کۆمەڵگە لە حاڵەتی گۆڕانی بەردەوامدایە، بەجۆرێک هیچ کۆمەڵگەیەک نییە لە بارودۆخێکی جێگیر و وەستاودا بێت و بەر شاڵاوی گۆڕانکارییەکانی سەردەمی جیهانگەرایی نەکەوێت، ئەگەر بشیهەوێ؛ بۆیە گۆڕان پرۆسەیەکی حەتمییە و ڕێگەی لێناگیرێت. ئەمە ئەو ڕاستییەییە کە کۆمەڵناسان لە ڕێگەی توێژینەوە بەردەوامەکانیان پشتڕاستیان کردۆتەوە. خودی کۆمەڵگەیش تۆپەڵەیەکی ئاڵۆزە، کە بە کەلتوور وەسەریەک خراوە؛ ئاخر هەر خودی کەلتووریش تەنیا ئەو دابونەریت و شێوە جیاوازانەی ژیان نییە، بەڵکوو ئەو ڕووە ماددییەیشی هەیە کە هەموو ئەو کەلوپەل و ئامێرو ئامرازانەی، كه بەردەوامیی ژیانی تاکەکانی کۆمەڵگەی پێ ڕێک دەخرێت، لەخۆدەگرێت. کەواتە کەلتوور، دروست بە مانای کۆمەڵگە دێت و، کۆمەڵگەیش ڕووکار و ناواخنی خۆی، هەروەها پرۆسەی بەردەوامبوونیشی لە ڕێگەی کەلتوورەوە گرهنتی دەکات.
کەلتوور چییە؟
وێڕای ئەوەی کە چەندین پێناسەی جۆراوجۆر بۆ کەلتوور کراوە و زۆرجاریش ڕەخنەی ڕیشەیی لەو پێناسانە گیراون و جارێکی دیکە و بە جۆرێکی دیکە داڕێژراونەتەوە، بەڵام ئەوەی جێگەی بایەخو تێڕامانە ئەوەیە کە، زۆربەیان لەو چوارچێوەیەدان کە ئەوە کەلتوورە کۆمەڵگەیەک لە یەکێکی دیکە جیادەکاتەوە و، هەر کەلتووریشە تاکەکانی لە ئێستا و ئاییندەدا ئاڕاستە دەکات؛ چونکە کەلتوور واتە جۆری بیرکردنەوەو ڕەفتار و ڕێکخستنە کۆمەڵایەتییەکانی تاکەکانی کۆمەڵگە و ستراتیژییان.
یەکێک لە سەرەتاییترین پێناسەكان بۆ کەلتوور، کە تا ڕادەیەکی زۆر گشتگیرە، پێناسەکەی "تایلۆر"ە، کە لە ساڵی ١٨٧١ قسەی لەسەر کردووە، دەڵێت: "کەلتوور گشتێکی ئاڵۆز لە زانست، زانیاری، هونەر، بیروباوڕ، یاسا، دیسپلین، دابونەریت و ترادیسیۆنە". بەکورتی، گشت ئەو فێربوون و بەهایانەیە کە مرۆڤ وەکوو ئەندامێکی کۆمەڵگە وەری دەگرێت. کەواتە ڕەگەزەکانی کەلتوور وەکوو دابونەریت و بیروباوەڕەکان، هەروەها بیروڕا هاوبەشەکانە، کە مرۆڤەکانی کۆمەڵگە بەیەکەوە گرێدەدات و ناسنامەی کۆمەڵایەتییان پێ دەبەخشێت.
لەبەر ئەوەی کەلتوور لە نەوەیەکهوه بۆ نەوەیەکی دیکە دەگوازرێتەوە، بۆیە هەستیارترین بەشی ژیانی کۆمەڵایەتییە بە هەموو سیستەمە ڕێکخراوەکانییەوە. هەر بۆیە، پشکی گەورە لەو واقیعەی کە کۆمەڵگەی تێدایە،بەر کەلتوور دەکەوێت. بە مانایەکی سادەتر، هیچ گۆڕانکارییەک لە کۆمەڵگەدا لە بۆشایییەوە نایەت، بەجۆرێک بتوانێت تاکەکانی کۆمەڵگە بە خۆیەوە پەیوەست بکات، بەڵکوو ئەوە کەلتوورە کە گۆڕانکارییەکان وەردەگرێت و دواتر لەناو کۆمەڵگەدا دەیگشتێنێت.
لێرەیشدا، ئەو سەرچاوانەی کە کەلتوور ڕادەستی نهوهی داهاتوو دەکەن ڕۆڵی گرنگ و کاریگەرییان هەیە؛ هەر لە خیزان و قوتابخانە و شوێنی کار و هەموو ئەو نێوەندانەی کە شوێنی چالاکییەکانی تاکن. کەواتە، هەموو شادەمارە کاریگەرەکانی ناو تۆڕی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگە، بەجۆرێک لە جۆرەکان لەوەدا هاوبەشن کە چۆن کەلتوور لە ناخی تاکەکانیاندا وەکو لایەنێکی گرنگ بەرجەستە و وێنا دەکەن. لێرەوە، دەتوانین بڵێین کە کەلتووری کەسی، پێکهاتەیەکی بایۆلۆژی، ژینگەی فیزیکی و کەلتووری باوی کۆمەڵگەیە کە لە ڕێگەی پرۆسەی بەکۆمەڵایەتیبوونهوه پێی دەگات. لەم ڕوانگەیەیشەوە، کەلتوورێک کە متمانە بە خود دەبەخشێتە تاکەکانی، دەتوانێت ئەو گۆڕانکارییانەی بە تێپەڕبوونی کات بەسەریدا دێت، بەجۆرێک ئاڕاستە بکات کە کەلێن و بۆشاییی کەلتووری لە نێوان نهوهکاندا، تا ئەو ڕادەیە دروست نەبێت کە ببێتە سەرچاوەی سەرهەڵدانی ئاریشەگەلێکی کۆمەڵایەتی لە بوارە جۆربەجۆرەکاندا، بەڵکوو بەجۆرێک ئەو بۆشایییانە پڕدەکاتەوە کە بتوانێت ڕیتمی گۆڕانکارییە کەلتوورییەکان بە هاوسەنگی لە نێوان نەوەکاندا بپارێزیت.
لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە، ڕاستە گۆڕانکارییە کەلتوورییەکان کۆنتڕۆڵ ناکرێن بەڵام ناشکرێت کۆمەڵگە هێندە واڵا بێت کە ئەوەی دنیای ئەمڕۆ لە ڕێگەی جیهانگەرایییەوە بە ڕاست و چەپی کۆمەڵگەکاندا بڵاوی دەکاتەوە، بێ سێ و دوو وەربگیرێت و تێکەڵ بە کەلتوور بکرێت؛ چونکە ئاست و شێواز و جۆری کەلتوورەکان هێندە جیاوازن، کە دەکرێت کۆمەڵگەیەک لە یەکی دیکە بە هەندێک ڕووکاری سادەی کەلتوورییەکەیدا لێکجوێ بکرێتەوە.ئێستا پێویستە بگوترێت، کە گواستنەوەی پێکهاتە کەلتوورییەکان بەو جۆرەی کە نهوهی ئێستا و داهاتوو پیرۆزییەکانی نهوهی پێشخۆیان، بە بەرزی سەیر بکەن و فۆڕمی بیرکردنەوەیان بەهەڵە لە قەڵەم نەدەن، ئەوە کۆمەڵگە لە زۆر گرفت و کێشەی گەورە پەرژین دەکات کە دیارترینیان کێشەی یەکترقبووڵنەکردنەو، ئامادە دەبن بۆ ئەوەی لەگەڵ یەکدیدا بژین و، بۆ پێشخستنی وڵات لە هەموو بوارەکاندا کاری هاوبەش بکەن.
گۆڕانکارییە کەلتوورییەکان
کەلتوور پەرژین ناکرێت وناتوانرێت ڕێگە لە گۆڕانکارییە کەلتوورییەکان بگیرێت، تەنانەت لەو کۆمەڵگەیانەیشدا کە داخراون و پەیوەندیی تاکەکانیان بە جیهانی دەرەوە سنووردار کراوە (نموونەی وڵاتی کۆریای باشوور). چونکە ئەو گۆڕانکارییانە تەنیا پەیوەست نین بەوەی کە لە دەرەوەی کۆمەڵگەوە دێنە ناو کەلتوور، بەڵکوو لەناو خودی هەر کەلتوورێکیشدا، بە کۆمەڵێک هۆکاری جۆراوجۆری وەک زۆربوونی ژمارەی دانیشتووان و هاتنەکایەوەی ئامێر و ئامرازی کار و شێوازی ئیدارەدانی تازە بۆ دامودەزگهکان، کەلتووریش دەگۆڕێت. بەشێکی گرنگی ئەو بۆشایییە کەلتوورییەی لەناو تاکەکانی کۆمەڵگەدا دروست دەبێت، هۆکارەکەی بۆ دواکەوتنی بەشێکی کەلتوور لە بەشێکی تری دەگەڕێتەوە، "ئۆگبێرن" لەو بارەیەوە دەڵێت: "کاتێک بەشێکی کەلتوور، لەچاو بەشەکەی دیکەی کەلتووردا خێراتر بەر شاڵاوی گۆڕانکاری دەکەوێت، ئەوە دواکەوتووییی کەلتووریی لێ دەکەوێتەوە." ئەگەر ئەم دەستەواژەو دەربڕینە سادەتر بکەینەوە، دەتوانین بڵێین کە پێشکەوتن و کرانەوەی کۆمەڵگەکان بە ڕووی دنیای دەرەوەدا، زیاتر لە لایەن نهوهی گەنجەوە پێشواز و مومارەسە دەکرێت. جا کاتێک گەنجان خۆیان و خویان دەدەنە هەموو ئەو پێشکەوتنە تەکنەلۆژی و فەرهەنگییانەی کە لە دنیای دەرەوەدا باوە و هەوڵی لەگەڵداڕۆیشتنی دەدەن، بەدڵنیاییەوە تێکەڵ بە کەلتووری تازە دەبنو، دواجار بە ئامانجی خۆگونجاندنیان لەگەڵیدا، بەخێرایی دەبن بە بەشێک لەو کەلتوورە و، بەپێچەوانەیشەوە. ئا لێرەدا جیاوازیی ڕوئیا و تێڕوانینیان بۆ ئێستا و ئاییندە جیاواز دەبێت لەو تێڕوانینەی کە باب و باپیرانیان لە کەلتوورە ناوخۆیییەکەیاندا هەڵیان هێنجاوە و پەیڕەوی دەکەن. ئەو جیاوازییەیە کە پێی دەگوترێت بۆشایی کەلتووری، کە ئەگەر بێت و بەشێوەیەکی حەکیمانە مامەڵەی لەگەڵدا نەکرێت، زۆرجار دەبێتە هۆی لێکدانی کەلتووری و، کە ئەمەی دوایی، خۆی دەبێتە سەرچاوەی سەرهەڵدانی ئاریشەگەلێکی کۆمەڵایەتی، سیاسی و فەرهەنگی.
واقعی بۆشاییی کەلتووری لە هەرێمی کوردستاندا
هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە، زۆر بەخێرایی بە ڕووی دنیای دەرەوەدا کرایەوە و، ئەو کرانەوەیشی تەنیا کرانەوەیەکی سیاسی نەبوو کە تەنیا پەیوەست بێت بەو کاسانەی لە بواری سیاسیدا کاردەکەن، بەڵکوو واڵابوونێکی ئابووری - فەرهەنگیی فراوانیش بوو. بەخێرایییەکی زۆر باری ئابووریی وڵات و ئاستی گوزەرانی دانیشتووانی ئەم هەرێمە بەرز بووهوه. ئەمەیش وایکرد کە لە لایەک خەڵکی ڕوو لە دەرەوە بکەن و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش دەرگهی بە ڕووی کۆمپانیا جیاجیاکانی دەرەوەدا واڵا کرد بۆ ئەوەی لە بوارە جۆر بەجۆرەکاندا وەبەرهێنان بکەن، بەتایبەتی لە بواری بیناسازیدا. لەلایەکی دیکەیشەوە، شاندی بەردەوامی حکوومەت و کۆمپانیاکان ڕویان لە دەرەوە دەکرد. لە هەموویشی گرنگتر ئەوەبوو کە بە هۆی باشبوونی باری داراییی دانیشتووان بەگشتی، بەتەواوی دەرگه بە ڕووی هاتنی ئامێر و تەکنەلۆژیی سەردەمی و نوێدا بە هەموو جۆرەکانییەوە بۆ جیهانی دەرەوە، خرایە سەر پشت. لە بەرەنجامی ئەمەیشدا، هەموو ئەو گەنجانەی کە لە ساڵانی پێشتردا لە جۆرێک لە جۆرەکانی دابڕاندا بوون، لەناکاو و بەخێرایی بە ڕووی جیهانی تەکنەلۆژیی دەرەوەدا کرانەوە و، تەواو ئاڵوودەی ئەو کەلتوورە نوێیه بوون کە مۆرک و موڵکی جیهانە تازەکە بوو. ئەوان پێیان وابوو کە بەڕەنگکردنی خۆیان و گوزارشتکردن و ڕەفتارکردن بەو جۆرە کەلتووورە نوێیه، وایان لێ دەکات کە وەک مرۆڤی پێشکەوتوو و باڵا دەربکەون. هەر بۆیە، زۆرجار بە خۆبەدوورگرتنیان لە کەلتووری خۆیان و ڕانواندن و نیشاندانی ڕووکارە دەرەکییەکان و ڕەخنەگرتنی توند لە جۆری بیرکردنەوەی نەوەی پێش خۆیان، ئەوەیان دەردەخست.
لێرەدا ئەوە بەرچاو دەکەوێت کە ئەو پێشکەوتنەی لە بەشێکی کەلتووری کۆمەڵگەی کوردیدا ڕوویدا، بەتایبەتی لە لایەنی ماددی و، بەجێمانی ئەو بەشەیشی کە چۆن ئەو گۆڕانکارییە کەلتوورییە نوێیانه لەگەڵ واقعی ئەم کۆمەڵگەیەدا بگونجێنرێن و دواکەوتوویی لە چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییانەدا، کەلێنێکی بەرچاوی دروست کرد کە لە ئێستادا لە هەندێک ڕووەوە بەخێر نەشکاوەتەوە، بەتایبەتی بۆ یەکدەنگبوونی نهوهکان لە چارەسەرکردنی قەیرانەکاندا و، بۆ یەکلاکردنەوەی پرسە نەتەوەیییەکانی ئەم هەرێمە. هەر بۆیە، پێویستە شانبەشانی بەگرنگسەیرکردنی ئەو گۆڕانکاری و کرانەوە کەلتوورییەی کە هەیە، لە هەمان کاتیشدا پێویستە کاربۆ کەمکردنەوەی مەودای ئەو کەلێنە و لێکنزیککردنەوەی هەموو تاکهکان لەسەر پرسە گشتی و چارەنووسسازەکانی پەیوەست بە ئێستا و ئاییندەی ئەم هەرێمە، بکرێت. لێرەدا دەزگهکانی ڕاگەیاندن، سۆسیاڵ میدیا، زانکۆکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ودەستەبژێرى ڕۆشنبیر، ڕۆڵی گرنگیان هەیە، چونکە دواجار دەبێت ئەو لایەنانە، هەموو لایەک لەم ڕاستییە تێ بگەیەنن کە هەموو لەسەر یەک کەشتین. بۆیە، پێویستە کار بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان و گەییشتن بە مەنزڵی دەوڵەت بێت. بەپێچەوانەیشەوە، بە تێکشکان و گۆڕین و لادانی ئاڕاستەی کەشتییەکە، نقومبوونی هەموو لایەکی لێ دەکەوێتەوە.