ئالان به‌هائه‌ددین عه‌بدوڵڵا، دكتۆرا له یاسا - مامۆستا له كۆلێژی یاسا/ زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین
پێشه‌كی
ئاشكرایه زانكۆكان - وه‌ك ده‌زگه‌یه‌كی ئه‌كادیمی و زانستی - چه‌ندین ئامرازیان به‌ده‌سته‌وه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی ببنه فاكته‌رێكی كاریگه‌ر بۆ به‌دیهێنانی گۆڕانكاریی پۆزه‌تیڤ له عه‌قڵییه‌تی كۆمه‌ڵگه و بیر و هزری تاكه‌كانی. وانه‌گوتنه‌وه (تیۆری و پراكتیك)، سمینار، كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌كان، كۆنفرانس و وۆركشۆپه‌كان، توێژینه‌وه زانستییه‌كان، كتێبه ده‌ركراوه‌كان، گۆڤاره ئه‌كادیمییه‌كان، وتاره ڕۆژنامه‌گه‌رییه‌كان، چاوپێكه‌وتنه میدیایییه‌كان، هه‌موو ئه‌مانه ئامرازی كاریگه‌رن، به مه‌رجێك له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی كارگێڕیی و مامۆستایانی زانكۆوه به‌دروستی به‌كار بهێنرێن. بێ گومان هه‌موو ئه‌و ئامرازنه‌یش له چوارچێوه‌ی یاسا و په‌یڕه‌و و ڕێنوێنییه‌كاندا ڕێك خراون بۆ ئه‌وه‌ی ببن به باشترین فاكته‌ر بۆ هێنانه‌دیی ئامانجه دیاریكراوه‌كان.
به‌ڵام پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه: ئایا ئه‌م ڕێكخستنه یاسایییانه له هێنانه‌دیی ئامانجه‌كاندا سه‌ركه‌وتوو بوونه؟ ئه‌و وتاره هه‌وڵێكه بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره و دڵنیابوون له ڕادده‌ی سه‌ركه‌وتنی ئه‌و ڕێنوێنییانه‌ی بۆ ده‌ركردن و وه‌رگێڕانی كتێبی زانستی له زانكۆكان كاریان پێ ده‌كرێت، چونكه كتێب گرینگییه‌كی تایبه‌تی له ژیانی زانكۆییدا هه‌یه و به یه‌كێك له سه‌رچاوه سه‌ره‌كییه‌كانی مه‌عریفه داده‌نرێت كه له‌م ڕێگه‌یه‌وه زانست و زانیاری ده‌گات به قوتابی و، هه‌ر له‌م ڕێگه‌یه‌وه كه‌سایه‌تیی زانستیی قوتابی پێ ده‌گات، به‌بێ ئه‌وه‌ی پێویستی به مامۆستا بێت. هه‌ر له‌م سۆنگه‌یه‌وه زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین-هه‌ولێر وه‌ك نموونه وه‌رگیراوه.
له دوای لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی وردی "ڕێنوێنیی دانان و وه‌رگێڕانی كتێب" كه له زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین-هه‌ولێر په‌یڕه‌و ده‌كرێت، بۆمان ده‌ركه‌وت ئه‌م ڕێنوێنییه گه‌وره‌ترین كۆسپ و به‌ربه‌سته له به‌رده‌م پرۆسه‌ی ده‌ركردن و وه‌رگێڕانی كتێبی زانستی له‌لایه‌ن مامۆستایانی زانكۆوه و پڕیه‌تی له ڕێسای نێگه‌تیڤ و پێویستی به نوێكردنه‌وه هه‌یه، چونكه گۆڕانكارییه‌كانی سه‌رده‌م و نوێبوونه‌وه‌ی زانیارییه‌كان و هه‌مواركردنی پێوه‌ره‌كان و باشتركردنی كواڵێتییه‌كان، بوونه‌ته هۆی كۆنبوونی ناوه‌ڕۆكی ئه‌م ڕێنوێنییه. ژماره و ئاستی ده‌ركردن، یان وه‌رگێڕانی كتێبی زانستی له‌سه‌ر ئاستی زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین-هه‌ولێر گه‌واهیده‌ری شكستی ئه‌م ڕێنوێنییه‌ن. ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه گرینگ‌ترین ئه‌و تێبینییانه‌ن كه له‌سه‌ر ڕێنوێنیی دانان و وه‌رگێڕان، كه له زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین-هه‌ولێر په‌یڕه‌و ده‌كرێت، تۆمارمان كردووه:
یه‌كه‌م – ڕه‌وایه‌تیی ڕێنوێنی
ڕێنوێنیی دانان و وه‌رگێڕان له ڕووی یاسایییه‌وه ڕه‌وایه‌تی (شه‌رعییه‌ت)ی نییه و هه‌روه‌ك ئه‌وه وایه بوونی نه‌بێت، چونكه به‌پێی بڕگه (یه‌كه‌م/3) له مادده‌ی (45) له یاسای وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ژماره (10)ی ساڵی (2008)، پێویسته بابه‌تی دانان و وه‌رگێڕانی كتێب به په‌یڕه‌وی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ڕێك بخرێت نه‌وه‌ك به ڕێنوێنی؛ تیایدا هاتووه: "أولا/ يحدد ما يأتي بنظــام: 3ـ تعضيد البحوث العلمية والتأليف والتـرجمة." بۆیه، پێویسته وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌م باره‌یه‌وه، په‌له بكات له دانانی ڕه‌شنووسی ئه‌م په‌یڕه‌وه و ناردنی بۆ سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به مه‌به‌ستی ده‌ركردن و جێبه‌جێكردنی به یه‌ك شێوه و شێواز له‌سه‌ر ئاستی هه‌موو زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان. هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌دا به‌پێویستی ده‌زانین بپرسین: ئایا له ماوه‌ی (12) ساڵی ڕابردوو بۆچی ئه‌م په‌یڕه‌وه ده‌رنه‌كراوه؟!
دووه‌م – شێوازی داڕشتنی ڕێنوێنی
شێوازی نووسینی ڕێنوێنیی دانان و وه‌رگێڕان له زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین-هه‌ولێر، دووره له شێوازی زانستیی داڕشتنی یاسا و ڕێنوێنییه‌كان له ڕووی نه‌بوونی ڕیزبه‌ندی بابه‌ت و ناوه‌ڕۆكه‌وه. ئه‌مه جگه له هه‌بوونی هه‌ڵه‌ی تایپ و زمانه‌وانی، كه بۆ پسپۆڕانی بواری زمانه‌وانی جێی ده‌هێڵم قسه‌ی له‌سه‌ر بكه‌ن.
سێیه‌م – كێ كتێبی زانستی دابنێت یان وه‌ربگێڕێت؟
به‌پێی بڕگه (1) له مادده (یه‌كه‌م) له ڕێنوێنیی دانان و وه‌رگێڕان، ته‌نیا ئه‌و مامۆستایانه‌ی كه پله‌ی زانستی‌یان "پڕۆفیسۆر"، یان "پڕۆفیسۆری یاریده‌ده‌ر"ه، ده‌توانن كتێب دابنێن یان وه‌ربگێڕن. هه‌رچی مامۆستایانی هه‌ڵگری پله‌ی زانستیی "مامۆستا"ن، ناتوانن به‌ته‌نیا كتێب دابنێن یان وه‌ربگێڕن، به‌ڵكوو ده‌بێت ئه‌م كاره به‌هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ مامۆستایه‌كی پڕۆفیسۆر یان پڕۆفیسۆرێكی یاریده‌ده‌ر ئه‌نجام بده‌ن. هه‌ر به‌پێی هه‌مان ڕێنوێنی؛ به هیچ شێوه‌یه‌ك ڕێگه به مامۆستای هه‌ڵگری نازناوی زانستیی "مامۆستای یاریده‌ده‌ر" نه‌دراوه كتێب ده‌ربكات یاخود وه‌ربگێڕێت، چونكه ئه‌وان له دوایه‌مین خانه‌ی ڕیزبه‌ندی پله‌ی زانستین.
پرسیار ئه‌وه‌یه: ئایا ئه‌م هه‌ڵوێسته یاسایییه دروسته؟ بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره و بۆ زیاتر به‌رچاوڕوونی، په‌نامان بردۆته به‌ر زمانی ژماره‌كان. به پشتبه‌ستن به به‌ڵگه‌ی ده‌رچوونی ساڵی خوێندنی (2019-2020)، ژماره‌ی مامۆستایانی زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین-هه‌ولێر به‌پێی پله زانستییه‌كانیان به‌م شێوه‌ی خواره‌وه بووه:
زمانی داتا و ژماره‌كان ئه‌وه‌مان بۆ ده‌سه‌لمێنن كه‌وا ژماره‌ی مامۆستایانی زانكۆ، ئه‌وانه‌ی هه‌ڵگری پله‌ی زانستیی "مامۆستا"ن، له ژماره‌ی مامۆستایانی زانكۆ، ئه‌وانه‌ی هه‌ڵگری پله‌ی زانستیی "پڕۆفیسۆر" و "پڕۆفیسۆری یاریده‌ده‌ر"ن تێكڕا زیاتره. ئه‌مه جگه له‌و ژماره زۆره‌ی مامۆستایانی زانكۆ كه هه‌ڵگری پله‌ی زانستیی "مامۆستای یاریده‌ده‌ر"ن و له داهاتوودا پله‌كانیان به‌رز ده‌بێته‌وه.
هه‌ر بۆیه، به بۆچوونی ئێـمه بێبه‌شكردنی مامۆستایانی هه‌ڵگرانی پله‌ی زانستیی "مامۆستا" و "مامۆستای یاریده‌ده‌ر" له پڕۆسه‌ی دانان و وه‌رگێڕانی كتێبی زانستی، كارێكی دروست نییه و جۆرێكه له به‌فیڕۆدانی توانای زانستی و سامانی مرۆیی، چونكه:
چواره‌م – ژماره‌ی كتێبی چاپكراو له زانكۆ
له ساڵی (2018) سه‌رۆكایه‌تیی زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین-هه‌ولێر گشتاندنێكی ئاراسته‌ی گشت مامۆستایانی زانكۆ كردبوو بۆ ئه‌وه‌ی كتێبه چاپكراوه‌كانیان (هه‌تا ئه‌گه‌ر له چاپخانه‌ی زانكۆیش چاپ نه‌كرابێت) بهێنن بۆ "پێشا‌نگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی هه‌ولێر بۆ كتێب" بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و خانه‌یه‌ی كه بۆ فرۆشتنی به‌رهه‌مه چاپكراوه‌كانی زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین-هه‌ولێر له‌م پێشانگه‌یه ته‌رخان كرابوو. ئه‌م گشتاندنه مانای ئه‌وه‌یه پڕۆسه‌ی دانان و وه‌رگێڕانی كتێب له زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین-هه‌ولێر له بارێكی خراپدایه، كه به ڕای ئێمه، بۆ خراپیی كواڵێتیی ناوه‌ڕۆكی ڕێنوێنیی دانان و وه‌رگێڕانی كتێبی زانستی له‌م زانكۆیه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه نه‌یتوانیوه كارئاسانی بۆ مامۆستایان بكات تاوه‌كوو ده‌ست به دانان یان وه‌رگێڕانی كتێبی زانستی بكه‌ن.
ئه‌مه له لایه‌ك؛ له لایه‌كی تره‌وه هه‌بوونی زیاتر له (500) پڕۆفیسۆر و پڕۆفیسۆری یاریده‌ده‌ر له زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین-هه‌ولێر كه ده‌سه‌ڵاتی دانان و نووسینی كتێبی زانستی‌یان هه‌یه، نیشانه‌ی پرسیار دروست ده‌كات له كه‌میی ڕێژه‌ی كتێبی چاپكراو. بۆیه، ده‌پرسین: ساڵانه له زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین-هه‌ولێر چه‌ند كتێب له‌لایه‌ن هه‌ڵگرانی ئه‌م دوو نازناوه زانستییه‌وه چاپ ده‌كرێت؟ چه‌ند كتێب له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه وه‌رده‌گێڕدرێت؟ پڕۆگرامه‌كانی خوێندن له‌م زانكۆیه تا چه‌ند پشت به كتێبی مامۆستایانی خۆی ده‌به‌ستێت؟
ڕه‌نگه وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره بۆ من ئاسان بێت، به‌ڵام بۆ ده‌سته‌ی كارگێڕیی زانكۆی جێ ده‌هێڵم بۆ ئه‌وه‌ی كاری جددی و ڕاسته‌قینه بكه‌ن له ڕێگه‌ی دانانی پلانی تۆكمه بۆ سوودوه‌رگرتن له‌م هه‌موو توانا زانستییه مرۆیییه‌ی زانكۆ و، ئاراسته بكرێن بۆ دانان یان وه‌رگێڕانی كتێبی زانستی، چونكه ئه‌ركی زانكۆیی هه‌ر وانه‌گوتنه‌وه و لێـژنه‌كاری نییه.
پێـنجه‌م – به‌كارهێنانی سه‌رچاوه له كتێب
به‌پێی بڕگه (2) له مـادده (یه‌كه‌م) له ڕێنوێنیی دانان و وه‌رگێڕان، ئه‌گه‌ر دانـه‌ری كتێب به‌ته‌نیا بـوو، ئه‌وا پێویسته به لایه‌نی كه‌م پێنج سه‌رچاوه‌ى بڵاوكه‌ره‌وه‌ى باوه‌ڕپێكراوی تايـبه‌تى خـۆى له بوارى بابه‌تی كتێبه‌كه وه‌ك سـه‌رچاوه به‌كار بێنێت و له‌نێو كتێبه‌كه ئامـاژه‌ى پێ بكات. ئه‌گه‌ریش كتێبه‌كه هاوبه‌ش بوو، ئه‌وا پێویسته هه‌ر یه‌ك له هاوبه‌شه‌كان به لایه‌نی كه‌م سێ سه‌رچاوه‌ى بڵاوكه‌ره‌وه‌ى باوه‌ڕپێكراوی تايـبه‌تى خـۆى له بوارى بابه‌تی كتێبه‌كه وه‌ك سـه‌رچاوه به‌كار بێنێت و له‌نێو كتێبه‌كه ئامـاژه‌ى پێ بكات. لێره‌دا دوو تێبینی تۆمار ده‌كه‌ین:
شه‌شه‌م – ده‌ستهه‌ڵگرتن له مافی داراییی دانه‌ر
به‌پێی بڕگه (10) له مادده (یه‌كه‌م) له ڕێنوێنیی دانان و وه‌رگێڕان، پێویسته دانه‌ر یاخود وه‌رگێڕی كتێب بۆ ماوه‌ی پێنج ساڵ ده‌ست له مافی داراییی چاپكردنی كتێبه‌كه‌ی بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی زانكۆ، هه‌ڵبگرێت. له دوای كۆتاییهاتنی ئه‌م ماوه‌یه‌یش، دانه‌ر یاخود وه‌رگێڕ ده‌توانێت، له دوای وه‌رگرتنی ڕه‌زامه‌ندیی لێـژنه‌ی ناوه‌ندیی دانان و وه‌رگێڕانی كتێب له سه‌رۆكایه‌تیی زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین-هه‌ولێر، كتێبه‌كه‌ی به‌چاپ بگه‌یه‌نێت. هه‌روه‌ها به‌پێی بڕگه (11) له هه‌مان مادده، پێویسته ده‌سته‌واژه‌ی "زانكۆى سه‌ڵاحه‌ددين به ئه‌ركى چاپكردنى هه‌ڵساوه" له شوێنێكی به‌رچاو له به‌رگى كتێبه‌كه بنووسرێ له‌گه‌ڵ دانانی لۆگۆی زانـكۆ.
ئه‌م ده‌قه یاسایییانه‌ی سه‌ره‌وه جۆرێك له نادادپه‌روه‌ریی تێدایه ده‌رهه‌ق به مافه‌كانی مامۆستایانی زانكۆ، چونكه مامۆستا وه‌ك "دانه‌ر یان وه‌رگێڕی كتێب" خراوه‌ته به‌رده‌م دوو بژارده‌ی تاڵه‌وه كه ده‌بێ یه‌كێكیان هه‌ڵبژێرێت: یه‌كه‌میان: "ده‌ستهه‌ڵگرتن له مافی دانان یان وه‌رگێڕانی كتێبه‌كه‌ی بۆ زانكۆ و ئه‌وكات زانكۆ پاداشتێكی دارایی ده‌دات به مامۆستاكه و كتێبه‌كه‌ی بۆ چاپ ده‌كات و مامۆستاكه‌یش ده‌توانێت بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی پله زانستییه‌كه‌ی سوود له كتێبه چاپكراوه‌كه‌ی وه‌ربگرێت؛ یان دووه‌میان: مامۆستا له‌سه‌ر ئه‌ركی خۆی كتێبه‌كه چاپ بكات، به‌ڵام ئه‌و كاته بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی پله زانستییه‌كه‌ی سوودی لێ نابینێت، چونكه تۆمار ناكرێت و ڕه‌زامه‌ندیی پێ نادرێت و، له كۆتاییدا وه‌ك چالاكییه‌كی زانستی بۆ مامۆستا هه‌ژمار ده‌كرێت."
به بۆچوونی ئێمه؛ پابه‌ندكردنی مامۆستایانی زانكۆ (وه‌ك دانه‌ر یان وه‌رگێڕی كتێب) به ده‌ستهه‌ڵگرتن له مافی داراییی دانه‌ر، پێچه‌وانه‌ی ناوه‌ڕۆكی بڕگه (یه‌كه‌م) له مادده (7)ه له یاسای مافی دانه‌ر و مافه هاوسێكان له هه‌رێمی كوردستان-عێراق ژماره (17)ی (2012) كه تیایدا هاتووه: "للمؤلف حقوق مالية ومعنوية." هه‌روه‌ها پێچه‌وانه‌ی ناوه‌ڕۆكی بڕگه (1) له مادده (8)ه له هه‌مان یاسا كه مافی دارایی ده‌دات به دانه‌ر و، كه‌سی تر بۆی نییه به‌بێ ڕه‌زامه‌ندیی دانه‌ر وه‌به‌رهێنان به‌و مافه‌وه بكات، تیایدا هاتووه: "الحقوق المالية للمؤلف قابلة للتنازل عنها وإنتقالها جزئيا أو كليا، سوا‌ء أكان بمقابل أو من دونه، ويتمتع المؤلف وحده أو خلفه العام بعده، بحق الإنتفاع المالي لمصنفه، أيا كانت طريقة مباشرة هذا الحق وله في سبيل ذلك إجازة أو من‌ع: 1- بيع المصنف أو توزيعه أو تأجيره أو عرضه."
ئه‌مه جگه له‌وه‌ی ئه‌م پابه‌ندكردنه به ده‌ستهه‌ڵگرتن له مافی داراییی دانه‌ر، ناگونجێت له‌گه‌ڵ باری داراییی گشتیی حكوومه‌تی هه‌رێم و ئه‌و قه‌یرانه‌ی كه به‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانی گرتووه و، پێویسته له‌سه‌ر داموده‌زگه گشتییه‌كان تا پێیان بكرێت ئه‌ركه دارایییه‌كانی سه‌ر شانیان كه‌م بكه‌نه‌وه. بۆیه به بۆچوونی ئێمه، پێویسته مامۆستای زانكۆ وه‌ك (دانه‌ر یان وه‌رگێڕی كتێب) بخرێته به‌رده‌م دوو بژارده‌ی تره‌وه: یه‌كه‌میان: ده‌ستهه‌ڵگرتن له مافی داراییی دانه‌ر یان وه‌رگێڕ بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی زانكۆ بۆ ماوه‌یه‌كی دیاریكراو له به‌رامبه‌ر بڕێك پاره؛ یان دووه‌میان: دانه‌ر یان وه‌رگێڕ خۆی ئه‌ركی داراییی له‌چاپدانی كتێبه‌كه‌ی بگرێته ئه‌ستۆ، له به‌رامبه‌ر نووسینی ناوی زانكۆ و دانانی لۆگۆی زانكۆ له‌سه‌ر كتێبه‌كه." به‌ڵام پێویسته له هه‌ردوو بژارده‌دا ڕێگه به مامۆستای زانكۆ بدرێت بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی پله زانستییه‌كه‌ی، سوود له كتێبه‌كه‌ی وه‌ربگرێت، ئه‌گه‌ر هات و كتێبه‌كه‌ی مه‌رجه یاسایییه‌كانی تری تێدا بوو.
حه‌فته‌م – ڕێگرتن له دانـانی كتێب به زمانی كوردی
جێبه‌جێكردنی ڕێنوێنیی دانان و وه‌رگێڕان به‌و شێوازه‌ی ئێسته هه‌یه، ڕێگره له به‌رده‌م دانانی كتێبی زانستی به زمانی كوردی یاخود وه‌رگێڕانی كتێبی نووسراو به زمانه‌كانی تر بۆ سه‌ر زمانی كوردی له‌لایه‌ن مامۆستایانی زانكۆوه، چونكه به‌پێی بڕگه (ت) له مادده (دووه‌م) له ڕێنوێنیی "دانان و وه‌رگێڕان"، كتێبه دانراوه‌كه كه به زمانی كوردی نووسراوه یان كتێبه وه‌رگێڕدراوه‌كه بۆ سه‌ر زمانی كوردی بۆ دوو هه‌ڵسه‌نگێنه‌ر ده‌نێردرێت و، پێویسته یه‌كێكیان له ناوه‌وه‌ی عێراق و ئه‌وی تریان له ده‌ره‌وه‌ی عێراق بێت.
بێ گومان هه‌ڵسه‌نگێنه‌رانی ده‌ره‌وه‌ی عێراق زمانی كوردی نازانن. بۆیه، به بۆچوونی ئێمه دانانی مه‌رجی ڕه‌زامه‌ندیی هه‌ڵسه‌نگێنه‌ر له ده‌ره‌وه‌ی عێـراق، ده‌بێته هۆی دووركه‌وتنه‌وه‌ی مامۆستایان له دانانی كتێب به زمانی كوردی یان وه‌رگێڕانی كتێب بۆ سه‌ر زمانی كوردی؛ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و مه‌رجه هه‌رگیز نایه‌ته دی، چونكه ئه‌و كاته دانه‌ری كتێب، ده‌بێت كتێبه كوردییه‌كه‌ی وه‌ربگێڕێت بۆ سه‌ر زمانی هه‌ڵسه‌نگێنه‌ره ده‌ره‌كییه‌كه و ئه‌وه‌یش ده‌بێته زیادكردنی ئه‌ركێكی تر و بارگرانییه‌كی تری دارایی بۆ دانه‌ری كتێب. ئه‌مه له لایه‌ك، له لایه‌كی تره‌وه ناردنی كتێبی وه‌رگێڕدراو بۆ سه‌ر زمانی كوردی بۆ هه‌ڵسه‌نگاندن له ده‌ره‌وه‌ی عێراق، هیـچ لۆژیكێكی تێدا نییه، چونكه له بنه‌ڕه‌ته‌وه پڕۆسه‌كه وه‌رگێڕانه بۆ سه‌ر زمانی كوردی و، پێویسته هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كه نێوخۆیی بێت. له هه‌موو ئه‌مانه‌یش گرینگتر ئه‌وه‌یه ئه‌م هه‌ڵوێسته ته‌واو پێچه‌وانه‌ی ناوه‌ڕۆكی بڕگه‌ی (دوازده‌م)ه له مادده (2) له یاسای وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستیی هه‌رێمی كوردستان-عێراق كه تیایدا هاتووه: "... وه‌زاره‌ت هه‌وڵ ده‌دات ئه‌م ئامانجانه‌ی خواره‌وه به‌دی بهێنێت: دوازده‌م: كاركردن له‌پێناو كردنی زمانی كوردی به زمانی فێركردن و خوێندن له قۆناغه‌كانی خوێندنی باڵا له زانسته مرۆیییه‌كان و هاندانی وه‌رگێڕان و دانان و چاپه‌مه‌نییه زانستی و ڕۆشنبیری و ئه‌كادیمییه‌كان بۆ زمانی كوردی."
هه‌شته‌م – به‌توندی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ دانه‌ر یان وه‌رگێـڕی كتێب
دوای ئه‌وه‌ی كتێبه‌كه بۆ دوو هه‌ڵسه‌نگێنه‌ر ده‌نێردرێت و ئه‌وانیش تێبینییه‌كانیان له‌سه‌ر كتێبه‌كه تۆمار ده‌كه‌ن، به‌پێی بڕگه (ح) له مادده (دووه‌م) له ڕێنوێنیی "دانان و وه‌رگێڕان"، پێویسته دانه‌ر یان وه‌رگێـڕ له ماوه‌ی یه‌ك مانگدا پێشنیاز و تێبینییه‌كانی هه‌ڵسه‌نگێنه‌ره‌كان ڕاست بكاته‌وه، به‌پێچه‌وانه‌وه فه‌رمانی زانكۆییی تۆماركردنی كتێب و پێسپاردنه‌كه‌ی هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه و بۆی نییه جارێكی تر له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته داواكاری پێشكه‌ش بكاته‌وه.
له پڕۆسه‌ی ڕاستكردنه‌وه‌ی كتێب له‌ژێر ڕۆشناییی تێبینییه‌كانی هه‌ڵسه‌نگێنه‌ران، جۆرێك له توندی به‌دی ده‌كرێت، چونكه هیچ پاساوێك بۆ "دیاریكردنی ماوه)" و "هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی فه‌رمانی زانكۆیی" و "نابێت جارێكی تر داواكاری پێشكه‌ش بكات" نابینین. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی پابه‌ندكردنی هه‌ر كه‌سێك به ماوه‌یه‌كی یاسایی‌ی دیاریكراو، پێویسته هاوته‌ریب بێت له‌گه‌ڵ نه‌رمینواندن، له بارێكدا ئه‌گه‌ر هات و به‌هۆی پاساوێكی ڕه‌واوه نه‌یتوانی پابه‌ندی ئه‌م ماوه‌یه بێت، چونكه ئه‌مه پره‌نسیپێكی یاسایییه و ده‌بووایه له‌م ڕێنوێنییه‌دا جێگه‌ی بكرێته‌وه.
ئه‌مه له لایه‌ك، له لایه‌كی تره‌وه ئه‌م ڕێنوێنییه به‌رپرسیارێتیی هه‌ڵسه‌نگێنه‌ری دیاری نه‌كردووه و، هه‌روه‌ها ئه‌و ڕێكارانه‌یشی دیاری نه‌كردووه بۆ پاراستنی مافی مامۆستای دانه‌ر یان وه‌رگێڕ له حاڵه‌تی هه‌بوونی فێڵ له پرۆسه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندن؛ هه‌روه‌ها هیچ پانتایییه‌كی بۆ مامۆستای دانه‌ر یان وه‌رگێڕ جێ نه‌هێشتووه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت تێبینییه‌كانی هه‌ڵسه‌نگێنه‌ر وه‌رنه‌گرێت، ئه‌گه‌ر هات و بۆچوون و تێبینی و پێشنیازه‌كانی هه‌ڵسه‌نگێنه‌ر هه‌ڵه بێت یاخود زانستی نه‌بێت یاخود بواری زیاتر له بۆچوونێك هه‌ڵبگرێت، چونكه له كۆتاییدا دانه‌ر یان وه‌رگێڕ خۆی به‌رپرسیارێتیی ناوه‌ڕۆكی كتێبه‌كه‌ی هه‌ڵده‌گرێت.
نۆیه‌م – كتێبی وه‌رگێڕدراو له پڕۆسه‌ی به‌رزكردنه‌وه‌ی پله‌ی زانستیدا
به‌پێی بڕگه (1) له مادده (7) له ڕێنوێنیی به‌رزكردنه‌وه‌ی پله‌ی زانستیی مامۆستایان بۆ ساڵی (2016)، كتێبی وه‌رگێڕدراو وه‌ك یه‌كێك له دۆكیۆمێنته‌كانی به‌رزكردنه‌وه‌ی پله‌ی زانستی هه‌ژمار ناكرێت؛ تیایدا هاتووه: "كتێبی بڵاوكراوه، پێویسته ئه‌م مه‌رجانه‌ی تێدا بێت: داندراو بێت (كتێبی وه‌رگێڕدراو ئه‌ژمار ناكرێت)."
هیچ گومانی تێدا نییه ئه‌م هه‌ڵوێـسته بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی مامۆستایانی زانكۆ دوور بكه‌ونه‌وه له پڕۆسه‌ی وه‌رگێڕانی كتێب بۆ سه‌ر زمـانه فه‌رمییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان – به زمانی كوردیشه‌وه - سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ڕێژه‌یه‌كی زۆری مامۆستایانی زانكۆ زیاتر له دوو یان سێ زمان ده‌زانن كه ده‌كرا بۆ وه‌رگێڕانی كتێبه زانستییه بیانییه‌كان بۆ سه‌ر زمانی كوردی، باشتر سوود له‌م به‌هره و توانا زانستییه وه‌ربگیرابایه، هاوشێوه‌ی ئه‌و ڕه‌وته‌ی وه‌رگێڕان كه له ئێران و توركیا پیاده ده‌كرێت.
به بۆچوونی ئێمه، پێویسته مه‌رجی وه‌رگێڕانی كتێبێك بۆ سه‌ر یه‌كێك له زمانه فه‌رمییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان – به زمانی كوردیشه‌وه - بكرێته مه‌رج بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی پله‌ی زانستیی مامۆستا، چونكه ئه‌م هه‌ڵوێسته ده‌بێته هۆی ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی كتێبخانه‌ی كوردستانی له‌و كتێبانه‌ی كه بۆ سه‌ر زمانه فه‌رمییه‌كانی كوردستان وه‌رده‌گێڕدرێت، كه سه‌ره‌نجام قوتابیان و خوێنه‌ران له كوردستان سوودمه‌ند ده‌بن.
ده‌یه‌م - سوودوه‌رگرتن له یه‌ك كتێب بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی پله‌ی زانستی
به‌پێی بڕگه (1) له مادده (7) له ڕێنوێنیی به‌رزكردنه‌وه‌ی پله‌ی زانستیی مامۆستایان بۆ ساڵی (2016)، له پڕۆسه‌ی به‌رزكردنه‌وه‌ی پله‌ی زانستیدا ته‌نیا سوود له یه‌ك كتێبی دانراو وه‌رده‌گیرێت؛ تیایدا هاتووه: "كتێبی بڵاوكراوه، پێویسته ئه‌م مه‌رجانه‌ی تێدا بێت: له به‌رزكردنه‌وه بۆ هه‌ر پله‌یه‌كی زانستی، ته‌نیا سوود له یه‌ك كتێب وه‌رده‌گیرێت." كه‌چی دوو یان سێ یان شه‌ش توێژینه‌وه پێویسته بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی پله‌ی زانستیی مامۆستای زانكۆ به‌پێی جۆری پله به‌رزكردنه‌وه‌كه.
پرسیاری سه‌ره‌كی لێره‌دا ئه‌وه‌یه: ئایا نووسینی توێژینه‌وه‌ی زانستی زه‌حمه‌تره، كه لاپه‌ڕه‌كانی له نێوان (15-35) لاپه‌ڕه‌یه، یاخود نووسینی كتێبێك كه له نێوان (100-200) لاپه‌ڕه ده‌بێت؟ كامیان كاتی زیاتری پێویسته بۆ نووسین: دوومانگی توێژینه‌وه یان ساڵێك بۆ كتێب؟ كامیان ڕێكاری تۆماركردنیان زه‌حمه‌تتره: ته‌نیا ڕه‌زامه‌ندیی لێژنه‌ی زانستیی به‌ش بۆ توێژینه‌وه یاخود ڕه‌زامه‌ندیی لێـژنه‌ی زانستیی به‌ش و لێـژنه‌ی دانان و وه‌رگێڕان له سه‌رۆكایه‌تیی زانكۆ و ڕه‌زامه‌ندیی هه‌ڵسه‌نگێنه‌ران بۆ كتێب؟
به هه‌موو پێوه‌رێك، دانانی كتێب له نووسینی توێژینه‌وه زه‌حمه‌تتره، بۆیه پێشنیاز ده‌كه‌م مه‌رجی سنوورداركردنی دانانی كتێب به یه‌ك دانه هه‌ڵبگیرێت، بۆ ئه‌وه‌ی مامۆستای زانكۆ ئازاد بێت هه‌رچه‌ند بیه‌وێت كتێبی زانستی دابنێت، وه‌ك مه‌رج بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی پله‌ی زانستی، به مه‌رجێك ئه‌م كتێبه مه‌رج و پێوه‌ره زانستییه‌كانی تێدا بێت. هه‌موو ئه‌مه‌یش بۆ هاندانی نووسینی كتێبه له‌لایه‌ن مامۆستایانی زانكۆوه.
یازده‌م - مه‌رجی پێنج ساڵ بۆ دوا چاپی كتێبی وه‌رگێڕدراو
به‌پێی بڕگه (6) له مادده (یه‌كه‌م) له ڕێنوێنیی دانان و وه‌رگێڕان، مه‌رجه زیاتر له پێنج ساڵ به‌سه‌ر دوا چاپی ئه‌و كتێبه‌ی كه بۆ زمانێكی تر وه‌رده‌گێڕدرێت تێپه‌ڕ نه‌بووبێت. ڕه‌نگه دانانی ئه‌م مه‌رجه بۆ كتێبه‌كانی زانسته سروشتییه‌كان لۆژیكی تێدا بێت، به‌ڵام هیچ سوودێك له دانانی ئه‌و مه‌رجه بۆ كتێبه‌كانی بواری زانسته مرۆڤایه‌تییه‌كان نابینین، چونكه ئه‌و كتێبانه‌ی به سه‌رچاوه‌یه‌كی گرینگ و دایكی كتێبه‌كان له بواری زانسته مرۆڤایه‌تییه‌كان هه‌ژمار ده‌كرێن، هه‌ر هه‌موویان چاپیان كۆنه؛ پێش زیاتر له په‌نجا ساڵی ڕابردوو به زمانی تر نووسراون. بۆیه، پێمان وایه دانانی ئه‌و مه‌رجه كۆتێكی بێمانایه و خوێنه‌ر و قوتابیانی كوردستان له به‌رده‌ستبوون و خوێندنی ئه‌م سه‌رچاوانه به زمانه فه‌رمییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان – به زمانی شیرینی كوردیشه‌وه- بێبه‌ش ده‌كات.
كۆبه‌ند
ئه‌م هه‌موو تێبینییانه‌ی سه‌ره‌وه بۆ ئه‌وه‌یه، دووباره پێداچوونه‌وه به ڕێنوێنیی دانان و وه‌ڕگێڕانی كتێبی زانستی له زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین-هه‌ولێر و گشت زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان بكرێته‌وه – به ڕێنوێنیی به‌رزكردنه‌وه‌ی پله‌ی زانستیی مامۆستایانیشه‌وه- چونكه پڕۆسه‌ی نووسین و بیركردنه‌وه به دانانی كۆتی بێ‌مانا و ڕۆتینی كارگێڕیی بێسوود و مه‌رجی بێبنه‌ما پێش ناكه‌وێت. ئه‌گه‌ر زۆر زێده‌ڕۆیی نه‌كه‌م له قسه‌كانمدا، ئه‌وا پێم وایه ئه‌م بابه‌ته پێویستی به شۆڕشێكی هزریی مه‌زن هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی به پلانێكی تۆكمه و ویستێكی پۆڵایین كتێبخانه‌كانی كوردستان پڕ بكه‌ین له كتێبی زانستیی نووسراو به زمانه فه‌رمییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، چونكه خاڵێكی یه‌كجار نێگه‌تیڤه كاتێك ده‌بینرێت كتێبێك بووه‌ته پڕۆگرامی خوێندن له یه‌كێك له زانكۆكان كه له 30 یان 40 ساڵی ڕابردوو نووسراوه. ئه‌گه‌رچی مامۆستایانی زانكۆ هه‌میشه له هه‌وڵی ئه‌وه‌دان زانیارییه‌كانی نێو ئه‌و كتێبانه نوێ بكه‌نه‌وه بۆ قوتابیان، به‌ڵام كاتی ئه‌وه هاتووه زانكۆكان خاوه‌نی كتێبی خۆیان بن كه له‌لایه‌ن مامۆستاكانی خۆیانه‌وه نووسرا بێت. ئه‌مڕۆ كارگێڕیی زانكۆكانی كوردستان و مامۆستایانی زانكۆ له به‌رده‌م تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی مه‌زندان؛ ئایا ده‌توانن ئه‌م كاره به شێوه‌یه‌كی سیسته‌ماتێك له ماوه‌ی 10 ساڵی داهاتوو ئه‌نجام بده‌ن یان نا؟ ئه‌گه‌ر ئه‌وان نه‌یكه‌ن، ئه‌ی كێ ئه‌م كاره پیرۆزه بكات؟ هێشته دره‌نگ نییه بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ست پێ بكرێت.