بـڵاوكردنەوەی ڕێـنوێـنیی وەزارەتەكان لە وەقایـعی كوردستان (سەرنج و پێـشنـیازەكان)

ئالان به‌هائه‌ددین عه‌بدوڵڵا، دكتۆرا له‌ یاسا - مامۆستا له كۆلێژی یاسا/‌ زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین

پێـشـەكی

ئەوەی مرۆڤ لە گیانلەبەرەكانی تر جیا دەكاتەوە بریتییە لە عەقڵ؛ هەر لە ڕێگەی عەقڵیشەوە مرۆڤ توانای بیركردنەوە و لێكدانەوە و زانینی هەیە و ئەمەیشیان جیاوكێكە بە مرۆڤ بەخـشـراوە. سەرەڕای ئەوەی عەقڵ كۆمەڵێك ئەركی خستۆتە سەر شانی مـرۆڤ، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا عەقڵ كۆمەڵێـك مافیشی پێ بەخشیوە. ئەگەر سەیرێكی جاڕنامەی جیهانیی مافەكانی مرۆڤ (1948) بكەین، دەبینین زۆربەی هەرە زۆری بڕگە و ماددەكانی ئەم جاڕنامەیە ئاراستەی عەقڵ و بیركردنەوەی مرۆڤ كراوە. لای هەمووانیش ئاشكرایە كە مرۆڤایەتی هەنگاوی زۆری بڕی لە ناكۆكی و كوشتن و ستەم و شەڕ و ئـاژاوە و...، تاوەكوو گەیشتە ئەو ڕاستییەی كەوا مرۆڤ هەندێ مافی هەیە، پێویستە لەسەر ئاستی جیهان جێگیر بكرێت و بپارێزرێت.

یەكێك لە گرنگترین و سادەترین مافەكانی مرۆڤ بریتییە لە مافی زانین بە یاسا و ڕێسا دەرچووەكان پێش ئەوەی بەسەر مرۆڤدا جێبەجێ بكرێت، لەبەر ئەوەی ئەم یاسا و ڕێسایانە بۆ مرۆڤ و ڕێكخستنی ژیانی مرۆڤ لە كۆمەڵگە دەردەچن؛ بۆیە بڵاوكردنەوەیان و زانینی ناوەڕۆكیان كارێكی یەكجار پێـویستە. هەر بەم ئاراستەیە بڕگە (2) لە ماددە (11) لە جاڕنامەی جیهانیی مافەكانی مرۆڤ بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ ئاماژە بەم مافەی مرۆڤ دەكات، چونكـە عەقڵ و لۆژیك وا دەخوازێت كە نابێت مرۆڤ بە ڕێسایەك لەسەر ڕەفـتارێك سزا بدرێت کە ئاگادارى دەرچوونى نەبووبێت و، هەروەها نابێت دەستکاریى ماف و جیاوكەكانی مرۆڤ بکرێت بە ڕێسایەك کە ئاگادارى دەرچوونى نەبێت؛ چونكـە بەهای كۆمەڵایەتـی و پراكتیكیی یاسا و ڕێسا دەرچووەكان لەوەدایە كە، مرۆڤەكانی نێو كۆمەڵگە ئاگاداری دەرچوونی ببن و لە پاشاندا بەسەریاندا جێبەجێ بكرێت تاوەكوو جۆرێك لە ئامادەسازی بۆ پەسندكردنی ناوەڕۆكی یاسا و ڕێسا سەپێنراوەكان بكرێت.

لەم بارەیەوە پێویستە یاسا و ڕێساكان، پێش جێبەجێـكردنیان لە كۆمەڵگە، بە میكانیزمێكی ئاسان و ڕوون و فراوان بڵاو بكرێنەوە بۆ ئەوەی هه‌مووان لێی ئاگادار بن و بیزانن، تاوەكوو ببێتە فاكتەرێكی كاریگەر بۆ بەدیهێنانی سەقامگیریی سیاسی و كۆمەڵایەتی لەنێو كۆمەڵگە، چونكە دادپەروەری دێنێتە دی. بۆیە، یاسا و ڕێساكان وەك هەر کاڵایەکى بازرگانى بۆ ئەوەى لە کۆمەڵگەیەك ساغ ببێتەوە، پێویستى بە بازاڕکردن (تسویق) هەیە و پاشان قۆناغى جێبەجێکردنى دەست پێ دەکات.

ئەوەی ئێستا لە وڵاتانی جیهان و عێراق-بە هەرێمی كوردستانیشەوە- پەیڕەو دەكرێت، بریتییە لە بڵاوكردنەوەی "یاسا" و "پێڕەو" و "ڕێنوێنی" و "پێڕەوی ناوخۆ" و "بەیان" و "بڕیار" و...، پێش ئەوەی بەسەر كەسەكانی نێو كۆمەڵگە جێبەجێ بکرێن؛ بەڵام لە شێوە و شێواز و ئامرازەكانی بڵاوكردنەوە، جیاوازییان هەیە.

 

ڕێنوێنی چییـە؟

ڕێنوێنی جۆرێكە لە جۆرەكانی ئەو ڕێسایانەی لە كۆمەڵگەدا دەردەچن؛ كە بە شێوەیەكی گشتی لەلایەن وەزارەتەكانی حكوومەت و چەند دەزگەیەكی كارگێڕیی تایبەتمەندەوە دەردەچێت. ڕێنوێنی لە ڕيـزبەندى هێـزى یاسایییەوە‌ بە پلەى سێيەم دێت لە دواى یاسا‌کانى پەرلەمان و پێڕەوەکانى ئەنجومەنى وەزیران؛ هەر بۆیە نابێت ڕێنوێنی، پێچەوانەی یاسا و پێڕەوەكان بێت.

بە شێوەیەكی گشتی ڕێكارەكانی دەرچوواندنی ڕێنوێنی ئاسانن و بۆ دوو مەبەستیش دەردەكرێت: يەكەميان، بە مەبەستى ڕێكخستنى بابەتـێك كە پێشتـر بە یاسای پەرلەمان یاخود بە پێڕەوى ئەنجومەنى وەزیران ڕێك نەخراوە؛ دووەميان، بۆ ئاسانكردنى جێبەجێكردنى یاسایـەك كە لە پەرلەمانەوە یان پێڕەوێك كە لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەرچووبـێت. بێ گومان ئەم دوو خەسڵەتە گرنگییەكی پراكتیكییان بە ڕێنوێنی داوە. بۆیە پرسیاری سەرەكی لێرەدا ئەمه‌یە: ئایا وەزارەتەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕێنوێنییەكانیان بڵاو دەكەنەوە؟ ئایا ناوەڕۆكی ڕێنوێنیی وەزارەتەكان، دەگەن بە كەسەكانی نێو كۆمەڵگـەی كوردستانی و لێی ئاگادار ده‌بنه‌وه‌؟

 

پێناسەی ڕۆژنامەی فەرمیی وەقایـــعی كوردستان

ڕۆژنامـەی "وەقایعی كوردستان" ڕۆژنامەیەكی فەرمیی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە كە "وەزارەتى داد" دەری دەكات، پاڵپشت بە یاسای "بڵاوكردنەوە لە ڕۆژنامەى فەرمیى وەقايعى كوردستان ژمارە 4ى ساڵى 1999"، كە تیایدا گشت "یاسا" و "پێڕەو" و "ڕێنوێنی" و "پێڕەوی ناوخۆ" و "بەیان" و "بڕیار" و... بڵاو دەكرێنەوە.

لە نێوان ساڵانى (1992- 1999) پەرلەمانى كوردستان ڕۆژنامەى "پەرلەمان"ى دەركردووە بۆ بڵاوكردنەوەى یاسا و بڕیارەکانى پەرلەمان. به ‌مه‌به‌ستی زیاتر ڕێکخستنى پڕۆسەى بڵاوکردنەوەى یاسا‌کان بە هەموو جۆرەکانییەوە، بڕیار درا ڕۆژنامەیەکى فەرمى بە ناوى "وەقایعى کوردستان" دەربکرێت و، لە ڕێكەوتی (٤/٥/٢٠٠٠) یەکەم ژمارەى ڕۆژنامەی فەرمیی وەقایعی كوردستان لە هەرێمی كوردستان دەرچوو و، تاوه‌كوو ئێستا‌یش به‌رده‌وامه‌ له‌ ده‌رچوون.

 

پـاڵپشـتیی یاساییی بڵاوكردنەوە لە وەقایـعی كوردستان

لە هەرێمى كوردستان، پێویستە ڕێنوێنیی وەزارەتەكان لە ڕۆژنامەى وەقايعى كوردستان بڵاو بكـرێنەوە، پێش ئەوەى جێبەجێ بكرێن. هەر ڕێنوێنییەك كە لە وەقايـعى كوردستان بڵاو دەكرێتەوە، بە دەقى فەرمیى باوەڕپـێـكراو هەژمار دەكرێت؛ ئەمەیش پاڵپشت بە بڕگە (4) لە ماددە (2) لە یاسای بڵاوكردنەوە لە ڕۆژنامەى فەرمیى "وەقايعى كوردستان" ژمارە (4)ى ساڵى (1999)، كە تيايدا هاتووە: "وەقايعى كوردستان، تايبەتمەند دەبێ بە بڵاوكردنەوەى ئەمانەى خوارەوە: 4- ڕێنمايیيەكان." هەروەها لە ماددە (3)ى هەمان یاسادا هاتووە: "ئەوەى لە وەقـايعى كـوردستان بڵاو دەكرێتەوە، بە دەقى ڕەسمیى باوەڕپێـكراو دەژمێردرێ و لە ڕۆژى بڵاوبوونەوەيەوە كارى پێ دەكرێ ئەگەر دەقـێـكى تيا نەهاتبێ كە پێچەوانەى ئەوە بێت." ئەمە جگە لەوەى کە بڵاوكردنەوەى یاساكان، بە ڕێنوێنییەكانیشەوە، پڕه‌نسيـپـێكى دەستووریيە و لە ماددە (129)ى دەستوورى كۆمارى عێراق بۆ ساڵى (2005)دا هاتووە كە: "یاساكان لە ڕۆژنامەى فەرمى بڵاو دەكرێنەوە و لە ڕۆژى بڵاوكردنەوەيان كاريان پێ دەكرێت، ئەگەر لە یاساكە‌ پێچەوانەى ئەوە نەهاتبێت." كەواتە ڕێنوێنییەكان دەبێت لە ڕۆژنامەى فەرمیى "وەقايعى كوردستان" بڵاو بكرێنەوە.

جۆرێك لە هەڵەتێگەيشتن بەدی دەكرێت سەبارەت لێکەوتەى یاساییى بڵاوکردنەوە یاخود بڵاونەکردنەوەى ڕێنوێنی لە ڕۆژنامەی فەرمیی وەقایعى کوردستان لەسەر شەرعییەتى جێبەجێکردنى خودى ڕێنوێنییە دەرکراوەکە. پرسیارى سەرەکى ئەمەیە: ئايا دەكرێت ڕێنوێنی جێبەجێ بكرێت، بەبێ ئەوەى لە وەقایعى کوردستان بڵاو کرابێتەوە؟

پاڵپشت بەو دەقە یاسایییانەی كە لە سەرەوە ئاماژەمان پێ داوە، بە شێوەيەكى گشتى، ڕێنوێنییەكان لە ڕۆژى بڵاوكردنەوەيان لە ڕۆژنامه‌ی وەقايـعى کوردستان، دەچنە بوارى جێبەجێكردنەوە. بەڵام، دەكرێت چوونەبواری جێبەجێكردن لە ڕۆژێـكى تردا بێت و،ەك ڕۆژى دەرچوواندنى ڕێنوێنییەكە؛ ئەمەیشیان بۆ ئەو ڕێنوێنییانە شیاوە کە لەنێو دەقەکانیدا ماف بە تاکەکانى نێو کۆمەڵگە دەدرێت و بە هيچ شێوەیەک ئەرك و پابەندیى یاساییى تێدا نییە و هیچ جۆرە مافێکیان لێ زەوت ناکات؛ بەپێچەوانەوە پێویستە ڕێنوێنییەكە لە ڕۆژی بڵاوكردنەوە لە وەقایـعی كوردستان، بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

بەڵام ئەوەى پێویستە بزانرێت ئەوەیە كەوا، ناكرێت ڕێنوێنی جێبەجێ بكرێت بەبێ بڵاوكردنەوەی ڕێنوێنییەكە لە ڕۆژنامەی فەرمیی وەقایعی كوردستان، جا چ ئەوەى لە ڕۆژى دەرچوونییەوە جێبەجێ دەبێت یاخود ئەوەى لە ڕۆژى بڵاوکردنەوەى لە وەقایــع؛ چونکە بڵاوكردنەوەى ڕێنوێنییەكان لە وەقایــعی كوردستان پڕه‌نسيـپـێكى دەستووريیە و جێبەجێكردنى هەر ڕێنوێنییەكی بڵاونەكراوە، ماناى ئەوەيە ڕێنوێنییەكە لە ڕووى شەكلەوە كەموكوڕیى تـێدايە و بە ڕێكارى یاساییی تەواو و دروست دەرنەكراوە.

ئەوەى لەم بارەيەوە لە هەرێمى كوردستان دەگوزەرێت مايەى ئەوەیە لەسەری بوەستین، چونكە هەندێ لە وەزارەتەكان- چ لە ڕابردوو یاخود لە ئێستادا- ڕێنوێنییەكانیان وەك پێویست لە ڕۆژنامەی فەرمیی وەقایعی كوردستان بڵاو ناكەنەوە و لە هەمان كاتیشدا جێبەجێی دەكەن؛ كە ئەمەیش پاسـاوێكە بۆ تانەگرتن لەم ڕێنوێنییانە لە پێش دادگەى تایبەتمەندەوە بە بيانووى ناتەواویى شەكلى یاساییی ڕێنوێنییەكان و ڕەنگە ببێتە هۆى هەڵوەشاندنەوەى تەواوی ڕێنوێنییەكە لە ڕێـى هەڵوەشاندنەوەى ئەو بڕيارە كارگێڕيیەى كە ڕێنوێنییەكەی پێ دەركراوە.

 

داتاكانی بڵاوكردنەوەی ڕێنوێنییەكان لە وەقایعی كوردستان

دواى ديراسەتـكردن و پێداچوونەوە و وردبینیكردنی ژمارە دەرچووەكانی ڕۆژنامەى فەرمیی "وەقايعى كوردستان" لە ڕۆژی دەرچوونییەوە تاوەكوو كۆتاییی ساڵی (2021)، بۆمان دەركەوتووە كە لە نێوان ساڵانى (2000–2021) وەزارەتەکان تەنیا 497 (چوارسەد و نه‌وه‌د و حەوت) ڕێنوێنی و هەمواركردنی ڕێنوێنییان لە ڕۆژنامەى وەقایـعی كوردستان بڵاو كردۆتەوە. لە ڕاستيدا، ئەمە ژمارەيەكى یەكجار كەمە بەراورد بە زۆریی ژمارەی وەزارەتەكانی حكوومەتی هەرێم و، 21 (بیست و یەك) ساڵى تەمەنى زۆربەى وەزارەتەكان و، فراوانیى كارەكانيان. ئەم ژمارەیە ئەوەمان نیشان دەدات کە بڵاوکردنەوەى ڕێنوێنییەكان لە وەقایعی كوردستان، بریتى نەبووە لە کارە لەپێشینەکانى هەندێ لە وەزارەتەکان و ڕەنگە ئەم کارەیان هەر بە گرنگ نەزانیبێت سەرەڕاى ئەو گرنگییە پراکتیکییەى کە هەیەتى؛ یاخود جۆرێك لە كەمتەرخەمی یان خەمساردییان لەم بارەیەوە نواندووە.

ئەمانە هەموویان ڕەنـگە هۆکار بن، بەڵام ئەو هۆکارەى بە لاى ئێمەوە گرنگە هەڵوەستەى لەسەر بکرێت ئەوەیە؛ تاوەكوو ئێستا نەتوانراوە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان بەپێى پێـویست بگات بە دەستى خوێنـەران. ئەگەرچی لە ویبسایتی ئەلیكترۆنیی فەرمیی "وەزارەتی داد"ی حكوومەتی هەرێم، گشت ژمارەكانی ڕۆژنامەی وەقایعی كوردستان بە ئۆنڵاین بڵاو كراوەتەوە و بەردەستە و دەتوانرێت داببەزێنرێت، بەڵام بە بۆچوونی ئێمە ئەم ڕۆژنامەیە پێویستی بە بازاڕكردن هەیە بۆ ئەوەی كەسەكانی نێو كۆمەڵگە ئاگاداری ناوەڕۆكی یاسا و پێڕەو و ڕێنوێنییەكان بن، چونكە لە ئەنجامی بەدواداچوونێكی ئێمە بۆ كەیسێكی دیاریكراو دەركەوتووە كە، (2%)ی ئەو نەخۆشانەی كە سەردانی چەند نەخۆشخانەیەكی جیاجیایان كردووە لە هەولێر، ئاگاداری ئەوەن یاخود بیستوویانە كە یاسایەك هەیە لە هەرێمی كوردستان بە ناوی یاسای ماف و ئەركەكانی نەخۆش ژمارە (4) كە پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی (2020) دەری كردووە و، ئەوانی تر نەیانبیستووە كە یاسایەك لەم جۆرە هەیە و ئاگاداری ناوەڕۆكەكەی نین. به‌ڕاستی ئەمـە كارەساتە!

بە گەڕانەوە بۆ زمانى ژمارەکان و دیاریکردنى ڕێژەى ڕێنوێنییە بڵاوکراوەکانی وەزارەتەكان لە ڕۆژنامەی فەرمیی وەقایعی كوردستان، بۆمان دەردەكەوێت کە وەزارەتەكان لە ڕووى بڵاوكردنەوەى ڕێنوێنییەكانیان لە ڕۆژنامەى فەرمیی وەقایعى كوردستان لە ماوەى 21 (بیست و یەك) ساڵى ڕابردوودا بەم شێوەى خوارەوە بووە:

 

یەكەم - وەزارەتى كشتوكاڵ و سەرچاوەكانى ئاو

 

2000-2016

2017

2018

2019

2020

2021

52

0

0

1

0

9

كۆی گشتیی بڵاوكردنەوەی ڕێنوێنی لە (21) ساڵی ڕابردوو =  62 ڕێنوێنی

ئەم وەزارەتە لە ساڵی (1992) دامەزراوە و، لە نێوان ساڵانی‌ (2000-2016) بە شێوەیەكی بەردەوام ڕێنوێنی و هەمواركردنی ڕێنوێنییەكانی خۆی بڵاو كردۆتەوە. ئەگەرچی لە دوای ساڵی (2016)ەوە هەندێ سستی بە بڵاوكردنەوەی ڕێنوێنییەكانییه‌وه‌ دەبینرێت.

 

دووەم - وەزارەتى دارايى و ئابوورى

 

2000-2016

2017

2018

2019

2020

2021

39

25

20

19

30

10

كۆی گشتیی بڵاوكردنەوەی ڕێنوێنی لە (21) ساڵی ڕابردوو =  143 ڕێنوێنی

ئەم وەزارەتە لە ساڵی (1992) دامەزراوە و، سەرەڕاى زۆریى ڕێنوێنییەكانی وەزارەتى دارايی و ئابووری، كەچی ئەم وەزارەتە لە نێوان ساڵانى (2000-2007) هیچ ڕێنوێنییەكی بڵاو نەکردۆتەوە و، لە ساڵى (2008) ئەم وەزارەتە 13 (سێزدە) ڕێنوێنیی لە هەردوو ژمارەى وەقایعى کوردستان (94) و (95) بڵاو کردەوە و، پاشان ئەم وەزارەتە لە بڵاوكردنەوەى ڕێنوێنییەكانی وەستا. لە ساڵى (2015)یش تەنیا 1 (یەك) ڕێنوێنیی بڵاو کردۆتەوە. لە ساڵى (2016) بەدواوە بە شێوەیەکى ڕێكوپێك، دەستی کردووە بە بڵاوکردنەوەى ڕێنوێنییەكانی و تەنیا لە ساڵی (2016) 25 (بیست و پێنج) ڕێنوێنیی لە وەقایعى کوردستان بڵاو كردۆته‌وه‌.

 

سێیەم - وەزارەتى ناوخۆ

 

2000-2016

2017

2018

2019

2020

2021

31

5

10

13

40

16

كۆی گشتیی بڵاوكردنەوەی ڕێنوێنی لە (21) ساڵی ڕابردوو =  115 ڕێنوێنی

ئەم وەزارەتە لە ساڵی (1992) دامەزراوە و، لە نێوان ساڵانی (2000-2016) تەنیا 31 (سی و یەك) ڕێنوێنیی بڵاو كردۆتەوە كە 14 (چواردە)یان لە ساڵى (2015) و 12 (دوازدە)یان لە ساڵى (2016) بڵاو کراوەتەوە. لە ساڵی (2016) بەدواوە ئەم وەزارەتە بە شێوەیەكی بەردەوام ڕێنوێنییەكانی خۆی بڵاو دەكاتەوە. تاكە كێشەی ئەم وەزارەتە ئەوەیە كە هەندێ ڕێنوێنی و هەندێ هەمواری ڕێنوێنی لەژێر ناونیشانی "بەیان" دەردەكات كە ئەمەیش لە ڕووی یاسایییەوە دروست نییە، چونكە "بەیان" هیچ حوكمێكی یاساییی تێدا نییە.

 

چـوارەم - وەزارەتى كار و كاروبارى كۆمەڵايەتى

 

2004-2016

2017

2018

2019

2020

2021

26

3

3

2

1

6

كۆی گشتیی بڵاوكردنەوەی ڕێنوێنی لە (17) ساڵی ڕابردوو =  41 ڕێنوێنی

ئەم وەزارەتە لە ساڵی (2004) دامەزراوە و، لە نێوان ساڵانی (2004-2016) تەنیا 26 (بیست و شەش) ڕێنوێنیی بڵاو كردۆتەوە کە دووانیان لە ساڵى (2016) بووە و، تاوەكوو ئێستا بەردەوامە لە بڵاوكردنەوە.

 

پێـنجەم - وەزارەتى تەندروستى

 

2000-2016

2017

2018

2019

2020

2021

13

0

2

1

1

2

كۆی گشتیی بڵاوكردنەوەی ڕێنوێنی لە (21) ساڵی ڕابردوو =  19 ڕێنوێنی

ئەم وەزارەتە لە ساڵی (1992) دامەزراوە و، لە نێوان ساڵانی (2000-2016) تەنیا 13 (سێزدە) ڕێنوێنیی لە وەقایعی كوردستان بڵاو كردۆتەوە، كە 7 (حەوت)یان لە ساڵى (2015) بڵاو كراوەتەوە. سەرەڕای زۆریی كارەكانی ئەم وەزارەتە، كەچی تێبینیی ئەوە دەكرێت ئەم وەزارەتە یان كەم ڕێنوێنی دەردەكات، یانیش ڕێنوێنییەكانی بڵاو ناكاتەوە؛ چونكە لە ساڵی (2020) كە تیایدا ڤایرۆسی (كۆڤید 19) لە هەرێمی كوردستان بڵاو بووەوە، كەچی ئەم وەزارەتە تەنیا (1) یەك ڕێنوێنیی لەم ساڵەدا دەركردووە.

 

شەشەم - وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێـژينەوەى زانستى

 

2004-2016

2017

2018

2019

2020

2021

12

2

10

5

3

7

كۆی گشتیی بڵاوكردنەوەی ڕێنوێنی لە (17) ساڵی ڕابردوو =  39 ڕێنوێنی

ئەم وەزارەتە لە ساڵی (2004) دامەزراوە و، لە نێوان ساڵانی (2004-2014) ئەم وەزارەتە هیچ ڕێنوێنییەكی لە ڕۆژنامەى فەرمیی وەقایعی كوردستان بڵاو نەکردۆتەوە، سەرەڕاى زۆریى ڕێنوێنییەكانی سەپێنراو بەسەر قوتابیان و مامۆستایانى زانکۆ لەم ماوەیەدا. ئەم وەزارەتە لە ساڵى (2015) بەدواوە بە شێوەیەکى ڕێكخراو، دەستی کردووە بە بڵاوکردنەوەى ڕێنوێنییەكانی کە 4 (چوار)یان لە ساڵى (2015) و 8 (هەشت)یان لە ساڵى (2016) بڵاو كراونەتەوە.

 

حەوتەم - وەزارەتى ڕۆشنبـيـرى و لاوان

 

2000-2016

2017

2018

2019

2020

2021

6

0

0

0

0

0

كۆی گشتیی بڵاوكردنەوەی ڕێنوێنی لە (21) ساڵی ڕابردوو =  6 ڕێنوێنی

ئەم وەزارەتە لە ساڵی (1992) دامەزراوە و، به‌ درێژاییی تەمەنی تەنیا 6 (شەش) ڕێنوێنیی بڵاو كردۆتەوە. ئەگەر سەیـری ئاماری 5 (پێـنج) ساڵی ڕابـردوو بكەین، تێبینیی ئەوە دەكەیـن كە ئەم وەزارەتـە هیچ ڕێنوێنییەكی دەرنەكردووە، یاخود دەری كردووە بەڵام بڵاوی نەكردۆتەوە؛ كە ئەمەیش جێگەی پرسیارە، چونكە كار و چالاكییەكانی ئەم وەزارەتە ئەوە دەخوازێت كە بەبەردەوامی ڕێنوێنی دەربكات یان هەمواریان بكاتەوە.

 

هـەشـتەم - وەزارەتى داد

 

2000-2016

2017

2018

2019

2020

2021

5

1

1

1

3

1

كۆی گشتیی بڵاوكردنەوەی ڕێنوێنی لە (21) ساڵی ڕابردوو =  12 ڕێنوێنی

ئەم وەزارەتە لە ساڵی (1992) دامەزراوە و، لە نێوان ساڵانی (2000-2016) تەنیا 5 (پێنج) ڕێنوێنیی بڵاو كردۆتەوە و دواتر بە شێوەیەكی بەردەوام بەڵام بەكەمی ڕێنوێنییەكانی بڵاو كردۆتەوە. بە بۆچوونی ئێمە دەبووایە ئەم وەزارەتە پێشەنگ بێت لە بڵاوكردنەوەی ڕێنوێنییەكانی خۆی لە وەقایعی كوردستان، چونكە ئەم ڕۆژنامەیە بەشێكە لە پەیكەری كارگێـڕیی ئەم وەزارەتە.

 

نۆیـەم - وەزارەتى پـلاندانان

 

2006-2016

2017

2018

2019

2020

2021

5

1

0

0

1

0

كۆی گشتیی بڵاوكردنەوەی ڕێنوێنی لە (15) ساڵی ڕابردوو =  7 ڕێنوێنی

ئەم وەزارەتە لە ساڵی (2006) دامەزراوە و، لە نێوان ساڵانی (2006-2016) تەنیا 5 (پێنج) ڕێنوێنیی بڵاو كردۆتەوە کە دووانیان لە ساڵى (2016) بووە. لە پاشاندا ئەم وەزارەتە یان ڕێنوێنیی نوێی دەرنەكردووە یاخود لە بڵاوكردنەوەیان وەستاوە، چونكە لە پێنج ساڵی ڕابردوو تەنیا 2 (دوو) ڕێنوێنیی بڵاو كردۆتەوە.

 

دەیەم - وەزارەتى شارەوانى و گه‌شتوگوزار

 

2000-2016

2017

2018

2019

2020

2021

4

0

2

0

0

3

كۆی گشتیی بڵاوكردنەوەی ڕێنوێنی لە (21) ساڵی ڕابردوو =  9 ڕێنوێنی

ئەم وەزارەتە لە ساڵی (1992) دامەزراوە و، لە نێوان ساڵانی (2000-2016) تەنیا 4 (چوار) ڕێنوێنیی بڵاو كردۆتەوە، سەرەڕاى زۆریى ڕێنوێنییەكانی کە بەسەر خەڵکدا دەیسەپێنێت. بڵاوكردنەوەی ڕێنوێنییەكان لەم وەزارەتە وەك پێویست نییە.

 

یازدەم - وەزارەتى ئاوەدانكرنەوە و نيشتەجێـكردن

 

2000-2016

2017

2018

2019

2020

2021

4

0

0

0

0

0

كۆی گشتیی بڵاوكردنەوەی ڕێنوێنی لە (21) ساڵی ڕابردوو =  4 ڕێنوێنی

ئەم وەزارەتە لە ساڵی (1992) دامەزراوە و، لە نێوان ساڵانی (2000-2016) تەنیا 4 (چوار) ڕێنوێنیی بڵاو كردۆتەوە کە دووانیان لە ساڵى (2017) بووە؛ لە پاشاندا هیچ ڕێنوێنییەك لەلایەن ئەم وەزارەتەوە لە وەقایــع بڵاو نەكراوەتەوە. كەواتە به‌ درێژاییی تەمەنی، ئەم وەزارەتە تەنیا 4 (چوار) ڕێنوێنیی بڵاو كردۆتەوە.

 

دوازدەم - وەزارەتى ئەوقاف و كاروبارى ئايينى

 

2000-2016

2017

2018

2019

2020

2021

3

2

0

1

0

2

كۆی گشتیی بڵاوكردنەوەی ڕێنوێنی لە (21) ساڵی ڕابردوو =  8 ڕێنوێنی

ئەم وەزارەتە لە ساڵی (1992) دامەزراوە و، لە نێوان ساڵانی (2000-2016) تەنیا 3 (سێ) ڕێنوێنیی بڵاو كردۆتەوە. سەرەڕای زۆریی كارەكانی ئەم وەزارەتە، كەچی ڕێنوێنییە بڵاوكراوەكانی ئەم وەزارەتە ژمارەیان یەكجار كەمە.

 

سێزدەم - وەزارەتى بازرگانى و پيشەسازى

 

2006-2016

2017

2018

2019

2020

2021

3

5

0

0

3

3

كۆی گشتیی بڵاوكردنەوەی ڕێنوێنی لە (15) ساڵی ڕابردوو =  14 ڕێنوێنی

وەزارەتی بازرگانی لە ساڵی (2006) دامەزراوە و، لە ساڵی (2010) لەگەڵ وەزارەتی پیشەسازی یەك خرا و، بوون بە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی. ئەم وەزارەتە لە نێوان ساڵانی (2006-2016) تەنیا 3 (سێ) ڕێنوێنیی بڵاو كردۆتەوە سەرەڕای گرنگی و زۆریی كار و چالاكییەكانی ئەم وەزارەتە. بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا، پێدەچێت پڕۆسەی بڵاوكردنەوە بەردەوامیی هەبێت، بەڵام ڕەنگە وەك پێویست نەبێت.

 

 

 

چواردەم - وەزارەتى شەهيدان و ئەنفالـكراوان

 

2006-2016

2017

2018

2019

2020

2021

1

0

0

0

0

5

كۆی گشتیی بڵاوكردنەوەی ڕێنوێنی لە (15) ساڵی ڕابردوو =  6

ئەم وەزارەتە لە ساڵی (2006) دامەزراوە و، لە نێوان ساڵانی (2006-2016) تەنیا تەنیا 1 (یەك) ڕێنوێنیی بڵاو كردۆتەوە؛ ئیتر لە بڵاوكردنەوە وەستاوە تاوەكوو ساڵی (2021) دووبارە دەست كراوە بە بڵاوكردنەوەی ڕێنوێنییەكان.

 

پازدەم - وەزارەتى سامانە سروشتييەكان

 

2007-2016

2017

2018

2019

2020

2021

1

0

0

0

1

0

كۆی گشتیی بڵاوكردنەوەی ڕێنوێنی لە (14) ساڵی ڕابردوو =  2 ڕێنوێنی

ئەم وەزارەتە لە ساڵی (2007) دامەزراوە و، لە نێوان ساڵانی (2007-2016) تەنیا 1 (یەك) ڕێنوێنیی بڵاو كردۆتەوە ئەويش لە ساڵى (2015)دا بووە و، لە پاشاندا لە بڵاوكردنەوەی ڕێنوێنییەكان وەستاوە، جگە لە ساڵی (2020)؛ سەرەڕای زۆری و گرنگیی كار و چالاكییەكانی ئەم وەزارەتە.

 

شازدەم - وەزارەتى پەروەردە

 

2000-2016

2017

2018

2019

2020

2021

1

0

0

1

3

1

كۆی گشتیی بڵاوكردنەوەی ڕێنوێنی لە (21) ساڵی ڕابردوو =  6 ڕێنوێنی

ئەم وەزارەتە لە ساڵی (1992) دامەزراوە و، لە نێوان ساڵانی (2000-2016) تەنیا 1 (یەك) ڕێنوێنیی لە وەقایعى کوردستان بڵاو کردۆتەوە، ئەویش لە ساڵى (2016) بووە بە ناوى ڕێنوێنیی ژمارە (1)ى قوتابخانە و پەیمانـگە ناحکوومییەکان. ڕێژەی بڵاوكردنەوەی ڕێنوێنییەكانی ئەم وەزارەتە لە وەقایعی كوردستان كەمە و جێگەی پرسیارە!

 

حەڤدەم - وەزارەتى كارەبا

 

2000-2016

2017

2018

2019

2020

2021

0

0

0

1

0

2

كۆی گشتیی بڵاوكردنەوەی ڕێنوێنی لە (21) ساڵی ڕابردوو = 3 ڕێنوێنی

ئەم وەزارەتە لە ساڵی (1992) دامەزراوە بەڵام لە سەرەتا ناوی "وەزارەتی وزە" بووە و، لە نێوان ساڵانی (2000-2018) ئەم وەزارەتە هیچ ڕێنوێنییەكی لە وەقایعی كوردستان بڵاو نەكردۆتەوە؛ ڕێژەی بڵاوكردنەوەیش لە دوای ساڵی (2019) یەكجار كەمە و جێگەی پرسیارە!

 

هەژدەم - وەزارەتى گواستنەوە و گەیاندن

 

2000-2016

2017

2018

2019

2020

2021

0

0

0

0

0

1

كۆی گشتیی بڵاوكردنەوەی ڕێنوێنی لە (21) ساڵی ڕابردوو =  1 ڕێنوێنی

ئەم وەزارەتە لە ساڵی (1992) دامەزراوە و، لە هەموو تەمەنیدا تەنیا یەك ڕێنوێنیی بڵاو كردۆتەوە، ئەویش لە ساڵی (2021) بووە. هەموو كۆمپانیاكانی ئینتەرنێت و تەلەفۆن و مۆبایل و بوارەكانی تری گەیاندن لەژێر چەتری ڕێنوێنییەكانی ئەم وەزارەتە كار دەكەن، كەچی هیچ كام لەم ڕێنوێنییانە لە وەقایعی كوردستان بڵاو نەكراونەتەوە.

 

كۆبەند

ئەم داتایانەى سەرەوە ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێت کە وەزارەتەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەموویان لە یەك ئاستدا نین لە ڕێژە و ژمارەی ڕێنوێنییە بڵاوكراوەكان لە ڕۆژنامەی فەرمیی وەقایعی كوردستان؛ هەندێكیان بەبەردەوام بڵاو دەكەنەوە و هەندێكیشیان بەپچڕپچڕی و هەندێكیشیان بەكەمی و، بگرە وەزارەتێكیش هەیە كە لە ساڵی (1992) دامەزراوە و تاوەكوو (2021) بۆ یەك جاریش ڕێنوێنیی لە وەقایعی كوردستان بڵاو نەكردۆتەوە؛ ئەویش "وەزارەتى كاروبارى پێشمەرگە"یە.

ئەو داتایانەی سەرەوە، گەواهیى ئەو ڕاستییەن كە هەندێ لە وەزارەتەکان بەگرنگییەوە سەیرى پڕۆسەى بڵاوكردنەوەى ڕێنوێنییەكانیان لە ڕۆژنامەی فەرمیی وەقایعى کوردستان نەکردووە، سەرەڕاى ئەوەى كە بڵاوكردنەوەى ڕێنوێنییەكان لە وەقایعی كوردستان ڕێكارێـكى شەكلى، یاسایی و دەستووریيە و مەرجە بۆ بەردەوامبوونى پڕۆسەى جێبەجێكردنى ڕێنوێنییەكان بێ ئەوەى لە بەرامبەر دادگەی تایبەتمەندەوە تانەیان لێ بگيـرێت.

هەر بۆیه‌، پێویسته‌ کارى جددى بکرێت له‌سه‌ر پابەندکردنى وەزارەتەکان بۆ ئه‌وه‌ی ڕێنوێنییەكانیان لە وەقایعی كوردستان بڵاو بکەنەوە تاوه‌کوو كەسەكانی نێو كۆمەڵگە ئاگادارى ناوەڕۆکى ڕێنوێنییەكان ببن، پێش ئەوەى بەسەریاندا جێبەجێ بکرێت. ئەمە جگە لەوەی بڵاوكردنەوەی ڕێنوێنییەكان لە وەقایـع، دەرفەت بە پسپۆڕانى بوارى یاسا دەدات كە دیراسەتی ناوەڕۆكی ڕێنوێنییەكان بكەن بۆ دەستنیشانكردنی كەموكورتییەكان بۆ پێشخستنی ناوەڕۆكەكەی. هەروەها بەپێویستی دەزانین كەوا یاسا و پێڕەو و ڕێنوێنییەكان و خودی ڕۆژنامەی وەقایعی كوردستانیش بەبازاڕكردنێكی باشی بۆ بكرێت بۆ ئەوەی ناوەڕۆكی یاسا و پێڕەو و ڕێنوێنییەكان بگەن بە كەسەكانی نێو كۆمەڵـگـە. ئەم هەنگاوەیش بە فراوانكردنی ڕۆشنبیریی یاسایی دەست پێ دەكات لە ڕێگەی زیادكردن و فراوانكردنی ژمارە و چوارچێوەی بەرنامە یاسایییەكان لە دەزگه‌كانی ڕاگەیاندن بە هەموو جۆرەكانییەوە؛ چونكە ئامارە نافەرمییەكان پێمان دەڵێن لە بەرامبەر هەر (50) بەرنامەی سیاسی و كۆمەڵایەتی و تەرفیهی و ئایینی، تەنیا یەك بەرنامەی یاسایی لە دەزگه‌كانی ڕاگەیاندنی هەرێمی كوردستان تەرخان كراوە.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples