دکتۆر بڕیار شێرکۆ بابان، پرۆفيسۆری یاریدەدەر– زانکۆی سەڵاحەددین – هەولێر
هەرێمی کوردستان لەسەروبەندی حکوومەتێکی نوێدایە. هەروەک لە بانگەشەی حزبی براوەی هەڵبژاردنەکانی ٣٠/٩/٢٠١٨ (پارتی دیموکراتی کوردستان)دا هاتبوو، دەبێت حکوومەتێکی بەهێز بەرهەم بێت. لەم وتارەدا گوزەرێك بە دەوری واتاکانی حکوومەتی بەهێز دەکەین. لە چەند گۆشەنیگایەك و ڕەهەندێکەوە ماناکانی حکوومەتی بەهێز دەخەینە ڕوو. ئەم وتارە هەوڵێکی هزرییە؛ مەبەست لێی باشتر بەڕێوەچوونی هەرێمی کوردستانە. لە ڕێگهی ئەم وتارەوە واتا جۆربەجۆرەکانی حکوومەتی بەهێز بەم شێوەیەی خوارەوە دەخەینە ڕوو:
واتای یەکەم: لە ڕۆژی ٣٠/١٠/٢٠١٧، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەفەرمی دوای دوو هەفتە لە ڕووداوە شوومەکەی ناسراو بە ١٦ی ئۆکتۆبەر، بۆ یەکەم جار دەستەواژەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانێکی بە هێز (Strong KRG)ی لە چوارچێوەی عێراقی یەکگرتوو و فیدراڵدا ڕاگەیاند. دوای بەکارهێنانی ئەم دەستەواژەیە ئەمریکا پێداگيریی لەسەر عێراقێکی سەقامگيری درێژخایەن و شکستپێهێنانی داعش دووپات کردەوە. ئەمریکا نە لەگەڵ ڕيفراندۆمی سەربەخۆییی هەرێمی کوردستان بوو و، نە دەیویست لەو کاتەدا پشتی کوردستانیان بەر بدا و لاواز بن. ئەمریکا باش دەیزانی کە هەرێمی کوردستان بە دۆخێکی یەکجار خراپدا تێپەڕ دەبێت، بەتایبەتی عێراق و دراوسێکانی لە لووتکەی جێبەجێکردنی پیلانەکانیان بوون دژی هەرێم. ئەمریکا لەم قۆناغەدا ڕۆڵێكی بۆ هەرێمی کوردستان داناوە: پێی باشە کە ئەم هەرێمە وەکوو لایەنێكی بەهێز بۆ پارسەنگکردنی هاوکێشە ئاڵۆزەکانی عێراق و ناوچەکە بمێنێتەوە.
واتای دووەم: لە مێژوو و کهلتووری ئەمریکادا، سەرۆکایەتیی بەهێز، بە Jackson Andrew (ئهندرۆ جهكسۆن) حەوتەم سەرۆكی ئەمریکا لە نێوان (١٨٢٩-١٨٣٧) دەگوترا. ئەو سەرۆکە پاشخانێکی سەربازیی هەبوو؛ ئەو فەرماندەیە بوو لە جەنگی ئۆرلیانسی نوێ لە ساڵی ١٨١٥ سەرکەوتنی بهسەر بریتانییەکانی تۆمار کرد. ئەو سەرۆکە بوو کە بە دەستێکی ئاسنین حوکمی ئەمریکای دەکرد، لە هەمان کاتدا بەوە ناسراو بوو کە کار بۆ خەڵکە ئاسایییەکەی ئەمریکا دەکات و لەوان نزیکە؛ دژی ئاریستۆکراتەکان بوو. شێوازێکی حوکمڕانیی بەهێزی هەبوو و جێپەنجەی لە مێژووی حوکمڕانیی ئەمریکییەکان تۆمار کردووە و ئێستایش وێنەکەی لەسەر کاغەزی (٢٠) دۆلاری نەخێشنراوە.
واتای سێیەم: لە کاتی سەردانی بەڕێزان "نێچيرڤان بارزانی" و "قوباد تاڵەبانی"، سەرۆک و جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای مانگی ١٢ی ٢٠١٧، سەرۆکی فەڕەنسا، ئێمانوێل ماکرۆن" ڕای گەیاند: "کوردستانێکی عێراقی یەکگرتوو، دەبێت بە کوردستانێکی بەهێز؛ لەم ڕێگهیەوە هەرێمی کوردستانی عێراق دەتوانێت مافەکانی خۆی لە چوارچێوەی عێراقێکی یەکگرتوودا بەدەست بهێنێت." سەرۆك ماکرۆن و فەڕەنسا لە گۆشەنیگایەکی ترەوە سەیری بەهێزبوونی هەرێمی کوردستان دەکەن. سەرۆك ماکرۆن باش لە برينەکانی کوردستانیان تێ گەیشتووە؛ بەڕاشکاوی و بێ پەردە بە هەرێمی کوردستان دەڵێت یەک بگرن؛ پێداگيری لەسەر یەکبوون دەکاتەوە؛ خۆشحاڵیی خۆی دەردەبڕێ کە ئەم دوو بەڕێزەی سەرەوە پێکەوە لەگەڵی کۆ بوونەتەوە و کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی لەگەڵدا دەکەن.
واتای چوارەم: کاتێك دەوڵەتێك پێی باشە هەرێمی کوردستان بەهێز بێت، واتاکەی نزيك دەبێتەوە لەوەی بڵێت، هەرێمێکی خاوەن سەروەرییان مەبەستە. سەروەری، زاراوەیەکە بۆ وڵاتان بەکار دێت نەك بۆ هەرێمەکان. ئەگەر بێینە سەر زاراوەی سەروەری، واتا دەوڵەت نابێت هیچ قەوارەیەك لە بڕیاردان شان لە شانی بدات؛ نە لە ئاستی ناوخۆیی و نە لە ئاستی دەرەوە. وشەی "هەرێمێکی بەهێز" باڵاترین وەسفە بۆ هەرێمێك بەکار بێت. لە سەرووی ئەو وشەیەوە سەروەریمان هەیە؛ سەروەری هاوتایە لەگەڵ سەربەخۆبوونی وڵات.
واتای پێنجەم: لە سەروبەندی هەڵبژاردنەکانی بانگەشەی مانگی (٩)ی ٢٠١٨، پارتی ديموکراتی کوردستان بە دروشمی "بنیاتنانی کوردستانێکی بەهێز" هاتە ناو مەیدانی بانگەشەی هەڵبژاردن. ئەم حزبە سەرکەوتنێکی بەرچاوی تۆمار کرد. دەنگدەری هەرێمی کوردستان پێی خۆشە هەرێمەکەی هەر بەهێزتر بێ. ڕێزدار سەرۆک "مەسعوود بارزانی" لە دوای سەرکەوتنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڵبژاردنی ٣٠/٩/٢٠١٨ لە ڕۆژی ٢١/١٠/٢٠١٨ ڕای گەیاند: "حكوومەتێكی بەهێز، بۆ كوردستانێكی بەهێز دادەمەزرێت." لەم قسانەی جەنابی سەرۆک بارزانی دیارە، کە حکوومەت ئامرازێکی گرنگە بۆ ئامانجێکی گەورەتر، ئەویش بەهێزبوونی هەرێمی کوردستانە.
واتای شەشەم: حکوومەتێکی بەهێز پێویستیی بە زۆرینەیەکی پەرلەمانی و سەرۆکی هەرێم و هێزی پێشمەرگەیه كه لە پشتی بێت. حزبی یەکەم و سەرکەوتوو (پارتی ديموکراتی کوردستان) بە (٤٥) ئەندام پەرلەمان لە کۆی ١١١ ئەندام خۆی لە خۆیدا پاڵپشتییەکی بەهێزی ديموکراسییە بۆ حکوومەتی نوێ. سەرۆکی هەرێمیش بە سەرکردایەتیی ڕێزدار کاك "نێچيرڤان بارزانی"، کارەکتەر و کەسایەتیی شارەزا لە حوکمڕانی، پاڵپشتێکی مەزنە بۆ حکوومەتی نوێ. هێزەکانی پێشمەرگەیش یەكێك بوو لە لهناوبەرانی ڕێکخراوی تيرۆریستیی جیهانی: "داعش". کەسانی پۆڵایین لە پشت ئەم سەرکەوتنانەوە بوون، بەشێکیش لەوانە بە باکگراوندێکی ئاسایشی و پێشمەرگەئاسا حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان پێک دەهێننەوە. ناوی بەڕێز کاك "مەسرور بارزانی" لە لایەنی حزبی براوەی هەڵبژاردنەکان بۆ سەرۆکایەتی حکوومەت پێشنیار کراوە؛ بێ گومان ئەو وەسفانەی سەرەوە بەتەواوی تێیدا بەدی دەکرێت. ئەم دوو بەڕێزەی لە سەرەوە ئاماژەمان بۆ کردوون، ئاگایان لە گشت خاڵە بەهێز و لاوازەکانی ئەم هەرێمە هەیە؛ ئهوان پیاوی دەوڵەتن.
واتای شەشەم: "نیچە" زانای گەورەی ئەڵمانی دەڵێت: "ئەوەی نەمڕووخێنی، بەهێزترم دەکات." دوای هێرشی داعش و دوای گەمارۆی ئابووریی حکوومەتی عەبادی و دابەزینی ئاستی ئابووریی هەرێمی کوردستان، قسەکەی "نیچە" لێرەدا زۆر لە جێی خۆیەتی؛ دوای ئەم هەموو کێشە و چەرمەسەرییەی کە بەسەر هەرێمی کوردستان هات، چاوەڕێ دەکەین کە هەرێمی کوردستان بەهێزتر بکات، چونکە ئەم هەرێمە دوای ئەو هەموو هێرش و گەمارۆ و قەیرانانە خۆی نەچەماند و دانەڕما.
واتای شەشەم: قەوارەی هەرێمی کوردستان یەك قەوارەیە و، تەنیا بە یەك قەوارەیی بەهێز دەردەکەوێت و سەر دەکەوێت. ئێمە لێرەدا پەندێکی چینی دەخەینە ڕوو کە دەڵێت: "ئەوەی بەسەر ئەوانی تر سەر دەکەوێت بەهێزە، بەڵام ئەو کەسەی بەسەر خودی خۆی سەر دەکەوێت هێشتا بەهێزترە." خودی هەرێمی کوردستان چەندین کێشەی هەیە، بۆ نموونە: یەکنهبوون، گەندەڵی، لاوازیی دامەزراوەکان، ناوچە جێناکۆكهکان و نەبوونی دەستوور. هەر بە خۆمان دەتوانین خۆمان بەهێز بکەین. بۆ پتەوبوونی هەرێمی کوردستان، دەبێت لە ناوەوە و لە خۆمانەوە دەست پێ بکەین.
واتای حەوتەم: بەهێزی و دادپەروەری، دوو وشەی لێکجودا و لێكدوور نین. لووتکەی حوکمڕانی ئەوەیە دادپەروەرییەکی بەهێز لە کۆمەڵگه هەبێت و به هێزێكی دادپهروهر دەتوانێت لایەنە لاوازەکانی بەڕێوبردن بدۆزێتەوە و چارەسەرێکی گونجاویان بۆ بدۆزێتەوە و بە ئيرادەیەكی پۆڵایین ئەو دادپەروەرییە بچەسپێنێت. "بلێز پاسكاڵ" زانای فەڕەنسی، پێش (٤٠٠) ساڵ گوتوویەتی: "دادپەوەری بەبێ هێز بێدەسەڵات و، هێزی بێ دادپەوەری زاڵمە." ئەم دوو چەمکە هەر دەبێت پێکەوە بن و پێکەوە جێبەجێ بکرێن.
واتای هەشتەم: لە هەموو شتێکدا فرەڕایی و فرەجەمسەری و فرەلایەنی نیشانەی بەهێزی بێت، لە سوپادا ئەم جۆرە فرەیییە بەهێزی نانوێنێ، بەڵکوو بەپێچەوانەوە نیشانەی پارچەپارچەبوون و دەستێوەردانه. هەندێك بەها هەیە بۆ ئەوەی بەبەهێزی بمێنێتەوە، دەبێت یەك بێت: یەك هەرێم، یەك سوپا و یەك حوکمڕانی نیشانەی قەوارەیەکی تەندروست و بەهێزە.
واتای نۆیەم: بەهێزی، ئیرادە و بژاردەیە. هەندێك جار بەهێزبوون تاکە بژاردەیە. حکوومەتی بەهێز خۆی دەزانێت لە کوێدا چەند بژاردەیەکی هەیە و دهزانێت کامەیان باشترە بۆ گەلەکەی و، هەندێ جاریش تاکە بژاردەیهكی هەیە و، دەبێت جێبەجێی بکات، بۆ نموونە ئیرادەی ڕووبەڕووبوونەوەیەکی بەهێزی گەندەڵی تاکە بژاردەیە؛ حکوومەت و دادگهکان بژاردەیەکی تریان نییە.
واتای دەیەم: حکوومەتێکی بەهێز و هەرێمێکی بەهێز واتا میللەتێکی خۆشگوزەران. کاتێك قەوارەیەك خۆی بەهێز دەکات، مەبەستەکەی تەنیا دەبێت سەقامگيری و خۆشگوزهرانیی گەلەکەی خۆی بێت. بينیمان هەندێك حکوومەتی دیکتاتۆریی وڵاتانی عەرەبی خۆیان لەسەر حیسابی گەلەکانیان بەهێز دەکرد و، هەر ئەو حکوومەتانە خۆیان بە پارێزەری فەڵەستین و میللەتی عەرەبی دەزانی، کەچی لە کۆتاییدا هەر لە لایەن گەلەکەیانەوە لەناو بردران.
واتای یازدەیەم: حکوومەتێکی بەهێز واتا پەرلەمانێکی بەهێز و دادگهی بەهێز و کەرتی تایبەتی بەهێز و سوپایەکی بەهێز. کۆی ئەمانە پێکەوە دەبێت بەهێز بکرێن. بەهێزکردنی لایەك لەسەر حیسابی دەسەڵاتەکانی تر، بەهێزییەکی ناپارسەنگ دروست دەکات. بەبێ بەهێزکردنی هەموو ئەو لایەنانە، زەحمەتە بڵێین کوردستانێکی بەهێز دروست دەبێت. کوردستانێکی پتەو لە ئەنجامی بەهێزبوونی چەند ڕەگەزێکی جیاواز دروست دەبێت. هەمووی بەیەکەوە گرێدراوە؛ لە شوێنێك کێماسییەکی تێ کەوت، کۆی سیستەمەکە لاوازییەك بەخۆیەوە دەبينێت.
واتای دوازدەیەم: بۆ ئەوەی حکوومەتێکی بەهێز هەبێت، پێویستیت بە سیستەمێک و پرۆگرامێکی بەهێزە. بۆ جێبەجێکردنی سیستەم و پرۆگرامێکی بەهێزیش، پێویستی بە کەسانی دانا و شارەزا و خاوەن ئیرادە هەیە. حکوومەتی بەهێز، پێویستە پەیڕەوی له بنەمای "دانانی کەسی شياو لە شوێنی شیاو" بکات. حکوومەتی بەهێز واتا دانایی لە داڕشتنی بڕیار؛ نەسڵەمینەوە لە جێبەجێکردنی بڕیار.
واتای سێزدەیەم: ژنە ئاسنینەکەی بریتانیا "مارگرێت تاچەر"، سەرۆکی حکوومەت بوو بۆ زیاتر لە ١٠ ساڵ. ئهو زۆر بەباشی لەم پرسە تێ گەیشتبوو: بۆ ئەوەی حکوومەتێکی بەهێزی هەبێت، کاری لەسەر سازانی هەموو لایەنەکان نەدەکرد بەڵکوو کاری لەسەر باوەڕبەخۆبوون و باوەرپێهێنانی ئەوانی تر دەکرد. هێز، واتای باوەڕبوونە بە تواناکانی خۆت و باوەڕپێهێنانی کەسانی ترە بە تواناکانی خۆت.
واتای چواردەم: حکوومەتی بەهێز، واتا کۆنترۆڵکردنی هێز نەك بەکارهێنانی هێز بە شێوەیەکی بەردەوام و، ئهوهیش كه لە کاتی پێویست وەڵامی پێویستی پێ بێت. بەهێزبوون تەنیا واتای بابەتی سەربازی و ئاسایشی ناگهیهنێ؛ ئەم بابەتە بەشێکە لە بوارە جۆربەجۆرەکانی حکوومەت. هەرچەندە ئاشتی و ئاسایش بە بڕبڕەی پشتی هەر سیستەمێك و حوکمڕانییەك هەژمار دەکرێت، بەڵام بڵێین و نەڵێین حوکمڕانی بابەتێکی بەرفراوانتر و فرەڕەهەندترە؛ توانا و ئیرادەیەکی پتەو و نەسرەوتی دەوێت هەموو کایەکانی کۆمەڵگە بە جیاوازییەکانییەوە بەڕێوە ببردرێت.
واتای پازدەیەم: بەهێزی ئەوەیە کە پیشان بدرێت کەسێك یان قەوارەیەك یان هیچ هێزێکی تری ناوخۆیی نییە شان لە شانی حکوومەت بدات؛ واتا پیشان بدرێت ئەو شتەی بە حکوومەتی هەرێم دەکرێت بۆ گەلەکەی، بە هیچ لایەنێک و حکوومەتێکی بیانی ناکرێت.
واتای شازدەیەم: ئەم حکوومەتە حکوومەتی هاوپەیمانی دەبێت، بەتایبەتی لە نێوان سێ حزبی سەرەکی، بەڵام پێویستە بگوترێت حکوومەت کاتێك بەهێز دەبێت ئەگەر حکوومەتێکی هاوپەیمانیی لاواز نەبێت، یان حکوومەتی هاوپەیمانیی ناچاری نەبێت. کابینەی حکوومەت یەك هەرێمی کوردستانی هەیە بەڕێوی دەبات نەك دوو زۆنی حوکمڕانی. پێویستە یەك تيم بن، یەك پرۆگرام هەبێت، نەك هەر وەزارەتێك بۆ حزبێك یان بۆ ناوچەیەك کار بکات. گەورەترین زەحمەتی بۆ سەرۆکی حکوومەت ئەوەیە، کاتێك وەزیرەکان لە دەرەوەی پەیڕەو و بەرنامەی حکوومی کار دەکەن.
واتای حەڤدەیەم: لە کۆتاییدا ئاماژە بە نووسينێکی سیاسەتمەدارێکی ناسراوی فەڕەنسی "ئێمیل دی ژێراردەن" دەکەین، کاتێك دەڵێت: "ئەگەر لە هەموویشیان بەهێزتر نەبووی، پێویستە لە هەموویان ئازاتر بیت." واتا له پرۆسەیەکی مەزنی حکوومهتداریدا ئەگەر بەشێکی ئەو بابەتانەی لە سەرەوە باسمان کرد جێبەجێ نەکرا، ئەوا هیچ نەبێت با پیشان بدرێت کە هەوڵێکی ئازایانە بۆ چارەسەرکردنیان دراوە و، جێپەنجەی خۆی لە مێژووی گەلەکەیدا تۆمار کردووە.