پێنووس
تابوتەکەی شاژنە ئەلیزابێسی دووەم، ئێستا لە وێستمینستەر لە لەندەنە و تا ڕۆژی دووشەممە، ١٩ی ئەیلوول لەوێ دەمێنێتەوە، کە کاتی بەخاکسپاردنی دێت. ڕۆژانە هەزاران کەس چەند کاتژمێرێک لە ڕیزدا وەستاون بۆ ئەوەی لە بەردەم تابوتەکەدا بوەستن و ڕێز لە شاژنی کۆچکردووی بریتانیا بگرن. بە وتەی بەرپرسانی کۆشکی بەکینگهام، بنەماڵەی شاهانەی بریتانیا دوو جۆر بانگێشتنامەیان ناردووە: یەکەم بانگێشتنامە ڕەنگی سەوزە و بۆ سەرکردەکان و بەرپرسانی جیهان و سیاسەتمەداران و ئەندامانی بنەماڵە پاشایەتییەکانی ئەوروپا و، کەسایەتییە گشتییەکان نێردراوە. بانگێشتنامەی دووەم ڕەشە و دیزاینێکی سادەتری هەیە؛ ئەم بانگێشتنامهیە بۆ زیاتر لە ٥٠٠ کەسایەتیی پلەبەرزی جیهانی نێردراوە.
مەراسیمەکە لە وێستمینستەر بەڕێوە دەچێت، کە شاژنە ئەلیزابێسی دووەم لە ساڵی ١٩٥٣ تاجی لەسەر دانرا. کەنیسەی وێستمینستەر کڵێسایەکی مێژوویییە کە پاشا و شاژنەکانی بریتانیا لەو شوێنە تاجیان لەسەر دانراوە - بەڵام لە سەدەی (١٨)ەوە هیچ پرسەیەکی شاهانە لهوێ دانهنراوه. پرسەی باوک و باپیرەی شاژن و دایکی باپیرەی شاژن ئەلیزابێسی دووەم (شاژن ڤیکتۆریا)، هەموویان لە کەنیسەی سانت جۆرج لە ویندسۆر لە دەیەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا بەڕێوە چوو. جێگەی ئاماژەیە کە مەراسیمی ڕۆژی دووشەممە لە وێستمینستەر، یەکەم پرسەی "دەوڵەتییە" لە دوای ناشتنی سەرۆکوەزیرانی پێشووی بریتانیا، وینستن چەرچڵ لە کەنیسەی سانت پاوڵ لە لەندەن، کە لە مانگی یەکی ساڵی ١٩٦٥بەڕێوە چوو؛ چونکە لە ساڵی 1965ەوە و دوای مردنی وینستن چەرچڵ، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە، بریتانیا پرسەی فەرمیی بە مەراسیمی دەوڵەتی نەبینیوە. بەپێی خەمڵاندنەکان نزیکەی ٢٥ ملیۆن کەس لە بریتانیا و نزیکەی ٣٥٠ ملیۆن کەس لە جیهاندا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە تەلەڤزیۆنهوه سەیری پرسەی شاژنی کۆچکردوو دەکەن.
تابوتەکەی شاژنە ئەلیزابێسی دووەم (وێنە، ماڵپەڕی رووداو)
بە گوێرەی ڕۆژنامەی تهلهگراف، نزیكەی 500 كەسایەتیی دیاری جیهان بۆ پرسەی شاژنە ئەلیزابێس بانگێشت كراون. سەرۆکەکانی ئەمریکا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا، ئیمپراتۆری ژاپۆن و پاشای ئیسپانیا لەو کەسانەن کە بەشداریی ئەم مەراسیمە دەکەن. سەرچاوەیەک بە ڕۆژنامەی تەلەگرافی ڕاگەیاندووە: "ئەمە گەورەترین چالاکیی نێودەوڵەتییە کە لە چەند دەیەیەکدا میوانداریمان کردووە." هەروەها لەم مەراسیمەدا ئەندامانی بنەماڵەی شاهانەی بریتانیا، ئەندامانی بنەماڵە شاهانەیییەکانی سەرتاسەری ئەوروپا، کە خزم و کەسوکاری شاژنن، لەم مەراسیمەدا ئامادەن.
شا فیلیپ و شاژن "ماتیلده"ی بەلجیکا لە مەراسیمەکەدا بەشدارن. هەروەها ویلم ئەلێکساندەر پاشای هۆڵەندا، لەگەڵ شاژنە ماکسیما و دایکیان شازادە بیاتریس شاژنی پێشووی هۆڵەندا، لەم مەراسیمەدا ئامادە دەبن. هەروەها شا فیلیپ و شاژن لێتیزیای ئیسپانیا بانگێشتنامەکەیان قبووڵ کردووە بۆ بەشداریکردن لە مەراسیمەکەدا. هەروەها بنەماڵە شاهانەیییەکانی نەرویج، سوید، دانیمارک و شازادە ئەلبێرتی دووەم و شازادە شارلینی مۆناکۆ، هەموویان ئامادەبوونی خۆیان دووپات کردووەتەوە. هەروەها لیز ترەس، سەرۆکوەزیرانی بریتانیا و، هەروەها سەرۆکوەزیرانەکانی دیکەی پێشووی بریتانیا بەشداری لە مەراسیمەکەدا دەکەن. لەم مەراسیمەدا جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا و فرانک واڵتەر شتاینمایر، سەرۆکی ئەڵمانیا و سێرجیۆ ماتارێلا، سەرۆکی ئیتاڵیا و جەستن ترودۆ، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا و ناروهیتۆ، ئیمپراتۆری ژاپۆن بەشداری دەکەن. هەروەها سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا، ئورسولا ڤۆن دێر لاین و سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا، چارلز میشێل بەشداری لە چالاکییەکەدا دەکەن.
یەکشەممە ٢٠٢٢/٩/١٨ بەڕێز نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان له ڕێوڕهسمێكدا له كۆشكى شاهانهى بهكينگهام (وێنە، ماڵپەڕی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان)
ئەنتۆنی ئەلبانیز، سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا، بانگێشتی بەشداریکردن لە مەراسیمەکەدا قبووڵ کردووە. هەروەها جاسیندا ئاردێرن، سەرۆکوەزیرانی نیۆزلەندایش لەنێو بەشداربووانی ئەم مەراسیمەدا دەبێت. بەپێی زانیارییەکان، شێخ حەسینه کە ساڵانێکی زۆرە سەرۆکوەزیرانی بەنگلادیش بووە و ڕانیل ویکریمسینگ، سەرۆکی سریلانکا بانگێشتنامەکەیان قبووڵ کردووە بۆ بەشداریکردن لە مەراسیمەکەدا. هەروەها دراوپادی مورمۆ، سەرۆکی هیندستان بە ناوی ئەم وڵاتە لە مەراسیمەکەدا ئامادە دەبێت. وەزارەتی دەرەوەی چین ڕای گەیاندووە، لەسەر بانگێشتی حکوومەتی بریتانیا، وانگ کیشان، جێگری سەرۆکی چین بەشداری لە پرسەکەدا دەکات. هەروەها چەند سەرۆکێکی پێشوو و هاوسەرەکانیان، بەتایبەت باراک ئۆباما و هاوسەرەکەی، بانگێشتنامەی تایبەتیان بۆ هاتووە.
لەم نێوهدا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەسەر بانگێشتی فەرمیی حکوومەتی بریتانیا، بۆ بەشداری لە ڕێوڕەسمی ماڵاواییکردن لە شاژنە ئێلیزابێسی دووەم چۆتە لەندەن و، هاوشان لەگەڵ سەرکردە و پاشا و سەرۆکی وڵاتان ئامادەی مەراسیمەکە دەبێت. هاوکات بەپێی خشتەی سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە ٢ ڕۆژە، جگە لە چەندان دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتان، چاوی بە وەزیری دەرەوەی بریتانیا دەکەوێت و لە مەراسیمێکیشدا لە باڵیۆزخانەی عێراق لە لەندەن ئامادە دەبێت.
گرنگیی ئەم بانگێشت و پێشوازیکردنە شاهانەیە لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان
گرنگیی بانگێشتەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەر لەوەوە دەردەکەوێت کە لە پرۆتۆکۆڵی وەزارەتی دەرەوە بۆ بانگێشتکردنی ڕێوڕەسمى ماڵاواییکردن له شاژنى کۆچکردووى شانشینى یەکگرتوودا هاتووە کە: "بەهۆی نەبوونی شوێن لە پرسەی دەوڵەتیی ئەلیزابێسی دووەم و ڕووداوەکانی پەیوەندیدار، ڕێگە بە هیچ ئەندامێکی دیکەی بنەماڵەی میوانی سەرەکی یان بەرپرسانی وڵاتەکەی نادرێت بەشداریی مەراسیمەکە بکەن."
یەکەم؛ ئەم بانگێشتکردنە گوزارشتە لە پێگەی فەرمی و کەسایەتیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ئاستی نێودەوڵەتی؛ بەم واتایە کە بانگێشتکردنی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئەوە دەردەخات کە هەرێمی کوردستان وەکوو ئەکتەرێکی لاوەکی و لۆکاڵی نابینرێت. لێرەدا هەم کەسایەتیی پراگماتیست و میانڕەوی خودی نێچیرڤان بارزانی و هەمیش پێگەی هەرێمی کوردستان ڕۆڵی سەرەکییان هەیە، لە وڵاتێکدا و لەلایەن بنەماڵەیەکەوە کە تاوەکوو ئێستا بەناوبانگە بۆ وردبینی و شارەزایی لە هاوکێشەکانی جیهان بەگشتی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی. دیپلۆماسیی بۆنەکان، گەرچی شوێنی بڕیاردان نییە، بەڵام شوێنی چاوپێکەوتن، ڕا و ڕاوێژ و "لۆبیگەری"یە، کە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەو بوارەدا بەتوانایە. دیپلۆماسیی بۆنەکان ئەگەر پەیوەندیی بە کۆچی کەسایەتییەکانیشەوە هەبێت، بەڵام لە هەمان کاتدا دەرفەتیشە بۆ لۆبیگەری.
دووەم؛ لە پاش دەرچوونی بریتانیا لە یەکێتیی ئەوروپا، ئەم وڵاتە هەوڵ دەدات کە ڕوانگەیەکی فرەڕەهەند و فرەلایەنی بۆ هاوکێشە جیۆسیاسی و گۆڕانکارییە نێودەوڵەتییەکان هەبێت. بریتانیا هەوڵ دەدات ڕۆڵێکی نوێ و جیاواز لە ئاستی ناوچەکەدا بگێڕێت کە، بۆشاییی دەرچوونی ئەمریکا پڕ دەکاتەوە و ڕێگە لەوە دەگرێت کە دوژمنەکانی وەکوو هێزە تیرۆریستییەکان و نەیارەکانی وەکوو ڕووسیا و چین، هەروەها ئەکتەرە دەوڵەتییە ڕکابەرەکانی وەکوو ئێران و تورکیا، ئەم بۆشایییە پڕ بکەنەوە و ببنە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی بریتانیا. هەر لەم چوارچێوەیەدایە کە سیاسەتی نوێی بریتانیا تەنیا لە چوارچێوەی دەوڵەتان پێناسە ناکرێت و گرنگی بە ئەکتەرە کاریگەرەکانی گۆڕەپانی سیاسەتی نێودەوڵەتی، بەتایبەتی لە ناوچەیەکی ئاڵۆز و پڕمەترسیی وەکوو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدرێت. هەر بۆیە دەبینین کە بریتانیا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە لە پاڵ ئەمریکا هەوڵ دەدات کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان ببێتە هێزێکی یەکگرتوو و پرۆفێشناڵ. ئەمەیش هەڵقووڵاوی ڕوانگەی نوێ و هاوکێشە و گۆڕانکاریی نوێ و، بەگشتی بەرژەوەندییە نوێیەکانی ئەو وڵاتەیە لە شانۆی نێودەوڵەتیدا.
سێیەم؛ ئەم بانگێشتکردنە و ئەم پێشوازییە، دەڕبری هاتنەئارای دەرفەت و بوارێکی نوێیە بۆ هەرێمی کوردستان کە نێچیرڤان بارزانی نوێنەرایەتیی دەکات، ئەویش دیپلۆماسیی ڕێوڕەسمەکان یاخود "دیپلۆماسیی بۆنەکان"ە. ئەم چەشنە لە دیپلۆماسی دەرفەتێکە بۆ ناساندن و، هەروەها لێکنزیکبوونەوەی ئەکتەرەکان لە ئاستی باڵا و بەرز بۆ سەرۆک و سەرکردەکانی وڵاتان. بۆیە ئەم بانگێشتکردنە بۆ ڕێوڕەسمى ماڵاواییکردن له شاژنى کۆچکردووى شانشینى یەکگرتوو، دەبێت وەکوو دەرفەتێکی نوێ بۆ هەرێمی کوردستان سەیر بکرێت.
چوارەم؛ ئەم بانگێشتکردنەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەتوانێت وەکوو ئەوە ببینرێت کە بریتانیایش دان بەوەدا دەنێت کە هەر یەکە لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەجیا نوێنەرایەتی دەکرێن، نەک تەنیا بە تاکە نوێنەری وڵاتێک بانگێشت کرابن؛ واتە عێراق، کە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا خاوەن سەروەرییە. بەم واتایە کە بریتانیایش بە ڕوانگەیەکی ڕیاڵیستییەوە لە پێکهاتەی عێراق و گۆڕانکارییهكان تێ گەیشتووە و تەنانەت بە شێوەیەکی دیفاکتۆ مامەڵە لەگەڵ ههردووکیان دەکات؛ هەرچەندە یەکێکیان دەوڵەتی خاوەن سەروەری بێت و ئەوەی تریان کە هەرێمی کوردستانە، هەرێمێکی فیدراڵی و ئەکتەرێکی نادەوڵەتییە. لێرەدا نێچیرڤان بارزانی لە پاڵ نوێنەری عێراق، نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان دەکات؛ بەشداریی نوێنەری عێراق و هەرێمی کوردستان، ئهو مانایهیش دهدات كه "عێراق بە دوو پایتەخت" بهشداری دهكات!
پێنجەم؛ نێچیرڤان بارزانی لە بانگێشت و سەردانی پێشووتری بۆ بریتانیا لەگەڵ لیز ترەس، وەزیری دەرەوەی پێشووتری بریتانیا کۆ بووەوە، بەڵام ئەم جارە هەمان وەزیر بۆتە سەرۆکوەزیرانی دەرەوەی بریتانیا. بۆیە ئەمە دەرفەتێکە کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان بتوانێت پەرە بەو پەیوەندییانە بدات و هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی ستراتیژیی "basing strategy"دا ببێتە هاوبەش و تەنانەت هاوپەیمانێکی بریتانیا لە ناوچەکەدا.
شەشەم؛ ئەم جۆرە لە ڕێزگرتن و بانگێشتانە بۆ ئەکتەرێکی نادەوڵەتیی وەکوو هەرێمی کوردستان، یەکجار گرنگە، چونکە دەتوانێت لە هاوکێشە سیاسییەکانی عێراق و ناوچەکەدا قورساییی زیاتر بداتە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی بۆ پاراستن و دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان؛ بەتایبەتی لە عێراق کە ڕووبەڕووی بنبەستی سیاسی و بارگرژی و تەنانەت توندوتیژی و دابڕان و لێکترازانی قووڵ بۆتەوە. لە لایەکی تریشەوە، بریتانیایش پێویستی بە سەرکردەیەکی وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەیە کە لە هاوکێشەکاندا بەرژەوەندییەکانی بپارێزێت؛ بەتایبەتی کە ئەم سەرکردەیە بە کەسایەتییەکی هاوسەنگ، میانڕەو و جێگەی ڕێز و قبووڵکراوی هێزە سیاسییە ناوخۆیییهكانی کوردستان و عێراق بناسرێت و هەڵگری بەهاکانی ڕاگەیهنراوی شانشینی یەکگرتووی بریتانیایش بێت. بۆیە لێرەدایە کە بەرژەوەندییە دوولایەنەکان دێنە دی، کە لەوانەیە پێشووتر تەنیا لە بەرژەوەندیی تاکە لایەنێک و لە قازانجی ئەکتەری باڵادەست و دەوڵەتیدا بووە.
حەفتەم؛ هەڵەیە گەر پێمان وا بێت ئەمە تەنیا بۆنەیەکە و هیچی تر، بەڵکوو ئەمە گوزارشتە لەوەی کە هەرێمی کوردستان ئەکتەر و پرس و تەنانەت هاوبەشێکە کە لە سیاسەتی بریتانیادا پێگە و جێگهی هەیە. پێ دەچێت مەیلی گشتی ئەوە بێت کە بریتانیا حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەک هاوبەشێکی گرنگ بە خۆی و، هەروەها فاکتەری سەرەکی بۆ هاوکاریی سەرکەوتوو لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی دەبینێت. بەپێی ڕاپۆرتی لیژنەی دەرەوەی بریتانیا لە ساڵی 2014، "بریتانیا بۆ ماوەیەکی زۆر کوردیان بەجددی وەرنەگرتووە"؛ ئێستا ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە کوردستان بە زیادبوونی ڕۆڵی لە بواری وزە، دۆخی ئابووری و پەرەسەندنی دیموکراسیبوونی، خەریکە دەبێتە هێزێکی جددی لەناو عێراقدا. باشترین ڕێگه بۆ ئاشنابوون بە ڕوانگە و داواکارییەکانی بریتانیا بەرامبەر هەرێمی کوردستان، دۆکیۆمێنتە فەرمییە بەردەستەکانی حکوومەت و پەرلەمانی بریتانیا و ڕاگهیهنراوه گشتییهكانه.
هەشتەم؛ ئامادەییی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە مەراسیمێکی وا شکۆمهنددا، گوزارشت لە ئامادەیی و پێشڤەچوونی پرسی کورد دەکات لەسەر ئاستی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا؛ واتا پرسی کورد -لەسەر ئاستی بەشەکانی تری کوردستانیش- چیتر پرسێکی لۆکاڵی نییە تا لە ئاستێکی هەرێمیی بەرتەسکدا مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. نێچیرڤان بارزانی گوزارشت لە پرسی نەتەوەیەکی گەورەی دابەشکراو لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات.
نۆیەم؛ دروستکردنی هاوسەنگی لە هەرێمێکی سەختی پڕکێشەدا هونەرێکی سیاسی و دیپلۆماسییە کە کورد لە هەر نەتەوەیەکی تری ناوچەکە زیاتر پێویستیی پێیە بۆ مانەوەی کیانی هەرێمی کوردستان. ئەم سەردانانەی نێچیرڤان بارزانی بۆ هەر یەکە لە بریتانیا و فەڕهنسا، ئەمریکا، ئیماڕاتی عەرەبی، ئوردن و بینینی چەندان سیاسیی پایەبەرزی وڵاتانی ناوچەکە، ئاماژەیەکە بۆ کەسایەتی و پێگەی سیاسیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان وەک کاراکتەرێکی ئهکتیڤ، کە ئاستی هەرێمی کوردستان تێ دەپەڕێنێت بۆ ئاستی عێراق و ناوچەکە. ئەوەی جێگهی سەرنجە ئەوەیە کە بەشێکی زۆر لەم وڵاتانە وەک سەرکردەیەک لەسەر ئاستی عێراقی مامەڵە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی دەکەن کە بتوانێت لە دۆخی عێراقدا هاوکاریان بێت. عێراق نەک هەر لە دۆخێکی سیاسیی خراپدایە، بەڵکوو لە قەیرانی نهبوونی سەرکردەیەکی سیاسییشدایە کە جێگهی متمانەی وڵاتانی عەرەبی و ئەمریکی و ئەوروپییەکانیش بێت؛ بە جۆرێک کە هاوکاری جێبەجێکردنی سیاسەتی ئەوان بێت لە عێراقدا. کەسایەتیی سیاسیی سەرۆکی هەرێم تا ئێستا هاوکاری سیاسەتی ئەمریکا و ئەوروپا بووە لە عێراقدا.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا بەشداریی رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی شاژنی بەریتانیا دەکات
(وێنە، ماڵپەڕی ڕووداو)
کۆبەند
ڕۆڵی نێچیرڤان بارزانی لە شکاندنی ئابڵووقە و گەمارۆ سیاسییەکانی سەر هەرێمی کوردستان، پێگەی سیاسیی نێچیرڤان بارزانیی لە عێراق و لە ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیدا بەرز کردەوە، چونکە لە لایەک نێچیرڤان بارزانی وەکوو کەسایەتیی سیاسی، نوێنەرایەتیی فەرمی-سیاسیی هەرێمی کوردستان دەکات لەسەر ئاستی عێراق و نێودەوڵەتیشدا و، لە لایەکی تریشەوە ڕوانگە و تایبەتمەندییە کەسییەکانی وا دەکات کە، جێگەی متمانەی وڵاتان و سەرکردەکانیان بێت.
لە لایەکی تریشەوە، بریتانیا لە یادەوەری و ئەزموونی مێژووییی ئێمەی کورد، لەگەڵ نەبوون بە دەوڵەت و دابەشبوون و لکاندنی زۆرەملێ بە عێراقەوە هاوواتا بووە و، لە هەمان کاتیشدا هەوڵمان داوە کە داواکارییەکانمان لانی کەم ببیستێت و لێمان تێ بگات. ئەوەی کە جێگەی گەشبینییە ئەوەیە کە هاوسەنگیی هێز و گۆڕانکارییەکان بە ئاراستەیەک ڕۆیشتوون کە، ئێستاکە لە ئاستی پاشا و سەرۆکی وڵاتان پێشوازی لە سەرکردەیەکی کورد وەک نێچیرڤان بارزانی وەکوو سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکرێت و ئەمەیش بە ڕووداو و ئەزموونی ڕابردوومان، هەروەها دەوڵەت-نەبوونی کوردستان، بە وەرچەرخان دادەنرێت.
بۆیە پێویستە ململانێی حزبی باڵ بەسەر ئەم بانگێشتەدا نەکێشێت، بەڵکوو وەکوو ڕووداوێکی مێژوویی بۆ کورد و هەرێمی کوردستان سەیر بکرێت و لە ڕوانگەی جۆراوجۆرە لێکدانەوە و شرۆڤەی بۆ بکرێت. لە سیاسەتدا نە دوژمن و نە دۆستی هەتاهەتایی ههیه و، ئەوە بەرژەوەندییەکانە کە ڕۆڵی سەرەکی لە دۆستایەتی و دوژمنایەتیدا دەبینێ. لەم چوارچێوەیەدا پێویستە هەر دەرفەتێک بقۆزرێتهوه بۆ بەستنەوەی بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان بە وڵاتانی زلهێز، بۆ مانەوە و پاراستنی هەرێمی کوردستان و دەستەبەرکردنی مافەکانمان.
هەر بۆیە قەتیسمانەوە و بیرکردنەوەی تەسکی حزبی ناتوانێت وڵامدەری سەردەم و ئاڵوگۆڕە جیۆسیاسییەکان بێت. ئەم بانگێشتکردنەیش دەکەوێتە چوارچێوەی دەرفەتێکی دیکەی دیپلۆماسی بۆ هەرێمی کوردستان کە کاراکتەرێکی ناسراو و سەرکردەیەکی قبووڵکراو وەکوو بەڕێز نێچیرڤان بارزانی نوێنەرایەتیی دەکات و، هەر بۆیە پێویستە سەرەڕای ڕکابەرایەتی و ململانێ سیاسییەکانمان لە هەرێمی کورددستان، ئەم بەشدارییە وەکوو بانگێشت و بەشداریی نوێنەری کورد و هەموو پێکهاتە سیاسی و ئایینی و نەتەوەیی و مەزهەبییەکانی هەرێمی کوردستان بناسرێت؛ تەنانەت وەکوو سەرەتایەکی نوێ لە پەیوەندیی کوردستان بە جیهانی دەرەوە بیبینین و خوێندنەوەی بۆ بکەین.