ڕاستیی سروشتی مرۆڤ و پێویستی بۆ تاکەکانی دیکەی کۆمەڵگە و خۆقاڵکردنەوەی لەناو قاڵبی ۆمەڵگەدا و وەرگرتنی سیماکانی ئەو کۆمەڵگەیە زۆر دەمێکە لەلایەن بیرمەند و فەیلەسووف و کۆمەڵناسان پشتڕاست کراوەتەوە و، لە کورتترین دەربڕیندا کۆکن لەسەر ئەوەی کە مرۆڤ بە سروشتی خۆی کۆمەڵایەتییە. هەر بۆیە هەموو تاکەکان و دامەزراوەکانی کۆمەڵگە و نەتەوە و میللەتان لە فۆڕمێکی ڕێکخراودا ئەو ڕاستییەیان لە چوارچێوەی دابو نەریت و ڕێسا و یاساکاندا بەرجەستە کردووە و بەشێوەیەکی بەردەوام و لە بانگەشەیەکی ئەزەلیدا هەموو تاک و گرووپ و کۆمەڵە و حزب و دامەزراوە فەرمییەکانی کۆمەڵگەیان لە گرنگی و بایەخی کۆمەڵبوون و دواتر پێکەوەژیاندا ئاگادار و هۆشیار کردۆتەوە.
هەرچەندە جیاوازی لە بیروبۆچوونی ئەو بیرمەندانەدا هەیە کە قسەیان لەسەر بابەتی گرێبەستی کۆمەڵایەتی کردووە، چونکە کاتێک باسی قۆناغی پێش کۆمەڵبوونی مرۆڤەکان دەکەن، هەیانە ئەو ستایلە ژیانە بە ژیانێکی هەمەجی و تێکەڵوپێکەڵ و پاشاگەردانی وەسف دەکەن (تۆماس هۆبز)؛ هەیشیانە دەڵێن کە شێوازی ژیانی مرۆڤاکانی ئەوکات تا ئەو ڕاددەیە بێسەروبەر نەبووە و لە کاتی کارلێکی نێوانیان جۆرێک لە یەکسانی هەبووە کە هەموویان لەژێر چەتری ئەو یەکسانییەدا هەڵیانکردووە و بەردەوام بوون (جۆن لۆك). جا خۆدانە پاڵی ئێمە بۆ بۆچوونی هەر یەکێکیان بێت، ئەوە ئەو ڕاستییە هەر بەدرەوشاوەیی دەمێنێتەوە کە مرۆڤەکان مانای ڕاستەقینەی ژیان و مرۆڤبونیان لە کۆمەڵبوونێکی بەردەوامی پێکەوەییدا بەرجەستە دەبێت. هەر کۆمەڵگەیەک بگری، دەیەوێت لە جوغزێکی فەرهەنگیی تایبەت بەخۆیدا تاکەکانی پێبگەیەنێت و، پەیوەندی و کارو کاردانەوەکانیان بە سیماتەکانی خۆی لەسەر کەسایەتییان ڕەنگ بکات و بینەخشێنێ.
لەگەڵ ئەوەی کە بەشێکی زۆری ئەزموونی فەرهەنگەکان لە زۆر خاڵدا هاوبەشن (وەک ڕێسا و یاساکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کە بەسەر هەموو نەتەوەکاندا گشتێنراوە)، بەڵام لەبیرمان نەچێت زۆر خاڵی وێکنەچوو و جیاوازیش هەن کە فەرهەنگی کۆمەڵگەیەک، لەوهی دیکە جوێ دەکاتەوە و وەک خەسڵەتێکی تایبەت بە فەرهەنگی ئەو کۆمەڵگە و میللەتە دەردەکەوێت؛ خەسڵەتی ڕێزگرتن لە فەرهەنگی کۆمەڵگەی ژاپۆنیدا دەکرێت نموونەیەک بێت.
چەمکی پێکەوەژیان زۆر فۆڕم و جۆری هەیە کە بە گۆڕانی پێکهاتەی کۆمەڵگە و وڵات و قۆناغەکانی پێشکەوتن و سیستەمی کارگێڕی و سیاسی دەگۆڕێ؛ بەڵام هەرجۆرێک بێت مانای پێکەوەژیانی ڕاستەقینە ئەوەیە کە ئەو تاکانەی پێکەوەن هەست بە ئاسوودەیی و ئارامی و یەکسانی ودادپەروەری بکەن و، ئەمەیش وایان لێبکات کە ئامادەبن هەموو تواناکانیان بخانە گەڕ بۆ هێشتنەوەی ئەو بارودۆخەو دروستبوونی ههست و ئینتیمایان بۆی.
بۆ دروستبوونی فەزایەکی تەندروست بۆ پێکەوەژیان، مەرج نییە هەمووان ڕۆڵە و نەوەی یەک نەتەوە و میللەت بن؛ نموونەی کۆمەڵگە و وڵاتی سەرکەوتوو و خاوەن فراژووی ئابووری و سیاسیی بەهێزمان لەبەردەستە وەکوو: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و زۆرانی دیکە. ئەوان لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی کۆمەڵایەتی و یەکترقبووڵکردنهوه، هەر لە قۆناغی دایەنگەوە تاکەکانیان فێرکردووە کە پێکەوەژیانە دەستەبەری سەرکەوتنەکانی کۆمەڵگە و دامەزراوەکانی دەکات و، ئەوەیشیان خستۆتە بەر دیدیان کە لە قۆناغی دژوەستان و شەڕوشۆڕی ناوخۆیی و داردەستبوونی بەشێکی کۆمەڵگە بۆ هێزە بیانییەکان، چ باجێکی گەورەی مرۆیی و ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتییان داوە و، باسی ئەوەیشیان کردووە کە دەبێت بە هەموو هێزێکیانهوه دەست بەو پێکەژیانەیان بگرن و بیپارێزن.
ئەگەر ئەم پێکەوهژیانە بۆ میللەتانی خاوەن کیانی سیاسیی سەربەخۆ ئەوەندە زەروور بێت، ئەوە پێویستە ئێمەی کورد لەم قۆناغە هەستیارەدا پرسیارێکی گرنگی ستراتیژی لە خۆمان بکەین و بڵێین: ئایا ئێمە لەسەر ئاستی ناوخۆیی،تا چەند توانیمانە ئەو مەبدەئە گرنگە پراکتیزە بکەین و بیکەینە چەکێکی بەهێز بەرامبەر بەو پرۆسە سیاسییە ئاڵۆزەی کە لە ئێستای عێراقدا بەڕێوە دەچێت؛ بەجۆرێک ببێتە هۆی بەدەستهێنانی دەسکەوتی ستراتیژییگرنگ بۆ نەتەوەکەمان؟ هەموو ئەمانە لەلایەک و، لە لایەکی دیکەیشەوە تاچەند توانیومانە ئەو خەسڵەتە گرنگەی کە لە فەرهەنگی نەتەوەکاماندا هەیە (قبووڵکردنی نەتەوە و ئایینە جیاوازەکانی دیکەو لەگەڵداژیانیان بەئارامی و دوور لە کێشە و تەجاوزنەکردنی مافەکانیان) زەق بکەینەوە؛ بەو ئومێدەی ببێتە فاکتەرێکی گرنگ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانمان لەگەڵ نەتەوەو مەزهەبە دەسەڵاتدارەکانی ئێستای عێراق؟
لە کۆتاییدا دەبێ بڵێین، ئێمهی كورد لە جیاتی ئەوەی بەهانە بدهینه دەست خهڵكی تر، بۆ ئەوەی ڕەخنەمان لێ بگرن، بەوەی هێرش بکەینە سەر گەشتیارێکی عەرەب، با وا بکەین وەکوو کایەکانی دیکە، بکرێینە نموونەی بەرچاوی ناوچەکە بۆ چەمکی پێکەوەژیان لەسەر ئاستی ناوخۆیی و لەگەڵ نەتەوەکانی دیکەیشدا؛ چونکە ئەمە یەکێکە لە سیماتەکانی فەرهەنگی نەتەوەکەمان.