۆ هه‌بوونی ستافی بیانی، بۆ مه‌به‌ستی به‌رزكردنه‌وه‌ی كواڵێتیی خوێندنه له‌م زانكۆیه؟ ئه‌گه‌ر ئه‌مه مه‌به‌سته‌كه بێت، كه‌واته ئه‌مه دانپێدانانێكی ناڕاسته‌وخۆیه به نزمیی ئاست و كواڵێتیی زانستیی ستافی نێوخۆیی. ئه‌مه جگه له دیاریكردنی ئه‌م ڕێژه‌یه، كاریگه‌ریی ده‌بێت له‌سه‌ر بچووككردنه‌وه‌ی قه‌باره‌ی هه‌لی كار بۆ ستافی نێوخۆیی. ئه‌م پرسیارانه‌ی سه‌ره‌وه پێویستیان به وه‌ڵامی جددی هه‌یه، چونكه له چوارچێوه‌ی ڕێنوێنیی ژماره (1)دا وه‌ڵامت ده‌ست ناكه‌وێت.
تێبینیی حه‌فته‌م - سه‌پاندنی باج
به‌پێی بڕگه (3) له مادده (9) له ڕێنوێنیی ژماره (1)ی ساڵی (2019)، لقی زانكۆكه ده‌بێت پابه‌ند بێت به پێدانی باج و ڕسوومات به‌پێی یاسا به‌ركاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان. هه‌ر به‌پێی یاسا به‌ركاره‌كان له هه‌رێمی كوردستان، به‌تایبه‌ت به‌پێی بڕگه (ده‌یه‌م) له مادده (2) له یاسای وه‌به‌رهێنان له هه‌رێمی كوردستان ژماره (4) بۆ ساڵی (2006)، فێركردن له هه‌موو قۆناغه‌كاندا بوارێكه له بواره‌كانی وه‌به‌رهێنان و، لقی زانكۆی نێوده‌وڵه‌تی سوودمه‌ند ده‌بێت له گشت ئه‌و لێبووردنانه‌ی باج كه به‌پێی ئه‌م یاسایه بوونیان هه‌یه.
كه‌واته: ئه‌وانه‌ی ئه‌م ڕێنوێنییه‌یان ده‌ركردووه، بێ‌ئاگا بوونه له سیسته‌می باج له هه‌رێمی كوردستان و، ئه‌مه‌یش بووه‌ته هۆی دژیه‌كبوونی ڕێنوێنیی ژماره (1)ی ساڵی (2019) له‌گه‌ڵ یاسای وه‌به‌رهێنان له هه‌رێمی كوردستان، كه بێ گومان كار به هیچ ڕێنوێنییه‌ك ناكرێت پێچه‌وانه‌ی حوكمی یاسا بێت. ئه‌مه‌یش له كاتێكدایه كه له هۆكاری ده‌رچوواندنی ئه‌م ڕێنوێنییه نووسراوه: "له پێناو ڕه‌خساندنی هه‌لی وه‌به‌رهێنان له بواری خوێندنی باڵا و هاندانی ...". كه‌واته دانانی ئه‌م ڕێنوێنییه بۆ وه‌به‌رهێنانكردنه له بواری خوێندنی باڵا، كه‌چی لقی زانكۆی نێوده‌وڵه‌تی پابه‌ند كراوه به پێدانی باج!
وه‌رگرتنی باج له ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه‌ی یاسا كارێكی نایاسایییه، بۆیه ئه‌گه‌ر ویستی وه‌رگرتنی باج هه‌یه له لقی زانكۆ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، ئه‌وا پێویسته فێركردن له چوارچێوه‌ی یاسای وه‌به‌رهێنان بهێندرێته ده‌ره‌وه.
تێبینیی هه‌شته‌م – سیسته‌می وه‌رگیرانی قوتابی
پێوه‌ری وه‌رگیرانی قوتابیان له زانكۆ و په‌یمانگه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، حكوومی بن یاخود تایبه‌ت، بریتییه له پێوه‌ری نمره. به‌ڵام ئه‌وه‌ی تێبینی ده‌كرێت به‌پێی بڕگه (6) له مادده (9) له ڕێنوێنیی ژماره (1)ی ساڵی (2019)، مه‌رج و ڕێنوێنیی وه‌رگرتنی قوتابی له لقی زانكۆی نێوده‌وڵه‌تی له هه‌رێمی كوردستان، هه‌مان مه‌رج و ڕێنماییی زانكۆی دایك ده‌بێت. واتا ئه‌گه‌ر نمره پێوه‌ری وه‌رگیران نه‌بوو له كۆلێژه‌كانی زانكۆی دایك، ئه‌وا به هه‌مان شێوه قوتابی له لقی زانكۆی نێوده‌وڵه‌تی له كوردستان به‌ده‌ر له پێوه‌ری نمره وه‌رده‌گیرێت و، ئه‌مه‌یش پێچه‌وانه‌ی پرانسیپی دادپه‌روه‌ری و هه‌لی یه‌كسانه.
تێبینیی نۆیه‌م - پڕۆگرامه‌كانی خوێندن
هه‌موو زانكۆیه‌ك هه‌وڵ ده‌دات باشترین پڕۆگرامی خوێندن بۆ قوتابییه‌كانی فه‌راهه‌م بكات و هه‌میشه له هه‌وڵی نوێكردنه‌وه‌یاندایه؛ ئه‌مه جگه له به‌ستنه‌وه‌ی پڕۆگرامی خوێندن به بازاڕی كار، كه یه‌كێكه له كاره له‌پێشینه‌یییه‌كانی زانكۆكان.
ئه‌وه‌ی تێبینی ده‌كرێت به‌پێی بڕگه‌ی (7) له مادده (9) له ڕێنوێنیی ژماره (1)ی ساڵی (2019)، پێویسته پڕۆگرامی خوێندنی به‌شه‌كان له لقی زانكۆی نێوده‌وڵه‌تی له هه‌رێمی كوردستان هه‌مان پڕۆگرامی خوێندنی به‌شه‌كانی زانكۆی دایك بێت. بۆیه مه‌رجی داناوه له كاتی پێشكه‌شكردنی پڕۆپۆزه‌ڵی كردنه‌وه‌ی لقی زانكۆی نێوده‌وڵه‌تی، وێنه‌یه‌ك له پڕۆگرامی خوێندنی به‌شه‌كانی زانكۆی دایك له هه‌ر به‌شێكی زانستی كه ده‌یانه‌وێت له هه‌رێمی كوردستان بكه‌نه‌وه، پێشكه‌ش بكه‌ن. ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه ئه‌وه‌یه، له بڕگه (8) له هه‌مان مادده و ڕێنوێنییدا هاتووه كه له كاتی دانانی پڕۆگرامی خوێندن له لقی زانكۆی نێوده‌وڵه‌تی، پێویسته ڕه‌چاوی بازاڕی كاری هه‌رێمی كوردستان بكرێت.
ئه‌م دوو هه‌ڵوێسته ته‌واو دژیه‌كن، چونكه له لایه‌ك لقی زانكۆی نێوده‌وڵه‌تی پابه‌ند ده‌كرێت كه پڕۆگرامه‌كانی خوێندنی هاوشێوه‌ی پڕۆگرامه‌كانی خوێندنی زانكۆی دایك بێت، كه بێ گومان ئه‌م پڕۆگرامه به ڕه‌چاوكردنی بازاڕی كاری وڵاتی زانكۆی دایك دانراوه و، له‌لایه‌كی تره‌وه لقی زانكۆی نێوده‌وڵه‌تی پابه‌ند ده‌كرێت به دانانی پرۆگرامی خوێندن به ڕه‌چاوكردنی بازاڕی كاری هه‌رێمی كوردستان!
تێبینیی ده‌یه‌م - دامه‌زراندنی سه‌رۆكی زانكۆ و ڕاگری كۆلێژ
به‌پێی بڕگه (11) له مادده (9) له ڕێنوێنیی ژماره (1)ی ساڵی (2019)، سه‌رۆكی زانكۆی لق و ڕاگری كۆلێژ له كۆلێژه‌كانی لق له‌لایه‌ن لقی زانكۆكه له هه‌رێمی كوردستان پێشنیاز ده‌كرێت و له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی په‌سند ده‌كرێت، به‌پێی ڕێنوێنیی زانكۆی دایك. به‌ستنه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا به جێبه‌جێكردنی ڕێنوێنیی زانكۆی دایك، خۆی له خۆیدا جێگه‌ی سه‌رسوڕمانه.
هه‌روه‌ها به‌پێی بڕگه (13) له هه‌مان مادده و ڕێنوێنی، پێویسته پۆستی سه‌رۆكی زانكۆ له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی بانگه‌وازی بۆ بكرێت و هه‌مان مه‌رج و ڕێنوێنییه‌كانی زانكۆی دایكی به‌سه‌ردا جێبه‌جی ده‌كرێت، به‌بێ ئه‌وه‌ی ئه‌م بڕگه یاسایییه مه‌به‌ست له بانگه‌وازی نێوده‌وڵه‌تی ڕوون بكاته‌وه و میكانیزمی ئه‌و بانگه‌وازه دیاری بكات و ئه‌گه‌ر پێوه‌ره‌كانی دانانی سه‌رۆكی زانكۆ له زانكۆی دایك، ته‌واو دژیه‌ك بوو له‌گه‌ڵ پێوه‌ره‌كانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی، ئایا وه‌زاره‌ت پابه‌نده به جێبه‌جێكردنی ڕێنوێنی و پێوه‌ری زانكۆی دایك؟ ئه‌م پرسیاره بێوه‌ڵامانه هه‌موو ده‌بن به كێشه له واقعدا.
ڕێنوێنی له ڕیزبه‌ندی سێیه‌م و كۆتایی دێت له په‌یژه‌كانی یاسادانان، بۆیه پێویسته كه‌مترین پرسیاری بێوه‌ڵام له‌خۆ بگرێت، به‌پێچه‌وانه‌وه به ڕێنوێنییه‌كی ناسه‌ركه‌وتوو هه‌ژمار ده‌كرێت.
تێبینیی یازده‌م - پچڕانی په‌یوه‌ندیی نێوان لقی زانكۆی نێوده‌وڵه‌تی و زانكۆی دایك
بڕگه (17) له مادده (9) له ڕێنوێنیی ژماره (1)ی ساڵی (2019)، باس له حاڵه‌تی پچڕانی په‌یوه‌ندیی نێوان زانكۆی دایك و لقی زانكۆ نێوده‌وڵه‌تییه‌كه له هه‌رێمی كوردستان ده‌كات، بێ ئه‌وه‌ی میكانیزمی گونجاو بۆ چۆنێتیی چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م كێشه‌یه دیاری بكات، چونكه زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌كه‌م و كۆتایی، قوتابیی وه‌رگیراوه له‌م لقی زانكۆیه. تیایدا هاتووه: "له حاڵه‌تێكدا ئه‌گه‌ر زانكۆی دایك په‌یوه‌ندیی به لقی زانكۆكه له هه‌رێمی كوردستان پچڕا، یان لقی زانكۆكه له هه‌رێمی كوردستان په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ زانكۆی دایك پچڕا، ئه‌وا وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستیی هه‌رێمی كوردستان مۆڵه‌تی كردنه‌وه‌ی لقی زانكۆكه له هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه و چاره‌سه‌ری گونجاوی یاسایی و زانستی بۆ قوتابیان و خوێندكاران ده‌ستنیشان ده‌كات." به بۆچوونی ئێمه، ده‌بووایه ئه‌م چاره‌سه‌ره گونجاوه دیاری بكرابایه یاخود پێوه‌ر و پره‌نسیپه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی ئه‌م چاره‌سه‌ره بۆ پاراستنی مافی قوتابیان دیاری بكرابایه. بێ گومان قوتابیانی كوردستان ئه‌گه‌ر ئه‌م ده‌قه یاسایییه ببینن و لێی تێ بگه‌ن، ئه‌وا دڵنیام هیچ قوتابییه‌ك بڕیاری خوێندن له‌م لقه زانكۆیییانه نادات، چونكه چاره‌نووسێكی نادیار چاوه‌ڕێیان ده‌كات.
ئه‌مه له لایه‌ك، له لایه‌كی تره‌وه پرسیاری جددی ئه‌وه‌یه: بۆچی ئه‌م په‌یوه‌ندییه ده‌پچڕێت؟ مه‌گه‌ر ئه‌م زانكۆیانه سه‌ر به زانكۆی دایك نین؟ ڕه‌نگه وه‌ڵامی ئه‌وه وا به‌ئاسانی ده‌ست نه‌كه‌وێت، به‌ڵام من دڵنیام ئه‌گه‌ر زانكۆی دایك خۆی داواكاریی پێشكه‌ش كردبێت بۆ كردنه‌وه‌ی لقێكی له هه‌رێمی كوردستان، ئه‌وا ئه‌م په‌یوه‌ندییه ناپچڕێت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌م داواكارییه له‌لایه‌ن كه‌س و كۆمپانیا لۆكاڵییه‌كانه‌وه به ناوی زانكۆی دایكه‌وه پێشكه‌ش كرابێت، ئه‌وا بۆ هه‌میشه ده‌بێت چاو‌ڕێی پچڕانی په‌یوه‌ندی و فه‌وتانی داهاتووی قوتابییه وه‌رگیراوه‌كان له‌م لقه زانكۆیییانه بكه‌ین.
تێبینیی دوازده‌م - ئاماژه‌دان به هه‌بوونی په‌یوه‌ندیی نێوان لق و زانكۆی دایك
به‌پێی بڕگه (18) له مادده (9) له ڕێنوێنیی ژماره (1)ی ساڵی (2019)، مه‌رجه له وێبسایتی سه‌ره‌كیی زانكۆی دایك ئاماژه به هه‌بوونی لقی زانكۆ نێوده‌وڵه‌تییه‌كه له هه‌رێمی كوردستان بكرێت. بێ گومان ئه‌م ده‌قه یه‌كێكه له ده‌قه گرینگه‌كان، به‌ڵام چۆن جێبه‌جێ بكرێت؟
پێویسته ئه‌وه بزانین له كاتی پێشكه‌شكردنی پڕۆپۆزه‌ڵی كردنه‌وه‌ی لقی زانكۆی دایك له هه‌رێمی كوردستان، ئه‌م ئاماژه‌یه له وێبسایتی زانكۆی دایك بڵاو ناكرێته‌وه. كه‌واته مه‌رجه له دوای پێدانی مۆڵه‌ت و كردنه‌وه‌ی لقی زانكۆ له هه‌رێم، له وێبسایتی زانكۆی دایك به شێوه‌یه‌كی فه‌رمی ئه‌م ئاماژه‌یه بدرێت، ئه‌وه ئه‌گه‌ر زانكۆی دایك خۆی پڕۆپۆزه‌ڵی كردنه‌وه‌ی لقی خۆی له هه‌رێم پێشكه‌ش كردبێت.
كۆبه‌ند
هه‌موو بڕگه و مادده‌كانی نێو ڕێنماییی ژماره (1) بۆ ساڵی (2019)، ئاماژه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی زانكۆی دایك پلان بۆ كردنه‌وه‌ی لقێكی زانكۆكه‌ی له هه‌رێمی كوردستان داده‌ڕێژێت. بۆیه، پێویسته داواكاریی كردنه‌وه‌ی لقی زانكۆی نێوده‌وڵه‌تی، ته‌نهیا له زانكۆی دایك وه‌ربگیرێت نه‌وه‌ك له كه‌س و كۆمپانیا لۆكاڵییه‌كان، كه ڕه‌نگه هه‌ندێكیان كه‌سانی ئه‌كادیمیش نه‌بن.
هه‌موو ئه‌و تێبینییانه‌ی كه له سه‌ره‌وه ئاماژه‌ی پێ دراوه، بۆ باشتركردنی كواڵێتیی ڕێنوێنیی ژماره (1)ی ساڵی (2019)ی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستییه له هه‌رێمی كوردستان، كه سه‌ره‌نجام سه‌ركه‌وتنی ئه‌م ڕێنوێنییه، سه‌ركه‌وتنی زانست و مه‌عریفه‌یه له هه‌رێمی كوردستان و، شكستی ئه‌م ڕێنوێنییه شكستی قوتابی و فه‌وتانی ساڵانی خوێندنیه‌تی. بۆیه دووپاتی ده‌كه‌مه‌وه، پێویسته به‌وردی و وریایی و جددییه‌ته‌وه سه‌یری بابه‌ته‌كانی په‌یوه‌ست به فێركردن و خوێندنی باڵا بكرێت، چونكه داهاتووی نه‌وه‌یه‌كی پێوه به‌نده.