یاسای زانكۆ تایبه‌ته‌كان له‌ نێوان عێراق و هه‌رێمی كوردستان

ئالان به‌هائه‌ددین عه‌بدوڵڵا، دكتۆرا له‌ یاسا - مامۆستا له كۆلێژی یاسا/‌ زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین

پێشه‌كی

لای هه‌مووان ڕوونه‌ كه‌ له‌ ئێستا‌دا كه‌رتی خوێندنی باڵای تایبه‌ت ڕۆڵێكی گرینگ و كاریگه‌ر له‌ به‌ره‌وپێشچوونی ڕه‌وشی خوێندنی باڵا له‌ وڵاتاندا ده‌بینێ، له‌به‌ر ئه‌و هه‌موو توانا دارایی و مرۆیی و لۆجستییانه‌ی كه‌ هه‌یانه. بێ گومان بوونی ئه‌م كه‌رته‌ له‌ته‌ك كه‌رتی خوێندنی باڵای حكوومی، بووه‌ته‌ هۆی دروستكردنی جۆرێك له‌ كێبڕكێی زانستییانه‌ و، هه‌روه‌ها له‌ هه‌مان كاتدا بووه‌ته‌ هه‌ماهه‌نگ و هاریكار بۆ كه‌رتی خوێندنی باڵای حكوومی بۆ پڕكردنه‌وه‌ی پێداویستیی نێوخۆیی له‌ كه‌رتی خوێندن.

سه‌ره‌ڕای كه‌موكورتییه‌كان، به‌ڵام ده‌ركردنی یاسای زانكۆ تايبه‌ته‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان ژماره‌ (2)ى ساڵى (2013) به‌ هه‌نگاوێكی ڕاست و گرینگ ده‌زانین، چونكه‌ بووه‌ته‌ پاڵپشتی یاسایی بۆ ئه‌م كه‌رته‌ گرینگه‌ و، ده‌كرێت له‌ داهاتوودا بۆ باشتركردنی ناوه‌ڕۆكی ئه‌م یاسایه‌ و زیاتر گونجاندنی له‌گه‌ڵ واقیع و سه‌رده‌می ئه‌مڕۆدا هه‌نگاوی چاكتر بنرێت.

ده‌ركردنی ئه‌م یاسایه،‌ پاڵپشته‌ به‌ هه‌بوونی ده‌قێكی ڕوون له‌نێو ده‌ستووری كۆماری عێراق بۆ ساڵی (2005) كه‌ ده‌سه‌ڵاتی نه‌خشاندنی سیاسه‌تی په‌روه‌رده‌ و خوێندنی، به‌ ده‌سه‌ڵاتێكی هاوبه‌ش له‌ نێوان ناوه‌ند و هه‌رێمه‌كاندا هه‌ژمار كردووه‌ و ده‌توانن پێكه‌وه‌ ڕایی بكه‌ن. له‌ بڕگه‌ (شه‌شه‌م) له‌ مادده‌ (114)ی ده‌ستووردا هاتووه‌‌: "تكون الاختصاصات الآتية مشتركة بين السلطات الاتحادية وسلطات الأقاليم: سادسا:- ڕسم السياسة التعليمية والتربوية العامة بالتشاور مع الأقاليم والمحافظات غير المنتظمة في إقليم."

كه‌واته‌، ده‌ركردنی ئه‌م یاسایه‌ و هه‌بوونی زانكۆ تایبه‌ته‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان، ناكۆك نییه‌ له‌گه‌ڵ ده‌ستووری كۆماری عێراق، به‌ڵكوو‌ ته‌واو پاڵپشته‌ به‌م ده‌ستووره‌. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا، له‌ ساڵی (2018) به‌ولاوه‌ به‌ چه‌ند نووسراوێكی جیا جیا، وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌ به‌غدا، دانی به‌ زانكۆ تایبه‌ته‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا نا، به‌ چه‌ند مه‌رجێك كه‌ له‌ هه‌موویان دیارتر خۆگونجاندنی زانكۆ تایبه‌ته‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌‌‌ له‌گه‌ڵ یاسای خوێندنى باڵاى ئه‌هلیی عێراقی ژماره‌ (25) بۆ ساڵى (2016) و، له‌ هه‌ر بارێكدا ئه‌گه‌ر سه‌لمێنرا ئه‌م زانكۆیانه‌ خۆیان له‌گه‌ڵ ئه‌م یاسایه‌دا نه‌گونجاندووه‌‌، ئه‌وا متمانه‌ی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵای به‌غدایان لێ ده‌سه‌ندرێته‌وه‌.

به‌ بۆچوونی ئێمه‌، نووسراوه‌كانی دانپێدانانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌ به‌غدا به‌ زانكۆ تایبه‌ته‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستووری نین، چونكه‌ زاڵكردنی بیرۆكه‌ و بۆچوون و یاسای ناوه‌نده‌ به‌سه‌ر هه‌رێمه‌كاندا‌ و لێسه‌ندنه‌وه‌ی مافـێكه‌ كه‌ به‌ ده‌ستوور به‌ هه‌رێمه‌كان دراوه‌. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی زانكۆ تایبه‌ته‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌میشه‌ له‌ژێر ده‌ست و هه‌ڕه‌شه‌ی به‌غدا ده‌بن كه‌ له ‌هه‌ر بارێكی سیاسیدا ڕه‌نگه‌ لێسه‌ندنه‌وه‌ی متمانه‌ له‌ زانكۆكان‌ وه‌ك كارتی سیاسی له‌ دژی هه‌رێمی كوردستان به‌كار بێت.

له‌ هه‌موو ئه‌مانه‌یش گرینگتر ئه‌وه‌یه‌، خۆگونجاندنی زانكۆ تایبه‌ته‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ یاسای خوێندنى باڵاى ئه‌هلیی عێراقی ژماره‌ (25) بۆ ساڵى (2016) كارێكی هێنده‌ ئاسان نییه،‌ چونكه‌ ئه‌م زانكۆیانه‌ ملكه‌چی‌ یاسای زانكۆ تايبه‌ته‌كانى هه‌رێمى كوردستانن كه‌ زۆر جیاوازه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و یاسایه‌ی كه‌ له‌ به‌غدا پێڕه‌و ده‌كرێت كه‌ ڕه‌نگه‌ هه‌ندێ جیاوازی بگاته‌ ئاستێك‌ جێبه‌جێكردنی و گۆڕانكاری تیایدا زۆر ئه‌سته‌م بێت یاخود كات و ڕێكاری زۆری بوێت.

به‌ بۆچوونی ئێمه‌، كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ به‌راوردێكی دروست و ڕاسته‌قینه‌ له‌ نێوان هه‌ردوو یاسادا بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی بزاندرێت كام له‌م دوو یاسایانه‌ بۆ پێشخستنی ڕه‌وشی خوێندنی باڵا باشترن و خزمه‌تی زیاتر به‌ ڕه‌وتی زانست و مه‌عریفه‌ ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان به‌پێی ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ یاسای خوێندنی تایبه‌ت له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌موار بكاته‌وه‌. ئه‌م وتاره‌ هه‌وڵێكه بۆ ده‌رخستنی لایه‌نی باشی و خراپیی هه‌ردوو یاسا له‌ چه‌ند گۆشه‌یه‌كی جیاوازه‌وه‌ و، ده‌كرێت ببێته‌ هه‌نگاوێكی سه‌ره‌تا بۆ ئه‌و لێكۆڵینه‌وه‌ گشتگیره‌ی كه‌ پێشنیازمان كردووه‌ ئه‌نجام بدرێت.‌

يه‌كه‌م: هه‌بوونی ده‌سته‌ی ئه‌میندارانی زانكۆ

مه‌به‌ست له‌ ده‌سته‌ی ئه‌میندارانی زانكۆ، واته‌ ئه‌و ده‌سته‌یه‌ی كه‌ له‌ خاوه‌ن یان خاوه‌نه‌كانی زانكۆی تایبه‌ت پێك دێت. به‌پێی هه‌ردوو مادده‌ی‌ (11-12) له‌ یاسای زانكۆ تايبه‌ته‌كانى هه‌رێمى كوردستان، ده‌سته‌ى ئه‌ميندارانى زانكۆ بوونى یاساییی هه‌يه‌ و كۆمه‌ڵێك ده‌سه‌ڵاتی پێ دراوه كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی یاسادا ڕایییان ده‌كات‌. هه‌ر به‌پێی ئه‌م یاسایه،‌‌ مه‌رج نییه‌ ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی ئه‌میندارانی زانكۆ هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی ماسته‌ر یان دكتۆرا بن یان خاوه‌نی نازناوێكی زانستیی دیاریكراو بن.

به‌ڵام، له‌ یاسای خوێندنى باڵاى ئه‌هلیی عێراقی، ده‌سته‌ى ئه‌ميندارانی زانكۆ بوونى نیيه‌، به‌ڵـكوو به‌پێی بڕگه‌ (دووه‌م/هـ) له‌ مادده‌ (16) له‌م یاسایه،‌‌ خاوه‌ن یان خاوه‌نه‌كانی زانكۆ نوێنه‌رێكیان له‌نێو ئه‌نجومه‌نى زانكۆ ده‌بێت كه‌ پێويسته‌ شاره‌زاییی هه‌بێت و هه‌موو مه‌رجه‌كانى بوون به‌ ئه‌ندامى ده‌سته‌ى وانه‌گوتنه‌وه‌ى تێدا بێت (واتا پێویسته‌ هه‌ڵـگری بڕوانامه‌ی ماسته‌ر یان دكتۆرا بێت و نازناوی زانستیی هه‌بێت).

زۆر به‌ڕاشكاوانه‌ ده‌یڵێـم، واقعی زانكۆ تایبه‌ته‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌ی سه‌لماندووه‌ هه‌ڵوێستی یاسای عێراقی له‌ هه‌ڵوێستی یاساكه‌ی هه‌رێمی كوردستان باشتره‌، چونكه‌ هه‌بوونی ده‌سته‌یه‌كی ئه‌مینداران به‌بێ ئه‌وه‌ی مه‌رجی ئه‌ندامبوونی تێدا دیاریكراو بێت و به‌م هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌ی كه‌ پێی دراوه‌، بۆته‌ هۆی كه‌مكردنه‌وه‌ی هه‌ژموونی ئه‌نجومه‌نی زانكۆ له‌سه‌ر زانكۆ كه‌ ئه‌مه‌یش خۆی له‌ خۆیدا گرفتێكی گه‌وره‌یه؛ چونكه‌ ناكرێت له‌ زانكۆ ده‌سه‌ڵاتێكی زانستیی به‌رزتر هه‌بێت له‌ ده‌سه‌ڵاتی ئه‌نجومه‌نی زانكۆ، كه‌ ئه‌ندامه‌كانی پێك دێت له‌ كه‌سانی پسپۆر و خاوه‌ن بڕوانامه‌ی باڵا و نازناوی زانستیی به‌رز.

دووه‌م: پێكهاته‌ی ئه‌نجومه‌نی زانكۆ

پێكهاته‌ى ئه‌نجومه‌نى زانكۆ به‌پێی مادده‌ (16) له‌ یاسای خوێندنى باڵاى ئه‌هلیی عێراقى، جياوازه‌ له‌و پێكهاته‌ى كه‌ له مادده‌ (13) له‌‌ یاسای زانكۆ تايبه‌ته‌كانى هه‌رێمى كوردستاندا هاتووه‌. بۆ نموونه؛‌ له‌ یاساكه‌ی هه‌رێمی كوردستان دیاری كراوه‌ كه‌ سه‌رۆكی زانكۆ پێویسته‌ دوو یاریده‌ده‌ری هه‌بێت، به‌ڵام دیاری نه‌كراوه‌ كاریان چییه‌. به‌ڵام له‌ یاساكه‌ی عێراق دیاری كراوه‌ كه‌ پێویسته‌ یاریده‌ده‌ره‌كان یه‌كیان تایبه‌ت بێت به‌ كاروباری زانستی و ئه‌ویتریان كارگێڕی. به‌پێی یاساكه‌ی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجومه‌نی زانكۆ نه‌ بڕیارده‌ر و نه‌ ئه‌مینداری ئه‌نجومه‌نی هه‌یه،‌ كه‌ ئه‌مه‌یش كه‌موكورتییه‌كی زۆر ڕوونه‌ له‌ یاساكه‌دا؛ كه‌چی له‌ یاساكه‌ی عێراقدا هه‌ردووكیان هه‌ن و ئه‌مینداری ئه‌نجومه‌نیش به‌ ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌ن هه‌ژمار كراوه‌. له‌ ئه‌مه‌یشدا یاساكه‌ی عێراق له‌ پێش یاساكه‌ی هه‌رێمی كوردستاندایه‌.

سێيه‌م: ڕه‌وانه‌كردنی دۆكیومێـنت بۆ وه‌زاره‌ت

به‌پێى مادده‌ (11) له‌ یاسای خوێندنى باڵاى ئه‌هلیی عێراقی، پێويسته‌ زانكۆ تايبه‌ته‌كان هه‌ندێ دۆكيومێنت ڕه‌وانه‌ى وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵاى عێراقى بكه‌ن، وه‌ك ناردنی كۆنووسی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی زانكۆ و ڕاپۆرتی وه‌رزی یان ساڵانه‌ی تایبه‌ت به‌ باری زانستی و په‌روه‌رده‌یی له‌ زانكۆ و ڕێژه‌ی ده‌رچوون و كه‌وتن له‌نێو قوتابیانی زانكۆ. ئه‌م مادده‌ یاسایییه‌‌، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی چاودێریی وه‌زاره‌ته‌ له‌سه‌ر تێكڕای كار و چالاكییه‌كانی زانكۆ تایبه‌ته‌كان كه‌ به‌ بۆچوونی ئێمه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی پۆزه‌تیڤ له‌سه‌ر كاری زانكۆ تایبه‌ته‌كان ده‌شكێته‌وه‌. له‌ به‌رامبه‌ردا، ئه‌م جۆره‌ پابه‌ندبوونانه‌‌ له‌ یاسای زانكۆ تايبه‌ته‌كانى هه‌رێمى كوردستان بوونى نیيه، كه‌ سه‌ره‌نجام ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ به خاڵێكی نێگه‌تیڤ له‌ یاساكه‌ی هه‌رێمی كوردستان هه‌ژمار ده‌كرێـت.

چواره‌م: پله‌ی زانستیی سه‌رۆكی زانكۆ

به‌پێى بڕگه‌ (دووه‌م/ب) له‌ مادده‌ (18) له‌ یاسای خوێندنى باڵاى ئه‌هلیی عێراقى، پێویسته‌ پله‌ى زانستیى سه‌رۆكى زانكۆ‌ "پڕۆفيسۆر" بێت، كه‌ ئه‌مه‌یش به‌رزترین پله‌ی زانستیی ئه‌كادیمییه له‌ چوارچێوه‌ی زانكۆدا‌. به‌ڵام به‌پێی بڕگه‌ (يه‌كه‌م/1) له‌ مادده‌ (15) له‌ یاسای زانكۆ تايبه‌ته‌كانى هه‌رێمى كوردستان، نابێت پله‌ی زانستیی سه‌رۆكى زانكۆ له‌ "پڕۆفيسۆرى ياريده‌ده‌ر" كه‌متـر بێت.

له‌م خاڵه‌یشدا یاساكه‌ی به‌غدا له‌پێشتره‌، چونكه‌ ناكرێت كه‌سێك به‌ پله‌ی پڕۆفیسۆری یاریده‌ده‌ر له‌ سه‌رووی هه‌ڕه‌می كارگێڕیی زانكۆ دابنێیت و بیكه‌یت به‌ سه‌رۆكی زانكۆ، كه‌چی له‌ ئه‌نجومه‌نی زانكۆ ڕاگری كۆلێژێك یان یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی زانكۆی تێدا بێت پله‌ زانستییه‌كه‌ی له سه‌رۆكی زانكۆ به‌رزتر بێت؛‌ ئه‌مه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌ته‌كێتی كاركردنی زانكۆیی ناگونجێت كه‌ به‌ته‌واوه‌تی پشت به‌ ڕیزبه‌ندی له‌ پله‌ی زانستیدا ده‌به‌ستێت.‌

پێنجه‌م: مه‌رجه‌كانی یاریده‌ده‌رانی سه‌رۆكی زانكۆ

به‌پێى بڕگه‌ (پێنجه‌م) له‌ مادده‌ (18) له‌ یاسای خوێندنى باڵاى ئه‌هلیی عێراقى، ياريده‌ده‌رى سه‌رۆكى زانكۆ پێويسته هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی دكتۆرا بێت و‌ نازناوه‌ زانستییه‌كه‌ی له‌ "پڕۆفيسۆرى ياريده‌ده‌ر" كه‌متـر نه‌بێت، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ چه‌ند مه‌رجێكی تر كه‌ پێویسته‌ هه‌بێت‌. كه‌چی له‌ یاسای زانكۆ تایبه‌ته‌كانی هه‌رێمی كوردستان هیچ مه‌رجێك بۆ بوون به‌ یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی زانكۆ دیاری نه‌كراوه‌. له‌م حاڵه‌ته‌دا به‌پێی مادده‌ (33) له‌ هه‌مان یاسا، ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ مادده‌ (11) له‌ یاسای وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستیی هه‌رێمی كوردستان-عێراق ژماره‌ (10) بۆ ساڵی (2008)، كه‌ هه‌مان حوكمی یاسا‌ عێراقییه‌كه‌ی هه‌یه‌. به‌ڵام له‌به‌ر هه‌بوونی جیاوازی له‌ تایبه‌تمه‌ندیی زانكۆ تایبه‌ته‌كان له‌گه‌ڵ زانكۆ حكوومییه‌كان و، هه‌روه‌ها بۆ ئه‌وه‌ی لێكدانه‌وه‌ی جۆراوجۆری بۆ نه‌كرێت، باشتر وابوو دووباره‌ له‌نێو یاساكه‌‌ بنووسرێته‌وه‌‌.

شه‌شه‌م: ياريده‌ده‌رى سه‌رۆكى زانكۆ بۆ كاروبارى قوتابيان

به‌پێى بڕگه‌ (دووه‌م/جـ) له‌ مادده‌ (16) له‌ یاسای خوێندنى باڵاى ئه‌هلیی عێراقى، ياريده‌ده‌رى سه‌رۆكى زانكۆ بۆ كاروبارى قوتابيان بوونى نیيه‌. ئه‌وه‌ى هه‌يه‌ ياريده‌ده‌رى سه‌رۆكى زانكۆيه‌ بۆ كاروبارى زانستى و كاروبارى كارگێڕی‌‌. ئه‌گه‌رچی له‌ بڕگه‌ (دووه‌م) له‌ مادده‌ (13) له‌ یاسای زانكۆ تایبه‌ته‌كانی هه‌رێمی كوردستان، به‌ناڕاسته‌وخۆ باس له‌ هه‌بوونی دوو یاریده‌ده‌ر ده‌كات بۆ سه‌رۆكی زانكۆ له‌نێو پێكهاته‌ی ئه‌نجومه‌نی زانكۆ، به‌ڵام دیاری نه‌كراوه‌ كه‌ ئه‌م دوو یاریده‌ده‌ره‌ بۆ كام مه‌به‌ستن؟ ئایا بۆ كاروباری زانستین؟ یاخود كاروباری كارگێڕی و دارایی؟ یاخود كاروباری قوتابیان؟ له‌م باره‌یه‌وه‌ هه‌ڵوێستی هه‌ردوو یاسا جێگه‌ی ڕه‌خنه‌یه‌، چونكه‌ سه‌رۆكی زانكۆ پێویسته‌ یاریده‌ده‌ری هه‌بێت و پێویسته‌ ئه‌م یاریده‌ده‌رانه‌ كار و ئه‌رك و به‌رپرسیارێتییان دیاری بكرێت.

حه‌فـتـه‌م: یاریده‌ده‌ری ڕاگر

به‌پێى مادده‌ (24) و، هه‌روه‌ها به‌پێی بڕگه‌ (دووه‌م/ب ، جـ) له‌ مادده‌ (25) له‌ یاسای خوێندنى باڵاى ئه‌هلیی عێراقى، ڕاگری كۆلێژ دوو ياريده‌ده‌رى ده‌بێت: يه‌كيان بۆ كاروبارى زانستى و ئه‌ويتـريان بۆ كاروبارى كارگێڕییه‌ و هه‌ردووكيان ئه‌ندامن له‌ ئه‌نجومه‌نى كۆلێژ.

به‌ڵام، به‌پێی بڕگه‌ (یه‌كه‌م/3) له‌ مادده‌ (16) له‌ یاسای زانكۆ تايبه‌ته‌كانى هه‌رێمى كوردستان، ڕاگر ته‌نیا يه‌ك ياريده‌ده‌رى هه‌يه‌ و دیاری نه‌كراوه‌ بۆ چ مه‌به‌ستێكه‌. هه‌بوونی دوو یاریده‌ده‌ر بۆ ڕاگر، بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ئه‌ركی سه‌رشانی ڕاگر و باش به‌ڕێوه‌بردنی كاره‌كانه‌. له‌م باره‌یه‌وه‌ هه‌ڵوێستی یاساكه‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌باشتر ده‌زانین، چونكه‌ به‌ بۆچوونی ئێمه‌ په‌یكه‌ری كارگێڕی چه‌ندی بچووكـتر بێت، ئه‌وه‌نده‌ كاره‌كان به‌باشتر ڕایی ده‌كرێن و بڕیار به‌دروستی ده‌رده‌چێت و به‌خێرایی جێبه‌جێ ده‌كرێت.

هه‌شـته‌م: مه‌رجه‌كانی هه‌بوونی به‌شی زانستی

به‌پێى بڕگه‌ (یه‌كه‌م) له‌ مادده‌ (30) له‌ یاسای خوێندنى باڵاى ئه‌هلیی عێراقى، به‌شی زانستی نابێت له‌ (7) مامۆستا كه‌متر بێت و پێویسته‌ (5)يان دكتۆرايان هه‌بێ و يه‌كێكيانیش‌ پله‌ زانستییه‌كه‌ی پڕۆفيسۆرى ياريده‌ده‌ر بێت. به‌ڵام، به‌پێى بڕگه‌ (دووه‌م/1) له‌ مادده‌ (19) له‌ یاسای زانكۆ تايبه‌ته‌كانى هه‌رێمى كوردستان، به‌شی زانستی نابێت له‌ (7) مامۆستا كه‌متـر بێت و ده‌بێت (4)يان دكتۆرايان هه‌بێ و مه‌رج نیيه‌ هيچ كاميان پڕۆفيسۆرى ياريده‌ده‌ر بن.

بێ گومان، به‌مه‌رجكردنی هه‌بوونی پڕۆفیسۆرێكی یاریده‌ده‌ر له‌نێو ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی وانه‌گوتنه‌وه‌دا گرنگیی خۆی هه‌یه،‌ هه‌م له‌ ڕووی زانستی و هه‌م له‌ ڕووی پڕاكتیكییه‌وه‌. بۆ نموونه:‌ به‌پێی یاسا و ڕێنمایییه‌ به‌ركاره‌كان، سه‌رۆكایه‌تیی هه‌ندێ لیژنه،‌ ده‌درێت به‌ هه‌ڵگرانی پله‌ی زانستیی پرۆفیسۆر و پرۆفیسۆری یاریده‌ده‌ر وه‌ك لیژنه‌ی زانستیی به‌ش یان لیژنه‌ی دڵنیاییی جۆری یان لیژنه‌ی ڕێككاریی قوتابیان و هتد. بۆیه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌م جۆره‌ پله‌ زانستییه‌ له‌ به‌شدا نه‌بێت، كاره‌كان چۆن ڕایی ده‌كرێن؟! بۆیه‌ لێره‌دا هه‌ڵوێستی یاسای عێراقی بهڕاستتر داده‌نرێت، چونكه‌ ڕه‌چاوی ئه‌م خاڵه‌ی كردووه‌.

نـۆيـه‌م: پله‌ی زانستیی سه‌رۆكی به‌ش

به‌پێى بڕگه‌ (دووه‌م) له‌ مادده‌ (32) له‌ یاسای خوێندنى باڵاى ئه‌هلیی عێراقى، سه‌رۆكى به‌شی زانستی نابێت پله‌ زانستيیه‌كه‌ى له‌ پڕۆفيسۆرى ياريده‌ده‌ر كه‌متـر بێت و پێويسته‌ هه‌ڵگرى بڕوانامه‌ى دكتۆرا بێت. به‌ڵام، به‌پێى بڕگه‌ (دووه‌م/2) له‌ مادده‌ (19) له‌ یاسای زانكۆ تايبه‌ته‌كانى هه‌رێمى كوردستان، سه‌رۆكى به‌شی زانستی نابێت پله‌ زانستيیه‌كه‌ى له‌ مامۆستا كه‌متـر بێت و مه‌رج نیيه‌ هه‌ڵگرى بڕوانامه‌ى دكتۆرا بێت و، ده‌كرێت ماسته‌ری هه‌بێت و پله‌ زانستییه‌كه‌ی له‌ مامۆستای یاریده‌ده‌ره‌وه‌ بۆ مامۆستا به‌رز كرابێته‌وه‌.

ڕه‌نگه‌ ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی یاسای عێراقی له‌گه‌ڵ ڕه‌وشی زانكۆ تایبه‌ته‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان نه‌گونجێت، چونكه‌ زانكۆ تایبه‌ته‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌ده‌ست كه‌میی ستافی مامۆستایانه‌وه‌ ده‌ناڵێنن و، هه‌روه‌ها زۆربه‌ی ئه‌و مامۆستایانه‌ی كه‌ هه‌یانه، پله‌ی زانستییان بریتییه‌ له‌ مامۆستای یاریده‌ده‌ر كه‌ نزمترین پله‌ی زانستییه‌ له‌ په‌یژه‌ی پله‌ زانستی و ئه‌كادیمییه‌كان. هه‌ر بۆیه‌ له‌ ئێستا‌دا جێبه‌جێكردنی بیرۆكه‌ی نێو ده‌قه‌ یاسایییه‌كه‌ی عێراق له‌ هه‌رێمی كوردستان زۆر ئه‌سته‌مه‌ و، ڕه‌نگه‌ بۆ دواڕۆژ ئه‌م كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت و ئه‌وكات هه‌ڵوێستی یاساكه‌ی عێراق پێویسته‌ جێبه‌جێ بكرێت‌‌؛ ئه‌مه‌یش بۆ پاراستنی شكۆی به‌شی زانستی و دانانی كه‌سی شیاو له‌ ڕووی زانستی و كارگێڕییه‌وه‌ بۆ به‌ڕێوه‌بردنی به‌شی زانستی.

ده‌يه‌م: پێدانی ده‌سه‌ڵاته‌كان

به‌ شێوه‌يه‌كى گشتى ده‌سه‌ڵاته‌كانى ئه‌نجومه‌نى زانكۆ و سه‌رۆكى زانكۆ و ئه‌نجومه‌نى كۆلێژ و ڕاگر و ئه‌نجومه‌نى به‌ش و سه‌رۆكی به‌ش له‌ یاسای خوێندنى باڵاى ئه‌هلیی عێراقى، زۆر فراوانتـره‌ له‌وه‌ى كه‌ له‌ یاسای زانكۆ تايبه‌ته‌كانى هه‌رێمى كوردستاندا هاتووه‌. یاسا عێراقییه‌كه‌ شكۆی زیاتری به‌ زانكۆ تایبه‌ته‌كان داوه‌ بۆ كاركردن و جووڵانه‌وه،‌ كه‌ ئه‌مه‌ له یاساكه‌ی‌ هه‌رێمی كوردستان كه‌متر هه‌ستی پێ ده‌كرێت.

يـازده‌م: ڕێكخستنی لایه‌نی دارایی

ڕسووماتى وه‌رگيراو و چۆنێتیی دابه‌شكردنی قازانجه‌ به‌ده‌ستهاتووه‌كانی زانكۆ تايبه‌ته‌كان و ڕێژه‌ى پاره‌داركردن (تمویل) و پاره‌ی هاندانى زانستى و به‌خشین له‌ باج له‌ یاسای خوێندنى باڵاى ئه‌هلیی عێراقى، جياوازه‌ له‌وه‌ى كه‌ له هه‌ردوو مادده‌ی (22-23) له‌‌ یاسای زانكۆ تايبه‌ته‌كانى هه‌رێمى كوردستاندا هاتووه.‌

به‌پێی مادده‌ (36) له‌ یاسا عێراقییه‌كه‌، پێویسته‌ هه‌موو زانكۆیه‌ك (3%) له‌ كۆی گشتیی داهاتی ساڵانه‌ی، وه‌ك ڕسوومات بدات به‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی. هه‌روه‌ها به‌پێی هه‌مان مادده‌ له‌ هه‌مان یاسا، نابێت خاوه‌نی زانكۆ زیاتر له‌ (25%) له‌ كۆی گشتیی قازانجی ساڵانه‌ی زانكۆ بۆ خۆی گڵ بدا‌ته‌وه‌ و، پێویسته‌ له‌سه‌ر زانكۆ به ‌لایه‌نی كه‌م (25%) له‌ كۆی گشتیی قازانجی ساڵانه‌ی زانكۆ له‌ هاندان و توێژینه‌وه‌ و دانانی كتێب و وه‌رگێڕان و بڵاوكردنه‌وه‌ی زانستی خه‌رج بكات و، ئه‌وه‌ی تریش پێویسته‌ له‌ خه‌رجییه‌كانی فراوانكردن و پێشخستنی زانكۆ خه‌رج بكرێت.

به‌ڵام له ياساكه‌ی هه‌رێمی كوردستان هیچ بڕه‌ ڕسووماتێك دیاری نه‌كراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ربگیرێت. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا پاڵپشت به‌ ڕێنماییی ژماره‌ (2)ی ساڵی (2016) كه‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ده‌ری كردووه‌، وه‌زاره‌ت هه‌مان ڕێژه‌ واتا (3%) له‌ كۆی گشتیی داهاتی ساڵانه‌ - جگه‌ له‌ كرێی خوێندن – و، هه‌روه‌ها (3%) له‌ كۆی داهاتی گشتیی ساڵانه‌ی كرێی خوێندنی قوتابیان وه‌ك ڕسوومات له‌ زانكۆ تایبه‌ته‌كان وه‌رده‌گرێت، كه‌ به ‌بۆچوونی ئێمه‌ ئه‌مه‌ پێچه‌وانه‌ی بڕگه‌ (یه‌كه‌م) له‌ مادده‌ (28)ی‌ ده‌ستووری كۆماری عێراقه‌ كه‌ ڕسوومات به‌ یاسا ده‌سه‌پێندرێت نه‌وه‌ك به‌ ڕێنماییی وه‌زاره‌ت؛ تیایدا هاتووه‌: "لا تفرض الضرائب والرسوم، ولا تعدل، ولا تجبى، ولا يعفى منها، إلا بقانون." ئێمه‌ له‌گه‌ڵ وه‌رگرتنی ڕسووماتین، به‌ڵام پێویسته‌ به‌یاسایی وه‌ربگیرێت.

ئه‌مه‌ له‌ لایه‌ك، له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ به‌پێی مادده‌ (22) له‌ یاساكه‌ی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌و ڕێژه‌یه‌‌ بۆ خاوه‌نی زانكۆ دیاری نه‌كراوه‌ كه‌ تا ڕێژه‌ی چه‌ند ده‌توانێت له‌ كۆی گشتیی قازانجی ساڵانه‌ی زانكۆ بۆ خۆی هه‌ڵبگرێته‌وه‌. ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی یاساكه‌ی هه‌رێمی كوردستان وای كردووه‌، كه‌ خاوه‌نه‌كانی زانكۆ تایبه‌ته‌كان زۆرترین پاره‌ له‌ قازانجی ساڵانه‌ له‌ ژمێركاریی كۆتاییی زانكۆكان بۆ خۆیان گڵ بده‌نه‌وه‌. هه‌روه‌ها له‌ یاساكه‌ی هه‌رێمی كوردستان ئه‌و بڕه‌ی كه‌ بۆ خه‌رجی توێژینه‌وه‌ و دانانی كتێب و وه‌رگێڕان و بڵاوكردنه‌وه‌ی زانستی دیاری كراوه‌، بریتییه‌ له‌وه‌ی كه‌،‌ كه‌متر نه‌بێت له‌ (20%) له‌ كۆی گشتیی قازانجی ساڵانه‌ی زانكۆ كه‌ ئه‌م ڕێژه‌یه‌یش له‌ ڕێژه‌كه‌ی یاساكه‌ی عێراق كه‌متره‌.

دوازده‌م: هه‌یكه‌لیه‌تی كارگێڕیی ده‌وامی به‌یانیان و ئێواران

به‌پێى بـڕگه‌ (نۆیه‌م) له‌ مادده‌ (47) له‌ یاسای خوێندنى باڵاى ئه‌هلیی عێراقى، پێويسته‌ زانكۆ تايبه‌ته‌كان پشت به‌ هه‌مان په‌یكه‌ری كارگێڕیى زانكۆ حكووميیه‌كان ببه‌ستـن و پێویسته‌ میلاكی ده‌وامی به‌یانیان و ئێواران به‌جیا بێت. ئه‌م جۆره‌ پابه‌ندیيه‌ له‌ یاسای زانكۆ تايبه‌ته‌كانى هه‌رێمى كوردستان بوونى نیيه‌.

بێ گومان جیانه‌كردنه‌وه‌ی میلاك و ستافی كارگێڕی و زانستیی خوێندنی به‌یانیان و ئێواران له‌ یه‌كتر له‌ زانكۆ تایبه‌ته‌كانی هه‌رێمی كوردستان، بووه‌ته‌ هۆی بارگرانییه‌كی یه‌كجار زۆر له‌سه‌ر ستافی وانه‌گوتنه‌وه‌ (مامۆستایان) له‌م زانكۆیانه‌، چونكه‌ له‌ ئێستا‌دا دوو ده‌وامی، بۆته‌ كه‌لتوور و ماندووبوون بۆته‌ سیما، كه‌ ئه‌مه‌یش كاریگه‌ریی نێگه‌تیڤی له‌سه‌ر ڕه‌وشی زانستی و ئه‌كادیمیی زانكۆكان هه‌یه‌.

كۆبه‌ند

ده‌بێت دان به‌‌وه‌دا بنێین كه‌وا هه‌ندێ له‌‌ زانكۆ تایبه‌ته‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌نگاوی ئه‌كادیمی و زانستیی زۆر باشیان ناوه‌ و ده‌كرێت ئه‌م ئه‌زموونه‌ له‌ ڕێگه‌ی هه‌مواركردنی یاسای زانكۆ تایبه‌ته‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌وڵه‌مه‌ندتر بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر له‌گه‌ڵ سه‌رده‌م بیگونجێنین. له‌ هه‌موو ئه‌و خاڵانه‌ی كه‌ له‌ سه‌ره‌وه‌دا ئاماژه‌م پێ داوه،‌ ته‌نیا جه‌خت له‌سه‌ر یه‌ك خاڵ ده‌كه‌مه‌وه، ئه‌ویش "جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سته‌ی ئه‌میندارانه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی زانكۆكان"، چونكه‌ تاوه‌كوو ئێستا سه‌رۆكی زانكۆ تایبه‌ته‌كان له‌ژێر هه‌ژموونی ده‌سته‌ی ئه‌مینداران ده‌رنه‌چووینه‌ كه‌ ده‌ست له‌ كاروباری داراییی زانكۆكان وه‌رده‌ده‌ن و هه‌ندێ جار ڕێگرن له ‌به‌رده‌م جێبه‌جێكردنی زۆرێك له‌و پله‌ زانستییانه‌ی كه‌ پێویستیان به‌ پاره‌ هه‌یه؛ ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی به‌پێی بڕگه‌ (4) له‌ مادده‌ (یه‌كه‌م) له‌ ڕێنماییی "تایبه‌ت به‌ بوودجه‌ و ژمێریاریی كۆتاییی زانكۆ و په‌یمانگه‌ تایبه‌ته‌كان" ژماره‌ (12)ی ساڵی (2016)، ده‌سه‌ڵاتی ته‌واو به‌ سه‌رۆكی زانكۆ و ئه‌نجومه‌نی زانكۆ دراوه‌ بۆ خه‌رجكردنی بڕی پاره‌ی پێویست و دیاریكراو له‌ بوودجه‌ی په‌سندكراوی ساڵانه‌ی زانكۆ تایبه‌ته‌كان به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ده‌سته‌ی ئه‌میندارانی زانكۆ یان هه‌ر كه‌سێكی تر، كه‌چی ئه‌م بڕگه‌ یاسایییه‌ له‌م ڕێنمایییه‌ وه‌ك پێویست جێبه‌جێ نه‌كراوه‌ و تاوه‌كوو ئێستا‌ سه‌رۆكی زانكۆ تایبه‌ته‌كان له‌ ڕووی دارایییه‌وه بێده‌سه‌ڵاتن‌، چونكه‌ بۆ هه‌ر خه‌رجییه‌ك ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ده‌سته‌ی ئه‌میندارانی زانكۆ. بێ گومان هه‌موو بارودۆخێك له‌ گۆڕانی به‌رده‌وامدایه‌‌، بۆیه‌ هیوادارم ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی كه‌ له‌ داهاتوو به‌سه‌ر یاسای زانكۆ تایبه‌ته‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستاندا دێت، به‌و ئاراسته‌یه‌ بێت كه له‌ ڕووی زانستی و دارایی و كارگێڕییه‌وه‌‌ ده‌سه‌ڵاتی زیاتر به‌ ئه‌نجومه‌نی زانكۆ بدات، چونكه‌ نابێت هیچ ده‌سه‌ڵاتێك له‌ زانكۆ، له‌ ئه‌نجومه‌نی زانكۆ به‌رزتر ‌بێت.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples