هاوکێشە جیۆپۆلیتیکییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ساڵی ٢٠٢٣: گۆڕانکاری و جەمسەربەندییەکان

د. پەرویز ڕەحیم قادر، دکتۆرا لە ئاسایشی نەتەوەیی و مامۆستای زانکۆ

لەم دوایییەدا گۆڕانکارییە جیۆسیاسییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەخێرایی بەرەو گۆڕان دەچن، کە ساڵێک لەمەوبەر پێشبینی بۆ شرۆڤەکاران و تەنانەت سیاسییەکانیش ئەستەم بوو. لە ڕوانگەیەکی ترەوە، ئەم گۆڕانکارییانە لەناوچەکەدا بە ڕاددەیەک خێرا و چاوەڕواننەکراو بوون، کە جگە لە پێشبینینەکراوبوونی ئاڵوگۆڕەکان ئەو ڕاستییە دەردەخات، کە هیج پلان و بەرنامەیەک لە ئارادا نەبووە، بەڵکوو ئەم گۆڕانکارییە جیۆسیاسییانە هەڵقوڵاو یان لێکەوتەی ئاڵوگۆڕە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکان بووە لە پاڵ گۆڕانکاری و وەرچەرخانەکان لە ئاستی ناوخۆییی دەوڵەتانی ناوچەکە.

لەم چوارچێوەیەدا کۆماری ئیسلامیی ئێران هەم بەشێک بووە لە دروستکردن و خوڵقاندنی ئەم گۆڕانکارییانە و، هەمیش ئاڵوگۆڕەکان ناچاری کردووە بەخۆگونجاندن. لەم نووسینەدا هەوڵ دەدەین تیشک بخەینە سەر ئەم ئاڵوگۆڕانە و هۆکارەکانی ڕوودانی بۆ ئەوەی کە وێنایەکی مانادار و  ڕوونترمان لە ئەگەر و سیناریۆکانی داهاتووی هاوسەنگیی هێزی نێوان ئەکتەرەکان و بەم پێیەش هاوکێشە جیۆسیاسییەکانی داهاتوو هەبێت، چونکە بۆ هەرێمی کوردستان کە ئەکتەرێکی نا-دەوڵەتییە، ئەم هاوکێشە و ئاڵۆگۆڕە جیۆسیاسییانە و هاوسەنگیی نوێ لە ناوچەکەدا دەتوانێت هەڕەشە و مەترسییەکی ئاسایشی بێت و، لە هەمان کاتیشدا هەڵگری دەرفەتەک بێت بۆ ڕۆڵ بینین لە نێوان ئەکتەرەکاندا.

 

ئاڵوگۆڕ و گۆڕانکارییەکان

دەتوانین هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراینا بە گەورەترین ڕووداو و گۆڕانکاری هەژمار بکەین لە ئاستی نێودەوڵەتیدا[1]، کە لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا زۆربەی هاوکێشە نێودەوڵەتییەکانی گۆڕیوە و کاریگەری لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست داناوە. بەشێک لەم گۆڕانکارییانەیش پەیوەندی بە تۆخبوونەوەی ناکۆکی و ململانێ و هاوکێشە نێودەوڵەتییەکانەوە هەیە و، بەشەکەی دیکەیش پەیوەندی بە هەڵەلێکدانەوەی ئەکتەرە هەرێمایەتییەکانەوە هەیە، بەم واتایە کە لە لایەک ڕووسیا هەڵسەنگاندن و پێشبینییەکانی دروست دەرنەچوو[2]، لە لایەکی تریشەوە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی پێشبینیان نەدەکرد، کە ئەکتەرە هەرێمایەتییەکان[3] وەکوو سعوودیا و وڵاتانی عەرەبی هەڵوێستێکی پێچەوانەی هەڵوێستی ئەمریکایان هەبێت[4] سەبارەت بەم جەنگە، بەڵام ڕاستییەکەی ئەکتەرە سەرەکییەکانی ناوچەکە وەکوو سعوودیا و هەمیش ئیسرائیل و تەنانەت تورکیا و ئێران بەجۆرێک هەڵوێستیان هەبووە، کە لەلای ئەوروپی و ئەمریکییەکان چاوەڕواننەکراو بوو.

  • ئیسرائیل

ئاڵوگۆڕە جیۆسیاسییەکان وای کرددوە کە ئیسرائیل نەچووە بەرەی ڕۆژاواوە[5] وەکوو ئەوەی کە لەلایەن ئەمریکاوە چاوەڕوان دەکرا، بەڵکوو هەڵوێست و سیاسەتێکی مامناوەندی لەگەڵ هەردوو بەرەی شەڕەکە پاراست. ئەمەش دەریخست کە وڵاتان لە کاتی جەنگ و ململانێ نێودەوڵەتییەکاندا بەپێی ئاسایش و بەرژەوەندییەکانی خۆیان ڕەفتار دەکەن و هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەکە و هاوسەنگیی هێز و بەم پێیەش پێداچوونەوە بە سیاسەتەکانیان دەکەن[6] نەک لۆژیکی هاوپەیمانیەکان لە سەردەمی ئاشتی و ئاساییدا. لێرەدا لۆژیکی هەڵوێست و هەڵسەنگاندنی ئیسرائیل لەسەر ئەم بنەمایە بووە[7]، کە جگە لەوەی پووتین پەیوەندییەکی توندوتۆڵی لەگەڵ ئیسرائیل و سەرکردەکانیدا هەیە، لە هەمان کاتیشدا لە ڕووی ناسنامەیییەوە ڕێژەیەکی بەرچاو لە جووەکان لە ڕووسیادا دەژین و بەشێکی بەرچاویش لە جووەکانی ئیسرائیل لە ڕووسیاوە هاتوون و، تەنانەت بەشێک لە ئۆکرانییەکانیش جوون. لە هەمان کاتیشدا پرسە ئاسایشییەکانی ئیسرائیل و ئەولەوییەتەکانی لە ناوچەکەدا وا دەکات کە ڕۆڵ و نفووزی ئێران لە سوریا و لوبنان و، یارمەتیدانی گروپە میلیشیاییەکانی فەلەستین وادەخوازێت کە ئیسرائیل پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ ڕووسیادا هەبێت بەتایبەتی لە سوریا[8] کە گەورەترین هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر هێزەکانی ئێران[9] و لایەنگرانی بە ئاگاداری و هەماهەنگیی ڕووسیا ئەنجام دەدرێت[10].

بەم پێیەش هەر بارگرژی و دوورکەوتنەوەیەک لە پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و ڕووسیا بە هۆی هەڵوێستی ئیسرائیل لە هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراینا هاوشێوەی ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپی دەتوانێت ئاسایشی ئیسرائیل بخاتە مەترسییەوە[11] و ئەمەش بە قازانجی ئێران و گروپە میلیشیایییەکانی لایەنگری دوژمنی ئیسرائیل بشکێتەوە. جگە لەمانەش ڕووسیا وەکوو وڵاتێک کە هەم نفووزی لەسەر ئێران زۆرە و هەمیش یەکێکە کە ئەندامی وڵاتانی ناسراو بە (٥+١) لە رێککەوتنی ئەتۆمیدا دەتوانێت بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل بپارێزێت و پێچەوانەکەیشی هەر ڕاستە. لەم نێوەندەشدا ئیسرائیلییەکان بە دوو گۆڕانکاریی سیاسی تووشی نیگەرانی و شۆک بوون[12]؛ یەکەمینیان پێدانی درۆن و مووشەک لەلایەن ئێران بە ڕووسیاوە[13] و لەلایەکی تریشەوە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئێران و سعودیا.

لەم نێوەندەدا ئەوەی کە ئیسرائیلی لاواز کردووە ناکۆکی و ململانێیە ناوخۆییەکانی ئیسرائیل[14] بووە بە هۆی هاتنە سەرکاری کابینەیەکی توندڕەوی ڕاستڕەو[15] و خۆپیشاندان و گەورەترین ناڕەزایەتیی بەرفراوانی جەماوەری[16] لە دژی ئەم کابینیەیە و سیاسەتەکانی. بەڵام لە هەموو حاڵەتەکاندا ئیسرائیلییەکان لەسەر ئەوە کۆکن، کە نابێت ڕێگە بدرێت ئێران ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی و لەم چوارچێوەیەشدا هەموو ئەگەرەکان[17] بە هێرشی سەربازیشەوە، بۆ ئیسرائیلییەکان کراوەیە. لەم نێوەندەشدا ئیسرائیل "ستراتیژیی مردن بە هەزار برین" (death by a thousand cuts) لە هەمبەر ئێران پەیرەو دەکات کە کۆمەڵێک هێرشی نهێنی و جۆراوجۆری ڕانەگەێنراو دەگرێتە خۆ و لە هەمان کاتیشدا لە سووریا دۆکترینی شەڕی نێوان جەنگەکان[18] (The War Between Wars)ی گرتۆتە بەر لە دژی ئێران و میلیشاکانی لایەنگری بە مەبەستی لاوازکردنی کۆماری ئیسلامی و شکستپێهێنان بە ستراتیژی بەرەی خۆڕاگری[19] (AXIS OF RESISTANCE).

 لە نوێترین گۆڕانکاری و زانیاریدا، ماڵپەڕی ئەکسیۆس لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیلەوە دەڵێت، ئیسرائیل بە ئیدارەی جۆ بایدن و چەند وڵاتێکی ئەوروپی ڕاگەیاندووە، کە ئێران بە پیتاندنی یۆرانیۆم لە سەرووی ٦٠% چووەتە ناو قۆناغێکی مەترسیدارەوە، ئەمەش دەتوانێت ئەگەری هێرشی سەربازیی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بەرز بکاتەوە. لە چەند مانگی ڕابردوودا ئیسرائیل بە مەبەستی پێشگرتن لە پێشکەوتنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڕەشەی شاراوە و ئاشکرای سەربازی لە دژی تاران زیاتر کردووە. بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە کۆتایی مانگی شوبات، تاران 87.5 کیلۆ یۆرانیۆمی بە پیتاندنی 60% بەرهەم هێناوە. شارەزایان دەڵێن، ئەگەر ئەم یۆرانیۆمە تا ٩٠٪ پیتێنرێت، ئەوا بەس دەبێت بۆ بەرهەمهێنانی لانیکەم یەک بۆمبی ئەتۆمی، هەروەها ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لەم دوایییانەدا لە پشکنینەکانیدا بۆ دامەزراوەی ئەتۆمیی ژێرزەمینیی فۆردۆ، بڕێکی کەمی یۆرانیۆمی بە ڕێژەی پیتێندراوی 84% دۆزیەوە. بەرپرسە باڵا ئیسرائیلییەکە هەروەها ڕای گەیاندووە، سەرەڕای دۆزینەوەی بڕێکی کەم لە یۆرانیۆمی 84%، تەلئەبیب ئەم بڕە یۆرانیۆمە پیتێنراوە بە گرنگ نازانێت، چونکە تاران هێشتا ڕێژەیەکی زۆری لەم یۆرانیۆمە 84%یەی نییە. بەڵام هیچ دوور نییە کە ئیسڕائیل لاوازیی ئێران لە ناوخۆ و لەلایەکی تریشەوە ناتانیاهۆ بۆ دوورخستنەوەی ناڕەزایەتی و سەرنجی خەڵکی ئیسڕائیل لەسەر کێشە ناوخۆییەکانی ئیسرائیل بە دەرفەت بزانێت و هێرشێکی سەربازی بکاتە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران. لەلایەکی تریشەوە ئێران ئەمە دەزانێت و بۆیە هەوڵی سڕینەوەی بارگرژییەکان لەگەڵ ڕۆژاوا دەدات، کە ئەمریکا گڵۆپی سەوز بۆ ئەم هێرشە پێ نەکات. جگە لەمانە، سعوودیاش ئەم ڕاستییە دەزانێت و هەر بۆیە بۆ دوورکەوتنەوە لە تۆڵەی ئێران لە ئەگەری هەر هێرشێک پەیوەندییەکانی خۆی بە ناوبژیوانی چین لەگەڵ ئێران ئاسایی کردەوە تا نەبێتە بەشێک لەم پێکدادان و کێشەیە.

لەلایەکی تریشەوە، بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت لەگەڵ باراک ڕەڤید پەیامنێری ئەکسیۆس قسەی کردووە: شەڕی ناوخۆی یەمەن لە ساڵانی ڕابردوودا بۆتە هۆی "پەکخستنی" پەیوەندییەکانی ئەمریکا و سعوودیا، هەروەها زیانی بە هەوڵەکانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و سعوودیا گەیاندووە. بە وتەی ناوبراو، ئەگەر ڕێککەوتنی تاران و ڕیاز بتوانێت ببێتە هۆی کۆتاییهاتنی شەڕی یەمەن، "ئەم تێکچوونە نامێنێت و پەیوەندییەکانی نێوان سعوودیا و ئەمریکا باشتر دەبێت". "هەرچەندە پەیوەندیی نێوان ئەمریکا و سعوودیا باشتر بێت، هاندانی ئاساییبوونەوەی نێوان سعوودیا و ئیسرائیل ئاسانتر دەبێت." بەرپرسی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل بە ماڵپەری ئەکسیۆسی ڕاگەیاند کە سەنتەری لێکۆڵینەوەی سیاسیی وەزارەتەکە هەفتەی ڕابردوو شیکردنەوەیەکی نهێنی لەسەر ڕێککەوتنی تاران - ڕیاز بڵاو کردەوە. بە وتەی ئەو بەرپرسە، بەڵگەنامەکە دەری دەخات کە ڕێککەوتننامەی ئێران و سعوودیا نابێتە ڕێگر لەبەردەم ئاساییکردنەوەی پەیوەندیی نێوان ئیسڕائیل و وڵاتانی عەرەبیی کەنداو. هەروەها لە بەشێک لەو شیکردنەوەیەی کە بۆ ئەکسیۆس نێردراوە، هاتووە: "ئەزموونی دوو ساڵی ڕابردوو ئەوە دەردەخات کە دیالۆگی نێوان دەوڵەتانی کەنداو و ئێران مانای بڕینی پەیوەندییەکان نییە لەگەڵ ئیسرائیلدا". ئەمەش نیشان دەدات کە هاوکێشەکان چەندە فرەڕەهەندن و ئەکتەرەکان هەوڵ دەدەن ئەوپەڕی سوود لە گۆڕانکارییەکان وەربگرن لە ناوچەکەدا.

 

  • سعوودیا

ڕۆڵی چین[20] لە ناوبژیوانیکردنی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی سعوودیا و ئێران یەکێک لە گەورەترین هەنگاوە سیاسییەکانی محەمەد بن سەلمان بوو[21]، کە لانی کەم لە کورتمەودادا کاریگەری لەسەر کۆی هاوکێشە جیۆسیاسییەکانی ناوچەکە دەبێت. هەرچەندە پاڵنەر و هۆکارەکانی ئەم بڕیار و سیاسەتەی ئێران و سعوودیا جیاوازە[22]، بەڵام هەم لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و هەمیش ڕۆڵ و نفووزی ئەکتەرەکان لە ناوچەکەدا گۆڕانکاریی بەرچاو دروست دەکات[23]. سعوودیا بەم جوولە سیاسییە هەم مەترسییەکانی ئێرانی بۆ ماوەیەکی کاتی ڕەواندەوە کە لە ڕێگەی حووسییەکان و میلیشیا شیعەکانی عێراق لە ساڵی ٢٠١٩ بوونە هەڕەشەیەکی جدی لەسەر ئاسایشی ئەو وڵاتە و، هەمیش لەم ڕێگەیەوە چینی هێنایە ناو هاوکێشە جیۆسیاسییەکانی ناوچەکە و، بە جۆرێک هاوسەنگی لە نێوان ئەمریکا و چین دروست کرد بۆ کۆنترۆڵکردنی ئێران[24]. لەلایەکی تریشەوە سعوودیا لە ساڵی ٢٠٢٢دا جگە لە ڕێککەوتنی ستراتیژی لەگەڵ چین لە ڕێگەی واژووکردنی ٣٤ ڕێککەوتنی درێژخایەنی ئابووری و سەربازی و تەکنەلۆژیایی و...هتد[25]، پێگەی خۆی لە ناوچەکە بەرز کردەوە و هەر ئەمەش وای کرد، کە ئێران چیتر نەتوانێت هەڕەشەیەک بێت بۆ سەر سعوودیا، چونکە ئەگەر ئێران بەردەوام بێت لە هەڕەشەکانی بۆ سەر سعوودیا، ئەوە لە بەرژەوەندییە ژیانییەکانی چین دەدات لە ناوچەکەدا، لەم حاڵەتەشدا ئێران خۆی دەکەوێتە مەترسییەوە.

پێشتریش سەرۆککۆماری ئەمریکا بەپێچەوانەوەی پێشبینییەکان و تەنانەت وتەکانی خودی جۆ بایدن سەبارەت بە سیاسەتەکانی سعوودیا و ڕەخنەکانی سەبارەت بە بن سەلمان، بە ناچاری سەردانی سعوودیای کرد[26]. لەلایەکی تریشەوە، سعوودیا بە دروستی لە جەنگی ڕووسیا-ئۆکراینا کەڵکی وەرگرت و پێگەی جیۆئێکۆنۆمیی خۆی بە هۆی پێویستیی رۆژاوایییەکان بە وزە و گەمارۆکانی سەر ڕووسیا بەرزتر کردەوە. تەنانەت بەپێی زانیارییەکان بایدن و ئیدارەی ئەمریکا داوای لە سعوودیا کرد[27] کە ڕەچاوی بارودۆخی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بکات بۆ دابەزینی نرخی نەوت و بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنانی لەگەڵ ئۆپێک پلەس (OPEC+) و بە پێیەش لە چوارچێوەی ستراتیژیی گوشاری ڕووسیا بۆ سەر ڕۆژاوا کار نەکات، کە بە سەرسوڕمانەوە، وڵامی سعودییەکان نەرێنی بوو[28].

لەم چوارچێوەیەدا، سعوودییەکان تاوەکوو ئێستا براوەی سەرەکیی ئاڵۆگوڕە جیۆسیاسییەکانی ناوچەکەن بەو پێیەی کە خۆیان کەڵکیان لە دەرفەتەکانی نێودەوڵەتی وەرگرتووە و، لە ئاستی ناوچەییدا بەکاریان هێناوە بۆ بەدواداچوونی بەرژەوەندییەکانیان و جێبەجێکردنی سیاسەتی بەرزەفڕانەی بن سەلمان لە چوارچێوەی ڕوانگەی ٢٠٣٠  بن سەلمان و سعوودییەکان. یەکێک لە گەورەترین ئەو دەرفەتانەش کە دووبارە سعوودیا کەڵکی لێ وەرگرت، پشێوی و ئاڵۆزییەکانی ناوخۆییی ئێران و بەبنبەست گەیشتنی ژیاندنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران و ئەمریکا بوو، بەم واتایە کە لەلایەک ئێران بە هۆی شۆڕشی ژیناوە هاتە سەر لێواری ڕووخان و، لەلایەکی تریشەوە سزا و ئابلوقە و گوشارەکانی ڕۆژاوا بە هۆی ئەم شۆڕشە و  هەڵەی ستراتیژیی ئێران لە هەناردەکردنی درۆن و مووشەک بۆ ڕووسیا[29] و کاردانەوەی ڕۆژاوایییەکان وای کرد، کە ئێران ناچار ببێت لە لاوازترین دۆخی خۆیدا ڕێککەوتن لەگەڵ سعوودیادا بکات.

لە دوایین گۆڕانکاریشدا، ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری ئاژانسی هەواڵی دەوڵەتی سعودیە (SPA) بڵاویکردەوە، کابینەی سعودیە ڕێککەوتنێکی پەسەندکردووە بۆ ئەوەی سعودیە وەک "هاوبەشێکی گفتوگۆ" پەیوەندی بە ڕێکخراوی هاریکاریی شەنگەهای (SCO) بکات. پێگەی "هاوبەشی دیالۆگ" یەکەم هەنگاو دەبێت بۆ پێدانی ئەندامێتی تەواو لە ڕێکخراوی شەنگەهای بە عەرەبستان. سەرچاوە عەرەبییەکان بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، پەیوەندیکردن بە ڕێکخراوی هاریکاری شەنگەهای لەکاتی سەردانەکەی شی جینپینگ سەرۆکی چین بۆ سعودیە لە کانونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢ تاوتوێ کراوە. بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، سعودیە و وڵاتانی دیکەی کەنداو نیگەرانی خۆیان لە کشانەوەی ئەمریکا لە ناوچەکە نیشانداوە کە بە "گەرەنتی سەرەکی ئاسایش" بۆ خۆیانی دەزانن و بەم پێیەش هەنگاویان ناوە بۆ هەمەچەشنکردنی هاوپەیمانەکانیان. هەرچەندە ئەمریکا دەڵێت وەک هاوپەیمانێکی چالاک لە ناوچەکەدا دەمێنێتەوە، بەڵام رووداو و ئاماژەکان بەپێچەوانەی ئەو بانگەشەیەی ئەمریکا دەسەلمێنن.

 

  • ئێران

بە دڵنیایییەوە ساڵی ٢٠٢٢ لە ئەستەمترین ساڵەکانی ژیانی ٤٤ ساڵەی کۆماری ئیسلامی تەنانەت مەترسیدارتر لە جەنگی ئێران و عێراق بووە. چونکە جەنگی ئێران و عێراق پێگەی ناوخۆییی ڕژێمە سیاسییە نوێیەی پتەو کرد، بەڵام شۆڕسی ژینا بەپێی دوایین بەڵگەنامەی دزەپێکراو، ئەم ڕژێمەی هێنایە لێواری ڕووخان و ئێستاش لێکەوتە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی شۆرشەکە بەردەوامە و بزوتنەوە ناڕەزایەتییەکەش هێشتا دانەمرکاوەتەوە[30] و ئەگەری تەقینەوەی گەورەتری جەماوەری لە ساڵی ٢٠٢٣ و تەنانەت ئالۆگۆری سیاسی و گۆڕینی ڕژێم سیناریۆیەکی چاوەڕوانکراوە. لە پاڵ ئەمەشدا، گوشار و ئابلوقە و سزاکانی ڕۆژاوا[31] چ لەبەر پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ[32] و هاوسۆزیی بێوێنەی جەماوەری لە ئاستی نێودەوڵەتی بۆ ئەم شۆرشە و، چ بە هۆکار و پاڵنەری یارمەتیدانی سەربازیی ڕووسیا لەلایەن ئێرانەوە و، هەناردەکردنی درۆن بۆ ڕووسیا، ئێرانی ڕووبەرووی ئالنگاریی توند و بێوێنە کردۆتەوە[33].

ئەم لەرزۆکبوونەی ناوخۆ و ئەو گوشارانە لە دەرەوە وای کردووە، کە کۆماری ئیسلامی بۆ بەهێزکردنی خۆی و ڕەواندنەوەی مەترسییە ناوخۆیییەکان هەوڵ بدات کە لە ئاستی دەرەکیدا بارگرژییەکان خاو بکاتەوە. بۆ ئەم مەبەستەش کۆماری ئیسلامی هەوڵی داوە لەلایەک لە چین نزیک ببێتەوە و ئەم نزیکبوونەوەیەش جگە لە پرسی شکاندنی گەمارۆکان و فرۆشتنی نەوت، جۆرێک لە دڵنیایی دەداتە ئێران لە ڕووی ئاسایشی و سیاسییەوە، هەرچەندە نزیکبوونەوەی زیاتری چین لە وڵاتانی عەرەبی و بە تایبەتی سعوودیا وای کرد کە کۆماری ئیسلامی هەست بە مەترسی و پەراوێزکەوتن بکات[34]، بۆیە ڕازی بوو بە نێوەندگیریی چین تا پەیوەندییەکانی لەگەڵ سعوودیادا ئاسایی بکاتەوە. هەرچەندە پێ دەچێت چین ئامانج و مەبەستی تایبەتی خۆی هەبێت لەناوچەکە، کە ڕێگە لە بارگرژی بگرێت بۆ ئەوەی ئاسایسی وزە و وەبەرهێنانەکانی ڕووبەڕووی مەترسی نەبێتەوە. لەم نێوەندەشدا ئێران ئەمە بە گەرەنتییەک دەبینێت لە بەرامبەر ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژاوایی لە کاتێکدا کۆمەڵێک کێشەی هەڵپەسێردراوی بەتایبەتی سەبارەت بە دۆسییەی ئەتۆمی لەگەڵ ئەو لایەنانە هەیە.

لەلایەکی تریشەوە کۆماری ئیسلامی هەوڵی داوە کە بە نهێنی بارگرژییەکانی لەگەڵ ئەمریکادا خاو بکاتەوە بۆ ئەوەی کە ئەمریکا هەم سزاکان سووکتر بکات و هەمیش ڕێگە لەوە بگرێت کە ئەمریکا لەگەڵ ئەوروپییەکان بە هۆی هەڵە ستراتیژییەکەی ئێران سەبارەت بە ناردنی مووشەک و درۆن بۆ ڕووسیا لە جەنگ دژی ئۆکراینا، هەروەها بەبنبەستگەیشتنی دانوستانەکانی ژیاندنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی و لەم چوارچێوەیەشدا بەرزکردنەوەی ئاست و ڕێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم و چالاکیی نهێنی و ڕێگەگرتن لە ئاژانسی وزەی ئەتۆمی بۆ چاودێریکردنی چالاکییە ئەتۆمییەکانی و سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران و...هتد، لەم کاتەدا سزا و ئابلوقەی قورس بەسەر ئەو وڵاتەدا بسەپێنن.

تەنانەت ئێران ترسی هەبوو کە لەم کاتە هەستیارەدا ئەوروپییەکان سوپای پاسداران بخەنە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی یەکێتیی ئەوروپاوە و ئەمەش دۆخەکە بۆ ئێران زیاتر لە جاران مەترسیدار بکات لە ناوچەکەدا. جگە لەمانەش، کۆماری ئیسلامی لە هاتنەسەرکاری کابینەیەکی ڕاسترەوی توندئاژۆ بە سەرۆکایەتیی بنیامین ناتانیاهۆ، دڵەڕاوکێی ئاسایشی هەیە، کە بە هۆی ئەم کێشە و هاوکێشە نوێیە ناوخۆیی و هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییانە، ئیسرائیل بە هاوکاریی ئەمریکا و گلۆپی سەوزی ئەوروپییەکان بە هۆی یارمەتیدانی رووسیا لە جەنگ لە ئەوروپا، هەم یارمەتیی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و خۆپیشاندەران بدەن بۆ ڕووخان یان لانی کەم لاوازکردنی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی و هەمیش پێکەوە پلان و بەرنامەی بەکارهێنانی هێزی سەربازیی سنووردار لە دژی بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی ئێران دابڕێژن و پلانەکە کردەیی بکەن.

هەموو ئەمانە وایان کرد، کە کۆماری ئیسلامی جگە لەوەی هەوڵ بدات کە کێشەکانی هەناردەی دەرەوە بکات و چەندین جار هێرشی سەر هەرێمی کوردستان بکات ئەویش بە پاساوی لێدان لە بنکە و بارەگاکانی پارتە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵام ڕاستییەکەی بە مەبەستی سڕینەوەی ئەو مەترسییە بوو کە ئێران خوێندنەوەی بۆ کردبوو کە لە رێگەی هێزەکانی کوردەوە، سیناریۆی ڕووخانی ڕژێمی سەدام لە ئێران دووبارە دەبێتەوە. هەر بۆیە جگە لە هەڕەشەی هێرشی سەربازی بۆ خاکی هەرێمی کوردستان و گوشار بۆ سەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ عێراق ڕێککەوتننامەیەکی ئەمنی بۆ ڕێگەگرتن لە چالاکیی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان واژوو کرد.

ئەوەی کە جێگەی ئاماژەیە هەم ڕێککەوتنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەل سعوودیا لە چین و هەمیش لەگەڵ ئیمارات و، هەم ڕێککەوتنی ئەمنی لەگەڵ عێراق لەلایەن عەلی شەمخانی (Ali Shamkhani) ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەییی کۆماری ئیسلامییەوە واژوو کرا و، ئەمەش دەڕبری ئەو ڕاستییەیە کە هەم پرسەکە بۆ کۆماری ئسلامی پرسێکی ئەمنییە و هەمیش ئەم بڕیارانە لە سەروو و لە دەرەوەی دەزگا و سیاسەتی ئاساییی وەزارەتی دەرەوە و تیمی وەزارەتەکە کە سەر بە نزیکترین کەسەکانی حکوومەتی ئێرانن، دراوە و خودی ئایەتوڵڵا خامنەیی بڕیاری تایبەتی لەسەر داوە. بەم پێیە، هەستیاریی دۆخی ناوخۆییی ئێران و هەوڵەکانی بۆ دەربازبوون لە تەنگژە ئاسایشییەکان و دارمانی ئابووری بە هۆی گوشارەکانی ئەمریکا و ئەوروپا، هەروەها ئەگەری تەقینەوەی جەماوەری بە هۆی داڕمانی ئابووریی ئێران وای کردووە، کە کۆماری ئیسلامی بیر لە پەیڕەوکردنی سیاسەتی سڕینەوەی بارگرژییەکان لە ئاستی هەرێمایەتیدا بدات. لەلایەک مەترسیی ئەوەی هەبوو کە ئەم شۆڕشە ناوخۆیییە و لەدەستدانی ڕەوایەتییە لەرزۆکەکەی، دەرفەت بداتە ئیسرائیل و سعوودیا کە لەلایەک پەیوەندییەکانیان ئاسایی بکەنەوە و سعوودیا بە تەواوی بچێتە بەرەی ئیسرائیلەوە و لەلایەکی تریشەوە وڵاتانی عەرەبیی ناوچەکە ئاسانکاری بۆ هێرشی سەربازی گریمانەکراوی ئیسرائیل بۆ سەر بنکە و دامەزراوە ئەتۆمییەکانی بکەن[35].

ڕاستییەکەی ئەوەیە کە ئێران لێکدانەوەی هەڵەی بۆ جەنگی ڕووسیا و ئۆکراینا کرد و پێی وابوو کە ئەم جەنگە ڕۆڵی ئەمریکا و ئەوروپا لاواز دەکات و ڕووسیا بە هۆی کارتی وزەوە دەتوانێت ڕۆژاوایییەکان ملکەچ بکات و، خودی ئێرانیش بە هۆی بوونی سەرچاوەی گەورەی وزە، هەروەها پێگە و هەڵکەوتە جیۆستراتیژییەکەی، بەتایبەتی کۆنترۆڵی گەرووی هۆرموز دەتوانێت لە پاڵ ڕووسیا و بە یارمەتی ڕووسیا داواکارییەکانی خۆیان بسەپێنن و لە پێگەیەکی بەرزەوە مامەڵە لەگەڵ وڵاتانی هەرێمی و تەنانەت ئەوروپا و ئەمریکییەکاندا بکات. لاوازیی ئابووری و سەربازیی ڕووسیا و لەلایەکی تریشەوە پێداگری و مکوڕبوونی ئەمریکا و ئەوروپییەکان بۆ رێگەگرتن[36] و گەمارۆدانی ڕووسیا[37] و بەپێچەوانەی پێشبینییەکان یارمەتیدانی ئۆکراینا بەشێوەیەکی بەرفراوان و هەمەلایەنە[38]، هەروەها دۆزینەوەی بەدیلی وزەی ڕووسیا[39] لەلایەن ئەوروپییەکانەوە[40]، وای کرد کە لە ژێر گوشار و ئابلۆقەکانی ڕۆژاوا و ڕووسیا ببێتە ڕکابەری ئێران لە بواری فرۆشتنی نەوت لە بازاڕەکان و بەتایبەتی چین و هندستان، هەروەها "زستانی سارد" کە بەرپرسانی سیاسی و سەربازیی باڵای ئێرانی پێشبینیان دەکرد ببێتە هۆی ملکەچبوون و شکستی ئەوروپییەکان و قەیران لە وڵاتەکانیان، نەهاتە دی.

جگە لە مانەش، کاردانەوەی توندی ئەوروپییەکان لە هەمبەر هەناردەکردنی درۆن بۆ ڕووسیا، ئێرانی خستە پێگەیەکی زۆر لاوازەوە. هەموو ئەمانەش وایان کرد، کە کۆماری ئیسلامی لە ئێستادا بۆ مانەوەی خۆی بەئاشکرا و نهێنی بارگرژییەکانی خۆی لەگەڵ ئەکتەرە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکان کەم بکاتەوە[41] و تەنانەت بگاتە جۆرە ڕێککەوتنێک بۆ مانەوەی سیستەمەکەی کە بە پێدانی ئیمتیاز و دوورکەوتنەوە لە پێدانی چەک بە ڕووسیا، هەروەها دانوستان لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی کە لەلایەن ئێرانەوە گەیشتە بنبەست، هەروەها ڕازیبوون بە چاودێریکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکان[42] و ڕاگرتنی چالاکییە نهێنییە ئەتۆمییەکان و ڕاگرتنی هێرشی میلیشیاکانی لە ناوچەکە بۆ ماوەیەکی کاتی کێشە و گرفتەکانی چارەسەر بکات و تارمایی شەڕ و هێرشی سەربازی لە دەرەوە و ڕووخان لەناوخۆ بە هۆی ناڕەزایەتیی سیاسی و ئابورییەوە، بڕەوێنێتەوە.

 

  • تورکیا

سەرەڕای ئەوەی کە تورکیا لە ڕووی ئابوورییەوە ڕووبەڕووی گیروگرفتی گەورە بۆتەوە[43]، بەڵام لەمە گرنگتر تورکیا لە ئێستادا بە هۆی نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکانەوە لە نێوان ئەردۆغان و ئۆپۆزیسیۆنی ئەو وڵاتە گیرۆدەی ململانییەکی توندی ناوخۆیییە، بەڵام جەنگی ڕووسیا و ئۆکراینا ڕۆڵ و پێگەی جیۆسیاسیی تورکیا بەرز کردەوە[44] و لە قازانجی ئەم وڵاتە و بە تایبەتی سیاسەتەکانی ئاکپارتی و خودی ئەردۆغان شکایەوە[45]. تورکیا لەلایەک بە هۆی پێویستییەکانی ڕۆژاوا بە وزە و ڕووسیاش بۆ گواستنەوەی وزە و شکاندنی ئابلوقە و سزاکانی ڕۆژاوا[46]، هەروەها ڕۆڵی لە دانوستانەکانی ڕێگەدان بە گواستنەوەی دانەوێڵە و پەیوەندی بە پووتینەوە بۆ دەوڵەتانی ڕۆژاوایی پێگەی بەرز بوویەوە و لەلایەکی تریشەوە هەوڵەکانی فینلەندا و سوید بۆ چوونە ناو "ناتۆ" و پێویستیی ڕۆژاوا بە دەنگی ئەرێنیی تورکیا وای کردووە، کە ئەردۆغان وەکوو دەرفەتێک بیقۆزێتەوە.

جگە لەمانەش، هەوڵەکانی ئەردۆغان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی[47] بە تایبەتی سعوودیا و مسر و ئیمارات وای کرد، کە تورکیا زیاتر وەکوو براوەیەک لە هاوکێشە جیۆسیاسییەکانی هەرێمایەتی دەربکەوێت[48] و هەوڵی ڕۆڵ بینین لە ئاستی نێودەوڵەتی بدات[49]. هەروەها ڕووداوەکانی جەنگی ئەرمینیا و ئازەربایجان بەهۆی ساپۆرتی سەربازیی تورکیا[50] بە تایبەتی دابینکردنی درۆن بە قازانجی ئازەربایجان شکایەوە[51]، بەڵام براوەی سەرەکی ئەم جەنگە تورکیا بووە. لەم پەیوەندییەدا کۆماری ئیسلامی بە دۆڕاوی ئەم جەنگە دادەنرێت، بەهۆی ئەوەی کە هاوکێشە جیۆسیاسییەکانی گۆڕی و لە ئەگەری لاوازبوونی زیاتری ئێران لە ناوخۆ و دەرەوە، ئەوە بە هۆی کۆنترۆڵکردنی داڵانی زەنگەزوور (Zangazur corridor)، ئێران بەتەواوی گەمارۆ دەدرێت یان پەراوێز دەخرێت. بۆیە ئێران هەوڵ دەدات کە ئەم شکستە بە هەڕەشە[52] و مانوری سەربازی لەسەر سنوورەکانی ئازەربایجان[53]، هەروەها ڕێگەگرتن لە زاڵبوونی تورکیا لە سوریا و عێراق قەرەبوو بکاتەوە.

  • سوریا

 ڕاستییەکەی لەم نێوەندەدا ڕژێمی سووریا لە گۆڕانکارییە جیۆسیاسییە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکان کەڵکی وەرگرتووە. بۆ نمونە، سەرقاڵبوونی تورکیا بە هەڵبژاردن و کێشە ناوخۆییەکان و گرفتە ئابورییەکانی، هەروەها نزیکبوونەوەی زیاتری تورکیا لە ڕووسیا و تێوەگلانی  ڕووسیا لە جەنگ، لەلایەکی تریشەوە لاوازیی ناوخۆییی ئێران و گۆڕانکارییە جیۆسیاسییەکانی ناوچەکە و لەمەش گرنگتر سەرقاڵیی ئەمریکا و ئەوروپا بە جەنگی ئۆکرایناوە، جگە لەوەی کە بۆتە هۆکاری بەردەوامی و مانەوەی ڕژێمی ئەسەد، لە هەمان کاتیشدا بەشار ئەسەد پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەوڵەتانی عەرەبی بەرەو ئاساییبوونەوە دەچێت و تەنانەت پێشوازی لێ دەکرێت[54].

  • چین و پاشەکشەی ئەمریکا لە ناوچەکە

جەنگی ڕووسیا و ئۆکراینا و کێشەکانی ڕووسیا لەگەڵ ڕۆژاوا[55]، هەروەها پێویستیی ڕووسیا و تەنانەت ڕۆژاواش بە چین وای کردووە، کە لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا[56] و بەرەبەرە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا پێگەی بەرز دەبێتەوە. بەپێی زانیارییەکان، پێ دەچێت سەڕەرای لێکدانەوە و خوێندنەوەکانی چین لە سەرەتای هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، لە ئێستادا چین گەیشتبێتە ئەو بۆچوونەی کە ڕووسیا لە جەنگ سەرکەوتوو نابێت[57] و بەم پێیەش ڕۆژاوا بە لاوازکردنی ڕووسیا دەتوانێت هەژموونی خۆی بەسەر جیهاندا بسەپێنێت و چین زیاتر گەمارۆ بدرێت، هەرچەندە تێوەگلانی ڕووسیا و ڕۆژاوا بە جەنگەوە بە قازانجی چینە. بۆیە جگە لە هەوڵەکانی چین بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئێران و سعوودیا و وڵاتانی عەرەبی، چین هەوڵ دەدات کە دەستپێشخەری بکات[58] سەبارەت بە کۆتاییهێنانی جەنگ یان لانی کەم ئاگربەست و ناوبژیوانی لە نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا[59]. تەنانەت چین چاوی لەوەیە کە سیستەمێکی نێودەوڵەتی[60] بێتە ئاراوە کە چین ڕۆڵی سەرەکی تێدا ببینێت و کۆتایی بە هەژموونی ئەمریکا  و ڕۆژاوایییەکان بهێنرێت.

چین لەلایەک کەڵک لە هێزی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست وەردەگرێت کە ئاسایشی ناوچەکە دەپارێزێت و پەیوەندییەکی پتەویشتی لەگەڵ نزیکترین هاوبەش و هاوپەیمانەکانی ئەمریکا وەکوو ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی کەنداودا هەیە و، لەلایەکی تریشەوە، پەیوەندییەکی بەهێزیشی لەگەڵ ئێران و نەیارەکانی ئەمریکادا هەیە. هەر ئەمەش وادەکات کە چین بە کەمترین تێچوو زۆرترین دەسکەوتی دیپلۆماسی و ئابووری هەبێت. لە ڕوانگەیەکی ترەوە، لە ئێستادا چین هەم پەیوەندییەکی پتەوی ئابووری لەگەڵ ئەمریکا و ئەوروپییەکاندا هەیە و، هەمیش لەگەڵ نەیارانی ئەمریکا وەکو ڕوسیا و ئێران و کۆریای باکوور پەیوەندییەکی بەهێزی هەیە و ڕۆژاواش لە هەندێ بوار و حاڵەتدا پێویستی بە هاوکاری و بەم ڕۆڵەی چین هەیە.

ئابلۆقەکانی ڕۆژاوا لەسەر وڵاتانی نەیاری ئەمریکا ئەوە ئەو گوشارانە پووچەڵ دەبنەوە، هەرچەندە ئەمریکا بە توندی بە هێزی سەربازی و بەرزبوونەوەی ڕۆڵی چین بە مەترسی دەزانێت[61] و ئەمریکا چین بە هەڕەشە و پرسی یەکەمی ئاسایشی ئەمریکا دادەنرێت[62]، بەڵام لە زۆر بوار و پرس پێکەوە هاوکاری دەکەن[63]، چونکە جگە لە قەبارەی گەورەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی دوولایەنە[64]، هەروەها ئاستی بەرزی پێکەوەگرێدراوی ئابووریی چین و ئەمریکا، چین تاوەکوو ئێستا بەرژەوەندییەکانی لەم سیستەمەدا پارێزراو بووە و پشکی شێری بەرکەوتووە. هەموو ئەمانە لە کاتێکدایە کە ئەمریکا دەیەوێت مەترسیی یەکەم کە چینە کۆنترۆڵ بکات و، ڕووسیایش لە ڕێگەی ئەوروپییەکانەوە هاوسەنگ بکاتەوە و، بەم پێیەش کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست[65] چیتر ئەولەوییەتی سەرەکیی ئاسایشی نەتەوەییی ئەمریکا  لە ناوچەکەدا نین[66].

بۆیە ئەمریکا هەوڵ دەدات[67] کە لە ڕێگەی هاوسەنگکردنی ئەکتەرەکانەوە لەم ناوچەیەک سەقامگیرییەکی ڕێژەیی بێنێتە دی و هەر ئەمەش بەتایبەتی پاش هێرشەکانی ساڵی ٢٠١٩ی ئێران و میلیشاکانی لایەنگری[68] لە ڕێگەی مووشەک و درۆنەوە[69] بۆ سەر دامەزراوەکانی ئارامکۆ وەکوو بڕبڕەی پشتی ئابووریی سعوودیا و بێدەنگی یان لاوازیی هەڵوێستی ئەمریکا لە هەمبەر ئێران وای کرد، کە سعوودیا و وڵاتانی عەرەبی بەرەو چین بچن و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ڕووسیا دڵخوازی ئەمریکا نەبێت و تەنانەت پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تورکیا و ئێران ئاسایی بکەنەوە و ئێرانیش بە لێکدانەوەی بارودۆخەکە هەنگاوی نوێی هاویشتووە بەرەو گۆڕانکاری لە هاوسەنگیی هێز لە قازانج خۆی لە ڕێگەی دیپلۆماسییەکی چالاکەوە.

 لەلایەکی تریشەو، لەم دۆخە ئەنارشیکەدا (situation as anarchy)، بەپێی لۆژیکی ڕیالیزمی بەرگریکارانە (Defensive realism)، ئەم بۆشایییەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وای کردووە، کە ئەکتەرەکان دوو ستراتیژی بگرنە بەر؛ یان بە دروستکردن و گرێدانی هاوپەیمانی هاوسەنگیی هێز بگۆرن یان لە ڕێگەی پەیڕەوکردنی ستراتیژیی شوێنکەوتوویی (Bandwagoning) لەگەڵ ئەکتەرێکی زاڵ و هەژموون لە ئاستی نێودەوڵەتی بن، بۆ پاراستنی ئاسایشیان و هاوسەنگکردنەوەی هێزەکان لە ئاستی ناوچەییدا. هەر بۆیە مەترسییەکانی ئێران وای کرد، کە وڵاتانی عەرەبی لەلایەک بە هاندانی ئەمریکا پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکەنەوە و، لەلاکی تریشەوە لە ڕێگەی نزیکبوونەوە لە چینەوە ئێران هاوسەنگ بکەنەوە و لە هەمان کاتیشدا لەگەڵ ئەمریکا وەکوو هێزێکی هەژموون پەیوەندیی توندوتۆڵ و هاوبەشی و هاوپەیمانییان هەبێت.

لە چەند ساڵی ڕابردوودا، بە هۆی سیاسەتی نوێی باراک ئۆباما لە هەمبەر ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئێران کۆنترۆڵی زۆربەی هاوکێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دەکرد، بەڵام زاڵبوونی کۆماری ئیسلامی ترس و دڵەڕاوکێ و کاردانەوەی ئەکتەرەکانی دیکەی لێکەوتەوە و بەم پێیەش ئەم هاوسەنگی و دۆخە هەژمۆنەی ئێران لە ناوچەکەدا بە پێچەوانە شکایەوە، هەروەها ئەم بەهێزبوونەی ئێران مەترسی بۆ  هاوسەنگی و ئاسایشی هەرێمایەتی دروست کرد و تەنانەت بە تێپەربوونی کات بە هۆی بەرژەوەندیی پێکناکۆکی ئەکتەرە سەروو هەرێمایەتییەکان و گۆڕانکارییە ناوخۆییەکانی دەوڵەتان و هاتنە ئارای هاوکێشەی نوێی جیۆسیاسی لەناوچەکەدا بە زیانی ئێران شکایەوە.

ڕاستییەکەی لە کورتمەودا لەوانەیە ئەمریکا سەرچاوە و هێزی بۆ ئەولەوییەتە ئاسایشییە پێناسەکراوەکانی تەرخان بکات و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرنگیی جارانی بۆ ئەمریکا نەمێنێت[70]، بەڵام پێ دەچێت ئەکتەرەکانی تر وەکوو؛ ڕووسیا و چین بە خێرایی ئەم بۆشایییە پڕ بکەنەوە. هەموو ئەمانەش وادەکات کە هاکێشە جیۆسیاسییەکان بە خێرایی بگۆڕێت و هاوسەنگیی هێز لەرزۆک بێت.

 

کۆبەند:

بزووتنەوە ناڕەزایەتییە ناوخۆیییە بەردەوامەکانی شۆڕشی ژینا و گۆڕانکارییە نێودەوڵەتییەکان بە تایبەتی تێوەگلانی ڕووسیا لە جەنگی ئۆکراینا و هاوکێشە جیۆسیاسییەکان لە ناوچەکە، بە تایبەتی نزیکبوونەوەی زۆربەی وڵاتانی کاریگەری ناوچەکە لە ئیسرائیل، بەپێچەوانەی پێشبینییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەروەها بەرزبوونەوەی مەترسیی هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران و دوورکەوتنەوەی چین و بێتواناییی ڕووسیا بۆ پشتیوانیکردن لە ئێران لە ڕووی ئابووری و سیاسی و سەربازی-ئاسایشییەوە، وای کردووە کە هاوسەنگیی هێز لەناوچەکەدا لە زیانی ئێران تێک بچێت. هەموو ئەمانەش لێکەوتەیەکی ناچاری بۆ کۆماری ئیسلامی بەدوای خۆیدا هێنا کە بریتی بوو لە ملکەچبوونی هەنگاو بە هەنگاو بۆ داواکارییەکانی ڕۆژاوا و لانی کەم ڕاوەستاندنی ڕواڵەتیی یارمەتییە سەربازییەکان بۆ ڕووسیا و تەنانەت ڕازیبوون بە نێوەندگیریی چین بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سعوودیا و وڵاتانی دیکەی عەرەبی.

پێ دەچێت بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ سعوودیا و وڵاتانی عەرەبی و تەنانەت ئەگەری ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا، کۆماری ئیسلامیی ئێران خۆی ئامادە بکات، کە ڕێگە لە گۆرانکاریی گەورەی جیۆسیاسی لە ناوچەی قەوقاز لە ڕێگەی لێکەوتەی جەنگی ئازەربایجان-ئەرمینیا بگرێت، کە بە ئەگەری زۆرە بە تەواوی ئێران گەمارۆ بدرێت و ئیسرائیل لە سنوورەکانی ئێران دەستی کراوە دەبێت، هەروەها ئێران لە پرۆژەکانی یەک ڕێگە-یەک پشتوێن و کۆریدۆرەکانی بەتایبەتی کۆریدۆری باکور-باشور کە درێژیەکەی زیاتر لە ٧٢٠٠ کیلۆمەترە (International North–South Transport Corridor (INSTC وەلادەنرێت و لەمەش گرنگتر بۆ ڕووسیا و چین سەرنجراکێشی و گرنگیی جیۆئێکۆنۆمی و جیۆسیاسی نامێنێت و لە هاوکێشە جیۆستراتیژییەکاندا ڕۆڵ و پێگەی بە تەواوی دادەبەزێت. ڕاستییەکەی، ئەوەی کە تاوەکوو ئێستا هەڕەشە لە مانەوەی کۆماری ئیسلامی دەکات ئەم هاوکێشانە نین، چونکە لە گۆڕاندان و هاوپەیمانێتییەکانیش لەرزۆکن، بەڵام مەترسییە سەرەکییە لە ئاستی ناوخۆیییە کە وادەکات هەم ڕەوایەتیی ئەم رژێمە لەرزۆک بێت و، هەمیش دەوڵەتان بەهێزتر و دەسکراوەتر دەکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆماری ئیسلامی و هەر ئەمە ڕژێمەکە و خودی ئایەتۆڵڵا خامنەیی ناچار دەکات بۆ مانەوەی خۆی ئیمتیازی گەورە بداتە نەیارانی!

 

[1] - Seven ways Russia’s war on Ukraine has changed the world. https://www.chathamhouse.org/2023/02/seven-ways-russias-war-ukraine-has-changed-world

[2] - Putin’s five fatal mistakes in Ukraine. https://www.aljazeera.com/opinions/2022/10/6/putins-five-arrogant-mistakes

[3] - Middle East Responses to the Ukraine Crisis. https://www.washingtoninstitute.org/policy-analysis/middle-east-responses-ukraine-crisis

[4] - Arab, Israeli positions on Ukraine continue to frustrate US. https://responsiblestatecraft.org/2023/01/29/arab-and-israeli-positions-on-ukraine-war-continue-to-frustrate-us/

[5] - The Deeper Reason Netanyahu Won’t Arm Ukraine Against Russia. https://foreignpolicy.com/2023/02/06/israel-ukraine-war-russia-hawk-air-defense-netanyahu/

[6] - New government said reviewing Israel’s policies on Russian invasion of Ukraine. https://www.timesofisrael.com/new-government-said-reviewing-israels-policies-on-russian-invasion-of-ukraine/

[7] - The Netanyahu Government’s Approach to Russia and Ukraine. https://www.washingtoninstitute.org/policy-analysis/netanyahu-governments-approach-russia-and-ukraine

[8] - Israel’s Dangerous Shadow, War With IranWhy the Risk of Escalation Is Growing. https://www.foreignaffairs.com/israel/israels-dangerous-shadow-war-iran

[9] - srael’s Window to Strike Iran Narrows as Putin Enters Equation. https://www.bloomberg.com/news/articles/2023-03-02/israel-rethinks-iran-strike-scenarios-on-nuclear-program-because-of-russia-s-400?leadSource=uverify%20wall#xj4y7vzkg

[10] - Russia-Israel relationship transformed by Syria , conflict: political interests overshadow social and economic ties.  https://d-nb.info/1187191272/34

[11] - Russia is forming an alliance of pariah states in the Middle East. It might put Israel in an awkward situation in Syria. https://www.atlanticcouncil.org/blogs/menasource/russia-is-forming-an-alliance-of-pariah-states-in-the-middle-east-it-might-put-israel-in-an-awkward-situation-in-syria/

[12] - Saudi deal with Iran worries Israel, shakes up Middle East. https://apnews.com/article/saudi-iran-diplomatic-relations-middle-east-d78f3ceac0561f4fb20301e4f32eef88

[13] - Iran smuggled drones into Russia using boats and state airline, sources reveal. https://www.theguardian.com/world/2023/feb/12/iran-uses-boats-state-airline-smuggle-drones-into-russia

[14] - Israeli government starts by pushing far-right agenda. https://www.aljazeera.com/news/2023/1/17/three-weeks-in-israeli-government-pushes-far-right-agenda

[15] - Netanyahu’s Government, the Most Right-wing in Israel’s History, Takes Office. https://www.haaretz.com/israel-news/2022-12-28/ty-article-live/far-right-finance-minister-will-also-be-in-charge-of-west-bank/00000185-5865-d6a2-adf5-79e5d1c50000

[16] - Huge protest in Israel over rightwing government’s judicial changes. https://www.theguardian.com/world/2023/jan/22/huge-crowds-protest-in-israel-over-rightwing-governments-judicial-reforms

[17] - Israel’s Policy Toward Iran’s Nuclear Program—Some Counterfactual Remarks. https://jstribune.com/arad-israels-policy-toward-irans-nuclear-program/

[18] - The Fly on the Elephant’s Back: The Campaign between Wars in Israel’s Security Doctrine. https://strategicassessment.inss.org.il/en/articles/the-fly-on-the-elephants-back-the-campaign-between-wars-in-israels-security-doctrinee/

[19] - Iran's Axis of Resistance Rises: How It's Forging a New Middle East. https://www.belfercenter.org/publication/irans-axis-resistance-rises-how-its-forging-new-middle-east

[20] - How Beijing Helped Riyadh and Tehran Reach a Detente. https://www.crisisgroup.org/middle-east-north-africa-saudi-arabia-iran-china/how-beijing-helped-riyadh-and-tehran-reach-detente

[21] - Iran-Saudi Arabia deal not a setback for US, analysts say. https://www.aljazeera.com/news/2023/3/16/iran-saudi-arabia-deal-not-a-setback-for-us-analysts-say

[22] - Analysis: Frustrated Khamenei pushed for Saudi-Iran deal clinched in China. https://www.reuters.com/world/middle-east/frustrated-khamenei-pushed-saudi-iran-deal-clinched-china-2023-03-16/

[23] - A Saudi-Iran reconciliation may ripple across the region. Here’s why. https://edition.cnn.com/2023/03/13/middleeast/saudi-iran-regional-impact-mime-intl/index.html

[24] - With Saudi deals, US, China battle for influence in Mideast. https://apnews.com/article/saudi-arabia-china-iran-boeing-biden-d1aad0d6aae71993d7bc7e6336006a72

[25] - Saudi Arabia Says $50 Billion Investments Agreed With China. https://www.bloomberg.com/news/articles/2022-12-11/saudi-arabia-says-50-billion-investments-agreed-at-china-summit?leadSource=uverify%20wall#xj4y7vzkg

[26] - Biden’s Trip to Saudi Arabia: Successes and Failures. https://carnegieendowment.org/sada/87662

[27] - Biden administration asked Saudi Arabia to postpone OPEC decision by a month, Saudis say. https://www.cnbc.com/2022/10/13/biden-admin-asked-saudi-arabia-to-postpone-opec-cut-by-a-month-saudis-say.html

[28] - Biden threatens ‘consequences’ for Saudi Arabia after OPEC cut, but his options are limited. https://www.cnbc.com/2022/10/12/biden-threatens-consequences-for-saudi-arabia-after-opec-cut.html

[29] - Iranian UAVs in Ukraine: A Visual Comparison. https://www.dia.mil/Portals/110/DIA_Iranian_UAVs_in_Ukraine-A_Visual_Comparison.pdf

[30] - From reform to revolution: What is the future of Iran’s democracy movement? https://thehill.com/opinion/international/3862909-from-reform-to-revolution-what-is-the-future-of-irans-democracy-movement/

[31] - U.S., EU, UK impose new sanctions on Iran over protest crackdown. https://www.reuters.com/world/us-imposes-sanctions-iranian-officials-irgc-cooperative-foundation-2023-01-23/

[32] - A Comprehensive Report of the First 82 days of Nationwide Protests in Iran. https://www.en-hrana.org/a-comprehensive-report-of-the-first-82-days-of-nationwide-protests-in-iran/

[33] - E.U. Sanctions Iran for Providing Drones to Russia. https://iranprimer.usip.org/blog/2023/feb/27/eu-sanctions-iran-providing-drones-russia

[34] - China-Iran relations are warming. Here’s what the rest of the world should know. https://www.atlanticcouncil.org/blogs/new-atlanticist/china-iran-relations-are-warming-heres-what-the-rest-of-the-world-should-know/

[35] - Israel: The Iran Threat & Options. https://iranprimer.usip.org/blog/2023/jan/25/israel-iran-threat-options

[36] - U.S., Allies Issue Fresh Sanctions Against Russia. https://www.wsj.com/articles/west-starts-issuing-fresh-sanctions-against-russia-93c6b752

[37] - The Sanctions on Russia Are Working, Slowly but Surely, They Are Weakening Putin. https://www.foreignaffairs.com/russian-federation/sanctions-russia-are-working

[38] - The Countries Sending the Most Military Aid to Ukraine. https://www.statista.com/chart/27278/military-aid-to-ukraine-by-country/

[39] - Europe's energy security better than feared after a year of war in Ukraine. https://www.reuters.com/business/energy/europes-energy-security-better-than-feared-after-year-war-ukraine-2023-02-24/

[40] - What the EU has done to address the energy crisis. https://commission.europa.eu/strategy-and-policy/priorities-2019-2024/european-green-deal/eu-action-address-energy-crisis_en

[41] - U.S., Iran May Be Negotiating Payoff for American Hostages. https://www.fdd.org/analysis/2023/03/13/us-iran-may-be-negotiating-payoff-american-hostages/

[42] - Where does the Iran nuclear deal stand right now? https://www.aljazeera.com/news/2023/2/20/what-exactly-happened-to-the-iran-nuclear-deal

[43] - Already vulnerable, Turkey’s economy now faces massive earthquake recovery costs. https://www.mei.edu/publications/already-vulnerable-turkeys-economy-now-faces-massive-earthquake-recovery-costs

[44] - As Russia’s war in Ukraine drags on, Turkey’s role expands. https://www.aljazeera.com/news/2022/11/15/how-turkey-positions-itself-during-the-war-in-ukraine

[45] - Ukraine War Makes Unexpected Winner of Turkey’s Erdogan. https://www.wsj.com/articles/tukey-erdogan-putin-russia-ukraine-war-11675614201

[46] - The Ukraine War and Turkey as a “Third Pole” in a New International Order. https://www.prio.org/publications/13034

[47] - Turkey and the Arab World: Ankara’s Shifting Relations and Evolving Foreign Policy. https://arabcenterdc.org/event/turkey-and-the-arab-world-ankaras-shifting-relations-and-evolving-foreign-policy/

[48] - Turkish Views: Crisis and Opportunities for Turkey in 2023. https://www.mei.edu/publications/turkish-views-crisis-and-opportunities-turkey-2023

[49] - Turkish Foreign Policy in the Middle East During the Rule of the Justice and Development Party: Interaction of Interests and Future Challenges.  https://dergipark.org.tr/tr/download/article-file/2595870

[50] - The Role of Turkish Drones in Azerbaijan’s Increasing Military Effectiveness: An Assessment of the Second Nagorno-Karabakh War. https://www.insightturkey.com/articles/the-role-of-turkish-drones-in-azerbaijans-increasing-military-effectiveness-an-assessment-of-the-second-nagorno-karabakh-war

[51] - Drones in the Nagorno-Karabakh War: Analyzing the Data. https://www.militarystrategymagazine.com/article/drones-in-the-nagorno-karabakh-war-analyzing-the-data/

[52] - From the streets to the border: Iran’s growing paranoia toward Azerbaijan. https://www.mei.edu/publications/streets-border-irans-growing-paranoia-toward-azerbaijan

[53] - Iran Holds Military Exercises on Border Amid Tensions With Azerbaijan.  https://www.voanews.com/a/iran-holds-military-exercises-on-border-amid-tensions-with-azerbaijan-/6799197.html

[54] - Syria Normalization: Regional and International Implications. https://www.dohainstitute.org/en/PoliticalStudies/Pages/syria-normalization-regional-and-international-implications.aspx

[55] - China Continues to Play Both Sides in the Ukraine War.  https://thediplomat.com/2023/02/china-continues-to-play-both-sides-in-the-ukraine-war/

[56] - China's role in the invasion of Ukraine and the consequences of the war for Beijing. https://www.unav.edu/web/global-affairs/china-s-role-in-the-invasion-of-ukraine-and-the-consequences-of-the-war-for-beijing

[57] - Is Putin desperate enough to let Xi get his way over Ukraine? https://www.independent.co.uk/voices/china-xi-putin-peace-talks-b2304828.html

[58] - What Is China’s Peace Proposal for Ukraine War? https://thediplomat.com/2023/02/what-is-chinas-peace-proposal-for-ukraine-war/

[59] - Putin says ready to discuss China’s Ukraine plan at Xi talks. https://www.aljazeera.com/news/2023/3/20/putin-xi-discuss-ukraine-war-and-economic-ties-in-kremlin-talks

[60] - After Russia’s War Against Ukraine: What Kind of World Order? https://carnegieeurope.eu/2023/02/28/after-russia-s-war-against-ukraine-what-kind-of-world-order-pub-89130

[61] - Why U.S.-China Relations Are Locked in a Stalemate. https://carnegieendowment.org/2022/02/21/why-u.s.-china-relations-are-locked-in-stalemate-pub-86478

[62] - China "most consequential threat" to U.S. national security, top intelligence official says. https://www.cbsnews.com/news/china-worldwide-threats-hearing/

[63] - U.S.-China Cooperation in Peace and Security. https://www.usip.org/publications/us-china-cooperation-peace-and-security

[64] - US-China Trade in Goods Hits New Record in 2022 – What Does it Mean for Bilateral Ties? https://www.china-briefing.com/news/us-china-trade-in-goods-hits-new-record-in-2022-what-does-it-mean-for-bilateral-ties/

[65] - The US and the Middle East in the Context of Shifting Global and Regional Politics. https://www.uikpanorama.com/blog/2022/11/23/ma-2/

[66] - The Middle East in the New US National Security Strategy. https://jstribune.com/zakheim-the-middle-east-in-the-new-us-national-security-strategy/

[67] - Biden’s National Security Strategy: America’s Search for Order in the Middle East. https://www.fpri.org/article/2022/10/bidens-national-security-strategy-americas-search-for-order-in-the-middle-east/

[68] - U.S. probe of Saudi oil attack shows it came from north - report. https://www.reuters.com/article/us-saudi-aramco-attacks-iran-exclusive-idUSKBN1YN299

[69] - Drone and missile debris proves Iranian role in Aramco attack, Saudi defense ministry claims. https://www.cnbc.com/2019/09/18/saudi-arabia-drone-and-missile-debris-proves-iranian-role-in-attack.html

[70] - What Does U.S. “Withdrawal” From the Middle East Mean? https://agsiw.org/what-does-u-s-withdrawal-from-the-middle-east-mean/

Latest from پەرویز ڕەحیم

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples