دکتۆر بڕیار شێرکۆ بابان، پرۆفيسۆری یاریدەدەر- زانکۆی سەڵاحەددین – هەولێر
دوای چوار ساڵ لە دروستبوونی ڕێکخراوی تيرۆریستیی داعش و ئەو هەموو تاوانانەی کە ئەنجامیان دا، دوای چاوەڕوانییەکی زۆر، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان "ئەنتۆنیۆ گۆتاريش" لە ڕۆژی ٣١/٥/٢٠١٨، بڕیاری دا بە دەستنیشانکردنی "کەریم ئەسعەد ئەحمەد خان"ی بریتانی وەکوو ڕاوێژکاری تایبەتی و سەرۆکی تیمی لێکۆڵینەوە بۆ یارمەتیدانی هەوڵەکانی عێراق بۆ دادگهییکردنی و کۆکردنەوە و پاراستنی بەڵگەکان لە عێراق بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ژمارە (٢٣٧٩) كه لە ڕۆژی ٢١/٩/٢٠١٧ دەرچووە. نەتەوە یەکگرتووەکان نیازیان وایە کە چەکدارانی داعش بە تاوانی جەنگ، تاوانی دژی مرۆڤایەتی و جينۆساید دادگهیی بکرێن. ئەم بڕیارانەی سەرەوە لە کاتێکی زۆر درەنگ هاتوون و، هەنگاوەکانی دوای ئەم بڕیارانەیش زۆر ساردوسڕن و تا ئێستا هیوابەخش نین. ڕێوشوێنەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئاستی گەورەییی ئەو تاوانە نێودەوڵەتییانه نین کە ڕێکخراوی داعش ئەنجامی داوە.
گەورەترین تاوانی نێودەوڵەتی لە سەدەی بیست و یەکەمدا
کوردانی ئێزیدی، بە بەرچاوی هەموو دنیا، ڕووبەڕووی پیسترین و بەرفراوانترین شاڵاوی لەناوبردن هاتن لە سەدەی بیست و یەکەمدا؛ لە چەرخێکدا هەواڵەکان بە کلیکێك دەگاتە هەموو جیهان. تاوانەکان قێزەون بوون و، بێ گومان دەگاتە ئاستی تاوانە نێودەوڵەتییەکان. چەندین ڕاپۆرتی فەرمی و ڕۆژنامەوانی، ڕوودانی ئەم کارەساتەیان پشتڕاست کردۆتەوە. هەموو پەنجەکانی تۆمەت ئاراستەی لایهنێكه، ئەویش ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامییه لە عێراق و شام کە ناسراوە بە داعش. دەوڵەتی داعش لە ماوەیەکی کەمدا ژیا و تەفروتوونایش کرا. بەڵام لەو ماوە کەمەی ئەم خەلافەتەدا گەورەترین کارەساتی بۆ هاونیشتمانییە ئێزییدییەکان لە ناوچەکانی مووسڵ و دەوروبەریدا خوڵقاند. تاوانەکانی داعش دەگەڕێتەوە بۆ چوار ساڵ زیاتر و ئێستا چەند مانگێكە بە سەر کۆتاییهاتنی جەنگی دژەداعشدا تێ پەڕیوە، کەچی نە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، نە نەتەوە یەکگرتووەکان هەنگاوێکی ڕاستەقینەیان بۆ دادگهییکردنی ئەم تاوانە نێودەوڵەتییانە نەهاوێشتووە.
لە عێراق، دوو جۆر گۆڕ هەیە
گۆڕ، کە چارەنووسی هەموومانە، لە عێراقدا دوو جۆری هەیە: گۆڕی بەکۆمەڵ و گۆڕی تاکەکەسی. لە هەموو جیهاندا ئەوەی باوە یەك گۆڕ جێی یەك كهسی دهبێتهوه، بەڵام کە عێراقی بوویت، دەکرێت ڕۆژێك لە ڕۆژان لە گۆڕێكی بهکۆمەڵدا خۆت ببينیتەوە؛ واتا زیندەبەچاڵبوون چاوەڕوانکراوە و دوا هەناسەیشت لەوانەیە هەر لەناو خاکدا و لەگەڵ ماڵ و منداڵەکەتدا بێت، نەك لە نەخۆشخانەیەك یان لەسەر خاک.
جیهان شایەتە، زۆرترین ڕێژەی گۆڕی بەکۆمەڵ لە سەدەی بيست و، بیست و یەکدا، لە عێراقە. چەندین جار گوتراوە کە عێراقێکی تر لەژێر خاکی ئەم وڵاتەدایە. مەگەڕێن! "گۆڕەشار" و "گۆڕەگوند" لە عێراقە. چيرۆکی نێوان عێراق و گۆڕی بەکۆمەڵ، تەواو پێكهوهگرێدراون. لە دوای ڕووخانی ڕژێمی سەددام، یەكێك لە کارەساتە هەرە سەرنجڕاکێشەکان بۆ کۆمەڵگهی نێودەوڵەتی، بریتی بوو لە هەڵدانەوەی ئەو ژمارە زۆرەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لەژێر خاکی عێراق. بە سەدان گۆڕی بێکێڵ دەدۆزرانەوە و هەڵدەدرانەوە. هەر گۆڕێك سەدان، یان هەزاران خەڵكی لەخۆ دەگرت کە ئێسكوپرووسکیان تێکەڵ ببوون؛ بە جۆرێك کە زۆر زەحمەت دەناسرانەوە. ئەم گۆڕانە، نيشاندەری چيرۆکێكی خەمناك و هەمیشەییی عێراقییەکان و گەلی کوردستانيشە.
پێکهاتەکانی عێراق بەکۆمەڵ کوژراون و بەکۆمەڵ لە گۆڕەکاندا پەستراون. بە چاوی خۆمان دیتمان، گەڕانەوەی ڕووفاتی ئەنفالکراوانی کوردستان، چ مێژوویەکی ڕەشی تری ئەم وڵاتەیان پیشانی ئێمه دا. مێژووی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی عێراق، لە سەردەمی بەعسهوه ڕانەوەستاوە، بەڵکوو هەر بەردەوامە.
لە دوای ٢٠١٤ەوە تا ئەمڕۆ، گۆڕە بەکۆمەڵەکان بە دەستی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لێ درانەوە؛ ئەم جارەیان بۆ پێکهاتەیەکی تری کوردستان و عێراق: کوردانی ئێزیدی. نەتەوە یەکگرتووەکان، چوار ساڵ دوای ڕوودانی ئەم کارەساتانە، تازە بە تازە، بەرەو شەنگال و دەوروبەری هەنگاو دەنێت، بۆ گەڕان و هەڵدانەوەی ئەم گۆڕە بەکۆمەڵانە.
دادگهی ناوخۆیی، یان دادگهی نێودەوڵەتی؟
ئێستا باس لە پرسی بەدادگهییکردنی تاوانەکانی داعش دەکرێت. ئەم پرسە بە دوو ئاراستە ڕۆيشتووە: ئاراستەیەکیان نێودەوڵەتی، ئهوی دیكهیان ناوخۆیی. هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ ناساندنی تاوانهکانی داعش دژی کوردانی ئێزیدی، پێشکەوتنێکی بەخۆوە دیوە، بەتایبەتی دوای دەرچوونی بڕیاری ژمارە (٢٣٧٩)ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان. لە چەندین ڕاپۆرتی گرنگی نێودەوڵەتیدا دەیانخوێنینەوە. هەوڵەکان پێشکەوتنێکی باشی بەخۆه بينيوە. ئێستا قوربانییەکی دەستی داعش، خاتوو "نادیە موراد"، بە باڵیۆزی نیازپاكی لە نەتەوە یەکگرتووەکان دامەزرا و هەڵگری خەڵاتی ئاشتیی "نۆبڵ"ە. هەنگاوی دواتر ئهوهیه كه، پێویستە دادگهیەکی نێودەوڵەتی بۆ ڕاوەدوونان و دادگهییکردنی داعشە تاوانبارەکان دابمەزرێت. "بەنێودەوڵەتیکردن"ی پرسی جینۆسایدی کوردانی ئێزیدی، لە قازانجی پرسی ئێزیدییەکان بەتایبەتی و، کوردستان بەگشتی دەبێت. "بەناوخۆییکردن"ی ئەم پرسە، واتا بچووکردنەوەی بابەتەکە.
ئەو تاوانانەی كه دژی كوردانی ئێزیدی كراوه، تەنیا دژی ئەوان نەكراوە بەڵكوو دژی هەموو مرۆڤايەتی كراوە. كاتێك تاوانێك بۆ قڕكردن و نەهێشتنی نەتەوەيەك يان ئایينێك ئەنجام دەدەرێت، دەبێتە هۆی تێكدان و شێواندنی پێكەوەژيانی هەموو جيهان؛ واتا پێكهاتەيەكی ئەم گۆی زەمينە نامێنێت. واتا، کاتێك ئەنفال و کیمیاباران دژی کورد ئەنجام دران، ئەم تاوانە دژی هەموو جیهان کرا. وەك لە ناوەکەیەوە دیارە، تاوانی نێودەوڵەتی واتا تاوانێکی بێسنوورە، تاوانێکی جیهانییە. باشترین ميکانيزم و ئامرازیش بۆ دادگهییکردنی تاوانباران ئهوهیه كه، پێویستە جیهانی و نێودەوڵەتی بێت.
زۆرمان پێ سەیرە! ئاراستەکانی بيرکردنەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە بڕیاری (٢٣٧٩) ی ٢١/٩/٢٠١٧ دەردەکەوێت ئەوەیە: چەکدارانی داعش لە لایەن دادگه عێراقییەکان بە یارمەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دادگهیی بکرێن. ئەم ئاراستەیە، بچووکكردنەوەی بابەتەکان لەخۆ دەگرێت و، لە بابەتێکی جیهانییەوە دەیخاتە ناو گێژاوێکی یاسایی کە خۆی عێراق لە زۆر بابەتدا چارەسەری یاساییی ئەوتۆی پێ نییە؛ جگە لەوەی دادگهکانی عێراقیش لەوانەیە بکرێن بە ئامرازێکی سیاسی بۆ مەبەستی تۆڵەکردنەوە و لەناوبردنی نەیارانی حکوومەتی عێراقی.
کێشە یاسایییەکان
لە خوارەوە گرنگترین ئەو پرسیار و کێشانە دەخەینە ڕوو کە ڕووبەڕووی دادگهییکردنی داعش دەبێتەوە:
یەکەم: ئایا دادگهی نێودەوڵەتی یان ناوخۆییی عێراق، بۆ دادگهییکردنی داعش سەرپشک دەکرێت؟
دووەم: ئەگەر دادگهی نێودەوڵەتی دهستی بە دادگهییکردنەکە كرد، ئایا چ دادگهیەكی نێودەوڵەتی دەبێت؟ دادگهی تاوانکاریی نێودەوڵەتی؟ دادگهیەکی نێودەوڵەتیی تابیەت؟ دادگهیەکی نێودەوڵەتی – ناوخۆییی هاوبەش؟
سێیەم: دادگهی تاوانکاریی نێودەوڵەتی، چۆن دەسەڵاتی پێ دەدرێت؟ لە ڕێگهی خودی عێراقەوە؟ یان لە ڕێگهی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە؟
چوارەم: ئەگەر دادگهی نێودەوڵەتیی تایبەت دامەزرا، دەسەڵاتەکانی وەك دادگهی نێودەوڵەتیی تاوانکاریی تایبەت بە یۆگسلاڤیا و ڕواندا بێت یان وەك دادگهی نێودەوڵەتیی تاوانکاریی تایبەت بە لوبنان بێت؟
پێنجەم: ئەگەر دادگهیەکی نێودەوڵەتی-ناوخۆییی هاوبەش دامەزرا، ئایا دادوەری عێراقی زۆرینە پێک دەهێنن یان دادوەری نێودەوڵەتی؟
شەشەم: ئەگەر دادگه عێراقییەکان بۆ دادگهییکردن سەرانی داعش سەرپشك کران، ئایا یاسای بهرهنگاربوونهوهی تیرۆری عێراقیی لەسەر جێبەجێ دەکرێت یان یاسای تاوانکاریی نێودەوڵەتی؟ بۆ زانیاری، بەپێی یاسای بەرکاری عێراقی، تاوانی جەنگ، تاوانی دژەمرۆڤایەتی و جينۆساید تاوان نین؛ تەنیا لە دادگهی تایبەت بە دادگهییکردنی سەرانی حزبی بەعس ئەم تاوانانە سەپێنران، بەڵام نەخراونەتەوە پاڵ یاسای سزادانی عێراقی.
حەوتەم: ڕۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە دادگهییکردنی داعش چی دەبێت، ئەگەر دادگهکان عێراقی بن؟
هەشتەم: ئایا دادگهیەکی هاوشێوەی دادگهی تاوانکاریی باڵا، کە بۆ سەرانی بەعس پێک هێنرابوو، دووبارە دروست دەکرێتەوە؟
نۆیەم: بارەگای ئەو دادگهیە لە کوێ بێت؟ لە دەرەوەی عێراق؟ لە ناوەوەی عێراق؟ ئەگەر لە ناوەوەیە لە چ شارێکی عێراق؟
دەیەم: پێگەی هەرێمی کوردستان و دادوەر و دادگهکانی چۆن کاریگەرییان دەبێت؟
یازدەیەم: ئایا هیچ کەسێك پارێزبەندیی دەبێت؟
دوازدەیەم: ئایا سزای لەسێداران دەسەپێنرێت؟
سێزدەم: ئەگەر تاوانەکانی داعش لە دەرەوەی عێراق ئەنجام درابوو، یان تاوانەکانی بە شێوەی بەردەوام لە ناوەوە و دەرەوەی عێراق ڕوویان دابوو، ئایا هەر دادگهکانی عێراق دەسەڵاتیان بە سەردا دەشكێت؟
چواردەیەم: ئەگەر تۆمەتبارەکان لە شوێنێکی دەرەوە گیرابوون، شێوازی ڕادەسکردنەوە بۆ دادگه چۆن دەبێت؟
پازدەیەم: تا چ ئاستێك قوربانی و شایەتەکان پارێزراو دەبن؟
شازدەیەم: ئایا دادگهییی کەسێك دەکرێت، کە نەگيرابێت؟
هەڤدەیەم: چۆن کەسێك دادگهیی دەکرێت كه لە کاتی ئەنجامدانی تاوانەکەی (١٨) ساڵی تەواو نەکردبێت؟
هەژدەیەم: چۆن قوربانیان قەرەبوو دەکرێنەوە؟ ڕۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان و عێراق لەم قەرەبووکردنەوەیە چییە؟
نۆزدەیەم: ئایا ئەم دادگهیە تایبەت دەکرێت بە تاوانەکانی دژی کوردانی ئێزیدی، یان هەموو ئەو تاوانانەی کە داعش ئەنجامی داون، دژی هەر کەس و لایەنێك بێت؟
بیستەم: ئەو گەرەنتییانە چین کە دادگهییکردنەکە بە ئاقارێکی سیاسی و تۆڵەکردنەوەدا نەڕوات؟ ئایا چاودێر و دادوەری نێودەوڵەتی بەشداری دەکەن؟
ئەوانەی سەرەوە چەند پرسیارێکن و چەندین پرسیاری یاساییی تر هەن کە تیمەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان، "کەریم ئەسعەد ئەحمەد خان" بە هەماهەنگی لەگەڵ عێراق پێویستە وەڵامی بدەنەوە. پێویستە دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان دەنگیان ببيسترێت و ڕۆڵیان لەم میکانیزمانەدا هەبێت. دوای ئەوەی لەم بەشەدا، هەندێك باسی تاوانەکانی داعش و پرسیارە یاسایییەکانمان کرد، لە بەشی دووەمی ئەم باسەماندا هەوڵ دەدەین، ڕای خۆمان سەبارەت بە باشترین میکانیزمی دادگهییکردنی داعش دەرببڕین و، لە هەمان کاتدا بیسەلمێنین کە نەتەوە یەکگرتووەکان، بهرامبهر دادگهییکردنی داعش زۆر خەمسارده.