جەنگی سێبەرەکان؛ پاڵنەر و ئامانجەکانی گەڕی نوێی هێرشەکانی میلیشیاکان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق لە ٢٠٢٢

پێنووس

هاوکات لەگەڵ ساڵیادی کوژرانی "قاسم سولەیمانی"، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری پێشووی سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، بەرەبەیانی ٥/١/٢٠٢٢ لە ڕێگەی چوار مووشەکی کاتیۆشاوە، هێرش کرایەوە سەر "بنکەی سەربازیی ڤیکتۆریا"ی هێزەکانی ئەمریکا لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا، کە مووشەکەکان لە "گەڕەکی جیهاد"، نزیکی فڕۆکەخانەوە هەڵدرابوون. هەروەها لە هەمان ڕۆژ 05-01-2021، شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق لە ڕاگەیه‌ندراوێکدا بڵاوی کردەوە، مووشەکێک لە "سەربازگەی نەسر" لە ڕۆژاوای بەغدا کەوتووەتە خوارەوە کە ئەویش لە گەڕەکی جیهادەوە ئاراستە کراوە؛ هەر لەو ڕۆژەدا دووبارە لە پارێزگای ئەنبار پێنج مووشەک ئاراستەی بنکەی ئاسمانیی "عەین ئەسەد" کران. ئەمە لە کاتێکدا بوو ڕۆژی پێشتریش لە ڕێکەوتی ٤-١-٢٠٢٢ بنکەکانی هێزەکانی ئەمریکا لە "دێرزوور"ی سووریا کرایە ئامانجی هێرشی مووشەکی و لە ڕێکەوتی ٤-١-٢٠٢٢، دوو درۆن (فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان)ی بۆمبڕێژکراو هێرشیان كرده‌ سه‌ر ئاسمانی بنکەی عەین ئەسەد لە ڕۆژاوای ئەنبار و، هەر لە هەمان ڕۆژدا كاروانێكی هاوپه‌یمانیی‌ نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش بە بۆمبێكی چێنراو كرایه‌ ئامانج. ڕۆژی ٣-١-٢٠٢١، دوو درۆنی دیکە، لە ئاسمانی بنکەی ڤیکتۆریا، نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا تەقێنرانەوە و، له‌سه‌ر درۆنه‌كان نووسرابوو "تۆڵه‌ی سه‌ركرده‌" و "تۆڵه‌ی سولەیمانی"؛ وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ تۆڵه‌كردنه‌وه‌ی كوژرانی ئه‌بو موهه‌ندیس و قاسم سوله‌یمانی.

لەم نێوەیشدا، "جۆن کێربی"، وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ڕای گەیاند: "ئەم هێرشانە لەگەڵ تەکتیک و ڕێوشوێنەکانی هێزە میلیشیایییه‌کانی لایەنگری ئێراندا هاوشێوەیی و وێکچوونیان هەیە، بەڵام لێکۆڵینەوەکان لەم بارەیەوە هەر بەردەوامە و بۆیە جارێ زووە کە سەبارەت بە ڕۆڵی ئێران لەم هێرشانەدا بگەینە ئەنجام." مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیران، لە ڕێکەوتی ٥-١-٢٠٢٢ ڕای گه‌یاند: "چەند کردەوەیەکی بێمانا هەیە و، لەگەڵ ڕۆژانی سەرەتای ساڵی نوێدا چەند مووشەکێک کەمپەکانی عێراق دەکەنە ئامانج، کە بێ گومان ئاسایش و سەقامگیری تێک دەدات." كازمى وەکوو ئاماژەیەک بۆ پاساوی لایەنە میلیشیایییه‌کان گوتیشی: "ڕۆڵی جه‌نگیی هێزەکانی هاوپەیمانانی ئەمریکا و نێودەوڵەتی لە عێراق کۆتایی هات و، هەموو سه‌ربازگه‌كان لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە وەرگیراون."

لێرەدا پرسیار ئەوەیە کە، بۆچی لەم کاتەدا و بەتایبەتی پاش هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق و بە جۆرێک سزادانی لایەنە میلیشیایییه‌کان لەلایەن گەلی عێراقەوە لە ڕێگەی سندووقەکانی دەنگدان و تەنانەت بایکۆتکردنەوە، ئەم جۆرە هێرشانە دەستی پێ کردۆتەوە، لە کاتێکدا عێراق بۆ پێکهێنانی حکوومەت و ڕێککەوتن و لێکنزیکبوونەوە و سازانی لایەنە سیاسییەکان، زیاتر لە هەموو کاتێک پێویستی بە ئارامی و سەقامگیری و خاوبوونەوەی بارگرژییەکانە؟ هەوڵ دەدەین بەکورتی ئامانج و پاڵنەر و بەم پێیەیش لێکەوتەکانی ئه‌م هێرشانه‌ بخەینە ڕوو.

 پاڵنەر، هۆکار و لێکەوتەکان

بە شێوەیەکی گشتی هێزە میلیشیایییەکان لە ئێستادا بەهۆی پێنج ڕووداوە لە دۆخێکی ئاڵۆز و دژواردان و لەژێر ڕۆشناییی ئەم  ڕووداو و گۆڕانکارییانەدا، دەکرێت ڕەفتار، ئامانج و پاڵنەرەکانی ئەم هێرشانە شرۆڤە بکرێن:

١- کۆتاییهاتنی جەنگی دژی داعش لە عێراق و ڕووخان و نەمانی خەلافەتی ئەم گرووپە و، بەم پێیەیش نەمانی ڕەوایەتیی مانەوە و بەردەوامیی ئەم هێزانە.

٢- جیاکردنەوەی حەشدی مەرجەعییەت لە حەشدی وەلائی، کە نیشانەی قەیرانی قووڵی ڕێکخستن و ئایدیۆلۆژیكە لەناو ئەو هێزانەدا.

٣- کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس و، بەم پێیە دەرکەوتنی ناکۆکی و لێکترازان لە نێوان ئەم هێزانەدا.

٤- خۆپێشاندانەکانی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٩ و ڕۆڵی ئەم هێزانە لە سەرکوتکردنی خۆپێشاندانەکان و دژایەتیی شەقامی عێراقی و خۆپیشاندەران بۆ ئەم هێزانە.

٥- ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی ٢٠٢١ و شکستی ئەم هێزانە لە ڕووی ئاستی جەماوەری و ژمارەی کورسییەوە.

یەکەم؛

پێدەچێت ئەم هێرشانە لە ساڵوەگەڕی کوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس، وەکوو سزا و تۆڵەکردنەوەیەک بێت لەلایەن میلیشیاکانەوە بۆ ئەوەی ئەو پەیامە هەم بە ڕای گشتیی ناوخۆی عێراق و لایەنگرەکانیان و، هەمیش ئەمریکییەکان بدەن کە، ئەو ڕووداوە فەرامۆش ناکەن و وەکوو بەڵێنیان داوە تۆڵەی کوشتنی ئەو کەسانە لە ئەمریکا دەکەنەوە؛ چونکە ئەو ڕووداوانە هاوکات بوو لەگەڵ هەڕەشەی بەرپرسانی باڵای ئێرانیش سەبارەت بە تۆڵەکردنەوە و سزادانی بکوژانی سولەیمانی و موهەندیس و، بەدیاریکراوی سەرۆککۆماری پێشووی ئەمریکا، دۆناڵد ترامپ و وەزیری دەرەوی پێشووتری ئەو وڵاتە، مایک پۆمپیۆ.

دووەم؛

وادەی کۆتاییهاتنی دەرچوونی هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا و هاوپەیمان لە ٣١-١٢-٢٠٢١ و هەڕەشەی گرووپە توندڕەو و چەکدارە میلیشیایییە عێراقییەکان، کە لە پاش ئەو ڕێکەوتە هەموو ئەو هێزانە دەکەنە ئامانج کە لە عێراق هێزی شەڕکەریان بمێنێتەوە، هۆکارێکی دیکەی ئەو هێرشانەیە. لەم ڕوانگەیەوە کە ئەم هێرشانە هەم وەکوو پابەندبوونه‌ بە بەڵێنی ئەو هێزە میلیشیایییانەیە و هەمیش پەیامەکە بۆ ئەمریکا و هاوپەیمانان کە ئەگەر هەر جۆرە دەستوەردانێکی سەربازی و تەنانەت سیاسی بکەن لە کاروباری عێراق، ئەوە وەکوو ئەو بەڵێنەی کە پێشووتر داویانە هێرشیان دەکرێتە سەر.

 سێیەم؛

 دۆڕان یاخود پاشەکشە و شکستی ئەو لایەنە سیاسییانەی کە خاوەن هێزی چەکدار و میلیشیایین لە هەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق لە ١٠-١٠-٢٠٢١، وای کردووە کە بە ئەنجامەکان ڕازی نەبن و هەر بۆیە بۆ ڕزگاربوون لە بنبەستی سیاسیی ئێستای عێراق و ناچارکردنی لایەنەکانی تر بە بەشدارییان لە حکوومەت، بەتایبەتی سەدرییەکان، پێدەچێت ئەو هێزانە پەنایان بردبێتە بەر ئەو هێرشانە کە لەم ڕێگەیەوە بەناڕاستەوخۆ کەشێکی پڕ لە تۆقاندن دروست بکەن بۆ ئەوەی لایەنە براوەکان بە مەرجەکانیان ڕازی ببن. بۆیە دەکرێت ئەوە وەکوو دابەشکردنی ڕۆڵ و ئەرک سەیر بکرێت کە هاوکات لەگەڵ پەسندکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لەلایەن دادگه‌ی فیدراڵەوە و بێهیوابوونیان لە هەڵوەشانەوەی ئەنجامەکان یاخود گۆڕینی ئەنجامەکان و خێراتربوونی پرۆسەی پێکهێنانی حکوومەت و مەترسییەکانی پەرواێزخستنیان، ئەو هێرشانە ئەنجام دەدەن. دەکرێ بگوترێت کە ئەم هێرشانە وەک تەواوکەری پرۆسەی سیاسی لە عێراق، دەبینرێن؛ بەم واتایە کە هاوکات کە دانوستانەکان لە نێوان سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی- کە بە هێزەکانی لایەنگری ئێران و شکستخواردووی هەڵبژاردنەکان دادەنرێن- بەڕێوە دەچێت و ئەم هێزانەیش لە ڕێگەی گوشارەوە پرۆسەکە خێراتر دەکەن بۆ ئەوەی هاوسەنگیی تێکچوو بەهۆی ئەنجامەکانەوە دروست بکەنەوە.

چوارەم؛

یەکێک لە پاڵنەرەکانی ئەم هێرشانە دەتوانێت ئەو ئامانجە بێت کە لەم ڕێگەیەوە پەیام دەدەنە سەدرییەکان و حکوومەتی داهاتوو کە بیر لە هەڵوەشانەوە یاخود چەککردنی ئەو گرووپانە نەکرێت؛ بەم واتایە، ئەو هێزە میلیشیایییانە بەم هێرشانە نیشانی دەدەن کە توانای ئەنجامدانی چالاکییان هەیە لە هەر ئەگەرێکی نەخوازراوی سیاسی کە کاریگەریی لەسەر داهاتوو و چارەنووسی ئەو هێزانە هەبێت. لە ڕابردوویشدا ئەو هێزانە هەر بەم ڕێگەیەوە نیشانیان دا کە دەتوانن ڕێگە لە مستەفا کازمی بگرن بەرنامەی چەککردن یاخود لاوازکردنیان بگرێتە بەر. بۆیە ئەمە وەکوو هۆشدارییەک دەخوێندرێتەوە و پەیامێکە بۆ حکوومەتی داهاتوو و خودی موقتەدا سەدر کە چەندین جار بەڵێنی نەهێشتنی گرووپی چەکداری لە دەرەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت داوه‌.

بۆیە ئەم هێرشانە پەیامێکی ناڕاستەوخۆیە بۆ خودی مستەفا کازمی، کە لەم بۆشایییەی ئێستادا هیچ ڕەفتار و سیاسەتێک دژ بەو گرووپانە نەگرێتە بەر و ئەو پەیامەی پێ بدەن کە لە ئێستادا ئەوانن عێراق کۆنترۆڵ دەکەن و حاکمی ڕاستەقینەی عێراقن، نەک مستەفا کازمی و سوپای عێراق. بەم واتایە کە ئەگەر ئەوان بیانەوێت، ئەوا ئاسایش و سەقامگیری تێک دەدەن و ئەگەر بیشیانەوێت ئەوە بەشێک دەبن لە ئاسایش و ئارامیی وڵات؛ تەنانەت پەیامێکیشە بۆ شەقام و نەیارانی ئەو هێزانە کە لە ناڕەزایەتییەکانی ڕابردوو دژی ئەو هێزانە دروشمیان دا و داواکارییان بەرز کردەوە. بە مانایەکی تر، لەم ڕێگەیەوە ئەم هێزانە ئەو پەیامە ده‌گه‌یه‌نن کە ئەگەر لایەنەێکی سیاسی بیەوێت لە ڕێگەی شەقامەوە کۆنترۆڵی سیاسیی عێراق بکات، ئەوە ئەم هێزانە هەمان توانای ڕابردوویان هەیە کە سەرکوتی خۆپیشاندەر و ناڕەزایەتییەکان بکەن و تەنانەت ئەنجامەکانی هەڵبژاردنیش، هیچی لە بارودۆخەکە نەگۆڕیوە!

پێنجەم؛

ئەم هێرشانە دەتوانێت بۆ هەرێمی کوردستان و ناوچە و هێزە سوننەکانیش هەڵگری واتا و پەیام بێت، چونکە لەم ڕێگەیەوە ئەو هێزانە نیشان دەدەن کە لە ئەگەری پەرواێزخستنیان یاخود تێکچوونی ناوماڵی شیعە، دەتوانن هێرشیان بکەنە سەر. بۆیە لەم ڕێگەیەوە پەیام دەدەنە کورد و سوننە، کە نەبنە لایەنێک لە هاوکێشەکان بۆ دروستکردنی هاوسەنگیی نوێ، تاوەکوو خودی شیعەکان لەنێو خۆیاندا دەگەنە ڕێککەوتن. ڕاستییەکەی، لە ڕابردوویشدا ئەم هێزانە، چ لە ناوچە سوننەکان و چ لە هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، بۆ گەیاندنی پەیام و هەڕەشەکردن بە مەبەستی هێنانەدیی ئامانجە سیاسییەکانیان لە ڕێگەی هێرشەکانیانەوە ئەوەیان کردووە، بەتایبەتی پاش ڕووداوەکانی کوشتنی سولەیمانی و موهەندیس کە کورد و سوننە بەشدار نەبوون لە بڕیاری پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە دەرکردنی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق.

کۆبەند

بەڕێوەچوونی هاوکاتی دانوستانەکانی زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی ١+٤، هەروەها بەشداریی ناڕاستەوخۆی ئەمریکا لە ڤیەننا، دەتوانێت سەرەداوێکی تری دۆزینەوەی هۆکاری بەرزکردنەوەی ئەم بارگرژییانە بێت؛ بەم واتایە کە ئەم هێرشانە لەلایەن ئەو گرووپانەوە ئەنجام دەدرێت کە لە دەرەوەی دامەزراوە فەرمییەکانن و نە حەشدی شەعبی و نە ئێران بەرپرسیارێتییان هەڵناگرن، بەڵام لە هەمان کاتدا وەکوو جۆن کێربی، وتەبێژی پێنتاگۆن ڕای گەیاندووە: هاوشێوەیی لە نێوان ئەو هێرشانەی ساڵی ٢٠٢٢ لەگەڵ هێرشەکانی ڕابردوی ئەو گرووپانەوە هەیە کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن.

لێرەوە لە وه‌ڵامی "جۆن کێربی" دەردەکەوێت کە، ئەمریکای سەردەمی جۆ بایدن نایەوێت هیچ ئاڵۆزی و پچڕانێک لە ڕەوتی گفتوگۆکانی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران لە ڤیەننا دروست ببێت و، بۆیە نایانەوێت کە ڕاستەوخۆ ئێران و تەنانەت گرووپەکانی لایەنگری تۆمەتبار بکەن؛ چونکە بە بڕوای تیمی ئیدارەی جۆ بایدن، ئەگەر ئەم کارە بکەن، ئەوە هەم ئێران لە ڕێککەوتن دوور دەکەوێتەوە و هەمیش ئەگەر ئەم کارە بکەن و ئێران و لایەنگرانی تۆمەتبار بکەن، ئەوە دەبێت بۆ ڕازیکردنی ڕای گشتیی ناوخۆی ئەمریکا و هەمیش پاراستنی شکۆی ئەمریکا وڵامی ئەم هێرشانە بدەنەوە.

لێرەدا بە بڕوا و لێکدانەوەی ئیدارەی جۆ بایدن، لەوانەیە بارگرژییەکان زیاتر بێت و ئەگەری پێکدادان لە نێوان ئەمریکا و هێزەکانی لایەنگری ئێران لە عێراق بەرز بێتەوە و؛ تەنانەت ئەمریکا ڕای گەیاندووە هیچ هێزێکی شەڕکەری لە عێراق نەماوە، جارێکی تر ناچار بێت هێزی سەربازی ڕەوانەی عێراق بکات و ئەمەیش ئەو شتەیە کە ئێران و لایەنگرانی دەیانەوێت کە هەم ئەمریکا تۆمەتبار بکەن کە ڕاستگۆ نییە و لە عێراق دەرنەچووە و، ئەمەیش میلیشیاکان لە عێراق بەهێز دەکات و هەمیش بەپێچەوانەی سیاسەت و دروشمی ئیدارەی بایدن کە دەیەوێت ئەمریکا لە جەنگە بێکۆتاکان بەدوور بگرێت و هێزە سەربازییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکشێنێتەوە، ڕەفتار بکات. هەموو ئەم ڕاستییانەیش لەوانەیە لەلایەن ئێرانەوە خوێندنەوەی بۆ کرابێت بۆ ئەوەی ئاستی بارگرژییەکان تا ڕاددەیەک بەرز بکەنەوە کە ئەمریکا ناچار بە سازان لە ڤیەننا بکات و لە هەمان کاتیشدا ئێران ناچار نەبێت کە بەرپرسیارێتی هەڵبگرێت و هیچ گوشار و مەرجێکی نوێیش نەخرێتە سەر ئێران و، تەنیا دانوستانەکان تەرخان بکرێت بۆ لادانی سزا و ئابڵووقەکانی سەر ئێران، نەک پرس و بابەتی دیکە.

جگە لەمانەیش ئەم هێرشانە بەڵێنی ئێران بۆ تۆڵەکردنەوە لە بکوژانی سلێمانی و موهەندیس، هەروەها دەرچوونی ئەو هێزانە لە عێراق و هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەباتە سەر، بەبێ ئەوەی بەرپرسیارێتییان بخاتە ئەستۆ. هەروەها بەشێک لەو دروشمانەیش دەکاتە ڕاستی، کە ئێرانییەکان ڕایان گەیاندووە "ئەوە "بەرەی خۆڕاگری"یە کە تۆڵەی سولەیمانی دەکاتەوە." بێجگە لەوەیش، پێدەچێت هەندێ جاریش هێزە میلیشیایییەکان بۆ مەرام و مەبەستی تایبەتی خۆیان و تەنانەت کێشە ناوخۆیییەکانیان لە فەرمانی ئێران دەربچن؛ بەتایبەتی پاش نەمان و کوژرانی کەسانێكی کاریگەر و خاوەن کاریزما بۆ میلیشیاکانی شیعە وەکوو سولەیمانی و موهەندیس.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples