ئالان به‌هائه‌ددین عه‌بدوڵڵا، دكتۆرا له یاسا - مامۆستا له كۆلێژی یاسا/ زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین
پـێـشـەكی
یاسا و ڕێسا كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی تر (وەك ئایین و ئەخلاق و ویژدان و هتد) ده‌رهاوێشته‌ی دروستبوونی كۆمه‌ڵگه‌ن. مه‌حاڵه باس له ڕێكخستنی كۆمه‌ڵگەی مرۆڤایەتی بكرێت به‌بێ هه‌بوونی یاسا و ڕێسا كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی تر، كە ڕۆڵیان هەیە لە هێنانەدیی جۆرێك لە سەقامگیـریی كۆمەڵایەتی.
یـه‌كـه‌م ڕێسا له مێـژووی مرۆڤایه‌تی له‌لایه‌ن خواوە، لەسەر شێوەی فەرمان بۆ باوكە "ئاده‌م" و دایكه "حه‌وا" دەركراوە بە نزیكنەكەوتنەوە له دارێكی دیاریكراو له‌نێو به‌هه‌شتدا. ئه‌م چیرۆكه ئایینییه ئەوە دەسەلمێنێت، هه‌بوونی یاسا و ڕێساكان هاوته‌ریبن له‌گه‌ڵ هه‌بوونی كۆمه‌ڵگه و هیچ كامیان به‌بێ ئه‌وی تر نا‌بێـت. به‌ڵام، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا ڕێسا و یاسا سه‌پێنراوه‌كان، به كۆت داده‌نرێن له‌سه‌ر ئازادیی تاكه‌كانی نێو كۆمه‌ڵگه. بۆیه هه‌میشه مرۆڤ به چاوی بێزارییەوە سه‌یریانی كردووه، چونكه سروشتی مرۆڤ وایە كە حه‌زی له ئازادییه؛ بە بەڵگەی ئەوەی باوكه "ئاده‌م" هه‌موو به‌هه‌شتی له‌به‌رده‌ستدا بوو كه‌چی به‌رگه‌ی جێبه‌جێكردنی ته‌نیا یه‌ك فه‌رمانی خودای نه‌گرت و سه‌رپێچیی كرد.
هه‌بوونی یاسا و ڕێساكان له‌نێو كۆمه‌ڵگه‌دا پێویسته، به‌ڵام له هه‌مان كاتدا نابێت ژماره‌یان هێنده زۆر بێت كه مرۆڤه‌كان تووشی بێزاربوون بكه‌ن و توانای جێبه‌جێكردنیان نه‌بێت. كه‌واته یاسا و ڕێساكان بۆ كۆمه‌ڵگه وه‌ك خوێی نێو چێشت وایه؛ ئه‌گه‌ر زۆر بوو، چێشته‌كه تێك ده‌دات و ئه‌گه‌ر كه‌میش بوو ئه‌وا چێشته‌كه تامی نابێت. بۆیه، پێویسته له نێوان هه‌بوونی یاسا و ڕێساكان و زۆرنه‌بوونی ژماره‌یاندا جۆرێك لە هاوسه‌نگی دروست بكرێت، كه بێ گومان دروستكردنی ئه‌م هاوسه‌نگییه‌یش له ئه‌ستۆی ده‌زگە فه‌رمییه په‌یوه‌ندیداره‌كانی ده‌وڵه‌ت و كۆمه‌ڵگه‌دایه.
بۆچی نابێت ژمارەی یاسـا و ڕێـسـاكان زۆر بن؟
به بۆچوونی ئێمه، زۆریی ژماره‌ی ڕێسا و یاساكان له كۆمه‌ڵگه دیارده‌یه‌كی نێگه‌تیڤه و، پێویستە كاری جددی بكرێت لەسەر كەمكردنەوەیان، چونكه:
زیادبوونی ژمارەی یاسا و ڕێساكان لە هەرێمی كوردستان
كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانی، وه‌ك هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی تری ڕۆژهـه‌ڵاتی، بە‌ده‌ست زۆریی ژمارەی یاسا و ڕێساكانه‌وه ده‌ناڵێنێت؛ ڕه‌نگه ئه‌مه‌یش هۆكارێكی ناڕاسته‌وخۆ بێت بۆ هه‌میشه بێزاربوونی تاكی كوردستانی، چونكە هه‌موو تاكێك له‌نێو كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانی، پێویسته پابه‌ند بێت به یاسا و پێڕەو و ڕێنوێنییە ده‌ركراوه‌كان له‌لایه‌ن ده‌زگە فه‌رمییه‌كانی هەرێم (وه‌ك په‌رله‌مان و حكوومه‌ت و وه‌زاره‌ته‌كان) و، پێویسته جێبه‌جێیان بكات؛ ئه‌مه جگه له پابه‌ندبوونی به هه‌موو ئەو یاسا و پێڕەو و ڕێنوێنییانەی كه پێش ساڵی (1992) له به‌غدا له سه‌رده‌می به‌عسدا ده‌ركراون كه ڕه‌نگه ژماره‌یان بگاته سه‌دان هه‌زار مادده‌ی یاسایی و ڕه‌نگه زۆربه‌یشیان بۆ سه‌رده‌می ئێستا شیاوی جێبه‌جێكردن نه‌بن. هه‌روه‌ها له‌سه‌ر تاكی كوردستانی پێویسته، پابه‌ند بێت به ڕێساكانی ئایین و دابونه‌ریته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و ڕێساكانی نێو خێزان و ئه‌و ڕێسایانه‌ی كه بۆ خودی خۆی دای ناوه و، هه‌روه‌ها ڕێساكانی ئه‌خلاق و ویـژدان و...، كه ڕەنگە ژمـاره‌ی ئه‌و هه‌مـوو یاسا و ڕێسا بەركارانە بگاته سەدان هەزار ڕێسا بۆ هه‌ر تاكێـك و، هه‌موویشیان لە یەك كاتدا داوای پابه‌ندبوون له‌و تاكه ده‌كه‌ن و، هه‌موویشیان سزایان پێوه لكاوه؛ جا سزاكه چ هه‌ستپێكراو بێت وه‌ك به‌ندكردن یان پێبژاردن، یاخود هه‌ستپێنه‌كراوه وه‌ك سـه‌رزه‌نشتكردن یاخود ئازاری ویژدان.
دیاردەی زیادبوونی ژمارەی یاسا و ڕێساكان لە هەرێمی كوردستان، هاوتەریبە لەگەڵ كەمی یاخود نەبوونی یاسا و ڕێسای پێویست لە هەندێ بواردا كە زۆر پێویستن، وه‌ك: بواره‌كانی "كه‌رتی ته‌ندروستی" و "كه‌رتی ئابووری" و "كه‌رتی تایبه‌ت" و "كه‌رتی گەیاندن" و "كه‌رتی ئاو" و "كەرتی دڵنیایی" و هتد.
لەم سۆنگەیەوە، پێمان وایە پێویستە كاری جددی بكرێت له‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ی ڕێسا و یاساكان لە هەرێمی كوردستان؛ چونكه سروشتی مرۆڤ وایه حه‌زی به جێبه‌جێكردنی یاسا و ڕێساكان نییه، بۆیه هه‌میشه له هه‌وڵی سه‌رپێچیكردنیاندایه. لێرەدا پرسیاری سەرەكی ئەوەیە: مرۆڤ زووتر و زیاتر سه‌رپێچیی كام ڕێسا ده‌كات؟
به بۆچوونی ئێمه؛ مرۆڤ ته‌نیا سه‌رپێچیی ئه‌و ڕێسایانه ده‌كات كه چاودێریی جێبه‌جێكردنیان لاوازتره له‌وانی تر؛ بۆ نموونه، لە هەرێمی كوردستان له زۆر باردا ڕێساكانی ئایین و ڕێسا كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی تر، به‌هێزترن له ڕێساكانی یاسا كه له‌لایه‌ن ده‌زگە فه‌رمییه‌كانه‌وه ده‌رده‌كرێن، چونكه چاودێریی جێبه‌جێكردنیان به‌هێزتر و چڕتره له‌وه‌ی ده‌زگە فه‌رمییه‌كان. بۆیه، لامان بۆته ئاسایی ئه‌گه‌ر تاكێكی كوردستانی ببینین سه‌رپێچیی ڕێنوێنییەكانی هاتوچۆ بكات بۆ ئه‌وه‌ی له بۆنه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی یان له نوێژێكی به‌كۆمه‌ڵ دوا نه‌كه‌وێت، چونكه له هه‌موو شوێنێكدا كامێرای چاودێری نییه بۆ جێبه‌جێكردنی ڕێنوێنییەكانی هاتوچۆ، به‌ڵام له هه‌موو گۆشه‌یه‌كی كۆمەڵگەی كوردستانی، چاو‌دێر هه‌یه بۆ جێبه‌جێكردنی ڕێساكانی ئایین یان ڕێسا كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی تر كه سه‌رپێچیكردنیان ده‌بێته هۆی سه‌رزه‌نشتكردنی سه‌رپێچیكار. ئەم ئەنجامە وەڵامی ئەو پرسیارەمان دەداتەوە كە، بۆچی لە هەرێمی كوردستان ڕێژەی پابەندبوون بە ڕێسا ئایینییەكان و ڕێسا كۆمەڵایەتییەكانی تر، بەرزترە لە ڕێژەی پابەندبوون بە یاساكانی پەرلەمان و ڕێسا فەرمییەكانی تر؟
ئەركی كێـیە ژمارەی یاسا و ڕێساكان كەم بكاتەوە؟
ئه‌مڕۆ ده‌زگە فه‌رمییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانی له به‌رده‌م ئاڵنگارییەكی گه‌وره و ڕاستەقینەدان كه چۆن بتوانن یاسا و ڕێساكان كه‌م بكه‌نه‌وه، چونكه سه‌ركه‌وتنی په‌رله‌مان و حكوومه‌ت له زۆر ده‌ركردنی یاسا و پێڕەو و ڕێنوێنییەكان نییه؛ هەروەها پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵگه‌یش به زۆریی ژمارەی ڕێسا ئایینی و كۆمەڵایەتییەكانی تر نییه، به‌ڵكوو له جۆر و كوالیتیی یاسا ده‌ركراوه‌كان و ڕێسا په‌یڕه‌وكراوه‌كانه.
بۆیه، له‌سه‌ر په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و وه‌زاره‌ته‌كان و ده‌زگە فه‌رمییه‌كانی تر پێویسته، پێداچوونه‌وه‌ی جددی بكه‌ن به یاسا و پێڕه‌و و ڕێنوێنییەكانیان، به شێوه‌یه‌ك ببێته هۆی كه‌مكردنه‌وه‌یان، چ به ئیلغاكردنیان یاخود تێكه‌ڵكردنی هاوشێوه‌كان؛ چونكه به بۆچوونی ئێمه هیچ بوارێك به زۆری و بۆریی ژماره‌ی یاساكان پێش ناكه‌وێت. لێره‌دا ئاماژه به نموونه‌یه‌كی زۆر بچووك ده‌كه‌ین كه به‌دواداچوونمان بۆی كردووه: ته‌نیا له بواری كشتوكاڵی و ئاژەڵداریدا، لە هەرێمی كوردستان كار به نزیكه‌ی (147) ته‌شریـع ده‌كرێت به‌م شێوه‌ی خواره‌وه:
لەم سۆنگەیەوە دەپرسین: چەند جووتیار و بەخێوكاری ئاژەڵ ئاگاداری ناوەڕۆكی ئەم هەموو تەشریعانەی سەرەوەن؟ بۆچی ئەم هەموو تەشریعانەی سەرەوە، نەبوونەتە هۆی پێشكەوتنی بواری كشتوكاڵی و سامانی ئاژەڵ لە هەرێمی كوردستان؟ ئەگەر ئەم هەموو تەشریعانە كارئاسانی بكەن، ئەی بۆچی تاوەكوو ئێستا هەرێمی كوردستان پشت بە بەروبوومی كشتوكاڵی و سامانی ئاژەڵیی وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی تر دەبەستێت؟ وەڵامی ئەم پرسیارانە بۆ لایەنی پەیوەندیدار بەجێ دەهێڵم بۆ ئەوەی كار لەسەر ئەنجامەكان بكات.
ئه‌مه له لایه‌ك، له لایه‌كی تره‌وه پێویسته له‌سه‌ر په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و وه‌زاره‌ته‌كان و ده‌زگە فه‌رمییه‌كانی تر، دوور بكه‌ونه‌وه له ده‌ركردنی یاسا و پێڕەو و ڕێنوێنییە بێماناكان؛ ئه‌وانه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی كوردستان هاوه‌رده ده‌كرێن و هیچ په‌یوه‌ندییان به واقعی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانییه‌وه نییه، چونكه ئەم یاسا و ڕێسایانە چاره‌سه‌رێكی بیانین بۆ كێشه‌یه‌كی نێوخۆیی، بۆیه قابیلی جێبه‌جێكردن نابن. هه‌روه‌ها پێویسته ئه‌م ده‌زگەیانه دوور بكه‌ونه‌وه له ده‌ركردنی یاسایەك یان پێڕەوێك یان ڕێنوێنییەك كه پێیان جێبه‌جی نابێت، وه‌ك یاسای پاراستنی مافی به‌كاربه‌ر، یاخود یاسای قه‌ده‌غه‌كردنی جگه‌ره‌كێشان له شوێنه گشتییه‌كان، چونكه جێبه‌جێنه‌كردنی یاساكان، به مانای ڕێگه‌دانه به سه‌رپێچیلێكردنیان. هه‌روه‌ها پێویسته دوور بكه‌ونه‌وه له خێرا هه‌مواركردن، چونكه هه‌ر یاسایەك یان پێڕەوێك یان ڕێنوێنییەك ئه‌گه‌ر زوو هه‌موار كرایه‌وه، ئه‌وا مانای ئه‌وه‌یه دیراسه‌تی پێویستی بۆ نه‌كراوه؛ ئه‌مه جگه له‌وه‌ی زۆر هه‌مواركردن عه‌یبێكی گه‌وره‌یه و له به‌های یاساكان كه‌م ده‌كاته‌وه، چونكه ده‌بێته هۆی سه‌رلێشێواندن له كاتی جێبه‌جێكردنی مادده یاسایییه‌كاندا.
ئەمڕۆ كاتی ئەوەیە هەوڵەكان دووبارە بكرێنەوە بۆ زیندووكردنەوەی جێبەجێكردنی بڕیاری ژماره (94) كە له ڕێكه‌وتی (25/10/2016) لەلایەن ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لە كابینەی پێشوودا ده‌ركراوە؛ چونكە به‌پێی ئه‌م بڕیاره، پێویست بوو له‌سه‌ر گشت وه‌زاره‌ت و ده‌سته و لایه‌نه‌كانی نه‌به‌ستراو به وه‌زاره‌ت، تا كۆتاییی ساڵی (2016) هه‌ر یه‌ك به‌پێی تایبه‌تمه‌ندیی كاره‌كانیان گشت ئه‌و یاسا و ڕێنوێنییانه دیراسه‌ت بكه‌ن كه پێویستیان به هه‌مواركردن یاخود نوێكردنه‌وه یاخود هەڵوەشاندنەوە هه‌یه و، پێشنیاره‌كانیان بۆ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بنێرن. ئه‌م پڕۆسه‌یه له چوارچێوه‌ی هه‌ڵمه‌تێكی چاكسازی بوو - كه ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی شوورای هه‌ێم ڕێبه‌رایه‌تیی ده‌كرد - بۆ ده‌ستنیشانكردنی پلان و میكانیزمی جێبه‌جێكردنی چاكسازی و نوێكردنه‌وه‌ی بنه‌ڕه‌تیی یاسا و ڕێنوێنییه‌كان له ڕێگه‌ی هه‌مواركردنه‌وه یان هێنانه‌كایه‌وه‌ی یاسا و ڕێنوێنیی نوێ؛ به جۆرێك بگونجێت له‌گه‌ڵ قۆناغی ئه‌وكاتی هه‌رێمی كوردستان و به ئاراسته‌ی لابردنی به‌ربه‌سته ته‌شریعییه‌كان له به‌رده‌م چاكسازیی كارگێڕی و بڕه‌ودان به خزمه‌تی وه‌زیفه‌ی گشتی و بواره جیاجیاكانی تایبه‌ت به به‌ڕێوه‌بردنی گشتی له هه‌رێمی كوردستان.
دوای تێپه‌ڕبوونی نزیكه‌ی (5) پێنج ساڵ به‌سه‌ر دەرچوونی ئه‌م بڕیاره، بەدڵنیایییەوە دەتوانین بڵێین ئەم بڕیارە هیچ ئەنجامێكی لێ نەكەوتەوە سەرەڕای ئەو گرنگییە پراكتیكییەی كە هەیەتی. بۆیه به بۆچوونی ئێمه پڕۆسه‌ی ته‌شریعی لە هه‌رێمی كوردستان، پێویستی به ئه‌كتیفكردنی جێبه‌جێكردنی ئه‌م بڕیاره‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران هه‌یه بۆ ده‌ستنیشانكردنی كه‌موكوڕییه یاسایییه‌كان به مه‌به‌ستی هه‌مواركردن یان نوێكردنه‌وه‌ی یاساكان، لەگەڵ ئەوانەیشدا كەمكردنەوەی ژمارەكانیان.
ئەركی حزبە سیاسییەكان و لایەنە پەیوەندیدارەكانی تر چییه؟
ئه‌وه‌ی لێرەدا زۆر سه‌رنجڕاكێشه ئه‌وه‌یه؛ هیچ حزبێكی سیاسی له هەرێمی كوردستان له بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردندا بانگه‌شه‌ی كه‌مكردنه‌وه‌ی ژمارەی یاساكانی نه‌كردووه، به‌ڵكوو به‌پێچه‌وانه‌وه، حزبەكان به‌ڵێنیان داوه كه ده‌یان یاسا ده‌ربكەن ئه‌گه‌ر هات و كورسیی په‌رله‌مانی به‌ده‌ست بهێنن. ئه‌مه‌یش خۆی له خۆیدا موزایه‌ده‌یه‌كی سیاسییه له‌سه‌ر حسابی بیروهۆشی هاووڵاتیی كوردستانی و به‌ها یاسایییه‌كان. گه‌ڕانێكی ورد به‌نێو ئەو پێشنیازە یاسایییانەی كە لە ساڵانی ڕابردوو لەلایەن فراكسیۆنەكانەوە پێشكه‌ش بە سەرۆكایەتیی پەرله‌مانی كوردستان كراوە، نیشانی ئه‌وه ده‌ده‌ن كه ئه‌م پێشنیازانە زۆر بێ‌مانا و بێسوود و بێناوەڕۆك و بێكوالیتی بوونە و قابیلی جێبه‌جێكردن نەبوون و، تەنیا بۆ موزایەداتی سیاسی و ئیحراجكردنی لایەنی بەرانبەر پێشكەش كراون.
هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان پێی دا، ده‌زگه فه‌رمییه‌كان له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانی و، هه‌روه‌ها ڕێكخراو و كۆمه‌ڵه و ده‌زگه‌كانی ڕاگه‌یاندن ئه‌ركێكی تریان ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆ، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه ده‌بێ كار بكه‌ن له‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ی ژماره‌ی ئه‌رك و دابونه‌ریته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان؛ به شێوه‌یه‌ك مرۆڤه‌كان له كۆتوبه‌نده كۆمه‌ڵایه‌تییه بێماناكان ئازاد بكه‌ن و، هه‌روه‌ها ڕووی وتاریان ئاراسته‌ی خێزان و تاك بكه‌ن، به شێوه‌یه‌ك كه ببێته مایه‌ی كه‌مكردنه‌وه‌ی ڕێسا و كۆته خێزانی و تاكییه‌كان. هه‌روه‌ها مامۆستایانی ئایینی ئه‌ركێكی پیرۆزیان له‌سه‌ر شانه، كه ئه‌ركی په‌یڕه‌وانی ئایین له جێبه‌جێكردنی ڕێسا ئاینییه‌كان قورس نه‌كه‌ن، چونكه له كۆتاییدا ئایین بۆ خزمه‌تی مرۆڤ هاتووه نه‌وه‌ك بۆ بێزاركردنیان.
كۆبەند
جگه له كێشه‌ی زۆریی ژماره‌ی یاسا و ڕێساكان، كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانی كێشه‌یه‌كی تریشی هه‌یه ئه‌ویش كێشه‌ی جێبه‌جێكردنی یاسا و ڕێساكانە؛ كه له كۆتاییدا ئه‌گه‌ر یاسا و ڕێساكان جێبه‌جێ نه‌كرێن، ئه‌وا كه‌س له‌بیری نامینێت كه بوونیان هه‌یه و ئەم یاسا و ڕێسایانە بە گه‌نجێـتی پیر ده‌بن! لەم بارەیەوە پێویسته ڕووی گرنگیدان ئاراسته‌ی جێبه‌جێكردنی یاسا و ڕێساكان بكرێت نه‌وه‌ك ده‌ركردنیان، مه‌گه‌ر له حاڵه‌تێكدا زۆر پێویست بێت؛ چونكه ئه‌ركی سه‌ره‌كیی ده‌زگە فه‌رمییه‌كان ته‌نیا ده‌ركردنی یاسا و ڕێساكان نییه، به‌ڵكوو جێبه‌جێكردنیان ئه‌ركی سه‌ره‌كی و هه‌میشه‌یییانه.
دەبێت ئەوە بزانین كە یاسا و ڕێسا كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی تر هه‌موویان بۆ خزمه‌تكردنی مرۆڤایه‌تی هاتوونه‌ته كایه‌وه، بۆیه نابێت بێزاركه‌ر بن و ده‌بێت به‌شێك بن له چاره‌سه‌ری گرفته‌كانی مرۆڤ. هه‌روه‌ها پێویسته دادپه‌روه‌ر بن بۆ هه‌مووان و زه‌ره‌ر به كه‌س نه‌گه‌یه‌نن و گونجاو بن بۆ هه‌موو كاتێك یان به لایه‌نی كه‌م بۆ كاتێكی درێژ و، هه‌روه‌ها به‌ئاسانی و بێ كێشه قابیلی جێبه‌جێكردن بن. ئه‌گه‌ر ئه‌م بیرۆكه‌مان كرده فلته‌ر بۆ ده‌ركردنی یاسا نوێیەكان و پێداچوونه‌وه به یاسا كۆنه‌كان و هه‌ڵسه‌نگاندنی ڕێساكانی نێو كۆمه‌ڵگه، ئه‌وا ئۆتۆماتیكی ژماره‌ی یاسا و ڕێساكان كه‌م ده‌بێته‌وه كه له ڕاستیدا پێویسته كه‌م ببێته‌وه؛ چونكه هه‌روه‌ك فه‌یله‌سوفی ڕۆمانی "شیشرۆن" ده‌ڵێت: "چه‌نده یاسا و ڕێساكان زۆر بن، ئه‌وه‌نده دادپه‌روه‌ری كه‌م ده‌بێته‌وه."