خوێندنەوەیەک بۆ لێکەوتە نەرێنییەکانی ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا

د. بڕیار شێرکۆ بابان، پرۆفيسۆری یاریدەدەر

یەکەم: هەڵبژاردن لە کاتی خۆی

بەپێی ماددە (٥١)ی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان ژمارە (١)ی ساڵی ١٩٩٢ هەموارکراو، دوای تێپەڕبوونی چوار ساڵ بەسەر یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی خولی پێنجەم، هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت؛ کەواتە پێش ڕێکەوتی ٦/١١/٢٠٢٢ پێویستە هەڵبژاردن ئەنجام درابێت. ئەگەر وردتر بین، بەپێی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم، بڕگەی دووەمی ماددەی دەیەمی یاسای ژمارە (١)ی ساڵی ٢٠٠٥ هەموارکراو، سەرۆکی هەرێم فەرمان دەردەکات بە دیاریکردنی ڕۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردن، کە پێویستە ڕۆژی هەڵبژاردن لە نێوان ٦/٩/٢٠٢٢ بۆ ٦/١١/٢٠٢٢ بێت. ئەگەر هەڵبژاردن لەو ماوەیەی ئاماژەمان پێ کردووە ئەنجام نەدرێت، ئەوا هەرێم ڕووبەڕووی پرسی درێژکردنەوەی ماوەی خولی پەرلەمان دەبێتەوە کە چەندین لێکەوتەی نەرێنیی دەبێت بۆ پرۆسەی دیموکراسیی هەرێم.

دووەم: جیاکردنەوەی کێشەی یاسایی لە کێشەی سیاسی

بەگشتی لایەنە سیاسییەکان سێ بابەت دەورووژێنن کە بە لەمپەر دای دەنێن و، دەیانه‌وێ پێش هەڵبژاردنەکان ئەنجام بدرێت: خاڵی یەکەم: کۆتاییهاتنی ماوەی کۆمیسيارانی کۆمیسيۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی و نوێکردنەوەی ئەنجومەنی کۆمیسياران؛ خاڵی دووەم: هەموارکردنی یاسای ژمارەی (١)ی ساڵی ١٩٩٢، یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هەموارکراو؛ خاڵی سێیەم: نوێکردنەوە و ڕێکخستنەوەی تۆماری دەنگدەران؛ بەڕاستی ئەم خاڵە پرسێکی تەکنیکییە و پەیوەستە بە دەسەڵاتی کۆمیسيۆنی هەرێمه‌وه‌. جێی پرسیار و ڕەخنەیە؛ کۆمیسيۆنێك کە پێک هاتبێت لە لایەنی دەسەڵات و لایەنی ئۆپۆزيسيۆن، تا ئێستا تۆماری دەنگدەرانی ڕێک نەخسبێتەوە! بە هەر حاڵ لە کاتی ئێستادا کات و میکانیزم بەردەستە کە تۆماری دەنگدەران ڕێک بخرێتەوە.

سەبارەت بە خاڵی یەکەم و خاڵی دووەم، پێویستە بگوترێت کە کێشەی کۆتاییهاتنی ماوەی کۆمیسياران، تەواو جیاوازە لەگەڵ داواکاریی حزبەکان بۆ هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان. سروشتی ئەم دوو بابەتە جیاوازن؛ یەکەمیان کێشەیەکی تەواو یاسایییە؛ بڕگەی یەکەم/١ لە  ماددەی پێنجەم و بڕگەی یەکەم لە ماددەی هەشتەمی یاسای ژمارە (٤)ی ساڵی ٢٠١٤ جێبەجێ نەکراوە و کەموکوڕییەکی یاسایی دروست بووە. بەڵام داواکاریی حزبەکان بۆ هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن، بابەتێکی تەواو سیاسییە و تێڕوانینێكی کاتییە و پەیوەندیدارە بە خوێندەوەی خۆیان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو و بردنەوەی كورسیی زیاتر. ناوەڕۆکی داواکارییە سیاسییەکان بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان هەرچییەك بێت، پێویستە ئەولەوییەت بە جێبەجێکردنی تەواوی یاساکان- کە سروشتێکی دەستوورییان هەیە- بدرێت، ئه‌وجا لایەنە سیاسییەکان بپڕژێنە سەر داواکاریی سیاسیی خۆیان. گومانی تێدا نییە، جێبەجێکردنی یاساکان- کە سروشتێکی دەستوورییان هەیە- لە سەرووی داواکاریی حزبی و تێڕوانینی سیاسییەوەیە؛ ئه‌وجا داواکارییە سیاسییەکان چەند لە بەرژەوەندیی هەرێمن یان نا، ئەمە پرسێکی ترە و، پێویستی بە ديراسە و خوێندنەوەیەکی تر هەیە.

سێیەم: تێكشکاندنی نەريتی درێژکردنەوەی خولی پەرلەمان

لە ساڵی ١٩٩٢وە تاوەکوو خولی پێنجەم، نەريتێكی باوی نەگونجاو لەگەڵ پێوەرەکانی ديموکراسییەت هەبوو، ئەویش درێژکردنەوەی خولەکانی پەرلەمانە. هەر چوار خولەکەی پێشووی پەرلەمانی کوردستان ماوەیان درێژ کراوەتەوە بەم شێوەیەی خوارەوە:

١. لە گوندی "دارەبەن"ی هەولێر پەرلەمانی کوردستان بۆ ماوەی یەک ساڵ لە ڕۆژی ٤/٦/١٩٩٥ەوە بەپێی یاسای ژمارە (١)ی ساڵی ١٩٩٥ خولی هەڵبژاردنی خۆی درێژ کردەوە.

 ٢. لە ٣/٦/١٩٩٦ پەرلەمان لە نێوان "شاوێس" و "مەلائۆمەر" کۆ بووه‌وە و بڕیاری دا بۆ ماوەی (٣) سێ مانگی تر، بەپێی یاسای ژمارە (١)ی ساڵی ١٩٩٦ خولی خۆی درێژ بکرێتەوە.

٣.  لە ڕۆژی ٣/٩/١٩٩٦ پەرلەمانی کوردستان تاوەکوو ٤/٦/١٩٩٨ بەپێی یاسای ژمارە (٢)ی ساڵی ١٩٩٦ خولی خۆی درێژ کردەوە.

 ٤. دیسانەوە خولی پەرلەمانی لە ١٤/٤/١٩٩٨ درێژ کرایەوە؛ ئەم جارە بۆ کاتێکی نادیار و تاوەکوو هەڵبژاردنی نوێی پەرلەمان لە هەرێم بەپێی یاسای ژمارە (٢)ی ساڵی ١٩٩٨.

 ٥. خولی دووەمی پەرلەمان بە بڕیارەیاسایەك لە ڕێکەوتی ١٣/٥/٢٠٠٩ بە بڕیاری ژمارە (٦)ی ساڵی ٢٠٠٩ درێژ کرایەوە، ئەویش بۆ ماوەیەکی دیارینەکراو تاوەکوو هەڵبژاردنی نوێ.

٦. له‌ خولی سێیەمدا، وەکوو خولەکانی پێشووتری، لە ڕۆژی ٣٠/٦/٢٠١٣ پەرلەمان بڕیاری دا تاوەکوو ١/١١/٢٠١٣ خوله‌كه‌ درێژ بکرێتەوە؛ لە هەمان کاتدا بەپێی یاسای ژمارە (١٨)ی ساڵی ٢٠١٣، جەختی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەکردەوە لە ڕۆژی ٢١/٩/٢٠١٣.

٧.  خولی چوارەمی پەرلەمانیش لە ڕێکەوتی ٢٤/١٠/٢٠١٧ بەپێی یاسای ژمارە (١)ی ساڵی ٢٠١٧ بۆ ماوەی دوو وەرزی گرێدانی تر، واتا بۆ ماوەی ساڵێك درێژ کرایەوە.   

بە واتایەکی تر

  • کۆی درێژکردنەوەی خولی یەکەمی پەرلەمان، ٩ (نۆ) ساڵ و ٧ (حەوت) مانگ و ٢٤ (بیست و چوار) ڕۆژ بوو.
  • بەکردەوەیی ماوەی خولی دووەمی پەرلەمان بۆ ماوەی ٤٩ (چل و نۆ) ڕۆژ درێژ کرایەوە.
  • بەکردەوەیی ماوەی خولی سێیەمی پەرلەمان بۆ ماوەی ٢ (دوو) مانگ و ١١ (یازدە) ڕۆژ درێژ کرایەوە.
  • خولی چوارەم بۆ ماوەی ١١ (یازدە) مانگ و ٧ (حەوت) ڕۆژ درێژ کرایەوە.

هەموو ئەم بڕیارانەی سەرەوە بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی خولەکان پرسێکی ناسروشتییه‌ و لەگەڵ پێوەرەکانی ديموکراسییەت ناگونجێ. بەڵام لە ڕووی وردەکاریی یاسایییەوە، ڕوونترین درێژکردنەوە، یاسای ژمارە (١٨)ی ساڵی ٢٠١٣ بوو کە لە خاڵی (٦) ئاماژەمان پێ کردووە.

چوارەم: پابەندبوون بە ڕۆژژمێری ديموکراسی

هەر نەتەوەیەك ژمارەیەك ڕۆژژمێری سروشت جیاوازیان هەیە؛ بۆ نموونە ڕۆژژمێری خوێندن هەیە لە پاییز دەست پێ دەکات و لە پێش هاوین کۆتایی دێت و، ژمارەیەك پشوو و بۆنە لەخۆ دەگرێت؛ ڕۆژژمێرێك هەیە پەیوەندیی بە بۆنە ئایینییەکانەوە هەیە؛ ڕۆژژمێرێكی پەیوەندیدار بە بۆنە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانەوە هەیە. تایبەتمەندیی دارایی و بوودجە وای کردووە کە ڕۆژژمێری تایبەت بە خۆی هەبێت. ئەمانە جۆرەها ڕۆژژمێرن كه‌ بە شێوەی خولی دووبارە دەبنەوە و پابەندبوونێکی یاسایی و سیاسی و کۆمەڵایەتیی تێدایە کە گشت دانیشتووانی وڵاتێك، بە دەسەڵاتداران و هاووڵاتیانی ئاسایییه‌وه‌، ڕێزی لێ دەگرن و پێیه‌وه‌ پابەندن. سەرەڕای ئەم جۆرە ڕۆژژمێرانە، ڕۆژژمێری ديموکراسی هەیە. ئەم جۆرە رۆژژمێرە لە دەستوور یان ئەو یاسایانەی کە بەهای دەستوورییان هەیە، ڕێکخراوە. لە وڵاتانی ديموکراتیدا هەڵبژاردن کاتبەندیەكی هەیە و چەند ساڵ جارێك بە شێوەی خولی هەڵبژاردن دووبارە دەبێتەوە. خودی هەڵبژاردن پێکهاتووە لە چەند پرۆسەیەک و، پێشوەختە هاووڵاتیانیش ئاگادارن کە لە کام ڕێکەوتدا هەڵبژاردنەکان بەڕێوە دەچن.

هەڵبژاردنێکی ديموکراتی بریتییە لە چەند قۆناغێك بەم شێوەیە: هەڵبژاردنی پەرلەمانێك، دەستنیشانکردنی حکوومەتێك، هەڵبژاردنی سەرۆکێك؛ دواتر حزبەکان لە دەسەڵات و ئۆپۆزیسيۆن بەربژێری خۆیان دیاری دەکەنەوە، تۆماری دەنگدەران ڕێک دەخرێتەوە، هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن دەست پێ دەکاتەوە، هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت، ئەنجام ڕادەگەیەنرێت، ماوەیەك بۆ تانە دادەنرێت،  پەرلەمانی نوێ دەستبەکار دەبێتەوە و ئەم بابەتە دووبارە دەبێتەوە. هەڵبژاردنی وڵاتانی ديموکراسی چەندین ساڵ پێش ئەنجامدانی ڕۆژژمێرەکان دیاری کراون؛ نە ڕۆژێك پێش دەخرێت، نە ڕۆژێك دوا دەخرێت.

پێنجەم: ديموکراسیی گەنج، ديموکراسیی ناسەقامگير

ئەم بابەتانەی سەرەوە لە ڕۆژژمێرێکی تۆکمە لە وڵاتانی ديموکراسی جێگير کراوە و گشت لایەنەکان و هاووڵاتیان پێوه‌ی پابەندن.  هەر کێماسییەك ڕوو بدات و یەکێك لەم پرۆسانەی ئاماژەمان پێ دا، لە کاتی خۆی ئەنجام نەدرێت، ئەوا کۆی پرۆسەی ديموکراسی لەو وڵاتانە دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە. بەڵام لەو شوێنانەی جیهان کە ديموکراسی بەتەواوی نەخەمڵیوە، ئەم کاتانەیش هێشتا جێگير نەبوونە؛ بيرمەند Juan Linz ناوی لێ ناوە "ديموکراسیی گەنج". لە کاتی هەڵبژاردنی پێنجەم سەرۆککۆمار بۆ عێراق، ئه‌وجا گەلانی عێراق زانییان کە بۆ گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆکكۆمار، پێویستە ژمارەی پەرلەمانتار لە هۆڵی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی، ٢٢٠ پەرلەمانتار بێت نەك ١٦٥؛ ئه‌مه‌یش دوای ئەوەی دادگای فيدراڵیی عێراق ڕاڤەی بۆ ئەم پرسەی کرد. نموونەیەکی تریش سەبارەت بە ديموکراسییەتی گەنج ئەوەیە کە، ئەو کۆمیسيۆنانەی سەرپەرشتیی هەڵبژاردنەکانی عێراق و هەرێم دەکەن، هەردەم جێی مشتومڕی نێوان حزب و لایەنەکانن. لە هەرێم و عێراقیش بابەتی کۆمیسيۆن پێش هەر هەڵبژاردنێك کێشەی لەسەرە و تاوەکوو چارەسەرێك دەدۆزرێتەوە، ڕۆژژمێری ديموکراسی دەکەوێتە مەترسییەوە. بەڕاستی کۆمیسيۆنی هەڵبژاردن دەبێت دامەزراوەیەکی پیشەگەر و سەربەخۆ و خاوەن بڕیار بێت. لە وڵاتانی ديموکراسی، سەرپەرشتیارانی هەڵبژاردن بەرهەمی تەوافوقاتی سیاسیی کاتی نێوان حزبەکان نین.

لە لایەکی ترەوە، ناسەقامگيریی ديموکراسی لە عێراق، کاریگەریی خۆی لەسەر هەرێم دەسەپێنێت؛ عێراق بڕیاری دا کە هەڵبژاردنەکانی لە یەک بازنەوە، بکات بە هەژدە بازنە و ئێستا ٨٣ بازنەیە. هەرێم کە پێویستی بەوەیە یەك بازنە بێت، بەڵام بەشێك لە لایەنەکان لە دەسەڵات و ئۆپۆزيسيۆن دەیانەوێت هەرێم کۆپیی ديموکراسیی عێراق بێت و بازنەکانی هەڵبژاردن لە یەك بازنەوە بکەن بە فرەبازنە. بێ ئەوەی بچینە ناو بابەتی سوود و زیانی فرەبازنەیی بۆ هەرێم، ورووژاندنی ئەم بابەتە لە کاتی ئێستادا پێشنیارێکی ناڕاستەوخۆیە بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەکان.

 بە هەر حاڵ، ديموکراسی، سروشتێکی ڕێژەییی هەیە؛ چەند ڕێز لە ڕۆژژمێری ديموکراسی بگریت، ئەوەندەیش ڕێژەی سەرکەوتنی پرۆسەکە بەرزتر دەبێت. عێراق و هەرێمی کوردستان لە دۆخێکدان کە ديموکراسییەتەکانیان گەنج و لە پێشکەوتندان؛ هەر پێشهاتێک کە کاریگەریی لەسەر ڕۆژژمێری ديموکراسی هەبێت، دەيگۆڕێت بۆ ديموکراسییەتێکی ناسەقامگير. هەرێم پێویستیی بە سەقامگيری لە زۆر بابەتی ئابووری و دەستووری هەیە؛ سەقامگيریی ڕۆژژمێری ديموکراسی یەکێكە لەو بابەتانەی کە پێویستە کاری زیاتری لەسەر بکرێت.

کۆکین لەگەڵ بيرمەند Juan Linz کاتێك دەڵێت ڕۆژژمێری ديموکراسی و کاتی هەڵبژاردن، ناکرێت دەستکاری بکرێت، تەنیا لە یەك حاڵەت نەبێت کە ئەویش پەیوەندیی بە جەنگەوە هەبێت؛ بۆ نموونە شەڕی براکوژی و شەڕی دژی داعش، کە هۆکار بوون بۆ درێژکردنەوەی دوو خولی پەرلەمان لە هەرێم. سوپاس بۆ خودا لە ماوەی خولی پێنجەمی پەرلەمان، جەنگ یەخەی هەرێمی نەگرتووە، بۆیە هیچ پاساوێکی سیاسی و یاساییی قبووڵکراو نییە؛ ته‌نانه‌ت دانانی دەستووری هەرێمیش، نابێت ببێتە پاساو بۆ دواخستنی هەڵبژاردن.

شەشەم: ڕۆژژمێری ديموکراسیی هەرێم و ڕۆژژمێری ديموکراسیی عێراق

ڕاستە ڕۆژژمێری ديموکراسیی هەرێم و عێراق لە زۆر بابەتدا پەیوەندیدارن، بەڵام ناکرێت پرۆسەی ديموکراسی و دەستنیشانکردنی پۆستەکان لە عێراق، کاریگەریی نێگەتیڤی لەسەر ڕۆژژمێری ديموکراسیی هەرێم هەبێت و، پێچەوانەکەیشی ڕاستە. دۆخی عێراق لەم بارەیەوە جیاوازە، لەبەر ئەوەی دەستووری هەیە و ڕۆژژمێری ديموکراسی جێگيرترە و دادگایەکی دەستوورییش هەیە كه‌ لە کاتی هەبوونی هەر ناڕوونییەك لە ڕۆژژمێری ديموکراسی، پەنای بۆ دەبەن. نەبوونی دەستووری هەرێم هۆکارێکی دیکەیە بۆ جێبەجێنەکردنی ڕۆژژمێری ديموکراسی وەکوو خۆی.

کێشەیەکی سیاسیی پەیوەندیدار بە کاتەوە هەیە، ئەویش هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانە لە ساڵی ٢٠٢٢ کە لە دوای ساڵێك لە هەڵبژاردنەکەی ١٠/١٠/٢٠٢١ی عێراقی دێت. ئەم پرسە وا دەکات ئەو لایەنانەی کە ژمارەی دەنگدەرانیان کەمی کردووە، بەرچاویان ڕوون بێت لەوەی کە لە ماوەی ئەم ساڵە لەوانەیە نه‌توانن دەنگەکانیان زیاد بکەن؛ بۆیە لەمپەر دروست دەکەن و لە ئەنجامدا ڕۆژژمێری ديموکراسیی هەرێم کەوتۆتە بەر ڕەحمەتی ڕۆژژمێری ديموکراسیی عێراق. ئەم بابەتە لە ڕووی کاتەوە لە خولەکانی داهاتووش دووبارە دەبێتەوە، چونکە هەڵبژاردنی هەرێم وەکوو عێراق هەر چوار ساڵ جارێك ئەنجام دەدرێت. ڕاستییه‌كه‌ی، هەڵبژارنەکانی هەرێم دەکەونە دوای هەڵبژاردنەکانی عێراق و کاریگەریی نێگەتیڤی لەسەر کێبڕکێی نێوان حزبەکان دەبێت، چونکە براوە و دۆڕاو لە هەڵبژاردنەکانی عێراق، پێشوەختە هەست بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکانی هەرێم دەکەن. لەوانەیە، ڕێژەی بەشداربوونی هاووڵاتیانیش لە هەڵبژاردنەکانی هەرێم کەم ببێتەوە.

حەوتەم: ديموکراسییەت و متمانە

ديموکراسییەت بریتییە لە متمانەی خەڵک بە حزبێکی دیاریکراو و بۆ کاتێکی سنووردار. ئەم متمانەیە لە دوای تێپەڕبوونی ماوەیەکی دیاریکراو، پێویستە دووبارە بخرێتە ژێر دەنگدان؛ ئەو کاتە خەڵک بڕیاری خۆی دەدات بۆ متمانه‌دانەوە بە حکوومەتێکی دیاریکراو، یان دەنگدان بە لایەنێکی تر. بە هەر حاڵ، کاتێك حزبێك دەنگی زۆرینە بەدەست دەهێنێت، ئەوا دەستی تەواو کراوە دەبێت لەو ماوەیەی کە بۆی دیاری کراوە بەرنامەکانی خۆی جێبەجێ بکات. هۆکاری سەرەکیی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق لە ١٠/١٠/٢٠٢١، نەمانی متمانەی خەڵک بوو؛ بۆیە هەڵبژاردنەکان ئاماژەیەکن بۆ نوێکردنەوەی متمانە بە لایەنەکانی دەسەڵات و دەرفەتێکە بۆ ئۆپۆزيسيۆن کە بێنە ناو کایەی حوکمڕانی.

ئەگەر بە زمانی بيرمەندە سەرمایەدارەخوازەکان (کاپیتالیستەکان) قسە بکەین، دەنگ وەکوو قەرزێک وایە كه‌ بۆ کاتێکی دیاریکراو لە بانکێك وەری دەگریت. هه‌ر لایه‌نێك لەو کاتە سنووردارکراوەدا ئەو قەرزەی-دەنگی زۆرینە- وەری دەگرێت، دەتوانێت وەبەرهێنانی تێدا بکات تاوەکوو کاتەکە تەواو دەبێت و قەرزەکە دەگەڕێنرێتەوە. ئەگەر لایەنی زۆرینە نەیتوانی لە کاتی خۆی بيگەڕێنێتەوە، ئەوا تووشی سزای دارایی و پێبژاردن دەبێتەوە کە لەوانەیە گشت ئەو قازانجەی بەدەستی هێنانەوە، لەو کاتە سنووردارەدا لەدەستی بدات.

سیستەمی ديموکراسییەت بۆیە قبووڵکراوە، چونكه‌ بەپێی ڕۆژژمێرێکی ڕێکخراو هەڵبژاردنەکان دووبارە دەبنەوە و خەڵک بە ئارەزووی خۆی نوێنەری خۆی هەڵدەبژێرێت. ئەمەش وا دەکات کە لایەنێک کە زۆربەی جار زۆرینە بەدەست دەهێنێت، بەرهەمی کارەکانی خۆی لە ڕێگه‌ی متمانەی خەڵکەوە بەدەست بهێنێتەوە و، هەڵبژاردنیش نیشانە و پێوەر دەبێت بۆ پیادەکردنی دەسەڵات و قورساییی خۆی لە کۆمەڵگه‌.  

 هەشتەم: درێژکردنەوەی خولی پەرلەمان یان دواخستنی هەڵبژاردن

وەک ڕوونە، هەرچەندە لە یاساکانی هەرێم- هه‌روه‌ك ئاماژەمان پێ کردووە- باس لە درێژکردنەوەی خولی پەرلەمان دەکرێت بەڵام لە ڕاستیدا دواخستنی هەڵبژاردنە و کاریگەرییەکی خراپی لەسەر ڕۆژژمێری ديموکراسی دەبێت. گريمان وەکوو خولەکانی پێشوو، لایەنە سیاسییەکان نەگەیشتنە ڕێکكەوتن و، کۆمیسيۆن هەڵبژاردنی چالاک نەکردەوە، ئایا پەرلەمانی کوردستان وەکوو خولەکانی پێشوو، بڕیار دەدات بە درێژکردنەوەی تەمەنی خۆی و لە ئەنجامدا تەمەنی حکوومەت و "سەرۆکایەتیی هەرێم"یش درێژ دەکرێتەوە؟ بەم شێوەیە ڕۆژژمێری ديموکراسیی هەرێم ديسانەوە ناشێوێنرێتەوە؟ خولی دووەم و سێیەم و چوارەمی پەرلەمانی کوردستان چەند مانگێك پێش ئەنجامدانی هەڵبژارنەکانی عێراق ده‌ستی پێ كرد، بەڵام بەهۆی ئەو درێژکردنەوانەی ئاماژەمان پێ دا، لە خولی پێنجەمی پەرلەمانەوە هەڵبژاردنەکانی هەرێم لە ڕووی کاتەوە کەوتوونەتە دوای هەڵبژاردنەکانی عێراق و، ئەگەر خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی لە کاتی خۆی ئەنجام بدرێت، ساڵێك دوای هەڵبژاردنەکانی عێراق دەبێت. 

ئەگەر ئەو گريمانەی درێژکردنەوەی خولی پەرلەمانی، بڕیاری لەسەر درا، ئەوا کۆمەڵە یاسایەك کە سروشتی دەستوورییان هەیە بەهای خۆیان لەدەست دەدەن و وەکوو خۆیان جێبەجێ ناکرێن: ماددەی (٥١) لە یاسای ژمارە (١)ی ساڵی ١٩٩٢ سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕوونی پێمان دەڵێت کە، تەمەنی خولی پەرلەمان چوار ساڵە. بە هەمان شێوە، له‌ ماددەی سێیەم لە یاسای سەرۆکایەتیی هەرێم ژمارە (١)ی ساڵی ٢٠٠٥، زۆر ئاشکرایە کە ویلایەتی سەرۆکی هەرێم بۆ ماوەی چوار ساڵە. هەروەها لە بڕگەی دووەمی ماددەی دەیەمی یاسای سەرۆکایەتیی هەرێم، وردەکاریی ڕاگەیاندنی هەڵبژاردنی تێدایە کە ئەمەش وەکوو خۆی جێبەجێ ناکرێت. ئەمەش خۆی لە خۆیدا پێچەوانەی بنەمای جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانە؛ لە کاتێکدا دەسەڵاتێک دراوە بە سەرۆکی هەرێم كه‌ ڕۆژی هەڵبژاردن دەستنیشان بکات و دواتر پەرلەمان هەڵبژاردنەکان دوا ده‌خات.  

لەگەڵ تەواوبوونی خولی پێنجەمی پەرلەمان لە ٦/١١/٢٠٢٢، بڕگەی یەکەمی ماددەی (٥)ی یاسای کاراکردنەوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان – و هەمواری شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆک تا پەسەندکردنی دەستوور ژمارە (١)ی ساڵی (٢٠١٩) کارا دەبێت: ماوەی ویلایەتی سەرۆکی هەرێم، بە کۆتاییهاتنی ماوەی ويلایەتی پەرلەمان کۆتایی دێت. پرسیارەکە ئەوەیە: دیسانەوە پێویستە بۆ درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتیی هەرێمیش، دەنگدانێکی بەجیا بکرێت؟ لە ئەگەری درێژکردنەوەی خولی پەرلەمان، ئایا حکوومەت و سەرۆکایەتیی هەرێم، دەبن بە کاربەڕێکەر یان بە تەواوی دەسەڵاتەکانیانەوە کاری خۆیان ئەنجام دەدەن؟ كۆمه‌ڵێك پۆستی کارگێڕی هەیە لە هەرێمی کوردستان، کە ماوەی کاركردن تێیدا بۆ ماوەیەکی دیاریکراوە؛ ئەمانەش درێژ دەکرێنەوە؟ ئەگەر پەرلەمان تەمەنی خۆی درێژ بکاتەوە، لە ئەنجامدا پۆستی وەزیرەکانیش لە حکوومەت درێژ دەبێتەوە؛ ئایا ئەو پۆستانەی کە ئیستیحقاقی هەڵبژاردنن (وەکوو بەڕێوبەری گشتی و پۆستەکانی تر)، درێژ دەبنەوە؟

نۆیەم: تاریکترین سيناريۆکانی دواخستنی هەڵبژاردن

لە عێراق بابەتی درێژکردنەوەی خولی ئەنجومەنی نوێنەران نە لە دەستوور، نە لە یاسای ژمارە (١٣)ی ساڵی ٢٠١٨ ئاماژەی پێ نەکراوە؛ کەواتە بابەتێکی تەواو ڕەتکراوەیە، كه‌ نە لە کاتی ئاشتی و نە لە کاتی جەنگیش بابەتی دواخستنی هەڵبژاردنەکان بورووژێنرێت.

کاری سەرەکیی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاریی عێراق (UNAMI) لە ساڵی ٢٠٠٤ەوە، بابەتی هەڵبژاردنەکان و چۆنێتیی بەڕێوەچوونیەتی. بڕیاری ژمارە (٢٥٧٦)ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان- بە هەمان شێوەی بڕیارەکانی پێشووتری ئەنجومەنی ئاسایش- جەختی کردۆتەوە لەوەی کە ئەرکی سەرەکیی  UNAMI بریتییە لە چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکانی عێراق و؛ ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان (٣) مانگ جارێك ڕاپۆرتی UNAMI لە پێش هەر پازدە ئەندامەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەخوێنێتەوە. ئەگەر پەرلەمانی کوردستان بڕیاری دواخستنی هەڵبژاردنەکانی دا، ئەوا ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بە گشت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕادەگەیەنێت کە، هەڵبژاردنەکانی هەرێم دوا خراوە.

پەیوەندییەکی پتەویش هەیە لە نێوان بنەماکانی مافی مرۆڤ و هەڵبژاردن و مافی دەنگدان و خۆپاڵاوتن؛ هەروەک  لە ماددەی (٢١)ی بەیاننامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤی ساڵی ١٩٤٨ و لە ماددەی (٢٥)ی بەڵێننامەی نێودەوڵەتی دەربارەی مافە مەدەنی و سیاسییەکانی ساڵی ١٩٦٦ کە لەلایەن عێراقەوە لە ساڵی ١٩٧١ پەسەند کراوە، هاتووە و جەخت لەسەر هەڵبژاردن بە شێوەی خولی دەکاتەوە. لە ساڵی ١٩٩٤ەوە سەنتەری مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕێبەرێکی تێروتەسەلی دەربارەی مافەکانی مرۆڤ و هەڵبژاردن بڵاو کردۆتەوە و تێیدا زۆر بە ڕوونی ڕای گەیاندووە كه‌، هەر یاسایەك کۆتوبەند بخاتە سەر پرۆسەی هەڵبژاردن (بۆ نموونە دواخستنی هەڵبژاردنەکان)، ئەوا بە سنووردارکردنی هەڵبژاردنێکی ئازادانە و ڕێکخراو دادەنرێت.

لەوەش خراپتر ئەوەیە کە، بڕیارەکەی پەرلەمانی کوردستان بە دواخستنی هەڵبژاردنەکان، کاتی هەڵبژاردنی داهاتوو دیاری نەکات و بەجێی بهێڵێت بۆ کاتێكی نادیار؛ هەروەک پێشتریش لە خولی یەکەم و دووەم بڕیاری لەسەر درابوو. ئایا لایەنە حزبییەکانی هەرێم بۆ ڕەخنە و پرسیارەکانی کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی ئامادەن، کاتێك دەپرسن و دەڵێن: ئایا عێراق لە هەرێم ديموکراسیترە؟ ئایا ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی تر، لە دواخستنی هەڵبژاردنەکان بێدەنگ دەبن؟ سيناریۆی هەرە تاریکیش ئەو کاتە ڕوو دەدات، كه‌ زۆرینە لەگەڵ ئەوە نەبن و دەنگ نەدەن بە درێژکردنەوەی خولی پەرلەمانی و، دادگایەکی دەستووریمان نییە بۆ ئەوەی لەم بۆشایییە ڕزگارمان بکات. لەم دۆخەدا کۆی قەوارەی هەرێم تەواو دەکەوێتە دەرەوەی ڕۆژژمێری ديموکراسییه‌وه‌.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples