ئالان به‌هائه‌ددین عه‌بدوڵڵا، دكتۆرا له یاسا - مامۆستا له كۆلێژی یاسا/ زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین
پێشه‌كی
ده‌ركردنی یاسا بۆ ڕێكخستنی كۆمه‌ڵگه و ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ی كه تیایدا ده‌به‌سترێن، به یه‌كێك له گرینگ‌ترین كار و ئه‌ركه‌كانی په‌رله‌مان داده‌نرێت له گشت وڵاتانی جیهاندا، له‌گه‌ڵ هه‌بوونی هه‌ندێ جیاوازی به‌پێی تایبه‌تمه‌ندیی سیسته‌می سیاسیی په‌یڕه‌وكراو له هه‌ر وڵاتێكدا. كه‌واته، په‌رله‌مان یاسادانه‌ر و خوڵقێنه‌ری ڕێسای یاسایییه بۆ ڕێكخستنی په‌یوه‌ندیی نێوان كه‌سه‌كانی نێو كۆمه‌ڵگه بۆ هێنانه‌دیی جۆرێك له سه‌قامگیریی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئابووری، له‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ی كه یاساكه‌ی لێ ده‌رچووه؛ هه‌روه‌ها خاوه‌نی قسه‌ی یه‌كلاییكه‌ره‌وه‌یه له هه‌ر بابه‌تێك كه به یاسا ڕێكی بخات.
له به‌رانبه‌ر ئه‌و كاره مه‌زنه و ئه‌ركه قورسه‌ی كه به په‌رله‌مان سپێردراوه، پێویسته جۆرێك له به‌رپرسیارێتی هه‌بێت، چونكه په‌رله‌مان – وه‌ك هه‌ر ده‌زگه‌یه‌كی فه‌رمیی وڵات - له‌لایه‌ن مرۆڤه‌كانه‌وه به‌ڕێوه ده‌برێت. مرۆڤیش به‌ده‌ر نییه له هه‌ڵه‌كردن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سروشتی مرۆڤ به هه‌ڵه‌وه لكاوه؛ بۆیه هه‌بوونی هه‌ڵه لەنێو یاساكاندا ئه‌نجامێكی پێشبینیكراوه.
كه‌واته كاتی ئه‌وه هاتووه قسه له‌سه‌ر كواڵێتیی یاساكانی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ین كه ئایا ڕادده و ڕێژه‌ی هه‌ڵه‌كردن تیایدا له چ ئاستێكدایه؛ چونكه هه‌بوونی هه‌ر هه‌ڵه‌یه‌ك له یاسایه‌ك یاخود ده‌ركردنی یاسایه‌ك له كاتێكی هه‌ڵه‌دا، بێ گومان ئه‌گه‌ری زه‌ره‌رگه‌یاندنی به كه‌سه‌كانی نێو كۆمه‌ڵگه زیاد ده‌كات و ئه‌و كاته پێویسته له‌سه‌ر له‌سه‌ر بابه‌تی هه‌ڵگرتنی به‌رپرسیارێتیی ئه‌م هه‌ڵه‌یه بوه‌ستین كه چ لایه‌نێك ده‌یخاته سه‌رشانی و چۆن زیانلێكه‌وتووانی ئه‌م هه‌ڵه‌یه قه‌ره‌بوو ده‌كرێنه‌وه.
یاسا چـۆن ده‌رده‌كرێت؟
پێویستبوون هۆكاری سه‌ره‌كییه بۆ ده‌ركردنی یاسا؛ ئه‌مه‌یش به‌ڕوونی له بڕگه (دووه‌م/1) له مادده (79) له په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی بۆ كراوه. ئه‌م پێویستبوونه زۆر گرینگه له‌سه‌ری بوه‌ستین، چونكه ئه‌وه‌ی له هه‌ندێ باردا له هه‌رێمی كوردستان ده‌گوزه‌رێت ئه‌وه‌یه، یاسا ده‌ركراوه بۆ ڕازیكردن یان بۆ جوانی یان پێویست نه‌بووه هه‌بێت، چونكه به بۆچوونی ئێمه هه‌ر یاسایه‌ك له ئه‌مری واقعدا جێبه‌جێ نه‌كرێت، ئه‌وا یاسایه‌كه یان پێویست نه‌بووه ده‌ربكرێت یان بۆ جوانی ده‌ركراوه. یاسای كێبڕكێ و قه‌ده‌غه‌كردنی قۆر‌خكاری له هه‌رێمی كوردستان-عێراق ژماره (3) له ساڵی (2013) و، یاسای پاراستنی به‌كاربه‌ر ژماره (9) له ساڵی (2010) و، یاسای سندووقی كوردستان بۆ داهاته نه‌وتی و گازییه‌كان له هه‌رێمی كوردستان-عێراق ژماره (2) له ساڵی (2015)، یاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی جگه‌ره‌كێشان له هه‌رێمی كوردستان-عێراق ژماره (3) له ساڵی (2007)، نموونه‌ی ئه‌م جۆره یاسایانه‌ن كه جێبه‌جێ نه‌كراون و به‌دواداچوونیش بۆ جێبه‌جێكردنیان سسته و وه‌ك پێویست نییه. نموونه‌ی تریش هه‌یه و زۆرن.
به‌پێی یاسا به‌ركاره‌كان له هه‌رێمی كوردستان دوو لایه‌ن مافی داواكردنی ده‌ركردنی یاسایان هه‌یه:
ئه‌م هه‌ڵوێسته ته‌شریعی و بڕیارانه‌ی دادگه به كارێكی باش و دروستی ده‌زانین، چونكه گه‌ڕانێكی ورد له وێبسایتی په‌رله‌مانی كوردستان به‌نێو ئه‌و پێشنیازه یاسایانه‌ی كه ڕاسته‌وخۆ له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی په‌رله‌مانه‌وه پێشكه‌ش كراون، ئه‌وه‌مان بۆ ده‌سه‌لمێنێت كه‌وا ئه‌م پێشنیاره یاسایانه زیاتر ئاماژه‌ی سیاسی و موزایه‌داتی سیاسیی پێوه دیاره و زۆربه‌یان واری جێبه‌جێكردن نین له واقعدا، چونكه دوور له واقعی ئابووریی هه‌رێمی كوردستان داڕێژڕاون و ڕه‌نگه مه‌به‌ست له پێشكه‌شكردنیان زیاتر ئیحراجكردنی حكوومه‌ت بێت له به‌رده‌م جه‌ماوه‌ر.
بۆیه به بۆچوونی ئێمه، ئاوا باشتره حكوومه‌ت خۆی به‌رپرسیارێتیی پێشكه‌شكردنی ئه‌و یاسایانه هه‌ڵبگرێت كه لێكه‌وته‌ی دارایی‌یان لێ ده‌كه‌وێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر له داهاتوودا یاساكه‌ی پێ جێبه‌جێ نه‌كرا، ئه‌وا به‌رپرسیارێتیی جێبه‌جێنه‌كردنی نه‌خاته سه‌ر شانی په‌رله‌مانه‌وه. ئه‌وه‌تا له ئێستا‌دا چه‌ندین یاسای به‌ركار هه‌ن كه حكوومه‌ت له پێشتردا به پڕۆژه پێشكه‌شی كردوون و له په‌رله‌مانیشه‌وه ده‌ركراون كه‌چی به‌هۆی قه‌یرانی دارایییه‌وه حكوومه‌ت له توانایدا نییه ئه‌م یاسایانه جێبه‌جێ بكات؛ وه‌ك (یاسای پێشینه‌ی هاوسه‌رگیری ژماره 7 له ساڵی 2010) و (یاسای دابینكردنی یه‌كه‌ی نیشته‌جیێبوون بۆ هاووڵاتیان له هه‌رێمی كوردستان ژماره 7 له ساڵی 2008) و (یاسای سندووقی پشتیوانیی پرۆژه بچووكه‌كانی لاوان ژماره 2 له ساڵی 2011).
له‌م باسه‌ی سه‌ره‌وه ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌وا ئه‌گه‌ری هه‌بوونی هه‌ڵه له ده‌ركردنی یاساكاندا ڕاسته‌وخۆ له ڕێگه‌ی په‌رله‌مانه‌وه زیاتره به به‌راورد به ڕێگه‌ی دووه‌م كه به ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه تێ ده‌په‌ڕێت، چونكه له ڕێگه‌ی دووه‌مدا فلته‌ری گفتوگۆی زیاتر هه‌ن كه فاكته‌رن بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ڕێژه‌ی هه‌ڵه له یاسا ده‌ركراوه‌كاندا. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له كۆتاییدا یاساكان له په‌رله‌مان ده‌رده‌كرێن، بۆیه به‌رپرسیارێتیی هه‌بوونی هه‌ڵه له هه‌ر یاسایه‌كدا ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی په‌رله‌مان، چونكه فلته‌ری كۆتایییه و پێویسته هیچ هه‌ڵه‌یه‌ك له په‌رله‌مانه‌وه تێ نه‌په‌ڕێت. بۆیه لێره‌دا پرسیاری جددی ده‌ورووژێندرێت كه ئایا په‌رله‌مان له كاتی ده‌ركردنی یاسادا ئه‌ركی سه‌رشانی خۆی به‌جێ گه‌یاندووه یان نا؟ ئایا كه‌مته‌رخه‌می له ده‌ركردنی یاسادا به‌دی ده‌كرێت یاخود نا؟ ئایا گفتوگۆكانی نێو هۆڵه‌كانی په‌رله‌مان گفتوگۆی زانستین یاخود بۆ خۆده‌رخستنی سیاسین؟ ئایا ئه‌ندامانی په‌رله‌مان له‌و ئاسته‌ن كه یاسا ده‌ربكه‌ن؟ چونكه له كۆتاییدا كواڵێتیی یاساكان ڕه‌نگدانه‌وه‌ی كواڵێتیی ئه‌و ئه‌ندامانه‌یه كه له گفتوگۆكانی ده‌ركردنی یاساكه به‌شدار بوونه.
پێـنـاسه‌ی هه‌بوونی هـه‌ڵه له‌نێـو ده‌قه یاسایییه‌كاندا
هه‌روه‌ك پێشتر ئاماژه‌مان پێ دا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌ركردنی یاساكان له په‌رله‌مان كارێكه مرۆڤ جێبه‌جێی ده‌كات، بۆیه ئه‌گه‌ری هه‌بوونی هه‌ڵه تیایدا زۆره. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌یشه هه‌رچه‌ند فلته‌ره‌كانی ده‌ركردنی یاساكان گفتوگۆی زیاتری تێدا بێت، ئه‌وه‌نده له به‌رژه‌وه‌ندیی ده‌ركردنی یاسایه‌كی ڕێكوپێكه.
ئه‌و هه‌ڵانه‌ی له‌نێو ده‌قه یاسایییه‌كاندا تێبینی ده‌كرێت و زیاتر ده‌بنه هۆی خه‌وشكردنی یاساكه، بریتین له "نادادپه‌روه‌ربوونی یاسا" و "نه‌گونجانی یاساكه له‌گه‌ڵ واقعی كۆمه‌ڵگه" و "دژیه‌كبوونی نێوان یاساكان یاخود ده‌قه یاسایییه‌كان" و "ناڕوونیی ده‌قی یاسایی" و "نه‌بوونی میكانیزمی ڕوون و گونجاو بۆ جێبه‌جێكردنی یاسا" و "ده‌ركردنی یاسایه‌كی دژ به به‌رژه‌وه‌ندییه باڵاكانی نه‌ته‌وه یان وڵات" و "دژیه‌كبوونی یاساكه له‌گه‌ڵ ده‌ستووری وڵات" و "ده‌ركردنی یاسا له كات و ساتێكی نه‌گونجاو" و هتد. هه‌موو ئه‌مانه نموونه‌ن بۆ ئه‌و هه‌ڵانه‌ی كه له‌نێو یاسا و ده‌قه یاسایییه‌كاندا به‌دی ده‌كرێن. بێ گومان یاساكانی هه‌رێمی كوردستانیش به‌ده‌ر نین له‌م جۆره هه‌ڵانه، بگره زۆریشن. ئه‌مه‌یش بۆ چه‌ندین هۆكار ده‌گه‌ڕێته‌وه، له گرنگترینیان: نه‌بوونی ڕۆشنبیری و باكگراوندی یاسایی و ئابووری و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و زانین به یاسا پێشووه‌كان و لاوازیی فاكته‌ری زمانه‌وانیی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه یاساكان داده‌ڕێژن یاخود ده‌ری ده‌كه‌ن.
ڕاستـكـردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌كان
به چه‌ند ڕێگه‌یه‌ك هه‌ڵه‌ی نێو یاساكان ڕاست ده‌كرێنه‌وه كه به بۆچوونی ئێمه ئه‌م سێ ڕێگه‌یه دیارترینیانن:
خراپیی ئه‌م ڕێگه‌یه له‌وه‌دایه جۆرێك له جۆراوجۆری له ڕا و بۆچوونی دادگه‌كان له جێبه‌جێكردنی یاساكاندا دروست ده‌كات؛ به شێوه‌یه‌ك ده‌بێته هۆی هه‌بوونی زیاتر له یه‌ك بۆچوون و ئاراسته بۆ تێگه‌یشتنی دادگه‌كان بۆ یه‌ك ده‌قی یاسایی له چه‌ند كات و ساتێكی جیاوازدا.
زانین به ناوه‌ڕۆكی یاسا به‌ركاره‌كان
پێش ده‌ركردنی هه‌ر یاسایه‌كی نوێ، پێویسته له‌سه‌ر ئه‌ندامانی په‌رله‌مان زانینیان هه‌بێ به ناوه‌ڕۆكی هه‌ر یاسایه‌كی په‌یوه‌ندیدار به یاسا نوێكه كه له پێشتردا ده‌ركراوه و تا ساته‌وه‌ختی ده‌ركردنی یاسا نوێكه به‌ركاره؛ ئه‌مه‌یش بۆ ئه‌وه‌یه تاوه‌كوو له نێوان ده‌قه یاسایییه نوێكه و كۆنه‌كه دژیه‌كبوون دروست نه‌كات، چونكه هه‌ردووكیان به‌ركارن و ڕه‌نگه له ئه‌نجامی جێبه‌جێكردنیان له واقعدا ببێته هۆی زیانگه‌یاندن به كه‌سێك یان چه‌ند كه‌سانێك له‌نێو كۆمه‌ڵگه‌دا. كه‌واته سه‌یركردنی یاسا به‌ركاره پێشـووه‌كان پێش ده‌ركردنی یاسایه‌كی نوێ، پێویسته بببێته ئه‌ركێك و په‌رله‌مان له‌سه‌ر شانی خۆی دروستی بكات.
پـڕۆسه‌ی ده‌ركردنی یاسا له په‌رله‌مانه‌وه وه‌ك دروستكردنی هێلانه‌ی جاڵجاڵـۆكه وایه؛ هه‌ر خانه‌یه‌ك له‌م هێلانه‌یه په‌یوه‌ندیی به خانه‌ی ته‌نیشتی خۆیه‌وه هه‌یه و پێكه‌وه هێلانه‌كه پێك ده‌هێنن و خانه‌كان له ته‌نیشت یه‌ك ده‌بن و له‌سه‌ر یه‌ك نابن. ده‌قه یاسایییه‌كانیش وه‌ك ئه‌و خانانه‌ی جاڵجاڵۆكه‌ن؛ پێویسته له ته‌نیشت یه‌ك بونیاد بنرێن و نابێت له‌سه‌ر یه‌ك بن. له‌ته‌نیشتیه‌كبوونی ده‌قه یاسایییه‌كان، واتا مادده یاسایییه‌كان له مانابه‌خشین و جێبه‌جێكردن یه‌كتر ته‌واو ده‌كه‌ن. له‌سه‌ریه‌كتربوونی ده‌قه یاسایییه‌كان، واتا دژیه‌كبوونی ده‌قه‌كان له‌گه‌ڵ یه‌كتر و، هه‌روه‌ها مانای دووباره‌بوونه‌وه‌ی هه‌مان ده‌قی یاساییش ده‌گه‌یه‌نێت كه له ئه‌نجامدا كێشه‌ی جێبه‌جێكردنی ده‌بێت له واقعـدا.
باشترین ڕێگه بۆ ڕێگرتن له دووباره‌بوونه‌وه‌ی ده‌قه یاسایییه‌كان یاخود دژیه‌كبوونی نێوانیان، بریتییه له ئاگاداربوونی په‌رله‌مانتاران به‌و یاسا و پێڕه‌و و ڕێنوێنی و بڕیارانه‌ی كه له پێشتردا ده‌ركراون و په‌یوه‌ندییان به‌و یاسایه نوێیه هه‌یه كه ویستی ده‌ركردنیان هه‌یه، تاوه‌كوو مادده‌كانی یاسا نوێیه‌كه دژی یاسا به‌ركاره‌كانی پێشووتری خۆی نه‌بێت، یاخود دووباره‌ی مادده‌یه‌ك نه‌بێت كه پێشتر له یاسایه‌كی تردا هه‌یه.
بۆیه، پێمان وایه پێویسته په‌رله‌مانی كوردستان به بڕیارێك خۆی پابه‌ند بكات كه له‌مه‌ودوا له پێشه‌كیی هه‌ر یاسایه‌كی تازه‌ی ده‌ركراودا ئاماژه به ناو و ژماره‌ی ئه‌و یاسایانه بكات كه له پێشوودا ده‌ركراون و تاكوو ئێستا به‌ركارن و په‌یوه‌ندییان به ناوه‌ڕۆكی یاسا تازه‌كه‌وه هه‌یه و، زۆر به‌ڕوونی له پێشه‌كیدا بنووسرێت كه په‌رله‌مان سه‌یری ئه‌م یاسایانه‌ی كردووه كه له پێشوودا ده‌ركراون له كاتی ده‌ركردنی یاسا تازه‌كه، به‌م شێوه‌ی خواره‌وه:
به پشتبه‌ستن به حوكمی بڕگه (1) له مادده‌ی (56) له یاسای ژماره (1)ی ساڵی (1992)ی هه‌مواركراو و دوای سه‌یركردنی هه‌ر یه‌ك له:
یاسای .................. ژماره (...) له ساڵی (.....).
یاسای .................. ژماره (...) له ساڵی (.....).
یاسای .................. ژماره (...) له ساڵی (.....).
یاسای .................. ژماره (...) له ساڵی (.....).
و له‌سه‌ر داواكاریی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان – عێراق، په‌رله‌مانی كوردستان له دانیشتنی ڕۆژی (.....) ڕێكه‌وتی (.........) بڕیاری دا ئه‌م یاسایه‌ی خواره‌وه دابنێت.
به بۆچوونی ئێمه په‌یڕه‌وكردنی ئه‌م شێوازه‌ی سه‌ره‌وه له كاتی ده‌ركردنی یاسا نوێكان ده‌بێته هۆی:
قـه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی زیانلێكه‌وتوو له یاسا هه‌ڵه‌كان
له نێوان هه‌بوونی هه‌ڵه له ده‌قێكی یاسایی و تا ئه‌و كاته‌ی ئه‌و هه‌ڵه‌یه ڕاست ده‌كرێته‌وه، ڕه‌نگه جێبه‌جێكردنی ئه‌م ده‌قه هه‌ڵه‌یه ببێته هۆی گه‌یاندنی زیان به كه‌سێك یان زیاتر له كۆمه‌ڵگه. بۆیه بابه‌تی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی زیانلێكه‌وتووانی یاسا هه‌ڵه‌كان به بابه‌تێكی گرینگی ده‌زانین كه تیشكی بخرێته سه‌ر، چونكه به فلته‌رێكی گرینگ داده‌نرێت بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی هه‌ڵه له یاساكان، ئه‌گه‌ر هات و یاسادانه‌ر و ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه هاریكارن بۆ ده‌ركردنی یاساكان هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ئه‌وه بزانن له به‌رانبه‌ر هه‌ر هه‌ڵه‌یه‌كی یاسایی، به‌رپرسیارێتیی قه‌ربووكردنه‌وه هه‌یه ئه‌گه‌ر هات و زیانی لێ بكه‌وێته‌وه.
له‌م باره‌یه‌وه دوو بۆچوونی سه‌ره‌كی هه‌ن: بۆچوونی یه‌كه‌م به چاوێكی پڕ له پیرۆزییه‌وه سه‌یری په‌رله‌مان و كاری ده‌ركردنی یاساكان ده‌كات، بۆیه پێیان وایه ئه‌سته‌مه باس له به‌رپرسیارێتیی ده‌زگه‌ی یاسادانان بكرێت له‌مه‌ڕ ئه‌و هه‌ڵانه‌ی كه له یاسا ده‌ركراوه‌كاندا هه‌ن. ئه‌م ئاراسته‌یه زۆر كۆنه و تاوه‌كوو ئێستا له چه‌ندین وڵات‌دا په‌یڕه‌و ده‌كرێت به بیانووی جۆراوجۆر، له‌وانه:
به‌پێچه‌وانه‌ی بۆچوونی سه‌ره‌وه، بۆچوونی دووه‌م بۆچوونی سه‌رده‌مه و به‌و ئاراسته‌یه هه‌نگاوی ناوه كه نابێت ڕێزگرتنی یاسا له‌سه‌ر حسابی پێشێڵكردنی مافی كه‌سه‌كانی نێو كۆمه‌ڵگـه بێت، چونكه هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێك به‌بێ به‌رپرسیارێتی، مانای هه‌نگاونان به‌ره‌و دیكتاتۆرییه‌ت ده‌گه‌یه‌نێت. بۆیه، نه په‌رله‌مان و نه هیچ ده‌زگه‌یه‌كی تر نابێت به‌ده‌ر بن له لێپێچینه‌وه له هه‌ر كارێك كه ده‌یكه‌ن، ئه‌گه‌ر هات و زه‌ره‌ری به تاكه‌كانی نێو كۆمه‌ڵگه گه‌یاند.
به‌رپرسیارێتیی په‌رله‌مان له هه‌ڵه‌ی یاساكان له هه‌رێمی كوردستان
په‌رله‌مانی كوردستان به‌پێی مادده (56) له یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ژماره (1)ی ساڵی (1992)، له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستان ده‌سه‌ڵاتی ده‌ركردنی یاسای پێ دراوه. ئه‌وه‌ی له هه‌رێمی كوردستان په‌یڕه‌و ده‌كرێت بریتییه له به‌رپرسنه‌بوونی په‌رله‌مانی كوردستان له هه‌ر هه‌ڵه‌یه‌ك كه له‌نێو یاسایه‌كدا هه‌بێت، یاخود هه‌ر زه‌ره‌رێك به‌ر كه‌سێك بكه‌وێت له ئه‌نجامی جێبه‌جێكردنی یاسایه‌ك كه له په‌رله‌مانه‌وه ده‌ركرابێت. ئه‌م هه‌ڵوێسته، پشتئه‌ستووره به نه‌بوونی هیچ ده‌قێكی یاسایی، چ له یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ژماره (1)ی ساڵی (1992) یاخود له هه‌ر یاسایه‌كی تر كه ڕێگه بدات به به‌رزكردنه‌وه‌ی داوای یاسایی له دژی په‌رله‌مانی كوردستان بۆ ئه‌وه‌ی داوای قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئه‌و زیانانه‌ی لێ بكرێت كه له ئه‌نجامی ده‌ركردنی یاسایه‌ك، به‌ر كه‌سانی نێو كۆمه‌ڵگه كه‌وتووه. نه‌ك هه‌ر ئه‌مه به‌ڵكوو له زۆر باردا یاساكانی په‌رله‌مانی كوردستان به ده‌قی ڕوون، ڕێگه ناده‌ن كه‌س په‌نا بباته به‌ر دادگه بۆ سه‌ندنه‌وه‌ی مافێك كه پێشتر به بڕیار یان به یاسا پێیان دراوه؛ وه‌ك له بڕگه (دووه‌م) له مادده (14) له یاسای چاكسازی له مووچه و ده‌رماڵه و به‌خشین و ئیمتیازاته‌كان و خانه‌نشینی له هه‌رێمی كوردستان ژماره (2) بۆ ساڵی (2020). به بۆچوونی ئێمه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌پێی بڕگه (سێیه‌م) له مادده (19) له ده‌ستووری كۆماری عێراق، په‌نابردنه به‌ر دادگه مافێكی سه‌ره‌تاییی هه‌موو تاكێكه له عێراق. بۆیه هه‌موو ڕێگرتنێك له په‌نابردنه به‌ر دادگه به هه‌ر ده‌قێكی یاسایی بێت، ئه‌وا ئه‌م ده‌قه به ده‌قێكی ناده‌ستووری هه‌ژمار ده‌كرێت.
به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌یشدا كاره‌كه هه‌روا ئاسان نییه، چونكه سه‌لماندنی كه‌وتنه‌وه‌ی زیان و هه‌بوونی هه‌ڵه له ده‌قی یاسایی و هه‌بوونی په‌یوه‌ندی له نێوان هه‌ڵه یاسایییه‌كه و كه‌وتنه‌وه‌ی زیان كارێكی ئاسان نییه، بگره زۆر زه‌حمه‌تیشه. به‌ڵام پێویسته ئه‌م ده‌رگه‌یه بكرێته‌وه، چونكه ده‌بێته فلته‌رێكی باش بۆ باشتركردنی كواڵێتیی یاساكان له په‌رله‌مانی كوردستان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له ئێستا‌دا نزمبوونه‌وه‌ی ئاستی یاسا ده‌ركراوه‌كان له هه‌رێمی كوردستان بۆته دیارده نه‌ك به‌ته‌نیا له‌سه‌ر ئاستی په‌رله‌مان، به‌ڵكوو له‌سه‌ر ئاستی پێڕه‌وه‌كانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و ڕێنوێنیی وه‌زاره‌ته‌كانیش ئه‌م دیارده‌یه هه‌ستی پێ ده‌كرێت، به‌ڵام به ڕێژه و ڕادده‌ی جیاوازتر. ئه‌وه‌تا چه‌ندین ده‌قی یاسایی هه‌یه له‌نێو پێڕه‌و یان ڕێنوێنییه به‌ركاره‌كان كه ناكۆكه و دژه له‌گه‌ڵ ده‌قی یاسایی كه له په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ركراوه، یاخود چه‌ندین بابه‌ت به ڕێنوێنیی وه‌زاره‌ت ڕێك خراوه؛ كه‌چی به‌پێی یاساكانی په‌رله‌مان، پێویسته به پێڕه‌وی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ڕێك بخرێت و، چه‌ندین نموونه‌ی تر كه گه‌واهیده‌ری نزمبوونه‌وه‌ی ئاستی یاسا و پێڕه‌و و ڕێنوێنییه ده‌ركراوه‌كانه له هه‌رێمی كوردستان، كه پێویسته له‌سه‌ر لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار به‌جددی له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته بوه‌ستێت و چاره‌سه‌ری بكات.
سیاسه‌تی ته‌شریعی
مه‌به‌ست له سیاسه‌تی ته‌شریعی، واتا لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان (وه‌ك ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و په‌رله‌مان)، به‌رپرسیارێتیی دیاریكردنی ئه‌و بابه‌تانه هه‌ڵبگرن كه پێویسته به یاسا ڕێك بخرێت؛ جا چ به ده‌ركردنی یاسای نوێ یاخود هه‌مواركردنی یاسای كۆن. به واتایه‌كی تر پێویسته چۆن پلانی داراییی حكوومه‌ت دیاری ده‌كرێت، ئاوا پلانی ته‌شریعی، پێویسته ساڵانه دیاری بكرێت؛ كه چ بابەتێک پێویسته به یاسا و چۆن ڕێك بخرێت.
زۆر به‌ڕوونی ده‌یڵێم؛ له ساڵی (1992)ه‌وه تاوه‌كوو ئێستا سیاسه‌تی ته‌شریعیی په‌رله‌مانی كوردستان ڕوون نه‌بووه؛ ڕه‌نگه ئه‌م سیاسه‌ته‌ی هه‌ر نه‌بووبێت و كار له‌سه‌ر دانانی نه‌كرابێ. به هه‌مان شێوه، به‌ڵام به ڕێژه‌یه‌كی كه‌متر، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی حكوومه‌تی هه‌رێمیش به‌ده‌ست نه‌بوونی سیاسه‌تێكی ڕوونی ته‌شریعی له چه‌ند قۆناغی جیاجیادا ناڵاندوویه‌تی. له ئێستا‌دا هه‌ست به هه‌بوونی ئه‌م سیاسه‌ته ده‌كرێت كه حكوومه‌تی هه‌رێم په‌یڕه‌وی ده‌كات، ئه‌ویش بریتییه له پێشكه‌شكردنی پڕۆژه بۆ ده‌ركردنی یاسای نوێ یاخود هه‌مواركردنی یاسای كۆن به مه‌به‌ستی زیادكردنی داهاتی هه‌رێم بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی قه‌یرانی دارایی.
ئه‌م سیاسه‌ته ته‌شریعییه‌ی كه حكوومه‌تی هه‌رێم له ئێستا په‌یڕه‌وی ده‌كات، ڕه‌نگه هۆكار بێت بۆ كزبوونه‌وه‌ی جووڵه‌ی دراو و جووڵه‌ی بازاڕ له هه‌رێمی كوردستان، چونكه به‌رزكردنه‌وه‌ی داهات له هه‌موو كاتێكدا نابێته هۆی زیادكردنی جووڵه‌ی بازاڕ؛ به‌پێچه‌وانه‌وه ڕه‌نگه لێكه‌وته‌ی خراپی لێ بكه‌وێته‌وه. زیادكردنی ڕسوومات و فراوانكردنی چوارچێوه‌ی وه‌رگرتنی باج، ڕه‌نگه هۆكار بێت بۆ بچووكردنه‌وه‌ی قه‌باره‌ی پڕۆژه بازرگانییه‌كان كه له ئه‌نجامدا ڕه‌نگه زه‌ره‌ری لێ بكه‌وێته‌وه؛ ئه‌و كاته دیسان بابه‌تی هه‌بوونی هه‌ڵه له یاسا یاخود ده‌ركردنی یاسا له كاتێكی هه‌ڵه‌دا دێته ئاراوه و هه‌م دیسان پێویسته قسه له‌سه‌ر قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی زیانه‌كانی جێبه‌جێكردنی یاسایه‌كی هه‌ڵه بكه‌ین.
چاكسازیی یاسایی
ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڕیاری ژماره (94)ی له ڕێكه‌وتی (25/10/2016) ده‌ركرد. به‌پێی ئه‌م بڕیاره، پێویست بوو له‌سه‌ر گشت وه‌زاره‌ت و ده‌سته و لایه‌نه‌كانی نه‌به‌ستراو به وه‌زاره‌ت، تا كۆتاییی ساڵی (2016) هه‌ر یه‌ك به‌پێی تایبه‌تمه‌ندیی كاره‌كانیان گشت ئه‌و یاسا و ڕێنوێنییانه دیراسه‌ت بكه‌ن كه پێویستیان به هه‌مواركردن یاخود نوێكردنه‌وه هه‌یه و پێشنیاره‌كانیان بۆ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بنێرن.
ئه‌م پڕۆسه‌یه له چوارچێوه‌ی هه‌ڵمه‌تێكی چاكسازی بوو - كه ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی شوورای هه‌ێم ڕێبه‌رایه‌تیی ده‌كرد - بۆ ده‌ستنیشانكردنی پلان و میكانیزمی جێبه‌جێكردنی چاكسازی و نوێكردنه‌وه‌ی بنه‌ڕه‌تیی یاسا و ڕێنوێنییه‌كان له ڕێگه‌ی هه‌مواركردنه‌وه یان هێنانه‌كایه‌وه‌ی یاسا و ڕێنوێنیی نوێ؛ به جۆرێك بگونجێت له‌گه‌ڵ قۆناغی ئه‌وكاتی هه‌رێمی كوردستان و به ئاراسته‌ی لابردنی به‌ربه‌سته ته‌شریعییه‌كان له به‌رده‌م چاكسازیی كارگێڕی و بڕه‌ودان به خزمه‌تی وه‌زیفه‌ی گشتی و بواره جیاجیاكانی تایبه‌ت به به‌ڕێوه‌بردنی گشتی له هه‌رێمی كوردستان.
دوای تێپه‌ڕبوونی نزیكه‌ی (5) پێنج ساڵ به‌سه‌ر ئه‌م بڕیاره پرسیار ده‌كه‌ین: ئایا جێبه‌جێكردنی ئه‌م بڕیاره‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به كوێ گه‌یشت؟ ئه‌گه‌ر جێبه‌جێ نه‌كراوه، بۆ جێبه‌جێ نه‌كرا؟ به‌ربه‌سته‌كانی جێبه‌جێنه‌كردن چی بوون؟ چی بكرێت باشه بۆ ئه‌كتیڤكردنه‌وه‌ی ئه‌م بریاره؟
هه‌تا ئێمه ڕه‌خنه ئاراسته‌ی تواناكانی خۆمان نه‌كه‌ین و به‌فیعلی دان به شكست و هه‌ڵه‌كانمان نه‌نێین، ئه‌وا نه‌ك هه‌ر له‌و خاڵه چه‌ق ده‌گرین كه بڕیارمان لێی ده‌ركردووه و پێمان جێبه‌جێ نه‌كراوه، به‌ڵكوو به‌ره‌و دواوه‌یش هه‌نگاو ده‌نێین. بۆیه به بۆچوونی ئێمه پڕۆسه‌ی ته‌شریعیی هه‌رێمی كوردستان، پێویستی به ئه‌كتیفكردنی جێبه‌جێكردنی ئه‌م بڕیاره‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی هه‌یه بۆ ده‌ستنیشانكردنی كه‌موكوڕییه یاسایییه‌كان به مه‌به‌ستی هه‌مواركردن یان نوێكردنه‌وه‌ی یاساكان، چونكه مه‌عقووڵ نییه ئێمه له ساڵی (2021) ده‌ژین، كه‌چی هه‌ندێ له یاساكانمان له ساڵانی په‌نجا و شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوو ده‌رچوون. هه‌روا هیچ مه‌عقووڵ نییه ئێمه له هه‌رێمی كوردستان كه باس له سه‌ربه‌خۆییی دارایی و سیاسی و كارگێڕی ده‌كه‌ین، كه‌چی زۆربه‌ی یاساكانمان عێراقین و له هه‌رێمی كوردستان به‌كارن یان به‌ركار كراون.
كۆبه‌ند
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی یاساكان ده‌ستكردی مرۆڤن، بۆیه بێ كه‌موكورتی نابن. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا هه‌ندێ كه‌موكورتی هه‌یه ئاماژه‌ی خراپ ده‌ده‌ن به به‌رانبه‌ر له‌سه‌ر كواڵێتی و ئاستی ئه‌و ده‌زگه‌یه‌ی كه یاساكه‌ی ده‌ركردووه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نزمبوونه‌وه‌ی ئاستی كواڵێتیی یاسا ده‌ركراوه‌كان له هه‌رێمی كوردستان، بۆته دیارده و له فراوانبوونیشدایه؛ بۆیه ڕاشكاوانه ده‌یڵێین كه، هه‌رێمی كوردستان پێویستی به نوێكردنه‌وه‌ی یاسایی هه‌یه. ڕه‌نگه جێبه‌جێكردنی ئه‌م نوێكردنه‌وه‌یه ئاوا ئاسان نه‌بێت، به‌ڵام نابێت بوه‌ستین و پێویسته هه‌موو لایه‌ك له‌م نوێكردنه‌وه‌یه‌دا به‌شداریی پێ بكه‌ین وه‌ك (زانكۆكان و ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی و سه‌ندیكاكان و ڕۆژنامه‌نووسان و ده‌زگه‌كانی ڕاگه‌یاندن و هتد)، پێویسته هه‌موو ڕۆڵ بگێڕن بۆ ئه‌م نوێكردنه‌وه‌یه به پێشكه‌شكردنی بیرۆكه و پێشنیازی گونجاو بۆ نوێكردنه‌وه و هه‌مواركردنی یاساكان به شێوه‌یه‌كی سیسته‌ماتیك به ڕه‌چاوكردنی به‌رژه‌وه‌ندییه باڵاكانی هه‌رێمی كوردستان.
باشترین ڕێگه بۆ ده‌ركردنی یاسایه‌كی ڕێك‌وپێك و كه‌م هه‌ڵه، بریتییه له زۆركردنی ئه‌ڵقه‌كانی گفتوگۆكردن له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاساكه، چونكه تاكه فلته‌ری پاككردنه‌وه‌ی یاساكه‌یه له هه‌ڵه‌كان. به‌ڵام ئه‌وه له‌بیر نه‌كه‌ین گفتوگۆكان پێویسته له نێوان كه‌سانی شاره‌زا و خاوه‌ن ئه‌زموون بێت، ئه‌گینا گفتوگۆ و بۆچوون و پێشنیاری كه‌سانی نه‌شاره‌زا و ناڕۆشنبیر و كه‌مئه‌زموون هیچ سوودێكی نابێت، به‌پێچه‌وانه‌وه ده‌بێته ئاسته‌نگ له به‌رده‌م ده‌ركردنی یاساكه.
له هه‌موو ئه‌مانه‌یش گرینگتر، نه‌خشاندنی به‌رپرسیارێتیی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئه‌و زیانانه‌یه كه له ئه‌نجامی هه‌ڵه‌ی یاساكان به‌ر كه‌سه‌كانی نێو كۆمه‌ڵگه ده‌كه‌وێت، چونكه هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێك پێویسته به‌رپرسیارێتیی ڕاییكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كانی هه‌ڵبگرێت؛ به جۆرێك له جۆره‌كانیش ئه‌م به‌رپرسیارێتییه ده‌بێته فاكته‌ر بۆ باشتركردنی كواڵێتیی یاسا ده‌ركراوه‌كان.