دکتۆر بڕیار شێرکۆ بابان، پرۆفیسۆری یاریدەدەر- زانکۆی سەڵاحەددین – هەولێر
لە بەشی یەکەمی وتارەکەماندا دەروازەیەکمان سەبارەت بە تاوانەکانی داعش باس کرد و، بەکورتی ئەو کێشە یاسایییانەی کە ڕووبەڕووی دادگهییکردنی سەرانی ئەم ڕێکخراوە دهبنهوه، تاوتوێ کرا. دواتر لە بەشی دووەمی ئەم وتارەدا، ئەو پێشکەوتنانەمان خستە پێش دیدی خوێنەران کە لە ئاستی نەتەوە یەکگرتووەکان و، هەروەها ئەو چالاکییانەی لە لایەن "کەریم ئەسعەد ئەحمەد خان"، نوێنەری تایبەتی ئەنجومەنی ئاسایش و سەرۆکی تیمی لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش ئەنجام دراون. هەروەها باسمان له کاردانەوەی وڵاتانی ئەندام لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە پێش کەمتر لە مانگێك ڕوویان داوە.
بەشی یەکەم و دووەم، زیاتر دەرخستنی هەندێك هەقیقەت و کێشەی یاسایی و باسکردنی کاردانەوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بوون. لەم بەشەدا زیاتر تیشك دەخەینە سەر سیناریۆ یاسایییەکان و، ڕای خۆمان دەربارەی ئەم میکانیزمانەی کە بۆ دادگهییکردنی داعش لەبەردەستی نەتەوە یەکگرتووەکاندان، دەردەبڕین.
لێرەدا باسی ئەو میکانیزمە بەردەستانە دەکەین کە دەکرێت لە ڕێگهیانەوە سەرانی داعش دادگهیی بکرێن. چەندین ڕێگه هەن و، دەکرێت ئەم وتارە وەکوو پێشنیارێك بێت بۆ دەسەڵات و ئهوناوەندە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییانەی کە مەبەستیانە دادپەروەری بگەڕێنەوە بۆ قوربانیانی دەست داعش. گومانی تێدا نەماوە کە داعش تاوانی نێودەوڵەتیی ئەنجام داوە کە بریتین لە: تاوانەکانی جەنگ، تاوانەکانی دژەمرۆڤایەتی و تاوانی جینۆساید.
لە کاتی دادگهییکردنی داعش، پێویستە سروشتی نێودەوڵەتیی تاوانەکان، سروشتی فرەناسنامەی چەکدارانی داعش و سنووربڕینی داعش ڕەچاو بکرێت. وەکوو لە ناوییەکەوە دیارە، تاوانی نێودەوڵەتی، واتا تاوانێكە سنوورەکەی بەرفراوانە و تاوانێکی جیهانییە. پێیشمان وایە باشترین ڕێگهیش بۆ دادگهییکردنیان، ڕێگه و ئامرازی نێودەوڵەتییە. تاوانەکان دژی هەموو جیهان ئەنجام دراوە؛ هەر بۆیە جیهان خاتوونێكی قوربانیی دەستی داعش دەکاتە خاوەنی گەورەترین خەڵاتی ئاشتی. قەبارەی کارەساتەکان له ڕاددەبەدەر گەورەن؛ تاوانەکان نێودەوڵەتین؛ تاوانباران هەڵگری چەندین هاووڵاتینامەی جۆراوجۆرن؛ کەچی کاردانەوەكان ساردن و لە ئاستی گهورهییی ڕووداوەکاندا نین.
لە ڕوانگەی یاسای نێودەوڵهتییەوە، چەندین ڕێگهمان هەیە بۆ دەرخستنی بەرپرسیارێتیی تۆمەتبارانی داعش. بێگومان ئەو ڕێگانەیش سروشت و تایبەتمەندیی خۆیان هەیە. هەندێكیان لەوانەیە زۆر قورس بن پیادە بکرێن و، هەندێکیشیان ئاسانترن. هەموویشی دەگەڕێنینەوە بۆ ئارەزووی عێراق و وڵاتانی زلهێز و نەتەوە یەکگرتووەکان کە کامە لهم میکانیزمانه هەڵدەبژێرن:
ڕێگهی یەکەم: دادگهی تاوانی نێودەوڵەتی
بنکەی ئەم دادگهیە لە شاری لاهایە لە هۆڵەندا و لە ساڵی ٢٠٠٢وە دەستبەکار بووە. ئەم دادگهیە، تایبەتمەندە بە دادگهییکردنی کەیسی تاوانە نێودەوڵەتییەکان (جینۆساید، تاوانەکانی دژەمرۆڤایەتی و تاوانەکانی جەنگ). کێشە یاسایییەکە ئەوەیە، نە عێراق و نە ئەمریکا و ئێران کە کاریگەریی زۆریان بەسەر عێراقەوە هەیە، لەم دادگهیەدا ئەندام نین. نەك بەس ئەندام نین بەڵکوو دژی ئەم دادگهیەن. سەد و بیست و سێ دەوڵەت لە جیهان دەسەڵاتی ئەم دادگهیهیان قبووڵ کردووە؛ واتا لەسەر خاکی ئەم (١٢٣) وڵاتەدا ئەگەر تاوانە نێودەوڵەتییەکان ڕوویان دا، ئەوا دادگهی تاوانی نێودەوڵەتی، دەستی بۆ لێکۆڵینەوە و دادگهییکردنی تۆمەتباران دەکرێتەوە.
تەنیا دەوڵەتان دەتوانن ببن بە ئەندام لەم دادگهیە و، هەرێمەکان ئەم مافەیان نییە. هەر بۆیە چەند بژاردەیەك له بهردهم عێراقدان بۆ ئەوەی تۆمەتبارانی داعش ببرێن بۆ دادگهی تاوانی نێودەوڵەتی لە لاهای. بژاردەکان ئەمانەی خوارەوەن:
بژاردەی یەکەم:
عێراق ببێت بە ئەندام لەدادگهی تاوانی نێودەوڵەتی و هەموو دەسەڵاتەكانی دادگه كە قبووڵ بكات. لێرەدا بە شێوەیەكی نیمچەئۆتۆماتیكی، دادگهكە سەیری كەیسی جینۆسایدی ئێزیدییەكان دەكات؛ هەروەها دادگهكە دهست دهكات بەدادگهییكردنی هەر تاوانێكی نێودەوڵەتی كە لە داهاتوودا لە عێراق ڕوو بدات (ئەگەر دادگهكانی عێراق نەیانتوانی ئەم دادگهییكردنە بكەن). ئەم ڕێگهیەیش بەپێی دەستووری عێراق، پێویستی بە ڕەزامەندیی زۆرینەی ڕەهای ئەنجومەنی نوێنەرانە، لەگەڵ پەسەندکردن لە لایەن سەرۆککۆماری عێراقەوە.
بژاردەی دووەم:
عێراق نەبێت بە ئەندام، بەڵام حكوومەتی عێراق، یان پەرلەمانهكهی، داوا بكات ئەم دادگهیە تەنیا و تەنیا لێكۆڵینەوە و دادگهییكردنی تاوانكارانی داعش بگرێته ئهستۆ. لەم حاڵەتەدا، عێراق دەتوانێت ماوەیەك دیاری بكات؛ بۆ نموونە داوا بكات كە دادگهكە دەسەڵاتی لێكۆڵینەوەو دادگهییكردنی بۆ ئەو تاوانە نێودەوڵەتییانەی كە لە عێراق ڕوویان داوە، هەبێت؛ بۆ نموونە لە ماوەی نێوان (١/٦/٢٠١٤ تا ١/١/٢٠١٨). ئەو ماوەیە بۆ دیاریكردنی دەسەڵاتی دادگهكە، گرنگە. دادگه دەتوانێت لەو ماوەیەی بۆی دیاری كراوە، دەسەڵاتی هەبێت بۆ هەر تاوانێكی نێودەوڵەتی كە لە چوارچێوەی سنووری عێراقدا ڕووی داوە.
بژاردەی سێیەم:
ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان فەرمان بدات كه دۆسیەی تاوانەکانی داعش لەسەر خاکی عێراق، بكرێتهوه. واتا ئەنجومەنی ئاسایش بەپێی بەندی حەوتەم لە چارتەری نەتەوە یەكگرتووەكان بڕیارێك دەربكات، كە تاوانەكانی داعش دادگهیی بكرێت؛ وهك چۆن بۆ سوودان و لیبیا بڕیاری دا. بێ گومان ئەم بژاردەیە، پەیوەستە بە ڕای دەوڵەتە زلهێزەكانهوه، چونكە دەبێت هەر پێنج دەوڵەتە زلهێزەكەی دنیا (بریتانیا، فەڕەنسا، ئەمریكا، چین، ڕووسیا)، ڕێگهی لێ نەگرن و "ڤیتۆ" بەکار نەهێنن.
بژاردەی چوارەم:
داواكاری گشتیی دادگهی تاوانی نێودەوڵەتی، خۆی دۆسیەیەك بكاتەوە، دوای ئەوەی چەند ڕێكخراویكی ناحكوومیی نێودەوڵەتی بۆ نموونە Human Rights Watch، یان Public Interest Lawyers، یان هەر ڕێكخراویكی نێودەوڵەتیی دیكە و بەپشتبەستن بە بەڵگەی بەهێز داوا لە داواكاری گشتی بكات، لێكۆڵینەوە لەو بابەتە بكات. ئەم بژاردەیە لە ڕووی میدیایییهوە دەستكەوتێكی گەورەی دەبێت، بەڵام لە ڕووی یاسایییەوە سەرکەوتنی ئەم بژاردەیە پەیوەستە بە عێراقهوه، کە دەسەڵاتی دادگهكە قبووڵ بكات، یان بە شێوەیەك لە شێوەكان بسەلمێنرێت كە تاوانباران هاووڵاتینامەی ئەو دەوڵەتانەیان هەیە كە ئەندامن لەم دادگهیە، کە ژمارەیان (١٢٣) دەوڵەتە. واتا ئەگەر داعشەکە هاووڵاتینامەی سویدی، یان ئەڵمانی، یان ئوردنیی هەبوو، کە ئەندامن لەم دادگهیە، دەکرێت دۆسیەکە لەم دادگهیە بکرێتەوە، ئهویش بە چەند مەرجێکی دیاریکراو کە لێرەدا ناپڕژێینه سهر باسكردنیان.
زەحمەتییەکانی ئەم ڕێگهیە:
ڕێگهی دووەم: دادگهیەكی نێودەوڵەتیی تایبەت بۆ تاوانەكانی داعش:
ئەم جۆرە دادگه تایبەتییە نێودەوڵەتییانە لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دروست دەکرێن. ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەبێ ڕەچاوكردنی دادگه ناوخۆیییەكان، دوو دادگهی تەواو نێودەوڵەتیی دروست كرد؛ هەروەك لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی پێشوودا لە یۆگۆسلافیای پێشوو و ڕواندا دروست كرا. ئەم جۆرە دادگهیانە چەند خاسییەتێكیان هەیە:
ڕێگهی سێیەم: دادگهی تێکەڵ (دادگهی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی)
ئێستا نەتەوە یەکگرتووەکان پهنا ناباته بهر ڕێگهی دووەم؛ واته "دادگهی تەواوی نێودەوڵەتی" دروست ناکات، لەبەر ئەوەی تێچووی زۆرە. ئێستا زۆر پەنا دەباته بهر دادگەی تێکەڵ؛ واتا دادگهیەك بەشێکی نێودەوڵەتی و، بەشەکەی تری پێکهاتووە لە پسپۆر و دادوەری ناوخۆیی. بە واتایەکی دیكه، دادگهی تێكەڵ، واتا دادگه پێك هاتووە لە دادوەری نێودەوڵەتی و ناوخۆیی و، بە ڕەزامەندیی دەوڵەتەكە دروست كراوە؛ بۆ نموونە دادگهی تایبەت بە سیرالیۆن، دادگهی تایبەت به كامبۆدیا، دادگهی تایبەت بە تەیمووری ڕۆژهەڵات، دادگهی تایبەت بە لوبنان (تیرۆركردنی حەریری). لێرەدا هەندێك تایبەتمهندیی ئەم دادگهیە دەخەینە ڕوو:
ڕێگهی چوارەم: دامەزراوەکانی تری نەتەوە یەکگرتووەکان
ئەم ڕێگهیە دادگهییکردنی تێدا نییە، بەڵام دەکرێت بۆ ناساندنی ئەو کارەساتانەی کە ڕوویان داوە بەکار بێت و، هەروەها کاریگەریی دەبێت لەسەر میکانیزم و ڕێگهکانی کە خستوومانەتە ڕوو. ئەمەیش بە ڕێگهی دەزگهكانی نەتەوە یەكگرتووەكان دەبێت، كە تایبەتمەندن بە مافی مرۆڤ. ئەم ڕێگهیە زیاتر بە شێوەی ڕاپۆرت ئامادە دەكرێت. بەهای بڕیاری دادگهی نییە لە یاسای نێودەوڵەتیدا؛ واتا كاریگەریی كەمە. ئەمیش بریتییە لە مۆدیڵی جیاواز:
كۆمیتەی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان: ئەم كۆمیتەیە ساڵی 3 جار لە جنێڤ و نیویۆرك كۆ دەبێتهوە. دەسەڵاتیكی دادوەریی نییە، بەڵكوو بە پشتبەستن بە بەڵگەنامەی نێودەوڵەتی بۆ مافە سیاسی و مەدەنییهكان، ساڵی 1966، له دژی پێشیلكارییەكانی مافی مرۆڤ ڕاسپاردە دهردهكات. هەڵبەتە عێراق وەك زۆربەی میكانیزمەكانی پاراستنی مافی مرۆڤ، دەسەڵاتی ئەم كۆمیتەیەی قبووڵ نەكردووە. هەر بۆیە كارە یاسایییەكان ئاڵۆز دەكات. زۆر پێویستە کە سیاسەتی گشتیی عێراق سەبارەت بە مامەڵەکردن لەگەڵ دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە بواری مافی مرۆڤ بگۆڕێت.
ب. ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوەیەكگرتووەكان: بنكەكەی لە شاری"جنێڤ"ی وڵاتی سویسرایە. پێكهاتووە لە 47 ئەندام، كە هەر یەكێكیان نوێنەرایەتیی وڵاتی خۆی دەكات لەو ئەنجومەنە. پێکهاتەی ئەم ئەنجومەنە خۆی لە خۆیدا ڕووبەڕووی ڕەخنە بۆتەوە هەر لە کاتی دروستبوونییەوە لە ساڵی 2006. گەیشتن بەم ئەنجومەنە، زیاتر لە ڕێی دەروازە دیپلۆماسییەكان، یان دەوڵەتەكان و، هەروەها بە جووڵاندنەوەی ڕێكخراوە نێودەوڵەتییە ناحكوومییەكانهوه دهبێت؛ لەوانە ئەمنستی ئینتەرناشناڵ و هیومەن ڕایتس ۆوچ. دەتواندرێت هەوڵ بدرێت ئەم تاوانانە وەك جینۆساید یان هەر تاوانێكی تری نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتی ساڵانەی ئەنجومەنەكەدا تۆمار بكرێن. ئەم ئەنجومەنە تا ڕاددەیەکی بەرچاو لە پرسی چەوساندنەوەی کەمایەتییە ئایینی و نەتەوەیییەکان لە لایەن داعشهوه، ڕۆڵێكی بهرچاوی گێڕاوە، بەڵام هێشتا ئەم ئەنجومەنە نەیتوانیوە کاریگەریی لە دادگهییکردنی داعش هەبێت و، کاریگەریی لەسەر عێراق دروست نەکردووە.
ڕێگهی پێنجەم: دادگه عێراقییەکان
ئەم ڕێگهیە ئاسانترین شێوەیە بۆ دادگهییکردنی داعش؛ ئاسانە چونکە دادگه و دادوەرەکان بەردەستن، لە ڕووی دارایییەوە هەر عێراق تێچووەکانی بۆ دابين دەکات، گيراوەکانی داعشيش زۆربەی زۆری لە زیندانەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقدان، بەبێ سەرئێشەیش سزای لەسێدارەدان دەسەپێنرێت و کۆتایی بە پرۆسەکەیش دێت. بەڵام ئەم ڕێگهیە چەندین کێشە لەخۆ دەگرێت:
١. تا ئێستا لە یاسای سزادانی عێراقدا تاوانە نێودەوڵەتییەکان جیا نەکراوەتەوە. واتە بەپێی یاسا بەرکارەکان، ناتوانین تاوانکاران بە جينۆساید و تاوانی دژی مرۆڤایەتی دادگهیی بکەین.
٢. بچووکردنەوەی بابەتەکەیە لە کەیسێکی گەورەی نێودەوڵەتی، کە جیهانی بە خۆیەوە سەرقاڵ کردبوو، بۆ کەیسێکی لۆکاڵی عێراقی.
٣. لەوانەیە دادگه و یاسا عێراقییەکان، بۆ تۆڵەکردنەوە لە نەیارە سیاسییەکان بە کار بهێنرێن؛ واتە دادگه، بکرێت بە ئامراز بۆ قۆناغێکی نوێ لە چەوساندنەوەی پێکهاتەکانی عێراق لە لایەن زۆرینەی دەسەڵاتدارهوه.
٤. نەبوونی شارەزا و پسپۆری لەم جۆرە تاوانانە. عێراق بە خۆی داوای لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە کە تيمێکی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی "کەريم ئەحمەد خان" پێك بێت بۆ یارمەتیدانی عێراقییەکان بۆ لێکۆلێنەوە لە تاوانەکان داعش. لە بەشی دووەمدا بە درێژی باسمان کرد.
٥. لەوانەیە دادگهی عێراقی بکەوێتە ژێر کاریگەریی هەندێك دەوڵەتی زلهێز.
٦. دووبارەکردنەوەی هەمان دادگهی باڵای تاوانی عێراقی، کە پێشتر بۆ سەددام و دارودەستەکەی پێك هێنرابوون. ئەم دادگهیه چەندین سزای سەپاندبوو. هەندێکیان هەر زوو سەپێنران و هەندێک تاوانباریش تا ئێستا، نە گيراون و نە سزاکەیان وەکوو بڕیاری دادگه لەسەر جێبەجێ کرا. هەروەها لە ئاستی نێودەوڵەتیدا ئەم دادگهیە چەندین نیشانەی پرسیاری لەسەر دروست بوو کە متمانەی گەورە یاساناسانی نێوەدەوڵەتیی لەدەست دابوو.
کام دادگه بۆ سەرانی داعش؟
بە درێژاییی ئەم وتارەی کە لە سێ بەش پێک هاتبوو، مەبەستمان چۆنێتیی دادگهییکردنی سەرانی داعش بوو؛ دادپەروەرییەکە پێویستە لە ئاستی گەورەییی کارەساتەکەدا بێت. نەتەوە یەکگرتووەکان هێشتا نەگەیشتۆتە ئاستی بيرکردنەوە لەسەر چۆنێتیی دادگهییکردنی داعش (بەشی سێیەمی وتارەکەمان)، بەڵکوو هەندێك هەنگاوی بۆ چۆنێتیی لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش (بەشی دووەمی وتارەکەمان) ناوە. کەواتە هەنگاوەکان ساردن و لەوانەیە لە ٢٠١٩ هێشتا لێکۆڵینەوەکان هەر بەردەوام بن و لە ساڵی نوێدا دادگهییکردنهكه نەبينین.
لە کۆتاییدا تێڕوانینێکی خۆمان بۆ دادگهییکردنی داعش بەکورتی دەخەینە ڕوو، هەروەکوو پێشنیارێکیش دەبێت بۆ بڕیاربەدەستان لە ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان:
١. پێمان باشە دادگهییكردنی داعش لە لایەن دادگهیەکی تێکەڵهوه بێت؛ واتە دادوەرەکان نێودەوڵەتی و عێراقی بن و دادوەرە نێودەوڵەتییەکان زۆرینە پێک بهێنن؛ وەک چۆن ئێستا تيمی لێکۆڵینەوەکان بە سەرۆکایەتیی "کەريم ئەحمەد خان"، پێک هاتووە لە شارەزایانی عێراقی و نێودەوڵەتی.
٢. یاسای سزادانی عێراقی ساڵی ١٩٦٩ هەموار بکرێتەوە؛ بە جۆرێک تاوانی جينۆساید و تاوانی دژەمرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ لەخۆ بگرێت، بۆ ئەوەی سەرانی داعشی پێ دادگهیی بکرێت و، لە داهاتوودا ئەگەر ئەم تاوانانە ڕوویان دایهوە، ئەوا تاوانباران لە هەر پلە و پوستێک بن، دەبێت سزا بدرێن. سوودێکی تەواویش لە بنەماکانی پەيڕەوی بنەڕەتیی دادگهی تاوانی نێودەوڵەتی وەربگيرێت.
٣. دادگه تێکەڵەکانی كامبۆدیا نموونەیەکی زۆر باشن؛ دەکرێت بۆ ئەم جۆرە دادگهییکردنە سوودی لێ وەربگيرێت. واتە ئەم دادگهیە، بکرێت بە بەشێك لە دامەزراوەی دەسەڵاتی دادوەریی عێراقی، لە هەمان کاتیشدا دادوەرەکان بەشی سەرەکییان نێودەوڵەتی بن؛ دادوەرە عێراقییەکانیش، پێویستە لە هەموو پێکهاتەکان بن.
٤. ئەگەر دادگهكە تێکەڵ بێت، پێویستە ڕێکكەوتنێك لە نێوان حکوومەتی عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە چۆنێتیی بەڕێوبردنی دادگهکە مۆر بکرێت. وەزیری دەرەوەی نوێی عێراق، موحەمەد عەلی ئەلحەکيم، شارەزایییەکی تەواوی لە دامەزراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ههیه و، زیاتر لە حەوت ساڵ (٢٠١٠-٢٠١٧) نوێنەری هەمیشەییی عێراق بووە لەم ڕێکخراوە لە جنێڤ و نيويۆرك. با نوێنەری هەرێمی کوردستانیش بەگڕوتينەوە بەشداریی دانوستاندنی دروستکردنی ئەم جۆرە دادگهیەکە بکات.
٥. تا بکرێت بنکەی دادگهییکردنەکە لە دەرەوەی عێراق بێت و، لە وڵاتێکی نزیك بەڵام دراوسێی ڕاستەوخۆی عێراق نەبێت؛ بۆ نموونە دەکرێت لە شاری دوبەی، لە قوبرس یان لە باکۆ بێت. ئەگەر لە ناوخۆی عێراقیش بوو، با تەنیا لە بەغدای پایتەخت نەبێت و، چەندین بنکەی لە شارەکان هەبێت.
٦. زمانی قسەکردنی دادگهکە بە هەموو زمانە ڕەسمی و لۆکاڵییەکانی عێراق بێت؛ لە هەمان کاتدا بۆ زمانە فەرمییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان وەربگێڕدرێت.
٧. چەندین خاڵ و بنەمای تر ماون کە پێویستە لەم دادگه نوێیە باس بکرێت، بەڵام لەبەر کەمی دەرفەت، ناتوانین هەمووی لێرەدا بخەینە بەر باس.