د. پەرویز ڕەحیم قادر، دکتۆرا لە ئاسایشی نەتەوەیی و مامۆستای زانکۆ
سەرەڕای ئەوەی کە جۆ بایدن لە پێش هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی کۆمار و پاش هاتنەسەرکاریش، بەردەوام جەختی لەسەر هەڵەبوونی دەرچوونی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە سەردەمی ترامپ و بەم پێیەیش گەڕانەوەی ئەمریکا و کاراکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران کردۆتەوە؛ بەڵام پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە، بۆچی ئێران و ئەمریکا تاوەکوو ئێستا نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن؟ لە ڕاستیدا بۆ وهڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، پێویستە چەندان پرسیاری دیکەی وردتر وهڵام بدرێتەوە؛ بۆ نموونە، بەربەست و ئالنگارییەکانی بەردەم کاراکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی کامانەن؟ کامانهن ئەو ئەکتەرانەی کە کاریگەرییان لەسەر کارانەکردنەوەی ڕێککەوتنەکە هەیە؟ ئایا ئێران زیاتر ویستی ڕێککەوتنی هەیە یان ئەمریکا؟ هەر یەکە لەلایەنە سەرەکییەکانی ڕێککەوتن (ئێران و ئەمریکا) چ جێگرەوە یاخود ئەڵتەرناتیڤێکیان بۆ ڕێککنەکەوتن هەیە؟
لێرەدا سەرەتا هەوڵ دەدەین بەربەست و ئالنگارییەکانی بەردەم کاراکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی بخەینە ڕوو:
لە ئێستادا یەکێک لە گەورەترین بەربەست و ئالنگارییەکانی کاراکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی بریتییە لە ناکۆکییەکانی نێوان ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی (IAEA). ئاژانسەکە بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئێران لە چەندان بنکە و ناوەنددا چالاکیی شاراوە یاخود نهێنیی هەبووە کە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی (IAEA) ئاگاداری نەبووە.
ڕەنگە جددیترین ناکۆکیی نێوان ئێران و ئەمریکا پەیوەندیی بە پارێزبەندییەکانی ئاژانسەوە هەبێت. ئەمەیش دوای دزینی بەڵگەنامە ئەتۆمییەکان لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە لە کۆگهیەکی نزیک تاران؛ تەلئەبیب بەڵگەنامەکانی پێشکەش بە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی کرد، کە دەری دەخات تاران لە هەندێک ناوەندە ناڕاگەیەندراوەکاندا چالاکیی ئەتۆمی ئەنجام دەدات و ئەمەیش نیگەرانیی لە چاودێری و بەدواداچوونی چالاکی و بەرنامەی تاران سەبارەت بە بەرهەمهێنانی چەکی سەربازی زیاد کردووە. ههروهها بهڕێوهبهری گشتیی ئاژانسی نێودهوڵهتیی وزهی ئهتۆمی چەندان جار له ڕاپۆرتهكانیدا ڕهخنهی له ئێران گرتووه كه ڕوونكردنهوهی ڕوونی نهداوه سهبارهت بهو ناوەندە ڕانهگهیهندراوانە كه دهگوترێت ئاسهواری یۆرانیۆمی تێدا دۆزراوهتهوه.
کرۆکی ئەم پرس و ناکۆکییەیش بۆ دروستبونی کێشە یاخود گرفتی ڕێوشوێنەکانی پاراستن یاخود پارێزبەندییەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی (IAEA safeguards) دەگەڕێتەوە. هەر ئەمەیش وای کرد کە لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، لە ناوەڕاستی دانوستانەکان بۆ زیندووکردنەوەی (JCPOA) ناکۆکیی زۆر لەسەر پرسی "پارێزبەندییەکان" دروست بووە. ئێران بەپێداگرییەوە دەیەوێت لە ڕێککەوتنێکی پێشبینیکراودا پرسی "پارێزبەندییەکان " چارەسەر بکات. ئیبراهیم ڕەئیسی دەڵێت: "کاتێک باس لە دانوستان دەکرێت، دەبێت هەموو کێشەکانی پارێزبەندییەکان چارەسەر بکرێن. بەبێ چارەسەرکردنی کێشەکانی پارێزبەندی، هیچ واتایەک بۆ قسەکردن لەسەر ڕێککەوتن نامێنێتهوه."
لە لایەکی دیکەوە ڕافائیل گرۆسی (Rafael Mariano Grossi)، سکرتێری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی (IAEA) دەڵێت: "بەدڵنیایییەوە مەلەفی لێکۆڵینەوەکان داناخەم، بەبێ ئەوەی وەڵامێکی جێگەی باوەر و پشتڕاستکراوە لە ئێران وەربگرمەوە... ئەو بیرۆکەیەی کە ئێمە لێکۆڵینەوەکانمان لە ڕووی سیاسییەوە ڕابگرین، قبووڵکراو نییە."
لێرەدا پرسیارێکی گرنگ دێتە ئاراوە کە ئەم پارێزبەندییانە چین کە بۆتە هۆی ئەوەی کە کێشە و گرفتێکی وا مەزن دروست ببێت کە ببێتە بەربەستی سەرەکیی ڕێککەوتن لە نێوان ئەمریکا و ئێران. بۆیە پێوسیتە سەرەتا لەوە تێ بگەین کە ڕێسا و ڕێوشوێنەکانی پارێزبەندییەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە چین؟ بە دەربڕین و زمانێکی ساکار، ڕێساکانی پارێزبەندی (nuclear safeguards) بریتین لە کۆمەڵێک ئەرکی وڵاتانی واژۆکەری پەیمانی قەدەخەکردنی بڵاوکردنەوەی چەکی ئەتۆمی (NPT)، کە نیشاندەری "چەسپاندنی پابەندبوونی ئەو وڵاتە بە ئەرکەکانی بەرامبەر بەم پەیماننامەیەیە، بە ئامانجی ڕێگریکردن لە گۆڕینی بەکارهێنانی ئاشتییانەی وزەی ئەتۆمی بۆ بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی یان ئامێری تەقینەوەی ئەتۆمی".
لە دوای دامەزراندنی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە ساڵی ١٩٥٧ەوە، ڕێساکانی پارێزبەندی وەک ئامرازێکی بنەڕەتی بۆ ڕێگەگرتن لە بڵاوکردنەوەی چەکی ئەتۆمی و، هەروەها هاوکاریی ئاشتییانەی ئەتۆمی کاری کردووە. هەروەها پەیمانی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی (NPT)، لە پاش ساڵی ١٩٦٨ەوە داوا لە وڵاتانی ئەندام دەکات کە ڕێککەوتنی گشتگیر بۆ پاراستنی "چاودێریکردن" لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی ئەنجام بدەن. لە بنەڕەتدا، پاراستنەکان کۆمەڵێک ڕێوشوێنن کە ئامانجیان چاودێریکردنی بەکارهێنانی ماددە ئەتۆمییە تایبەتەکانە و ڕێگریکردنە لە ئاراستەی بەرنامە ئەتۆمییەکانی وڵاتان بەرەو مەبەستی نائاشتییانە.
ڕێوشوێنی پاراستن بە پشتبەستن بەو گرێبەستانەی کە لە نێوان وڵاتان و ئاژانس ئەنجام دراون جێبەجێ دەکرێن و ئەمانەی خوارەوە لەخۆ دەگرن: ئەنجامدانی پشکنینی دەورەیی بۆ وێستگە و دامەزراوە ئەتۆمییەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی بڕی سووتەمەنی و پاشماوەی دەرەنجامی ئەو چالاکییانە. چاودێریکردنی هاتنەژوورەوە و دەرچوونی ئەو کەرەستە یان ئامێرە ئەتۆمییە تایبەتانەی کە ماددە بنەڕەتییەکانیان تێدایە و ڕاگەیاندنی بڕەکانیان بۆ ئاژانس لەلایەن وڵاتانی هەناردەکار و هاوردەکارەوە. بەپێی ئەم شێوازانەی خوارەوە، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی (IAEA) چوار جۆر پشکنین بۆ چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئەندامان ئەنجام دەدات، کە بریتین لە:
ئاژانس بە پشتبەستن بەو میکانیزمانەی سەرەوە، پشکنین و چاودێریی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ١٤٠ وڵات دەکات. پێش ساڵی 1990 ڕاپۆرتەكان ساڵانە جارێك بەپێی ڕێككەوتننامەی پشكنینی گشتگیر چاودێریی چالاكییە ئەتۆمییەكانی ئەندامانیان دەكرد، كە لەو ساڵەوە بۆ دوو جار لە ساڵێكدا زیادی كرد.
وەڵامی ئێران بۆ پێشنیازەکانی ئەمریکا بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی JCPOA لە ڕۆژی (١٠ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢) کاردانەوەی نەرێنیی لەلایەن ئەمریکییەکان و وڵاتانی ئەوروپاوە بەدوای خۆیدا هێنا. لە لایەکەوە ئێران پێی وایە بۆ ڕۆژی "کاراکردنەوەی" ڕێککەوتنەکە، پێویستە هەموو پرسیارەکانی ئاژانسی نێودەوڵهتیی وزەی ئەتۆمی لە بواری چاودێری، یان بە واتایەکی تر پرسەکانی ڕێساکانی چاودێری و پاراستن دابخرێن. لە لایەکی دیکەوە کۆشکی سپی و ئەوروپییەکان پێیان وایە هیچ پەیوەندییەک لە نێوان زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی JCPOA و هەڵپەساردنی پشکنینەکانی ئاژانسەکەدا نییە؛ تەنانەت وڵاتانی ئەوروپی و ئەمریکا پێیان وایە کە تاوەکوو ئێران نەتوانێت وهڵامێکی پشتڕاستکاوە و دڵنیاییکەر بداتە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، ئەوە ناکرێت باس لە زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی بکرێت.
ئەو ناوەندانەی کە کێشەیان لە نێوان ئێران و ئاژانسدا دروست کردووە
پاش ئەو ڕوونکردنەوەیەی سەرەوە، ئەم جارە پێویستە بچینە سەر ئەو شوێنانەی کە بەپێی ڕێسا و ئەم پارێزبەندییانەی ئاژانسی نێودەوڵهتی وزەی ئەتۆمی، بووەتە کێشە لەگەڵ ئێران یان ئێران ئامادە نییە ڕێگە بە پشکنینەکان بدات.
1- کۆگهی ئەتۆمیی تورقوز ئاباد: لەم شوێنەدا ئەو ئامێرانەی کە لە پرۆژەی "دروستکردنی 5 کڵاوەی ئەتۆمی" مابوونەوە، شاردرابوونەوە. ئاژانسەکە دەڵێت، لەم شوێنەدا ئایزۆتۆپی یۆرانیۆمیان دۆزیوەتەوە کە لە شوێنێکی دیکەی نادیارەوە هاتوون.
2- دامەزراوەی کانزاسازیی یۆرانیۆمی شیان لهڤیزان: لەم شوێنەدا یۆرانیۆم بە شێوەی ڕیش (برادە) بۆ بەرهەمهێنانی دیوتیریۆمی یۆرانیۆم بەرهەم دەهێنرێت کە بریتییە لە تەقێنەری بۆمبی ئەتۆمی (neutron initiator).
٣- كارگەی پرۆسێسی یۆرانیۆمی تاران: لەم شوێنەدا كە دەكەوێتە باشووری وەرامین، كانزای یۆرانیۆم دەكرێتە گازی فلۆرایدی یۆرانیۆم بۆ ئەوەی لە سەنتەرفۆجێكدا ئامادە بێت بۆ پیتاندن. کۆماری ئیسلامی پێش ئهو بهڵگهنامانه، بوونی دامەزراوەی لهو جۆرهی ڕهت کردووهتهوه. ئاژانسەکە دەڵێت، لەم شوێنەدا گەردیلەی یۆرانیۆم دۆزراوەتەوە، کە ئێستا بووەتە کێڵگەی ئاژەڵداری.
4- شوێنی تاقیکردنەوەی تەقینەوەی مەریوان لە ئابادە: لە باکووری شاری ئابادە لە پارێزگای فارس، تەقینەوەی نیوتڕۆن ئەنجام دراوە و بەڵگەکانی ئەم تەقینەوەیە و کاریگەرییەکانی تا ئێستایش لە ژینگەدا ماون.
ئەم چوار پێگەیە لەو شوێنانەن کە ئیسرائیل دوای ئەوەی توانی لە ئێران بە هەزاران بەڵگەنامەی چالاکیی نهێنی و ئەتۆمییەکانی بباتە دەرەوە، زانیارییەکانی بەخشیوەتە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی. لەم نێوەدا ئێران جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەپێی ڕێککەوتننامە و پەیماننامەکانی ڤیەننا، ئیسرائیل ناتوانێت هیچ زانیارییەک بدات یان دەستێوەردان لەو بوارەدا بکات، بەهۆی ئەوەی ئەندام نەبووە لە پەیمانی NPT (پەیمانی نەهێشتنی چەکی ئەتۆمی).
بەڵام لە بەرامبەردا، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەپێی ڕێسا و دەستووری ئەم دامەزراوەیە، لە هەر بوارێکدا کە ناڕوونی هەبێت، دەتوانن لە هەر سەرچاوەیەکەوە زانیاری وەربگرن؛ بۆیە دەتوانین لەم بوارەدا باس لە ناکۆکییەکی یاساییی نێوان ئەو دوو لایەنە بکەین؛ چونکە "لە ڕوانگەی تارانەوە ئەم بابەتە لە ڕێککەوتنی ساڵی 2015 و لە شێوەی دۆسیەی پەیوەندیدار بە PMD (ڕەهەندە سەربازییە ئەگەرەکانی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران) داخراوە. بۆیە پێویستە ئەم پرسیارانەی تایبەت بە چاودێریکردنی ناوەندەکانی ئاماژەپێدراو دابخرێن. لە لایەکی دیکەوە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی ئەم دوو پرسە لە یەکتر جیا دەکاتەوە و پێی وایە، لە ڕوانگەی یاسایییەوە، پلانی نوێی چاودێریکردن لە شێوەی داخستنی کەیسەکانی پێشوودا جێی نابێتەوە.
هەر بۆیە، یەکێک لە نیگەرانییەکانی ئێران لەم ڕووەوە ئەوەیە کە، ئەگەر دۆسیەی PMD (ڕەهەندە سەربازییە ئەگەرەکان- possible military dimensions) بەکراوەیی بمێنێتەوە، جارێکی دیکە دەرفەت بۆ گوشارخستن بۆ سەر ئێران دهڕەخسێت و تەنانەت لەگەڵ زیندووبوونەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی، پرۆسەی هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکان ڕووبەڕووی کێشە دەبێتەوە؛ چونکە بەردەوام ئەگەری ئەوە هەیە ئیسرائیلییەکان زانیاریی نوێ و بەڵگەنامەی نهێنی بدەنە ئەمریکا و ئاژانس سەبارەت بە دامەزراوە و چالاکییە ئەتۆمییە سەربازی یاخود نهێنییەکانیان.
ناکۆکی سەبارەت بە مەرجەکانی ئێران
لە مانگی نیسانی ساڵی 2021 تاوەکوو ئاداری 2022، لانیکەم 12 گهڕی دانوستاندنی ئەتۆمی لە ڤیەننا کراوە. پاشان لە دوای وەستانێکی 150 ڕۆژی، ڕۆژی 21-07-2022 بۆرێل بە نوێنەرایەتیی یەکێتیی ئەوروپا دەقی ڕەشنووسێکی تایبەت به ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ئێرانی وەک "دوا دەستپێشخەری" خستە ڕوو. لێرەدا دەتوانین گەورەترین و سەرەکیترین بەربەستەکان کە لەلایەن ئێرانەوە دروست کراون لە بەردەم ئەم ڕێککەوتنە بخەینە ڕوو:
١- سوپای پاسداران، هەرچەندە ئێران دەستبەرداری داواکەی بۆ لابردنی سوپای پاسداران لە لیستی تیرۆری ئەمریکا بووە، بەڵام قبووڵکردنی هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکانی سەر نووسینگەی ڕێبەری ئێران و کشانەوەی سوپای پاسداران لە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییە بیانییەکان(FTO) هەر لە سەرەتای دانوستانەکانەوە دوا خرا بۆ درێژەی دانوستانەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی گشتگیرتر لە ڕێککەوتنی JCPOA.
٢- ئێرانییەکان داوایان کردووە کە پێویستە ئەمریکا گەرەنتی بدات کە هیچ سەرۆکێکی دیکە لە ئاییندەدا لە ڕێککەوتنەکە ناکشێتەوە، ئەوەیش بۆ ئەوەی هەنگاوەکانی دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی پێشوو دووبارە نەکرێنەوە، کە ساڵی 2018 تاکلایەنانە لە ڕێککەوتنەکە کشایەوە و سزای ئابووریی توندی بەسەر ئێراندا سەپاند.
٣-ئێران ئەو مەرجەی خستۆتەروو کە ئەگەر ئەمریکا لە ڕێککەوتنەکە کشایەوە، پێویستە گەرەنتی بدرێت کە هیچ سزایەک بەسەر ئەو کۆمپانیا و بانکە بیانییانەدا ناسەپێندرێت کە لەگەڵ یان لەنێو ئێراندا کار دەکەن.
٤- پێویستە کۆمەڵێک بەند بۆ ڕێککەوتننامەکەی ساڵی ٢٠١٥ زیاد بکرێن بۆ ئەوەی ئەگەر ئەمریکا لە ڕێککەوتنەکە بکشێتەوە، ڕێگە بە ئێران بدرێت بە شێوەیەکی خێرا چالاکییە ئەتۆمییەکانی زیاد بکات.
٥- جێبەجێکردنی قۆناغ بە قۆناغی ڕێککەوتنەکە، بەپێی ئەو دەقەی کە ئێستا وڵاتانی ڕۆژاوا بۆ کاراکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئامادەیان کردووە، جێبەجێکردنی قۆناغ بە قۆناغی ڕێککەوتنەکە بۆ ئێران پێشنیار کراوە و لەسەر بنەمای ئەوەیش، لە قۆناغی یەکەمدا، ئێران پیتاندنی خۆی بۆ ئاستی ٥٪ کەم دەکاتەوە. ئەو پارانەیش کە لە کۆریای باشوور بلۆک کراون، کە دەگاتە بڕی ٧ ملیار دۆلار، ئازاد دەکرێن.
جگە لەوەیش ئەمریکا ڕێگە بە فرۆشتنی نەوت بە ئێران دەدات؛ ئەوەیش ڕێگە بە تاران دەدات بە شێوەیەکی کاتی نەوتەکەی بفرۆشێت؛ بەڵام لەم قۆناغەدا گەمارۆ نەوتییەکانی ئێران بەتەواوی هەڵناگیرێت. بەپێی ئەم ڕەشنووسە، هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتیی گەمارۆکانی سەر ئێران دوا دەخرێت تا ئەو کاتەی ئێران بەتەواوی دەگەڕێتەوە سەر ئەرکەکانی لە ڕێککەوتنی JCPOA و، ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم دادەبەزێتەوە بۆ ڕێژەی 3.67. بەپێی ئەم دەقە، ئێران لەو ڕۆژەدا دەتوانێت هەموو مافەکانی خۆی لە ڕێککەوتنی JCPOA بەدەست بهێنێتەوە کە بە ڕۆژی "دووبارە جێبەجێکردنەوە" ناو دەبرێت. بەڵام ئێرانییەکان نیگەرانی ئەوەن کە قبووڵکردنی ئەو جۆرە مەرجانە تێچووی سیاسیی قورسی لە ناوخۆی وڵاتدا بەدوای خۆیدا بهێنێت؛ چونکە لە ڕابردوودا ئەم تیمەی ئێستای دانوستانکار و، هەروەها حکوومەتی ئیبراهیم ڕەئیسی و کاربەدەستانی ئەمنی لە ئێران ئەو ڕێککەوتنە قۆناغبەندییەیان ڕەتکردۆتەوە، بۆیە قبووڵکردنی ئەم مەرجانە دەکرێت دژی هەموو ئەو لێدوان و بانگەشانە بێت کە بەرپرسانی سەرەکیی حکوومەت و، هەروەها توندڕەوەکانی ناوخۆ لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا جەختیان لەسەر کردووەتەوە.
بەم پێیە، گەورەترین ئامانجی ئێران لە ئەگەری گەڕانەوەی بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی یاخود وەکوو ئەوەی کە ئێرانییەکان دەیڵێن کاراکردنەوەی و گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ ڕێککەوتنەکە، لابردنی هەموو ئابڵووقە و سزاکانی سەر ئێرانە کە لە سەردەمی دۆناڵد ترامپ بە زیادەوە خرایەوە سەر ئێران.
ئالنگاریی پێشکەوتنە ئەتۆمییەکانی ئێران و چۆنێتیی گەڕاندنەوەی
پرسی داهاتووی سەنتەریفیۆجەکان، یەکێک بووە لە کێشە سەرەکییەکانی چارەسەرنەکراو لە قۆناغەکانی پێشووی نێوان لایەنەکاندا. بەپێی ڕاپۆرتی JCPOA، ئێران تەنیا مافی بەکارهێنانی سەنتەریفیۆجی پیتاندنی نەوەی یەکەم یان IR1ی هەیە. لە هەمان کاتدا دوای کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی JCPOA و دەستپێکردنی پرۆسەی کەمکردنەوەی بەڵێنەکانی ئەتۆمیی ئێران، تاران هەنگاوی ناوە بەرەو کەڵکوەرگرتن لە نەوە پێشکەوتووترەکانی سەنتەریفیۆجەکان، لەوانەیش IR6.
بەم پێیەیش، پرسی داهاتووی دامەزراوەکانی پیتاندنی پێشکەوتووتری ئێران بابەتێکی دیکەی ناکۆکیی نێوان لایەنەکان بووە. ئێران دەیەوێت سەنتەریفیۆجەکانی نەوەی نوێتر لە ناوخۆی وڵاتدا بمێننەوە و، ئەمریکایش ئەم پرسەی قبووڵ کردووە و چیتر نایەوێت ئەو دامەزراوانە بەتەواوی لەناو ببرێن؛ بەڵام چیتر ڕێگە بە ئێران نادرێت کەڵکیان لێ وەربگرێت و ئەو دامەزراوانە دەبێت لەژێر چاودێریی ئاژانس لە ئێران پلۆمپ بکرێن.
یەدەگی یۆرانیۆمی ئێران، لە 60% بەراورد بە سێ مانگی پێشوو (کۆتاییی مانگی ئایار) لە 12.5 کیلۆگرامەوە بۆ 55.6 کیلۆ زیادی کردووە. بەپێی راپۆرتی چارەکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، قەبارەی یەدەگی یۆرانیۆمی ئێران بە چڕیی ٦٠٪ تا ڕاددەیەک زیادی کردووە کە ئەم بڕە، لە حاڵەتی پیتاندنی زیاتردا، بەسە بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی. هەروەها لە دەقی بڵاوکراوەی ئەم ڕاپۆرتەدا ئاماژە بەوە کراوە کە یەدەگی یۆرانیۆمی کەم پیتێنراو، ١٩ هێندە زیاترە لەو بڕە ڕێگەپێدراوەیەی کە لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی ٢٠١٥دا دیاری کراوە. بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسەكە، قەبارەی یەدەگی یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران تا 21ی ئابی ٢٠٢٢ نزیكەی 3621.3 كیلۆگرام بووە، كە بەراورد بە مانگی ئایار 365.5 كیلۆگرام زیادی كردووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە: "ئێران پێی وایە کاراکردنەوەی JCPOA نابێت بە مەرجی لێکۆڵینەوەکانی ئاژانس سەبارەت بە پابەندبوونە یاسایییەکانی ئێران بەپێی پەیمانی نەهێشتنی چەکی ئەتۆمی بێت."
عەلی خزریان نوێنەری پەرلەمانی ئێران دەڵێت: بەپێی "جەختی زۆر"ی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، عەلی خامنەیی و بڕیارنامەی مەجلیس، ئێران نابێت لە کەمکردنەوەی جێبەجێکردنی پابەندییەکانی بەپێی JCPOA بەر لە هەڵوەشاندنەوەی سزاکان و پشتڕاستکردنەوەیان کەم بکاتەوە. هەروەها دەڵێت: ئەمریکا دەبێ گەرەنتیی ئەوە بدات کە لە ڕێککەوتنەکە نەکشێتەوە و میکانیزمی ماشە (snapback) بەکار نەهێنێتەوە و سزای نوێ نەسەپێنێت یان دووبارەی سزایەک کارا نەکاتەوە، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا هیچ کام لە گەرەنتییە ڕاگەیەندراوەکان لە دەقی ڕێککەوتنەکەدا نییە.
نیگەرانییەکانی ئەمریکا و ئەوروپییەکان و ناکۆکییان لەگەڵ ئێران
پێشکەوتنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و، هەروەها چالاکییە شاراوەکانی و ڕێگەنەدان بە پشکێنەرەکانی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی بۆ جێبهجێکردنی ئەرکەکانیان و بەتایبەتی کوژاندنەوەی کامێراکانی چاودێریی ئاژانسی نێودەوڵهتیی وزەی ئەتۆمی لە پاڵ پێداگریی ئێران بۆ داخرانی دۆسیەی بنکە ڕانەگەیهندراوەکانی، وای کردووە کە ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپی سەرەڕای ویستیان بۆ کاراکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی و ڕاگرتنی چالاکییەکانی ئێران، چەند هەنگاوێک بگرنە بەر:
١- ئێران ڕێگەی پێ نادرێت هیچ کام لەو 20 و 60% یۆرانیۆمەی هەبێت کە پاش دەرچوونی ترامپ لە ڕێکكەوتنی ئەتۆمی بەرهەمی هێناوە.
٢- هەزاران سەنتەریفیۆجی پێشکەوتوو کە ئەمڕۆ کار دەکەن، دادەخرێن و لا دەبرێن، لەنێویاندا هەموو سەنتەریفیۆجەکان کە لە دامەزراوەی ژێرزەویی بەهێزکراو لە فۆردۆ دامەزراون. هەروەها سنووردارکردنی توندی پیتاندنی یۆرانیۆم، بەو مانایەیە کە [ماوەی دەسپێڕاگەیشتنی ئێران (Breakout Period) بە چەکی ئەتۆمی] ٦ مانگ دەبێت.
٣- ههنگاوهكانی ئێران بهرهو دروستکردنی چهكی ئهتۆمی به پیتاندنی پلۆتۆنیۆمیش بههۆی قهدهغهكردنی دووبارە پرۆسێسكردنهوه و دیزاینكردنهوهی ڕیاكتۆرهكانەوە، پێچهوانهوه دهكرێتهوه.
٤- جگە لە سنووردارکردنی ئەتۆمی، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی دیسان دەتوانێت هەمەلایەنەترین ڕژێمی پشکنین کە تا ئێستا دانوستانی لەسەر کراوە جێبەجێ بکات؛ ئەمەیش ڕێگەی پێ دەدات بەنهێنی هەر هەوڵێکی ئێران بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی دەستنیشان بکات و بەشێکی زۆری ئەم چاودێرییە نێودەوڵەتییە بۆ ماوەیەکی نادیار دەمێنێتەوە.
ئەکتەرەکانی کاریگەر بۆ کارانەکردنهوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی
لە ڕاستیدا ڕوانگەی جیاواز و پێکناکۆکبوونی بەرژەوەندییەکانی چهند ئەکتەرێک وای کردووە کە، تاوەکوو ئێستا ڕێککەوتنی ئەتۆمی کارا نەکرێتەوە، لە کاتێکدا لانی کەم تاوەکوو ئێستا دوو جار بەفەرمی ڕاگەیهنراوە کە تەنیا واژۆکردن و ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنەکە ماوە، بەڵام لە دوایین چرکەساتدا ڕێککەوتنەکە واژۆ نەکراوە. لێرەدا ئاماژە بە لێکدانەوە و بەربەستی هەر کامە لەم ئەکتەرانە دەکەین:
یەکەم: کۆماری ئیسلامیی ئێران
ئاڵوگۆڕە ناوخۆیی و گۆڕانکارییە نێودەوڵەتییەکان وای کردووە کە، ئێران پێگەی بەرز ببێتەوە و بگاتە ئەو بڕوایەی کە لە پێگەیەکی بەهێزدایە. گرنگترین ئەو فاکتەرانەیش کە وای کردووە ئێرانییەکان وا بیر بکەنەوە، بریتییە لەوەی کە ئێرانییەکان پێیان وایە جیهان بەگشتی و ئەوروپییەکان و ئەمریکا بەتایبەتی بەهۆی جەنگی ڕووسیا و ئۆکراینا پێویستیان بە وزەی ئێران هەیە و، بەپێچەوانەوه نرخی نەوت و گازی سروشتی بەرز دەبێتەوە و ڕووبەڕووی قەیران دەبنەوە، هەر بۆیە ناچارن بە مەرجەکانی ئێران ڕازی بن؛ ئەمە جگە لەوەی کە بەهۆی جەنگی ڕووسیا و ئۆکراینا ئێرانییەکان پێیان وایە کە ئەمریکا و ئەوروپا ناتوانن لە ئەگەری ڕازینەبوون بە مەرجەکانی ئێران، هیچ دژەکردەوە و کاردانەوەیەکی سەربازییان لە دژی ئێران هەبێت. هەروەها سەرەڕای گوشارەکانی ئەمریکا و بەتایبەتی ترامپ لە ڕووی سزادان و ئابڵووقەوە، بەڵام ئێران توانیویەتی ناڕەزایەتییە ناوخۆیییەکان بەهۆی بارودۆخی نالەباری ئابووری کۆنترۆڵ بکات و لە ئاستی سیاسییشدا لە ئێران حکوومەتێکی توندڕەو و یەکدەست هاتۆتە سەرکار کە وەکوو ڕابردوو لەژێر گوشاری ڕیفۆرمخوازەکاندا نییە. بۆیە پێیان وایە ئێران بەرگەی گوشارەکانی گرتووە و ئێستاکەیش هاسەنگیی هێز گۆڕاوە و ئەمریکا و ئەروپییەکان لە جەنگی ئۆکراینا و ڕووسیاوە گلاون و ڕووسیا و چین پشتیوانی لە ئێران دەکەن. هەموو ئەم لێکدانەوانەیش کە بەشێک لە ڕاستیی تێدایە، وای کردووە کە ئێران مەرجی قورس بۆ کاراکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی دابنێت. هەروەها پێیان وایە کێشە ناوخۆیییەکانی ئەمریکا بە شێوەیەکە کە هیچ کاتێک ناتوانن بڕیاری هێرشی سەربازی لە دژی ئێران بدەن.
دووەم: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا
ئەمریکا وەکوو بەهێزترین ئەکتەری جیهانی و بەشدار لە کۆگەکان و تەنانەت تاکە ئەکتەری سەرەکیی پەیوەندیدار بە کێشەکانی ئێران و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەهۆی کێشە ناوخۆیییەکان و، هەروەها ناکۆکیی دیموکرات و کۆمارییەکان نهیتوانیوە کە بە ویستی ئیدارەی جۆ بایدن بگەڕێتەوە ناو ڕێککەوتنی ئەتۆمی و ئەم ڕێککەوتنە کارا بکاتەوە. جگە لەمانەیش، گوشاری ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی بۆ سەر ئەو وڵاتە وای کردووە کە، نەتوانێت تاکلایەنە بڕیار بدات و ڕەچاوی بەرژەوهندیی هاوپەیمان و هاوبەشەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەکات. هەروەها زێدەخوازییەکانی ئێرانیش وای کردووە کە، ئیدارەی بایدن نەتوانێت بەئاسانی ڕێککەوتنەکە کارا بکاتەوە، چونکە ئەمریکا ترسی هەیە کە ئێران دەستی بە چەکی ئەتۆمی ڕابگات و هاوسەنگیی هێز لە ناوچەکەدا بگۆڕێت؛ ئەمە جگە لە نیگەرانیی ئەمریکا سەبارەت بە هاوکێشەکانی تری سەربازی و ئاسایشی و سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە ئێران لایەنێکی سەرەکییە تیایدا.
سێیەم: ئیسرائیل
یەکێک لە کاریگەرترین ئەکتەرەکان لە کاراکردنەوە یان شکستی کۆگەکانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی، ئیسرائیلە. چونکە هەم هاوپەیمانی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا و تەنانەت لە ئەمریکایش خاوەن لۆبییەکی بەهێزە و کاریگەریی لەسەر سیاسەتەتمەدار و ڕای گشتیی ئەمریکا هەیە و، هەمیش گەورەترین مەترسیی لە چالاکییەکانی ئێران لە بواری ئەتۆمی و مووشەکی هەیە و بەردەوام ئێران هەڕەشەی سڕینەوە و لەناوبردنی ئیسرائیل دەکات. جگە لەمانەیش ئیسرائیل نیگەرانە کە لادانی سزاکانی سەر ئێران وا بکات کە، ئێران دەستی بە سەدان میلیار دۆلار ڕابگات و لەم ڕێگەیەوە جارێکی تر پەرە بە بەرنامە مووشەکی و سەربازییەکانی بدات و لە هەمان کاتیشدا لەم ڕێگەیەوە لە ڕووی دارایی و چەکەوە زیاتر یارمەتیی پرۆکسییەکانی لە ناوچەکە- کە دوژمنی ئیسرائیلن- بدات. لەم نێوهندەدا سێ ڕوانگەی سەرەکی لەلایەن ئیسرائیلییەکان سەبارەت بە کاراکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی بەپێی تێڕوانینیان بۆ پاراستنی بەرژەوەندی و ئاسایشی ئیسرائیل لەم پرسەدا بوونی هەیە:
١- ڕوانگەیەک کە بەتەواوی دژی کاراکردنەوەی ڕێککەوتنەکە و چوونەوەی ئەمریکایه بۆ ناو ئەم ڕێککەوتنە. توندڕەوەکانی ئیسرائیل و بەتایبەتی دەزگهی مووساد نوێنەرایەتیی ئەم ڕوانگەیە دەکات.
٢- ڕوانگەیەک لەگەڵ ئەوەیە کە ئەمریکا بگەڕێتەوە ناو ڕێککەوتنەکە و ڕازییە بە کاراکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی، بەڵام بە سەپاندنی مەرجی قورس و درێژکردنەوەی زیاتری ماوەی دەستپێڕاگەیشتنی ئێران بە لێخۆشبوونەکان یان هەتاهەتاییکردنی سنووردارییەکانی ئێران لە بواری چالاکییە ئەتۆمییەکانی و، هەروەها لانەبردنی هەموو ئابڵووقە و سزاکانی سەر ئێران. ئەمەیش سیاسییەکان و حزبەکانی ئیسرائیل و بەشێک لە ئەندامانی کابینەی حکوومەتی ئیسرائیل پشتیوانی لەم تێڕوانینە دەکەن.
٣- ڕوانگەیەک هەیە کە پێی وایە کە کاراکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی بە قازانجی ئیسرائیلە، چونکە لەم ڕێگەیەوە دەتواندرێت کات و دەرفەتی پێویست بۆ ئیسرائیل دروست بکات کە بتوانێت لە داهاتوودا ڕووبەڕووی هەڕەشەکانی ئێران ببێتەوە و، لە ئێستادا ئەم ڕێککەوتنە نوێیە بەهۆی وەستاندنی چالاکییە ئەتۆمییهكانی ئێران لە دەرەوەی ڕێککەوتنی ساڵی ٢٠١٥، دەتوانێت هەڕەشەکانی ئێران و مەودای دەستپێڕاگەیشتنی ئێرانییەکان بۆ بەدەستهێنانی توانای دروستکردنی چەکی ئەتۆمی، درێژ و دوور بکاتەوە. هەروەها ئەم ڕوانگەیە لەگەڵ ئەوەیە کە بۆ ناچارکردنی ئێران بە ڕازیبوون بە مەرجەکانی ئاژانسی نێودەوڵهتیی وزەی ئەتۆمی، هەروەها پێویستیشە لەلایەن ئەمریکاوە هەڕەشەیەکی سەربازیی پشتڕاستکراوەی بڕواپێکەر و ڕاستەقینە لە ئارادا بێت کە ئێران ناچار بێت لە ترسی هێرشی سەربازی، چالاکییەکانی بوەستێنێت و بگەڕێتەوە ناو ڕێکكەوتنەکە و سنووردارییەکانی؛ بەگشتی سوپای ئیسرائیل و هەواڵگریی سوپا و جەنەڕاڵەکانی ئیسرائیلی، نوێنەرایەتی و بەرگری لەم ڕوانگەیە دەکەن.
چوارەم: ڕووسیا
ڕووسیا یەکێکه لەو وڵاتانەی کە هەم پشتیوانیی سیاسی و سەربازی لە ئێران دەکات و هەمیش بەشدارە لە ڕێکكەوتنەکە و لە هەمان کاتیشدا لە پاش سەرهەڵدانی جەنگی ڕووسیا و ئۆکراینا، بۆتە هاوبەشێکی ئابووریی ئەو وڵاتە. ئەمە جگە لەوەی کە ڕووسیا بەشدارە لە پەرەپێدانی بەشێک لە دامەزراوە ئەتۆمییهكانی ئێران، بەڵام پاش هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، ڕووسیا بەهۆی سزا و ئابڵووقەکانی سەر ئەو وڵاتە و بۆ ئەوەی کە بتوانێت لە فرۆشتنی نەوت و گازی خۆی بە نرخێکی بەرز بەردەوام بێت و، هەروەها کارتی وزە وەکوو چەکێک لە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان لە دژی ڕۆژاوا بەکار بێنێت، بەردەوام بەربەستی بۆ ڕێکكهوتنەکە دروست کردووە و لە یەکێک لە گەڕەکانی دانوستان کە ڕێککەوتنەکە لە واژۆکردنی نزیک ببووەوە لە ڕێگەی نوێنەرەکەیەوە (Mikhail Ulyanov) لە کۆگەکانی ئەتۆمی ڕایگەیاند کە هەر ڕێککەوتنێکی ئەتۆمی، دەبێت ڕەچاوی بەرژەوەندییەکانی ڕووسیا بکات و ڕووسیا لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران سزای ئەمریکا و ئەوروپای لەسەر لا ببرێت. لە ڕاستیدا ئەم هەڵوێستەی ڕووسیا، هەم ئەمریکا و ئەوروپا و هەمیش ئێرانییەکانی شۆک کرد، بەڵام بەهۆی پێویستیی ئێران بە پاڵپشتییەکانی ڕووسیا، سیاسییە ئێرانییەکان ناچار بوون کە لانی کەم لە ئاستی فەرمیدا بێدەنگی هەڵبژێرن. بۆیە بەپێی ڕوانگەی شرۆڤەکارانەوە ڕووسیا ئێرانی بەبارمتە گرتووە و تاوەکوو بەرژەوەندییەکانی نەیەتە دی، وا بەسانایی ڕازی نابێت کە ئێران لە فرۆشتنی نەوت و گاز جێگەی بگرێتەوە و تەنانەت ئێران بۆ لای ڕۆژاوا بچێت؛ هەرچەندە بەپێی توێژینەوە و زانیارییەکان ئەستەمە ئێران بتوانێت جێگەی ڕووسیا لە بواری نەوت و گازدا لە بازاڕەکان بگرێتەوە؛ بەڵام زانیارییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەدەن کە ئێران لە پاش گەمارۆکانی ڕۆژاوا، لە ڕووی سەربازی و تەنانەت دابینکردنی درۆنەوە یارمەتیی ڕووسیا دەدات.
پێنجەم: سعوودیا و وڵاتانی عەرەبیی کەنداو
سعوودیا و وڵاتانی عەرەبی جگە لە ڕووی هەڕەشە سیاسی و سەربازی و دەستوەردانەکانی ئێران و، هەروەها ناکۆکییە ئایدیۆلۆژییەکانیان لەگەڵ ئێران، مەترسییان لە بەرنامەی ناوکیی ئێران هەیە و بەردەوام ئەوەیان ڕاگەیاندووە. هەر بۆیە ئەمریکا جگە لەوەی کە هەوڵی داوە ئەو وڵاتانە لە ئیسرائیل نزیک بکاتەوە، لە هەمان کاتیشدا ناچارە بەهۆی هاوکێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پرسی وزە، ڕەچاوی نیگەرانییەکانیان بکات. بۆیە ئەو وڵاتانە بەناڕاستەوخۆ بەشدارن لەم کۆگهیانە و تەنانەت لە قۆناغێکیشدا رایانگەیاند کە پێیان باشە کە بەشێک بن لەم ڕێککەوتن یاخود کۆگهیانە. هەر بۆیە ئەمریکا ناتوانێت پشتگوێیان بخات و دەبێت بە جۆرێک ڕێککەوتنەکە بکرێت کە مەترسیی ئەم وڵاتانە و دڵەڕاوکێکانیان بڕەوێنێتەوە. بۆیە ئەو وڵاتانەیش لە لایەک بەهۆی بەرزبوونەوەی ڕۆڵی ڕووسیا و چین لە ناوچەکە و لە لایەکی تریشەوە پرسی وزەوە دەتوانن گوشار لە ئەمریکا بکەن.
کۆبەند
ئەمریکا: ئیدارەی جۆ بایدن بەتوندی خوازیاری کاراکردنەوەی ئەم ڕێککەوتنەیە، بەڵام هەڵبژاردنەکان و گوشارە ناوخۆیی و دەرەکییەکان تاوەکوو ئێستا ڕێگر بوونە.
ڕووسیا: دەیەوێت زۆرترین دەستکەوتی لەم پرسەدا هەبێت و ئێرانی بەبارمتە گرتووە؛ هەروەها ڕووسیا دەیەوێت لە ڕێگەی ئێرانەوە ئابڵووقە و سزاکانی ئەمریکا و ئەوروپا بشکێنێت.
ئیسرائیل: دابەش بۆتە سەر سێ ڕوانگەی سەرەکی سەبارەت بە ڕێككهوتنی ئەتۆمی، بەڵام لە ڕاستیدا ڕێککەوتنێکی توندوتۆڵتر و درێژخایەنتر و گەرەنتی و پاڵپشتیی سەربازی-داراییی ئەمریکای دەوێت؛ جگە لەمانەیش دەیەوێت هەمیشە هەڕەشەی هێرشی سەربازی و چالاکیی هەواڵگری لە دژی ئێران کارا و له ئارادا بێت.
سعوودیا و وڵاتانی عەرەبی: گەرەنتییان لە ئەمریکا دەوێت و، لە لایەکی تریشەوە نە ڕوودانی جەنگ و نە ئەتۆمیبوونی ئێرانیان دەوێت. بۆیە وڵاتانی عەرەبی ڕێککەوتنێکی توندوتۆڵتر و درێژخایەنیان دەوێت کە لە داهاتوودا بوارەکانی تریش وەکوو دەستوەردانی ئێران و بەرنامەی مووشەکییش بگرێتەوە.
ئێران: جگە لە گەرەنتی و ڕێککەوتنێکی ئاسایی وەکوو ساڵی ٢٠١٥، لە هەمان کاتدا زۆرترین دەستکەوت و کەمترین تێچوو و سنووردارێتیی بەرنامە ئەتۆمییەکەی دەوێت، بۆیە دەیەوێت لە پێگەیەکی بەهێزەوە لە هاوکێشە نوێیەکاندا بچێتە ناو ڕێککەوتنەکەوە. هەروەها ئێران دەیەوێت لە ئاستی ناوخۆیی و ڕای گشتیدا و لە ڕێگەی لادانی سزا و گەمارۆکانی و بەردەوامبوون لە چالاکییەکانی، ئەم ڕێککەوتنە بە دەسکەوت بناسێنێت.
دۆخی ئێستای "بێ ڕێککەوتن" هێشتا نەبۆتە ئەولەوییەتی سەرەکیی سیاسەتی دەرەوەی بایدن؛ بەڵام بەو پێیەی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران لە هەموو کاتێک نزیکترە لە گەیشتن بە توانای بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی، دۆخی ئێستا دەتوانێت بەئاسانی بەرەو قەیرانی ئەتۆمی بڕوات. لەم چوارچێوەیەدا، ئەگەر هەوڵەکان بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی JCPOA کاتێکی زۆری بوێت یان شکست بهێنێت، پێشبینیکردنی هەڵوێستی ئێران و ئەمریکا زۆر ئەستەم نییە. لەم حاڵەتەدا، واشنتۆن زیاتر سەرنجی لەسەر سەپاندن، جێبەجێکردن و پەرەپێدانی سزاکان دەبێت و ئەم جارە و ئەم گەڕەی سزاکان، بەپێچەوانەی سەردەمی ترامپ، پاڵپشتی و هاوبەشی و پشتیوانیی هاوپەیمانە ئەوروپییەکانیشی هەیە. هەروەها ئەگەرێکی بەهێزە لەم دۆخەدا ئەمریکا بەرەو هەڕەشەی بەکارهێنانی هێز بڕوات، بەتایبەت ئەگەر دەربکەوێت کە ئێران بەرەو دروستکردنی چەکی ئەتۆمی هەنگاو دەنێت. لە لایەکی دیکەوە، تاران بەخێرایی هەوڵ دەدات بەرنامە ئەتۆمییەکەی فراوانتر بکات و، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ڕێگەی پرۆکسییەکانییەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکاتە ئامانج. لە ئەنجامدا ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگ بەرز دەبێتەوە و لە ئاستی ناوخۆییی ئێرانیشدا ئەگەری سەرهەڵدانی شۆڕش بەهۆی قەیرانی ئابووری بەرز دەبێتەوە و، ئەم جارە ئەگەرێکی بەهێز ئەوەیە کە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی ئێران و بەهێزبوونی ڕووسیا و چین لە ڕێگەی ئێرانەوە لە ناوچەکەدا، ئەمریکا و ئەوروپییەکان پشتیوانی لە گۆڕانی سیستەم و ڕووخانی کۆماری ئیسلامی دەکەن. لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکانی ئەم دوایییەی ئێران، لەوانەیە وا بکات ئێران ناچار بێت بۆ ڕەواندنەوەی مەترسییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان، بەتایبەت لەلایەن ئەمریکاوە، بە مەرجەکان ڕازی بێت و پاشەکشە لە بەشێک لە داواکارییەکانی بکات و ڕازی بێت بە کاراکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئەمریکا.