كشانەوەی سەدر، ھۆكار و لێكەوتەكانی

نەوزاد هێتوتی،  دکتۆرا لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بەرانبەر ڕۆژھەڵاتی ناڤین و پرسی كورد-زانكۆی لێستەر. پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دیپلۆماسی/ زانکۆی سەڵاحەددین

 

 

دوای ئەوەی موقتەدا سەدر لە 9ی حوزێرانی 2022 ھەڕەشەی كشانەوە لە پرۆسەی سیاسیی عێراقی كرد، لە 12ی حوزەیران، سەدر ھەڕەشەكانی خستە بواری جێبەجێکردنەوە و لەسەر داواكەی، ئەندام پەرلەمانەكانی دەستیان لە ئەندامێتیی پەرلەمان كشاندەوە. ئەم ھەڵوێستەی سەدر لە كاتێكدایە كە ڕەوتەكەی لەگەڵ ھاوپەیمانیی سیادەی سوننەكان و پارتی  لە 23 ئاداری 2022 "ھاوپەیمانیی سێقۆڵی"یان پێك ھێنابوو بە ناوی "ھاوپەیمانیی ئینقاز". ھەروەھا دەستلەكاركێشانەوەی ئەندام پەرلەمانەكانی سەدر لە كاتێكدایە كە ھاوپەیمانیی سێقۆڵی نەیتوانی حكوومەتی زۆرینەی نیشتمانی پێك بھێنێت، كە یەكێك بووە لە داوا ھەرە سەرەكییەكانی سەدر. بەتایبەت چوارچێوەی ھەماھەنگیی شيعەكان بە پاڵپشتیی ئێران توانییان لە ڕێگەی "سێیەكی پەكخەر"ەوە ڕێژەی یاساییی پەرلەمان تێك بدەن و ڕێگە لە ھەڵبژاردنی سەرۆككۆمار و دواتریش سەرۆكوەزیران بگرن.

ئەوەی جێگەی سەرنجە، سەدر بە كشانەوە لە پەرلەمان، ناڕاستەوخۆ ھەموو كورسییەكانی ڕادەستی ڕكابەرەكانی كرد و ڕێگەی خۆش كرد بۆ ئەوەی چوارچێوەی ھەماھەنگی ببێتە گەورەترین كوتلەی شيعەكان لەناو پەرلەماندا. لێرەدا زۆر پرسیار ھەن سەبارەت بەوەی بۆچی سەدر ئەم بڕیارەی داوە و ھۆكارەكانی پشت ئەم ھەڵوێستە لە چییەوە سەرچاوە دەگرێت؟ ئایا سەدر لەو ھەنگاوە پاشگەز دەبێتەوە یاخود بەتەواوەتی لە پرۆسەی سیاسیی عێراق بێھیوا بووە و پەنا دەباتە بەر شەقام؟ ئایا سەدر دوای ئەو ھەموو ململانێیە لەگەڵ ڕكارەبەكانی، بەو ئاسانییە ڕێگە چۆڵ دەكات نەیارەكانی حكوومەتی دڵخوازی خۆیان پێك بھێنن؟ بژاردەكانی بەردەم ڕەوتی سەدر لە دوای كشانەوە لە پەرلەمان چین و كامانەن؟ ئایا چوارچێوەی ھەماھەنگی بوێریی ئەوەیان ھەیە بەبێ سەدر بە ئاراستەی پێكھێنانی حكوومەت ھەنگاو بھاوێژن؟ سیناریۆكانی پاش كشانەوەی سەدر كامانەن و لێكەوتەكانی  چین بۆ پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا؟

ھۆكارەكانی كشانەوەی سەدر لە پرۆسەی سیاسی

بێ گومان ھۆكارەكان زۆرن بۆ ئەوەی سەدر بەو ئاراستەیە ھەنگاو بھاوێژێت، كە لێرەدا دەكرێت ئاماژە بە ھه‌ندێك لە خاڵە گرنگەكان بكەین: یەكەم، شكستی سەدر و ھاوپەیمانەكانی لە دروستكردنی حكوومەتی زۆرینەی نیشتمانی، یەكێكە لەو ھۆكارانەی وای كرد سەدر بەو ئاراستەیە ھەنگاو بھاوێژێت. دیارە لە دوای ھەڵبژاردنەكان سەدر بەردەوام جەخت لەسەر حكوومەتی زۆرینەی نیشتمانی كردۆته‌وه‌ و ڕای گەیاندووە كە لەگەڵ حكوومەتی تەوافقی و بەشبەشی نییە. بۆ ئەم مەبەستەیش سەدر لەگەڵ پارتی و سوننەكان ھاوپەیمانیی دروست كرد و پێكەوە ھەوڵیان دا حكوومەت پێك بهێنن؛ بەڵام لە ھەوڵەكانیان سەركەتوو نەبوون و چوارچێوەی ھەماھەنگی توانی لە ڕێگەی سێیەكی پەكخەره‌وە ڕێگە لە دروستكردنی حكوومەت بگرن. بەتایبەت ھاوپەیمانیی سێقۆڵی سێ جار ھەوڵیان دا ڕێژەی یاسایی تەواو بكەن بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆككومار بەڵام لەمەدا سەركەوتوو نەبوون.  ئەمەیش وای كرد تا ڕاددەیەك سەدر لە پرۆسەی سیاسی بێھیوا بێت و پەنا بۆ كارتی كشانەوە لە پرۆسەی سیاسی ببات.

دووەم، سەدر لە زۆربەی ڕاگەیاندنەكانیدا باسی ئەوەی كردووە كە بە ھیچ شێوەیەك لەگەڵ چوارچێوەی ھەماھەنگیی شیعەكان حكوومەت دروست ناكات و نابێتە ھاوبەشیان لە پرۆسەی پێكھینانی حكوومەتدا. بەتایبەت سەدر بەرنامە و دیدگه‌یەكی تەواو جیاوازی ھەبووە لەگەڵ چوارچێوەی ھەماھەنگی كە زیاتر لەلایەن ئێرانەوە ئاراستە دەكرین. سەدر جەخت لەسەر سەروەری و سیادەی عێراق دەكرده‌وه‌ و دژی دەستێوەردانی ئێران بووە لە پرۆسەی سیاسیدا. ئەمە لە كاتێكدایە كە چوارچێوەی ھەماھەنگی بەتەواوەتی لەژێر ھەژموون و ئەجێندای ئێراندایە و سیاسەتەكانی لە عێراق و ناوچەكەدا پراكتیزە دەكات. بۆیە، سەرەڕای ھەوڵەكانی زۆری ئێران و چوارچێوەی ھەماھەنگی بۆ ئەوەی لەگەڵ سەدر پێكەوە كوتلەی زۆرینە دروست بكەن، بەڵام سەدر ئەوەی ڕەت كرده‌وە و جەختی لەسەر ئەوە كرده‌وه‌ خۆی كوتلەی زۆرینەیە و ھەوڵ دەدات لەگەڵ زۆرینەی ناو پێكھاتەكانی سوننە و كورد حكوومەت دروست بكات، لەبەر ئەوەی سەدر نەیتوانی حكوومەت پێك بھێنێت و ئێران و شیعە ڕكابەرەكانی، كێشەی زۆریان بۆ دروست كرد. سەدریش لە بەرامبەردا پەنای بردە بەر سیاسەتی كشانەوە لە پرۆسەی سیاسی. سەدر بەو ھەنگاوە دەرگه‌ی بەڕووی ھەموو دەستپێشخەرییەك و دیالۆگێك داخست كە مەبەستی بێت ڕازیی بكەن لەگەڵ چوارچێوەی ھەماھەنگی حكوومەت دروست بكات یان حكوومەتی بنكەفراوان، بەشبەشی و سازان دروست ببێت.

سێیەم، یەكێكی تر لە گریمانەكان بۆ ئەم ھەڵوێستەی سەدر ئەوەیە كە، لەوانەیە سەدر ئەم ھەنگاوەی ھاوێشتبێت، دوای ئەوەی كە ھەستی كردووە ھاوپەیمانەكانی له‌گەڵ ھەڵبژاردنی پێشوەختەدا نین. گومانی تێدا نییە جیاوازی ھەبووە لە نێوان سەدر و پارتی و ھاوپەیمانیی سیادە سەبارەت بە ئەگەری ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە. لەوانەیە پارتی و ھاوپەیمانیی سیادە لەگەڵ ھەڵبژاردنی پێشوەختە نەبووبن، چونكە ئەگەر بۆچوونی ھاوبەش ھەبوایە، ئەم ھاوپەیمانییە زۆر بەئاسانی دەیانتوانی پەرلەمان ھەڵبوەشێننه‌وه‌ و كار بكەن بۆ دووبارەكردنەوەی ھەڵبژاردنی پێشوەختە. لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە پیش: بۆچی ھاوپەیمانیی سێقۆڵی ئەم ھەنگاوەی نەھاوێشت؟ بۆچی سەدر بەتەنیا لە پرۆسەی سیاسی كشاوه‌تەوە؟ لێرەدا دەگەینە ئەو دەرەنجامەی كە لەوانەیە بۆچوونی ھاوپەیمانەكانی، لەو بارەیەوە جیاواز بووبن. بۆیە سەدر ئەم ھەنگاوەی ھاوێشتووە و لە جێگەی ئەوەی داوای ھەڵوەشاندنه‌وه‌ی پەرلەمان بكات لە ڕێگەی ھاوپەیمانەكانی، تەنیا داوای دەستلەكاركێشانەوەی ئەندام پەرلەمانەكانی كردووە. ئەم ھەڵوێستەی سەدر تەنانەت دەكرێت جۆرێك لە گوشار بێت لەسەر ھاوپەیمانەكانی بۆ ئەوەی ڕازی بن بە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە و ھەڵوەشاندنه‌وه‌ی پەرلەمان.

چوارەم، نەمانی باوەڕی بە پرۆسەی سیاسی و ئاڵوگۆڕی دەسەڵات لە ڕێگەی میكانیزمە دیموكراسییەكانه‌وە لە عێراقدا و پەنابردن بۆ شەقام، یەكێكی تره‌ لە ئەگەرەكانی كشانەوەی سەدر لە پرۆسەی سیاسی. سەدر لەوانەیە بێھیوا ببێت لەوەی دەتوانرێت لە ڕێگەی ھەڵبژاردن و ئەمرازە دیموكراسییەكانه‌وە گۆڕانكاری لە پرۆسەی سیاسی و فەرمانڕەوایی لە عێراقدا بكرێت. بۆیە، لەوانەیە لەمە بەدواوە بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانی، كارتی شەقام بەكار بھێنێت و ھەوڵ بدات لە ڕێگەی خۆپێشاندانی سەرتاسەرییەوە كار بكات بۆ ڕووخاندنی سیسته‌می سیاسی لە عێراق. بەتایبەت سەدر سەرەڕای ئەوەی دەنگی زۆرینەی ناو شەقامی شيعەی بەدەست ھێنا، بەڵام نەیتوانی لە ڕێگەی ھەڵبژاردن و پەلەمانەوە گۆڕانكارییەكی گەورە ئەنجام بدات. بەتایبەت ئاشكرایە ڕكابەرەكانی سەدر ھەژموونی گەورەیان ھەیە لەسەر پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا و ماوەیەكی درێژە توانیویانە دەوڵەتی قووڵ لە عێراقدا دروست بكەن و، لەو ڕێگەیەوە دژایەتیی ھەموو ھەوڵێك بكەن كە مەبەستی گۆڕانكاری بێت. بۆیە لەوانەیە سەدر لەمە بەدواوە كار بكات بۆ ھەڵوەشاندنه‌وه‌ی سیسته‌م لە عێراقدا لە ڕێگەی خۆپیشاندانی جەماوەرییەوە. ئەوەی ئەم گومانە زیاتر دەكات ئەوەیە، سەدر لە دەركەوتنیدا لەگەڵ ئەندام پەرلەمانەكانی دوای دەستلەكاركێشانەوەیان، لە 15ی حوزەیراندا ڕای گەیاند، بە ھیچ شێوه‌یەك لەگەڵ گەندەڵكاران حكوومەت دروست ناكەن و تەنانەت بەشداریی ھەڵبژاردنەكانیش ناكه‌ن؛ مەگەر گەندەڵكاران لە دەسەڵات نەمێنن. ئەمەیش ئەو گومانە  دروست دەكات كه‌، لەوانەیە سەدر لە ڕێگەی خۆپێشاندان و جەماوەرەوە گوشار لەسەر ڕكابەرەكانی دروست بكات و ھەوڵی گۆڕانكاری لە عێراقدا بدات.

سیناریۆكانی دوای كشانەوەی سەدر

یەكەم، ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە و هەڵوەشاندنه‌وه‌ی پەرلەمان، یەكێك لەو سیناریۆیانەیه‌، لەوانەیە ڕوو بدات دوای دەستلەكاركێشانەوەی ئەندام پەرلەمانی ڕەوتی سەدر. ھەرچەندە چوارچێوەی ھەماھەنگی لە ڕاگەیه‌نراوێكدا، دوای دەستلەكاركێشانەوەی ڕەوتی سەدر، جەختیان لەسەر ئەوە كرده‌وه‌ كە بەردەوام دەبن لە ھەنگاوەكانی بۆ پێكھینانی حكوومەت. بەڵام ئەوەی ڕاستی بێت زۆر ئاسان نییە بۆ چوارچێوەی ھەماھەنگی بۆ ئەوەی لە دەرەوەی ڕەوتی سەدر حكوومەت پێك بھێنن و ھەر حكوومەتێكیش بەبێ سەدر پێك بێت، ڕووبەڕووی قەیرانی گەورە دەبێتەوە. بۆیە لەوانەیە ئەمە وا بكات چوارچێوەی ھەماھەنگی بوێریی ئەوە نەكەن بەبێ سەدر حكوومەت پێك بھێنن؛ بەتایبەت ئەوەی دیارە دوای 2003 سەدر ئەکتەرێکی سەرەکی بووە لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا و ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی گێڕاوە لە پڕۆسەی پێکهێنانی حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراقدا و دیاریکردنی كەسێك بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران. هەڵبژاردنی ئیبراهیم جەعفەری، مالیکی، عەبادی، عادل عەبدولمەهدی و کازمی هەموویان ئەگەر سەدر نەبوایە چاویان بە پۆستی سەرۆکوەزیران نەدەکەوت.

لە لایەكی تریشەوە، ڕاستە ھاوپەیمانیی ئینقاز بە كشانەوەی سەدر لەسەر ئەرزی واقع ھەڵوەشاوه‌تەوە و نەماوە، بەڵام ھێشتا پارتی و سیادە وەك دوو ھاوپەیمانی ماونەتەوە و بڕیاریان داوە وەك یەك تیم كار بكەن و سیاسەتێكی ھاوبەشیان ھەبێت بەرامبەر چوارچێوەی ھەماھەنگی. بۆیە ڕێگە كراوە نییە بۆ چوارچێوەی ھەماھەنگی بۆ ئەوەی دوای نەمانی سەدر حكوومەت پێك بھێنن و، دەبێت دانوستاندن لەگەڵ پارتی و ھاوپەیمانیی سیادە بكرێت؛ چونكە ئەمانە زۆرینەی دەنگەكانیان لەناو پێكھاتەكانیان بەدەست ھێناوە و دەتوانن ڕێگریی گەورە لە بەردەم پرۆسەی پێكھێنانی حكوومەتدا دروست بكەن. پارتی و ھاوپەیمانیی سیاده‌ لە ڕێگەی سێیەكی پەكخەره‌وە دەتوانن بەئاسانی ڕێژه‌ی یاسایی (نصاب) تێك بدەن و شكست بە پرۆسەی پێكھێنانی حكوومەت بھێنن. ھەموو ئەمانەیش وا دەكات ڕێگەی بەردەم دروستبوونی حكوومەتی داھاتوو ئاسان نەبێت و، یەكێك لە سیناریۆكان ئەوەیە دواجار بۆ دەربازبوون لەو قەیرانە، ھەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق بكرێت‌.

دووەم، دروستكردنی حكوومەت لەلایەن چوارچێوەی ھەماھەنگی بەبێ سەدر، یەكێكی ترە لە سیناریۆكان. لە دوای كشانەوەی سەدر لە پڕۆسەی سیاسی،  چوارچێوەی ھەماھەنگی جەختیان لەسەر ئەوە كردۆته‌وه‌ كە  ھەوڵ دەدەن بەزوویی حكوومەتی داھاتوو پێك بھێنن و پڕۆسەی سیاسی لەو چەقبەستوویییە ڕزگار بكەن. ئەمەیش واتە نییەتێك ھەیە لەلایەن دژبەرانی سەدرەوە بۆ ئەوەی حكوومەت پێك بھێنن. بەڵام دیسان وەك ئاماژەمان پێ كرد، ڕێگرییەكان لە بەردەم ئەم سیناریۆیەدا زۆرن: یەكەم، دەبێت ھەموو ھێزەكانی ناو چوارچێوەی ھەماھەنگی یەكدەنگ بن لەسەر ئەم بژاردەیە و، لەم ڕووەوە پێ دەچێت ناكۆكی و كێشە لە نێوانیاندا دروست ببێت. دووەم، دەبێت چوارچێوەی ھەماھەنگی لەگەڵ پارتی و ھاوپەیمانیی سیادە بگەنە ڕێككەوتن؛ چونكە، بەبێ ئەم دوو ھێزە زۆر سەختە ئەوان بتوانن ڕێژه‌ی یاسایی تەواو بكەن بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆككومار و دواتریش سەرۆکوەزیران. بێ گومان ئەمەیش لەسەر دانوستانەكان دەمێنێتەوە تا چەند دەتوانن بەسەر ناكۆكییەكاندا زاڵ بن و ڕێككەوتن بكەن. سێیەم، ھەروەھا بۆچوونێكی تریش ھەیە باسی ئەوە دەكات کە تەنانەت ئەگەر چوارچێوەی ھەماھەنگی حكوومەتیش پێك بھێنێت، دەبێت بە شێوەیەك لە شێوەكان ڕەزامەندیی سەدری لەسەر بێت و بەتایبەت لەسەر پۆستی سەرۆکوەزیران ھەوڵ بدرێت سەدر تووڕە نەكرێت.

سێیەم، قووڵبوونەوەی قەیرانەكانی عێراق و دروستبوونی جه‌نگی ناوخۆ لە ناوماڵی شيعەدا. ھەرچەندە تاكوو ئێستایش دیار نییە دوای ئەوەی سەدر بەتەواوەتی لە پەرلەمان كێشایەوە بژاردەكانی بەردەمی چی دەبن، بەڵام یەكێكی تر لە بژاردەكان  ئەوەیە، كە  سەدر لە ڕێگەی شەقامەوە ڕێگە لە دروستبوونی حكوومەتی داھاتوو بگرێت. بەو شێوه‌یەیش، سەدر لە ڕێگەی شەقام و خۆپێشاندانەوە، كار دەكات بۆ ھەڵوەشاندنه‌وه‌ی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا و ڕێگریكردن لە دروستبوونی حكوومەتی نوێ. لەم ڕووەوە، دەكرێت ئەمە سەر بكێشێت بۆ دروستبوونی جه‌نگێكی ناوخۆییی نێوان شيعەكان و گرووپە چەكدارەكان. ئەگەر سەدر بەو ئاراستەیە ھەنگاو بھاوێژێت، قەیرانی گەورە ڕوو لە عێراق دەكات و تەنانەت  لە حاڵەتێكی وەھادا، دەكرێت حكوومەتی لەناكاو ڕابگەیه‌نرێت؛ بەمەیش حكوومەتی كازمی بەردەوام دەبێت تاكوو كاتێكی نادیار.

چواره‌م، دووبارەگەڕانەوەی ئەندام پەرلەمانەكانی سەدر بۆ ناو پەرلەمان و پاشگەزبوونەوە لە كشانەوە لە پرۆسەی سیاسی، یەكێكی ترە لە ئەگەرەكان. هه‌رچه‌نده‌ لە ڕووی یاسایییەوە لەوانەیە ئەم ھەنگاوە قورس بێت، ھەورەھا بەپێی لێدوانەكانی سەدریش ھیچ ئەگەرێك نییە بۆ پاشگەزبوونەوە؛ بەتایبەت لە دوایین لێدوانی سەدر بۆ پەرلەمانتارەكانی لە ١٥ی حوزه‌یران، باسی ئەوەی كرد جارێكی تر ناگەڕێنەوە بۆ ناو پەرلەمان و نایانەوێت لەگەڵ گەندەڵكاران بن. ئەوەیش ئەوە دەردەخات سەدر بڕیاری كۆتاییی داوە لەوەی پەرلەمانتارەكانی نەگەڕێنەوە بۆ ناو پەرلەمان. بەڵام سەرچاوەكان باس لەوە دەكەن كە چوارچێوەی ھەماھەنگی ھەوڵ دەدەن سەدر ڕازی بكەن لەو سیاسەتە پاشگەز ببێتەوە. ئەوەی وا دەكات پاشگەزبوونەوەی سەدر یەكێك بێت لە ئەگەرەكان-ئەگەرچی ئەم ئەگەرە لاوازە-، ئەوەیە كە خودی سەدر كەسێكی ناجێگیر و ده‌مده‌می (میزاجی)یە و، دەكرێت لە ھەر ساتێك بڕیارەكانی بگۆڕێت و، دەكرێت بە یەك فەرمان لە ھەڵوێستەكەی پاشگەز ببێتەوە؛ لە ڕابردوودا زۆر جاران سەدر ئەمەی كردووە و، دەكرێت دووبارەیشی بكاتەوە.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples