نێچیرڤان بارزانی و دیپلۆماسیی ڕێوڕەسمەکان: جامی کەنداو 25 لە بەسرە

پێنووس

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەسەر بانگهێشتنی فەرمیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ڕێکەوتی ٦-١-٢٠٢٣ بەشداریی لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی جامی کەنداو 25 لە بەسرە کرد، کە جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا و محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و چەندان بەرپرسی دیکە بەشدارییان تێدا کرد.

جێگەی ئاماژەیە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە یاوەریی شاندێک کە پێک هاتبوون لە حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیریی هەرێمی کوردستان، فەلاح مستەفا، ڕاوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک و شاکر سمۆ، بەڕێوەبەری گشتیی وەرزش و لاوان بەشداریی لە ڕێوڕەسمەکەدا کرد.

هەروەها سەرۆکی هەرێمی کوردستان دوای دەرچوونی لەنێو یاریگە لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان ڕای گەیاند، "ئێمە هاتبووین [بۆ کردنەوەی جامی کەنداو 25]، ئەمە ڕووداوێکی گرنگە بۆ عێراق. پێم وایە ئەمە گرنگترین ڕووداوە کە ئەمڕۆ لە بەسرە [بەڕێوە دەچێت]. ئێمە وەکوو شاندێک لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ پیرۆزبایی هاتووین بۆ بەسرە و پێمان خۆش بوو. خۆشحاڵین بەم سەردانە."

سەرۆکی هەرێمی کوردستان دوای بەشداریکردنی لە ڕێوڕەسمی دەستپێکردنی جامی کەنداو 25 لە هەژماری خۆی لە تویتەر بە زمانی عەرەبی دەڵێت: "دڵخۆشم به‌ ئاماده‌بوونی ئه‌مڕۆم له‌ ئاهه‌نگی كردنه‌وه‌ی جامی كه‌نداوی 25 له‌ به‌سره‌ی خۆشه‌ویست." سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ په‌یامه‌كه‌یدا، پیرۆزبایی له‌ خه‌ڵكی به‌سره‌ و هه‌موو گه‌لی عێراق ده‌كات به ‌بۆنه‌ی میوانداریكردنی ئه‌و "پاڵه‌وانێتییه‌ گرنگه‌". هه‌روه‌ها نێچیرڤان بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌یش كردووه‌، "شانازی به‌م ده‌ستكه‌وته‌ عێراقییه‌ ده‌كه‌م و به‌خێرهاتنی وڵاته‌ به‌شداربووه‌كان له‌ پاڵه‌وانه‌تییه‌كه‌ ده‌كه‌م". له‌ كۆتاییی په‌یامه‌كه‌یشدا، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان هیوای سه‌ركه‌وتن بۆ پاڵه‌وانێتیی جامی كه‌نداوی 25 ده‌خوازێت.

گرنگیی ئەم بەشدارییەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی جامی کەنداو 25 لە بەسرە

١- لە ڕاستیدا جگە لەوەی ئەم بەشدارییە بەشێکە لە دیپلۆماسیی گشتی ئەکتەرەکان، بۆ ئەکتەرێکی نادەوڵەتی وەکوو هەرێمی کوردستانیش ئەم بۆنە گشتی و وەرزشییانە، بەتایبەتی تۆپی پێ، دەتوانێت دەرفەتێک بێت بۆ ڕاکێشانی سەرنجی ئەکتەر و لایەنەکانی دیکە.

٢- هەرێمی کوردستان وەکوو یەکەیەکی فیدراڵی لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵ، بەشێکە لە هەموو ڕووداو و بۆنە و ڕێورەسمەکان و بەم پێیەیش ئەم بەشدارییە وا دەکات کە میواندارێتییەکە تەنیا بەغدا نەگرێتەوە و، ئەم بەشدارییە نیشان دەدات کە هەرێمی کوردستانیش میوانداریی هەشت هەڵبژاردەی بەشداری جامەکە کە نوێنەرایەتیی ٨ دەوڵەتی کەنداو دەکەن، دەکات.(١)

٣- ئەم پێشوازییە  لە لایەک دەڕبری پێگە و گرنگیی هەرێمی کوردستان و  لە لایەکی تریشەوە کەسایەتیی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە لە عێراق.

٤-  دانیشتن و ڕاوەستانی نێچیرڤان بارزانی لە ڕیزی سەرکردە پلە یەکەکانی عێراق و پێشوازیی ئاستبەرز لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی شاراوەی تێدایە کە هەرێمی کوردستان و خودی نێچرڤان بارزانی لە ڕیزی سەرکردە پلە یەک و بەرزەکانی عێراقدایە.

٥-  بەشداریی سەرۆکی هەرێمی کورستان بە یاوەریی شاندێک کە وەزیر و پارێزگاری پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانی تێدایە، دەتوانێت وەکوو زەمینە و دەرفەتێک بۆ پەیوەندیی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و عێراق سەیر بکرێت و لە هەمان کاتیشدا بەسرە وەکوو دەوڵەمەندترین پارێزگای عێراق، کە بە شادەماری ئابووریی عێراقیش دەناسرێت، وا دەکات کە نا-ناوەندێتیی عێراق جارێکی تر بەرجەستە بکرێتەوە کە بۆ داهاتووی پارێزگاکانی بەشەکانی دیکەی عێراق بەگشتی و بەسرە بەتایبەتی کە چەندان جار هەوڵی بەهەرێمبوونی داوە، واتایەکی سیاسییشی هەبێت. لە هەمان کاتیشدا یاوەریی ئەم شاندە لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان نیشان لە جۆری حوکمڕانیی هەرێمی کوردستانیش دەدات.

خاڵە ئەرێنی و لێکەوتە چاوەڕوانکراوەکانی بەشداریی سەرۆکی هەرێمی کوردستان

یەکەم- ئەم بەشدارییانە دەتوانێت لە ئاستی ڕای گشتیی عێراقیش بە ئەرێنی لێکدانەوەی بۆ بکرێت؛ بەو پێیەی کە پاش بەشداریی سەرۆکی هەرێمی کوردستان هاووڵاتیانی ئاساییی عەرەب لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەخێرهاتنی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیان بۆ بەسرە کردبوو و خۆشحاڵیی خۆیان لەم سەردانە دەڕبریبوو. هەروەها ئەم بەشدارییە دەتوانێت ببێتە سەرەتایەک بۆ بەشداریی بەرپرسانی دیکەی هەرێمی کوردستان لە بۆنە و ڕێورەسمەکانی عێراقی و بەپێچەوانەیشەوە.

دووەم- ئامادەییی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لە ڕێورەسمە فەرمییەکان جگە لەوەی دەتوانێت پەیوەندیی توندوتۆڵتری سیاسیی لێ بکەوێتەوە، دەتوانێت لە ئاستی ڕای گشتییش ئەو بانگەواز و پرۆپاگەنده‌یە پووچەڵ بکاتەوە کە هەرێمی کوردستان تەنیا بۆ وەرگرتنی پارە دەچێتە بەغدا. لەم ساڵانەی دواییدا هێزە نەیارەکانی هەرێمی کوردستان هەوڵیان داوە بەم بانگەشەیەوە بۆ خۆیان دەنگ کۆ بکەنەوە.

سێیەم- وڵاتانی بچووک وەکوو قەتەر، دەیان ملیار دۆلاریان سەرف کرد بۆ ئەوەی کە بۆنە و یارییە جیهانییەکانی تۆپی پێ لەو وڵاتە بەڕێوە بچێت؛ لە ئێستایشدا عێراق دەیەوێت بۆ نیشاندانی توانا و سەقامگیرییەکەی و، هەروەها بەستنەوەی خۆی بە وڵاتانی عەرەبی، لەو جۆرە ڕێورەسمە وەرزشی و سیاسی و کەلتوورییانە بەڕێوە ببات. ئەمەیش دەرفەتە بۆ هەرێمی کوردستان کە بەهۆی پێشکەوتوویییەکه‌ی لە ڕووی خزمەتگوزاری و ئاسایشەوە بە بەراورد لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی عێراق، بەشێک لەو ڕووداو و ڕێورەسمانە لە داهاتوودا تەنانەت بە بوودجە و پاڵپشتیی داراییی عێراق بەڕێوە ببات. ئەمەیش هەم دەرفەتێکە بۆ هەرێمی کوردستان لە ڕووی وەرزشی و داهاتی گەشتیارییەوە و هەمیش دەتوانێت لە ڕووی سیاسی و دیپلۆماسییەوە وەبەرهێنانی لەسەر بکات.

چوارەم- ئەم جۆرە ڕێورەسمانە دەتوانێت دەرفەتێک بێت بۆ هەرێمی کوردستان کە پەیوەندیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ڕای گشتیی عێراقی دروست بکات، چونکە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق زیاتر لە چوارچێوەی پەیوه‌ندیی فەرمی و سیاسیدان، بەڵام ئەم دەرفەتانە دەتوانێت بوارێک بۆ چەشنەکانی تری پەیوەندی دروست بکات؛ بەتایبەتی کە هەرێمی کوردستان زیاتر لەگەڵ ناوچە سوننەکان درواسێیەتیی هەیە و ناوچە شیعەکان بەڕاستەوخۆ لە ڕووی جوگرافییەوە پەیوەندییان لەگەڵ هەرێمی کوردستان نییە. بۆیە ئەمە دەکرێت وەکوو سەرەتایەکی باش و تەندروست سەیر بکرێت؛ بەو پێیەی کە دەسەڵاتدارانی عێراق شیعەن و  ئەو هێزەی کە بتوانێت بەسرە کۆنترۆڵ بکات، دەتوانێت کۆنترۆڵی عێراقیش بکات.

پێنجەم- بەشداریی بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان و لەم بۆنەیەدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دەتوانێت هەنگاو بە هەنگاو بە شێوەیەکی زۆر نەرم و دوور لە هەستیارییەوە لە ئاستی ناوخۆییی عێراق و پاشان لە ئاستی هەرێمایەتی و وڵاتانی عەرەبیدا ئەو وێنە و پەیامە بچەسپێنێت یان دروستی بکات کە عێراق دوو پایتەختی هەیە (بەغدا و هەولێر) و، ئەمەیش لە داهاتوودا و لە ئەگەری بەردەوامبوونی ئەم دیپلۆماسییەته‌، لە ڕووی سیاسییەوە یەکجار گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان.

کۆبەند

هەرێمی کوردستان بەو پێیەی کە دەوڵەتی نییە، بەردەوام پێویستیی بە پتەوکردنی پێگە و نیشاندانی ڕۆڵ و دروستکردنی ڕایەڵەی نوێی پەیوەندییەکانی هەیە؛ لەم نێوەندەیشدا هەموو بۆنە و ڕێورەسمێكی سیاسی و کەلتووری و ئابووری و ئایینی و...، دەتوانێت وەکوو دەرفەتێک بێت بۆ ئەو مەبەستە. لە ئێستایشدا کە هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی پێشکەوتوو و سەقامگیرترە بە بەراورد بە ناوچەکانی دیکەی عێراق و میوانداریی ڕێژەیەکی بەرچاو لە ئاوارە و پەنابەران دەکات، دەتوانێت بیر لە جۆرێکی تر لە پەیوەندی لەگەڵ عێراق بکاتەوە کە زیاتر لەگەڵ عێراقییەکان بێت و، لە لایەکی تریشەوە هەر لەم ڕێگەوە لەگەڵ وڵاتانی دیکەی هەرێمایەتی و عەرەبی پەیوەندییەکانی پتەوتر بکات. دیپلۆماسیی بۆنە و ڕێورەسمەکان و لەم نێوەندەیشدا پاڵەوانێتی و یارییە وەرزشییەکانیش ئەو بوار و دەرفەتەن بۆ هەرێمی کوردستان کە کەڵک لەو فاکتەرە بەهێزانەی خۆی وەربگرێت.

ڕاستییەکی تر ئەوەیە کە تا هەرێمی کوردستان لە ناوخۆی عێراق یاریکەر یان بکەرێکی بەهێز و کاریگەر بێت، لە ئاستی دەرەکییش پێگە و قورساییی بەرزتر دەبێتەوە. بەشداریی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی جامی کەنداو 25 لە بەسرە هەر لەم چوارچێوەیەدا شرۆڤە و خوێندنەوەی بۆ دەکرێت، چونکە لە ئێستادا باس لە "دیپلۆماسیی شار"ەکانیش دەکرێت لە پاڵ جۆرەکانی دیکەی دیپلۆماسیی فەرمیی ئەکتەرەکان. ئەوەی کە پێویستە لە کۆتاییدا ئاماژەی پێ بکرێت ئەوەیە کە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەهۆی تایبەتمەندیی کەسایەتیی خۆی و ئەو گوتارە میانڕەوانەی کە هەڵی گرتووە، دەتوانێت باشتر یارمەتیی جێبەجێکردن و دەستەبەرکردنی ئامانجەکانی ئەم جۆر و چەشنە لە دیپلۆماسییانە بدات، بە مەرجێک لە ئاستی ناوخۆییدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان جگە لە پێگە فەرمی و یاسایییەکەی، نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی هەموو پێکهاتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بکات و ئەو حزب و لایەنانە سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە باڵاترین کەسایەتیی فەرمیی سیاسی-یاساییی هەرێمی کوردستان بزانن کە نوێنەرایەتییان دەکات؛ ئەمەیش دەستەبەر نابێت تا ئەو کاتەی کە لە لایەک ئاستی بارگرژیی نێوان کیان و ئەکتەرە حزبییەکانی هەرێمی کوردستان نزم نەبێتەوە و  لە لایەکی دیکەوە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان وەکوو بەرزترین دامەزراوەی سیاسیی هەرێمی کوردستان ڕۆڵ و پێگەی لە هاوکێشە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان جێگیر نەبێت.

 

ــــــــــــــــــــــــــــــــــ

(١) لە "جامی کەنداو ٢٥ لە بەسرە"دا، هەشت وڵاتی عەرەبی (بەحرێن، عێراق، کوێت، عومان، قەتەر، عەرەبستانی سعوودی، ئیمارات و یەمەن) بەشدارن.

 

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples