ئەسڵوفەسڵی وشە و چەمکی "شیزۆفرینیا"،بۆ زانستی پزیشکی دەروونی دەگەڕێتەوە و، دەربڕینێکە بۆ حاڵەتێکی نەخۆشی، کە تێیدا نەخۆش هەست بە کەسایەتییەک و بارودۆخیک دەکات کە لە کەسایەتیی ڕاستەقینەی خۆی جیایە(دووکەسایەتی) و، شتگەلێک دەبینێت و دەڵێت کە زادەی ڕاستەقینەی خۆی نییە و لە خەیاڵو فانتازیاوە وێنایان دەکات و دواتر دەریاندەبڕێت؛ بەجۆرێک کە خودی خۆی وا دەزانێ ڕاستەقینەیە و هەڵقووڵاوی واقعە، نەک پێچەوانەکەی. جا ئەم جۆرە نەخۆشیسە پاشخانی خۆی هەیە کە زیاتر کۆمەڵایەتی و دەروونین. دیارە ئەم پاشخانە دەرونییەیش لای خۆیەوە دیسان فاکتەرگەلێکیان لە پشتە، جا چ ئابووری، یان سیاسی یاخود فەرهەنگی و... بن.
هەموو ئەو ڕاستییانە هیچ لەوە ناگۆڕن کە کەسی تووشبوو بە "شیزۆفرینیا" کەسێکی ناتەندروست و ناواقعییە، چونکە ئەو شتگەلێک دەڵێت کە واقعی نین و چاوەڕوانی ئەوەشی لە خەڵکە کە بە ڕاست و واقعی بزانن و بەقسەشی بکەن؛ جا کاتێک کاردانەوەی دەوروبەری دەبینێت کە نەک هەر بڕوا بە قسەکانی ناکەن بەڵکوو بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ، یان ناڕاستەوخۆ بەزەییی خۆیانی بۆ دەردەبڕن، چونکە وەکوو نەخۆشێک سەیری دەکەن؛ دروست لەو کاتەدایە کە دەبێت چاوەڕوانی هەر جۆرە کاردانەوەیەک لە کەسی نەخۆش بکرێت، چونکە وەک دەڵێن ئەو لە جیهانێکی دیکەدایە کە لە ڕووی مەغزاو فەزاوە تەواو لە جیهانی واقع جیاوازە و دابڕاوە.
دەرکەوتە سیاسییەکانی شیزۆفرینیا
ئەو کەسانەی کە تووشبووی ئەم حاڵەتەن، هەم کارو هەمیش کاردانەوەکانیان بە جیاوازیی بارودۆخی کۆمەڵگەکانیان و ئەو بابەتەی پێیەوە دەگرن، جیاواز دەبن.ڕوونتر بڵێین و بۆ نموونە کەسێکی تووشبوو بەم نەخۆشییە، کاتێک هەستەکانی بەو ئاقارەدا دەڕۆن کە خۆی لێدەبێتە زانا و، لافی زانابوونی خۆی لەناو خەڵک و کۆمەڵگەدا لێ دەدات، چاوەڕوانیی ئەوە دەکات کە هەموولایەک وەکوو بیرمەندێک لێیبڕوانن و خەڵکیش لە جیاتی ئەوەی بڕوا بە قسەکانی بکەن بۆی پێی دەکەنن. لە وەها بارودۆخێکدامەودای بەرەنجامە نێگەتیڤەکانی نەخۆش زۆر بەرتەسکەو، بە دوورکەوتنەوەی خۆی لە خەڵک، یان خەڵک لە ئەو کۆتایی دێت. بەڵام ئەوەی کە جێگەی ئاخافتنی ئێمەیە ئەوەیە، کە ئەو کاتەی کە کەسایەتیی بە ناوودەنگی سیاسی تووشی وەها حاڵەتێک دەبێت، ئەوە پێویستە خێرا خوێندنەوەی بۆ بکرێت و هەمووان لە قسە و مەترسییەکانی ئاگادار بکرێنەوە، بۆ ئەوەی وەکوو پەتایەک لەناو تاکەکانی کۆمەڵگەدا تەشەنە نەکات؛ هەروەها دەبێت هەوڵی چارەسەرکردنیشی بدرێت.
ئەگەر ڕوونتر و ڕاشکاوانەتر باس و خواسەکەمان وێنا بکەین، دەبێت بڵێین کە لە ئێستای پرۆسەی سیاسیی عێراق بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی، زۆر ڕوون و ئاشکرا دەردەکەوێت کە لە ئێستادا زۆرینەی سیاسییەکانمان (بەتایبەتی لەم ماوەیەی کە بانگەشەی هەڵبژاردنەکان لە گۆڕێیە) نیشانەکانی ئەم حاڵەتە و ئەمنەخۆشییەیان پێوە دیارە، چونکە دەرکەوتنە بەردەوامەکانیان لەسەر ڕووپەڕی ڕۆژنامەو گۆڤار و لەسەر شاشەی تیڤی و ماڵپەڕ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەجۆرێکە، کە نەک تەنیا هاووڵاتییانی کوردستان و عێراق بەڵکووهاووڵاتیی هەر کۆمەڵگەیەک بگری و، داوای لێ بکەی کە لە نێوان قسەی سیاسییەکان و واقعی ژیان و گوزەرانی خەڵکیدا داوهری بکات، ئەوە بەئاسانی دەتوانین بڵێين کە ئەم مەملەکەتە "مەملەکى شیزۆفرینيیەكانە"؛ ئەگەرنا چۆن دەبێت ئەو هەموو دروشم و مانشێت و قسە و بەڵێنە زلانە و ئەو هەموو شانازیکردنە بە کارو خزمەتەی کە سیاسییەکانی ئەم مەملەکەتە دەیخەنە ڕوو، بەرەنجامەکەی ئەم واقعە بێت کە لە ئێستادا خەڵک و کۆمەڵگە بەگشتی و دامودەزگه فەرمی و نافارمییەکانی تێدان.بۆیە ئەگەر بەراوردێک بکەین لە نێوان تووشبووانی "شیزۆفرینیاى دەروونی" لەگەڵ تووشبووانی "شیزۆفرینیای سیاسی"، ئەوە ژمارەی دووەم، لەسەر ئێستا و ئاییندەی کۆمەڵگە زۆر باڵاتر و ترسناکترە.
کەسایەتیی سیاسیی وا دەبینی،کە تا دوێنێ خۆی بڕیارنووس و بڕیاردەر و بڕیارجێبەجێکەری ئەم وڵاتە بووە، بەڵام دارێکی نەخستۆتە سەر بەردێک، بەجۆرێک کە ئاییندەی ئەم وڵاتە لە ڕوویەکەوە گرێنتی و زامن بکات، کەچی ئێستا کە قسە دەکات وا خۆی دەردەخات کە ئەگەر بکرێتە کوێخای وڵات ئیدی مەملەکەتەکە دەکاتە جەننەت و، وایلێدەکات پاڵی وەپاڵ وڵاتانی هەرە پێشکەوتوو بدات.جا لێرەدایە کە هاووڵاتیی هۆشیار دەتوانێت و دەبێت تووشبوویئەم نەخۆشییە(شێزۆفرینیای سیاسی) دیاری بکات؛ چونکە لە دونیای پێشکەوتووی ئەمڕۆکەدا هاووڵاتییان بە ڕاددەیەک هۆشیارن کە بەردەوام بەراوردی قسە و بانگەشە و پەیامی سیاسییەکانیان بە کار و کردەوەو ڕەفتارەکانیان لە ڕابردوو و ئێستادا دەکەن و، بەردەوام ڕابردوویان دەکەنە سەنگی مەحەک بۆ بڕیاردان لەسەر ئاییندەیان. واتە ڕابردووی کار و کردەوەکانی سیاسییەکانیان بیر ناچێت و وەدوای ئەو قسە و پەیمانە بریقەدارانەیان ناکەون کە تەنیا لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا هاواری بۆدەکەن و دەیشزانن کە ئەوە بەشێکە لە بەرەنجامی نەخۆشییەکەیان و دوورە لە ڕاستی و، لە واقعدا هیچ بوونی نییە.
مادامێکی هاووڵاتی بۆ بونیادنانی ئاییندەی خۆی و دامودەزگەکانی کۆمەڵگەکەی هێندە گرنگە، ئەوە پێویستە لە ناسین و بڕیاردان لەسەر کەسە شیاوەکان و جياکردنەوەی تووشبووانی نەخۆشیی شیزۆفرینیای سیاسی لە کەسە ساغڵەم و تەندروستەکان، زۆر هۆشیار بێت.