هەرێمی کوردستان و ئیتاڵیا: چی وا دەکات جۆرجیا مێلۆنی، ڕاستڕەوی ڕادیکاڵ، وەکوو سەرۆکی دەوڵەتان پێشوازی لە نێچیرڤان بارزانی بکات؟

د. پەرویز ڕەحیم قادر، دکتۆرا لە ئاسایشی نەتەوەیی و مامۆستای زانکۆ

ڕێكه‌وتی ١٣-٤-٢٠٢٣، لەسەر بانگهێشتنی جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، چووە ڕۆما و لەگەڵ باڵاترین بەرپرسانی دەوڵەتانی ڤاتیکان و ئیتاڵیا کۆمەڵێک دیدار و کۆبوونەوەی ئەنجام دا. ئەو کەسانەی کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی بەفەرمی کۆبوونەوەی لەگەڵیاندا کرد بریتی بوون لە: پاپا فڕانسیس، كارديناڵ "پيترۆ پارۆلين"، سه‌رۆكوه‌زيرانى ڤاتیکان و "ئينيازيۆ لاڕووسا" سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى پيرانى ئيتاڵيا، پاشان "لۆرێنزۆ فۆنتانا" سه‌رۆكى په‌رله‌مانى ئيتاڵيا، جێگری سەرۆكوەزیران و وەزیری دەرەوەی ئيتاڵیا "ئه‌نتۆنيۆ تايانى"، سەرۆكوەزیرانی ئیتاڵیا "جۆرجیا مێلۆنی" و وەزیری بەرگری "گویدۆ کرۆسێتۆ". بەپێی ڕاگەیه‌ندراوە فەرمییەکانیش گرنگترین ئەو پرسانەی کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە تاوتوێ کران، بریتی بوون لە: جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر به‌رده‌واميى بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كان و هاريكاريى هاوبه‌ش، به‌تایبه‌تی له‌ بواری ئابووری و وزه‌، دۆخى پێكه‌وه‌ژيان له هه‌رێمى كوردستان، حه‌واندنه‌وه‌ و پاراستنى ئاواره‌كان، به‌تایبه‌تى ئاواره‌ مه‌سيحييه‌كان، پەیوەندییەکانی نێوان ڕۆما و هەولێر و بەغدا، جه‌نگی دژی داعش و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و دۆخی عێراق و ناوچەکە.

 جێگەی ئاماژەیە کە ئیتاڵیا ئەندامی "هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش"ە و نزیکەی 900 ڕاوێژکاری سەربازیی ئيتاڵیا لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا هەن. هەروەها لە ڕێکەوتی ٢٣-١٢-٢٠٢٢دا، جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا دوای سەردانی بۆ بەغدا و کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی عێراق، بە مەبەستی بەسەرکردنەوەی سەربازانی وڵاتەکەی و کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، گەیشتە هەولێر. پێشووتریش، ماتیۆ ڕێنزی، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری ئیتاڵیا کە لە 20ی ئابی 2014 بە یاوەریی شاندێکی باڵا سەردانی هەولێری کردووە و لەگەڵ هەر یەکە لە سەرۆک بارزانی، سەرۆکی ئەوکاتی هەرێمی کوردستان و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی هەرێمی کوردستان کۆ بووەته‌وه‌. 

لێرەدا پرسیاری سەرەکی ئەمەیە: گرنگیی ئەم سەردانەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە چیدایە؟ بۆ وه‌ڵامدانەوەی ئەم پرسیارەیش، پێویستە بە شێوەیەکی خێرا ئاوڕێک لە گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ئەم دوایییەی ئیتاڵیا و به‌تایبه‌تی سیاسەت و ڕوانگەی سەرۆکوەزیرانی نوێی ئەو وڵاتە لەژێر تیشکی گۆڕانکارییە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکاندا بدەینەوە، بۆ ئەوەی وێنایەكی ڕوونتر لەم پەیوەندییانە و گرنگییان بخەینە ڕوو. لە ڕوانگەیەکی تریشەوە پرسیارەکە ئەمەیە: چی وا دەکات سەرۆکوەزیرانێکی ڕاستڕەوی ڕادیکاڵ لەگەڵ سەرۆکی ئەکتەرێکی نادەوڵەتیی وەک هەرێمی کوردستان، کە بەکەسێکی میانڕەو دەناسرێت، کۆ دەکاتەوە؟ 

جۆرجیا مێلۆنی سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان

ئيتاڵیا و گۆڕانکارییە سیاسییەکان

ئيتاڵیا سێیەم گەورەترین ئابوورییە لە یەکێتیی ئەوروپادا، بەڵام قەرازترینه‌ پاش یۆنان؛ هەروەها ئيتاڵیا ئەندامی دامەزرێنەری یەکێتیی ئەوروپا و ئەندامی ناتۆیە. هەر بۆیە پەیوەستبوونی جۆرجیا مێلۆنی بە "ڕاستی توندڕەو"ەوە، ئیتاڵیاشی خستۆتە سەر هەمان ڕێڕەوی هەنگاریا و، نیگەرانیی وڵاتانی دیکەی ئەندامانی یەکێتیی ئەوروپای لێ کەوتووەتەوە؛ چونکە ئەنجامی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی ئیتاڵیا، کە ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٢ بەڕێوە چوو، لە چەندان ڕووەوە بێوێنە بوو. لەو هەڵبژاردندا، ڕاستڕەوترین حزبی سەردەمی دوای جەنگی دووەمی جیهانی، بەناو "براکانی ئيتاڵیا" (فراتێلی دی ئيتاڵیا) زۆرترین دەنگی بەدەست هێنا. سەرۆکی حزبەکە ناوی "جۆرجیا مێلۆنی"یە و تەمەنی ٤٥ ساڵە. بەم شێوەیە ئيتاڵیا بۆ یەکەم جار حکوومەتێکی هەیە کە ژنێک سەرۆکایەتیی دەکات.

حزبەکەی خاتوو مێلۆنی زۆرترین دەنگی بەدەست هێنا، لە هەڵبژاردنێکدا کە کەمترین ڕێژەی بەشداریکردن لە مێژووی دوای جەنگی دووەمی جیهانی لە ئیتاڵیادا تۆمار کرا. هاووڵاتیانی ئيتاڵیا هەمیشە بەشدارییەکی سیاسیی بەرزیان لە هەڵبژاردنەکاندا هەبووە؛ زۆر جار ڕێژەی بەشداریکردنی دەنگدەران، لە هەندێک لە وڵاتانی ئەوروپیی دراوسێی ئيتاڵیا زیاترە. بۆ نموونە زیاتر لەسەدا ٩٠ی دەنگدەران لە ساڵی ١٩٧٩دا چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان و، ئەم ئامارانە لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا و لە ساڵانی نەوەدەکاندا لە ئاستێکی بەرزدا مانەوە؛ بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا تەنیا ٦٣.٧٩% بووه‌، کە دەکاتە (29,355,592) کەس لە کۆی (46,021,956)ی هاووڵاتی کە مافی دەنگدانیان هەبووە، لە کۆی (62,444,808) هاووڵاتیانی  ئيتاڵیا. هەروەها بەشداری لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی ساڵی ٢٠١٨دا لەسەدا ٧٣ بووە. بەپێی ئامارەکان پێ دەچێت زیاتر لە دە ساڵە ڕێژەی بەشداریکردنی دەنگدەران لە هەڵبژاردنەکانی ئيتاڵیا لە دابەزیندایە.

 ئەم حزبە لە هەڵبژاردنی 2018 تەنیا 4%ی دەنگەکانی بەدەست هێناوە؛ ئێستایش زیاتر لە 26%ی دەنگەکانی بەدەست هێناوە. لە ڕاستیدا، بەهێزیی خاتوو مێلۆنی و حزبەکەی لە هەڵبژاردنەکەدا، جەختکردنەوە بوو لەسەر ئەوەی کە بەپێچەوانەی زۆربەی حزبە ئاسایییەکانی ئيتاڵیا، لە ١٠ ساڵی ڕابردوودا پشکی لە حکوومەتدا نەبووە و هەر بۆیە خەڵک دەتوانن خۆیان و، هه‌روه‌ها ئەویش تاقی بکەنه‌وه‌. لە دوای جەنگی جیهانیی دووەم، بەهۆی نەبوونی ڕێژەی یاسایی، پەرلەمانی ئيتاڵیا تێکەڵەیەک لە ژمارەیەکی زۆر لە حزبە بچووک و گەورەکانی لەخۆ گرتووە و پێکهێنانی حکوومەتی ناسەقامگیر و لەرزۆک بە تێکەڵەیەک لە گەندەڵی و پەیوەندی بە مافیا، تایبەتمەندیی ئەم وڵاتە بووە.

لەم چوارچێوەیەدا، گۆڕینی خێرای حکوومەتەکان لە ئيتاڵیا بۆتە بەشێک لە کەلتووری ئەو وڵاتە؛ واتە لە ئيتاڵیا بەتێکڕا هەر ١٤ مانگ جارێک حکوومەتێک هەڵدەوەشێتەوە و حکوومەتێکی نوێ پێک دەهێنرێت. ئيتاڵیا لە ماوەی ٧٧ ساڵدا دوای جەنگی جیهانیی دووەم، ٦٧ حکوومەتی بەخۆیەوە بینیوە؛ بە واتایەکی تر، حکوومەتەکانی ئيتاڵیا بەتێکڕا لە ١٤ مانگ زیاتر به‌رده‌وام نه‌بوونه‌. هەر لەبەر ئەم هۆکارەیش ​​ئيتاڵیا لە ئەوروپادا تاقانەیە و بە وڵاتی "ناسەقامگیریی بەردەوام" ناسراوە. بەڵام لەم ساڵانی ڕابردوودا دوای گۆڕانکاری له یاسای هەڵبژاردنەکان، تەنیا ئەو حزبانەی کە لەسەدا سێی دەنگەکان بەدەست دەهێنن، مافی ئەوەیان هەیه بچنه ناو پەڕلەمانەوه. ئەم ڕێژە یاسایییە لە حاڵەتی هاوپەیمانییەکاندا 10%یە؛ بە مەرجێک هەر لایەنێکی ناو هاوپەیمانییەکە لانی کەم لەسەدا یەکی دەنگەکانی بەدەست هێنابێت.

پێ دەچێت حکوومەتەکانی ئيتاڵیا لە سووڕێکی خراپی داڕمانی هاوپەیمانیی لایەنە پشتیوانەکانیان گیریان خواردبێت؛ چونکە هەر جارە بەهۆی پچڕانی پاڵپشتیی یەکێک لە حزبە ئامادەبووەکانی هاوپەیمان، حکوومەتی نوێ ناچار دەبێت دەست لەکار بکێشێتەوە و حکوومەت هەڵوەشێتەوە. لە سیستەمی سیاسیی ئيتاڵیادا وەزیرەکانی کابینە لەلایەن سەرۆککۆمارەوە دیاری دەکرێن نەک سەرۆکوەزیران. بۆیە هەر جارەی سەرۆکوەزیران وەک سەرۆکی حکوومەت بیەوێت گۆڕانکاری لە کابینەی حکوومەتدا بکات، ناچارە دەست لەکار بکێشێتەوە. بەڵام ئەم میکانیزمە هۆکاری سەرەکی نییە بۆ کورتبوونەوەی تەمەنی حکوومەتەکانی ئيتاڵیا. یەکێک لە هۆکارەکانی ئەم ناسەقامگیرییە ڕەنگە سروشتی شاراوەی ئەو جه‌نگە ساردە سیاسییە بێت کە لە نێوان لایەنەکانی ئەم وڵاتەدا دەگوزەرێت؛ ئەو جه‌نگەی کە لەم چەند ساڵەی دواییدا بەهۆی ناکۆکیی نێوان لایەنەکان لەسەر پرسە بنەڕەتییەکانی وەک مانەوەی ئيتاڵیا لە ناوچەی یۆرۆ و کاریگەریی یەکگرتنی ئيتاڵیا لەگەڵ ناوچەی یۆرۆ لەسەر دۆخی ئابووریی وڵاتەکە، توندتر بووە. هەروەها لەم ساڵانە پرسی کۆچبەران بۆ ئیتاڵیا پرسێکی سەرەکی و جێگەی مشتومڕ بووە.

بەڵام دەتوانرێت بنەڕەتیترین فاکتەری ناسەقامگیریی سیاسی لە ئيتاڵیادا پشتبەستنی بە سیستەمی "نوێنەرایەتیی ڕێژەیی" هەژمار بکرێت؛ سیستەمێکی تایبەتی هەڵبژاردن بۆ وڵاتانی فرەحزبی، کە بەپێی ئەو سیستەمە هەر لایەنێک بە ڕێژەی ئەو دەنگانەی لە هەڵبژاردندا بەدەستی دەهێنێت، کورسییەک لە پەرلەمان بەدەست دەهێنێت. بە گوێرەی ڕاپۆرتی ئیکۆنۆمیست، ئەم تایبەتمەندییە بووەتە هۆی زیادبوونی بەرچاوی ژمارەی حزبەکان لە ئیتاڵیا و فرەییی حزبەکان بە واتای پێویستیی دروستکردنی هاوپەیمانییەک بۆ پێکهێنانی حکوومەت لە سیستەمی فرەحزبیدا. یاساکانی هەڵبژاردن، لەوانەیش یاساکانی ئێستای ئیتاڵیا، پشتیوانی لە پێکهێنانی هاوپەیمانیی سیاسی دەکەن و هانی حزبەکان دەدەن بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی. بەڵام هیچ ڕێگەچارەیەک لە یاساکاندا نییە بۆ ڕێگریکردن لە داڕمانی هاوپەیمانییەکان دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردن. لەم چوارچێوەیەدا، ڕیشەی ناسەقامگیریی سیاسی لە ئيتاڵیا لە ئامادەییی پەرلەمانتارە هەڵبژێردراوەکانی ئيتاڵیادایە، چونکە حزبەکانیان بەجێ ده‌هێڵن و حزبگەلێکی نوێ پێک دەهێنن؛ پرۆسەیەک کە لە کۆتاییی سەدەی نۆزدەیەم لە سیاسەتی ئيتاڵیا دەستی پێ کرد و تا ئەمڕۆیش بەردەوامە.

لە هەمان چوارچێوەدا، لە دوو دەیەی ڕابردوودا، دەنگدەرانی ئيتاڵی، حزبە جیاواز و تازە پێگەیشتووەکانیان هێناوەتە سەر دەسەڵات و دواتر جارێکی دیکە لایان بردوون؛ لە حزبە ڕاستڕەو و پۆپۆلیستەکانی وەک فۆرزا ئيتاڵیا (Forza Italia) بە سەرۆکایەتیی سیلڤیۆ بێرلۆسکۆنی تا دەگاتە حزبی لێگا (Lega per Salvini Premier)ی ماتیۆ سالڤینی، تاوەکوو چەپەکان وەک حزبی پێنج ئەستێرە ( (M5S و ...؛ ئێستایش حزبی برایانی ئيتاڵیای خاتوو مێلۆنی.

ڕوانگە سیاسییەکانی جۆرجیا  مێلۆنی

دامەزرێنەرانی حزبی "براکانی ئيتاڵیا" کە جۆرجیا مێلۆنی سەرۆکایەتیی دەکات، نەوەی سیاسیی "بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیی ئيتاڵیا"ن؛ ڕێکخراوێکی سیاسی کە لە دوای جەنگی جیهانیی دووەم لەلایەن لایەنگرانی دیکتاتۆری فاشیستی ئيتاڵیا، بێنیتۆ مۆسۆلینی دامەزراوە. بەڵام دوای یەک مانگ لە سەرکەوتنە مێژوویییەکەی هاوپەیمانیی حزبە ڕاستڕەوەکان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئیتاڵیا کە بووە هۆی وەرگرتنی سەرۆکایەتیی حکوومەت لەلایەن جۆرجیا مێلۆنی، ناوبراو لە ڕێکەوتی (٢٥-١٠-٢٠٢٢) بە پەرلەمانی ئیتاڵیا ڕای گەیاند، کە هەست بە نزیکی لە فاشیزم ناکات. هەرچەندە جۆرجیا مێلۆنی ماوەی نزیکەی 10 ساڵە سەرکردایەتیی حزبەکەی دەکات، بەڵام ئەزموونی لە حکوومەتدا سنووردارە و بۆ ماوەیەک وەک گەنجترین وەزیری ئیتاڵیا لە حکوومەتی بێرلۆسکۆنی لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٨-٢٠١١ كاری كردووه‌. حزبەکەی مێلۆنی لە هەڵبژاردنەکانی ئەیلوولی ٢٠٢٢ بە ٢٦%ی دەنگەکان سەرکەوتنی بەدەست هێنا؛ هەرچەندە چوار ساڵ پێشتر تەنیا ٤.٣%ی دەنگەکانی بەدەست هێنابوو.

هەروەها  بەرەنگاری لەگەڵ کۆچی نایاسایی، بەتایبەتی لە ئەفریقاوە بۆ وڵاتەکەی، یەکێکی دیکە بوو لە تەرکیزەکانی وتارەکەی جۆرجیا مێلۆنی لە پەرلەمانی ئیتاڵیا کە تایبەت بوو بە ڕوونکردنەوەی سیاسەتە گشتییەکانی حکوومەتەکەی. سەرۆکی حزبی ڕاستڕەوی توندڕەوی "براکانی ئیتاڵیا" (Brothers of Italy) کە لە ساڵی ٢٠١٢ دامەزراوە، جەختی لەوە کردەوە کە حکوومەت بە سەرکردایەتیی ئەو، "دەرچوونی نایاسایی" لە ئەفریقا بۆ نیمچەدوورگەی ئیتاڵیا ڕادەگرێت. خاتوو مێلۆنی لەم چوارچێوەیەدا ڕای گەیاند کە، حکوومەتی ئیتاڵیا بڕیاری داوە کۆچی نایاسایی لە ئەفریقاوە بۆ وڵاتەکەی ڕابگرێت و ڕێگەی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە لە دەریای ناوەڕاستدا دابخات.

پاشان سەرۆکوەزیرانی نوێ و ڕاستڕەوی ئیتاڵیا جەختی لە پابەندبوون بە بەڵێنەکانی ئەوروپا و، هەروەها پەیمانیی سەربازی و بەرگری لەگەڵ ڕۆژاوا کردەوە و ڕای گەیاند کە، بەهێزتر لە جاران، وڵاتەکەی لە سنگی ئەوروپا و ناتۆدا دەهێڵێتەوە. لەم پێوەندییەدا، یەکەمین سەرۆکی دەوڵەتی ژن لە مێژووی ئیتاڵیادا بیری هێنایەوە کە وڵاتەکەی هێشتا "بەتەواوی بەشێکە لە ئەوروپا و جیهانی ڕۆژاوا". هەروەها جۆرجیا مێلۆنی بەڵێنی دا کە ئیتاڵیا وەک "هاوبەشێکی متمانەپێکراو بۆ ناتۆ لە پشتیوانیکردنی ئۆکراینا لە دژی دەستدرێژیی سەربازیی ڕووسیا" دەمێنێتەوە.

پاشان سەرۆکوەزیرانی ئيتاڵیا لەو بارەوە جەختی لەوە کردەوە: "خۆبەدەستەوەدانی ئيتاڵیا و ئەوروپا بە پووتین لە ڕێگەی وزەوە، کێشەکە چارەسەر ناکات، بەڵکوو کێشەکە خراپتر دەکات". پاشان ڕوونی کردەوە کە تەسلیمبوون لەم ڕووەوە، ڕێگه‌ بۆ ئیدیعا و بەبارمتەگرتنی زیاتری ڕووسیا خۆش دەکات و بەم شێوەیە تێچووی وزە لە داهاتوودا زیاتر دەکات لەوەی لە چەند مانگی ڕابردوودا بینیمان. سەبارەت بە دژایەتییەکانی ڕابردووی جۆرجیا مێلۆنی بۆ یەکێتیی ئەوروپا، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا ڕای گەیاند: "یەکێتیی ئەوروپا ماڵێکی هاوبەشە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵنگارییانەی کە وڵاتانی ئەندام، بەزەحمەت دەتوانن بەتەنیا ڕووبەڕووی ببنەوە."

هەرچەندە، ماتیۆ سالڤینی، سەرۆکی حزبی لیگی ڕاستڕەوی توندڕەو و سیلڤیۆ بێرلۆسکۆنی، سەرۆکوەزیرانی پێشوو کە هاوپەیمانی سەرەکیی خاتوو مێلۆنین، پەیوەندییەکی نزیکیان لەگەڵ ڕووسیا هەیە؛ بەڵام جۆرجیا مێلۆنی پشتگیری لە سزاکانی ڕۆژاوا بۆ سەر ڕووسیا دەکات و، دژایەتییەکانی بۆ سیاسەتەکانی یەکێتیی ئەوروپای کەم کردووەتەوە. ئه‌وه‌ی ڕاستی بێ، ئەم لێدوانانە ئامانجیان دڵنیاکردنەوەی هاوبەشەکانی ئیتاڵیایە لە برۆکسڵ و ناتۆ؛ بەو پێیەی خاتوو مێلۆنی لە هاوپەیمانییەکەوە هاتە سەر دەسەڵات، کە ئەندامەکانی بریتین لە ماتیۆ سالڤینی، سەرۆکی حزبی لیگی ڕاستڕەو و سیلڤیۆ بێرلۆسکۆنی، سەرۆکی فۆرزا ئيتاڵیا، کە یان لایەنگری ڤلادیمیر پووتینن یان پەیوەندیی دۆستانە و نزیکیان لەگەڵدا هەیە. هەموو ئەمانە ئەوە دەردەخەن کە مێلۆنی دیدێکی ڕوونی هەیە بۆ ئەو ئيتاڵیایەی کە دەیەوێت دروستی بکات: ئيتاڵیایەک کە لە ڕووی ئابوورییەوە نیولیبراڵ بێت و لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە نەریتپارێز یاخود پارێزگار و لە ڕووی سیاسییەوە تا ڕاددەیەک داخراوتر و لیبرالیزمی سیاسیی دوورتر. بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا شتێکی کەم لە دیدگه‌کەیدا هەبووە کە نوێ بێت. تەنانەت ئاماژەدان بە هەموار و ڕیفۆرمی دەستووری، شتێکی نوێ نییە و پێشتریش لایەنە جیاوازەکان باسیان کردووە. جێگەی ئاماژەیە کە دەستووری ئيتاڵیا لە دوای جەنگی جیهانیی دووەم، هاوشێوەی ئەڵمانیا، بەپێی ئەزموونی سەردەمی هیتله‌ر و مۆسۆلینی، بە شێوەیەک نووسراوە کە هێز و دەسەڵات لە دەستی تاکەکاندا چڕ نەبووەتەوە و پەرلەمان وەک ناوەندی بڕیارەکان بمێنێتەوە. بەرگریکارانی سیستەمی کۆماری لە ئيتاڵیا هێشتا ئەم تایبەتمەندییەی دەستوور بە دەستکەوتێک دەزانن کە پێویستە بپارێزرێت و بەرگریی لێ بکرێت.

هەروەها تا ئێستایش جۆرجیا  مێلۆنی دروشمی کۆن و ڕاستڕەوانەی سەرۆکوەزیرانی فاشیستی ئيتاڵیا، بێنیتۆ مۆسۆلینیی هەڵگرتووە کە بریتییە لە: "خودا، نیشتمان و خێزان". جگە لەمانەیش، خاتوو مێلۆنی لە ڕابردوودا دژی مافەکانی "ئێڵ جی بی تی" چالاکیی کردووە و بەردەوام هۆشداریی داوە لە مەترسیی کۆچبەرە موسڵمانەکان.[1] لە ڕاستیدا، دروشمی "خوا، نیشتمان، خێزان" وەک دروشمێکی سه‌ره‌كی لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دوایییەدا بۆ کۆکردنەوەی دەنگ لەنێو چین و توێژە ئەوپەڕی کۆنەپەرست و ناسیۆنالیست و ئایینی و پیاوسالاره‌كانی کۆمەڵگه‌ بوو، چونکە هەموویان لە ئەوروپا به ‌تایبه‌تمەندیی حزبە ڕاستڕەوە ڕادیکاڵەکان دادەنرێن.

سیاسەتی دەرەوەی ئیتاڵیا

هەرچەندە لە سیاسەتی نێودەوڵەتی و بەتایبەتی تیۆرییە ڕیالیستییەکان دەوڵەت گرنگترین ئەکتەرە، بەڵام سیاسەتمەداران و بەرپرسانی باڵای دەوڵەتی، کاریگەری لەسەر چه‌ندایەتی و چۆنایەتیی سیاسەتی دەوڵەتان دادەنێن. هەر بۆیە گۆڕینی بەرپرسانی باڵا ئەگەر نەڵێین گۆڕانی ڕیشەیی، بەڵام دەتوانین به‌ گۆڕانی بەرچاو لەسەر سیاسەتی هەر دەوڵەتێک دابنێن. لەم چوارچێوەیەیشدا، به‌ تێگەیشتن لە ناسنامە و تێگەیشتنی ڕێبەران و سیاسەتی ناوخۆییی دەوڵەتان و بەپێی تیۆرییە ڕیالیستییەکان بەتایبەتی نیۆڕیالیزم، سیستەمی نێودەوڵەتی دەتوانێت وێنایەکی ڕوونترمان لە ئاراستەی سیاسەتی دەرەکیی دەوڵەتان بۆ بخاتە ڕوو. هەر بۆیە کاریگەریی سیستەمی نێودەوڵەتییش بەپێی ئەو ڕۆڵ و پێگە و تێگەیشتنەی بەرپرسانی باڵای دەوڵەتان، کەم و زیاد دەبێت. هەر بۆیە گۆڕانە سیستەمییەکان و ئاڵوگۆڕە ناوخۆیییەکانی ئيتاڵیا، دەتوانێت وه‌ڵامی ئەوە بداتەوە کە بۆچی ئەکتەرێکی نادەوڵەتیی وەکوو هەرێمی کوردستان لە جیهانی دەوڵەت-تەوەردا، پێگە و ڕۆڵی بۆ دەوڵەتانی سیستەمی نێودەوڵەتی دەبێت. لەم نێوەندەیشدا قەیران و جەنگەکان ڕۆڵیان لە بەرزکردنەوەی پێگەی ئەکتەرە نادەوڵه‌تییەکان و تێگەیشتنی ڕێبەر و سیاسەتمەداری وڵاتاندا هەیە. ئەم جەنگەیش دەتوانێت جەنگی دژی داعش و تیرۆر بێت یان جەنگی ڕووسیا و ئۆکراینا و، هەروەها دەتوانێت قەیرانی کۆچبەران بێت یان قەیرانی وزە بێت. لەم نێوەیشدا بۆ ئیتاڵیا هەم ئاڵوگۆڕە ناوخۆیییەکان کاریگەریی لەسەر سیاسەتی دەرەکیی ئەو وڵاتە هەیە وەکوو هاتنەسەرکاری ڕاستڕەوی ڕادیکاڵەکان وەکوو خاتوو جۆرجیا مێلۆنی و هەمیش گۆڕانکارییەکانی سیستەمی و هەڕەشە نێودەوڵەتییەکان وەکوو جەنگی ڕووسیا و ئۆکراینا. بەم پێیەیش ئیتاڵیا دەیەوێت جگە لە سیاسەتی نەریتیی خۆی لە نێوان ئەتلانتیکگەرایی و ئەوروپا-تەوەریدا، گرنگی بە ناوچەی دەریای سپیی ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بدات بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش و بەرژەوەندییەکانی لە نێوان هێزی ڕکابەر و پاشان نەیارەکانی. هەر ئەمەیش وای کردووە کە ئیتاڵیا لە چوارچێوەی ئاسایشی و مرۆڤدۆستانەدا، بەشدار بێت لە هاوکێشە ئەمنی و سەربازییەکانی ئەفغانستان، باڵکان، لیبیا و پاشان عێراق.

 بە شێوەیەکی گشتی کاتێک کە لە ئاستی ناوخۆییی ئیتاڵیادا حزب و لایەنە چەپەکان باڵادەست دەبن، ئەوا سیاسەتی دەرەوەی ئیتاڵیا بەرەو ئەوروپا-تەوەری دەڕوات و پەیڕەویکردنی لە سیاسەتی یەکێتیی ئەوروپا بەسەر سیاسەتی دەرەکیی ئەو وڵاتەدا زاڵ دەبێت. بەپێچەوانەیشەوە، کاتێک کە حزبە ڕاستڕەوەکان زاڵ دەبن بەسەر سیاسەتی ناوخۆییی ئەو دەوڵەتەدا، ئەوە ڕوانگەی ئەتلەنتیکگەرایی و نزیکبوونەوە لە سیاسەتەکانی ئەمریکا بەسەر سیاسەتی دەرەکیی ئیتاڵیادا زاڵ دەبێت.

هۆکار و پاڵنەرەکانی پێشوازیی ئاستیبەرز لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا

ئیتاڵیا دەیەوێت لە ناوچەی دەرەوەی نزیکی خۆی بە مەبەستی دەستەبەرکردنی ئاسایش ڕۆڵ و نفووزی هەبێت؛ بۆ ئەم مەبەستەیش ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەکوو ناوچەیەکی گرێدراو بە ئاسایشی هه‌رێمیی دەریای سپیی ناوەڕاست ڕۆڵێکی گرنگی لەو ستراتیژییەی ئیتاڵیادا هەیە. هەر بۆیە پاراستنی ئاسایشی ئەو ناوچانە بۆ ئیتاڵیا لە ڕێگەی هاوبەشی و بەشداری لەگەڵ ئەکتەرە ئاسایشییەکان، دەتوانێت بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی دەستەبەر بکات. لەم نێوەندەیشدا، ڕۆڵی هەرێمی کوردستان لە هەردوو ئاستی جەنگی دژەتیرۆر و پاشان ئاسایشی وزە جێگەی بایەخی سیاسەتمەدارانی ئیتاڵیایە. بۆیە ئیتاڵیا بۆ ئەوەی کە لە سیاسەتی یەکێتیی ئەوروپا، بەتایبەتی لە بەرامبەر ئەڵمانیا و فەڕەنسادا پەراوێز نەخرێت، دەیەوێت لە ڕووی ئابووری و ئاسایشی وزەوە خاوەن سەربەخۆیییەکی ڕێژەیی بێت و لە هەمان کاتیشدا، لەم ڕێگەیەوە پێگەی لە هاوکێشەکانی کیشوەری ئەوروپا بەرز ببێتەوە.

لە لایەکی تریشەوە، هاتنەسەرکاری کابینەیەکی هاوپەیمانی ڕاستڕەوی ڕادیکاڵ کە هەم دەیەوێت سەربەخۆیییەکی ڕێژەیی لە سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکیدا هەبێت و جگە لەمانەیش، لە ڕووی کۆچبەران و پەرەپێدانی ئابوورییه‌وه‌ سیاسەت و ڕوانگەی تایبەتی هەیە، وا دەکات هەرێمی کوردستان لە عێراقی ناسەقامگیر بەڵام دەوڵەمەنددا پێگەی بۆ ئیتاڵیا بەرز ببێتەوە؛ بەم واتایە کە پاش جەنگی ڕووسیا و ئۆکراینا و سەرهەڵدانی پرسی سەربەخۆییی ئەوروپییەکان لە وزەی ڕووسیا و دۆزینەوەی بەدیل و جێگرەوەی وزە بەبێ سەرهەڵدانی قەیرانی نوێی ئابووری و کاریگەریی نەرێنی لەسەر گەشەی ئابووری و خۆشگوزەرانیی تاکەکان وای کردووە کە، ئیتاڵیا وەکوو یەکێک بە بەدیلەکان بڕوانێتە هەرێمی کوردستان، کە هەم خاوەن سەرچاوەی سروشتییە و هەمیش هەڵکەوتەکەی، ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی کە بەشێک بێت لە ئاسایشی وزەی هەرێمایەتی. لە لایەکی تریشەوە پرسی کۆچبەران بۆ ئیتاڵیا، کە لە ئێستادا یەکێکه‌ لەو وڵاتە ئەوروپییانەی کە ڕووبەڕووی قەیرانی گەورەوی کۆچی بەکۆمەڵ و لێشاوی پەنابەران بۆتەوە، وا دەکات کە لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە ڕێگە لەو کۆچە بگیرێت، چونکە لە ئەنجامی جەنگی سووریا و دژی داعش زیاتر لە دوو ملیۆن ئاوارەی ناوخۆیی و پەنابەر ڕوویان لە هەرێمی کوردستان وەکوو ناوچەیەکی پارێزراو و ئارام کرد، کە ئەمەیش ڕێگەی لەوە گرت کە پەنابەران ڕوو لە ئەوروپا بکەن و ئاوارە ناوخۆیییەکان ببنە پەنابەر و، قەیرانی پەنابەرانی سووریا ببێتە قەیرانی پەنابەرانی عێراقیشی بێتە سەر، کە لە توانای ئیتاڵیادا نییە ئەم گوشارە هەڵبگرێت.

جگە لەمانەیش هاتنی ڕاستڕەوەکان بۆ سەر دەسەڵات کە گرنگیی کەمتریش بە بەهاکانی ماڤی مرۆڤ و دیموکراسی دەدەن و لە بری ئەوە زیاتر تەرکیز لەسەر پرسە سەربازی و ئاسایشییەکان دەکەن، وا دەکات کە لەناوبردنی گرووپە توندرەو و تیرۆریستییەکان ببێتە ئەولەوییەتی سیاسەتە ئاسایشییەکانیان، و لەم نێوەندەشدا هەرەمی کوردستان وەکوو ئەکتەڕێکی گرنگ نادەوڵەتی لەم بوارەدا جێگەی بایەخی ئەوروپیەکان و ئیتاڵیایە کە دەزانێت هەر جۆرە ناسەقامگیرییەک لەم ناوچەیە هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیری ئیتاڵیا دەکات، بەتایبەیت بۆ ڕاستڕەوە ڕادیکاڵەکان کە دروشمی دژایەتی کۆچبەران و هەروەها ئیسلامییە توندرەوەکانیان هەڵگرتووە و لەم ڕێگەیەوە دەنگیان هێناوەتەوە و نایانەوێت دەنگەی هاووڵاتیان وپشتیوانی ئیتاڵیەکان لەدەست بدەن. چونکە ئەم هاوکێشەیە لەپاڵ گەشەی بەرچاو و چاوەرواننەکرای ڕاستڕەوە توندرەوەکان لە هەنگاریا و فەڕەنسا و سوێد و..هتد،  دەری دەخات کە چی پرسێک بۆ دەنگدەری ئەوروپی و لێرەدا بۆ هاووڵاتییە ئیتاڵییەکان هەستیار و جێگەی بایەخ و گرنگییە.

هەروەها ئەم بەها و ناسنامەیەی کە حزبە ڕاستڕەوە توندڕەوەکان وەکوو حزبەکەی خاتوو مێلۆنی کەهەڵیان گرتووە و بەرگری و پێداگریی لەسەر دەکەن، وا دەکات کە هەرێمی کوردستان ببێتە جێی بایەخیان، کە ئەویش پرسی پاراستن و حەواندەوەی کریستیانییەکانە وەکوو بەشێک لە شارستانییەتی ڕۆژاوایی. هەر ئەمەیش وا دەکات کە کەلتووری تۆلێرانس و پێکەوەهەڵکردن و پێکەوەژیانی ئاشتییانە و پاراستنی فرەیی لە هەرێمی کوردستان بە بەراورد بە ناوچەکانی دیکەی عێراق و تەنانەت دەوڵەتانی ئیسلامیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، جێگەی بایەخ و سەرنجی کۆمەڵگەی ئیتاڵیا و بەتایبەتی حزبە ڕاستڕەوەکان بێت.

هەروەها حزبە ڕاستڕەوەکان لەگەڵ سیاسەتی ئەمریکادا نزیکایەتیی زیاتریان هەیە و هەر بۆیە ترامپ زۆر لەو وڵاتانەوە نزیک بوو کە لە ئەوروپا لە هەڵبژاردنەکاندا حزبە ڕاستڕەوە توندڕەوەکان لەسەرکار بوون. هەر ئەمەیش ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی کە ئەگەر لە ئیتاڵیا حزبی ڕاستڕەو لەسەرکار بێت، ئەوە بەپێی بایەخ و سیاسەتی ئەمریکا، سیاسەتی ئەو وڵاتانە هاوتەریب دەبێت لەگەڵ سیاسەتی دەرەکیی ئەمریکا. بە هەندێ جیاوازییەوە لە ئیدارەی بایدن، بەڵام سەرهەڵدانی قەیرانی ئۆکراینا وا دەکات کە ئیتاڵیا لە چوارچێوەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا له‌گه‌ڵ هەرێمی کوردستان ڕەفتار بکات. ئەمەیش هەم هەڕەشەیە و هەمیش دەرفەت؛ بەم واتایە کە ئەگەر ئەمریکا سیاسەتێکی جیاواز لە هەمبەر هەرێمی کوردستان بگرێتە بەر، ئەوە کاریگەریی لەسەر سیاسەتی ئیتاڵیا و ئەو وڵاتانەی هاوشێوەیش دەبێت و بەپێچەوانەکەیشی دەرفەتە، چونکە تاوەکوو ئێستا مانەوە و ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان لە عێراق بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا جێگەی بایەخە.

جگە لەمانەیش، ڕکابەرایەتیی ئاشکرا و نهێنیی ئیتاڵیا لەگەڵ هەر یەکە لە ئەڵمانیا و فەڕەنسا جێگەی گرنگیپێدانە؛ بەم واتایە کە ئیتاڵیا دەیەوێت لە ڕێگەی ئەمریکاوە ئەو هاوسەنگییە لە قازانجی خۆی لە هەمبەر ئەو دوو دەوڵەتە بگۆڕدرێت. هەر بۆیە لە ئاستی ئەوروپا و لە ئاستی دەرەوەیش ئیتاڵیا دوو سیاسه‌تی هاوتەریب بۆ هێنانەدیی ئەو ئامانجە پەیڕەو دەکات: ١- بەهێزکردنی دامەزراوە و ڕێکخراوەکان ٢- هاوڕێیەتیی زیاتر و هاوپەیمانی لەگەڵ ئەمریکا. لەم ڕێگەیشەوە ئیتاڵیا ڕۆڵی خۆی بەرز دەکاتەوە لە بڕیارەکانی یەکێتیی ئەوروپا و خۆی بە هاوشانی ئەڵمانیا و فەڕەنسا دەزانێت و لە ئاستی نێودەوڵەتییش بەرژەوەندییەکانی دەپارێزێت.

 بۆیە لێرەدا ئەم ستراتیژییەی ئیتاڵیا لە پاڵ گۆڕانکارییە ناوخۆیییەکانی ئەو وڵاتە و هاتنەسەرکاری جۆرجیا مێلۆنیی ڕاستڕەوی ڕادیکاڵ، دەتوانێت وێنایەکی ڕوونترمان بخاتە بەردەست بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان پێگەی خۆی لەو هاوکێشانە بەرز بکاتەوە و گۆڕینی کابینە و حکوومەتەکان لە ئەوروپا و هاتنەسەرکاری ڕاستڕەوە توندڕەوەکان ببێتە دەرفەتێک بۆ هەرێمی کوردستان. ئابووری، ئاسایش-جەنگی دژەتیرۆر و پرسی وزە و پرسی کۆچبەران و پێکەوەژیانی ئاشتییانە لە هەرێمی کوردستان کلیلی سەرەکیی ئەم پەیوەندییانەیە کە پێ دەچێت سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، ئەو کارتانە بەکار بێنێت و ئەمەیش وا دەکات لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ڕاستڕەوەی ڕادیکاڵی ئیتاڵیا، جۆرجیا مێلۆنی، کۆ ببێتەوە و خاڵی هاوبەش بدۆزێتەوە و پەرە بە هاوکاری و هاوبەشییە دوولایەنەکان لە چوارچێوەی بەرژەوەندیی هاوبەش و ئاسایشی هەردوو لایەن بدرێت.

کۆبەند

سەرەڕای پێکهاتەی ئەنارشیی سیستەمی نێودەوڵەتی لە ڕوانگەی واڵتزەوە کە وا دەکات یەکە سیاسییەکان بە دوای هێز و دەستەبەرکردنی ئاسایشییانەوە بن، بەڵام لێکۆڵنیەوە و ڕوانگە نوێیەکان دەری دەخەن کە ناسنامەی دەوڵەتان، کە لە پرۆسەیەکی کۆمەڵایەتیدا ڕۆ دەنرێت، وا دەکات کە پێکهاتەی سیستەمی نێودەوڵەتییش بە شێوەیەکی کۆمەڵایەتی دروست بکرێت و درک و تێگەیشتن لە هەڕەشەکان بەپێی ناسنامەی دەوڵەتان ڕەفتاری سیاسەتی دەرەکییان ئاراستە بکات. لەسەر ئەم بنەمایە بەها و نۆرمە ناسنامەیییەکانی حزبە دەسەڵاتدارەکانی دەوڵەتە بەهێزەکان وا دەکات کە، پەیوەندنیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان پێناسە بکەن. لەم چوارچێوەیەیشدا، دەوڵەتانی ئەوروپی هەوڵ دەدەن خاڵی هاوبەش بۆ هاوبەشی و هاوکاری لەگەڵ ئەکتەرە نادەوڵەتییەکان بدۆزنەوە بۆ ڕەواندنەوەی مەترسییەکانی دەرەوەی نزیکی خۆیان.

لە لایەکی تریشەوە، ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کەنداو، ڕۆڵ و پێگەیەکی بەرچاوی لە ستراتیژیی نوێی وزەی ئەوروپا (new energy strategy – REPowerEU2)دا هەیە، کە وا دەکات ئەوروپا لەژێر هەژموون و کۆنترۆڵی ڕووسیا بێتە دەرەوە. هەموو ئەمانەیش دەری دەخات یەکێتیی ئەوروپا دەیەوێت لە نێوان بەها و پڕەنسیپەکانی لە لایەک و بەرژەوەندییەکانی لە لایەکی ترەوە، هاوسەنگی دروست بکات.

لەم نێوەندەیشدا، ئەمە دەرفەتە بۆ هەرێمی کوردستان کە وەکوو ئەکتەرێکی نادەوڵەتی خوێندنەوە بۆ ئەو بەها و نۆرم و بەم پێیەیش نیگەرانی و دەڵەڕاوکێ ئاسایشییانەیان بکات بۆ ئەوەی بینەری پێشوازیی هاوشێوە لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دەوڵەتانی ئەوروپی و تەنانەت هەرێمایەتی بین. بەتایبەتی کە لە لایەک شێواز و پێکهاتەی ئاسایشیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دۆخی داڕشتنەوەدایە و لە لایەکی تریشەوە هەرێمی کوردستان بە هۆکاری جۆراوجۆر خاوەن قووڵاییی ستراتیژی نییە و لەلایەن ئەو دەوڵەتانەوە گەمارۆ دراوە کە لە ئاستی ناوخۆیی و دەرەکیدا کێشەیان لەگەڵ پرسی کورد هەیە؛ ئەوە پەیڕەوکردنی دۆکترینی پەراوێزی یان هاوپەیمانیی پەراوێزی (The Alliance of the periphery or the Periphery doctrine) لە پەیوەندییەکانی دەرەوەیدا هاوتەریب لەگەڵ سڕینەوەی بارگرژییەکان لەگەڵ درواسێکانی، دەتوانێت لە ئاستی مەترسییە دەرەکییەکان کەم بکاتەوە و هەمیش لە گەمارۆی جیۆسیاسی ڕزگاری بکات.

 

[1] - مێلۆنی پێش بوونی بە سەرۆکوەزیران بانگهێشتی کۆبوونەوەی حزبی ڕاستڕەوی توندڕەوی ڤۆکس لە ئیسپانیا کرابوو. لەم کۆبوونەوەیەدا کۆمەڵێک بابەتی ورووژاند کە بوونە جێی بایەخ: "ناکرێ لە ناوەڕاستدا بوەستین؛ یان دەبێ بڵێین بەڵێ یان نەخێر. من دەڵێم بەڵێ بۆ بنەماڵەی سروشتی و لەسەر بنەمای بەها تەقلیدیەکان؛ دەڵێم نا بۆ لۆبیی هاوڕەگەزبازان و بێڕەگەزەکان و ڕەگەزگۆڕەکان و هتد. دەڵێم بەڵێ بۆ ناسنامەی ڕەگەزی لەسەر بنەمای دوو ڕەگەز و، دەڵێم نا بۆ ئایدیۆلۆژیا لەسەر بنەمای ڕەگەزی جیاواز. من دەڵێم بەڵێ بۆ ژیان، دەڵێم نەخێر بۆ که‌لتووری مردن و لەباربردن، دەڵێم بەڵێ بۆ بەها مەسیحییەکان و نا بۆ توندوتیژیی ئیسلامی، بەڵێ بۆ سەروەریی گەلان، نا بۆ بیرۆکراسی و سیستەمی برۆکسڵ (یەکێتیی ئەوروپا)، بەڵێ بۆ سنوورە سەلامەتەکان، نەخێر بۆ کۆچبەران و پەناخوازانی بەرفراوان... بژی ئیسپانیا، بژی ئیتاڵیا، بژی ئەوروپای نیشتمانپەروەران."

Latest from پەرویز ڕەحیم

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples