دواکەوتن و پێشکەوتنی هەر گەل و نەتەوەیەک لە بۆشایییەوە نایەت، بەڵکوو لە واقعی ژیان و چالاکیی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگەوە سەرچاوە دەگرێت و، هەر لەوێیشەوە ئەو ئاڕاستەیە دیاری دەکرێت کە کۆمەڵگەی پێدا دەڕوات و تاکەکان لە ڕێگەی دامەزراوەکانەوە لە وێناکردنی ئاییندەیدا ڕۆڵ دەگێڕن.
ئەگەر چاوێک بە مێژوووی سەرهەڵدان و گۆڕانکارییەکانی فۆڕمی ژیان و چالاکییە کۆمەڵایەتییەکانی نەتەوەکاندا بخشێنین، ئەو بەرچاوڕوونییەمان بۆ دروست دەبێت کە بتوانین گرنگترین فاکتەرەکانی پشت گۆڕانکارییەکانیان ببینین و، بزانین بۆ لەم بارودۆخهدان کە ئێستا هەیانە، جا لە هەر ئاستێکدا بن. چونکە هەر لەو زەمەن و سەردەمەوەی کە زانستەکان یەک بە دوای یەک لە فەلسەفە جیابوونەوە و بنەمای زانستیی خۆیان دوای سەلماندنیان چەسپاند و وەکوو زانستێکی سەربەخۆ خۆیان ناساند، ئیدی لەو ڕۆژەوە تا بە ئەمڕۆ شتێک نەماوە پێی بگوترێت موعجیزە و بە فەنتازیا و خەیاڵ ناتوانرێت خۆشگوزەرانی و پێشکەوتن وەدی بێت، بەڵکوو بەپێچەوانەوە بۆ هەر ڕووداو واقیعێک هۆکارگەلێکی فعلی، بوونی هەیە و ئەو واقعە دەخوڵقێنن کە نەتەوە و کۆمەڵگەکانی تێدان. باشترین و سادەترین نموونەیش کە لە ئێستادا بوونی هەیە، لەوانەیە ئاست و جۆری ژیانی ئەو شارە بێت کە هەردوو نووسەر و توێژەر "دارۆن ئاسمۆگلۆ" و "جەیمس ڕۆبینسۆن" لە کتێبی "بۆچی نەتەوهكان شکست دەهێنن" باسی لێوەدەکەن بە ناوی شاری "نۆگاڵس". ئەم شارە بەهۆی شوورایەکەوە کراوەتە دوو بەش و، لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و مەکسیکدا دابەش بووە. واتە هەر یەک شارە و تەنیا بە شوورایەکی سادە کە لە نێوان شارەکەدا کێشراوە، بەشی باکووری سەر بە ئەمریکایە و بەشی باشووری سەر بە مەکسیکە. بەڵام ئەوەی جێگەی هەڵوەستەلەسەرکردنی جددییە، ئەوەیە کە بزانین ئاستو شێوازی ژیان لەم دوو بەشەی ئەم شارەدا چۆن دەگوزەرێت.
نووسەران دوای دیراسەکردنیان دەڵێن کە لە بەشی باکووری شارەکەدا (نۆگاڵس ئەریزۆنا) کە سەر بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە، داهاتی خێزانێکی مامناوەند لە ساڵێکدا ٣٠،٠٠٠ دۆلارە، بەڵام لە بەشی باشووری شارەکە (نۆگاڵس سۆنۆرا) کە سەر بە مەکسیکە، بۆ هەمان ئاستی خێزان، داهاتەکەیان نزیکەی سێیەکی داهاتی خێزانەکانی باکوورە، واتە تەنیا ١٠،٠٠٠ دۆلارە. سەبارەت بە ئاستی خوێندەواریش، زۆربەی گەنجەکانی باکووری شارەکە لە قوتابخانەن و زۆربەی پێگەیشتووانیشیان دەرچووی ئامادەیین، بەڵام لە باشووری شارەکەدا زۆربەی پێگەیشتووەکان دەرچووی ئامادەیی نین و زۆربەی گەنجانیشیان لە قوتابخانە ناخوێنن. سەبارەت بە سیستەمی تەندروستیش، دانیشتووانی بەشی باکوور بەشێوەیەکی ڕێژەیی تەندروستییان باشە و بەپێی ستانداردە جیهانییەکان تەمەنیان درێژە و لەسەرووی شەست و پێنج ساڵن، لە کاتێکدا دانیشتووانی بەشی باشوور هێندەی خەڵکی بەشی باکوور ناژین و، دایکان بەدەست ڕێژەی بەرزی مردنی منداڵەکانیانەوە دەناڵێنن. ئەم جیاوازییانە بەسەر سەرجەم کەرتە خزمەتگوزارییەکانی دیکەیشدا دەگشتێنرێن، جگە لە بوارەکانی خزمەتگوزاریش، دانیشتووانی بەشی باکوور دەرفەتی ڕەخنەو کاری سیاسییان زۆر بەڕوودا واڵاترە، لە کاتێکدا بەشی باشوور بە دەست سنوورداری لە بەشداریی چالاکییە سیاسییەکان و گەندەڵیی دامودەزگهکانەوە دەناڵێنن. کەواتە ئەو هۆکارانەی لە پشت ئەم دوو بارودۆخە جیاوازەوەن زۆرن، هەر لەو سوودە ئابوورییانەی کە دانیشتووانی بهشی باکوور لە دەزگه ئابوورییەکانی وڵات وەری دەگرن، هەروەها بوونی دەرفەتی کاری کراوە بۆ هەمووان (بێ قۆرخکاری) و، دەرفەتی چالاکیی سیاسی و ئیداری، لە بەرامبەریشدا جێبەجێکردنی یاساکان وەکوو خۆیان و پاراستنی ئاسایشی هاووڵاتییان لە لایەن دەسەڵاتدارە سیاسی و ئیدارییەکانەوە؛ ئەمە لە کاتێکدا کە لە باشی باشووری هەمان شاردا تەواو پێچەوانە بەرچاو دەکەوێت.
نموونەی ئەم شارە و ئاست و جۆری ژیانیان هێندە گرنگ نییە، بە بەراورد بە وردبوونەوە و باسکردنی هۆکارەکانی دروستبوونی ئەو دوو واقیعە لێک جیاوازە و، هەوڵدان بۆ سوودوەرگرتن لێی. ئاخر تاڕاددەیەکی زۆر لە کۆمەڵگەکاندا فاکتەری باشبوون یان خراپبوونی بارودۆخەکان بە لەبەرچاوگرتنی سروشتی هەر یەکەیان، بەڵام دیسان هەر وێک دەچن. بەمانایەکی دیکە ئەو زەمینەسازییانەی کە پێویستن بۆ وەدیهێنانی کەشوهەوایەکی لەباری خۆشگوزەرانی لەنێو نەتەوە جیاجیاکاندا، بە ڕەچاوکردنی جیاکارییە کەلتوورییەکانیشیان، بەڵام دیسان هاوبەشیی زۆر لەنێوانیان هەیە؛ بەتایبەتی لەو ڕێوشوێنانەی کە بۆ خوڵقاندنی ئاستێکی باڵای خۆشگوزەرانی، پێویستە. کەواتە دەتوانین بڵێین کە ئەوە ڕێکەوت نەبووە کە ژیانی نۆگاڵسی باکووری، هێندە باڵای کردووە کە دانیشتووانەکەی ئاسوودەن و کاری هاوبەش دەکەن بۆ مانەوە و بەردەوامی و باشترکردنی ژیانیان و کاراکردنی دامەزراوە یاسایییەکانیان. لە بهرامبەریشدا، ئەوە موعجیزە و غەزەبی ئاسمان نییە کە وای کردووە بەشی باشووری شارەکە لە لیڤڵێکی هێندە نزمدا بژین کە بە شارێکی هەژارنشین و پاشاگەردانی هەژمار بکرێت.
پایە بنچینەیییەکانی خۆشگوزەرانی
فاکتەری کەلتووری
فەرهەنگی باوی ژیانی تاکەکانی کۆمەڵگە، دروست بە مانای چۆنیەتیی پێکەوەبوونیان دێت. بە مانایەکی دیکە، ئەو بەشەی کەلتوور کە هێزی ئاڕاستەکەری ڕەفتاری تاکەکانە (کەلتووری مەعنەوی)، سەرەکیترین و کاریگەرترین پاڵنەرە بۆ ئەوەی ئەو تابلۆیە وێنا ببێت کە بەرەنجام کۆمەڵگە و ئاستی ژیان و چالاکیی دامەزراوەکان و ستراتیژییەتی نەتەوەی لێ دەکەوێتەوە. لەنێو ئەو هێزە کەلتوورییە کاریگەرەیشدا ئەو لایەنەی کە پێی دەگوترێت فەرهەنگی یەکترقبووڵکردن و پێکەوەبوون، لە هەر بەشێکی تری کەلتوورە مەعنەوییەکەی کۆمەڵگە گرنگترە، چونکە لە لایەک دەبێتە هۆی ئەوەی کە دامەزراوەکان ئەرک وکاری خۆیان ئەنجام بدەن و بەردەوام بن، لە لایەکی دیکەیشەوە هۆکارە بۆ بەردەوامی و کارایییان و داڕشتنی ستراتیژیی بەشە جیاجیاکانی کایەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی. خۆ ئەگەر لە قۆناغێک لە قۆناغەکاندا، ڕیتمی سروشتیی ژیان و چالاکییە کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسییەکانی نەتەوە تێک بچێت و دۆخێکی شڵەژاوی دروست ببێت و قەیرانەکان خۆیان زاڵ بکەن و بارودۆخەکە بەجۆرێک لە گرێژنە بچێت کە هەر لایەک بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆی پەتی کاروبارەکانی بەلای خۆیدا ڕاکێشا، ئەوە فەرهەنگی ئاشتەوایی و یەکترقبووڵکردنە کە ناهێڵێت کار و توانا مرۆیییەکانی نەتەوە لەسەر سکەی خۆیان لابدەن؛ تا ئەو ڕادەیەی کە قهیرانەکان گەورەتر ببن و بەردەوامییان هەبێت. لێرەوەیە کەنموونەی تاکەکان و دامەزراوەکانی نۆگاڵسی باکوور لە بەیەکەوەکارکردن و بەیەکەوەبوون، دەبێتە وێنەیەکی مەلمووس و بەرچاو بۆ ئاخافتنەکانمان و، بەپێچەوانەیشەوە غیابی ئەم چەمکە، چارەنووسی نەتەوەکان وەک باشووری شارەکە لێ دەکات.
فاکتەری یاسایی
دەقە یاسایییەکان شتێک نین جگە لە ئامرازی ڕێکخستنی ژیان و چالاکییە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگەکان، بە هەموو بەش و سێکتەرەکانیانەوە. واتە، هیچ دەقێکی یاسایی، نرخ و بەهایەکی نییە و هیچ پارە و خۆشگوزەرانییەک بەدی ناهێنێ، تەنیا ئەو کاتانە نەبێت کە پراکتیزە دەکرێن. ئەمە بەو مانایە دێت کە هەبوونی دەقە یاسایییەکان خێرێکیان بۆ نەتەوە و باشی و خۆشگوزەرانیی ئەندامەکانی نییە، ئەگەر بەشێوەیەکی کردەیی کاریان پێ نەکرێت و بەیەکسانی بەسەر هەموو تاک و دەزگهکانی کۆمەڵگەدا نەگشتێنرێن. بەڵام ئەو کاتەی بە ڕووە ڕاست و تەندروستە کە کاریان پێ دەکرێت، هەر ئەو دەقە بێگیان و موجەڕەدانە وا لە کۆمەڵگەکان دەکەن کە بگەنە چڵەپۆپەی خۆشگوزەرانی و، لە هەر قەیران و نەهامەتییەکی بەردەوام دووریان دەخەنەوە. نموونەی بەشی باکووری شاری نۆگاڵس باشترین بەڵگەیە، چونکە هەر ئەو کارکردن بە یاسایانەیە کە ئەم بەشەی شاری وا لێ کردووە بەپێی ستانداردە جیهانییەکان بە شارێکی خۆشگوزەران و باڵا لە ڕوی خزمەتگوزارییەکانەوە هەژمار بکرێت. جا کاتێک کە دەقە یاسایییەکان بەوجۆرە کاری پێ دەکرێت کە هەمووان بە یەک چاو سەیر بکرێن و بۆ هەمووان یەک ڕەنگ بێت، نەک بەپێی خواست و بەرژەوەندیی ئەو کەس و باند و حزب و کۆمپانیاکان، بکرێن بە حەوت ڕەنگینە و هەوڵ بدرێت کە بکرێن بە پارێزەری بەرژەوەندییەکانیان؛ واتە ئەوە تاکەکان و دامەزراوەکانی کۆمەڵگەن کە دەبێت لە قاڵبی یاساکاندا خۆیان و بەرژەوەندییەکانیان بپارێزن نەک بەپێچەوانەوە. لێرەوە یاساکان نەک تەنیا بە دروشم، بەڵکوو بە کردار سەروەر دەبن؛ پێچەوانەکەیشی نۆگاڵسی باشوور بەرهەم دەهێنێت.
فاکتەری گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی
سادەترین پێناسە بۆ ئەم چەمکە دەڵێت کە گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی، پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی ژیانە بە کۆمەڵگە،کە خۆیان لە بوارەکانی پەروەردە، تەندروستی، ئاو، کارەبا، ڕێگەوبان و ئەوانی تردا دەبینێتەوە. هەموو ئەمانەیش لە پێناو هێنانەکایەوەی خۆشگوزەرانییه بۆ ئەندامانی کۆمەڵگە، بهبێ جیاوازیی ناوچەکان (لادێ و شار)، لە بەرامبەریشدا سوودوەرگرتنە لە هێزو توانای مرۆییی کۆمەڵگە (هزری و جەستەیی). جا کاتێک دامەزراوەکان بەپێی دابەشبوونیان بەسەر کەرت و سێکتەرەکاندا بەشێوەیەکی جددی و بێ جیاوازی، بە پشتبەستن بە یاساکان و لەسەر بنەمای پێکەوەیی و یەکترقبووڵکردن و بە سوودوەرگرتن لە تواناکان کاردەکەن لە گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان، دەتوانن بگەنە دڵنیایییەکی زۆر، بۆ ئەوەی خۆیان لە ستاندەرە جیهانییەکان نزیک بکەنەوە و تەنانەت لەوانیشی تێبپەڕێنن. ئاخر دەشێ هەر هەستکردنی ئەندامانی نەتەوە بە کارکردنی دڵسۆزانەی دەسەڵاتی ئیداری بۆ باشکردنی ژیان و تێپەڕاندنی ئاریشە ئابووری و سیاسی و ئەمنییەکان، پاڵنەرێکی گرنگ بێت بۆ دەستگرتن و پراکتیزەکردنی پێکەوەیی و ئاشتەوایی.
نۆگاڵس و هەرێمی کوردستان
دروستبوون و سەرهەڵدانی هەر قەیران و ئاریشەیەک لەناو هەر کۆمەڵگە و نەتەوەیەک و تەنانەت هەر حزب و کۆمپانیا و دامەزراوەیەک شتێکی ئاسایییە و ڕوودەدا، بەڵام ئەوەی نائاسایییە ئەوەیە کە ئەو بارودۆخە نەخوازراوە بەردەوام بێت و، کاری هەمەلایەنە بۆ چارەسەرکردنی نەکرێت، بەتایبەت لە لایەن لایەنە پەیوەنددارەکانی وڵاتەوە. ئەوەی لە ئێستای هەرێمی کوردستاندا بەرچاوە ئەوەیە، لە بارودۆخێکی ئاوا قەیراناویدا، ناکرێت کەلتووری پێکەوەیی و ئاشتەوایی فهرامۆش بکرێت. چونکە قەیرانەکان خەریکە درێژتر و بەربڵاوتر دەبن تا ئەو ڕادەیەی کە هەندێک سێکتەر بنکۆڵ دەکەن و پەکی دەخەن. هەر بۆیەشە کە نابێت ئەم واقعە بە چاویلکەی جیاجیا سەیری بکرێت و پراکتیزەکردنی یاساکان و، ڕێگەچارەکان وەلاوە بنرێن و، هەر لایەک بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆی و بێ گوێدانە بەرژەوەندییە باڵا نیشتمانییەکان، پەتی ئەم واقعە بە لای خۆیدا ڕابکێشێت و، ئامادەییی نەبێت کە بۆ چارەسەرکردن و تێپەڕاندنی قەیرانەکان کاری پێکەوەیی بکرێت.
ئەگەر هەوڵدان بۆ سەروەربوونی یاساکان و کاری هەمەلایەن و گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان بە ئامانجی گەیشتن بە ستانداردە جیهانییەکان لە ساڵانی ڕابردودا ڕوئیا و ستراتیژی بووبێت، ئەوە لە بارودۆخێکی پڕئاریشەی وەکوو ئێستادا، دەبێت سیاسەتی فریاگوزاریی خێرای هەموو لایەنێک بێت، بۆ ئەوەی هەر هیچ نەبێت دۆخەکە نەگاتە ئەو ئاستەی کە دواتر باجدانی گەورەی لێبکەوێتەوە.
شاری نۆگاڵس خەیاڵ نییە و واقعە، دانیشووانەکەیشی کائینێکی جیاواز لە ئێمە نین و مرۆڤن؛ کەواتە ئەوە ئێمەین کە بریار دەدەین لە ئێستا و ئاییندەدا، ببین بە نۆگاڵس ئەریزۆنای باکوور، یان بەپێچەوانەوە نۆگاڵس سۆنۆرای باشوور.