د. بڕيار شێرکۆ بابان، پرۆفيسۆری یاریدەدەر
یەکەم دەستوور
دەستوور گرنگە، بەڵام دەستووری یەکەم لە مێژووی گەلان و نەتەوەکاندا زۆر گرنگترە. "مام هەژار" لە ڕووی زمانەوانییەوە پێمان دەڵێت، وشەی دەستوور واتە "فەرمان" و "ئیجازە" و "ڕێوشوێن و داب"؛ فەرمانێکە لەسەر گشت دامودەزگهکانی دەوڵەت جێبەجێ دەبێت؛ مۆڵەت دەدات (ئیجازە دەدات) بەم دامەزراوانە دەسەڵات بەکار بهێنن و هەر دەستوورێك ڕێوشوێن و داب و نەریتی فەرمی و یاسا بنەڕەتییەکان دادەڕێژێت.
چەمکی دەستوور و واتاکەی (Constitution) کە لە زۆربەی وڵاتان بەکار دێت، لە دوو وشەی لاتینی تێکهەڵکێشراو دروست کراوە؛ واتە "پێکەوە – بنیاتنان". پێشتر چەندین هەوڵ هەبووە بۆ دانانی یاسایەکی بنەڕەتی بۆ ئاتێنەکانی يۆنان و ئینگليزەکان و...، بەڵام هەموو هەوڵەکان بەو مانایە نهبوونە کە دەستوورێك بۆ دەوڵەتێکی خاوەن سنوور و سەروەری دابنرێت.
پێم سەیر بوو لە کاتی گەڕانم بە دوای مێژووی دەستوورەکان، یەکەم دەستووری نووسراو-بە شێوە مۆدێرنەکەی- هەرێمێک دای ڕشتووە؛ هەرێمی "کۆرس" یان "کۆرسیکا" کە کێشەی لەسەر بووە و یەکەم دەستووری خۆی لە ساڵی ١٧٥٥ داناوە. ئێستا ئەم هەرێمە بەشێکە لە فەڕەنسا و، یەکەم دەستووری فەڕەنسی (٣٦) ساڵ دواتر بوو و لە ساڵی ١٨٩١ دانرا. دەستووری ئەمریکی لە ساڵی ١٧٨٧ دانراوە و لە ساڵی ١٧٨٩وە، سەرەڕای چەندین جار هەموارکردنەوە، بەرکارە تا ئەمڕۆ؛ بەڵام هێشتا دەستێ پێوە دەگرن. ئهمه یەکەم دەستووری ئەمریکا بووە و بنیاتنەری ئەمریکا بووە. یەکەم دەستوور بۆ هەرێمی کوردستان دەتوانێت بەفەرمی پێناسەی نەتەوەیی و سنوور و شێوازی حوکمڕانی بە گشت دنیا بڵێت. ئەم یەکەم دەستوورە، هەرێم لە قۆناغی پرۆسەی "بنياتنانەوە"، دەکات بە قۆناغی "بنياتنراو".
درەنگ دەستوورمان هەبێت، باشترە لەوەی کە قەت نەمانبێت
دوای ڕاپەڕینه مەزنەکەی ساڵی ١٩٩١، ڕێکخستنی یاسایی و دەستووری بۆ هەرێمی کوردستان کارێکی پێویست بوو. ئەوە بوو بە ڕێگهی چەند یاسا و بڕیارێك کە خاسڵەتی دەستوورییان هەبوو، بابەتە دەستوورییە بنەڕەتی و پێویستەکانی ساڵانی سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی پێشوو ڕێک خران؛ بۆ نموونە: یاسای ژمارە (١)ی ساڵی ١٩٩٢ (یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردستان) و یاسای ژمارە (٢)ی ساڵی ١٩٩٢ (یاسای هەڵبژاردنی سەرکردەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد) و یاسای ژمارە (٣)ی ساڵی ١٩٩٢ (یاسای ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان) و هتد.
لە نێوان ساڵانی ١٩٩٢ تاوەکوو ٢٠٠٣ و ڕووخانی ڕژێمی بەعس، دەبوایە دەستوورێکمان داڕشتبایە، بەڵام ناسەقامگيری و ناڕوونیی پەیوەندیی نێوان هەرێم و عێراق و جهنگی براکوژی ڕێگر بوون و، ئەم بابەتە دەستی بۆ نەبرا. لە ساڵی ٢٠٠٥هوە دەستووری عێراقی بەرکار، لە ماددەی (١٢٠)دا، داوا لە هەرێم دەکات کە دەستوور دابنێت. هەرێم نەيتوانیوە تاوەکوو ئێستا ئەم ماددە دەستوورییەی عێراق جێبەجێ بکات. ئەگەر پێشتر لە ساڵانی ١٩٩٢ -٢٠٠٣ عێراق دژایەتیی ئەم پرۆسەیەی کردبێت، ئەوە شازدە ساڵە عێراق خۆی مافی بە هەرێم داوە کە دەستووری خۆی دابنێت؛ ئێمەیش لە بەر هەندێك کێشەی لاوەکی و حزبی، بابەتی دەستووری هەرێممان پشتگوێ خستووە. هەرچی هەوڵەکانی پەرلەمانی کوردستانە، بەتایبەتی لە ساڵانی ٢٠٠٢ و ٢٠٠٩ و ٢٠١٥، کە کۆدەنگیی ئەندام پەرلەمانەکانیشی لەسەر بوو شکستیان خوارد، چونكه ئيعتباراتەکانی دەرەوەی پەرلەمان زۆر توندتر و ڕێگر بوون لە دانانی یەکەم دەستووری هەرێم.
سەرۆکی هەرێم بەڕێز کاك نێچيرڤان بارزانی، هەوڵەکانی بۆ گەیشتن بە یەکەم دەستووری هەرێم دەست پێ کردۆتەوە. پێمان وایە هەموو هەوڵەکان بە ئاراستەی دانانی دەستووری هەرێم گرنگن و جێی دەستخۆشین. هەرچەندە ئەم بابەتە زۆر دواکەوتووە، بەڵام وەکوو دەڵێن "درەنگ بگەین، باشترە لهوهی کە قەت نەگەین."
دەستوور کێشە نییە؛ چارەسەرە
دەستوور پێناسەیەکی فەرمیی نیشتمانە؛ تێیدا دەسەڵاتە سەرەکییەکانی هەرێم دیاری دەکرێن و پەیوەندی لە نێوانیان ڕێک دەخرێت و پەیوەندی لەگەڵ عێراقیش وێنا دەکرێت. دەستوور پێمان دەڵێت سنووری هەرێم لە کوێیە یان دەبێت لە کوێ بێت و، چەند بناغە و ئاماژەیەك بۆ پرۆسەی بەنەتەوەکردن و بەنیشتمانکردنی هەرێم دەستنیشان دەکات. دەستوور ماف و ئازادییەکان ڕێک دەخات و میکانیزمێک بۆ پاراستنیان دادەمەزرێنێت. ئەرکی یەکەم دەستووری هەرێمی کوردستان ئەوەیە، یەك هەرێم و یەك نەتەوە و یەك نیشتمان و یەك سوپا و یەك دەسەڵات بچەسپێنێت. دەستوور هێزێکی پابەندکەرە بۆ گشت دامەزراوەکانی هەرێم لە پەرلەمان و حکوومەت و دەسەڵاتی دادوەری. دهستوور دهبێته پارێزەری بەها و بەرژوەندییە باڵاکانی هەرێم.
پێویستە حزبە سیاسییەکان لە کاتی داڕشتن و ڕێکخستنی دەقەکانی دەستوور، هەموو ململانێ و جياوازییەکانیان بەلاوە بنێن. نابێت بە چاوی بەرژوەندیی تەسکی حزبایەتی و شەخسییەوە له پرۆسەی دانانی دەستوور بڕوانین. نەبوونی دەستوور تاوەکوو ئێستا، کێماسییەکە بۆ گشتمان، بە هەموو حزبەکانەوە؛ سەرکەوتنی ئەم پرۆسهیهیش سەرکەوتنێک دەبێت بۆ هەمووان.
قەتیش باوەڕ ناکەم هەرێم بەرەو دەستوورێکی ناديموکراسی هەنگاو بنێت، لەبەر ئەوەی ئەو دەستوورەی دادەنرێت نابێت پێچەوانەی دەستووری عێراق بێت و، دۆخ و پێکهاتە و تێگەیشتنی هاووڵاتیانی هەرێم بە شێوەیەکە کە دەستوورێکی ديکتاتۆری قبووڵ ناکات. خۆ دواجار خەڵکی کوردستان بڕیاری خۆی دەدات و بە ڕیفراندۆمێك، بە ڕازیبوون یان ڕەتکردنەوەی، دەنگی لەسەر دەدات. هەندێك دەڵێن دەستوورێکمان ناوێت کە ديکتاتۆر دروست بکات. ئەم قسەیە زۆر کورتبينانەیه: دروستبوونی ديکتاتۆری، پەیوەندیی بە بوون و نەبوونی دەستوورهوه نییە. دەستوور نە بۆ حزبێك دەنووسرێت، نە بۆ کەسێك، نە بۆ پێکهاتەیەك؛ پرۆسەیەکی گشتگيری بنیاتنەرە و، بۆ نەتەوە و بۆ نیشتمان دەنووسرێت.
دەستوورە نوێیەکان لە جیهاندا بەرەو ستاندەرێك دەچن کە زۆربەیان لەیەك دەچن: گشتیان ماف و ئازادییەکان ڕەچاو دەکەن؛ گشتیان دەسەڵاتە بنەڕەتییەکان بنیات دەنێن و پەیوەندیی نێوانیان ڕێک دەخەن. خاڵە ناکۆکان لە بەردەم یەکەم دەستووری هەرێمدا زۆر نین؛ گرنگ ئهوهیه هەوڵەکان تەنیا چڕ بکرێتەوە لەوەی چۆن واقعی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم پێناسە بکرێت، چۆن سەرۆکی هەرێم هەڵبژێردرێت، چۆن پەیوەندیی نێوان ئایین و هەرێم ڕێک بخرێت و چۆن پێکهاتەکان مافەکانیان بپارێزرێت و چەند بابەتێکی تر.
یەکەم دەستوور و کۆماری یەکەم
حوکمڕانیی فەڕەنسا لە ساڵی ١٩٥٨ەوە پێی دەگوترێت "کۆماری پێنجەم"، لەبەر ئەوەی لە سەردەمی پێنجەم دەستووری فەڕەنسی دوای شۆڕشی ١٧٨٩ دروست بووە. هەر دەستوورێك لە فەڕەنسا دانراوە، کۆمارێکی نوێی دامەزراندووە. دەستوور خۆی لە خۆیدا دیاریکەری قۆناغێکە یان سەردەمێکە کە نەتەوەیەك یان وڵاتێك پێیدا تێپەڕ دەبێت. واتا لە کاتی پەسەندکردنی دەستووری هەرێم، قۆناغێکی حوکمڕانیی نوێ دێتە کایەوە و گشت یاسا و دامەزراوەکانی هەرێم پێویستە خۆیان لەگەڵ بنەماکانی ئەم دەستوورەدا بگونجێنن.
ژنێڤ، هەرێمێکە (کانتۆنێکە) لە چوارچێوەی سویسرا؛ ناوی لە خۆی ناوە کۆمار و هەرێمی ژنێڤ. هەروەها هەرێمەکانی تری سویسرا وەکوو "ژوورا" و "نووشاتێل" خۆیان بەم شێوەیە پێناسە کردووە. ئەگەر بکرێت لەناو یەکەم دەستوور، ناوی هەرێمی کوردستان بە "کۆمار" و "هەرێمی کوردستان – عێراق" بچەسپێنین سەرکەوتنێکی گەورە بۆ مێژوو تۆمار دەکەین.
جگە لە بابەتە یاسایییەکەی، دەستوور خۆی لە خۆیدا تۆمارێکی مێژووییی فەرمییە کە چەندین بنەمای تێدا جێگير دەکرێت. یەك جار ئەم بنەما و مافانە جێگير کران، زۆر زەحمەتە دەستوورێکی تری عێراق یان حکوومەتێکی تری عێراقی لێی هەڵگەڕێتەوە. ئەوەتا خودی دەستووری عێراقی لە ماددە (١٤١)ی ساڵی ٢٠٠٥، دانی ناوە بە گشت یاسا و بڕیارەکانی هەرێم لە نێوان ساڵانی ١٩٩٢ تاوەکوو ٢٠٠٣. ئەگەر لەو کاتەدا دەستووریشمان هەبووایە، عێراق دانی پێدا دەنا.
کاتی ڕاگەیاندنی یەکەم دەستوور
نابێت دەستوور گرێردراوی هەڵبژاردن بێت. ئێستا عێراق لە سەروبەندی هەڵبژاردنێکی نوێیە. بابەتی دەستووری هەرێم، هەرچەندە دەستووری عێراق ڕێگهی پێ داوە، بهڵام دەبێتە ئامرازێکی سیاسی بەدەست بەربژێرە دژە-کورد و دژە-کوردستانییەکانهوه. کەواتە پرۆسەی دانانی یەکەم دەستوور، دەبێت خۆی لە بانگەشەی هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق دوور بخاتەوە. بە واتایەکی تر، باشترین کات بۆ دانانی دەستووری هەرێم ئەو کاتەیە کە بانگەشەی هەڵبژاردن کۆتاییی پێ هاتبێت و هەڵبژاردن کرابێت و لە ساتی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراقدا بێت؛ کە ئەمەیش ههر خۆی کاتێکی زۆری پێویست دەبێت تاوەکوو سەرۆکی نوێی عێراق و هاوپەیمانییەکان دروست دەبن و حکوومەتی نوێ پێک دێت. لە کۆتاییدا دێینەوە سەر ئەو خاڵەی کە پەیوەندیدارە بە خودی وشەی دەستوور (Constitution) کە به واتای "پێکەوە- بنیاتنان"ە؛ بنیاتنانی نیشتمانێك و نەتەوەیەك بێ پێکەوەبوون مەحاڵە. تەنیا ڕووداوێکی سیاسی و یاسایی و کۆمەڵایەتی هەیە کە ئەم "پێکەوەبوون – بنیاتنان"ە بەفەرمی و بەئاشکرا بەرجەستە دەکات، ئەویش دەستوورە.