دکتۆر بڕیار شێرکۆ بابان، پرۆفيسۆری یاریدەدەر- زانکۆی سەڵاحەددین – هەولێر
دوای بڵاوبوونەوەی بەشی یەکەمی وتاری "هەنگاوە ساردەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دادگهییکردنی سەرانی داعش" لە ١١/١١/٢٠١٨ لە ماڵپەڕی "پێنووس"،چەند پێشکەوتنێکی بەرچاو دەربارەی لێپرسینەوە لە داعش ڕوویان داوە، كه لێرەدا بەکورتی باسی لێوە دەکەین:
١. پێشکەشکردنی یەکەم ڕاپۆرت لە ڕۆژی ١٥/١١/٢٠١٨ لە لایەن"کەریم ئەسعەد ئەحمەد خان"، ڕاوێژکاری تایبەتینەتەوە یەکگرتووەکان،كه لە هەمان کاتدا سەرۆکی تيمی لێکۆڵینەوەیه لە تاوانەکانی داعش لە عێراق.
٢. ڕاوێژکاری تایبەتی ناوبراو وتارێکی لە پێش ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕۆژی ٤/١٢/٢٠١٨ پێشکەش کرد.
٣. سەرۆکی ئەمریکا "دۆناڵد ترامپ" واژووی لەسەر یاسایەك کرد به ناوی "یاسای فریاکەوتن و بەرپرسیارێتی لە جينۆساید لە عێراق وسووریا" لە ڕۆژی ١١/١٢/٢٠١٨.
٤. خاتوو "نادیە موراد" خەڵاتی "نۆبڵی ئاشتی"ی لە ئۆسلۆی پایتەختی نۆروێژ پێ بەخشرا؛ یەکەم کوردو یەکەم عێراقییە ئەم خەڵاتە بەنرخە وەربگرێت.
بەڕواڵەت هەندێك کەیسی دادگهییکردنی داعش پێشکەوتنی بەخۆیەوە بينیوە، بەڵام هەنگاوە کردارییەکانی دادگهییکردنی داعش هەر ساردوسڕن، ئەو پێشکەوتنەی سەرەوە تەنیا لە ئاستی ئامادەکارییە بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش کە چوار ساڵ لەمەوپێش تاوانەکان ئەنجامدراون و هەندێك لە تاوانەکان تا ئەمڕۆ بەردەوامن. ئەم پێشکەوتنانە وای کرد کە بەشی دووەمی وتارەکەمان دەربارەی "هەنگاوە ساردەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دادگهییکردنی سەرانی داعش" دوا بکەوێت؛ هەروەها بەپێویستمان زانی کە بەشی سێیەمیش بنووسین و لە کاتێکی نزیکدا بڵاوی بکەینەوە.
ڕاپۆرتی یەکەمی تيمی لێکۆڵێنەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێکۆڵێنەوە لە تاوانەکانی داعش
لە ڕۆژی ١٦/١١/٢٠١٨، یەکەمین ڕاپۆرتی بەڕێز "کەريم ئەسعەد ئەحمەد خان"، ڕاوێژکاری تایبەتی و سەرۆکی تیمی لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش، درا بە ئەنجومەنی ئاسایش. ئەم ڕاپۆرتە لەژێر ڕۆشناییی بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش ژمارە (٢٣٧٩) دەرچووە. ڕاپۆرتەکە بە زمانی ئینگليزی نووسراوە و بە هەر پێنج زمانە فەرمییەکەی تری نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەستە و (٢٠) لاپەڕەیەك دەبێت. لە خوارەوە گرنگترین ئەو خاڵانە دەخەینە ڕوو کە لە ڕاپۆرتەکەدا هاتوون:
١. ڕاپۆرتەکە دووپاتی دەکاتەوە کە ڕێکخراوی داعش هەڕەشەیە بۆ ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی؛ ئەو تاوانانەی کە ئەنجامی داوە دەگاتە ئاستی تاوانی جينۆساید، تاوانەکانی دژە مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ.
٢. لە ڕۆژی ١٣/٧/٢٠١٨وە تیمەکەی دەستیان بە چالاکییەکانی خۆیان کردووە و، چەندین خۆئامادەکارییان ئەنجام داوە. ئهوان مەبەستیانە کە لە حکوومەتی عێراقیدا باشترین پەیوەندی دروست بکەن و، لە ڕۆژی ٢٩/١٠/٢٠١٨ دەستیان بە کارەکانیان لە ناوخۆی عێراق کردووە.
٣. بە مەبەستی کارئاسانی بۆ تیمەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان، حکوومەتی عێراقیش لێژنەیەکی بۆ کارکردن لەگەڵ تیمە نێودەوڵەتییەکە داناوە.
٤. تاوانەکانی داعش یەکجار زۆرن و جۆراوجۆرن و کارەساتخوڵقێن بوون بۆ ناوچەکە؛ تا ئێستا (٢٠٠) گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزراوەتەوە کە هەزاران ڕووفاتی تێدایە.
٥. مەبەستی هەرە سەرەکیی کارکردنی ئەم تیمە، لێپرسینەوەیە لە گەورە بەرپرسیارانی داعش و گرتنهبهری ڕێوشوێنی یاسایی لە دژیان، بۆ ئەوەی بناغە ئایدیۆلۆژییەکەی داعش ڕیشەکێش بکرێت.
٦. پێویستە کارەکانیان بە هاوبەشییەکی تەواو بێت لەگەڵ دامەزراوە عێراقییەکان. نیوەی ئەندامانی تیمەکەی، پێویستە پسپۆر و دادوەری عێراقی بن، بەڵام کارکردنیان دەبێت بە شێوەیەکی بێلایەن و سەربەخۆ بێت.
٧. تیمەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان هەوڵدەدات کارەکانی بە شێوەی بهكۆمهڵ لەگەڵ حکوومەتی عێراقی و گشت کەمایەتییە ئایینییەکان و ڕێکخراوە ناحکوومییەکان و خاوەن بەرژوەندییەکان ئهنجام بدات؛ هەروەها هەوڵ بۆ دروستکردنی متمانە دەدات، بەڵام ناوی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی ڕاستەخۆ ناهێنێت.
٨. بە مەبەستی دۆزینەوەی گەورە بەرپرسانی داعش، تیمەکە پەیوەندیی لەگەڵ گشت دەوڵەتان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان دروست کردووە.
٩. لە ساڵی ٢٠١٩ بەقووڵی دەچنە ناو کاری تیمەکەیانەوە، بەتایبەتی دەیانەوێت سەردانی مەیدانی بکەن بۆ ئەو شوێنانەی کە ئەو تاوانانەی لێ ئەنجامدراوە و بەڵگەی پێویست کۆبکەنەوە. ڕاوێژکاری تایبەتی، مەترسیی خۆی ناشارێتەوە و دەڵێت ژینگەی کارکردن لەو ناوچانە زۆر مەترسیدار و ئالۆزە.
١٠. لە کاتی دامەزراندنی فەرمانبەرە عێراقییەکان لەناو تیمەکە، پێویستە ڕەچاوی هاوسەنگیی ئایینی و زمان بکرێت، بەڵام لە هەمان کاتدا باس لەوە دەکات ئەو فەرمانبەرانەی کاردەکەن، پێویستە زمانی عەرەبی بەتەواوی بزانن، کەچی زۆربەی تاوانێلکراوەکان زمانی دایکیان عەرەبی نییە.
١١. لە مانگی (٨)، شاندی تیمەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان بە سەرۆکایەتیی "کەریم ئەسعەد ئەحمەد خان" سەردانی زۆر لایەنی حکوومیی عێراقییان کردووە و، چاوی کەوتووە بە ڕابەرانی ئایینیی کەمایەتییە ئایینییەکان و لەگەڵ جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری ناوخۆی هەرێم کۆبوونەتەوە.
١٢. هەوڵی تەواو بدرێت بۆ پاراستنی قوربانییەکان و شایەتەکان و یارمەتیدانیان لە گشت بوارەکانی ژیان.
١٣. شوێنی کارکردنی سەرەکییان لە بەغدا دەبێت؛ ئەمەیش پرسیارێك بۆ ئێمە دروستدەکات: بۆچی تەنیا بەغدا؟ لە کاتێکدا دەبوایە لەو شوێنانە بێت کە تاوانەکانیان تێدا ئەنجامدراوە، یان هیچ نەبێت لەو ناوچانە بێت کە نزیکترین خاڵ بوونە لەو تاوانانە.بۆچی باسی بارەگایەکی سەرەکییان لە هەرێمی کوردستان نەکردووە؟ لە کاتێکدا زۆربەی زۆری قوربانییەکان و شایەتەکانیش بەئارامی لە هەرێمی کوردستاندا ژیانیان بەسەر دەبەن؛ دەکرێت ئەو هەموو خەڵکە بۆ بەغدا هاتوچۆیان پێ بکرێت؟
١٤. تیمەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان پێی باشە بابەتەکان بەرەو جیهانی ببرێن، ئەویش بە ڕێگهی ڕێکخستنی کۆنفرانسی نێودەوڵەتی بە بەشداریی وڵاتان و ڕێکخراوەکان.
١٥. تیمەکە لەگەڵ گشت دەستە و دامەزراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کە پەیوەندیدارن، پەیوەندیی دەست پێ کردووە.
١٦. دوای دروستبوونی ئەم تيمە، سندووقێكی ژمێریاریی تایبەت بۆ تیمەکە دانرا و، بریتانیا یەکەم وڵاتە کە بڕە پارەیەکی گونجاوی بەخشییە ئەم سندووقە؛ دواتر هۆڵەندا و قەتەریش بڕێک پارەیان بەخشی.
وتاری ڕاوێژکاری تایبەتی لە پێش ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕۆژی ٤/١٢/٢٠١٨ و کاردانەوەکان
دوای ناردنی ڕاپۆرتەکەی بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، بریتانیا هەوڵی دا کە ڕاوێژکاری تایبەتی لە پێش هەر پازدە ئەندامەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان وتارێك پێشکەش بکات. هەوڵەکە سەرکەوت و "کەريم ئەحمەد خان"، ڕاوێژکاری تایبەتی، بانگهێشت کرا بۆ ئەم ئەنجومەنە و وتارێکی گرنگی سەبارەت بە ڕاپۆرتەکەی لە ڕۆژی ٤/١٢/٢٠١٨ پێشکەش کرد. گشت ئەندامانی ئەنجومەن ئامادەبوون کە پێک هاتبوون لە: ئەمریکا، بریتانیا، فەڕەنسا، چین، ڕووسیا، بۆلیڤیا، ئیتيۆپیا، گينیا، قهزاقستان، کوێت، هۆڵەندا، پێرو، پۆلەندا، کۆتديڤوار و سوید و، داواکرا کە عێراقیش لەو دانیشتەدا ئامادەبێت و، چەندین کاردانەوە تۆمارکران كه بەم شێوەیەی خوارەوە پوختی دەکەینەوە:
هەڵوێستی کەریم ئەحمەد خان، ڕاوێژکاری تایبەت
١. لە دانیشتنی ڕۆژی ٤/١٢/٢٠١٨، یەکەم کەس کە وتاری پێشکەش کرد، بەڕێز "کەریم ئەسعەد ئەحمەد خان" بوو، كه باسی لە ستراتیژییەتی کارەکانی و ئەو چالاکییانەی ئەنجامیان داوه و پوختەیەك لە ڕاپۆرتەکەی سەرەوەی پێشکەش کرد.
٢. هەر لەسەرەتای وتارەکەی، ڕاوێژکاری تایبەت، بەڕێز "کەريم ئەحمەد خان"، جەختی لە حاڵەتی دەروونیی قوربانییەکان کردەوە و ڕێز و سۆزی تایبەتی هەبوو بۆیان و، گوتی كه هەرچەندە ئازاریان زۆرە بەڵام ڕۆحییەتیان هەر بەهێزە و، سڵاوێکی گەرمی بۆ گشت عێراقییەکان نارد کە توانییان شکست بە داعش بێنن.
٣. ڕاوێژکاری تایبەت دوو بنەمای سەرەکی ڕەچاو دەکات: کارکردن بە شێوەیەکی بێلایەن و ڕاستەوخۆ و ڕاستگۆیانە؛ دووەم بنەما، کارکردنە بە هاوکاریی حکوومەتی عێراقی وڕێزگرتنە لەسەروەریی عێراق. واتە لە ڕوانگەی ڕاوێژکاری تایبەتی، پێویستە لەسەر هەر دوو ئاست کاربکرێت: ئاستی نێودەوڵەتی و ئاستی ناوخۆییی عێراقی.
٤. ڕاوێژکاری تایبەت زۆر جەخت لەوە دەکاتەوە کە تیمەکەی لە هەموو ئاستەکاندا بە هاوکاریی عێراقییەکان کار دەکەن، بەڵام بە هیچ شێوەیەك لە پێش ئەنجومەنی ئاسایش ناوی هەرێمی کوردستان و دامەزراوەکانی نەهێنا.
هەڵوێستی بریتانیا
٥. بریتانیا دوای ڕاوێژکاری تایبەتی، یەکەم وڵات بوو ڕای خۆی لەسەر بابەتەکە دەربڕی و، پيرۆزباییی دەستبەکاربوونی ئەو تيمەی کرد و زۆر جەختی لە هەماهەنگی و هاوکاریی نێوان ئەم تیمە و حکوومەتی عێراقی کردەوە.
٦. بریتانیا گرنگی بە دادپەروەری بۆ قوربانیانی دەستی داعش دەدات. بە شێوەیەکی مەعنەوی و ماددییش پشتگيریی تەواوی خۆی بۆ ئەم تيمە دووپات کردەوە.
هەڵوێستی ئەمریکا
٧. دواتر، ئەمریکا پشتگيریی خۆی بۆ تیمەکە دووپات دەکاتەوە و، هەر لەو دانیشتەدا ڕایدەگەیەنێت کە (٢) ميلۆن دۆلار دەخاتە سەر سندووقی یارمەتیدانی ئەم تيمە و داوا لە وڵاتانی تریش دەکات کە هەمان هەنگاو بنێن.
٨. ئەمریکا داوا دەکات کە گشت پێکهاتەکانی عێراق لە کار و چالاکییەکانی تیمەکەدا بەشدارییان پێ بکرێت.
٩. لە ڕاگەیهندراوەکەی ئەمریکادا، گرنگییەکی تەواو بە هەڵگری نۆبڵی ئاشتیی ٢٠١٨، خاتوو "نادیە موراد" دراوه و، بە یەکێك لەو کەسایەتییانە دانراوه کە لە پشتی دەرچوونی بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشهوهن بۆ دادگهییکردنی داعش. هەروەها ئاماژەی بەوە كردووه کە بەڕێز "کەريم ئەحمەد خان" لە ئاهەنگی بەخشینی خەڵاتی نۆبڵ بە خاتوو "نادیە موراد" ئامادە بووە و، ئەمریکا پەیامەکانی خاتوو "نادیە موراد" بەهەند وەردەگرێت.
هەڵوێستی ڕووسیا
١٠.ڕووسیا جەخت دەکاتەوە کە کارەکانی تیمەکەی "کەریم ئەحمەد خان"، نابێت لە چوارچێوەی عێراق دەربچێت. ڕووسیا بە هیچ شێوەیەك قایل نییە کە ئەم تیمە لەگەڵ دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی دژی حکوومەتی سووری هەڵسوکەوت بکات. تيمەکە دەسەڵاتی دیاریکراوه و، هەر هەنگاوێکی تر پێویستە بە ڕەزامەندیی عێراق و ئەنجومەنی ئاسایش بێت.
١١. ڕووسیا، پشتگيری لە عێراقێکی ئارام، سەربەخۆ، بەهێز و خۆشگوزەران بۆ گشت پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان دەکات. ڕووسیا ئاواتەخوازە کە چالاکی و هەوڵەکانی تيمەکە بەرەو ئاشتەواییی نیشتمانی باڵ بکێشێت.
هەڵوێستی هۆڵەندا
١٢. هۆڵەندا وتارەکەیان سێ تەوەری سەرەکی لەخۆ دەگرێت: یەکەم، پشتگيریکردنی تيمی لێکۆڵێنەوە لە تاوانەکانی داعش؛ دووەم، پاراستنی قوربانیان و ڕزگاربووانی دەستی داعش؛ سێیەم، تیشك دەخاتە سەر بەرپرسیارێتی.
١٣. هۆڵەندا لەژێر کاریگەریی بنەماکانی مافی مرۆڤ، باس لە بەرپرسیارێتی لە ئاستی تاکەکەسەکان و بەرپرسیارێتیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات.لە ڕوانگەی ئەم وڵاتەوە، عێراق پێویستە تاوانە نێودەوڵەتییەکان بخاتە ناو یاساکانی خۆیەوە، بۆ ئەوەی مێژوو دووبارە نەبێتەوە.
هەڵوێستی کوێت
١٤. کوێت وەکوو وڵاتێکی دراوسێی عەرەبی، پشتگيریی تەواوی خۆی بۆ عێراق دووپات کردەوە لە هەوڵەکانی بۆ لەناوبردنی داعش. هیوایش دەخوازێت کە تيمەکەی "کەریم ئەحمەد خان" سەرکەوتوو بن؛ هەرچەندە کوێت پێی وایە کە کارەکانیان زەحمەتە.
١٥. کوێت، وەکوو چەندین وڵاتی ئەندام لە ئەنجومەنی ئاسایش، بە بۆنەی وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، پيرۆزبایی لە "نادیە موراد" دەكات. پەیامەکانی "نادیە موراد" ئازایانە و مرۆڤدۆستانەن و، سەرچاوەیەکن بۆ هیوا و گەشبيینی لە ڕوانگەی کوێتەوە.
هەڵوێستی قهزاقستان
١٦. قهزاقستان جەختی لەسەر هاوکاریی نێوان تيمەکە و دامەزراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە پەیوەندیدارن بە لەناوبردنی تيرۆر بە شێوازێکی کاریگەر و داهێنراو، دەکردەوە.
هەڵوێستی فەڕەنسا
١٧. فەڕەنسا، بە هەمان شێوە پيرۆزبایی و پشتگيریی خۆی بۆ سەرۆکی تيمی لێکۆڵینەوە،"کەريم ئەحمەد خان" دووپات کردەوە. فەڕەنسا جەخت لەسەر ئاشتبوونەوە دەکات بۆ گەیشتن بە ئاشتیی درێژخایەن؛ هەروەها بە هەموو شێوەیەك دەیەوێت تاوانە گەورەکان بخرێنە پێش دادگه، جا هەرکەسێك ئەنجامی دابێت و هەرکەسێكیش قوربانی بێت.
١٨. فەڕەنسا چەندین پرۆژەی هەیە بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال و پشتگيریی قوربانیان لە ڕێگهی بەستنی کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی لە پاریس لە ساڵی ٢٠١٩.
هەڵوێستی پۆلۆنیا
١٩. پۆلۆنیا تیشکی دەخستە سەر ئافرەت و منداڵ، بەتایبەتی ئەو تاوانە سێکسییانهی کە بەرامبەریان ئەنجام دراوە. هەروەها زۆریان پێگرنگە کە لە لێکۆڵینەوە و دادگهییکردندا ڕەچاوی پێوەر و بنەما نێودەوڵەتییەکان بكرێت، لە هەمان کاتدا سزای لەسێدارەدانیش بسەپێنێرێت.
هەڵوێستی سويد
٢٠. سويد لە لای خۆیەوە زۆربەی ئەو بنەمایانەی ڕاوێژکاری تایبەتیی زۆر پێ باش بوو و، لە وتارەکەیدا زۆر گرنگیی بە قوربانییە منداڵەکان دەدا.
٢١. سويد ڕای گەیاند کە ئێستا ئەوانیش دهست بە دادگهییکردنی سەرانی داعش دهكهن لە وڵاتەکەیان بە تۆمەتی تاوانی جەنگ. هەروەها داوای لە عێراق کرد کە یاساکانی لەگەڵ بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی بگونجێنێت.
هەڵوێستی چين
٢٢. چين پێی وایە کە عێراق بە قۆناغێکی هەستیاردا تێپەر دەبێت. هیوادارە کە حکوومەتی نوێی عێراق پێشکەوتنی ئابووری بهدهست بهێنێت و، باری ژیانی خەڵک خۆش بكات و دهست به ئاوەدانکردنەوە بكات.
٢٣. چین دەستخۆشی لە گەلی عێراق دەکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تيرۆریزم و، داواکارە کە بەپێی یاسا ناوخۆیییەکان و بە یارمەتی ڕاوێژکاری تایبەتیدادگهیی بکرێن.
هەڵوێستی ئیتیۆپیا
٢٤. ئیتیۆپیا داوا دەکات کە داعش لە هەموو جیهاندا ڕووبەڕووی دادگه بکرێنەوە، چونکە چەندین ئیتیۆپی لە ليبيا لە پێش چاوی کامێرەکان لە لایەن داعشەوە کوژران و، پشتگيریی خۆی بۆ تيمی لێکۆڵینەوەکە لە عێراق دووپات دەکاتەوە.
هەڵوێستی بۆلیڤیا
٢٥. بۆليڤيا سەرەڕای ئەوەی پشتگيریی خۆی بۆ تەواوی کارەکانی تيمی لێکۆڵینەوە دووپات دەکاتەوە، هۆکاری ناسەقامگيری و دروستبوونی تيرۆریزم لە ناوچەکە، دەگەڕێنەوە بۆ هۆکاری گۆڕينی ڕژێمی سیاسی و دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆییی وڵاتان.
هەڵوێستی عێراق
٢٦. لە کۆتاییدا، لەبەر ئەوەی عێراق دەوڵەتی پەیوەندیدار، بەڵام ئەندام نییە لە ئەنجومەنی ئاسایش، بانگهێشت کرا بۆ دانیشتنەکەو هەڵوێستی خۆی دەربڕی.
٢٧. عێراق، سوپاس و دەستخۆشیی خۆی ئاراستەی "کەريم ئەحمەد خان" و تيمەکەی دەکات بە بۆنەی دەستبەکاربوونیان و، لە هەمان کاتدا زۆر سوپاسی کۆمەڵگهی نێودەوڵەتی دەکات کە پشتگيری لە عێراقی دوای داعش دەکەن، بەتایبەتی سوپاسی هەوڵەکانی بریتانیا دەکەن لەم بابەتەدا.
٢٨. عێراق سەرەڕای جەختکردنەوەی لەسەروەری و دەسەڵاتەکانی خۆی، لە هەمان کاتدا پشتگيریی تەواوی خۆی بۆ کارکردنی ئەو تيمە دەردەبڕێت و، زۆریش ئاسانکارییان بۆ دەکات بە مەبەستی گەیشتن بە ئامانجی کۆکردنەوەی بەڵگەکان لەسەر تاوانەکانی داعش.
٢٩. هەروەکوو لە بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشدا دیاری کراوە، کاری تيمەکە تەنیا کۆکردنەوەی بەڵگەنامەکان دەبێت بۆ ئەوەی بدرێت بە دادگه عێراقییەکان. ئەم دادگهیییانەیش لە ڕوانگەی نوێنەری عێراقهوه لە ئەنجومەنی ئاسایش، بە شێوەیەکی بێلایەن و سەربەخۆ داعشەکان دادگهییدەکات.
٣٠. سەبارەت بە سزای لەسێدارەدان، نوێنەری عێراق پێی وایە پێویست ناکات قسەی لەسەر بکرێت و، عێراق بە مافی خۆی دەزانێت کە دەسەڵاتی خۆی بسەپێنێت.
٣١. عێراق جەخت دەکاتەوە لەسەر ئەوەی كه تيمەکە بە شێوەیەکی بێلایەن و سەربەخۆ کاربکەن و یارمەتیی تەکنیکی پێشکەش بە عێراقییەکان بکەن.
کۆتایی بەشی دووەم
چەندین دەوڵەتی ئەندامی تریش لە ئەنجومەنی ئاسایش هەڵوێستی خۆیان دەربڕی، بەڵام لەبەرئەوەی قسەکان دووبارەن بۆیە لێرەدا بەپێویستمان نەزانی هەمووی بخەینە ڕوو. بە کۆی دەنگ گشت دەوڵەتەکانی ئەندام ڕازیبوون بە کار و چالاکییەکانی تيمی لێکۆڵینەوە و، هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخواست لە کارەکانیدا. دوای ئەو پشتگيرییە مەزنەی دەوڵەتانی ئەندام لە ئەنجومەنی ئاسایش، ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی کاری تيمی لێکۆڵێنەوەو عێراقە کە پێكەوە بتوانن باشترین کار بکەن بۆ کۆکردنەوەی بەڵگەنامەکان و دواتر باشترین میکانیزم دەستنیشان بکرێت بۆ دادگهییکردنی سەرانی داعش، کە لە بەشی سێیەمدا تیشکی دەخەینە سەر.