زنجیرەی چوارەم و کۆتایی
دوا مەنزڵگەی تاکەکانی کۆمەڵگە بۆ ئەنجامدانی چالاکییە کۆمەڵایەتییەکانیان (لە هەر بوارێکدا بێت)، بریتییە لەو شوێنەی کاری تێدا دەکەن؛ جا ئەو دامودەزگهیانە، چ سەر بە کەرتی گشتی (حکوومی) بن، یان کەرتی تایبەت. هەر بۆیە، لە سەرەتای دەستبەکاربوونیانەوە هەوڵ دەدەن هەموو، یان بەشی هەرە زۆری ئەو مەعریفەیەی کە لە قۆناغ و وێستگەکانی پێشووتری ژیانیان (خێزان، فێرگە)وە وەسەریەکیان ناوە، لێرەدا وردە وردە هەڵی ڕێژن و پراکتیزهی بکەن، بۆ ئەوەی دواجار، هەم بتوانن لەسەر کارەکانیان بەردەوام بن، هەمیش بتوانن مەعریفەی نوێ وەدەست بێنن و پاشەکەوتی بکەن.
شوێنی کاری دامەزراوەیی، بە مانای هەبوونی یاسا، ڕێسا، ڕێنمایی و پرەنسیپگەلێکی کاڕگێری دێت، کە بە مەبەستی گەییشتن بەو ئامانجانەی کە خودی ئەو دامەزراوە، یان دەزگهیەی لە پێناودا بونیاد نراوە، نووسراون و داڕێژراون.
خاڵی جەوهەری بۆ ئێمە، لەو دەستەواژەیەی سەرەوەدا خۆی دەبینێتەوە، ئەویش گەییشتن بە ئامەنجاکانی ئەو بونیادەیە، چونکە یەکێک لە فاکتەرە سەرەکییەکانی گەییشتن و بەدیهێنانی ئامانجەکانی هەر دامەزراوەیەک، ئەو کەسانەن یان باشتر وایە بڵێین ئەو کارمەند و هاوپیشانەن، کە لەو دامەزراوەیەدا کار دەکەن. بۆیە، چەندێتیی توانایان و ئاستی ئەدایان لە ڕاییکردنی کارەکانی ئەو دەزگهیە، بەتەواوی ڕۆڵی لەسەر ئاست و ڕێژەی بەدیهێنانی ئامانجەکانی دەزگهکە لە لایەک و، لە لایەکی دیکەیشەوە لەسەر چەندێتیی بەردەوامیی خودی دەزگهکە هەیە، جا چ بە پاڵنەری ستراتیژی بێت یاخود بۆ کێبڕکێی دامەزراوەکانی تری هاوشێوەی.
دامودەزگهکان لە هەر شێوە و فۆڕمێکدا بن (مەدەنی، سەربازی، کۆمەڵایەتی، ئابووری، سیاسی، فەرهەنگی و...)، بۆ مانەوە و بەردەوامییان، پێویستیان بە پەرەپێدان و نوێکردنەوەی ئەو هێزە هزری و جەستەیییانەی ئەندامەکانیان هەیە، کە دەزگهکە بەڕێوە دەبەن. بۆیە، پێویستە نەک تەنیا چوارچێوەی ئەرکێکی ئیداری و لەو فۆڕمەدا کە زانیاریی نوێیان پێ بدەن لە بواری کارەکانیاندا، بەڵکوو پێویستە لەسەر ئاستی کەسیش (خودی)، بە جۆرێک ئاڕاستەیان بکەن کە هەست بکەن پێویستیی بۆ پەرەپێدانی خۆیان، هۆکاری سەرەکیی مانەوەیانە لە کارەکهیان و فاکتەری بەرزبوونەوەیانە بۆ پلەی باڵاتر، جا چ لەناو هەمان دامەزراوە بێت، یان لە دامەزراوەی تردا. بە تەعبیرێکی سادەتر، پرۆسەی پەرەپێدان، بکەن بە بەشێک لە ڕیتمی خودی کەسایەتییان و وایان لێ بکەن بە فەرمانێکی ئیداریی کۆنکرێتیی سەپێنراو سەیری نەکەن، بەڵکوو بە جۆرێک دەست و پەنجەی لەگەڵدا نەرم بکەن، کە پەرەپێدان بە مانا و پێناسەی کەسایەتییان بێت، واتا ببێتە ئەرکێکی خودی، نەک ئیداری. لەم ڕێگهیەیشەوە، ئەوەیان لا ڕون دەبێت کە بۆ مانەوە و بەردەوامیی خۆیان و دامەزراوەکەیان، پێویستییان بە پەرەپێدانی تواناکانیانە لە ڕووی مەعریفی و جهستەیییەوە.
پلانی پەرەپێدان لە دامودەزگەکاندا
لەم بەشەدا، مەبەستمان لە دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان، سەرجەم ئەو نێوەندانەیە کە تاکی کۆمەڵگە، چالاکی و تواناکانی خۆی تێدا پراکتیزە دەکات، چ وەکوو سەرچاوەی بژێوی یاخود لە شێوەی کاری خۆبەخشانە، یان هەر پاڵنەرێکی تر.
کە دەڵێین دامەزراوە، دەبێت ئەوەمان لەبیر نەچێت و لەبەر چاومان بێت کە بەدڵنیایییەوە ئەم دەزگهیە لە هەر شێوە و فۆڕمێکدا بێت، بۆ ڕێکخستنی کار و ئەندامەکانی، پێویستیی بە بەکارهێنانی بنەما سەرەکییەکانی کارگێڕی دەبێت و، دواجار چەندێتیی بەکارهێنانەکە و باش و ناباشیی لە جێبەجێکردنی ئەو بنەمایانەیش، دەبن بە سەنگی مەحەک بۆ دەستنیشانکردن و وێناکردنی پێگە و بایەخی خۆی لەنێو دامەزراوەکانی تردا، هەروەها لە نێو کۆمەڵگەیشدا. لەم ڕوانگەوە، دەتوانین بڵێین کە بەکارهێنانی زۆرترین ڕەهەندەکانی ئیدارە بە شێوەیەکی تەندروست، تەواو بە مانای سەرکەوتنی زۆرتری ئەو دەزگهیە دێت.
لێرەوە ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە بنەما سەرەکییەکانی کارگێڕی، بۆ سەرکەوتنی دامەزراوەکان بەس نین، بەڵکوو هاوپێچ و ڕەهەندەکانی تریش زەروورن: دانانی ڕوئیا، پەیام، سیاسەت، ستراتیژ، ئامانج و میكانیزمهکانی گەییشتن بەو ئامانجانە. هەموو ئەمانەیش، لە پێناو پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزارییە بۆ کۆمەڵگە، چونکە دواجار ئەمە دەبێتە زامنی بەردەوامیی دەزگهکە.
بە زمانێکی سادەتر، کارەکانی هەر دامەزراوەیەک پێویستیی بە پلانی تۆکمە هەیە، کە گرنگترین بەشی ئەو پلانانەیش، بوونی پلانی پەرەپێدانی مرۆییی دامەزراوەکەیە. هەر ئەم پلانەیشە کە ئێمە دەمانەوێت باسی لێوە بکەین و بزانین دەزگهکان تا چەند کاریگەرییان لەسەر تاک و کۆمەڵگە هەیە بۆ ئەوەی پەرەپێدانی مرۆیی، ببێت بە بەشێک لە کەلتووری کۆمەڵگە.
گرنگیی سەرچاوە مرۆیییەکان لە داڕشتنی پلانی ستراتیژی لە دامودەزگەکاندا
بێ گومان، بۆ ئەوەی ئەگەری سەرکەوتنی هەر کارێک و هەر دامەزراوەیەک زیاتر بێت، پێویستە کاری جددی و زانستیی زیاتری بۆ بکرێت و بنەما و ژێرخانێکی تۆکمەی پشتئەستوور بە مەنتقی زانستیی هەبێت. ئەمەیش کارەکتەرە جێبەجێکارەکانی، ناچار بە ئەنجامدانی کاری زۆر و ورد دەکات و، وایان لێ دەکات کە تەواوی تواناکانی خۆیانیان تێدا بەکار بخەن و هەوڵ بدەن ڕەهەندەکانی ئەو کارە، یان ئەو بونیادە لەبەرچاو بگرن؛ بە جۆریک هیچ لایەنێکی پشتگوێ نەخەن و کار و ئهركهکان بەپێی زەروورەتیان لە دەزگهکەدا ڕیزبەند بکەن.
لێرەوە ئەو چوارچێوەیە وێنا دەبێت کە پرسیارگەلێکی لەخۆ گرتووە: دەمانەوێت چی بکەین؟ چۆن بیکەین؟ کەی بیکەین؟ دەمانەوێت بەرەو کوێ بچین؟ بۆچی و بە چ شێواز و میكانیزمێك؟ ئەمانە و پرسیارگەلێکی دیکە، هەموویان وا دەکەن بۆ وەڵامدانەوەیان بە شێوەیەکی مەنتقی و كردهیی، کات و تواناکان بخرێنە گەڕ بۆ داڕشتنی پلانێکی زانستیی تۆکمە. بەڵام، کێ ئەو پلانە دەنووسێت و دواتر جێبەجێی دەکات؟ ئەوە گرنگە و پێویستە پێش هەر شتێک، ئەم خاڵە جەوهەرییە لەبەر چاو بگیرێت.
هەر دامودەزگهیەک بەپێی ستراتیژی، ئامانج و سروشتی کارەکەی، پلانی خۆی دادەڕێژێت و هەنگاوە جێبەجێکارییەکانی دیاری دەکات؛ کەواتە ستراتیژی و ئامانجەکانی، لە دامەزراوەیەکەوە بۆ یەکێکی تر دەگۆڕێ و جیاوازە، بۆیە پلانەکانیشیان جیاواز دەبن. بەڵام ئەوەی ئێمە دەمانەوێت قسەی لەسەر بکەین ئەو خاڵە هاوبەشەیە، کە لە هەموو دامودەزگهکاندا هاوبەشە و پێویستییەکی حەتمییە و ناکرێت پەراوێز بخرێت، ئەویش پلانی سەرچاوە مرۆیییەکانە. ئەوەیش کە وا دەکات نەتوانرێت ئەم پلانە وەلا بنرێت، ئەوەیە کە ئەوە مرۆڤەکانن (کارمەندانن) کە داڕێژەر و جێبەجێکاری سەرجەم پلان و کارەکانن لەسەر ئاستی جۆراوجۆر و بابەتی جیاواز. لەم ڕوانگەیەوە، پێویستە لێرەدا باسی گرنگیی سەرچاوە مرۆیییەکان بکەین کە چۆن ئەو هەنگاوانە بۆ دانانی پلانێکی ستراتیژی دادەڕێژن کە دەبێت بگیرێنە بەر، ئەمانەن:
١- داڕشتنی ستراتیژی Formulation Strategy
سەرچاوە مرۆیییەکان لەم پرۆسەیەدا، ئەو هەل و هەڕەشە (تهدیدات) دەرەکییانە دیاری و شی دەکەنەوە، کە هەن، هەروەها خاڵە لاواز و بەهێزەکانیش دەستنیشان دەکەن. ئەم کارەیش پێی دەگوترێت شیکردنەوەی (SWOT).
٢- جێبەجێکردنی ستراتیژی Implementation Strategy
لەم قۆناغەدا سەرچاوە مرۆیییەکان ئەو سیاسەت، بەرنامە، پرۆگرام و ئیجرائاتەنە دیاری دەکەن کە بۆ جێبەجێکردنی ستراتیژییەکە پێویستن.
٣- هەڵسەنگاندنی ستراتیژی Evaluation Strategy
لەم قۆناغەدا سەرچاوە مرۆیییەکان پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندن دەکەن بۆ هەموو ئەو کار و هەنگاوانەی لە کاتی پراکتیزەکردنی پلانە ستراتیژییەکە ئەنجام دراون؛ ئەمەیش بۆ دڵنیابوون لە نەبوونی کەموکورتی، هەروەها چارەسەرکردنی هەر گرفت و کەمتەرخەمییەک کە هەبێت.
مادامێکی سەرچاوە مرۆیییەکان هێندە کاریگەر بن و، هەر ئەوان بن کە لەسەر چەندێتیی سەرکەوتن یان وەپاشکەوتنی نێوەندێکی کار، پلانداڕێژەر و بڕیاردەر بن، کەواتە پێچەوانەکەیشی ڕاستە، کە ئەوە دامەزراوەکانن ڕۆڵیان لە بەکارهێنانی سەرچاوە مرۆیییەکانیاندا هەیە، بۆ ئەوەی بە شێوەیەک بەکاریان بهێنن کە دواجار لە ڕێگەی ئەوانەوە سەرکەوتنی پلانی ستراتیژیی خۆیان گرێنتی دەکەن. سادەتر بیڵێین، پێش دانانی پلان لە هەر بوارێکی کاردا، پێویستە پلانێک بۆ ئەنجامدەر و جێبەجێکاری ئەو پلانە ستراتیژییە هەبێت، ئەویش پلانی سەرچاوە مرۆیییەکانە.
لە دونیای سەردەمدا، چ لە کەرتی گشتی بێت یان تایبەت، گرنگیدان بە تواناکانی خود، کراوە بە سەنگی مەحەک بۆ بەردەوامبوونی تاکی کۆمەڵگە لەو نێوەندەی کاری تێدا دەکات. لەگەڵ ئەوەیشدا، ئەم بابەتە قاڵب و ڕوویەکی ئیدارییشی پێ دراوە و وەکوو فەرمانێکی کردەیی و مەعنەوی بەسەر هەموواندا گشتێندراوە. ئەمەیش وای کردووە کە تاکەکان بە گوێڕایەڵییهوه پابەند دەکات و ملکەچی ئەو ڕاستییەیان دەکات کە بۆ ئەوەی لەسەر کارەکەیان بەردەوام بن و بتوانن لە ڕکابەرەکانیان باشتر بن (یان هەر هیچ نەبێت وەک ئەوان بن) و پاریزگاری لە پێگەی کارهكهیان بکەن و بیانەوێ باڵاتر بن، دەبێت گرنگی و پەرە بە تواناکانیان بدەن.
لە وڵاتێکی پێشکەوتووی وەکو کۆریای باشوور و، بە دیاریکراوی لە کەرتی گشتییەکەیدا، هیچ کارمەندێک ئەگەر بۆ ماوەی چەندین ساڵیش لە دامەزراوەکاندا کار بکات، پلەی بەرز ناکرێتەوە و، لە ماف و جیاوکەکان (ئیمتیازهكان)ی پلەی باڵاتر سوودمەند نابێت، ئهگهر ساڵانە ١٠٠ کاتژمێر لە ڕێگهی خولەکانی ڕاهێنانەوە پەرەی بە تواناکانی نهدابێت. ئەم ڕاستییە، بە جیاوازیی میكانیزم و شێوازەکانی پراکتیزەکردنی، بۆ هەموو وڵاتە پێشکەوتووەکان ڕاستە.
گرنگیی دامودەزگهکان لە پرۆسەی بەکەلتوورکردنی پەرەپێدانی مرۆییدا، لەو خاڵەدا زیاتر بەهێز و کاریگەرە کە پەیوەستە بە ژیانی تاکەکانهوه؛ چونکە لە لایەک شوێنی کاریانە و، لە لایەکی دیکەیشەوە سەرچاوەی بژێوییانە، هەروەها نێوەندێکە کە بە کۆمەڵێک یاسا و ڕێسا و رێنماییی نووسراو کار دەکات و، ئەندامەکانیشی بەو دەقە نووسراوانەوه پابەند دەکات. هەر بۆیە، فاکتەرێکی کاریگەرە بۆ ئەوەی لە ڕێگهی جۆربەجۆرەوە هۆشیاری لەو بارەیەوە هێندە بڵاو بکاتەوە، کە ئەم بابەتە ببێتە بەشێک لە ژینگەی چالاکییە کۆمەڵایەتییەکانی تاک.
لە هەرێمی کوردستاندا و، بەتایبەتی لە کەرتی گشتیدا، ژمارەیەکی زیاد لە پێویست فەرمانبەر هەن کە ئەگەر بە ژمارەی دانیشتووانەکەمان بەراوردی بکەین و بە پێوەر و ستانداردە نێودەوڵەتییەکان پێوانەی بکەین، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە ژمارەیان زۆرترە لە پێویست. کەواتە، دەبوایە ئەدای کار باشتر و، جۆری خزمەتگوزارییەکان باڵاتر بووایە لەوەی کە لە ئێستادا هەیە؛ چونکە بەردەوام گلەیی و گازندەی هاووڵاتیان لەو بارەیەوە بەر چاو و گوێچکە دەکەوێت، ئەمە وێڕای ئەوەی کە ئەم زۆرییە، گرفتی بێکاریی دەمامکداری، گەیاندۆتە ئاستی دیاردە.
وێڕای ئەو ڕاستییانەی سەرەوە، بەڵام دیسانیش نیشاندەرەکانی سەرچاوە مرۆیییەکان مایەی دڵخۆشین (هەرچهندە کەمیشن)، چونکە بە بەراورد بە ساڵانی پێشووتر، هەست دەکرێت ساڵ لە دوای ساڵ نیشاندەرەکان لەبارەی ناسین و گرنگیدان بە سەرچاوە مرۆیییەکان و بەکارهێنانیان بە شێوەیەکی باشتر و زانستیتر بەرەو بەرزییە، نەک تەنیا لەسەر ئاستی کارگێڕی، بەڵکوو لەسەر ئاستی خودی و تاکەکانی کۆمەڵگەی کوردی بەگشتی. لەم بارەیشەوە، وەزارەتی پلاندانان، وەکوو لایەنێکی پەیوەندار بە هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی خاوەنئەزموونی بواری پەرەپێدانی مرۆیی، لە چەندین پرۆژەی ستراتیژیدا کار دەکات، کە دوایینیان لەگەڵ وڵاتی کۆریای باشوور ئەنجام دراوە و لە ئێستادا لە قۆناغی کۆتاییدایە.
بەڵام دەبێت ئەو ڕاستییە بزانین کە هەوڵەکان، لەوەی کە لەم قۆناغەدا هەرێمی کوردستان پێویستیی پێیەتی، زۆر كهمترن و له ئاستی پێویستدا نین. با ئەو رستەیەیش بۆ خۆمان بهێنینەوە کە پرۆسەی بەکەلتوورکردنی پەرەپێدانی مرۆیی، تەنیا بە لایەنێک ناکرێت، بەڵکوو کاری هەمووانی (ههرهوهزی)ی دەوێت لەسەر ئاستی سەرجەم دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگە، هەر یەکەیان بەپێی سروشتی بونیاد و کاری خۆی. لە هەموویشی گرنگتر، هۆشیاری و دڵسۆزیی تاکەکانی کۆمەڵگەیە بۆ بەگرنگسەیرکردنی تواناکانیان و پەرەپێدانیان بە پاڵنەری خودی و نیشتمانی.
لێرەوەیە کە شان بە شانی دامودەزگه ئیدارییەکان، هەموو لایەک لە دروستکردنی فەرهەنگی پەرەپێدانی مرۆیی لە کەسایەتیی تاکی کوردیدا بەشدار دەبن، کە دواتریش لە چوارچێوەی کەلتووری مەعنەوی، لە ئێستا و ئاییندەی نەوەی داهاتوودا مومارەسە دەکرێت.