ئه‌نجومه‌ن و ده‌سته‌ پێكنه‌هێنراوه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان

ئالان به‌هائه‌ددین عه‌بدوڵڵا، دكتۆرا له‌ یاسا - مامۆستا له كۆلێژی یاسا/‌ زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین

 

پێشه‌كی

كورد ده‌مێكه‌ گوتوویه‌تی "دوو عه‌قڵ له‌ عه‌قڵێك باشتره‌"؛ كه‌ ئه‌مه‌یش ئاماژه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆیه‌ بۆ به‌شداریپێكردنی كه‌سانی تر له‌ ڕاییكردنی كاره‌كان یاخود بۆ بڕیاردان. ڕه‌نگه‌ ئێمه‌ی كورد ئه‌م قسه‌یه‌مان وه‌ك پێویست جێبه‌جێ نه‌كردبێت، به‌ڵام نكۆڵی له‌وه‌ ناكرێت كه‌ ئه‌م قسه‌یه‌ پڕه‌نسیپه‌كی گرنگی به‌ڕێوه‌بردنه‌ كه‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی كاری پێكه‌وه‌یییه‌ و‌ جۆرێكه‌ له‌ بڕوابوون به‌ كاریگه‌ری و هێزی دوو عه‌قڵ یان زیاتر به‌ به‌راورد به‌‌ عه‌قڵێك.

یه‌كێك له‌ گرنگترین ئامراز و شێوازه‌كانی به‌ڕێوه‌بردن بریتییه‌ له‌ كاری پێكه‌وه‌یی بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو كه‌سێك له ‌یه‌ك كاتدا هه‌ست به گرنگیی هه‌بوونی خودی خۆی له‌نێو كۆمه‌ڵ بكات و، هه‌روه‌ها هه‌ست به گرنگیی‌ هه‌بوونی كه‌سانی تر له‌ ته‌ك خۆی بكات بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و بڕوایه‌ی له ‌لا بچه‌سپێت كه‌ ئه‌وه‌ی به‌ته‌نیا ئه‌نجام نادرێت، به‌پێكه‌وه‌یی ئه‌نجامدانی ئاسانه‌. له‌ هه‌موو ئه‌مانه‌یش گرنگتر ئه‌وه‌یه‌، ئه‌م كاره‌ پێكه‌وه‌یییه‌ له‌ بواری سیاسیدا به‌ یه‌كێك له‌ گرنگترین ئامرازی سه‌قامگیریی سیاسی هه‌ژمار ده‌كرێت، چونكه‌ هه‌مووان له‌ گفتوگۆ و پێدانی سه‌رنج و تۆماركردنی تێبینی و له‌ كۆتاییشدا بڕیاردان به‌شدار ده‌بن.

كاری پێكه‌وه‌یی شێوه‌ و شێوازی زۆره‌؛ پێكهاته‌ی په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نه‌كان و وه‌زاره‌ته‌كان و ده‌سته‌كان و لێژنه‌كان و تیمه‌كان و كۆبوونه‌وه‌كان و...، هه‌موو شێوازن بۆ كاری پێكه‌وه‌یی و له‌ داموده‌زگه‌ گشتی و تایبه‌ته‌كان په‌یڕه‌و ده‌كرێن.

هه‌موو ئه‌و نموونانه‌ی له‌ سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان بۆی كردووه‌، له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌ن‌ و كه‌م تا زۆر په‌یڕه‌و ده‌كرێن، به‌ڵام به‌ شێوه‌یه‌كی جیاواز، له‌ شوێنێك بۆ شوێنێكی تر له‌ ڕووی ئاست و ڕێژه‌ و كواڵێتییه‌وه‌. ده‌كرێت له‌ داهاتوودا هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ كاری پێكه‌وه‌یی له‌ هه‌رێمی كوردستان بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی بزاندرێت له‌ چ ئاستێكدایه‌ تاوه‌كوو به‌ره‌وپێش بخرێت و له‌ شێوازێكی كاركردنه‌وه،‌ بكرێت به‌ كه‌لتووری كاركردن و له‌ هه‌موو ده‌زگه‌یه‌كی فه‌رمی و نافه‌رمی جێبه‌جی بكرێت بێ ئه‌وه‌ی پێویستیی به‌ فه‌رمان بێت.

پێكه‌وه‌كاركردن له‌سه‌ر شێوازی پێكهێنانی ئه‌نجومه‌ن یان ده‌سته،‌ به‌ یه‌كێك له‌ شێوازه‌ مۆدێرنه‌كانی به‌ڕێوه‌بردن داده‌نرێت و له‌ ته‌واوی جیهاندا په‌یڕه‌و ده‌كرێت، به‌ڵام یه‌كێك له‌ گرنگترین ئاڵینگارییه‌كانی به‌رده‌م كاركردنی ئه‌نجومه‌ن و ده‌سته‌كان بریتییه‌ له‌ "پێكهێنانی ئه‌نجومه‌ن یان ده‌سته‌" و "پێكهاته‌ی ئه‌نجومه‌ن یان ده‌سته‌" و "هه‌ژموونی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ن یان ده‌سته‌‌ به‌سه‌ر ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌ن یان ده‌سته‌"؛ كه‌ له‌ زۆربه‌ی كاته‌كاندا ئه‌نجومه‌ن و ده‌سته‌كان دروست ده‌كرێن به‌ڵام پێك ناهێنرێن. له‌ زۆربه‌ی باره‌كاندا ژماره‌ی ئه‌ندامه‌كانی ئه‌نجومه‌ن یان ده‌سته‌كان هێنده‌ زۆرن كه‌ ڕێگره‌ له ‌به‌رده‌م به‌ڕێوه‌چوونی گفوگۆیه‌كی ته‌ندروست و ده‌ركردنی بڕیاری دروست. له‌ زۆربه‌ی باردا سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ن یان ده‌سته‌ هه‌ژموونی به‌سه‌ر ئه‌ندامه‌كاندا هێنده‌ زۆره‌، كه‌ له‌ كۆتاییدا ئه‌و بۆچوونه‌ ده‌بێته‌ بڕیار كه‌ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ن یان ده‌سته‌ له‌گه‌ڵیه‌تی.

ئه‌نجومه‌ن و ده‌سته‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان - كه‌م تا زۆر - به‌ده‌ست ئه‌م سێ ڤایرۆسه‌وه‌ ده‌ناڵێنن و ئه‌وه‌ی ئێمه‌ مه‌به‌ستمانه‌ تیشكی بخه‌ینه‌ سه‌ر، بریتییه‌ له‌ پێكهێنانی ئه‌نجومه‌ن و ده‌سته‌كانه له‌ هه‌رێمی كوردستان كه‌ جێگه‌ی سه‌رنجه‌ هه‌ندێ ئه‌نجومه‌ن یان ده‌سته‌ ده‌بینرێن به‌ ‌یاسا پێك هێنراون، به‌ڵام له‌ واقعدا بوونیان نییه‌؛ ئه‌مه‌یش به‌ دیدی ئێمه‌ ئاماژه‌یه‌كی خراپه‌، چونكه‌ مانای ئه‌وه‌یه‌ كارێك كراوه‌ پێویست نه‌بووه بكرێت‌، یان ده‌قێكی یاسایی هه‌یه‌ له‌ توانادا نییه جێبه‌جێی بكرێت، یان بڕوا و متمانه‌یان به‌ هه‌بوونی ئه‌م ده‌سته‌ یان ئه‌نجومه‌نه‌ نییه‌، یان... . هه‌موو ئه‌و ئاماژه‌ نێگه‌تیڤانه‌ ده‌بنه‌ هۆی نزمكردنه‌وه‌ی ئاستی متمانه‌ی خه‌ڵك به‌ یاساكان، چونكه‌ هه‌رچه‌ند ڕێژه‌ی یاسا جێبه‌جێنه‌كراوه‌كان یان پێشێلكراوه‌كان به‌رز ببێته‌وه‌، له ‌به‌رانبه‌ردا متمانه‌ی خه‌ڵك به‌ یاساكان كه‌م ده‌بێته‌وه‌.

ئه‌مانه‌ی خواره‌وه‌ چه‌ند نموونه‌یه‌كن بۆ ئه‌و ده‌سته‌ و ئه‌نجومه‌نانه‌ی‌ كه‌ پێك نه‌هێنراون له‌ هه‌رێمی كوردستان و،‌ پێویسته‌ به‌ زووترین كات كار له‌سه‌ر پێكهێنانیان بكرێت ئه‌گه‌ر پێویستن، یاخود كار له‌سه‌ر هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌یان بكرێت ئه‌گه‌ر پێویست نین:

  1. ئه‌نجومه‌نی پاراستنی كێبڕكێ و قه‌ده‌غه‌كردنی قۆرخكاری

ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ به‌پێی یاسای كێبڕكێ و قه‌ده‌غه‌كردنی قۆرخكاری له‌ هه‌رێمی كوردستان-عێراق ژماره‌ (3) له‌ ساڵی (2013) دامه‌زراوه‌. ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی بازرگانی و پیشه‌سازیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه و‌ بریكاری وه‌زاره‌ت بۆ  كاروباری بازرگانی، سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ ده‌كات. ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ له‌ چه‌ند ئه‌ندامێك پێك دێت:

  • به‌ڕێوه‌به‌رێكی گشتی له‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆ
  • به‌ڕێوه‌به‌رێكی گشتی له‌ وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن
  • به‌ڕێوه‌به‌رێكی گشتی له‌ وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌ ئاوییه‌كان
  • به‌ڕێوه‌به‌رێكی گشتی له‌ وه‌زاره‌تی پلاندانان
  • نوێنه‌رێك له‌ ئه‌نجومه‌نی پاراستنی به‌كاربه‌ر
  • نوێنه‌ری یه‌كێتیی ژووره‌ بازرگانی و پیشه‌سازییه‌كان
  • نوێنه‌ری یه‌كێتیی جووتیاران
  • نوێنه‌ری سه‌ندیكای ژمێركار و وردبینكاران
  • نوێنه‌ری یه‌كێتیی پیاوانی كار.

به‌پێی یاسای ئاماژه‌پێكراو له ‌سه‌ره‌وه‌، كاری سه‌ره‌كیی ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ بریتییه‌ له‌ ئاماده‌كردنی زانیاریی ته‌واو ده‌رباره‌ی چالاكیی ئابووری و نوێكردنه‌وه‌ و په‌ره‌پێدانی له‌ گشت بواره‌كانی په‌یوه‌ست به‌ كێبڕكێ و قه‌ده‌غه‌كردنی كاره‌ قۆرخكارییه‌كان و، هه‌روه‌ها وه‌رگرتنی زانیاریی په‌یوه‌ست به‌ پێشێلكارییه‌كانی ڕێساكانی كێبڕكێ و قه‌ده‌غه‌كردنی كاره‌ قۆرخكارییه‌كان و گرتنه‌به‌ری ڕێكاری یاساییی گونجاو له‌ دژی سه‌رپێچیكاران و، هه‌روه‌ها هه‌ماهه‌نگیكردن له‌گه‌ڵ ده‌زگه‌ هاوشێوه‌ و په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی ناوه‌ند بۆ ئاڵوگۆڕكردنی زانیاریی په‌یوه‌ست به‌ جێبه‌جێكردنی ڕێساكانی كێبڕكێ و قه‌ده‌غه‌كردنی قۆرخكاری.

سه‌ره‌ڕای گرنگیی ئه‌و ئه‌ركه‌ی كه‌ به‌پێی یاسا به‌م ئه‌نجومه‌نه‌ سپێردراوه‌، كه‌چی تاوه‌كوو ئێستا ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ پێك نه‌هێنراوه‌. ئه‌گه‌رچی ئێمه‌ له‌گه‌ڵ زۆری و بۆریی ژماره‌ی ئه‌ندامانی ئه‌م ئه‌نجومه‌ نین به‌ڵام هه‌بوونی، به‌ كارێكی پێویست ده‌زانین، چونكه‌ تاكه‌ ده‌زگه‌ی فه‌رمییه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان كه‌ به‌پێی یاسا ده‌سه‌ڵاتی ڕێكخستنی كێبڕكێ و قه‌ده‌غه‌كردنی كاره‌ قۆرخكارییه‌كانی له‌ بازاڕه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی پێ دراوه‌. بازاڕی هه‌رێم ئێستا له‌ هه‌موو كاتێك زیاتر پێویستیی به‌ دووباره‌ ڕێكخستنه‌وه‌ هه‌یه‌ بۆ هێشتنه‌وه‌ی جووڵه‌ی بازرگانیی تایبه‌ت به‌ بازرگانه‌ بچووكه‌كان و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییان له ‌به‌رانبه‌ر بازرگانه‌ گه‌وره‌كان كه‌ ڕه‌فتاره‌ قۆرخكارییه‌كان زیاتر له‌وانه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت. ‌

  1. ئه‌نجومه‌نی پاراستنی به‌كاربه‌ر

ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ به‌پێی مادده‌ (3) له‌ یاسای ژماره‌ (9) له‌ ساڵی (2010) دامه‌زراوه‌ و ئه‌م یاسایه‌یش تایبه‌ت بوو به‌ به‌ركاركردنی یاسای پاراستنی به‌كاربه‌ری عێراقی ژماره‌ (1) له‌ ساڵی (2010) له‌ هه‌رێمی كوردستان. ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ سه‌ر به‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌ و كه‌سێك سه‌رۆكایه‌تیی ده‌كات كه‌ پله‌كه‌ی بریكاری وه‌زاره‌ته‌ و له‌‌ چه‌ند ئه‌ندامێك پێك دێت:

  • به‌ڕێوه‌به‌رێكی گشتی له‌ وه‌زاره‌تی بازرگانی و پیشه‌سازی
  • به‌ڕێوه‌به‌رێكی گشتی له‌ وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن
  • به‌ڕێوه‌به‌رێكی گشتی له‌ وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌ ئاوییه‌كان
  • به‌ڕێوه‌به‌رێكی گشتی له‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی
  • نوێنه‌رێك به‌ پله‌ی شاره‌زا بۆ ده‌سته‌ی ژینگه‌
  • نوێنه‌رێك به‌ پله‌ی شاره‌زا بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی گومرگه‌كان
  • نوێنه‌رێك به‌ پله‌ی شاره‌زا بۆ ده‌سته‌ی گشتیی گه‌شتوگوزار
  • نوێنه‌رێك به‌ پله‌ی شاره‌زا بۆ ده‌سته‌ی پێوانه‌سازی و كۆنتڕۆڵی جۆری
  • نوێنه‌ری یه‌كێتیی ژووره‌ بازرگانی و پیشه‌سازییه‌كان
  • نوێنه‌ری یه‌كێتیی جووتیاران
  • سێ ئه‌ندام كه‌ نوێنه‌رایه‌تیی كه‌رتی تایبه‌ت ده‌كه‌ن.

له‌ گرنگرتین ئه‌و ئه‌رك و كارانه‌ی كه‌ به‌‌م ئه‌نجومه‌نه‌ سپێردراوه‌: دانانی سیاسه‌تی گشتی بۆ پاراستنی مافی به‌كاربه‌ر له‌ هه‌رێمی كوردستان، به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی تێگه‌یشتنی به‌كاربه‌ره‌كان بۆ مافه‌كانیان و چۆنێتیی پیاده‌كردنیان، وه‌رگرتنی سكاڵای به‌كاربه‌ره‌كان و گرتنه‌به‌ری ڕێكاری یاساییی پێویست له‌ دژی هه‌ر بازرگانێك كه‌ مافه‌كانیان پێشێل بكات، پێكهێنانی لێژنه‌ی پشكنین بۆ پشكنینی بازاڕه‌كان له‌ گشت شار و شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و تۆماركردنی پێشێلكارییه‌كان، هه‌ماهه‌نگیكردن له‌گه‌ڵ ده‌زگه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان بۆ دامه‌زراندنی ڕێكخراوی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نیی تایبه‌ت به‌ پاراستنی مافی به‌كاربه‌ر و هتد.

سه‌ره‌ڕای ڕه‌خنه‌مان له‌سه‌ر زۆریی ژماره‌ی ئه‌ندامانی ئه‌م ئه‌نجومه‌نه،‌ به‌ڵام ئه‌مه‌ له‌ گرنگیی هه‌بوونی ئه‌م ئه‌نجومه‌نه كه‌م ناكاته‌وه‌ چونكه‌ بازاڕه‌كانی هه‌رێمی كوردستان پێویستیان به‌ ڕێكخستنه‌وه‌ هه‌یه؛‌ به‌ جۆرێك به‌كاربه‌ر متمانه‌ به‌و‌ كاڵایه‌ بكات كه‌ له‌ بازاڕدا ده‌یكڕێت. بێ گومان ئه‌م متمانه‌یه‌یش به‌ شه‌و و ڕۆژێك نایه‌ته‌ ‌دی، به‌ڵكوو پێویستیی به‌ كاركردنی به‌رده‌وام هه‌یه‌ و ئه‌م كاركردنه‌یش ئه‌ركێكه‌ خراوه‌ته‌ سه‌ر شانی ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ كه‌ زیاتر له‌ ده‌ ساڵه‌ به‌ یاسا دامه‌زراوه،‌ به‌ڵام به‌كرده‌یی پێك نه‌هاتووه‌ و له‌ واقعدا‌ بوونی نییه.‌

  1. ئه‌نجومه‌نی گشتیی ڕاژه‌

ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ به‌پێی یاسای ئه‌نجومه‌نی ڕاژه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان-عێراق ژماره‌ (7) له‌ ساڵی (2011) دامه‌زراوه‌. ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ سه‌ر به‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌ و كه‌سێك سه‌رۆكایه‌تیی ده‌كات كه‌ پله‌كه‌ی بریكاری وه‌زاره‌ته‌. ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ له‌ چه‌ند ئه‌ندامێك پێك دێت:

  • سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ن
  • جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ن
  • به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی فه‌رمانگه‌ی كاروباری كارگێڕی و دارایی و یاسایی
  • به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی فه‌رمانگه‌ی توێژینه‌وه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ی كارگێڕی
  • به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی فه‌رمانگه‌ی په‌ره‌پێدانی كارگێڕی
  • به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی فه‌رمانگه‌ی هه‌ماهه‌نگی و به‌دواداچوون
  • راوێژكاری ئه‌نجومه‌ن.

ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ چه‌ندین ده‌سه‌ڵات و ئه‌ركی گرنگی پێ سپێردراوه‌ له‌وانه‌: ڕێكخستنی پڕۆسه‌ی دامه‌زراندن و دووباره‌ دامه‌زراندنه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌ران له‌ كه‌رتی گشتی و، به‌رزكردنه‌وه‌ له‌ ڕاژه‌ی گشتی و، داڕشتنی سیاسه‌تی ڕاژه‌ی گشتی و دیاریكردنی ئامرازه‌كانی پیاده‌كردنی و هه‌ڵسه‌نگاندنی ئاستی به‌جێگه‌یاندن و، ئاماده‌كردنی په‌یكه‌ری وه‌زیفیی وه‌زاره‌ته‌كان و، شیكردنه‌وه‌ و وه‌سفكردنی وه‌زیفه‌ی گشتی و، دانانی سیاسه‌تی تایبه‌ت به‌ مه‌شق و شیاندنی فه‌رمانبه‌رانی ڕاژه‌ی گشتی له‌ دامود‌ه‌ز‌گه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و، دانانی سیاسه‌ت و پڕه‌نسیپ بۆ به‌دیهێنانی هاوسه‌نگی له‌ نێوان ژماره‌ی فه‌رمانبه‌ران له‌ فه‌رمانگه‌كان و ڕاژه‌ی پێشكه‌شكراو و هتد.

ئه‌وه‌ی تێبینی ده‌كرێت، ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ تاوه‌كوو ئێستا‌ پێك نه‌هێنراوه‌ سه‌ره‌ڕای تێپه‌ربوونی ده‌ ساڵ به‌سه‌ر دامه‌زراندنییه‌وه‌، كه‌ ئه‌مه‌یش پرسیار له‌سه‌ر هۆكاری دامه‌زراندنی ئه‌م ئه‌نجومه‌نه و پێكنه‌هێنانی تاوه‌كوو ئێستا‌ ده‌رووژێنێت‌، چونكه‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێویستیی زۆری به‌م ئه‌نجومه‌نه‌ هه‌یه بۆ دووباره‌ ڕێكخستنه‌وه‌ی پڕۆسه‌ی دامه‌زراندن و دووباره‌ دامه‌زرانی فه‌رمانبه‌ران و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی فه‌رمانبه‌رانی ڕاژه‌ی گشتی و ڕێكخستنی په‌یكه‌ری وه‌زیفه‌ی گشتی و دیاریكردنی ئه‌رك و كاره‌كانی هه‌موو فه‌رمانبه‌ران به‌پێی پله‌ و ناونیشانی وه‌زیفییانه‌وه‌؛ چونكه‌ ئه‌وه‌ی له‌م باره‌یه‌وه‌ له‌‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌گوزه‌رێت وه‌ك پێویست نییه‌ و ده‌توانین بڵێین له‌ نزمترین ئاستی كواڵێتیی كاركردندایه‌ ئه‌گه‌ر هات و هه‌ڵسه‌نگاندنێكی سه‌ره‌تایییانه‌‌ بۆ وه‌زیفه‌ی گشتی بكه‌ین. بۆیه‌، پێكهێنانی ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ و هه‌بوونی كه‌سی شاره‌زا له‌سه‌ر لووتكه‌ی هه‌ڕه‌می كارگێڕیی ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ بۆ به‌دیهێنانی ئامانجه‌كانی ڕاژه‌ی گشتی، به‌ كارێكی دروست و پێویستی ده‌زانین.

  1. ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌بردنی سندووقی كوردستان بۆ داهاته‌ نه‌وتی و گازییه‌كان ‌ ‌

ئه‌م ده‌سته‌یه‌‌ به‌پێی یاسای سندووقی كوردستان بۆ داهاته‌ نه‌وتی و گازییه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان-عێراق ژماره‌ (2) له‌ ساڵی (2015) دامه‌زراوه‌. ئه‌م سندووقه‌، به‌ ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌بردنیشییه‌وه‌‌، سه‌ر به‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌. ئه‌م سندووقه‌ له‌لایه‌ن ده‌سته‌یه‌كه‌وه‌ به‌ڕێوه ‌ده‌بردرێت كه‌‌ له‌ چه‌ند ئه‌ندامێك پێك دێت:

  • سه‌رۆكی ده‌سته‌ به‌ پله‌ی وه‌زیر
  • جێگری سه‌رۆكی ده‌سته‌ به‌ پله‌ی بریكاری وه‌زاره‌ت
  • به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی سندووق
  • نوێنه‌ری وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان به‌ پله‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی
  • نوێنه‌ری وه‌زاره‌تی دارایی به‌ پله‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی
  • پسپۆڕێكی ئابووری و دارایی
  • پسپۆڕێكی یاسایی.

یاسای سندووقی كوردستان بۆ داهاته‌ نه‌وتی و گازییه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان-عێراق له‌ ڕێكه‌وتی (10/5/2015) به‌ركار بووه‌ و به‌پێی بڕگه‌ (یه‌كه‌م) له‌ مادده‌ (5) له‌ یاسای ئاماژه‌پێكراو، ده‌بوایه‌ ئه‌م ده‌سته‌یه‌ له‌ ماوه‌ی (90) ڕۆژ له‌ ڕێكه‌وتی به‌ركاربوونی ئه‌م یاسایه‌ی سه‌ره‌وه‌ پێك بهاتبایه‌ به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌ نێوان ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نی هه‌رێمسی كاروباری نه‌وت و گاز له‌ هه‌رێمی كوردستان؛ به‌ڵام ئه‌وه‌ی تێبینی كراوه‌ ئه‌م ده‌سته‌یه‌ تاوه‌كوو ئێستا‌ دانه‌مه‌زراوه‌ سه‌ره‌ڕای تێپه‌ڕبوونی زیاتر له‌ پێنج ساڵ به‌سه‌ر به‌ركاربوونی ئه‌م یاسایه‌.

گرنگیی ئه‌م ده‌سته‌یه‌ له‌ گرنگیی ئه‌و سندووقه‌دایه‌ كه‌ به‌ڕێوه‌ی ده‌بات، چونكه‌ به‌پێی یاسا ئه‌م ده‌سته‌یه‌ كۆمه‌ڵێك ده‌سه‌ڵات ڕایی ده‌كات له‌وانه‌: وه‌رگرتنی كۆی گشتیی شایسته‌ و وه‌ده‌ستهاتووه‌كانی هه‌رێم له‌ هه‌نارده‌كردن و فرۆشتنی نه‌وت و گاز و، هه‌روه‌ها وه‌رگرتنی سه‌رجه‌م پێبه‌خشین و پاداشته‌كانی هاتوو له‌ گرێبه‌سته‌كانی نه‌وت و گاز و، تۆماركردن و دۆكیومێنتكردنی سه‌رجه‌م داهاته‌كانی نه‌وت و گازی هه‌رێم و، وردبینیكردنی جووڵه‌ی گشت داهاته‌كانی نه‌وت و گازی هه‌رێم و، مسۆگه‌ركردنی شه‌فافییه‌ت له‌ پڕۆسه‌ دارایییه‌كانی په‌یوه‌ست به‌ داهاته‌كانی نه‌وت و گازی هه‌رێم و پێدانی ڕاپۆرتی مانگانه‌ به‌ په‌رله‌مانی كوردستان سه‌باره‌ت به‌ داهاته‌كانی نه‌وت و گاز له‌ هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌وه‌ی بۆ ڕای گشتی ئاشكرا بكرێت و هتد.

  1. سندووقی نه‌وه‌كانی داهاتووی كوردستان

ئه‌م سندووقه‌ به‌پێی مادده‌ (11) له‌‌‌ یاسای سندووقی كوردستان بۆ داهاته‌ نه‌وتی و گازییه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان-عێراق ژماره‌ (2) له‌ ساڵی (2015) دامه‌زراوه‌. ده‌بووایه‌ تاوه‌كوو ڕێكه‌وتی (10/5/2016) یاسایه‌ك ده‌ربكرابایه‌ بۆ چۆنێتیی به‌ڕێوه‌بردن و پارەدارکردنی ئه‌م سندووقه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ڕێژه‌یه‌ك له‌ داهاتی نه‌وت و گازی ئێستا‌ی هه‌رێم بۆ نه‌وه‌كانی داهاتوو له‌م سندووقه‌ هه‌ڵبگیرێت و له‌ بوودجه‌ی ساڵانه‌ جێگیر بكرێت، به‌ڵام تاوه‌كوو ئێستا‌ یاسای ڕێكخستنی ئه‌م سندووقه‌ و چۆنێتیی به‌ڕێوه‌بردن و هه‌ڵگرتنی ئه‌م ڕێژه‌یه‌ له‌ داهاتی نه‌وت و گازی ئێستا‌ بۆ نه‌وه‌كانی داهاتوو ده‌رنه‌كراوه‌ و، ئه‌م سندووقه‌ له‌ واقعدا بوونی نییه‌.

  1. په‌یكه‌ره‌ كارگێڕییه‌كانی تر

ئه‌وانه‌ی له‌م به‌شه‌دا باسیان لێوه‌ ده‌كه‌ین ئه‌و ئه‌نجومه‌ن و سندووق و ده‌ستانه‌ن كه‌ له‌ ڕاستیدا دامه‌زراون و ڕه‌نگه‌ كاریشیان كردبێت به‌ڵام له‌ ئێستا‌دا سستی له‌ كاره‌كانیان به‌دی ده‌كرێت كه‌ له‌وانه‌یه‌ هۆكاره‌كه‌ی بۆ خراپیی باری ئابووریی هه‌رێم یاخود بۆ پێویستبوونی هه‌مواركردنی یاسای دروستكردنیان بگه‌ڕێته‌وه‌. له‌وانه‌:

  • سندووقی نیشته‌جێكردن بۆ هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان كه‌ به‌ په‌یڕه‌وی ژماره‌ (1) له‌ ساڵی (2013) دامه‌زراوه‌.
  • سندووقی پشتیوانیی پڕۆژه‌ بچووكه‌كانی لاوان له‌ هه‌رێمی كوردستان كه‌ به‌ یاسای ژماره‌ (2) له‌ ساڵی (2011) دامه‌زراوه‌.
  • ئه‌نجومه‌نی چاودێری و شیاندنی كه‌مئه‌ندامان و خاوه‌ن پێداویستییه‌ تایبه‌ته‌كان كه‌ به‌ یاسای ژماره‌ (22) له‌ ساڵی (2011) دامه‌زراوه‌.

كۆبه‌ند

ئه‌م ئه‌نجومه‌ن و ده‌ستانه‌ی لێره‌دا باسیان لێوه‌ كراوه‌، به‌ده‌ست پێكنه‌هێنانه‌وه‌‌ ده‌ناڵێنن. خۆ ئه‌گه‌ر پێكیش بهێنرێن ئه‌وا ڕه‌نگه‌ به‌و شێوه‌یه‌ ئه‌كتیڤ نه‌بن چونكه‌ ڕاستییه‌كی تاڵ هه‌یه‌‌، ئه‌ویش نه‌بوونی كه‌لتووری پێكه‌وه‌كاركردنه‌ له‌ كه‌رتی گشتی و وه‌زیفه‌ی گشتی له‌نێو داموده‌زگه‌ فه‌رمییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان. ڕه‌نگه‌ ئه‌مه‌یش هۆكاری زۆری له‌پشته‌وه‌ بێت به‌ڵام پێویسته‌ دان‌ بنێین كه‌ داموده‌زگه‌ فه‌رمییه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ده‌ست خراپ به‌ڕێوه‌بردن، بێپلانی، نه‌بوونی "په‌یوه‌ندی" (التواصل)، ململانێییه‌ كه‌سییه‌كان، نه‌بوونی متمانه،‌ به‌شداریپێنه‌كردنی هه‌مووان له‌ بڕیار و دانانی پلان، نه‌بوونی هه‌ڵسه‌نگاندنی ڕاسته‌قینه، و نه‌بوونی ئامانجی هاوبه‌ش ده‌ناڵێنێت.

ئه‌م ناڵاندنه‌ پێویستی به‌ كاری جددی و هه‌نگاوی ڕاسته‌قینه‌یه‌‌ بۆ ئه‌وه‌ی پێكه‌وه‌كاركردن وه‌ك كه‌لتوور بچه‌سپێت. بۆیه‌ له‌م باره‌یه‌وه‌ پێویسته سوود له‌ ئه‌زموونی كاركردنی كه‌رتی تایبه‌تی هه‌رێمی كوردستان وه‌ربگیرێت، به‌تایبه‌ت كه‌رتی تایبه‌تی بیانی كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان كار ده‌كه‌ن چونكه‌ ئه‌وان نموونه‌ی جوانی پێكه‌وه‌كاركردن و هه‌ڵسه‌نگاندن نیشان ده‌ده‌ن كه‌ تیایدا لێژنه‌ و ئه‌نجومه‌ن و ده‌سته‌ و تیم هه‌موویان به‌های پراكتیكیی خۆیان هه‌یه‌. ئه‌وان هیچ شێوازێكی كاری پێكه‌وه‌یی بۆ ڕازیكردنی ئه‌م و ئه‌و په‌یڕه‌و ناكه‌ن به‌ڵكوو بۆ پێویستیی ئه‌نجامدانی كاره‌كان، ده‌ست ده‌كه‌ن به‌ پێكهێنانی لێژنه‌ یان ده‌سته‌ یان ئه‌نجومه‌ن. ژماره‌ی ئه‌ندامه‌كانی كاری پێكه‌وه‌یی له‌م كه‌رته‌دا‌ زۆر كه‌مه‌ و به‌قه‌د ڕاییكردنی كاره‌كانه‌ و هیچ كه‌سێكی زیاد له‌ پێویست ناخرێته‌ نێو كارێكی پێكه‌وه‌یی بۆ ڕازیكردنی ئه‌م و ئه‌و. گشت ئه‌ندامانی كاری پێكه‌وه‌یی له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ده‌زانن كاره‌كانیان چین و بڕیاره‌كان له‌ دوای گۆڕینه‌وه‌ی بۆچوونه‌كان‌ و  گفتوگۆكردن ده‌رده‌چن كه‌ سه‌ره‌نجام لێكه‌وته‌ی پۆزه‌تیڤی ده‌بێت له‌سه‌ر باشتر ڕاییكردنی كاره‌كان، چونكه‌ هه‌مووان به‌شدارن و هه‌مووان به‌رپرسیارێتی هه‌ڵده‌گرن و هه‌مووان هه‌ست به‌ متمانه‌ ده‌كه‌ن.‌

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples