ئالان به‌هائه‌ددین عه‌بدوڵڵا، دكتۆرا له یاسا - مامۆستا له كۆلێژی یاسا/ زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین
پێشه‌كی
مرۆڤایه‌تی مێژوویه‌كی یه‌كجار دوورودرێژی بڕی تاوه‌كوو گه‌یشته ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه دادگه‌كان باشترین شێواز و سه‌قامگیرترین ڕێگه‌ن بۆ گێڕانه‌وه‌ی ماف بۆ خاوه‌نه‌كانیان له‌ژێر چه‌تری سه‌روه‌ریی یاسادا. ڕه‌نگه باشترین ده‌ستپێك بۆ تیشكخستنه سه‌ر گرینگیی ده‌زگه‌ی دادوه‌ری و ڕۆڵ و بڕیاری دادوه‌ران، ئاماژه‌دان بێت به وته‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانی پێشووتری بریتانیا "Winston Churchill" كه له‌نێو جه‌رگه‌ی وڵاتێكی وێرانبوو له ئه‌نجامی جه‌نگی جیهانیی دووه‌مدا گوتوویه‌تی: "كاتێك زانیم ده‌زگه‌ی دادوه‌ری له بریتانیا نه‌ڕووخاوه، ئه‌وكات زانیم بریتانیا ناڕووخێت".
گرینگیی ده‌زگه‌ی دادوه‌ری، خۆی له‌و بڕیارانه ده‌بینێته‌وه كه لێی ده‌رده‌چێت. ڕاسته ئه‌م بڕیارانه له ئه‌نجامی هه‌بوونی داوایه‌كی یاسایی و بۆ یه‌كلایكردنه‌وه‌ی كێشه‌كان ده‌رده‌چن كه له ئه‌نجامدا ده‌بنه هۆی گێڕانه‌وه‌ی مافه‌كان و هێنانه‌دیی سه‌قامگیریی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌نێو كۆمه‌ڵگه‌دا، به‌ڵام ئه‌م بڕیاره دادگه‌یییانه سوودی تریان هه‌یه كه گرینگییه‌كه‌ی له‌مه‌ی سه‌ره‌وه كه‌متر نییه؛ بۆ نموونه:
هه‌موو ئه‌و گرینگییانه‌ی كه له سه‌ره‌وه ئاماژه‌م پێی دا بۆ بڕیاری دادگه‌كان، ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێن كه پێویسته بڕیاری دادگه‌كان به‌رده‌ست بن بۆ هه‌مووان و، به زمانی فه‌رمیی كۆمه‌ڵگه نووسرابێته‌وه و، ده‌سته‌واژه‌كانی ڕوون بن بۆ ئه‌وه‌ی هه‌مووان لێی تێ بگه‌ن و، ئه‌وه‌نده دیته‌یلی تێدا بێت كه بوار بۆ پرسیاری لابه‌لا دروست نه‌كات و خوێنه‌ر ماندوو نه‌كات به گه‌ڕان به دوای پرسیاره وه‌ڵامنه‌دراوه‌كان.
ئه‌وه‌ی ئێمه مه‌به‌ستمانه له ڕێگه‌ی ئه‌م وتاره‌وه تیشكی بخه‌ینه سه‌ر، بریتییه له وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره سه‌ره‌كییانه: ئایا بڕیاری دادگه‌كان له هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌ستن؟ ئایا ڕوونن؟ ئایا به زمانی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانی ده‌نووسرێنه‌وه؟ ئایا پڕن له دیته‌یل یاخود به‌كورتی ده‌نووسرێنه‌وه؟ ڕۆڵی دادوه‌ران له گه‌یاندنی شاره‌زاییی پراكتیكی بۆ قوتابیانی یاسا له چ ئاستێكدایه؟
یه‌كه‌م – به‌كوردیكردنی زمانی دادگه‌كان
زمانی كوردی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌ییمانه و پێویسته پارێزگاریی لێ بكرێت. یه‌كه‌م هه‌نگاوی پاراستنی زمانیش بریتییه له به‌كارهێنانی ئه‌و زمانه له هه‌موو بواره جیاجیاكاندا، چونكه له ڕێگه‌ی به‌كارهێنانه‌وه زمان هه‌م پێش ده‌كه‌وێت و هه‌میش له ڕێگه‌ی هێنانه‌كایه‌وه‌ی وشه و چه‌مكی نوێوه فراوانتر ده‌بێت.
هه‌ر له سه‌ره‌تای دروستبوونی قه‌واره‌ی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان له ساڵی (1992)، به‌كوردیكردنی زمانی داموده‌زگه فه‌رمییه‌كان له هه‌رێمی كوردستان خه‌می یه‌كه‌می حكوومه‌ت و په‌رله‌مان بوو. هه‌ر بۆیه، چه‌ندین بڕیار و یاسا له‌م باره‌یه‌وه ده‌ركراون كه داموده‌زگه فه‌رمییه‌كان پابه‌ند ده‌كات به به‌كارهێنانی زمانی كوردی له كاره‌كانیاندا.
بێ گومان به‌كوردیكردنی زمانی دادگه‌كان (له سه‌ره‌تای پڕۆسه‌ی دادبینی تاوه‌كوو ده‌ركردنی بڕیار)، بێبه‌ش نه‌بووه له‌وه‌ی یاسا یان بڕیاری بۆ ده‌ربكرێت تاوه‌كوو دادگه‌كان پێوه‌ی پابه‌ند بن. بۆ نموونه: به‌پێی مادده (5) له یاسای ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری له هه‌رێمی كوردستان - عێراق ژماره (14)ی ساڵی (1992)، پێویسته زمانی دادگه‌كان - هه‌م له ڕێوشوێنه‌كان و هه‌م له بڕیاره‌كان- به كوردی بێت. ئه‌م پابه‌ندكردنه‌یش له مادده (6) له یاسا نوێیه‌كه‌ی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری له هه‌رێمی كوردستان - عێراق ژماره (23)ی ساڵی (2007) دووباره كرایه‌وه كه زمانی كوردی زمانی دادگه‌كانه و ده‌شێ له كاتی پێویستدا زمانی عه‌ره‌بی به‌كار بێت.
هه‌ر له‌سه‌ر هه‌مان ئاراسته؛ به‌پێی فه‌رمانی وه‌زاره‌تی دادی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ژماره (343) له (3/6/2000) كه له لایه‌ن "وه‌زیری داد"ه‌وه ده‌ركراوه، پێویسته سكاڵانامه و داواكاری و دادبینی و دادگه‌ییكردن و كۆنووس و گوفتار و گه‌واهیده‌ره‌كان له گشت دادگه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به زمانی كوردی بێت و پێویسته بڕیاره دادوه‌رییه‌كان به زمانی كوردی ده‌ربچێت و ئه‌گه‌ر زاراوه‌یه‌كی یاسایی‌ی نامۆ بوو، ئه‌وا ده‌كرێت به زمانی عه‌ره‌بی بنووسرێت یان بخرێته نێو دوو كه‌وانه له‌ته‌ك زاراوه كوردییه‌كه ئه‌گه‌ر زاراوه كوردییه‌كه ئاشنا نه‌بوو.
له دواهه‌مین جه‌ختكردنه‌وه‌ی یاساییشدا، به‌پێی مادده (6) له یاسای زمانه فه‌رمییه‌كان له هه‌رێمی كوردستان - عێراق ژماره (6) بۆ ساڵی (2014)، پێویسته هه‌موو ڕێكاره دادوه‌رییه‌كان- به بڕیاری دادگه‌كانیشه‌وه- به زمانی كوردی به‌ڕێوه بچن و بنووسرێن و، ئه‌گه‌ر لایه‌نی داواكه زمانی كوردی نه‌زانێت، ئه‌وا پێویسته دادگه وه‌رگێڕێكی بۆ دابین بكات.
هـه‌موو ئه‌م بڕیار و یاسایانه ئاماژه و پابه‌ندكردنی یه‌كجار ڕوونن كه پێویسته بڕیاری دادگه‌كان له هه‌رێمی كوردستان به زمانی كوردی بنووسرێت و ده‌ربكرێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ی له واقعی پڕاكتیكیدا ده‌بینرێت شتێكی تره، چونكه تاوه‌كوو ئێستا كه له ساڵی (2021) داین، بڕیاری دادگه‌كان به زمانی عه‌ره‌بی ده‌نووسرێن و ده‌رده‌چن، مه‌گه‌ر دانه دانه نه‌بێت كه به زمانی كوردی ده‌رده‌چێت.
به بۆچوونی ئێمه، به‌كوردینه‌كردنی بڕیاری دادگه‌كان كارێكی نادروست و پێچه‌وانه‌ی یاسایه و مانای ئه‌وه‌یه كه دادگه‌كانمان پابه‌ندی یاسا و بڕیاره په‌یوه‌ندیداره‌كان نه‌بووینه له‌م باره‌یه‌وه، كه ئه‌مه‌یش ئاماژه‌یه‌كی یه‌كجار نێگه‌تیڤه و پێویسته دادگه‌ی پێداچوونه‌وه (ته‌مییز) له هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌سه‌ر بكات و دادگه‌كان پابه‌ند بكات به به‌كوردیكردنی بڕیاره‌كانیان، چونكه به‌پێی مادده (10) له یاسای ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری ژماره (23)ی ساڵی (2007)، دادگه‌ی پێداچوونه‌وه ده‌سه‌ڵاتی چاودێریكردن و سه‌رپه‌رشتیكردنی گشت دادگه‌كانی له هه‌رێمی كوردستان هه‌یه. به‌ڵام كێشه‌ی گه‌وره لێره‌دا ئه‌وه‌یه: بڕیاره‌كانی دادگه‌ی پێداچوونه‌وه‌یش به زمانی عه‌ره‌بی ده‌رده‌چن؛ ئه‌ی كێ به دادگه‌ی پێداچوونه‌وه بڵێت پێویسته بڕیاره‌كانت به زمانی كوردی ده‌ربكه‌یت؟!
زۆرن ئه‌و یاساناسه كوردانه‌ی كه پێیان وایه یاسا به زمانی عه‌ره‌بی نه‌بێت مانا نابه‌خشێت و هه‌ندێ چه‌مكی یاسایی هه‌یه كه وه‌رناگێڕدرێته سه‌ر زمانی كوردی یاخود ماناكه‌ی به‌ته‌واوه‌تی نادات. ئه‌گه‌رچی ئه‌م بۆچوونه به‌شێك له ڕاستیی تێدایه، به‌ڵام هه‌مووی نا، چونكه فه‌رهه‌نگی كوردی هێنده ده‌وڵه‌مه‌نده و زمانی كوردی هێنده شێوه‌زاری تێدایه و ناوچه‌كانی كوردستان هێنده وشه و چه‌مكی تێدایه كه ئێمه‌ی یاساناسه‌كان له گه‌ڕان به‌دوای وشه و چه‌مكه گونجاوه‌كاندا خه‌مسارد بووینه. بۆیه ده‌پرسم: ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ ئێمه به‌دوای وشه یاسایییه كوردییه‌كاندا نه‌گه‌ڕێین، ئه‌ی كه‌ی بگه‌ڕێین؟ ئه‌گه‌ر ئێمه ئه‌و كاره نه‌كه‌ین، ئه‌ی كێ بیكات؟
زۆر به‌ڕاشكاوانه ده‌یڵێن: ده‌ركردنی بڕیاری دادگه‌كان به زمانی عه‌ره‌بی له‌نێو كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانی به كارێكی نامه‌عقووڵ و ناپه‌سندی ده‌زانین؛ ئه‌مه جگه له‌وه‌ی پێچه‌وانه‌ی یاسایه؛ هه‌روه‌ها جۆرێكه له به‌كه‌م زانینی زمانی كوردی و به‌شایه‌ن نه‌زانینی بۆ ئه‌وه‌ی بڕیاری دادگه‌كانی پێ بنووسرێته‌وه. بۆیه پێویسته ده‌ستبه‌جێ ئه‌م كاره ڕاست بكرێته‌وه. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی ده‌ركردنی بڕیاری دادگه‌كان به زمانی عه‌ره‌بی، قوتابیانی قۆناغی به‌كالۆریۆسی كۆلێژه‌كانی یاسای له زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستانی له تێگه‌یشتن له بڕیاره دادگه‌یییه‌كان بێبه‌ش كردووه، چونكه زۆربه‌ی قوتابیان زمانی عه‌ره‌بی نازانن؛ ئه‌مه‌یش هۆكاری سه‌ره‌كیی لاوازیی لایه‌نی پڕاكتیكیی خوێندنی یاسایه له قۆناغی به‌كالۆریۆس، چونكه قوتابیانمان گرینگی به بڕیاری دادگه‌كان ناده‌ن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به زمانێك نووسراوه كه لێی تێ ناگه‌ن.
دووه‌م – تایپكردنی بڕیاری دادگه‌كان
بڕیاری دادگه‌كان له ئه‌نجامی كێشه‌یه‌كی یاسایی ده‌رده‌كرێن. كه‌واته بڕیاری دادگه‌كان بریتین له باسكردنی كێشه‌یه‌ك كه له‌نێو واقعی كۆمه‌ڵگه‌دا خوڵقاوه و كه‌م تا زۆر ناوه‌ڕۆكی ئه‌م بڕیاره ڕه‌نگدانه‌وه‌ی واقعی نێو كۆمه‌ڵگه‌یه. له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره‌یه، پێویسته بڕیاری دادگه‌كان وه‌ك به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی فه‌رمیی گرینگ پارێزگاریی لێ بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی له كاتی پێویستدا بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ری. یه‌كێك له گرینگ‌ترین مه‌رجه‌كانی بوون به به‌ڵگه‌نامه‌ی فه‌رمی ئه‌وه‌یه كه، به‌ڵگه‌كه به كۆمپیوته‌ر تایپ كرابێت، چونكه هه‌لی پاراستن و مانه‌وه و تێكنه‌چوونی زیاتره له‌وه‌ی كه به ده‌ست نووسرابێته‌وه.
ئه‌وه‌ی له هه‌رێمی كوردستان جێگه‌ی تێبینییه ئه‌وه‌یه، زۆربه‌ی بڕیاره دادگه‌یییه‌كان له قۆناغی سه‌ره‌تاییدا به ده‌ستی خودی دادوه‌ران ده‌نووسرێنه‌وه. له زۆربه‌ی باره‌كاندا بڕیاره‌كان هێنده به‌خێرایی و هێنده به‌خراپی نووسراوه‌ته‌وه كه تێگه‌یشتن له ده‌ست و خه‌تی دادوه‌ر و ناوه‌ڕۆكی خودی بڕیاره‌كه بووه‌ته كێشه‌یه‌كی گه‌وره بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌یانه‌وێت له بڕیاره‌كه تێ بگه‌ن. هه‌ر بۆیه، پێویسته به بڕیارێكی فه‌رمی، دادوه‌ران پابه‌ند بكرێن كه واژوو له‌سه‌ر بڕیارێك نه‌كه‌ن كه به ده‌ست نووسرابێته‌وه و پێویسته بڕیاری دادگه‌كان له قۆناغی سه‌ره‌تاییدا به كۆمپیوته‌ر تایپ بكرێت؛ هاوشێوه‌ی بڕیاری هه‌ردوو دادگه‌ی پێداچوونه‌وه (ته‌مییز) و تێـهه‌ڵچوونه‌وه (إستئناف) كه به شێوه‌یه‌كی ڕێك‌وپێك به كۆمپیوته‌ر تایپ ده‌كرێن.
سێیه‌م – به‌كورتی نووسینه‌وه‌ی بڕیاری دادگه‌كان
هه‌روه‌ك پێشتر ئاماژه‌م پێ دا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بڕیاری دادگه‌كان باسكردنی كێشه‌یه‌كی نێو كۆمه‌ڵگه‌یه و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی خودی كۆمه‌ڵگه‌كه‌یه، بۆیه پێـویسته بڕیاره‌كان زۆر به‌دوورو‌درێـژی بنووسرێنه‌وه و هه‌موو دیته‌یلێكی تێدا بێت كه خوێنه‌ری بڕیار پێویستی پێیه‌تی، له‌وانه: كێشه‌كه چییه؟ به‌ڵگه‌ی لایه‌نه‌كان چی بوون؟ چۆنێتیی شیكردنه‌وه‌ی به‌ڵگه‌كان؟ میكانیزمی لێكدانه‌وه‌ی ده‌قه یاسایییه‌كان؟ پشت به چ ده‌قێكی یاسایی به‌ستراوه و به چی نه‌به‌ستراوه له‌گه‌ڵ ڕوونكردنه‌وه‌ی هۆكاره‌كان؟ و هتد. له ڕاستیدا به‌های پراكتیكی و زانستیی بڕیاری دادگه‌كان له‌و زانیارییانه‌یه كه نێو بڕیاره‌كه ئاماژه‌ی بۆ ده‌كرێت، به‌پێچه‌وانه‌وه بڕیاره‌كه هیچ به‌هایه‌كی زانستی و پراكتیكی و فێركاریی نابێت.
ئه‌وه‌ی له هه‌رێمی كوردستان تێبینی ده‌كرێت ئه‌وه‌یه كه، بڕیاری دادگه‌كان له قۆناغی سه‌ره‌تاییدا تا ڕادده‌یه‌كی باش ئه‌و دیته‌یلانه‌ی تێدایه كه خوێنه‌ر پێویستی پێیه‌تی، ئه‌گه‌رچی له هه‌ندێ بڕیاردا وه‌ك پێویست نییه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه ئه‌وه‌یه له زۆر باردا بڕیاره‌كانی دادگه‌ی پێداچوونه‌وه (ته‌مییز) ئه‌و دیته‌یله‌ی تێدا نییه كه خوێنه‌ر پێویستی پێیه‌تی، به‌تایبه‌ت كاتێك بڕیاری دادگه‌یه‌كی سه‌ره‌تایی په‌سند ده‌كات، چونكه ئاماژه به هۆكاره‌كانی په‌سندكردنی بڕیاره‌كه ناكات و ته‌نیا ده‌نووسێت: "په‌سنده، له‌به‌ر ئه‌و دیته‌یلانه‌ی كه له بڕیاری دادگه‌ی سه‌ره‌تایی ئاماژه‌ی بۆ كراوه." به‌ڵام دادگه‌ی پێداچوونه‌وه (ته‌مییز) له كاتی ڕه‌تكردنه‌وه‌ی بڕیاری دادگه‌ی سه‌ره‌تایی، ئاماژه به هۆكاره‌كانی ڕه‌تكردنه‌وه ده‌كات به‌ڵام زۆر به‌كورتی كه تێنوێتیی خوێنه‌ر ناشكێنێت.
ئه‌گه‌ر به‌راوردێك له نێوان بڕیاری دادگه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ بڕیاری دادگه‌كانی وڵاتانی پێشكه‌وتوو بكه‌ین، ده‌بینین ژماره‌ی وشه‌كانی بڕیاری دادگه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له نێوان (500-1000) وشه ده‌بێت، كه‌چی ژماره‌ی وشه‌كانی بڕیاره‌كانی دادگه‌كانی وڵاتانی پێشكه‌وتوو له نێوان (4000-6000) وشه ده‌بێت كه هێنده دیته‌یلی تێدایه؛ به شێوه‌یه‌ك وا له خوێنه‌ر ده‌كات هه‌ست بكات له‌ناو كێشه‌ی بڕیاره‌كه‌دا ده‌ژیت.
هه‌ر بۆیه، به پێویستی ده‌زانین دادگه‌كان پابه‌ند بكرێن به نووسینی گشت زانیارییه‌كانی په‌یوه‌ست به كێشه‌كه له‌نێو بڕیاره ده‌ركراوه‌كاندا تاوه‌كوو خوێنه‌ر له كێشه‌كه و له میكانیزمی ده‌ركردنی بڕیاره‌كان بگات، به‌تایبه‌ت له كاتی ده‌ركردنی بڕیاری دادگه‌ی پێداچوونه‌وه (ته‌مییز)، بۆ ئه‌وه‌ی خوێنه‌ری بڕیار پێویستی به‌وه نه‌بێت له ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه‌ی بڕیاره‌كه زانیاریی ده‌ست بكه‌وێت.
چواره‌م – به‌رده‌ستبوونی بڕیاری دادگه‌كان
له هه‌موو وڵاتانی جیهان بڕیاری دادگه‌كان به‌ڵگه‌نامه‌ی فه‌رمین و به‌رده‌ستن بۆ هه‌مووان دوای سڕینه‌وه‌ی ناوی لایه‌نه‌كانی داوای یاسایی، كه‌چی له هه‌رێمی كوردستان یه‌كێك له زه‌حمه‌ترین و سه‌ختترین ئاڵینگارییه‌كانی به‌رده‌م پارێزه‌ران و مامۆستایان و پسپۆڕانی بواری یاسا و قوتابیانی كۆلێژی یاسا بریتییه له ده‌سكه‌وتنی بڕیاری دادگه‌كان. ئه‌گه‌ر له ڕێگه‌ی په‌یوه‌ندییه كه‌سێتییه‌كانی خۆت نه‌بێت یاخود ئه‌و دادوه‌رانه‌ی كه ڕێگه‌یان پێ ده‌درێت هه‌ندێ بڕیار له كتێبێكدا بڵاو بكه‌نه‌وه، ئه‌وا هیچ كه‌ناڵێكی فه‌رمی نییه بۆ ئه‌وه‌ی بڕیاری دادگه‌كانت ده‌ست بكه‌وێت له هه‌رێمی كوردستان كه ئه‌مه‌یش ڕاستییه‌كی یه‌كجار تاڵه.
تاوه‌كوو ئێستا نه‌گه‌یشتوومه قه‌ناعه‌ت كه هۆكاری به‌رده‌ستنه‌بوونی بڕیاری دادگه‌كان چییه؟! بۆچی ده‌بێت پسپۆڕێكی یاسا له هه‌رێمی كوردستان له ڕێگه‌ی وێبسایتی ئینته‌رنێته‌وه بڕیاری دادگه‌كانی زۆربه‌ی وڵاتانی جیهانی ده‌ست بكه‌وێت كه‌چی نه‌توانێت بڕیاری دادگه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی ده‌ست بكه‌وێت؟! بۆچی بڕیاری دادگه‌كان له هه‌رێمی كوردستان له ڕێگه‌ی وێبسایت یان بڵاوكراوه‌ی خوله‌كی (دەوری) فه‌رمی بڵاو ناكرێته‌وه؟ ئه‌م پرسیارانه و ده‌یانی تری په‌یوه‌ندیدار تاوه‌كوو ئێستا بێوه‌ڵام ماونه‌ته‌وه.
به‌رده‌ستنه‌بوونی بڕیاری دادگه‌كان له ماوه‌ی ڕابردوودا لێكه‌وته‌یه‌كی یه‌كجار نێگه‌تیڤی هه‌بووه و بۆته هۆی بێبه‌شبوونی یاساناسان له شاره‌زاییی پڕاكتیكی و، هه‌روه‌ها بێبه‌شبوونی دادوه‌ران له ڕه‌خنه‌ی زانستی و ئه‌كادیمی، چونكه له ڕێگه‌ی به‌رده‌ستبوونی بڕیاره‌كانه‌وه، یاساناسان ئاگاداری لایه‌نی پراكتیكیی پڕۆسه‌ی دادوه‌ری و چۆنێتیی جێبه‌جێكردنی یاساكان ده‌بن، هه‌روه‌ها له ڕێگه‌ی دیراسه‌كردنی بڕیاری دادگه‌كانه‌وه له‌لایه‌ن پسپۆڕانی یاساوه، لایه‌نی به‌هێزی و لاوازی خودی بڕیاره‌كه دیاری ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی له داهاتوودا هه‌مان هه‌ڵه دووباره نه‌بێته‌وه ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌ی تێدابوو، یاخود هه‌مان خاڵی به‌هێز دووباره ببێته‌وه ئه‌گه‌ر خاڵی به‌هێزی تێدا بوو.
پێویسته نه‌ترسین له بڵاوكردنه‌وه‌ی بڕیاری دادگه‌كانمان و شانازی به ده‌زگه‌ی دادوه‌ریی خۆمانه‌وه بكه‌ین و بڕیاره‌كانیان به‌وپه‌ڕی شه‌فافییه‌ته‌وه له سایت و بڵاوكراوه‌ی فه‌رمی بڵاو بكه‌ینه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی نیشانی هه‌مووانی بده‌ین كه دادوه‌رانی ئێمه له چ ئاستێكن؛ نازانم بۆچی ئه‌و كاره هێنده به‌هه‌ستیارییه‌وه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت؟
بڵاوكردنه‌وه‌ی بڕیاری دادگه‌كان لایه‌نێكی تری داراییی هه‌یه كه ده‌كرێت ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری به شێوه‌یه‌كی فه‌رمی و خوله‌كی له دوو تێوی گۆڤارێكی خوله‌كیدا گشت بڕیاره دادگه‌یییه‌كان به لیستێكی بابه‌تییانه‌ی ڕێكدا بڵاو بكاته‌وه و به‌رده‌ست بێت بۆ یاساناسان و به پاره بیفرۆشرێت، كه له كۆتاییدا ده‌بێته داهات بۆ خه‌زێنه‌ی گشتی.
پێنجه‌م – دووریی دادوه‌ران له كۆلێژه‌كانی یاسا
له ساڵانی نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی ڕابڕدوو كۆلێژه‌كانی یاسا له گشت زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان پڕ بوون له دادوه‌ری به‌ئه‌زموون كه وانه‌ی تیۆری و پڕاكتیكییان ده‌گوته‌وه، چونكه ئه‌وكات دادوه‌ران ڕێگه‌پێدراو بوون كه ئه‌م ئه‌ركه ڕایی بكه‌ن. له ڕاستیدا دادوه‌ران خزمه‌تێكی زۆریان كرد و سوودێكی زۆریان به قوتابیانی یاسا گه‌یاند.
به‌ڵام له‌گه‌ڵ ده‌رچوونی بڕیاری ڕێگرتن له داده‌وه‌ران كه وانه له كۆلێژه‌كانی یاسا بڵێنه‌وه، بێ گومان كۆلێژ و قوتابیانی یاسایان بێبه‌ش كرد له ئه‌زموون و شاره‌زاییی دادوه‌ران. ده‌توانم بڵێم له‌و كاته‌وه تاوه‌كوو ئێستا بۆشایییه‌كی گه‌وره له نێوان خوێندنی یاسا له‌نێو كه‌مپه‌س (حەرەمی زانکۆ) و ژیانی پراكتیكی له‌نێو باڵاخانه‌ی دادگه‌كان دروست بووه، چونكه دادوه‌ران كه خاوه‌نی ئه‌زموونی پراكتیكین، ڕێگه‌یان لێ گیرا كه بێنه نێو باڵاخانه‌ی كۆلێژه‌كانی یاسا؛ هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌یش مامۆستایانی یاسا كه خاوه‌نی ئه‌زموونی تیۆرین، ڕێگه‌یان لێ گیرا كه وه‌ك پارێزه‌ر له‌نێو باڵاخانه‌ی دادگه‌كان كار بكه‌ن، كه سه‌ره‌نجام بووه هۆی ئه‌وه‌ی قوتابیانی یاسا له‌كاتی ده‌رچوونیان له كۆلێژه‌كانی یاسادا خاوه‌ن ئه‌زموونێكی پراكتیكیی لاواز بن.
كۆبه‌ند
به‌پێی مادده (33) له یاسای ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری له هه‌رێمی كوردستان - عێراق ژماره (23)ی ساڵی (2007) ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری به به‌رزترین ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری له هه‌رێمی كوردستان داده‌نرێت كه سه‌رۆكی دادگه‌ی پێداچوونه‌وه (ته‌مییز)ی هه‌رێمی كوردستان سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته ده‌كات. هه‌ر بۆیه، ئه‌م ئه‌نجومه‌نه له به‌رده‌م به‌رپرسیارێتییه‌كی مێژووییدایه كه چۆن ده‌توانێت زمانی بڕیاری دادگه‌كان له زمانی عه‌ره‌بییه‌وه بگۆڕێت بۆ سه‌ر زمانی كوردی، هه‌روه‌ك یاسا كارپێكراوه‌كان داوای ده‌كه‌ن؛ چونكه به‌رده‌وامبوونی ئه‌م دۆخه مانای پابه‌ندنه‌بوونی دادگه‌كان به ده‌قی یاساكان ده‌گه‌یه‌نێت كه ئه‌مه‌یش كاریگه‌ریی نێگه‌تیفی له‌سه‌ر شكۆی دادگه‌كان ده‌بێت.
هه‌روه‌ها داوا له ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری كراوه دادگه‌كان پابه‌ند بكات به‌وه‌ی واژوو له‌سه‌ر بڕیارێك نه‌كه‌ن كه به ده‌ستی نووسرابێته‌وه یاخود به‌كورتی و بێ دیته‌یل داڕێژڕابێت. هه‌روه‌ها داوای لێ كراوه كه ڕێگه بدات به بڵاوكردنه‌وه‌ی بڕیاره دادگه‌یییه‌كان له هه‌موو قۆناغه‌كانه‌وه و، هه‌روه‌ها ڕێگه به دادوه‌ران بدات وانه‌ی پراكتیكی له كۆلێژه‌كانی یاسا بڵێنه‌وه، له‌به‌ر ئه‌و هۆكارانه‌ی كه له سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان بۆی كردووه؛ چونكه به‌رده‌وامبوونی ئه‌م دۆخه به‌م شێوه‌ی ئێستا هه‌یه، له كۆتاییدا ده‌بێته هۆی لێكجیابوونه‌وه‌ی یه‌كجاره‌كی له نێوان كۆلێژه‌كانی یاسا و شاره‌زاییی پراكتیكی كه ئه‌مه‌یش هاوته‌ریبه له‌گه‌ڵ دووریی شوێنی كۆلێژه‌كانی یاسا له شوێنی باڵاخانه‌ی دادگه‌كان كه سه‌ره‌نجام لاوازكردنی لایه‌نی پراكتیكیی قوتابیانی كۆلێژی یاسای قووڵتر كردۆته‌وه.