د.عەبدولڕەزاق محەمەد – دکتۆرا لە کۆمەڵناسی
لە بەشی یەکەمی ئەم بابەتەی کە تایبەتمان کردووە بە قسەکردن لەسەر سەرەکیترین ئەو قوتابخانانەی کە لە بواری گەشەپێدانی ئابووریی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگەکاندا بە درێژاییی مێژوویەکی کورت ڕۆڵی کارایان لەنێو سیستەمە باوەکانی حوکمڕانیدا هەبووە، باسی قوتابخانەی نوێگەراییمان کرد و باسی ئەوەیشمان کرد کە چۆن و چەند جێپەنجەی فراژووییی خۆی لەسەر میللەت و دەوڵەت و دامەزراوەکان نەخشاند. لێرەدا باسی قوتابخانەیەکی دیکەی ئەم بوارە دەکەین کە ئەگەر لە ڕوانگەی مێژوویییەوە لێی بڕوانین، وەک قوتابخانە و قۆناغی دووەمی بواری گەشەپێدانی ئابووریی کۆمەڵایەتی دەردەکەوێت.
قوتابخانەی وابەستەیی:
"تیۆریی وابەستەیی" لە دەیەی شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا وەکوو دیدگهیەکی سەرەکی لە زانستی کۆمەڵناسیی پەرەپێداندا گرنگیی پێ درا. هەر لەسەر بنەمای ئەم تیۆرییەیش توێژینەوەگەلێک لە وڵاتانی جیهانی سێیەم، بەتایبەتی لە ئەمریکای لاتین ئەنجام دران و، هەر ئەم هەوڵانەیش زەمینەیەکیان بۆ دەرکەوتنی ئەم تیۆرییە ساز کرد. هەروەها ئەم ئاراستەیە لەو باس و توێژینەوانەوە سەرچاوەی گرت کە لە لایەن بیرمەندانی ئەمریکای لاتین سەبارەت بە بابەتی گەشەسەندن ئەنجام دەدران؛ هەر بۆیە ئەم تیۆرییە، بۆ وڵاتی تر پەلی هاوێشت. جگە لەمانەیش چەند هۆکارێکی تر ڕۆڵی سەرەکییان لە دەرکەوتن و ڕەگداکوتانی ئەم تیۆرییەدا هەبوو، لەوانە بیروبۆچوونەکانی مارکس و لینین سەبارەت بە پەیوەندیی وڵاتانی ئیمپریالیستی لەگەڵ وڵاتانی جیهانی سێیەم، هەروەها ئەو برەوە زۆرەی کە لەو وڵاتانەدا (ئەمریکای لاتین) بە توێژینەوەکانی مارکس دەدرا؛ ئەمە جگە لەو ڕەخنە و کەموکورتییانەی سەبارەت بە قوتابخانەی نوێبوونەوە خرانە ڕوو، هەروەها ئەو بارودۆخە نوێیەی کە لە ڕووی ئابووریی کۆمەڵایەتییەوە لە وڵاتانی جیهانی سێیەم و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی هاتبووە کایەوە.
وشەی "وابەستەیی" بۆ دەربڕینی بارودۆخێکی بابەتی بەکار دێت، کە زۆربەی وڵاتانی جیهانی سێیەم لەژێر سێبەری ئەو بارودۆخەدا دەژین. ئەم دەربڕینەیش بە تیۆرییهكەوە دەبەسترێتەوە کە هەوڵی شیکردنەوەی ئەو بارودۆخە ناسراوە دەدات کە لەم وڵاتانەدا پێی دەڵێن دواکەوتوویی. ئەم تیۆرییەیش تیۆریی وابەستەیییه، چونکە سەرەکییترین ئەو بابەتەی ئەم قوتابخانەیە گرنگیی پێ دەدات، بریتییە لە شیکردنەوەی کۆی هەموو پرۆسەی پێشکەوتنی کۆمەڵگە و پێشکەشکردنی بەرچاوڕوونییەکی تیۆریی مێژوویی، کە تێیدا تایبەتمەندیی کۆمەڵگە وابەستەکان دەخاتە ڕوو لەگەڵ زەقکردنەوەی تایبەتمەندیی ئەو پێشکەوتنەی کە ئەم کۆمەڵگەیانە (کۆمەڵگە دواکەوتووهکان) پێیدا تێ پەڕیون.
لێرەدا ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە ئەم تیۆرییە سەرەتا لە ڕوانگەیەکی جیهانیيەوە دەست پێ دەکات و دواتر هەوڵ بۆ ئاشکراکردنی پێگە و شوێنی ناوخۆی وڵاتە دواکەوتووەکە دەدات. هەروەها گرنگی بە بونیادی کۆمەڵایەتیی ئەو کۆمەڵگەیە دەدات؛ بەو مانایەی کە بونیادێکی کۆمەڵایەتیی دواکەوتوو و وابەستەیە بە جۆرێکی دیاریکراو لە دابەشکردنی کاری نێودەوڵەتی، چونکە بەپێی تیۆریی وابەستەیی، گەشەسەندن پرۆسەیەکی نیشتمانی و سەربەخۆ نییە، بەڵکوو وابەستەیە بە گەشەسەندنی سەرمایەدارییەوە. ئاکامی ئەم گەشەسەندنە وابەستەیییەیش وا دەکات، ئابوورییەکی ناهەوسەنگ دروست بێت کە تایبەتمەندییەکەی ئەوەیە سامان و خۆشگوزەرانیی لەڕاددەبەدەر بۆ ژمارەیەکی کەم لە خەڵک فەراهەم دەکات و لە بەرامبەریشدا هەژاری و بێکاری بۆ زۆرینەی خەڵک دێنێتە کایەوە.
لایەنگرانی ئەم قوتابخانەیە پێیان وایە: سیستەمی ڕۆژاوایی، هۆکاری دواکەوتوویی و مەینەتی کۆمەڵگەکانی ئاسیا و ئەفریقا و ئەمریکای لاتینە و کاریگەریی ئەو کۆمەڵگە پێشکەوتووانەیش لەسەر کۆمەڵگە دواکەوتووەکان کاریگەرییەکی باش نییە. ئەوان وای دەبینن کە گەشەسەندنی نێوەندە پێشەسازییەکانی کۆمەڵگە پێشکەوتووەکان لە دونیای ئەمڕۆدا، بە مانای دواکەوتووییی بەردەوامی ئەو کۆمەڵگە دواکەوتووانە دێت کە سەروەت و سامانیان لە لایەن کۆمەڵگه ڕۆژاوایییەکانەوە بەکار دەهێنرێن. چونکە وڵاتە داگیرکەرەکان هەوڵیان داوە بە شێوەی جۆراوجۆر هەلی کاری نیشتمانی لەو وڵاتانەی کە کەمتر گەشەیان سەندووە لەناو بەرن، هەروەها پەرەپێدانی بواری کشتوکاڵی و خزمەتگوزارییەکانی پەیوەست بەم لایەنانەیان سنووردار کردبوو لەگەڵ گرنگینەدان بە لایەنی تەندروستی و پەروەردەییی دانیشتووانی کۆمەڵگە دواکەوتووەکان؛ لە بەرامبەریشدا گرنگییان بە پیشەسازیی دەدا لەناو ماڵەکانیاندا. تیۆریی وابەستەیی، ئەو بیروڕایە ڕەت دەکاتەوە کە دەڵێت ئەو پێشکەوتنەی وڵاتانی گهشهئهستێن لە کەرتی ئابووریی سەردەمدا پێی گەیشتوون، لە ئەنجامی پەیوەندی و تێکەڵاوبوون و ملکەچبوونیانەوەیە بۆ سیستەمی تەکنەلۆژیی ڕۆژاوا.
دۆس سانتۆس (T.Dos Santos) وابەستەیی بەم جۆرە دەناسێنێت: "بارودۆخێکە کە تێیدا ئابووریی وڵاتێکی دیاریکراو، دەبەسترێتەوە بە پێشکەوتن و فراوانبوونی ئابووریی وڵاتێکی ترەوە؛ بە جۆرێک کە وڵاتی یەکەم ملکەچی وڵاتی دووەمە. ئەمەیش وا دەکات پەیوەندیگەلێکی پشتبەستنی دوولایەنە لە نێوان ئەو دوو ئابوورییە یان زیاتر و، هەروەها لە نێوان ئەم بارودۆخە و جهاندا دروست ببێت کە جۆرە وابەستەیییەکە تێیدا هەندێک لە وڵاتە دەسەڵاتدارەکان دەتوانن فراوان ببن و پێش بکەون؛ لە کاتێکدا هەندێک وڵاتی تری وابەستە، ناتوانن پێش بکەون، تەنیا ئەو کاتە نەبێت کە ئەو پێشکەوتنەی ئەوانیان لەناودا ڕەنگ بداتەوە." لەم پێناسەیەی دۆس سانتۆسدا دوو لایەنی سەرەکی تێبینی دەکرێن: یەکەمیان، ناساندنی وابەستەیی بە مانای پەیوەندیی نێوان دوو گرووپی ئابووری؛ ئەو ئابوورییانەی کە گرێدەری ئابووریی گەلێکی ترن. دووەمیان، پێناسەکەی دۆس سانتۆس ئەوە ڕوون دەکاتەوە، کە پێویستە بگوترێت وابەستەیی پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتیی دیاریکراوە کە لە پێکهاتەی ناوخۆییی وڵاتە پێشکەوتووەکان جیاوازە.
خاڵی گرنگ و جێگهی سەرنج لەم بارودۆخەدا ئەوەیە، کە لە لایەک وڵاتانی پێشکەوتوو، وێڕای جیاوازی لە بونیادی کۆمەڵایەتییاندا لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کە دواکەوتوون و وابەستەی خۆیانیان کردوون، کەچی بە جۆرێک ملکەچیان دەکەن بتوانن بە خواستی ڕەوتی پێشکەوتنی خۆیان ئاراستەیان بکەن و بەکاریان بهێنن؛ لە لایەکی تریشەوە ئەم بارودۆخە وا لە تاکەکانی کۆمەڵگە دواکەوتووەکانی دەکات سەبارەت بە پێشکەوتنیان، متمانەکردنیان بە خۆیان هێندە لاواز بێت کە پێشکەوتنیان تەنیا لە وابەستەبوونیاندا بە وڵاتانی پێشکەوتوو ببیننەوە.
بە بڕوای ئەندرێ گوندەر فرانک (andre Gwonder Frank) هەر بە دروستبوونی سیستەمی سەرمایەداریی جیهانی، وای کرد کە سیستەمە کۆمەڵایەتییە سەرەتایییەکان وێران و لێک هەڵبوەشێنەوە و، ئەوانی گۆڕی و، کردنی بە سەرچاوەی هەرچی زۆرتری پەرەپێدانی خۆی.
لایەنگرانی تیۆریی وابەستەیی، هەڵوێستێکی عەقڵانییان هێنایە کایەوە کە بەپێی ناوەڕۆکەکەی، دواکەوتووییی ئابووری لە وڵاتانی جیهانی سێیەمدا، بەگشتی لە ئەنجامی پرۆسەی داگیرکاری و زوڵم و فراوانبوونی نائاساییی سیستەمی سەرمایەدارییەوەیە نەک بە هۆی ڕیتمی کۆن و بۆماوەییی خودی کۆمەڵگەکان و پەیڕەوکردنی سیستەمێکی ناسەرمایەداری بێت؛ بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا ئەوان جەخت لەسەر گرنگی و بایەخی هێزێکی دەرەکی دەکەنەوە بۆ بەرەوپێشبردن و پێشکەوتنی کۆمەڵگە دواکەوتووەکان و گەیشتنیان بە پرۆسەی گۆڕان و، هەروەها بونیادنانی ئۆرگانێکی زانستیی ناوچەیی و هەرێمی.
لە ڕوانگەى ئەم بیروڕایەی لایەنگرانی تیۆریی وابەستهیییەوە دەشێ بگوترێت، سیستەمی ئابووریی هیچ کۆمەڵگەیەک، هێندە لاواز و دەستەوەستان نییە کە بەبێ شوێنکەوتنى سیستەمی ئابووریی وڵاتانی باڵادەست و پێشکەوتوو نەتوانێت گۆڕان و پەرەسەندن بەدی بهێنێت؛ بەڵکوو ئەوەی لەسەری پێویستە ئەوەیە، کە سوود لە ئەزموونی وڵاتانی تر بۆ گەشەپێدانی خۆی وەربگرێت. هەروەها داوای هاوکاریی شارەزایی و لێهاتووییی هێزێکی دەرەکی بکات بۆ یارمەتیدانی، بۆ ئەوەی بتوانێت ئەم پەرەسەندنەی بە شێوەیەکی زانستی بەدی بهێنێت. بەپێچەوانەیشەوە کاتێک وڵاتانی دواکەوتوو ملکەچی دەسەڵات و ئابووریی وڵاتانی بەهێز دەبن، ڕاددە و شێوازی پەرەسەندنیان تەنیا تا ئەو ئاستە دەبێت كە وڵاتانی باڵادەست دەیانەوێت؛ واتا پەرەسەندنەکە بە سوودی وڵاتانی باڵادەست دەبێت نەک بەپێی خواستی وڵاتە دواکەوتووەکە. ئەمە جگە لەوەی کە وڵاتانی باڵادەست زیاتر لە ڕوانگەی سوود و قازانجی ئابووریی خۆیان کاریان لەسەر پەرەپێدانی وڵاتانی دواکەوتە دەکرد. هەر بۆیە وڵاتانی دواکەوتوو هەر بەدواکەوتەیی دەمانەوە و نەیاندەتوانی پەرەپێدانێکی زانستیی هەمەلایەنە بۆ کۆمەڵگەکانیان دەستەبەر بکەن؛ چونکە هەروەک شارەزایانی بواری پەرەپێدان جەختی لەسەر دەکەنەوە، پەرەپێدانی ئابووری لە کۆمەڵگە دواکەوتووەکاندا، پێویستە هەندێک وەرچەرخانی کۆمەڵایەتییشی لەگەڵدا بێت؛ یان بە مانایەکی تر پەرەپێدانی ئابووری نایەتەدی، بەبێ گۆڕانێکی جەوهەری لە بونیادی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگهدا.
تیۆریی وابەستەیی لە هەوڵەکانیدا بۆ شیکردنەوەیەکی هەمەلایەنەی پرۆسەی پەرەنەسەندن، تەنیا لەسەر ئاستی ئابووری نەمایەوە. لایەنگرە ڕادیکاڵییەکانی قوتابخانەی وابەستەیی زۆربەیان کۆمەڵناس بوون؛ بۆیە ئەوان وابەستەیییان وەکوو تیۆرییهکی سیاسی-کۆمەڵایەتی سەیر دەکرد.
کەواتە ئەو کاتەی کۆمەڵگە باڵادەستەکان وابەستەییی کۆمەڵگە دواکەوتووەکان بە خۆیانەوە تەنیا لە ڕوانگەی ئابوورییەکەدا کورت دەکەنەوە و گرنگی بە لایەنەکانی تری بونیادی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگە دواکەوتووەکان نادەن و، هەوڵى گۆڕین و بەرەوپێشبردنیان نادەن، ئەوە پرۆسەکە بە ئاراستەی سوودمەندبوونی ئابووریی وڵاتانی باڵادەست دەڕوات. لە بەرامبەریشدا هەرچەندە وڵاتانی وابەستە (دواکەوتوو) لە چوارچێوەیەکی دیاریکراودا و لە ڕووی ئابوورییەوە پەرەسەندنێک بەخۆیانەوە دەبینن، بەڵام لە هەمان کاتدا بە ڕوونەدانی وەرچەرخان و بەرەوپێشچوونی بونیادی کۆمەڵایەتییان، زیانیان لێ دەکەوێت. یەکێک لەو زیانانەیش ئەوەیە کە، تاکەکانی ئەو کۆمەڵگەیە متمانەبهخۆبوونیان بۆ پەرەپێدانی کۆمەڵگهکەیان لاواز دەبێت، چونکە پێشکەوتنی خۆیان تەنیا لە وابەستەبوونیاندا بە کۆمەڵگە باڵادەستەکانەوە دەبیننەوە.
یەکێک لەو بوارانەی ڕۆڵی کاریگەری لە هۆشیاریی کۆمەڵایەتیی تاکەکانی کۆمەڵگەدا هەیە، بواری پەروەردەیییە. ئەمەیش لە لایەکەوە لە بەهێزی و پێشکەوتووییی سیستەمی پەروەردەیی لە هەر کۆمەڵگهیەکدا دەبینرێتەوە. لە لایەکى ترەوە زۆریى ژمارەی خوێندەواری تاکەکانی ئەو کۆمەڵگەیەدا دەبێتە پێوەر و، ڕۆڵ و کاریگەریی بەرچاویان دەبێت لە باشتر مامەڵەکردنیاندا لەگەڵ ژینگەی سروشتی و کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگەکەیان و پەیوەندییان لەگەڵ هێز و دەسەڵاتەکانی دەرەوەی کۆمەڵگەکەیاندا. هەموو ئەمانەیش هۆکاری سەرەکین لە چۆنێتیی بەڕێوەچوونی پرۆسەی پەرەپێدان لەناو کۆمەڵگەدا. هەر لەبەر گرنگیی زۆری ئەم بوارەیشە، کە هێزە دەسەڵاتدار و داگیرکەرەکان لە کاتی وابەستەکردنی کۆمەڵگەیەک بە خۆیانەوە، بە شێوەیەکی زۆر هەستیارانە مامەڵە لەگەڵ بواری پەروەردەییی ئەو کۆمەڵگهیەدا دەکەن.
واتسۆن (1982 Watson) لەبارەی کاریگەریی ئیدارە داگیرکارەکانەوە لە فەراهەمکردنی پەروەردە لە زۆربەی وڵاتانی وابەستەدا بۆچوونێکی گرنگی دەربڕیوە. بەپێی بیروڕای واتسۆن دەسەڵاتە داگیرکارییەکان لە خەرجکردنی پارە بۆ بواری پەروەردەیی لەو وڵاتانەدا دوودڵ بوون. ئەمە نەک لەبەر ئەوەی کە تێچوونێکی ماددیی زۆری ههبوو، بەڵکوو لەبەر ئەوە بوو چونکە دەیانزانی ئەگەر بواری پەروەردەیی لەو وڵاتانەدا بەهێز ببێت، ئەوە دەبێتە هاندەرێک بۆ دروستبوونی متمانە لای تاکەکانیان. هەر ئەمەیش ئەو پرسیارە لاى هاووڵاتییانی وڵاتانى دواکەوتوو دروست دەکات کە "بۆچی ئەو وڵاتانە لە ئێمە بەهێزترن و بەسەرماندا زاڵن؟" بۆ ڕێگری لەم مەترسییە، وڵاتانی پێشکەوتوو هەوڵیان دەدا لە ڕێگەی پەروەردە و پرۆسەی ئاوێتەکردنى ڕۆشنبیریی خۆیان و کۆمەڵگە دواکەوتووەکان پلانەکانی خۆیان سەر بخەن. شتێکی سروشتییشە کە لە ئەنجامی ئەم ئاوێتەبوونە ڕۆشنبیرییەیشدا، ڕۆشنبیریی ناوچەیی لاواز ببێت.
فرانک لەو بڕوایەدا بوو گەشەسەندن لە ئەنجامی پەیوەندیی نابەرابەر (ناهاوسەنگ) و، لە وەبەرهێنانی سێلایەنەی ئابووری، سیاسی، ڕۆشنبیریی نێوان وڵاتە باڵادەست و دواکەوتووەکاندا وای کردوە، کە لە ڕووی دارایییەوە وڵاتانی جیهانی سێیەم لە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی وڵاتە زلهێز و باڵادەستەکاندا بن.
ئەو بە شێوەیەکی گشتی پێی وا بوو كه، پەرەسەندنی ئابووریی وڵاتانی جیهانی سێیەم لە چوارچێوەی جیهانی سەرمایەداریدا مەحاڵە. هەروەها بە بڕوای ئەو تاوەکوو ڕاددەی پەیوەندیی ئابووری، سیاسی، ڕۆشنبیریی وڵاتانی دواکەوتە (تابع) بە وڵاتانی زلهێزەوە زیاتر بێت، ئەوە ڕاددەی وەبەرهێنانی ئەم بوارانە لە لایەن وڵاتە باڵادەستەکانەوە لەناو وڵاتە دواکەوتووەکاندا زیاتر دەبێت. هەر بۆیە پێویستە وڵاتانی جیهانی سێیەم، هەوڵ بدەن وابەستەییی خۆیان بە وڵاتە دەوڵەمەندەکان کەم بکەنەوە.
لە کاتێکدا ئەم قوتابخانەیە لە نێوەندە ئەکادیمییەکاندا پێشوازییەکی زۆری لێ کرا، بەڵام کاریگەرییەکی زۆر کەمبایەخی لەسەر ستراتیژییەتی واقعیی پەرەپێدان لە وڵاتە کەمتر پەرەسەندووەکاندا هەبوو؛ هۆکارەکەیشی زیاتر بۆ ئەوە دەگەڕایەوە کە بە شێوەیەکی زیاد لە پێویست فاکتەری دەرەکیی بۆ وڵاتە دواکەوتووەکان ڕەت دەکردەوە؛ لەوەیش زیاتر زۆربەی هێزە دەرەکییەکانی، بە هۆکاری دواکەوتووییی وڵاتە دواکەوتەکان دادەنا، نەک وەک سەرچاوەیەکی هاوکار بۆ پەرەسەندن.