دەروازە
دروستبوون و بەردەوامیی هەر کۆمەڵگە و نەتەوەیەک، بەندە بە هەبوونی چەندین ماکی سەرەکی کە وەکوو بازنەی تێکهەڵکێشراو ئەو چوارچێوەیە ڕەنگ دەکەن کە دواتر پێی دەگوترێت نەتەوە. بەڵام گرنگتر لەوانە، ئەو فاکتەرانەن کە لە پاراستنی ئەو ماکانە لای ئەندامان، ڕۆڵ دەگێڕن و کاران. ئەمەیش، بۆ ئەوەی ئەو نەتەوەیە لەسەر پێی خۆی بەڕاوەستاوی بمێنێتەوە و لە لاوازبوون و کاڵبوونەوە بیپارێزن؛ چونکە لە مێژوودا زۆرجار ئەوە ڕووی داوە کە سەرهەڵدانی شەڕوشۆڕ و کارەسات و قەیرانەکان هێندە کاریگەر بوون کە نەک تەنیا نەتەوەیەک، بەڵکوو شارستانییەتێکیان لاواز و پەک خستووە و، هەندێک جاریش هەر لەسەر شانۆی کار و چالاکییە سیاسی- ئابووری- کۆمەڵایەتییهکاندا ڕەشیان کردونەتەوە و، ئەوەی ماوەتەوە لەسەریان تەنیا لەسەر ڕووپەڕی مێژووە و هیچی دی.
ئەوەی وا دەکات ڕادەی کاریگەریی ئەو کارەساتانە لەسەر واقعی نەتەوەیەک دیاری بکات کە تا چ ئاستێک خۆیان بەسەر واقعدا زاڵ دەکەن، یان بە پێچەوانەوە وەلا دەنرێن و تێ دەپەڕێنرێن، چەندێتی و چۆنێتیی توانا و لێهاتوویی و دڵسۆزیی تاکەکانی ئەو نەتەوەیەیە لە چۆنێتیی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو هەلومەرجە و چەندێتیی هەبوونی پاڵنەری بەهێزە لە دەروون و هزریاندا، کە وایان لێ دەکات ئەو چوارچێوە و کیانە بپارێزن و ماکەکانی، وەکوو ئەمانەتێکی بۆماوە، بە بەهێزی بهێڵنە.
ئەو هەست بە بەرپرسیارییەتییە هاوبەشەی نێوان تاکەکان، چەندە بابەتێکی بەرژەوەندیی بژێوییە، چەندین هێندە زێتر، هەست و سۆزێکی هەڵقووڵاوی ناخی ئەندامەکانە کە و تێکەڵاوی گۆشت و خوێن بووە (بەتایبەتی لە کۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتییەکاندا). بەڵام خاڵی گرنگ و جێگەی هەڵوەستەلەسەرکردن ئەوەیە کە، لە جیهانی ئەمڕۆکەدا خەریکە نیشانەکانی سەرهەڵدان و زاڵبوونی کیانی کۆمپانیاکان وەدەردەکەون و، کیانی ئابووری و بزنس بەهێواشی و وردە وردە جێگە و پێگەی کیانی نەتەوەیی بنکۆڵ دەکات و ئابووری و وێڵبوون بە دوای بەرژەوەندییە ماددییەکان و گەیشتن بە هۆکارەکانی خۆشگوزەرانی لە هەموو سێکتەرە سەرەکییەکانی ژیان (پەروەردە، تەندروستی، ئاو،کارەبا و....) لە لای مرۆڤی ئەم سەردەمە، هێندە تۆخ بوونەتەوە کە زۆرجار وایان لێ دەکات لە پێناو دوورکەوتنەوە لە گرفت و ئاریشەکانی تایبەت بەم بوارانە و بواری سیاسی و ئەمنی کە هەیانە، کۆمەڵگە و نەتەوەی خۆیان بەجێ بهێڵن و پەنا بۆ نەتەوەیەکی دیکە ببەن و، زۆرجار لەوەیش تێ دەپەڕێت و بێ گوێدانە ئینتیمای نەتەوەیییان، کار بۆ وەرگرتنی ناسنامە دەکەن و، هێندێک جار ئەولاتریش دەڕۆن و حاشا لە ناسنامەی ڕاستەقینەی خۆیشیان دەکەن. واتە خۆشەویستی و ئینتیمای نەتەوەیی دەخرێتە لاوە و، هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ڕەفاهییەت (خۆشگوزهرانی) جێگەی دەگرێتەوە. پرسیاری گرنگ لێرەیە: ئینتیمای نیشتمانی چییە، چۆن دروست دەبێت، چۆن تۆخ یان کاڵ دەبێتەوە، فاکتەرە سەرەکییەکانی پشت ئەمانە چین و چۆن ئەندامی نەتەوەیەک پارێزگاریکردن لە ئینتیمای خۆیان بۆ نیشتمان و نەتەوەکەیان بە ئەرکی بنچینەییی خۆیان دەزانن؟ چونکە بەڵگەنەویستە کە "تاک و کۆمەڵگە" بەرامبەر بە یەکدی دووانەیەکی حەتمین، کە بە ئەرک و مافی دووفاقى، پێکەوە گرێ دراون. هەر بۆیەیش دروستبوونی هەر کەموکوڕییەک، ڕهنگدانەوەی نێگەتیڤی لەسەر ئەوی دیکە دەبێت، کە دواتر بە جۆرێک لە جۆرەکان و لە بوارێک لە بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیدا بەرەنجامە خراپەکانی وەدەردەکەوێت.
کەواتە، وەک چۆن تاکەکانی کۆمەڵگە بۆ بەردەوامیی ژیانیان پێویستییان بە کۆمەڵبوون و دواتر کۆمەڵگە هەیە، بە هەمان شێوەیش کۆمەڵگە پێویستیی بە تاکەکانی هەیە. هەربۆیە، لە ڕێگەی دامودەزگه فەرمی و نافەرمییەکانییەوە خزمەتگوزارییە جۆراوجۆرەکانیان لە گشت کەرتە سەرەکییەکان دەکەن و، لە بەرامبەریشدا کۆمەڵێک ئەرک و ڕۆڵ دەخاتە ئەستۆیان. جا کاتێک ئەندامان هەست دەکەن لە بەرامبەر ئەو ئەرکانەی ئەنجامی دەدەن، ئەو مافانەیش لە قاڵبی خزمەتگوزاریدا وەردەگرن کە دواجار خۆشگوزەرانییان بۆ دەستەبەر دەکات، بەدڵنیایییەوە خۆشەویستی و ئینتیمایان بۆ کۆمەڵگە و نەتەوەکەیان بەهێز دەبێت. بەپێچەوانەیشەوە، ناکرێت چاوەڕوانی بەردەوامی و مانەوەی ئەو هەستە بکرێت لایان، لەو کاتانەی کە ئەوان بەردەوام لە گێژاوی کارەسات و قهیرانەکاندا بن و، بەردەوام پشکیان نەبێت لەو خزمەتگوزارییانەی کە چاوەڕێی دەکەن و ئەرکی کۆمەڵگەیە پێشکەشیان بکات. لە بارودۆخێکی ئەوادا، ئەوانیش نیشتمان و نەتەوەکەیان بێئومێد دەکەن لەو هەستە بۆماوەیییەی کە پێی دەگوترێت ئینتیمای نیشتمانی. جا بە کاڵبوونەوەی هەم هەستەیش، نەتەوە و کۆمەڵگە، زیانی گەورەیان بەر دەکەوێت و بێبەش دەبن لەو توانا مرۆیییە بێسنوورەی کە لە سەرجهم بوارەکاندا هەیانه.
ئینتیمای نیشتمانی چییە؟
ئەم چەمکە، زیاتر دوای دەرکەوتن و دروستبوونی چەمکی نەتەوە بە مانا سەردەمییەکەی هاتە کایەوە و، زیاتر جێپێی خۆی قایم کرد و، لە فەرهەنگی سیاسیی نەتەوەکاندا ڕەگی داکوتا. لە ئێستایشدا وەکوو چەمکێکی جیهانی تەماشای دەکرێت، ڕۆژانە دووبارە دەبێتەوە (بەتایبەتی لەنێو نەتەوە ڕۆژهەڵاتییەکاندا) و، لە زانست و فەرهەنگی زانستە سیاسی- کۆمەڵایەتییەکاندا بەکار دەبرێت.
دەتوانین بڵێین کە ئینتیمای نەتەوەیی، هەست و شعووری تاکە بەرامبەر دەوروبەری لە شێوەی دووانەی شوێن و کاتدا. واتە هەر مرۆڤێک بە شوێنێکەوە پەیوەستە؛ بە جۆرێک کە دەبێتە بەشێک لەو شوێنە، هەر ئەو جێگەیشە کە دەربڕ و نیشاندەری ئەو مرۆڤەیە. لە بەرامبەریشدا، زەمەن و کات چەندێتی و چۆنێتی پەیوەستبوونی ئەو بەو شوێنەوە دیاری دەکات. جا لەبەر ئەوەی کە شوێنەکە نیشتمانە، بۆیە بە تێپەڕبوونی زەمەن و کات، ئولفەتی پێوە دەگرێت و خۆشی دەوێ؛ لێرەوەیە کە خۆشەویستی بۆ شوێن، کە نیشتمانە، ئینتیمای نیشتمانیی لێ شین دەبێت.
لەگەڵ ئەوەی کە ئینتیمای نیشتمانی، بۆماوەیییە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا وەدەستهاتووە، چونکە شان بە شانی شوێن و کات، چەندین فاکتەری تر کاریگەرییان لەسەر بەهێزی، یان لاوازبوونی هەیە. چەندێتی و چۆنێتیی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بە هاونیشتمانییان بە شێوەیەکی باش لە لایەن دامودەزگه فهرمی و نافەرمییەکانی وەک خێزان و قوتابخانە و دەزگه خزمەتگوزارییەکان لە گشت سێکتەرەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیدا، هەموو ئەمانە ڕۆڵی کارا لە بەهێزکردنی ئەو ئینتیما و خۆشەویستییەی خاک و نەتەوەدا دەگێڕن، چونکە هەستکردن بە ئاسوودەیی و خۆشگوزەرانی، وا لە تاکەکانی کۆمەڵگە دەکات کار بۆ مانەوەی ئەم بارودۆخە بکەن، لەبەر ئەوەی دواجار خۆیان سوودمەندن لێی.
پەیوەندیی نێوان گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی و ئینتیمای نیشتمانی
زانایانی بواری دەروونناسی، لە تیۆرییەکانیاندا زۆر باسی گرنگیی ئینتیمایان بۆ ژیانی تاکەکانی کۆمەڵگە کردووە و، بە یەکێک لە پێویستییە هەرە لەپێشەکانیان داناوە، بەتایبەتی هەر دوو زانای دەروونناس "ئەریک فڕۆم" لە تیۆریی "پێداویستییەکان"، هەروەها تیۆریی "ڕیزبەندی پێداویستییەکان"ی "ئەبراهام ماسلۆ". ئەمانە تا ئەو ڕاددەیە پێویستیی مرۆڤ بۆ هەبوونی ئینتیما بە گرنگ دەزانن، کە بە یەکێک لە پێنج پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیانیان هەژمار کردووە.
لە کۆمەڵگە مۆدێرن و پۆستمۆدێرنەکاندا بابەتی ئینتیمای نیشتمانی، ئەو قۆناغەی تێ پەڕاندووە کە دەسەڵاتی سیاسی و ئیداریی وڵات لە ئێستادا هەوڵ بدات لە ڕێگەی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانی بواری گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی، وەکوو پەروەردە، تەندروستی، ئاو، کارەبا و ئەوانی ترەوە، ئەم بابەتە لە دەروونی ئەندامەکانیدا تۆخ بکاتەوە و، لەم ڕێگەیەوە و بە هۆی هێزی ئینتیما و خۆشەویستیی ئەوان بۆ وڵاتەکەیان هەوڵ بدات سوود لە هەموو سەرچاوە مرۆیییەکانی کۆمەڵگەکەی وەربگرێت، بەڵکوو ئەوە قۆناغێک بوو کە لە دوای کۆتاییهاتنی جەنگی جیهانیی دووهم ئەم کارەیان بە هاوکاری و هەماهەنگیی هەموان و بە پاڵنەری خۆشەویستیی خاک و نەتەوە ئەنجام دا؛ وڵاتیان دووبارە ئاوەدان کردەوە و ئابوورییان گەشە پێ دا و خزمەتگووزارییان بە زیادەوە گەیاندە هاونیشتمانیانیان. بەڵام لەناو کۆمەڵگە و نەتەوە ڕۆژهەڵاتییەکانی کە زۆرێکیان بە وڵاتانی دواکەوتوو، یان وڵاتانی تازە پێشکەوتوو ناو دەبرێن، ئەم بابەتە لە قۆناغەکانی سەرەتایدایە. هەربۆیە، بە بەکارهێنانی بەشێکی کەمیش لە چەمکی گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی و پراکتیزەکردنی بێت، دەتوانرێت بە جۆرێک لە جۆرەکان، هاوشێوەی ئەو کارە دووبارە بکرێتەوە کە وڵاتە زیانلێکەوتووەکانی جهنگی جیهانیی دووهم توانییان ئەنجامی بدەن؛ کە کۆمەڵگە خزمەتگوزاری پێشکەشی هاووڵاتیان کرد و، هاووڵاتیانیش هەموو هێزی مرۆییی خۆیان وەکوو ئەرک و بە پاڵنەری ئینتیمای نیشتمانی، پێشکەشی کۆمەڵگە کرد.
لەبارەی گەشەپێدانەوە "یورگن هابرماس" دەڵێت کە گەشەپێدان گوزەرکردنە لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکی دیکە، بۆ ئەوەی تاکەکانی کۆمەڵگە بارودۆخی ژیانیان لە ڕووی چەندێتی و چۆنێتییەوە باشتر بێت. جا کاتێک تاکی کۆمەڵگە ئەوە لە دەسەڵاتدارانی وڵات دەبینێت کە لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریدا جددین و بۆ باشترکردنی گوزەرانی هاووڵاتیانیان هەوڵ دەدەن، بەدڵنیایییەوە خاک و نەتەوەکەیان لا پیرۆز دەبێت. لەم ڕێگەیەیشەوە توانا مرۆیییەکان بەهەدەر ناچن و لە پێناو پرۆسەی گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی وڵاتدا کارا دەبن، چونکە بەشێکی زۆری هێزی ئینتیمای نیشتمانیی تاکی کۆمەڵگە، سەرچاوەکەی بۆ هێزی هەستکردن و دڵنیاییی تاکی کۆمەڵگە سەبارەت بە خۆشگوزەرانی و ڕەفاهییەت و دادپەروەری و ئاسایش دەگەڕێتەوە، کە دواجار پرۆسەی گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی، کارا و کاریگەر دەبێت، لەبەر ئەوەی هەروەک "بروگفیلد" دەڵێت ئامانجی گەشەپێدان، وەدیهێنانی خۆشگوزەرانی و کەمکردنەوەی هەژاری و بێکاری و نایەکسانییە.
کەواتە ئەگەر ئینتیمای نیشتمانی، بۆماوەیی بێت و، یەکێک لە بەها و پێوستییە کۆمەڵایەتییەکانی تاکی کۆمەڵگە بێت، ئەوە گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیش یەکێکە لە فاکتەرە بەهێز و کاریگەرەکان بۆ بەهێزبوون و پاراستنی ئەو بەهایە لەناو ناخی ئەندامانی نەتەوەدا؛ ئەرکی سەرەکیی ئەم کارەیش لە ئەستۆی دەسەڵاتی جێبەجێکاردایە.