دکتۆر بڕیار شێرکۆ بابان، پرۆفيسۆری یاریدەدەر – زانکۆی سەڵاحەددین – هەولێر
یەکەم دەسەڵات و دەسەڵاتی یەکەم
لە ڕۆژی ٣٠/٩/٢٠١٨، هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ئەنجام درا و ئەو خەڵکەی دەنگی دا، بەپەرۆشەوە بەشداریی لەم هەڵبژاردنەدا کرد و، مەبەستیان نوێبوونەوەی دامەزراوەکانی هەرێم بوو لە ڕێگەی هەڵبژاردنی پەرلەمانێکی نوێ و حکوومەتێکی نوێوه. ئەمەیش پرۆسەیەکی ديموکراسیی ئاسایییە و حيکمەت لە هەڵبژاردن ئهوهیه، كه ڕۆحێکی نوێ بکرێتەوە بەری دامەزراوەکان، بەتایبەتی دەسەڵاتە سەرەکییەکانی ئەم هەرێمە. یەکێك لە ئامانجە هەر سەرەکییەکانی هەڵبژاردن، پێدانەوەی متمانەیە لە گەلەوە بۆ پەرلەمانتاران. ئینجا پرسیار ئەوەیە: تا چەند پەرلەمانتاران لە ئاستی ئەو متمانەیەدا دەبن؟
پەرلەمانی کوردستان "یەکەم دەسەڵات"ی دامەزراوەی هەرێمە؛ پرسیارەکە ئەوەیە: تا چەند توانیویەتی ببێت بە "دەسەڵاتی یەکەم" لە هەرێم. جیاوازییەکی زۆر لە نێوان ئەو دوو دەستەواژەیەی سەرەوەدا هەیە. مەبەستمان لە دەستەواژەی "یەکەم دەسەڵات" ئهوهیه كه، کاتێك خەڵکی کوردستان ڕاپەرين، یەکەم دەسەڵات کە دروستیان کرد پەرلەمان بوو. بەڵام دەستەواژەی "دەسەڵاتی یەکەم"، واتە ئەو دەسەڵاتەی ژمارە یەكە لە وڵاتدا، کە بڕیارە چارەنووسسازەکان و یاسا گرنگەکانی تێدا دەردەچن. بە مانایەکی دیكه، دەستەواژەی یەکەم دەسەڵات، مهبهستمان لێی تەنیا لایەنە مێژوویییەکەی دەسەڵاته لە هەرێم، بەڵام کاتێك دەڵێین دەسەڵاتی یەکەم، گرنگیی لایەنە یاسایی و سیاسییەکەی ئەم دامەزراوەیە دەردەخەین کە پەرلەمانە.
پەرلەمان؛ یەکەم دامەزراوەی هەرێم
دوای ڕاپەڕينە مەزنەکەی بەهاری ساڵی ١٩٩١، سەرکردە و گەلی کوردستان یەکەم دەسەڵات کە دایان مەزراند، پەرلەمانی کوردستان بوو. یەکەم هەوڵی بەدامەزراوەییکردنی هەرێم لە لایەن بەرەی کوردستانییەوە دەستی پێ کرد و، یەکەم بڕیاری یاساییی بەرە لەم بوارەدا هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرکردەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد بوو. ناوێکی تریان بۆ پەرلەمان هەڵبژاردبوو، كه بریتی بوو لە ئەنجومەنی نیشتمانی. بەرەی کوردستانی بڕیاری دامەزراندنی ئەنجومەنی نیشتمانیی دا و، ئەم ئەنجومەنەیش دوای چەند مانگێك لە هەڵبژاردنی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دامەزراند. واتە لە ڕووی مێژوویییەوه، یەکەم دامەزراوەی هەرێمی کوردستان بە شێوەی ئێستا، بریتی بوو لە ئەنجومەنی نیشتمانی؛ واتە پەرلەمان.
کاتێك له ١٩/٥/١٩٩٢، یەکەم هەڵبژاردنی ئازاد ئهنجام درا، هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی نیشتمانی و سەرکردەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد کرا. له هەڵبژاردنی دووەمدا کار بە ئەنجامەکانی نەکرا، لە کاتێکدا "پارتی ديموکراتی کوردستان" لە هەڵبژاردنی ئەنجومەندا زۆرینەی بەدەست هێنا و سەرۆکایەتیی پەرلەمانی وەرگرت، نەك سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان. پەرلەمان یەکەم دامەزراوە بوو و لەبەر گرنگیی ئەم دامەزراوەیە، براوەی یەکەم، لەم دامەزراوەیەدا دەسەڵاتی وەرگرت. لەگەڵ دامەزراندنی پەرلەمان، "بەرەی کوردستانی"یش هەڵوەشایەوە. نییەتی خەڵکە ڕاپەڕیوەکە و حزبە کوردستانییهكان ئەوەبوو، پەرلەمان بکەین بە "دەسەڵاتی یەکەم" لە کوردستان.
لە دەسەڵاتی یەکەمەوە بۆ دامەزراوەیەکی خۆشنەویستراو
بيرۆکەیەکی پۆپوليست و کورتبين هەیە کە دەڵێت: "ئێمە پەرلەمانمان بۆ چییە؟" ئەم بيرۆکەیە تەنیا بيرۆکەیەکی کوردستانی – عێراقی نییە، بەڵام لە جیهاندا چەند ڕوانگەیەکی ناخەمڵيو و ناکامڵ پەیدا بووە، ئەم دامەزراوەیەی پێ گرنگ نییە. ئەم بيرۆکەیەیش لەوەوە سەرچاوە دەگرێت، كه خەڵکی ئاسایی پێی وایە پەرلەمان بوودجەیەکی گەورە بۆ خۆی دادهبڕێت و بەسەر پەرلەمانتار و فەرمانبەرەکانیدا دابەشی دەکات، لە کاتێکدا فەرمانبەر و کرێکارەکانی کەرتەکانی تر بەشە بوودجەیەکی کەمیان بۆ تەرخان دەکرێت. بە مانایەکی تر، پەرلەمان لەسەر حيسابی بەشەکانی تری کۆمەڵگە، خۆی دەوڵەمەند دەکات. بەم شێوەیە پەرلەمان، دەبێت بە دامەزراوەیەکی خۆشنەویستراو؛ واتە ئەم بيرۆکە دژەپەرلەمانە، بيرۆکەیەکی کاردانەوەیییە بەرامبەر خودی چالاکییەکانی پەرلەمان.
کاردانەوەیە، چونکە لە جیاتی چارەسەر بۆ ئەو خەڵکە بدۆزێتەوە کە دەنگیان بۆ داوە، چارەسەر بۆ بژێوی خودی پەرلەمانتاران و پاسهوان و فەرمانبەرەکان دەدۆزنەوە؛ لە جیاتی دوو قوتابخانە و بنکەی تەندروستی دروست بکەن، بڕیاردەدەن ئۆتۆمبێل و مۆبلی خانووەکانی پەرلەمانتارەکان نوێ بکەنەوە. واتا خەڵك ئەو متمانەیەی لە هەڵبژاردنەکان دەیدات بە پاڵێوڕاوێکی دیاریکراو، پاڵێوڕاوەکە کاتێك سەرکەوتن بەدەست دێنێت، ئەو سەرکەوتنە بە دەسکەوتێکی کەسی تەماشا دەکات.
پەرلەمانتاری هەڵبژێردراو پێویستە بزانێت، کە بە ناوی گەلەوە بڕیاردەدات، خەمی یەك گەلی لە ئەستۆیە، یەك بەرژوەندیی هەیە کە دەبێت ڕەچاوی بکات کە ئەویش بەرژوەندیی گەلە. لە دەرەوەی بەرژەوەندیی گەل، هیچی ترمان نییە. ئەگەر پاڵنەری چالاکییەکانی پەرلەمانتار، بيروباوەڕی حزبیی تەسك یان ئایديۆلۆژییەکەی نامۆ بە گەلە، یان بۆ دەسکەوتی تاکەکەسی، یان تەنیا بۆ ڕازیکردنی هۆز و تيرەکەی دەجووڵێتەوە، ئەوا بزانە بەها و دەسەڵاتی پەرلەمان زیاتر دەهێنێتە خوارەوە.
ئەگەر پەرلەمانەکانی تر "یەك" ئەرکیان هەبێت، پەرلەمانی هەرێم "دە" ئەرکی هەیە
هەروەکوو لە چەند وتارێکی تریش باسمان کردووە، پەرلەمانی کوردستان بە بەراورد لەگەڵ پەرلەمانەکانی تر لە جیهاندا، بە درێژاییی تەمەنی خۆی کارێکی ئەوتۆی ئەنجام نەداوە. ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی، کە بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان دەوڵەتێکی شکستخواردووە، لە ڕووی دەرکردنی یاسا و چاودێریکردنی حکوومەتیش، لە چاو پەرلەمانی هەرێم زۆر چالاکترن. پەرلەمان نەدەبوایە بەو کزی و لاوازییە کاربکات. ئێمە میللەتێکین پێویستمان بە یاسایە، بە دامەزراوەییکردنە، بە نیشتمانسازییە، بە وڵاتسازییە. ئەگەر پەرلەمانەکانی جیهان یەك ئەرکیان لەسەر بێت، پەرلەمانی کوردستان دەبوایە بە ئەندازەی ١٠ پەرلەمان ئەرک و چالاکیی هەبوایە.
پەرلەمان پێوەری ديموکراسیبوونی کۆمەڵگەیە. لە ساڵی ١٩٩٢، پەرلەمانی یەكێتیی ئەوروپا پيرۆزباییی بەديموکراسیکردنی هەرێمەکەمانی لێ کرد، کاتێك پەرلەمانمان لە وڵاتێكدا هەڵبژارد کە ئهو دامهزراوهیه تێیدا تەنیا کارتۆنی بوو. گومانی تێدا نییە، ئەو سەرچاوه مرۆیی و دارایییەی لەبەر دەستی پەرلەمانی کوردستاندا هەیە، هیچ کەمتر نییە لە پەرلەمانەکانی جیهان. لێرە شتێك هەیە؛ چەند دەسەڵاتێكی حزبی هەیە، بەرزترە لە پەرلەمان. ڕاستییەکە ئەوەیە: کەسە هەرە بەهێزەکانی حزبەکانی کوردستان، لە دەرەوەی پەرلەمانن. لە هەموو دنیادا حزبەکان لەژێر دەسەڵاتی پەرلەماندان، بەڵام لە هەرێم پێچەوانەیە. چاوی جیهان لەسەر پەرلەمان و حکوومەت و دادگهکانە؛ لە ڕێگهی ئەم سێ دەسەڵاتەوە وەسفی باشی میللەتان دەکەن.
پەرلەمانی کوردستان ئەرکی بنیاتنانە؛ بنياتنانی تاكی کوردستان، بنياتنانی کۆمەڵگەی کوردەواری، بنیاتنانی دامەزراوە و نیشتمان. پەرلەمان دەبێت ڕێگر بێت لە دوو ئیدارەیی، لە جهنگی ناوخۆیی و لەپشێویی ناوخۆیی. پەرلەمان دەبێت داڕێژەری سیاسەتی گشتی و سیاسەتی دەرەوە بێت، داڕێژەری پلانی ستراتیژی بێت لە پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراق، لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، لەگەڵ جیهان. كام کۆمەڵگە هەیە دەستووری نەبێت؟ کام کۆمەڵگە هەیە بێ پەرلەمان ژیانی ئاسایی بەڕێ بکات؟ کام کۆمەڵگە هەیە پەرلەمانتارەکەی لەهەڕەتی لاویدا خانەنشين بکرێت؟ کام کۆمەڵگە هەیە فەرمانبەری پەرلەمان و پەرلەمانتارەکانی، لە گشت چينەکانی کۆمەڵگە سوودمەندتر بن لە بوودجەی گشتی؟
گەڕانەوە بۆ دەسەڵاتە ئاسایییەکانی پەرلەمان
دۆخی نائاساییی هەرێم لە دوای جەنگی داعشەوە، وای کرد دەسەڵاتەکانی هەرێم بە شێوەیەکی ئاسایی پەڕێوە نەچن. خولی چوارەمی پەرلەمان (٢٠١٣-٢٠١٨) لاواز بوو و لاواز کرا. پەرلەمان پێگەیەکی یاسایی و سیاسیی ئەوتۆی لە کۆمەڵگەی کوردستانیدا نەمابوو، یاسا دەرچووەکانی ئەم خوولە یەکجار کەم بوون، دەنگيش نەدرا بە هیچ بوودجەیەکی گشتیی ساڵانە. ئێستا، داعش لە لێواری لەناوچوونە و دۆخی ئابووریی هەرێمیش بەرەو سەقامگيری دهڕوات. کەواتە پێویستە دۆخی پەرلەمان بگەڕێتەوە بۆ باری ئاسایی و، پێگە ئاسایییەکەی بگەڕێتەوە و بەهێزتریش بکرێت.
لە دۆخێکی ئاساییدا، دوای هەڵبژاردن وا دەخوازرێ کە براوەی یەکەم سەرۆکایەتیی پەرلەمان بەدەستەوە بگرێت دواتر لەناو پەرلەمان بير لە پۆستەکانی تر بکرێتەوە، كه چۆن زۆرینە حکوومەت پێک بهێنێت و بتوانێت متمانەی زۆرینەی پەرلەمان بەدەست بهێنێت. بەڵام لە هەرێمی کوردستان، دوای دەرچوونی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و، بۆ پێکهێنانی حکوومەت یەکسەر ڕوو دەکرێتە حزبەکان! ئەی ئەو پەرلەمانتارانەی سەرکەوتوون و هەڵبژێردراون، پێگەیان چییە؟ ئەوانیش وەکوو هەرتاکێكی کۆمەڵگە، تەماشای کۆڕ و کۆبوونەوەی حزبەکان دەکەن، كه بزانن چیمان بۆ ئامادە دەکەن. شاندی حزبەکان لە کۆبوونەکاندا بەدەگمەن پەرلەمانتارێکی خولی نوێی تێدا دەبينرێت. هەست دەکرێت پەرلەمانتاران لە گفتوگۆکانی دروستکردنی حکوومەتی نوێ دوور خراونەتەوە، لە کاتێکدا دوا وشە و دوا دەنگ لای پەرلەمانتارە. ئێستا وا هەست دەکەین، چارەنووسی پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان لە دەستی چەند کەسێکە، لە هیچ هەڵبژاردنێكی گشتی بەشدارییان نەکردووە، لە هیچ دامەزراوەیەکی هەرێم خزمەتی كردهیی (فیعلی)یان نەکردووە. گەڕانەوە بۆ یاسا کارپێکراوەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەت باشترین چارەسەرە؛ با لەناو پەرلەمانهوه حکوومەتی نوێ دابمەزرێت.
بەڕاستی پێویستە بگەڕێینەوە بۆ ئەو ڕۆحییەتەی ساڵی ١٩٩٢؛ کاتێك پەرلەمان دەسەڵاتی یەکەم بوو، هەروەکو لەسەرەوە ئاماژەمان پێ کرد. پەرلەمانی هەڵبژێردراو یەكێك بوو لە دەسکەوتە هەرە مەزنەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد. ئێمە باش لەوە تێ دەگەین کە بارودۆخەکە گۆڕاوە، دەسەڵاتی جێبەجێکردنیش بزوێنەرە هەرە سەرهکییەکەی کۆمەڵگەیە و پێویستیشە پۆستی سەرۆکی هەرێمیش بە بەتاڵی نەمێنێتەوە هەروەکوو ئێستا. خەڵکی کوردستان لەبەر ئەوەی لە چاو کۆمەڵگەکانی تری جیهان لە دۆخێکی زۆر تایبەتدا دەژين، دەبوایە باشترین نموونەی حوکمڕانی نیشانی دونیا بدەین. دەسەڵاتە هەر سەرەکییەکان نابێت بەتاڵ بن؛ نابێت لە دەسەڵات بخرێن. ئێمە لە هەموو کۆمەڵگەکانی تر زیاتر پێویستمان بە دەسەڵاتێکی جێبەجێکردن و دەسەڵاتێکی یاسادانانی بەهێز و هاوسەنگ هەیە.
پەرلەمان پێویستە خۆی سەرچاوەی بڕیاردان بێت و جێگرەوەی نەبێت. پەرلەمان کۆکەرەوەی گشت بيروباوەڕ و جیاوازییەکانی کۆمەڵگە بێت و ناوەندێك بێت بۆ گفتوگۆی سیاسی و یاساییی بنیاتنەر. ئەم دامەزراوە نیشتمانییە، دەبێت کار بکات بۆ گەڕاندنەوەی متمانەی کۆمەڵگە. متمانەیش کاتێك دەگەڕێتەوە كه: پەرلەمانێکی چەلاکمان هەبێت، جێی ئومێد بێت بۆ گەنجان، کار بۆ بەرژوەندییە باڵاکانی هەرێم بکات و نوێنەری ڕاستەقینەی گەلی کوردستان بێت و وا هەست نەکرێت کە دەنگی ئەو خەڵکە بەفيڕۆ چووە.