پێنووس
کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، کۆبوونەوەیەکی ساڵانەیە کە لە ساڵی ١٩٦٣ لە جهنگی ساردەوە هاتە ئاراوە؛ کۆنفرانسێک کە لە ناوەندە سیاسی و میدیایییەکان بە "داڤۆسی ئاسایش"یش ناو دەبرێت. لە سەرەتادا ئەم دیدارە هێندەی ئەمڕۆ فراوان نەبوو؛ ژمارەی بەشداربووانیش لە چەند کەس تێ نەدەپەڕی. هەر لە سەرەتاوە ئەم کۆڕبەندە، کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی بوو کە تیشکی خستە سەر پرسە ئەمنییەکانی نێوان وڵاتانی سەروو-ئەتلانتیک. لەم دیدارەدا خانەخوێ ئەڵمانییەکان، نیگەرانییە سەربازی و ئەمنییەکانیان لەگەڵ هاوتاکانیان، بەتایبەتی ئەمریکا، بەتایبەت لە سەردەمی جەنگی سارددا تاوتوێ دەکرد. بەڵام له ماوەی ٥٠ ساڵی ڕابردوودا ئه م کۆنفرانسه بەردەوام له پەڕەسەندندا بووه و، میونشن بۆته شوێنی کۆبوونەوەی سەربەخۆ بۆ سیاسەتمەداران و پسپۆڕان بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕا لەسەر گرنگترین پرسهکانی ئێستا و داهاتووی سیاسەتی ئاسایشی نێودەوڵەتی.
دامەزرێنەرانی ئەم لووتکەیە بریتی بوون لە ئیڤاڵد ڤۆن کلیست، كە لایەنگریی لە بەرخۆدان لە دژی نازییەکانی سەردەمی هیتلەر دەکرد؛ هەروەها ئێدوارد تایلەر، فیزیازانێکی ئەڵمانی بوو. دوای کۆتاییهاتنی جەنگی سارد، دامەزرێنەران و ڕێکخەرانی ئەم کۆبوونەوەیە بڕیاریان دا کە فەزای ئامادەبوونی وڵاتانی دیکە لەم کۆبوونەوەیەدا فەراهەم بکەن و نوێنەری ئەو حکوومەتانەی کە بەشێک نەبوون لە جیهانی ڕۆژاوایی، بانگهێشتی ئەم کۆنفرانسە بکەن. ڤۆن کلیست لە ساڵی ٢٠١٣ کۆچی دواییی کرد، بەڵام میراتەکەی بەردەوامە و بە درێژاییی دەیان ساڵ، تەنانەت دوای جەنگی ساردیش، کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن سەرەڕای ئەو گۆڕانکاری و نوێکارییانەی کە بەسەریدا هاتووە، بەردەوامە لە کارکردن.
پاشان "کریستۆف هویسگن"ی تەمەن ٦٧ ساڵ، دوای ١٤ ساڵ لە سەرۆکایەتیی ڤۆڵفگانگ ئیشینگەر، سەرۆکایەتیی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشنی وەرگرت؛ ئەمەیش ڕەنگە یەکێک بێت لە قۆناغە هەستیارەکانی کۆنفرانسەکە بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو. هویسگن وەک دیپلۆماتکارەکەی پێش خۆی، دیپلۆماتکارێکی بەئەزموونە و پێشتر باڵیۆزی ئەڵمانیا بووە لە نەتەوە یەکگرتووەکان.
لە دەیەکانی ڕابردوودا ژمارە و جۆراوجۆریی ئەکتەرە ئامادەبووەکانی ئەم کۆبوونەوە نێودەوڵەتییە بە تێپەڕبوونی کات زیادی کردووە و، ئەم ڕەوتە هێشتا لە فراوانبووندایە. بە گوتەی ڕێکخەرانی ئەم کۆنفرانسە، هەرچەندە کرۆکی ئەم کۆڕبەندە هەمیشە وەکوو کۆنفرانسی سەروو-ئهتلانتیک دەمێنێتەوە، بەڵام نوێنەری زلهێزەکانی وەک چین، بەڕازیل و هیندستان کە لە دۆخی گەشەسەندنی خێرادان، ئێستا دێنە ئەم کۆڕبەندە. هەروهها له ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا مشتومڕهکانی سەبارەت به بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، هەروەها ململانێکانی وڵاتانی عەڕەبی وای کردووه، سەرکردهکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست له لووتکەی میونشندا بهشداری بکەن و سەبارەت به کێشه ئەمنییەکانی ئێستای ناوچهكه گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی بیروڕا بکەن.
لەم نێوەندەیشدا بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، وەک سەرۆک و نوێنەری فەرمیی هەرێمی کوردستان، هەروەها کارەکتەرێکی سیاسیی عێراق کە کاریگەریی لەسەر هاوکێشە سیاسی و ئاسایشییەکانی عێراق و بەم پێیەیش ناوچەکەدا هەیە، بانگێشتی کۆنفرانسی ئاسایشی میویشن کراوە. جگە لەوەیش لە ساڵانی ڕابردوودا بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیا گەورەکان و چالاکانی مافی مرۆڤ و ژینگەپارێزی، هەروەها بەشێک لە نوێنەرانی کۆمەڵگەی مەدەنیی جیهانی، هاتوونەتە میونشن بۆ گفتوگۆکردن و ئاڵوگۆڕی بیروڕا لەسەر پرسە پەیوەندیدارەکان و بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکان لە هۆتێل بایریشێرهۆف.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کۆنفرانسی ئاسایشی (٢٠٢٣)
کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن ١٠ ڕۆژ پێش یەکەمین ساڵیادی لەشکرکێشیی سەربازیی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراینا دەست پێ دەکات؛ ساڵڕۆژێک کە بێ گومان سێبەری بەسەر هەموو لایەنەکانی ئەم کۆنفرانسەوەیە. ئەم کۆنفرانسە کە بەزۆری کەمتر لە سێ ڕۆژ دەخایەنێت، فەزایەکی نافەرمییه بۆ کۆبوونەوەی دەیان بەرپرسی وڵاتانی جیهان، کە بە ئامادەبوونی سیاسەتمەدار و پسپۆر و چاودێران و شارەزایان لەسەر پرسە جۆراوجۆرەکانی جیهان، بیروڕا ئاڵوگۆڕ دەکەن. یەکێک لە کۆبوونەوە گرنگەکانی پەراوێزی کۆنفرانسەکە، کە بڕیارە لەم شوێنەدا بەڕێوە بچێت، کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی "گرووپی حەوت کەسی"یە کە پێک هاتووە لە کەنەدا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، ژاپۆن، بریتانیا و ئەمریکا.
ڕاوێژکاری ئەڵمانیا و سەرۆکی فەڕەنسا و سەرۆکوەزیرانی بریتانیا و جێگری سەرۆکی ئەمریکا و وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لەنێو ئەو کەسانەدان کە لە (٥٩)یەمین لووتکەی ئاسایشی میونشن ئامادە بوون. ژمارەی ئەندامانی شاندی ئەمریکیی بەشدار لە کۆنفرانسی ئەمساڵدا بێوێنەیە و نزیکەی ٦٠ نوێنەری کۆنگرێسی ئەمریکا یاوەریی کامالا هاریس و ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەکەن. چین کە تا ئێستا ئهوهی ڕهت كردۆتهوه كه دەستدرێژیی سەربازیی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراینا ئیدانە بکات، شاندێکی بە سەرۆکایەتیی وانگ یی، وەزیری پێشووی دەرەوەی وڵاتەکەی، ڕەوانەی میونشن کرد. پرسی جهنگی ڕووسیا لە ئۆکراینا کە وەک هێرشی ڕووسیا بۆ سەر وڵاتێکی ئەوروپی سەیر دەکرێت، یەکێکە لە تەوەرە گرنگەکانی کۆنفرانسی میونشنی ئەمساڵ. ئاسایشی وزە و ئاسایشی سەربازیی وڵاتانی دیکە، کە ڕەنگە لەژێر هەڕەشەدا بن، جێی سەرنجی کۆبوونەوەی ئەمساڵی کۆنفرانسەکەن.
کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن (MSC 2023): گۆڕانکاری و بەردەوامی لە هاوکێشە ئاسایشییەکانی جیهان
ڕێکخەرانی کۆنفرانسی میونشن، لە بەشی "ئەرکی ئێمە"، ئامانجی خۆیان خستۆتە ڕوو کە ئەنجامدانی ئەم کۆبوونەوەیە، دروستکردنی متمانە و یارمەتیدانه بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان بە شێوەیەکی ئاشتییانە لە ڕێگەی پاراستنی دیالۆگێکی بەردەوام و چاودێریکراو و نافەرمی لە کۆمەڵگەی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا. جگە لەوەیش جەخت لەوە دەکرێتەوە کە ئەم کۆبوونەوەیە شوێنێکە بۆ پلاندانان بۆ دەستپێشخەرییە دیپلۆماسییەکان بۆ چارەسەرکردنی زەقترین نیگەرانییە ئەمنییەکان لە جیهاندا.
لە ڕاستیدا کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن کۆبوونەوەکانی خۆی بە جۆرێک لە "بازاڕی بیرۆکەکان" دەزانێت کە تێیدا دەستپێشخەری و چارەسەرەکان پەرەی پێ دەدرێت و بیروڕا لە نێوان لایەنەکاندا ئاڵوگۆڕ دەکرێت. لە پەراوێزی ئەم کۆنفرانسەدا، هەروەها بە سەرپەرشتیی ڕێکخەران، فەزای پارێزراو بۆ کۆبوونەوە نافەرمییەکانی نێوان بەرپرسانی وڵاتانی جیاواز و، هەروەها گرووپ و دامەزراوە جیاوازەکان دابین دەکرێت. هەروەها ڕاپۆرتی ئاسایشی میونشن لە کۆنفرانسەکەدا بڵاو دەکرێتەوە، کە ساڵانە پوختەیەکی خەرجییەکان، بەرنامەکان و لێکۆڵینەوە پەیوەندیدارەکان لەسەر ئاستەنگە گرنگە ئەمنییهكان دەخاتە ڕوو.
لەم کۆنفرانسەدا کە ساڵانێکی زۆرە لە مانگی شوباتدا بەڕێوە دەچێت، ٤٥٠ کەس لە بڕیاردەرانی دیار و باڵا و، هەروەها سەرکردەی بیرمەند لە سەرانسەری جیهان، لەوانە: سەرۆکی دەوڵەتان، وەزیرەکان، کەسایەتییە دیارەکان، ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و ناحکوومییەکان، کۆ دەبنەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسە ئەمنییە جیاوازەکانی ڕۆژ و ئاڵوگۆڕی بیرۆکە. هەروەها ئەو گفتوگۆ و دیبەیتە گشتییانەی کە لەم کۆبوونەوەیەدا ئەنجام دەدرێن، لەلایەن ڕێکخەرانەوە بڵاو دەکرێنەوە. بەکورتی، کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن پێناسەیەکی گشتگیر بۆ ئاسایش لەخۆ دەگرێت، کە نەک تەنیا سەرنج دەخاتە سەر چەمکە کلاسیکییەکەی ئاسایش لە پرسە سەربازی و نیشتمانییەکان، بەڵکوو گرنگییەکی پێویست بە ڕەهەندە ئابووری و ژینگەیی و مرۆیییەکانی ئاسایشیش دەدات.
نێچيرڤان بارزانى، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سڵێست واڵندەر، یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمریکا بۆ کاروباری ئاسایشی نێودەوڵەتی (١٧-٢-٢٠٢٣)
(٥٩)یەمین کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن (١٧-٢-٢٠٢٣)، بە بەشداریی سەرکردە و شاندی باڵای ٩٠ وڵات، لە دۆخێکدا بەڕێوە دەچێت کە بەڕێوەبەرانی کۆنفرانسەکە، بۆ یەکەم جار لە مێژووی ئەو کۆبوونەوانە نێودەوڵەتییانەدا، بە بەشداریی کەسایەتییە دیارەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی لە جیاتی نوێنەرانی ڕژێمی ئێران بانگهێشت کراون؛ ئەمە جگە لەوەی کە ڕووسیاش بەهۆی هێرشی ساڵی ڕابردووی بۆ سەر ئۆکراینا، بانگهێشت نەکراوە. هەر بۆیە کریستۆف هویسگن، سەرۆکی کۆنفرانسەکە، بە وەبیرهێنانەوەی ساڵوەگەڕی یەکەم ساڵیادی هێرشی سەربازیی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراینا ڕای گەیاند: "جهنگی ئۆکراینا جهنگی نێوان سەروەریی یاسا و یاسای بەهێزترینەکانە و، لێرە لە میونشن تەنیا لایەنگرانی سەروەریی یاسا ئامادەن."
هەرچەندە قەیرانە جیاجیا جیهانییەکان و بەتایبەتی جەنگ و وزە و پەیوەندییەکانی ڕۆژاوا و چین و، ڕۆژاوا و ڕووسیا و، هەروەها وڵاتە هاوپەیمان و نەیارەکانی ڕۆژاوایی و بەگشتی پرسە ئاسایشییەکان لەم کۆنفرانسەدا گرنگیی تایبەتی پێ دەدرێت، بەڵام پرسەکانی مافی مرۆف و پەرەپێدانی جێگیر و بەردەوام و دیموکراسییش بەشێکی گرنگی ئەم کۆنفرانسە ئاسایشییەن؛ چونکە دەوڵەتانی ئەوروپی و ئەمریکا و بەگشتی وڵاتانی دیموکراتی، مافی مرۆڤ وەک بەشێک لە بەها باڵا و لیبراڵەکانی خۆیان دەبینن. هەر بۆیە، ڕاپۆرتی ساڵانەی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، لەو بەشەی کە باس لە پرسی مافەکانی مرۆڤ دەکات، باس لەوە دەکات کە: "لە ماوەی زیاتر لە حەوت دەیە لە دوای پەسەندکردنی بەیاننامەی جیهانیی مافی مرۆڤ، مافی مرۆڤ نەک تەنیا لە دۆخێکی ناخۆشدایە، بەڵکوو مافەکانی مرۆڤ وەک ئایدیاڵێکی جیهانی، تووشی ئالنگاری بووە."
ئێران و ڕووسیا و چین؛ سێکوچکەی هەڕەشە و ئەکتەری نەخوازراو و نەیاری ئاسایشی ڕۆژاوایی
هەرچەندە ئێران بانگهێشت نەکراوە، بەڵام سیاسەتەکانی ئەم وڵاتە و ڕژێمەکەی، جێگەی نیگەرانیی ئاسایشیی زۆربەی بەشداربووان و بەتایبەتی دەوڵەتانی ڕۆژاوایییە؛ هەر لە گفتوگۆکانی زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی و نیگەرانییەکانی دەوڵەتانی ڕۆژاوایی و ناوچەکە پەیوەست بە پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی، تاوەکوو یارمەتییە سەربازییەکانی ئەم دوایییەی بۆ ڕووسیا سەبارەت هەناردەکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک لە جەنگی ڕووسیا و ئۆکراینا. جگە لەمانەیش، شۆڕشە جەماوەرییە ناسراوکەی ئەم دوایییە لەژێر ناونیشانی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" کە وڵاتانی ڕۆژاواییی خستۆتە دۆخێکی هەستیار و چارەنووسساز، بەو پێیەی کە ئەگەر ئەم شۆڕشە درێژە بکێشێت، ناچارن بۆ دەستەبەرکردنی بەرژەوەندی و پاراستنی ئاسایشیان پێداچوونە به بەشێکی زۆر لە سیاسەتەکانیاندا لە هەمبەر ئێراندا بکەن. هەروەها هاوپەیمانە ڕۆژاوایییەکانیش لە ناوچەکە، نیگەرانن لە پەرەسەندنە سیاسی و ئاسایشییەکانی ئێران و دەستوەردانەکانی لە وڵاتانی ناوچەکە. هەر بۆیە جەنەڕاڵ یۆئاڤ گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل- لە یەکەم وتاردەرانی لووتکەی میونشن- ڕۆژی هەینی ڕای گەیاند؛ سەرەڕای گەمارۆی چەک لەسەر کۆماری ئیسلامیی ئێران، حکوومەتی تاران چەک بە نزیکەی ٥٠ وڵات دەفرۆشێت. وەزیری بەرگریی ئیسرائیل داوای کرد، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی "میکانیزمێکی کاریگەری ڕێگر بۆ سزادان لە دژی ئێران" دابنێت.
لە لایەکی تریشەوە، ڕووسیا بەهۆی ئەم جەنگەی دوایی و هێرش بۆ سەر ئۆکراینا بانگهێشێت نەکراوە؛ لەم بارەیەوە سەرۆکی ئەم کۆنفرانسە وتی: ئێمە بانگهێشتی بەرپرسانی ڕووسیامان نەکرد بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسی ئەمنیی ئەمساڵ لە میونشن، چونکە نامانەوێت کۆنفرانسی ئاماژەپێکراو ببێتە سەکۆیەک بۆ پڕوپاگەندەی ڕووسیا. لە ساڵانی ڕابردوودا هەمیشە نوێنەری هەموو ئەو وڵاتانەی پەیوەست بوون بە پرسەکانی سیاسەتی ئەمنیی جیهانییەوە، بانگهێشت دەکران بۆ کۆنفرانسی میونشن؛ جگە لە کۆریای باکوور کە تەنیا جارێک بانگهێشتی ئەم کۆنفرانسە کرابوو.
بەڵام هەر بانگهێشتنەکردنەکەی ڕووسیا، نیشان لە پرسەکان و دڵەڕاوکێی ڕێکخەرانی کۆنفرانسەکە دەدات، چونکە بەتەواوی، ئاسایشی دەوڵەتانی ئەوروپا و سیستەمی هەرێمایەتیی پاش جەنگی دووەمی جیهامی و تەنانەت سیستەمی نوێی جهانیی لە دوای کۆتاییهاتنی جەنگی ساردی خستۆتە مەترسییەوە. هەر ئەمەیش وای کردووە کە، دەوڵەتێک وەک ئەڵمانیا بە سیاسەتی لەمێژینەی خۆیدا بچێتەوە و خۆی پڕچەک بکات و تەنانەت چەک ڕەوانەی ئەو ناوچانە بکات کە ناوچەی جەنگ و پێکدادانە؛ کە ئەمەیش بەپێچەوانەی ڕوانگە و سیاسەتی پێشووتری سیاسەتمەدارە ئەڵمانی و ستراتیژیستە سەربازی و ئاسایشییەکانی ئەو وڵاتە بووه لە پاش جەنگی جیهانیی دووەم، کە پەرەپێدانی ئابووری و دیپلۆماسی، بنەمای سیاسەتی دەرەوەی ئەو دەوڵهتە گرنگەی ئەوروپا بووە.
نێچيرڤان بارزانى، سهرۆكى ههرێمى كوردستان و ماتيوس مۆراوسكى، سهرۆكوهزيرانى پۆڵۆنيا (١٧-٢-٢٠٢٣)
لەم نێوەندەیشدا، چین وەکوو یەکێک لە گەورەترین هاوبەشەکانی ئەوروپا و ئەمریکا، ئەکتەر و پرسێکی ناوەندییە بۆ ئاسایشی سەربازی و ئابووری و تەنانەت سیاسیی وڵاتانی ڕۆژاوایی؛ چونکە هەم لەگەڵ ڕووسیا و ئێران پەیوەندییەکی توندوتۆڵی هەیە و، ههمیش تەنانەت وەکوو مەترسییەک بۆ سیستەمە نێودەوڵەتییە ڕۆژاوایییەکە دادەنرێت کە دەوڵەتانی ڕۆژاوایی هەوڵی پاراستنی دەدەن. ئابووریی گەشەسەندووی چین لە داهاتوویەکی نزیک هەڕەشە لە تاقانەییی ئەمریکا دەکات و لە هەمان کاتیشدا ئەم ئابوورییە وەکوو بنەمایەکی پتەو بۆ بەهێزبوونی سەربازی و سیاسیی چین دادەنرێت کە خاوەن سیستەمێکی سیاسیی نادیموکراتییە. لێرەوەیە کە پرسەکانی دیموکراسی و ماڤی مرۆڤ، هەم ئامانج و هەمیش ئامرازی گوشاری ڕۆژاوایییەکانە لە پەیوندییەکانیان لەگەڵ چین. ڕاستییەکەی، هەر ئەکتەرێک کە داوای پێداچوونەوە لە بنەما و پرەنسیپەکانی سیستەمی نێودەوڵەتی بکات، وەکوو هەڕەشە بۆ ئۆردەری نێودەوڵەتی (international order) دادەنرێت؛ بەڵام پارادۆکسی دۆخەکە لەوەدایە کە هەر پاشەکشەیەکی ئابووریی چین، هەڕەشە لە ئاسایشی ئابووریی دەوڵەتانی ئەوروپی و بەگشتی ئابووریی جیهان دەکات، کە بۆ دەوڵەتانی ئەوروپی پرسێکی ژیانییە. ئەمە جگە لە پرسەکانی ئاسایشی سایبەری و ئاسایشی وزە کە ڕووسیا و ئێران و پاشان چین لە ڕووی ئاسایشی تۆڕەکان و ئاسایشی سایبەرییەوە ڕۆڵی سەرەکییان لە دروستکردنی دۆخە نائاسایشییەکەی دەوڵەتانی ڕۆژاوایی هەیە.
کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن؛ دەرفەتێک بۆ دیپلۆماسیی نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان
بەشداریی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەم کۆنفرانسە بە بەروارد بە ساڵانی ڕابردوو هەستیارتر و گرنگترە؛ بەو پێیەی کە هەم هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی چەندان ئالنگاریی ناوخۆیی و دەرەکیی گەورە بۆتەوە و، هەمیش بارودۆخی ئاسایشی نێودەوڵەتی و ناوچەیی لە دۆخ و قۆناغی گۆڕان و تەنانەت وەرچەرخاندایە. لە لایەکی تریشەوە، بەهۆی ئەم گۆڕانکاری و بارودۆخەوە دەرفەتیش گونجاوە بۆ ئەوەی کە هەم ڕووبەڕووی ئەم کێشە و مەترسییە ئاسایشییانە ببێتەوە و تەنانەت کەڵک لەم هاوکێشانە وەربگرێت بۆ بەهێزبوون و گرێدانی بەرژەوەندییەکانی لەگەڵ ئەکتەرە جۆراوجۆرەکان، چونکە هەرێمی کوردستا خاوەنی ئەو سەرچاوانەیە کە ڕۆژاوا هەوڵ دەدات وەکوو جێگرەوەیەکی وزەی ڕووسیا دەستەبەری بکات، بەتایبەتی گازی سروشتی.
لە لایەکی تریشەوە، هەرێمی کوردستان بەشێکە لە سیستەمی ئاسایشی دژەتیرۆری ڕۆژاوایی لە ناوچەکەدا و، ئەمەیش پێگەی لە کۆنفرانسەکە بەرز دەکاتەوە؛ هەروەها پرسی پێکەوەژیانی ئاشتییانە و فرەیی لە هەرێمی کوردستان، ئەو خاڵەیە کە بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەتوانێت وەکوو فاکتەرێکی بەهێز، هەرێمی کوردستان بە وڵاتانی ڕۆژاوایی ببەستێتەوە و جگە لەمانەیش، کەسایەتیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە بە کەسایەتییەکی ئاشتیخواز و سیاسییەکی میانڕەو دادەنرێت و بڕوای بە فرەلایەنگەرایی هەیە، یارمەتیدەری سەرەکییە کە هەرێمی کوردستان بتوانێت لەم کۆنفرانسەدا وەکوو ئەکتەرێکی جێگەی متمانەی ڕۆژاوا دەربکەوێت.
دانیشتنە دووقۆڵی و چەندقۆڵییەکان، وەکوو نەریتێکی کۆنفرانسەکە، یارمەتیدەرە کە سەرنجی دەوڵەتان و ئەکتەرە ئاسایشییەکان بۆ هەرێمی کوردستان ڕابکێشرێت، چونکە بەشێک لە دیدار و کۆبوونەوەکان بەنهێنی دەمێنێتەوە؛ بەتایبەتی کە هەرێمی کوردستان ئەکتەرێکی گرنگە لە ئاسایشی عێراق و، عێراقیش وەکوو دەوڵەتێکی ناوەند لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە ڕووی ئاسایشی سەربازی (جەنگی دژی تیرۆر) و وزەوە بۆ دەوڵەتانی ڕۆژاوایی و تەنانەت سێکوچکەی ئاماژەپێکراو (ڕووسیا و چین و ئێران) گرنگیی تایبەتی هەیە.
کۆبەند
ئەم جۆرە لووتکە و کۆنفرانسانە دەتوانێت دەرفەتێک بێت بۆ ئەکتەرە نادەوڵەتییەکان، کە هاوشانی دەوڵەتان بەشدار بن لە دروستکردنی ڕوانگەیەکی هاوبەشی ئاسایشی و سیاسی و تەنانەت ئابووری بۆ بڕیاردهرانی دەوڵەتانی کاریگەر لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی. جگە لەمەیش کاتێک کە دۆخی ئاسایشی هەرێمایەتی یاخود نێودەوڵەتی دەکەوێتە بهردهم هەڕەشە یان بەرەو وەرچەرخان و گۆڕانکاری دەچێت، ئەوە ئەکتەرەکان هەوڵ دەدەن پێناسەیەکی نوێ لە هەڕەشە و مەترسییەکان، هەروەها هاوپەیمان و ڕکابەر و دوژمنانیان بخەنە ڕوو و پاشان بەشدار بن لە داڕشتنی سیستەم و ئۆردەرە چاوەڕوانکراوە نوێیەکە. ئەم هاوکێشەیەیش پێگەی ئەکتەرەکان بەهێز دەکات. کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە ساڵی ٢٠٢٣ لە بارودۆخێکی لەرزۆک و هەستیاری ئاسایشیدا بەڕێوە دەچێت کە بۆتە هۆکاری پێداچوونەوە بە سیاسەتی سەربازی و ئاسایشیی دەوڵەتانی ڕۆژاوایی و لێکنزیکبوونەوەیان.
لەم چوارچێوەیەدایە کە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی بە نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان، دەتوانێت دیپلۆماسییەکی فرەڕەهەند بگرێتە بەر، کە لەسەر بنەمای هەمان پڕەنسیپی ڕۆژاوایییەکان بێت کە فرەلایەنگەرایییە؛ چونکە هەم ئەکتەرە ئاسایشییەکان فرە و جۆراوجۆرن و هەمیش بەرژەوەندییەکانیان، جیاواز و تەنانەت پێکناکۆکن. بەم پێیەیش بۆ ئەکتەرێکی نادەوڵەتی وەکوو هەرێمی کوردستان، دەرفەتە کە هاوبەشەکانی فرەجۆر بن و هاوپەیمانێتییهکانیشی قووڵتر و پتەوتر بکات و فاکتەرەکانی هێزی بخاتە ڕوو و تەنانەت دەستپێشخەری بکات لەو شوێنە جوگرافییەی کە کاریگەری و پێگەی بەهێزی هەیە.