پێنووس
جەنگی ڕووسیا و ئۆکراینا لە دەستپێکیدایە، بەڵام سیناریۆ و پێشبینییەکان بە هەر ئاراستەیەکدا بێت هیچ لەمە ناگۆڕێت کە لە ئاستی نێودەوڵەتی و شانۆی جیهانیدا گۆڕانکاریی گەورە بەدوای خۆیدا دێنێت. ئەوەی کە لەم چوارچێوەیەدا تاوەکوو ئێستا دەبینرێت ئەوەیە کە، پێدەچێت سەرۆکی ڕووسیا، ڤلادیمیر پووتین، لانی کەم لێکدانەوەکانی لەسەر بنەمای دوو گریمانە داڕشتبوو کە هەردوو گریمانەکە بەهەڵە دەرچووە: گریمانەی یەکەم، ئەوە بوو کە حسابی بۆ نەتەوەخوازی و نیشتمانپەرەوەریی هاووڵاتیانی ئۆکراینیا نەکردبوو و پێی وابوو کە نەوەی ئێستا کارەساتەکانی ڕابردووی سەردەمی یەکێتیی سۆڤیەتی لەبیر کردووە و لەم چوارچێوەیشدا زۆر بەسانایی و لە ماوەیەکی کورت و بە کەمترین تێچوو و هاوشێوەی ساڵی ٢٠١٤ کە کریمیای داگیر کرد و هەرێمی دۆنباسی خستە ژێر کۆنترۆڵی لایەنگرانی خۆی، دەتوانێت لە چەند ڕۆژێکی کەمدا ئەو وڵاتە داگیر بکات و بەرگریی سوپای ئەو وڵاتە تێک بشکێنێت یاخود هەر ڕووبەڕووی جەنگێکی ئەوتۆ نەبێتەوە. تەنانەت دەگوترێت پووتین پێشبینیی دەکرد کە تەنیا هەڕەشەکردن و کۆکردنەوەی سوپایەکی پۆشتە لە پشت سنوورەکان، دەتوانێت وا بکات کە ئامانجەکانی بێتە دی. بەڵام ئەم گریمانەیە ڕاست دەرنەچوو و هێزەکانی ڕووسیا ڕووبەڕووی بەرگریی سوپا و خەڵکی ئۆکراینا بوونەوە و سوپای پۆشتەی ڕووسیاش-بەپێچەوانەی پێشبینییەکانی-، سوپایەکی سۆپەڕپاوەری ڕابردوو نەبوو کە چاوەڕوان دەکرا و تێچوویەکی زۆری مرۆیی و ماددیشی لێ کەوتۆتەوە و هێرش و پێشڕەوییەکانیش وەکوو چاوەڕوانییەکان دهكرا، خێرا و یەکلاییکەرەوە نەبووە.
گریمانەی دووەم، ئەوە بوو کە ئەم هێرشە وەکوو پەلامار و هێرشی ڕووسیا لە ساڵی ٢٠٠٨ بۆ سەر جۆرجیا (ئۆسیتیا و ئەبخازیا) و ساڵی ٢٠١٤ بۆ سەر ئۆکراینا (لکاندنی کریمیا بە ڕووسیا) دەبێت و بەهۆی لاوازی و دوودڵیی ئەوروپییەکان لە بەرەنگاربوونەوەی ڕووسیا و ناکۆکیی ناوخۆییی ئەندامانی ناتۆ و، هەروەها دروستبوونی لێکترازان لە نێوان ئەوروپا و ئەمریکا، ئەوە ڕووسیا ڕووبەڕووی بەرەنگارییەکی ئەوتۆ یاخود کاردانەوەیەکی گەورە نابێتەوە و تەنانەت ڕووسیا لەم ڕێگەیەوە دەتوانێت ئەو لێکترازان و ناکۆکییانە زیاتریش بکات سەبارەت بە میکانیزم و ئاست و چۆنێتیی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕووسیا لە نێوان ئەمریکا و خودی وڵاتانی ئەوروپاش.
هەروەها پووتین ئەوەی پێشبینی کردبوو کە ئەڵمانیا و وڵاتانی تری وەکوو هەنگاریا و پۆلەندا کە ناکۆکییان لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپا هەیە، ئەگەر بەڕاستەوخۆ پێشوازی لە داگیرکردنی ئۆکراینا نەکەن، ئەوە دژایەتیشی ناکەن و خودی ئەڵمانیاش بەهۆی بەستنەوەی ئاسایشی وزەی بە ڕووسیاوه و کاردانەوەکانی ڕابردووی لە دژایەتیکردنی ئەمریکا کە سزا بەسەر ڕووسیا بسەپێنرێت، ئەوە وا دەکات کە ڕووسیا کارێکی ساکاری هەبێت لە کۆنترڵکردنی تێچووە نێودەوڵەتییەکان.
تەنانەت نەک ئەم پێشبینی و گریمانەیەی سەرۆکی ڕووسیا و هاوڕێکانی بەپێچەوانە دەرچوو، بەڵکوو ئەم هێرشە وای کرد کە لە ئاستی یەکێتیی ئەوروپا و ناتۆدا هاوسۆزی، یەکگرتوویی و هاوڕابوونێکی بێوێنە دروست ببێت و ئەو دەوڵەتانەیشی کە ڕووسیا پێشبینیی دەکرد لەو هێرشە بتۆقێندرێن و وانە وەربگرن و چیتر داوای ئەندامبوون نەکەن لە ناتۆ، پاش ئەم هێرشە ئەو دەوەڵەتانەیش لە ئاستی ناوخۆیی و ڕای گشتی و سیاسەتمەدارانییەوە داواکاریی بوون بە ئەندامی ناتۆ بەرز ببێتەوە (وەکوو فینلەندا و سوید) وەکوو میکانیزمێک بۆ پاراستنی ئاسایشیان لە هەمبەر هەڕەشەکانی ڕووسیا و وەرگرتنی وانە لە ئۆکراینا کە بەهۆی ئەندامنەبوونی لە ناتۆ، وڵاتانی ناتۆ بەڕاستەوخۆ بەشدارییان لە جەنگەکە و بەم پێیەیش پاراستنی نەکرد.
ئەوە بێجگە لەوەی کە ئەو وڵاتانەیشی کە بە شێوەیەکی نەریتی لە جەنگ و قەیرانە نێودەوڵەتییەکان بێلایەنیی ستراتیژییان هەڵدەبژارد، لەم جەنگەدا دژی ڕووسیا وەستانەوە وەکوو سویسرا و ژاپۆن. تەنانەت سەرۆکی ڕووسیا (پووتین) پێی وابوو کە شکستەکانی ڕابردووی ئەمریکا لە پاراستنی هاویمانەکانی و بێهیواکردنیان و پاشەکشەی لە ئەفغانستان و عێراق، ئەوە دەردەخات کە ئەمریکا نە ئیرادەی جەنگێکی نوێی هەیە و نە توانا. هەروەها ئەمریکا نە توانای هەبوو ئێران ناچار بە مەرجەکانی بکات و نە لە بەرەنگاریی لایەنگرانی کۆماری ئیسلامی وەکوو حزبوڵلای لوبنان و حوسییەکانی یەمەن و حەشدی شەعبی سەرکەوتوو بوو. تەنانەت لە ڕوانگەی پووتین، ڕۆڵی ڕووسیا وای کرد کە بەشار ئەسەدی سەرۆکی سووریا لەسەر کار بمێنێتەوە و شکست بە پلانی ئەمریکا و ئەوروپا بهێنێت و تورکیای ئەندامی ناتۆش لە ئەمریکا و ئەوروپا و ناتۆ دوور بکاتەوە. بۆیە پێدەچێت هەموو ئەم ڕووداو و تێگەیشتنانە لە پاڵ کاردانەوە لاوازەکانی ڕابردووی ڕۆژاوادا لە هەمبەر فراوانخوازیی پووتین، وای کرد کە بڕیاری ئەم جەنگە بدات.
جگە لەمانەیش سەرۆکی ڕووسیا پێشبینیی دەکرد کە بەهۆی کارتی وزە و بەتایبەتی غازی سرووشتییەوە، ئەوە وڵاتانی ئەوروپی بێدەنگی هەڵدەبژێرن یاخود ناتوانن کاردانەوەیەکی جددی و ئەوتۆیان هەبێت؛ لە کاتێکدا ئەمەیش بەپێچەوانە شکایەوە و ئێستاکە ئەو وڵاتانە هەوڵی جددی دەدەن کە بەیەکجاری لە ماوەیەکی کەم و مامناوەندی، خۆیان لە بەستراوەیی بە غازی سروشتیی ڕووسیا ڕزگار بکەن و بۆ ئەم مەبەستەیش میکانیزم و بەرنامەیەکی ١٠ خاڵییان داناوە و ئەگەر ئەمە سەر بگرێت، ئەوە لە داهاتوودا ڕووسیا زیاتر لە ڕووی ئابوورییەوە پاشەکشە دەکات و گۆشەگیر دەبێت. هەر ئەمەیش وای کرد کە ئەڵمانیا پرۆژەی گەورەی نۆردستریم-٢ ڕابگرێت، کە ڕووسیا هیچ کاتێک بیری لەو کاردانەوەیە نەدەکردەوە؛ لە کاتێکدا پێشووتر ئەڵمانیا لە بەرامبەر ئەمریکا پێداگریی لەسەر تەواوکردنی ئەو پرۆژەیە و کەوتنەکاری دەکرد و ئەمریکا نەیتوانی بیوەستێنێت.
گۆڕانکارییەکی گەورەی تر، پەیوەستە بە سیاسەتی بەرگری و خەرجکردنی ئەڵمانیا لە کاروباری سەربازیدا. حکوومەتی ئەڵمانیا هەمیشە لەژێر گوشاردا بوو کە پشکێکی زیاتر لە کۆی بەرهەمی نیشتمانیی خۆی بۆ بوودجەی بەرگری تەرخان بکات و تهنانەت لەلایەن هاوپەیمانەکانی و بەتایبەتی ئەمریکاوە گوشاری خرایە سەر بۆ زیادکردنی بوودجەی بەرگرییەکەی، بەڵام سەڕەرای ئەم گوشارانەیش حکوومەتی ئەڵمانیا تا ئەم دوایییە ڕازی نەبوو یاخود نەیدەویست بوودجەی سەربازیی خۆی زیاد بکات و هەمیشە لەژێر 2 لەسەدا هێشتۆتەوە؛ بۆ نموونە لە ساڵی 2021دا لە ٪1.57ی GDP ی ئەڵمانیا بوو. بەڵام لە دوای کاردانەوەی حکوومەتی نوێی ئەڵمانیا بۆ داگیرکردنی ئۆکراینا لەلایەن ڕووسیا، ئۆلاف شولتز بە شێوەیەکی کتوپڕ زیادکردنی بوودجەی بەرگریی ئەو وڵاتەی بۆ زیاتر لە 2 لەسەدی GDP ئەڵمانیا ڕاگەیاند کە ئەمەیش دەبێتە هۆی زیادبوونی بێوێنەی بوودجەی بەرگریی ئەو وڵاتە (١٠٠ ملیار یۆرۆ) لە بواری بەرگری و سەربازی لە ئەوروپادا. لەوانەیە لە ڕووی پراکتیکییەوە سێیەم گەورەترین بوودجەی بەرگری بێت لە جیهاندا لە دوای ئەمریکا و چین، کە دەتوانێت کاریگەریی زۆر گەورەی هەبێت لە بواری بەرگری و سەربازی لەسەر ئاسایشی ئەوروپا و جیهان.
هەموو ئەمانەیش وا دەکات کە چین باشتر بیر لە هەر جووڵە و ئۆپەراسیۆنێکی هاوشێوە بکاتەوە و، بۆی دەربکەوێت کە سزاکان و ئابڵووقەی ڕۆژاوا تا چەندە دەتوانێت لەسەر توانا و ئابووریی وڵاتان کاریگەر بێت. لە کاتێکدا چین لە ڕێگەی گەشەی ئابوورییەوە هەژموونی خۆی بەرز دەکاتەوە، ئەم هێرشە وا پێدەچێت کە بە زیانی چین و بەرنامە جیهانییەکەی بێت کە بەرزترین ئاستی پەیوەندیی بازرگانی و ئابووریی لەگەڵ وڵاتانی جیهان، بەتایبەتی ئەمریکا و ئەوروپا هەبێت.
لەم چوارچێوەیەدایە کە براوەی سەرەکی تاوەکوو ئێستا ئەمریکایە کە بەسەر ئەو گرێ مێژوویییەدا زاڵ بوو کە لە قۆناغە جۆراوجۆرەکاندا بەهۆی سیاسەتی ناڕوون و پاشەکشەی بەردەوام لە بەرامبەر هێزە نەیارە لۆکاڵی و بچووکە هەرێمایەتییەکاندا پێگە و ناوبانگی خەوشدار کردبوو؛ ئەمە جگە لەوەی کە لەم ڕێگەیەوە توانی جارێکی تر سەرکردایەتیی وڵاتانی ئەوروپی و ناتۆ بگرێتەوە ئەستۆ و وەکوو پێشەنگ و ڕێبەری جیهانی ئازاد و دیموکراسی لە هەمبەر وڵاتانی سەرکەش و سەرەڕۆ و دیکتاتۆر خۆی پێناسە بکاتەوە. لێکەوتەی ئەمەیش ئەوەیە کە هەم ئەوروپای لە بەرامبەر ڕووسیا یەکگرتوو کرد و هەمیش لەم ڕێگەیەوە دوژمنی هاوبەشی ڕۆژاوای بۆ دروست بوو و جگە لەمانەیش، ئەوروپای لە وابەستەیی و گرێدراویی ڕووسیا وەکوو هێزێکی نەیار ڕزگار کردووە و بە تێوەگلاندنی ئەوروپییەکان لە بەرامبەر دێوەزمەی ڕووسیا، دەتوانێت هەموو هێز و توانا و وزەی خۆی بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییە گەورەکەی ئەمریکا تەرخان بکات کە ئەویش چینە. بۆ ئەم مەبەستەیش ئەمریکا هەوڵی داوە کە کێشەکانی لەگەڵ ئێران لە ڕێگەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی و تەنانەت بارگرژییەکانی لەگەڵ ڤێنزوێلا چارەسەر بکات و بیانگەڕێنێتەوە نێو بازنەی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت و، بەم پێیەیش بازنەی بەرژەوەندییەکانی ڕۆژاوا لەژێر کاریگەریی ڕووسیا دەریان بهێنێت.
سەبارەت بە کۆتاییی ئەم یارییە گەورەیە، چەند سیناریۆیەک هاتۆتە ئاراوە، کە لێرەدا ئاماژە بە گرنگترین و بەهێزترینیان دەکەین:
یەکەم- داگیرکردنی ئۆکراینا و خۆبەدەستەوەدانی سوپای ئەو وڵاتە
ئەمە ئەو سیناریۆیەیە کە پووتین حەزی لێیەتی و پێشبینیی کردووە، چونکە سوپای ڕووسیا باڵادەستییەکی بەرچاوی هەیە و دەتوانێت سوپای ئۆکراینا شکست پێ بێنێت؛ بەڵام ئەم سیناریۆیە کێشەی زۆری هەیە.
پرسیار ئەوەیە کە، ئایا ئەگەر ئۆکراینا خۆی بەدەستەوە بدات، ڕووسیا دەتوانێت ئەو وڵاتە بە خاکەکەی خۆی ببەستێتەوە؟ ئەمە زۆر ئەستەمە چونکە ئۆکراینا وڵاتێکی سەربەخۆی خاوەن سەروەرییە و تەنیا ئەوه دەکرێت کە ڕووسیا سەرکەوتوو بێت لە تێکشکاندنی هێزەکانی ئۆکراینا و دروستکردنی ڕژێمێکی لەرزۆکی لایەنگری خۆی لە کیێڤ. خراپترین سیناریۆ ئەوەیە کە هاوشێوهی کۆریا و ئەڵمانیا لە جەنگی سارد، ئۆکراینا دابەش بکات.
دووەم- تێوەگلانی ڕووسیا لە جەنگی ئۆکراینا
ئەم بەرگرییە چاوەڕواننەکراوەی ئۆکراینییەکان لە بەرامبەر ڕووسیا بە پاڵپشتیی دەزگه هەواڵگرییەکانی ڕۆژاوا و گەیاندنی چەک لەلایەن ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپی، هێزەکانی ڕووسیای وەستاندووە و پێشڕەوەکانیانی خاو کردۆتەوە و تەنانەت پێشبینی دەکرێت ئەگەر ڕووسیا پایتەخت و شارە گەورەکانیش بگرێت، ئەوە وەکوو یەکێتیی سۆڤیەت لە ئەفغانستان پاشەکشە بکات، یاخود وەک چۆن ئەمریکا لە عێراق (٢٠١١) و ئەفغانستان (٢٠٢١)، بەسەرشۆڕییەوە ئەو وڵاتانەی بەجێ هێشت، ئاوایش ڕووسیا لە جەنگێکی پڕتێچووی تاقەتپروۆکینەوە تێوە بگلێت و لە کۆتاییدا ناچار بێت بە جێهێشتنی. ئاماژەکان ئەوەمان پێ دەڵێن کە هەر لە ئێستاوە ڕۆژاوا کار بۆ ئەم سیناریۆیە دەکات و هەوڵ دەدات کە ئامادەکاری بۆ دروستبوونی حکوومەتێکی تاراوگە بکات کە ڕێبەرایەتیی ئەو بەرەنگارییەی ئۆکراینییەکان بکات لە دژی ڕووسیا لە دەرەوەی سنوورەکانی ئۆکراینا.
سێیەم- بەرفراوانبوونی بەرەی جەنگ بۆ وڵاتانی تر
یەکێک لە مەترسیدارترین سیناریۆکان ئەوەیە کە، ڕووسیا بڕیار بدات هێرش بکاتە سەر کۆمارەکانی پێشووی یەکێتیی سۆڤیەت کە ئێستا ئەندامی ناتۆن. ئەمەیش وا دەکات کە هەموو وڵاتانی تری ئەندامی ناتۆ تێوە بگلێن و ناچار بڕیاری ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی ڕووسیا بدەن، بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایشەوە و، ئەو کاتە ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگێکی جیهانی و ئەتۆمی دێتە ئاراوە. چونکە بەدڵنیایییەوە ڕووسیا لە بەرامبەر ئاست و قەبارەی پێشکەوتووی وڵاتانی ناتۆ و ئەمریکا، بەرگەی ئەم جەنگە ناگرێت؛ بۆیە لەوانەیە بڕیاری بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی بدات و ئەمەیش خراپترین سیناریۆیە کە ئاکام و لێکەوتەکانی ئەوەندە مەترسیدارن کە پێشبینی ناکرێت چۆن کۆتایی دێت و، تاوەکوو ئێستا پێناچێت پووتین ئەو بڕیارەی دابێت.
چوارەم- سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی و شۆڕش لە ڕووسیا لە دژی دەسەڵاتی پووتین یاخود لەسەرکارلادرانی پووتین لە ڕێگەی کودەتای سەربازی
یەکێک لەو سیناریۆیانەی کە لە ڕۆژاوا باسی لێوە دەکرێت ئەوەیە کە، بەردەوامیی جهنگ و تێچووە مرۆیی و ماددییەکانی بۆ خەڵکی ڕووسیا، وا بکات کە یان لەلایەن کاربەدەستانی کۆشکی کرملین یاخود سەرهەڵدانی ناڕەزایەتیی جەماوەرییەوە، دەسەڵاتی پووتین بڕووخێت. چونکە لە ئەگەری بەردەوامیی گوشار و سزاکان و قورستربوونی دۆخی ژیانی خەڵکی ڕووسیا بەهۆی ئابڵووقەکانەوە و بەرزیی تێچووی جەنگ، ئاستی ناڕەزایەتییەکان بەرز دەبێتەوە و ڕووسیا ناتوانێت پێداویستییە سەرەتایییەکانی هاووڵاتیان دابین بکات. بەڵام شکستی ئەم سیناریۆیە لە ڕابردوو کە نەیتوانیوە ئامانجەکانی خۆی بپێکێت وا دەکات کە، ئەمە ئەگەرێکی لاواز بێت. هەرچەندە مێژووی ڕووسیا نیشانی داوە کە هاووڵاتیانی ڕووسیا زۆر نائاشنا نین بەم سیناریۆیە و لە ڕابردوودا چەندین جار تاقییان کردۆتەوە و ئەزموونیان کردووە، بەڵام پرسیار ئەوەیە کە، ئایا ئەم ئەگەرە لە کورتخایەندا ڕوو دەدات، لە کاتێکدا یەکێک لە ئەگەرەکان ئەوەیە کە پووتین لە درێژەکێشانی جەنگ بتوانێت هەستی ناسیۆنالیستیی ڕووسیا بە قازانجی خۆی لە دژی ئەمریکا و ڕۆژاوا بجووڵێنێت؟
تاوەکوو ئێستا ئەوە لە ستراتیژیی سەربازیی پووتین ئەمە دەخوێندرێتەوە کە هاوشێوەی جەنگە کلاسیکییەکان و بەتایبەتی سووریا، ستراتیژیی پووتین بریتییە لە وێرانکردنی هەموو ژێرخانە مەدەنییەکان و گەمارۆدان و برسیکردن و پاشان گرتنی "زەویی سووتاو". بۆیەیش لێرەدا سەڕەڕای ئەوەی کە کامە سیناریۆ بێتە دی، ئەوە ڕوونە کە خەڵک و وڵاتی ئۆکراینا دەبنە قوربانی و گۆڕەپانی یەکلاییکردنەوەی ململانێ جیۆپۆلیتیکییەکانی یاریکەرە گەورەکان و، خەڵکی ئاساییی ڕووسیایش دووەم دۆڕاوی یارییە گەورەکەن.