داینامیزمی نوێی هەرێمی كوردستان؛ پەیڕەوكردنی مه‌‌كیاڤێللیزمی سیاسی  

 

پەرویز ڕەحیم قادر/ مامۆستای زانستە سیاسییەكان لە زانكۆی سەڵاحەدین

پێشەكی:

لە پاش نەخۆشكەوتنی مام جەلال و دەرچوونی لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراق و هەرێمی كوردستان، بۆشایییەك لەم بوار و كایەیەدا دروست بوو كە كه‌م كه‌س خەسڵەت و سیماكانی داهاتووی وێنا دەكرد. یەكێك لە لێكەوتە و سیماكانی ئەم بۆشایییە، دەركەوتنی ئەكتەری نوێی كاریگەر و لە ڕووی تەمەنەوە گەنج لە "یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان" بوو، كە هەرچەندە خاوەن پۆست و پێگەی باڵای حزبی و ڕابردووی مێژوویییان نییە، بەڵام ئەزموونی ڕابردوو و لانی كەم یەك ساڵی ڕابردوو نیشانی داوە، كە ئەو كارەكتەرانە بەتەواوی بەسەر جیلی سەردەمی مام جەلالدا زاڵ بوونە و ڕێسای هاوكێشە و یارییە سیاسییەكانیان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان و تەنانەت لە گۆڕەپانی عێراق گۆڕیوە. باشترین نموونەیش لە ڕووداوەكانی پێش ڕیفراندۆم و پاشان لە كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەر و لەم دوایییەیش لە هەڵبژاردنی بەڕێز "دكتۆر بەرهەم ساڵح"  وەكوو سەرۆككۆماری عێراق، بەرجەستە بوو.

ئەوەی كە لێرەدا جێگەی پرسیار و تێڕامانە ئەوەیە كە سیمای یارییە سیاسییەكان و، هەروەها داهاتووی ڕێساكانی گەمەكە لە هەرێمی كوردستان بەرەو كوێ دەچێت و بڕیاردەرانی سەرەكیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كێن. وه‌ڵام یاخود گریمانەی سەرەتاییی ئەم نووسینە ئەوەیە، كە لە پاش كۆچی دواییی مام جەلال واقعێكی نوێ لە هەرێمی كوردستان هاتۆتە ئاراوە و پێویستە ئەم دینامیكە خوێندنەوەی بۆ بكرێت، چونكە ڕێسای هاوكێشە و یارییە سیاسییەكان وەكوو پێشووتر نەماوە و بەڕێوە ناچێت. ئەم نووسینە خۆی لە هەرچەشنە بەهادانان یاخود هەڵسەنگاندنی ئەخلاقی لە نێوان باش و خراپ دەبوێرێت و لە چوارچێوەی لۆژیكی هێز و سوود-زیان لە لایەك و، بەڕێوەبردنی قەیران لە لایەكی ترەوە (نەك چارەسەركردنی) خوێندنەوە بۆ ئەم پرسە دەكات.

گۆڕانی هاوسەنگی و هاوكێشەی سیاسی

پاش جیابوونەوەی "نەوشیروان مستەفا" لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و دروستبوونی "بزوتنەوەی گۆڕان"، سەرەڕای هەوڵەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ بەهێزهێشتنەوەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و تەنانەت مامەڵەنەكردنی پارتی لەگەڵ گۆڕان، سەرەتای دەركەوتنی هاوسەنگیی نوێ بوو لە هەرێمی كوردستاندا. هەر بۆیە لە كۆتاییدا و لە كابینەی هەشتەمدا بزوتنەوەی گۆڕان وەكوو هێزی دووەمی كوردستان  بەشدار بوو. ڕووداوەكانی دواتر، بەتایبەتی لەسەر پرسی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و پاشان كشانەوە لە حكوومەت، ئەو ڕاستییەی سەلماند كە پارتی ناتوانێت بە هەمان ڕێسای پێشووتر لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە حوكمڕانیی كوردستان بەردەوام بێت. پاش ئەوەیش دابەشبوونی یەكێتیی نیشتمانی لەسەر پرسی ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی هەرێمی كوردستان، ئەوەی زیاتر زەق كردەوە كە یەكێتی هەمان یەكێتیی سەردەمی مام جەلال نییە. لووتكەی ئەم گۆڕانەیش لە ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 و ڕێككەوتنی چەند كەسێك (پافێل تاڵەبانی و لاهوور شێخ جەنگی) لە دەرەوەی بڕیار و ئاگاداریی مەكتەبی سیاسی و بڕیاردەرانی سەرەكی و نەریتیی ئەو حزبە لەگەڵ هێزە عێراقیییەكان و ڕادەستكردنەوەی كەركووك و ناوچەكانی دیكە، دەركەوت. لە پرسی هەڵبژاردنی "د. بەرهەم ساڵح" وەكوو سەرۆككۆمار، دیسانەوە ئەوە پارتی بە هۆی گۆڕانی هاوسەنگی لە ناوخۆی یەكێتی و دەركەوتنی ئەكتەری نوێ لەم حزبە، نەیتوانی لەگەڵیان ڕێك بكەوێت. ئەوە بوو كە هەم ناوماڵی كورد تێك چوو و هەم پارتی دیموكراتی كوردستان وەكوو بەهێزترین حزبی هەرێمی كوردستان و هەروەها  عێراق لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراقی ساڵی 2018، نەیتوانی پاڵێوراوەكەی بكاتە سەرۆككۆمار. كۆی ئەمانە ئاماژە و پەیام و هەواڵی دەركەوتنی هاوسەنگیی نوێ لە ئاستی هەرێمی كوردستان لە لایەك و لە ناوخۆی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە لایەكی دیكەوە، پێ دەدات.

ڕەگەزی هاوبەشی ئەم كارەكتەرانە

لە ڕاستیدا بەپێچەوانەی بۆچوونی باو و زاڵ لە هەرێمی كوردستان، ئێستاكە بەهێزترین كەسی ناو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان "پافێل تاڵەبانی"یە؛ هەروەها باسك یاخود ئامرازی جێبەجێكاری پلان و بەرنامەكانی پافێل، " لاهور شێخ جەنگی"یە، نەك بەپێچەوانەوە. هەردووكیان لە ڕۆژاوا پەروەردە بوونە و پەیوەندییەكی باشیان لەگەڵ بریتانیا هەیە؛ لە لایەكی دیكەیشەوە پەیوەندییەكانیان لە پاش نەمانی مام جەلال لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان لە خراپترین دۆخی خۆیدایە و، بێجگە لەمەیش لە ئاستی ناوچەیی/هەرێمیدا كۆماری ئیسلامی زۆر باشتر واقعی نوێی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی خوێندۆتەوە و مامەڵەیان لەگەڵ دەكات و تەنانەت پشتگیرییان دەكات. هێزە شیعی-عێراقییەكانیش بە شوێنكەتوویی و تەنانەت ئامۆژگاریی كۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەم ڕاستییەیان قبووڵ كردووە و مامەڵەیان لەگەڵدا دەكەن.

كەوابوو هەم لە ئاستی جەماوەریی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و هەم لە ئاستی سەركردایەتیی یەكێتی و هەمیش لە ئاستی عێراق و هەرێمی (ئێران) و لە كۆتاییدا لە ئاستی نێودەوڵەتی و پاڵپشتیی بریتانییەكان، دەردەكەوێت ئەم دوو كەسە بوونەتە بەردەنگی لایەنەكان. خاڵی جێگەی سەرنجیش ئەوەیە كە سیاسەت و پلان و بەرنامەكانیان بە ئاراستە و هاوتەریبی سیاسەت و بەرنامەی كۆماری ئیسلامی و بەرژەوەندییەكانی بریتانییەكانە. ئەمەیش دەرخەری دوو گریمانەیە كە یەكەم: هاوسەنگییەكی نوێ لەگەڵ پارتی دیموكرات دروست بكەن و، دووەم: وەكوو ئەكتەر و كارەكتەری نوێی سیاسی لە هەرێمی كوردستان و عێراق بخوێندرێنەوە و پێگەیان پێ بدرێت. بۆیە كۆی ئەمانە دەربڕی دەركەوتنی ڕێسا و یاسای نوێی گەمە و، هەروەها گواستنەوەیە بۆ سەردەمێكی دیكە لە حوكمڕانی و هاوپەیمانێتی لە ئاستی هەرێمی كوردستاندا؛ هەرچەندە بەردەوامی و سەركەوتنی ئەم كارەكتەرانە، پەیوەندیی بە هاوسەنگیی هێزە هەرێمییەكان و بەتایبەتی ململانێیەكانی ئەمریكا و ئێران لە عێراق و ناوچەكەدا و داهاتووی ئەو هاوسەنگییەوە هەیە. جیاوازیی لۆژیكی ئەو كارەكتەرانەیش لەگەڵ كارەكتەرە نەریتییە شۆڕشگێڕەكان لەوەدایە، كە ئەو پرس و بابەتەی كە لە لای ئەو بكەرانە بە "خیانەت" و "شكاندنی كۆدەنگی" و...، دادەندرێت، لەم دیسكۆرسە نوێیەدا لە چوارچێوەی فەزیڵەتی سیاسی و بەرژەوەندی و هاوسەنگیی هێز و بەم پێیەش ئەخلاقی سیاسیەتكردن دەخوێندرێتەوە. ئەمەیش بە شێوەیه‌كی گشتی، نەریتی سیاسەتكردنی فارس-شیعەكان و، هەروەها بریتانییەكان بووە و لە ڕووی تیۆرییەوە لە چوارچێوەی تیۆریی ڕیالیزمدا كە ڕیشەكانی بۆ هزر و ڕوانگە و نەریتی ناسراو بە "مه‌‌كیاڤێللیزم" دەگەڕێتەوە؛ چونكە سیاسه‌ت له‌ ڕوانگه‌ی مه‌‌كیاڤێللییه‌وه‌ به‌ واتای ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌یه‌ كه‌ هاوسه‌نگیی نێوان هێزه‌كان به‌دی ده‌هێنێت. هەروەها مه‌‌كیاڤێللی گەورەترین فەزیڵەتی سیاسی بە دەستپێڕاگەیشتن یاخود بەدەستهێنانی دەسەڵات دەزانێت و بەم پێیەیش كایە و بواری سیاسەت ئەخلاقی تایبەتی هەیە كە لەگەڵ ئەخلاقی باو و ناسراوی تاكەكان و كۆمەڵگەدا جیاوازیی هەیە. هەر بۆیە لەم ڕوانگەیەدا "ئامانج پاساوی ئامراز دەداتەوە"؛ لە ڕوانگەیەكی دیكەوە بۆ گەیشتن بەو فەزیڵەتە سیاسییە (دەسەڵات)، هەموو ئامرازێك ڕەوایە!

لێكەوتە و سیماكانی ڕێسای نوێی هاوكێشە سیاسییەكان

١- ئەولەوییەتی بەرژەوەندی و هێز و بەگشتی پەیڕەوكردنی نەریتی مه‌كیاڤێللیزمی نوێی سیاسی لە هەرێمی كوردستان و زاڵبوونی بەسەر بەها و مۆڕاڵی سیاسی و كۆمەڵایەتی و، بەم پێیەیش لەرزۆكبوونی بنەماكانی سیاسەتی نەریتی-شۆڕشگێڕانە و هاوپەیمانێتییەكان.

٢- هاتنەئارای كارەكتەری نوێی سیاسی كە پشتیوانیی دەرەكی و هەرێمی و ناوخۆییی عێراقی هەیە. لە ڕاونگەیەكی دیكەوه‌، ململانێیە هەرێمی و سەرووهەرێمییەكانی نێوان ڕووسیا و بریتانیا و، هەروەها ئێران و ئەمریكا، چەند فاكتەر و ئەكتەرێكی نوێی هێناوەتە ناو گۆڕەپانی سیاسیی هەرێمی كوردستان.

٣- سەرهەڵدانی جیلی نوێی سەركردەی سیاسی لە حزبێكی شۆڕشگێڕ كە خاوەن بەكگراوندی شۆڕشگێڕی نییە و بە هەمان پێوەر و بەها و نۆرمی نەریتیی گۆڕەپانی سیاسیی كوردستان ناڕوانێتە سیاسەت لە هەرێمی كوردستان؛ بەم واتایە كە زیاتر ئاراستەی سیاسسی هەرێمی كوردستان بەرەو "پۆپۆلیزم" دەڕوات.

٤- دروستبوونی بەها و نۆرمی نوێی سیاسی كە ڕێساكانی یاریی سیاسی لە هەرێمی كوردستان دیاری و دەستنیشان دەكات. بەم واتایە كە ئەم نۆرم و بەها سیاسییانە هەمان بەهای ئەخلاقی-شۆڕشگێڕانە (سەرەڕای كەموكوڕییەكانی لە قۆناغی بەدامەزراوەییبوون و حوكمڕانیدا) نین، بەڵكوو زیاتر لەسەر بنەمای هاوسەنگیی هێز و بەرژەوەندییە.

كۆبەند:

تا ئەو كاتەی لە هەرێمی كوردستان حوكمڕانیی دامەزراوەیی جێگیر نەبووە و حزبە سیاسییەكان خاوەن 1- هێزی چەكداری و 2- هەواڵگری 3- ئابووری 4- پەیوەندیی دەرەكیی سەربەخۆ بن، ئەوە پێویستە مامەڵەیەكی ڕیالیستی لەگەڵ هاوكێشە نوێیەكان بكرێت. بۆیە هەر گۆڕانكارییەك لە ناوخۆی حزبە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان، شوێندانەری لەسەر هاوسەنگیی هێزی گۆرەپانی سیاسیی هەرێمی كوردستان دادەنێت. یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش یەكێكە لەو هێزانەی كە گۆڕانكارییە ناوخۆیییەكانی، كاریگەری لەسەر كۆی پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان دادەنێت. بۆیە پێویستە بە لۆژیكی براوە و دۆڕاو لەم هەڵبژاردنانە مامەڵەی لەگەڵ نەكرێت و، كارەكتەر نوێیە سیاسییەكانی وەكوو "پافێل و لاهوور" بەفەرمی بناسرێن. ئەم خاڵە دەتوانێت ئاسەواری نەرێنیی ڕابردوو (16ی ئۆكتۆبەر و هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار بە شێوەی دوور لە كۆدەنگی و ڕێككەوتنی سیاسی لە پەرلەمانی عێراق) كەمتر بكاتەوە. هەروەها پێویستە هەرێمی كوردستانیش لە ئاستی پەیوەندییە هەرێمی و سەرووهەرێمییەكانیش گۆڕانكاری دروست بكات (بۆ نموونە لۆبیگەری و پەیوەندی لەگەڵ بریتانیا) و، لە ڕوانگەیەكی نوێوە بڕوانێتە هاوكێشە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان. هەروەها پێویستە هەرێمی كوردستان دوو خاڵ لەبەرچاو بگرێت:

١- نەبێتە ڕێگر لە به‌رده‌م زاڵبوونی ئێران لە بەغدا؛ ئەم خاڵە بۆ بەرزبوونەوەی پێگەی هەرێمی كوردستان لە هاوكێشەكاندا گرنگیی تایبەتی هەیە.

٢- هەموو هەوڵ و توانایەكی بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ توركیا بخاتە گەڕ.

Latest from پەرویز ڕەحیم

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples