پرۆفيسۆر دکتۆر بڕیار شێرکۆ بابان
بۆ یەکەم جار لە مێژوو، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕوونی لە بڕیاری ژمارە (٢٦٨٢) لە ڕێکەوتی ٣٠/٥/٢٠٢٣ داوا لە نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاریی عێراق (يۆنامی) دەکات کە ڕاوێژ پێشکەش بکات و، پشتگير و هاوکاری عێراق و کۆمیسيۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق و دامەزراوەکانی تر بێت بە مەبەستی باشترکردنی ئامادەسازی و پرۆسەی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستانی عێراق. ئەم ناوهێنانەی هەرێمی کوردستان بۆ یەکەم جار نییە لە بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایش، بەڵام گرنگییەکەی لەوەدایە کە بۆ یەکەم جار ئەنجومەنی ئاسایش بەڕاشکاوانە ئامادەیی بۆ پشتگيریکردنی پرۆسەی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان نیشان دەدات. چيڕۆکی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان و پەیوەندیی بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە، بەتایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان، بابەتێکی گرنگە و بەکەمی تیشکی خراوەتە سەری؛ ئێمە لێرەدا بەکورتی باسی لێوە دەکەین.
هەڵبژاردن وەکوو یەكێك لە بنیاتنەرەکانی هەرێمی کوردستان
دوا بە دوای ڕاپەڕینە مەزنەکەی مانگی ئاداری ساڵی ١٩٩١ی گەلی کوردستان و کشانەوەی گشت دامودەزگەکانی حکوومەتی بەعسی بە مەبەستی سزادانی گەلی کوردستان، یەکێك لە گرنگترین بڕیارەکانی ئەو کاتەی بەرەی کوردستانی ئەوە بوو، کە هەڵبژاردنی سەرانسەری بۆ ناوچە ئازادکراوەکانی هەرێمی کوردستان بکرێت. گرنگیی ئەم بڕیارە تەنیا ئەوە نەبوو پرۆسەیەکی ديموکراسی ئەنجام بدرێت، بەڵکوو لە ڕێگەی ئەم هەڵبژاردنەوە توانرا بناغەی حوکمڕانیی هەرێمی کوردستان دابنرێت و، ئەو بۆشاییی کارگێڕی و یاسایییانە پڕ بکرێنەوە.
کەواتە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژوو بۆ دیراسەتکردنی هۆکارەکانی دروستبوونی قەوارەی هەرێمی کوردستان، ئەوا بێ گومان دەگەڕێتەوە بۆ هەوڵی بەردەوام و بێوچانی گەلی کوردستان و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد بە درێژاییی مێژوو، کە ڕاپەڕینە مەزنەکەی لێ کەوتەوە؛ هەروەها پشتگيریی نێودەوڵەتی، بەتایبەتی لە ڕێگەی بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ژمارە (٦٨٨) لە ڕێکەوتی ٥/٤/١٩٩١ لە لایەکی ترەوە. بەڵام پێویستە ئەوەمان لەبير نەچێت کە هەڵبژاردنی ١٩/٥/١٩٩٢ یەکێك بوو لە پێکهێنەرە سەرەکییەکانی ئەم هەرێمە؛ پەرلەمانێکی هەڵبژێردراوی لێ کەوتەوە کە توانیی حکوومەت و گشت دامەزراوەکانی تری هەرێم بنیات بنێت. بە شێوەیەکی تر باسی بکەین؛ لە ئاستی ناوخۆیی، ئەم هەڵبژاردنە شەرعییەتێکی بە بنیاتنان و بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستان بەخشی. ئەگەر بێینە سەر ئاستە نێوەدەوڵەتییەکەیش، ئەوا هەنگاوێکی بوێرانە بوو؛ تەواو جیاواز بوو لەو عەقڵییەتە عێراقییەی کە بە ناوی شۆڕشەوە دەیان ساڵ بوو هەڵبژاردنی تێدا ئەنجام نەدرابوو. چاودێرە نێودەوڵەتییەکان زۆر بەئاسانی دەیانتوانی بەراوردێك بکەن لە نێوان عێراقێکی ستەمکار لە ميللەتەکەی و دوژمنکار بۆ وڵاتانی دراوسێی، لەگەڵ میللەتێکی کوردستانی، كە سەرەڕای نەبوونی هیچ دامەزراوەیەكی ئەوتۆ لە ساڵانی ١٩٩١-١٩٩٢ توانیی هەڵبژاردنێك ئەنجام بدات. ئەوەندە بەسە کە پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا خۆشحاڵیی خۆی دەردەبڕێت بەوەی کە لە ١٩/٥/١٩٩٢ یەکەم هەڵبژاردنی ديموکراسی و سەرانسەری و ئازادانە لە هەرێمی کوردستانی عێراق بە بەشداریی کورد، مەسیحی، تورکمان و دانیشتووانی تر ئەنجام درا. ئەم بڕیارەی پەرلەمانی ئەوروپا مانگێك کەمتر لە یەکەم هەڵبژاردنی هەرێم لە ١٢/٦/١٩٩٢ دەرچووە و بەڵگەیەکە کە یەکێك لە بەرزترین دامەزراوە ديموکراتییەکانی ئەوروپا چاودێر و پشتگير بوو بۆ پرۆسەی هەڵبژاردنی بنیاتنەری هەرێمی کوردستان.
نەتەوە یەکگرتووەکان و هەڵبژاردنەکان
لە سەرەتای ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی پێشوو و لە دوای نەمانی بلۆکی سۆڤیەتی، نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبووە لە چاودێری و ڕێکسخستنی هەڵبژاردنەکان لە جیهاندا. جێگری ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سياسی و بەهێزکردنی ئاشتی، ئەم ئەرکەی لەسەر شانە کە پاڵپشتە بە دامەزراوەیەکی بەرفراوانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاریی هەڵبژاردنەکان. ئێستا خاتوو "ڕۆزمێری ئەی ديکارلۆ" (Rosemary A. DiCarlo) ئەم پۆستە باڵایەی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوە دەبات. بە مەبەستی پرسی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان و لابردنی لەمپەرەکانی، خاتوو ديکارلۆ لە کۆتاییی مانگی (١)ی ساڵی ٢٠٢٣ سەردانی بەرپرسە باڵاکانی هەرێمی کوردستانی کرد.
نەتەوە یەکگرتووەکان بە دەیان بڕیار و بەرنامە و ڕاسپاردەیان لە بوارە جیاجیاکانی هەڵبژاردن دەرکردووە، بۆ نموونە چۆنێتی و شێوازی پاڵپشتی و چاودێریی هەڵبژاردنەکان لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان، پێداویستییەکانی هەڵبژاردن، هاوکاریکردنی چاودێرانی هەڵبژاردن، بەشداریی ئافرەت لە هەڵبژاردنەکان، بەشداریی خاوەن پێداویستیی تایبەت، بابەتی خۆپارێزی لە توندوتیژی لە کاتی هەڵبژاردن و هتد. یەکێك لە گرنگترین بڕیارەکانی کۆمەڵی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بریتییە لە بڕیاری ژمارە ٧٢/١٦٤ کە لە ١٩/١٢/٢٠١٧ دەری کردووە دەربارەی برەودان بە ڕۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ زیادکردنی هەڵبژاردنەکان بە شێوەی خولی و شەفاف و، هاندانی ديموکراسییەت کە تێیدا بەگشتی هێڵە گشتییەکانی ڕۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان دیاری کراوە.
یەکێك لە ئەرکەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەم سەدەیەدا، بەشداریکردنە لە هەڵبژاردنە نیشتمانییەکان. بۆ نموونە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەرکی چاودێریی هەڵبژاردنەکان بووە وەکوو لە نیکاراگوای، ئێریتیریا، هایتی و، ئەرکی پێشکەشکردنی هاوکاریی تەکنیکی بووە لە هەڵبژاردنەکانی لایبریا، مۆزەمبيک و کۆماری ئەفریقای ناوەند. هەروەها لە تەیمووری ڕۆژهەڵات و سەحرای ڕۆژاوا کە دەوڵەت نەبوون، ئەرکی ڕێکخستنی هەڵبژاردنەکانی هەبووە. لە هەندێك شوێنی تر هاوکاری چاودێریی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بووە بۆ هەڵبژاردنەکان؛ بۆ نموونە لە مەکسیک و زيمبابۆی. کەواتە نەتەوە یەکگرتووەکان لە کرۆکی کاری هەڵبژاردندا بووە.
پێویستە ئەوەیش بگوترێت، کە ڕۆڵی نەتەوە یەکگرتوەکان سنووردار نەبووە بەوەی کە لە سەرەوە ئاماژەمان بۆ کردووە، بەڵکوو زۆر جار لەوەیش زیاتر بووە: لە ئاستی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و بنیاتنانی ديموکراسی. پسپۆڕی هەڵبژاردنەکان لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بەڕێز Nguyen Huu Dong بەئاشکرا باس لەوە دەکات کە سەرەڕای ئەوەی کە دەسەڵاتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دیاریکراو بوو، وەک لە سەرە باسمان کرد، بەڵام ئەمە تەنیا (٧٠٪)ی ڕاستییەکەیە؛ نەتەوە یەکگرتووەکان کاتێك دەسەڵاتی لە ناوچەیەکی دیاریکراو دەبێت، زیاتر لەوەی بۆی دیاری کراوە ڕۆڵی خۆی دەبينێت.
ئێمە لێرەدا ناتوانین گشت کار و چالاکی و ئەرک و بەرپرسیارێتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە جۆرەها دامەزراوەکانییەوە لەم وتارەدا باس بکەین؛ بەڵام ئەوەندە پێویستە بيڵێین، كە نەتەوە یەکگرتووەکان وەکوو دامەزراوەیەکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بە ڕاگەیاندن و کردەوە هەوڵێکی بێوچان دەدات لە بواری هەڵبژاردن و ديموکراسی لە جیهاندا؛ بەتایبەتی یەکێك لە دامەزراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کە "يۆنامی"یە، ئەم ئەرکە لە چوارچێوەی عێراقدا جێبەجێ دەکات.
يۆنامی و هەڵبژاردنەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان
بەشداریی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاریی عێراق (يۆنامی) لە هەڵبژاردنەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، بە ڕەزامەندیی عێراق بووە. یەکێك لە ئەرکە سەرەکییەکانی يۆنامی لە عێراق، بابەتی ڕاوێژکار و پاڵپشتی و هاریکاریی هەڵبژاردنەکانی عێراقە. هەڵبەت، پێویستە باس لەوە بکەین کە سروشتی بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان كە لە نێوان ساڵانی ١٩٩٠-٢٠٠٣ دەرچوون، جیاوازە لەو بڕیارانەی کە لە دوای ٢٠٠٣ تا ئەمڕۆ دەرچوونە. ئەو بڕیارانەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی پێش ڕووخانی ڕژێمی سەددام حوسێن بەپێی بەندی حەوتەمی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو؛ واتە بڕیارەکان ڕێوشوێن و سزای سەپێنراوی تێدا بوو کە عێراق پابەند کرابوو جێبەجێی بکات، بێ ئەوەی بتوانێت هەڵوێستی خۆی دەربڕێت. بەڵام لە دوای ٢٠٠٣وە، عێراق چۆتە دۆخێکی جیاوازەوە؛ زۆربەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە عێراق، لەسەر داوای خودی حکوومەتی عێراقی دەرچوونە. لەبەر ئەوەی پرۆسەی هەڵبژاردن و ديموکراسی بابەتێکی نوێیە بۆ عێراقییەکان، وا دیارە دەسەڵاتدارانی عێراق درکیان بە پێویستیی بەشداریی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە. بێ گومان ئامادەبوونی هێزە ڕۆژاوایییەکان کاریگەریی لەسەر هەڵوێستی عێراق هەبووە.
بۆ ئەوەی زیاتر ئاشنای ئەم بابەتە بین، پێویستە بيرۆکەیەکمان هەبێت دەربارەی دەسەڵاتەکانی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاریی عێراق (يۆنامی) کە لە سەدان فەرمانبەری نێودەوڵەتی و ناوخۆیی پێک هاتووە. بەردەوامبوونی يۆنامی لە کارەکەی، ساڵانە لەسەر داوای عێراق نوێ دەبێتەوە. لە کاتی دەرچوونی بڕیاری بەردەوامبوونی دەسەڵاتەکانی يۆنامی لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەتایبەتی لەو ساڵانەی کە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی تێدایە، بەوردی ئەرکەکانی يۆنامی لە هەڵبژاردنەکە دیاری دەکرێت. بێ گومان يۆنامی ئەرکی نووسینەوەی ڕاپۆرتی خولی لەسەرە کە لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەخوێنرێتەوە دەربارەی ئەو ڕووداوانەی لە عێراق ڕوو دەدەن، بە هەڵبژاردنەکانی هەرێم و بەغداشەوە.
شایانی گوتنە، بۆ یەکەم جار چەمکی "هەرێمی کوردستان" لە بڕیارێکی ئەنجوومەنی ئاسایش بەکار بێت بە بۆنەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان ساڵی ٢٠٠٩ بوو[1]. هەر لەبەر گرنگیی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان، ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گۆتێریش (Guterres Antonio) خۆی لەناو هەولێر لە ڕێکەوتی ٢/٣/٢٠٢٣ ڕای گەیاند کە، هەڵبژاردن بەردی بناغەی سەقامگيری و خۆشگوزەرانییە و، پێویستە هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لەمساڵدا بکرێن.
هەروەها دوا بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش دەربارەی عێراق ژمارە (٢٨٦٢) لە ڕێکەوتی ٣٠/٥/٢٠٢٣، نوێکارییەکەی لەوەدایە کە ئاماژە بە هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان دەکات. کەواتە ئەم بابەتە ئەوە دەردەخات دوای ئەوەی هەرێمی کوردستان، لەبەر هەر هۆکارێکی یاسایی و سياسی، نەيتوانی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا ئەنجام بدات، نەتەوە یەکگرتووەکان بەپێویستی زانیوە خۆی بێتە مەیدانەکە و لەگەڵ کۆمیسيۆنی هەڵبژاردنی عێراقی هەڵبژاردنی خولی داهاتووی پەرلەمان ئەنجام بدات. لەگەڵ ئەوەیشدا ئەگەر دەقی بڕیارەکە بەوردی بخوێنرێتەوە، دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان دوور نەخراونەتەوە، وەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێ داوە، بەتایبەتی کاتێك بڕیارەکە ئاماژە بە "دامەزراوەکانی تر" دەکات.
چيرۆکی هاوکاریکردنی يۆنامی بۆ کۆمیسيۆنی هەڵبژاردنی عێراقی هەر لە سەرەتای بنیاتنانەوەی عێراقی نوێ لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە دەستی پێ کردووە. هەردوو لایەن شان بە شانی یەکتر گشت هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاکان و تەنانەت سێ هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستانیشیان ئەنجام داوە. سەبارەت بە هەڵبژاردنی ٢٠١٨ کە لەلایەن کۆمیسيۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان ئەنجام درا، يۆنامی بەزەحمەت دەيتوانی هاوکاری کۆمیسيۆنی هەرێمی کوردستان بێت، لەبەر ئەوەی دەسەڵاتەکەی لەلایەن حکوومەتی بەغداەوە سنووردار کرابوو.
هەڵبژاردن و ديموکراسی لە عێراق پرۆسەیەکی ساوایە و، پێویستی بە هاوکاری و پاڵپشتیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە. پێویستە ئەوەیش بڵێن، هەر کاتێك حکوومەتی عێراق کۆتاییی بە ئەرکی يۆنامی لە عێراق هێنا، ئەوا دەرخەری دوو نیشانەیە کە تەواو دژیەكن؛ نیشانەیەکیان دڵخۆشکەر، ئەوی تریان مەترسیدارە: یەکەم نیشانە ئەوەیە کە عێراق گەیشتۆتە پلەیەکی بەرز لە حوکمی ديموکراسی و، هەڵبژاردنەکان تەواو شەفاف و بێکێشەن، بەڵام دۆخی ئێستای عێراق پێمان دەڵێت کە زەحمەتە لەم دە ساڵەی داهاتوودا ئەم ئەنجامانە بەدەست بهێنرێن. دووەم نیشانە بریتییە لەوەی کە عێراق بەرەو ديکتاتۆری و گەڕانەوە بۆ ڕابردوو هەنگاو بنێت؛ واتە حکوومەتێكی عێراقی دروست بێت کە باوەڕی بە بنەماکانی ديموکراسی نەبێت. بۆ ئەم مەبەستە یەکەم هەنگاوی ئەوە بێت کە چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر پرۆسەی ديموکراسی لە عێراق کۆتایی پێ بنێت.
تا چ ڕاددەیەك يۆنامی هاوکاریی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان دەکات؟
دیاریکردنی ڕۆڵی يۆنامی لە هەڵبژاردنی خولی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان، پەیوەستە بەو گفتوگۆ و لێكتێگەیشتنەی نێوان تیمە تایبەتمەندەکانی يۆنامی و کۆمیسيۆنی هەڵبژاردنی عێراقی. هەردوو لایەن شارەزایییەکی تەواویان هەیە، زۆر باش لەگەڵ یەك ئاشنان و بەتەواوی لە کاروبارەکانی یەکتر تێ دەگەن. کەواتە، بەوردی، پێویستە هەرێمی کوردستان بەشدار و چاودێر بێت کە چی دەگوزەرێت و چۆن ڕۆڵی يۆنامی لە هەڵبژاردنی هەرێم دیاری دەکرێت. ئایا دەسەڵاتی کەمتر دەدەنە يۆنامی، وەکوو لەوەی بۆ نموونە لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە ڕێکەوتی ١٠/١٠/٢٠٢١ ئەنجام درا؟ ئایا تا چەند يۆنامی دەتوانێت لە ئەرکەکانی خۆی پێداگر بێت؟ ئایا تا چ ڕاددەیەك يۆنامی چاودێر دەبێت لە هەڵبژاردنی داهاتووی هەرێمی کوردستان؟ شایەنی گوتنە، يۆنامی بەفەرمی تاوەکوو (٣٠/٥/٢٠٢٤)ی لەبەردەستە بۆ ئەوەی بڕیاری ژمارە ٢٨٦٢ لە (٣٠/٥/٢٠٢٣) جێبەجێ بکات؛ بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندیدارە بە هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان.
باشتر وایە، هەرێمی کوردستان لەو ئاستە بەشدارییەی يۆنامی لە هەڵبژاردنی ١٠/١٠/٢٠٢١ کەمتر قبووڵ نەکات، ئەمەیش بە مەبەستی ڕێگریکردن لە هەر کارێکی نەخوازراو کە لەلایەن کۆمیسيۆنی هەڵبژاردنی عێراقی ئەنجام بدرێت، یان بە شێوەیەکی گشتی با هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان بە باشترین شێوە بەڕێوە بچێت. هەروەها لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان باشتر وایە داوای زیاتری بەشداریی يۆنامی و چاودێرە نێودەوڵەتییەکانی تر بکەن بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی خولی پەرلەمان. لە کاتی ئێستایشدا، سەرۆکایەتیی هەرێم دەتوانێت ڕۆڵی خۆی لەم بابەتانەدا ببينێت، بەهۆی ئەو دەسەڵاتانەی لە یاسای سەرۆکایەتیی هەرێم، هەموارکراو ژمارە (١)ی ساڵی ٢٠٠٥ پێی دراوە؛ بەتایبەتی لە پەیوەندیی سەرۆکایەتیی هەرێم لەگەڵ دەسەڵاتە فيدراڵییەکان و لە پرۆسەی هەڵبژاردن. يۆنامی بە شێوەیەکی ئاشکرا و ڕاشکاوانە، گشت ئەرک و بەشدارییەکانی خۆی لە هەڵبژاردنەکانی ١٠/١٠/٢٠٢١ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی بڵاو کردۆتەوە بە سێ زمان (کوردی و عەرەبی و ئینگليزی)؛ بۆ نموونە بڕوانە "پەڕەی ڕاستی #٣"[2] و، دواتریش بە ڕاپۆرتی تێروتەسەڵ باسی لە هەڵبژاردنەکانی عێراق کردووە بە شێوەیەکی بێلایەن.
وەک ئاشکرایە، هەڵبژاردن لە چەند قۆناغێك پێک هاتووە: لە ئامادەکردنی لیستی دەنگدەرانەوە دەست پێ دەکات تاوەکوو ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان و تانەلێدان و ئەنجامی کۆتایی. هەڵبژاردنی ١٠/١٠/٢٠٢١ی ئەنجومەنی نوێنەران، بە هاوکاریی يۆنامی بە یەکێك لە باشترین هەڵبژاردنەکان لە قەڵەم درا، بەڵام دوای چەند هەفتەیەك لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان و دەستخۆشییەکان، لە قۆناغی کۆتاییدا و دوای تانەکان، دوو کورسی لە پارتی ديموکراتی کوردستان – لە (٣٣) ئەندامەوە بۆ (٣١) ئەندام – کەم کرایەوە بۆ بەرژەوەندیی لایەنەکانی تر. ئەم بابەتە بووە هۆی ناڕەزاییی پارتی ديموکرات، بەڵام دواجار هەر ژمارەی کورسییەکانیان کەم کردەوە. هەر بۆ زانیاری، ئەگەر تا ٧/١/٢٠٢٤ هەڵبژاردنی هەرێم ئەنجام بدرێت، کەواتە هەر هەمان پێکهاتەی ئەنجومەنی کۆمیسيۆنی هەڵبژاردنی عێراقی کە سەرپەرشتیی هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٢١یان کرد، هەر ئەوان دەبن بە سەرپەرشتیکاری هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان.
بۆیە پێویستە ڕەچاوی چەند مەترسییەك بکەین کە پەیوەندیدارە بە هەڵبژاردنی داهاتووی هەرێمی کوردستان. بۆ نموونە لە جیاتی ئەوەی کۆمیسيۆنی عێراقی ڕۆڵی لایەنێكی چاکەکار ببينێت و پرۆسەیەکی شەفافی ديموکراسی بەڕێوە بەرێت، بەپێچەوانەوە هەرێم بەرەو دوولەتکردن بەرێت. یان بە هەر هۆکارێك بێت کۆمیسيۆنی عێراقی، هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان بۆ کاتێكی نادیار دوا بخات و هاوکار نەبێت لەگەڵ سەرۆکایەتیی هەرێم بۆ دیاریکردنی ڕۆژی هەڵبژاردن؛ یان لەبەر هۆکارێك ئەو یاسای هەڵبژاردنەی لە هەرێم بەرکارە (یاسایی ژمارە (١)ی ساڵی ١٩٩٢ هەموارکراو) جێبەجێی نەکات، لە کاتێکدا بواری هەموارکردنی یاساکە نەماوە و لەبەر نەمانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، ئەستەمە هەموارکردن بۆ یاساکان ئەنجام بدرێت. دەکرێت سەرۆکی هەرێم بریارەیاسا دەربکات ئەویش بە ڕاوێژ و ڕێککەوتن لەگەڵ سەرۆکی حکوومەت و سەرۆکی پەرلەمان - کە لە دوای بڕیاری دادگای باڵای فيدراڵیی عێراق لە ڕێکەوتی ٣٠/٥/٢٠٢٣ کۆتایی بە دەسەڵاتەکانی پەرلەمان هاتووە -. ئایا تا چ ڕاددەیەك دەکرێت پشت بەم بڕگەیەی یاساییی سەرۆکایەتیی هەرێم ببەسترێت و بڕیارەیاسای نوێ دەرچوێنرێت؟ ئایا قەوارەی هەرێم ناخرێتە ناو بازنایەکی ناکۆتایی؟ مەترسییەکانی تریش پەیوەندیدارن بە يۆنامییەوە: ئایا کۆمیسيۆنی عێراقی هیچ ڕۆڵێك بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەڵبژاردنەکانی هەرێم دەدات، یان دەتوانێت دەسەڵاتەکانی يۆنامی زۆر سنووردار بکات؟ يۆنامی تاوەکوو ٣٠/٥/٢٠٢٤ داوای لێ کراوە کار لەسەر هەڵبژاردنەکانی هەرێم بکات، ئایا تا ئەو کاتە ئەگەر هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان ئەنجام نەدرا، کێ دەڵێت عێراق ڕازی دەبێت بە بەردەوامبوونی يۆنامی لە عێراق، یان ڕێگر نابێت لەوەی ناوی هەرێم لە بڕیارێکی تری ئەنجومەنی بەکار بێت؟
[1] بڕوانە بڕیاری ژمارە (١٨٨٣)ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕێکەوتی ٧/٨/٢٠٠٩.
[2]https://iraq.un.org/sites/default/files/2021-08/2021%2007%20Fact%20Sheet%203%20-%20UN%20role%20-%20Kurdish.pdf