د.عەبدولڕەزاق محەمەد- دکتۆرا لە کۆمەڵناسی
تێڕوانینێکی بابەتییانە دەبێت کاتێک، چ تاکو چ کۆمەڵگەیش پێش ئەوەی چاوی لە زار و زمان و هەڵسەنگاندنی بەرامبەرەکەی بێت بۆ ئەوەی وەسف و وێنای تواناکانی بکات، خۆی لەخۆی ڕامێنێت و هەوڵبدات خاڵە بەهێز و لاوازەکانی خۆی دەستنیشان بکات و هەوڵبدات بۆ گونجاندنیان بەپێی ئەو ئامانجە ماوەکورت یان ستراتیژییانەی کە بۆ ئاییندەی سیاغەی کردون؛ چونکی هەر ئۆرگانێکی کارا بگری، پێش ئەوەی عەقڵێكی دەرەکی،هەڵسەنگاندنی بۆ بکات، خودی خۆی هەم باشترو هەمیش بابەتییانەتر دەتوانێت و دەزانێت چییە و چەندی لە باراندایە و تواناکانی چەندە (ئەگەر لەگەڵ خۆی ڕاستگۆ بێت). بەپێچەوانەیشەوه، زۆربەی جاران ڕووداوە مێژوویییەکان لەسەر ئاستی تاکەکەس و کۆمەڵگە و شارستانییەت و سیستەمه سیاسییە جیاوازەکاندا ئەوەمان دەخەنە بەر دید کە پێداهەڵگوتنەکان فاکتەری بنکۆڵکردن و دواتریش داڕمان و داتەپێن بوون؛ نەک هەر ئەوەندە بەڵکوو بڕێکجار شارستانییەتێکیان هێندە وەپاشخستووە کە ماوەیەکی زۆر بۆتە پەراوێزی کۆمەڵگە مرۆیییەکان، لە کاتێکدا پێشتر لەسەرجەم سێکتەرەکاندا سیمبولی چالاکییە مرۆیییەکان بووە.
سادەتر تەعبیر لە بیروڕامان بکەین دەبێت بڵێین،کۆمەڵگە شتێک نییە جگە لە کۆمەڵبوونی تاکەکان کە سەرەتا بە پاڵنەری بەرژەوەندیی مانەوە و دواتر خاک و مێژوو و زمان و ماکەکانی دیکەی نەتەوە، پێکیانەوە گرێ دەدات و بەردەوامییان پێدەبەخشێت.
ڕەگەزی سەرەکیی مانەوە لە کۆمەڵگەدا لە پاڵ کۆمەڵایەتیبوونی مرۆڤ وەک کائینێک، بەرژەوەندییەکانییەتیلەگەڵ ئەوانی دیکەدا؛ جا لە خێزانەوە بگرە تا ئەو ئۆرگانەی کار و چالاکییەکانی خۆی تێدا مومارەسە دەکات، بە ئومێدی وەدەستهێنانی سەروەت و دەسەڵات و خزمەتگوزاری بۆ تاکەکانی دیکەی کۆمەڵگە.
لێرەوەیە کە ئاڕاستەی مرۆڤ و تاکەکانی کۆمەڵگە و دواتریش ئۆرگانەکانی کۆمەڵگە وەدیار دەکەون کە بەرەو پێشکەوتن و هەڵکشان یاخود بەپێچەوانەوە بەرەو داکشان و هەڵدێرن، چونکە مرۆڤ بە سروشتی خۆی لەو کاتانەی کە لەژێر مەترسی و هەڕەشەی لەناوچوونە، هیچی لەبیر نییە تەنیا هەوڵدان بۆ مانەوەی خۆی نەبێت؛ بەڵام کاتێک مانەوەی خۆی گەرەنتی کرد، دەستی بە مالەزات و خۆشییەکانی دیکەی ژیان و خۆشگوزەرانییەکانی گەیشت، دروست لەو قۆناغەدایە کە دەبێت بە پێداهەڵاگوتنەکان ئەوەی بیر نەچێتەوە کە هەر خۆی تێڕامانێکی بابەتییانەی خۆی بکات. باشترین موخاتەبەیش لەگەڵ خود ئەوەیە کە، بڵێین نازانین یان باشتر وایە بڵێین کە بە ئەندازەی بهرامبەرهکەمان نازانین و پێویستە هەوڵ بدەین زیاتر بزانین. جا بۆ ئەو زانینە، فاکتەرە کاراکان دەستنیشان دەکرێن و وەکوو خاڵی بەهێز بۆ وەدی هێنانی ئامانجەکان بەکار دەهێنرێت.
دەمەوێت بڵێم کە ئەم نموونە هەروەک چۆن لەسەر ئاستی تاکەکەس دروستە، بەهەمان شێوەیش لەسەر حزب و حکوومەت و دامودەزگه و تەنانەت سەرجەم کۆمەڵگە و نەتەوەیش پراکتیزە دەبێت و ڕاستە.
بۆ دەبێت بڵێین نازانین؟
زانست و زانیاری لە سەردەمی ئێستادا کە لێوڕێژە لە داهێنانە مەعریفی و زانستییە خێراکان، هێندە بەپەلە وچالاکانە ڕوودەدەن کە دونیای جیهانگەرایيش (عالم العولمة) ناتوانێت پلەی یەکەم و دوەمی هیچ نەتەوە و وڵات و کۆمەڵگەیەک دیاری بکات. بۆ نموونە، ئەمڕۆ کۆمپانیایەکی بەرهەمهێنانی ئامێرە ئەلکترۆنییەکانی وەک مۆبایلی زیرەک یان ئۆتۆمبێل یان هەر ئامێریکی دیکەی سەردەم پلەی یەکەم وەدەست دێنیت، سبەی کۆمپانیایەکی دیکەی میللەتێکی دیکە لەو بوارە یان لە بوارێکی دیکەدا وەپێشی دەکەوێت. ئەوە سەبارەت بە سیاسەت، ئابووری، هونەر، وەرزش و زۆربەی هەرەزۆری سێکتەرەکانی دیکەیش ڕاستە؛ جا لەسەر بنەمای ئەم پێودانگەیە کە خۆ بە نەزان دانان دروست بە مانای هەوڵدان بۆ زانین و زانیاری و خۆگورجکردن بۆ گەیشتن بە ئاستێکی بەرزتری پێشکەوتن و وەدوانەکەوتنی میللەتانی دیکە بەگشتی و بەتایبەتی میللەت و نەتەوەکانی دراوسێ دێت.
خاڵی هەرە جەوهەری لەم بابەتەدا ئەوەیە کە ئایا بۆ گەیشتن بەم زانست و پێشکەوتنە، کامەیە میكانیزم و فاکتەرە هەرە کاریگەرەکان لە کۆمەڵگەدا؟ ئایا لە دونیای ئەمڕۆکەدا ئەو نەتەوانە پێشکەوتوون کە دەوڵەمەندن بە سەرچاوە سروشتییەکان، یان ئهوانەی کە لەڕووی سەرچاوە مرۆیییەکانەوە دەوڵەمەندن؟
بۆ مەلمووسکردنی ئەم بابهتە، بۆ مێژووی دووری جیهانی ناگەڕێینەوە و تەنیا مێژووی دوای کۆتاییهاتنی جەنگی جیهانیی دووهم باس دەکەین کە چۆن وڵاتانی دۆڕاوی جەنگەکە، بۆ نموونە ئەڵمانیا و ژاپۆن،بە کۆتاییهاتنی جهنگەکە هەرچی کارگە و نێوەندەکانی بەرهەمهێنانی ماددە خامە سروشتییەکانیان کاوڵبوون و نەمان؛ نەک هەر ئەوەندە، بەڵکوو باڵەخانەکانی نێشتەجێبوونی دانیشتووانەکانیشیان تەختی زەوی کران، ئەوە جگە لە سفربوونەوەی ژێرخانی ئابوورییان وبڵاوبوونەوەی نەخۆشیو پەتای جۆراوجۆر.پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە: ئەدی چۆن ئەم دوو نەتەوە وڵاتە گەیشتنە ئەم ئاستە لە پێشکەوتنوفراژوو (كامڵبوون) لە سەرجەم سێکتەرەکاندا و پشتییان بە چی بەست بۆ هەستانەوە؟ سادەترین وەڵام بۆ ئەم پرسیارە ئەوەیە کە هەردووکیان پشتیان بە دوو فاکتەر بەست: یەکێکیان توانای سەرچاوە مرۆیییەکانیان و، دوهمیان گۆڕینی ستراتیژییەتی وڵات لە هەوڵدان بۆ دەستڕۆشتووییی سەربازی لە جیهاندا بۆ هەوڵدان بۆ دەستڕۆشتووییی تەکنەلۆژی و پیشەسازی. لەم پێناوەیشدا سەرەکیترین دەستپێکیان بریتی بوو لە تێڕوانینێکی ڕەخنەگرانە لە خود بە دواکەوتن ونەزانین و، هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ئاستی وڵاتانی پێشکەوتووی ئەو سەردەمە (وەکوو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا).
ئەوە مرۆڤ و تواناکانییەتی کە ئابووری و فەرهەنگ و پێشکەوتن و داهێنانە زانستییەکان دروست دەکات، بەڵام ئەمە ئەوکاتەی کە مرۆڤ بابەتییانە خۆی بناسێت و بە پێداهەڵاگوتنە ساختەکان فریو نەخوات و هەوڵی جددی بدات بۆ زانین و پێشکەوتن و هێنانەدیی خۆشگوزارانی کە خۆی ڕۆڵی تێدا هەبێت و لە ڕێگەی تواناکانی خۆیەوە وەدی هاتبن. سادەتر بڵێین، ناکرێت وڵات بۆ پێشکەوتن و بەرزیی ئاستی بژێوی تاکەکانی و خۆشگوزەرانییان، تەنیا پشت بە سەرچاوە سروشتییەکانی ببەستێت و سەرچاوە مرۆیییەکانی پشتگوێ بخا،چونکە ئەوە مرۆڤە، سەرچاوە سروشتییەکان دەکاتە فاکتەری پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی نەک بەپێچەوانەوە.