د. پەرویز ڕەحیم قادر، دکتۆرا لە ئاسایشی نەتەوەیی و مامۆستای زانکۆ
ناوەندە ئەکادیمی و توێژینەوەکان لە پاڵ دەزگه هەواڵگری و ئاسایشی و تەنانەت سیاسییەکان بەجیا یان پێکەوە ساڵانە هەوڵ دەدەن، کە ئەو مەترسی و هەڕەشە کورتخایەن، مامناوەند و درێژخایەنانەی جیهان لە لایەک و سەر وڵاتەکەیان لە ئاستی ناوخۆیی و دەرەکی لە لایەکی ترەوە، دەستنیشان بکەن. لەم چوارچێوەیەدا هیوادارین ئەم کارە ببێتە نەریتێکی ساڵانە بۆ ئەوەی کە بخرێتە بەردەم ناوەندەکانی بڕیار لە هەرێمی کوردستان. هەرچەندە مەرج نییە ئەو مەترسییانە وەکوو خۆی ڕوو بدەن یاخود ئەوەی کە هەموو ناوەند و ئەکادیمییەکان کۆک بن لەسەر چەشن و شێوازی ڕوودانی ئەو مەترسی و هەڕەشانە، بەڵام گرنگ و پێویستە کە سەنتەرەکانی توێژینەوەی ئاسایشی و ستراتیژی و ناوەندە ئەکادیمییەکان، بەردەوام بن لە شرۆڤە و خستنەڕووی ئەو مەترسییانە بە مەبەستی تێگەیشتن لە داینامیزمی گۆڕانکاری و ئاڵوگۆڕەکان و ئامادەبوونی کۆمەڵگە و دەسەڵات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیان.
لەم نووسینەدا هەوڵ دەدەین کە ١٠ مەترسیی سەرەکی لە ساڵی ٢٠٢٣ کە مەزەندە دەکرێت یان وا دادەنرێت کە ببێتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی هەرێمی کوردستان، بخەینە ڕوو. هەرچەندە لەوانەیە ئەو پرس و بابەتانە لە ڕووی ئاستی هەڕەشەوە بە بەراورد لەگەڵ یەکتری یەکسان، هاوشان و هاوتەریب نەبن و پرسەکان زۆر ئاڵۆزتر بن لەوەی کە وەکوو سیناریۆی پێشبینیکراو ڕوو بدەن، بەڵام دەکرێت چەند ئاستێک بۆ ئەو مەترسییانە بەپێی قەبارەی هەڕەشەکان و ئەگەری ڕوودانیان دەستنیشان بکرێت؛ بۆ نموونە: (زۆر بەرز، بەرز، مامناوەند، لاواز و زۆر لاواز).
جگە لەمانەیش، بەپێی فاکتەرە کۆمەڵایەتی، کەلتووری، سیاسی، ئابووری و تەنانەت جوگرافی و ژینگەیییەکان، دهكرێ جۆر و چەشنی ئەو مەترسییانە لە کۆمەڵگەیەک بۆ کۆمەڵگەیەکی دیکە یان لە کاتێک بۆ کاتێکی تر جیاواز بێت. خاڵێکی دیکەی گرنگ ئەوەیە کە هەر کام لەم مەترسییانە پەیوەندییان بە چەندان ئەکتەر و فاکتەر، هەروەها مەترسی و هەڕەشەکانی دیکەوە هەیە. ئەمەیش دەری دەخات کە ئەم مەترسییانە هەم پێکەوەگرێدراون و لە هەمان کاتیشدا دەتوانین بە سەربەخۆ دەستنیشانیان بکەین. جگە لەمانەیش، هەندێ هەڕەشە و مەترسی هەیە کە لە لایەک کەمترین زانیاریی پشتڕاستکراوە و متمانەپێکراوی لەسەر هەیە یان دەست دەکەوێت و لە لایەکی دیکەوە، بەهۆی سروشتی سەربازی-ئاسایشییانەوە نابێت\ناکرێت لە ڕاگەیاندنەکان بخرێتە ڕوو و، ههر بۆیەیش لێرەدا نەخراوەتە ڕوو.
١- نەوەی Z (GEN Z)
ئەو نەوەیە (١٩٩٥-٢٠١٠) ئێستا خەریکە پێ دەگات، دەچێتە ناو هێزی کار و ژیانی سیاسییەوە. لە ئێستادا Gen Z %30ی دانیشتووانی جیهان پێک دەهێنێت و پێشبینی دەکرێت تا ساڵی 2025، بە ڕێژەی 27%ی هێزی کاری جیهانی پێک بهێنێت. کاریگەریی سیاسیی ئەم نەوەیە لە ئەمریکا (Gen Z) بە ژمارەیەکی پێوانەیی بۆ هەڵبژاردنەکانی[1] ناوەڕاستی خولی 2022 دەرکەوت. ئەمەیش یارمەتیدەر بوو بۆ ڕاگرتنی "شەپۆلی سوور"ی کۆماریخوازان لە هەڵبژاردنەکاندا لە بەرژەوەندیی کاندیدەکانی دیموکراتەکان لەو ویلایەتانەی کە لە نێوان کۆماری و دیموکراتەکان دەستاودەستیان پێ دەکرێت، وەک: پێنسیلڤانیا و میشیگان. لە کاتێکدا دەسەڵاتی ئەم نەوەیە لە سندووقی دەنگدان گەشە دەکات، کاریگەریی سیاسیی نەوەی Z لە ئێستاوە زیاتر درێژ دەبێتەوە، بەهۆی ڕۆڵی گەورەی لە هەڵمەتەکانی کە لە سۆشیال میدیادا ڕێک خراون.
خۆگونجاندن و داینامیك و بڕوابوون بە فرەواقعی یان فرەیی لە ڕاستییەکان و دوورکەوتنە لە چەقبەستوویی و پارێزگاربوون، وابەستەیی بە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، ئاراستەكردنی كۆمەڵگە و بەكارهێنانی ئامرازە دیجیتاڵییەكان، تایبەتمەندیی ئەم نەوەیەن. لە ڕاستیدا ئەو کەسانەی لە نەوەی Z لەدایک دەبن، پێیان دەوترێت born digitals. لە ئێستادا تەمەنی نەوەی Z بە شێوەیەکی ڕێژەیی لە نێوان ١٠ بۆ ٢٤ ساڵدایە. ئەم نەوەیە (Gen Z) کاتێک کاردانەوەی سیاسیی دەبێت، ئەگەر ئەو پرس و بابەتە سیاسیانە پەیوەندیی بە حەز و ویستەکانیان و بەتایبەتی ماف و ئازادی و خۆشگوزەرانی و پیشە و بێکاری و داهاتوویانهوه هەبێت. بۆیە ئەو لایەن و حزبانە دەتوانن دەنگی ئەم نەوەیە بەدەست بێنن کە گرنگی بە حەز و ویستەکانیان دەدەن و سیاسەت و گوتاریان بەپێی تێگەیشتن و ڕوانگەی ئەم نەوەیە دابڕێژینەوە.
نزیکەی ڕێژەی ٣٥%ی کۆی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان لە خوار 15 ساڵ و ٢٨% لە نێوان ١٥-٢٩ ساڵدان؛ ئەمە نیشانەی پێکهاتەیەكی گەنجه له ڕووی تەمەنەوە. گرووپی تەمەنی ٣٠ بۆ ٤٩ ساڵ 20% و، گرووپی تەمەنی ٤٥ بۆ ٥٩ ساڵ 10%ى کۆی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان پێک دەهێنن. ئەو کۆمەڵەیەی تەمەنیان لە 65 ساڵ زیاترە، ٤.٣%ى کۆی دانیشتووان پێک دەهێنن. بەم پێیەیش ئەم نەوەیە دەتوانێت کاریگەریی قووڵی لەسەر هەڵبژاردن و تەنانەت بەپێچەوانەوە هەڵگیرساندنی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی هەبێت. بۆیە هەرێمی کوردستان بەتوندی گیرۆدەی وهڵامدانەوەی ویست و داواکاری و کاردانەوەکانی ئەم نەوەیە دەبێت، ئەگەر حزبە سیاسییەکان و حکوومەت نەتوانن حەز و ویست و داواکارییەکانیان دەستەبەر بکەن.
ئەگەر: زۆر بەرز-بەرز
٢- ناڕەزایەتی و شۆڕشی جەماوەری
لە پاش ساڵی ٢٠١١ەوە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و عێراق و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی بەهۆی کاریگەریی فاکتەرە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری و تەنانەت سەربازی، لە بەردەم سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی "دژەسیستەم"دان. ئەوەی کە سەرنجڕاکێشە ئەمەیە کە، فاکتەر و ئەکتەرەکانی دیکە دەتوانن ئەم خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییانە خاو یاخود توند بکەنەوە؛ بەڵام سیمای دیاری هەر خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەک لە ناوچەکە بەهۆی سروشتی کەلتووری و کۆمەڵایەتیی وڵاتان و حکوومەتهوه بەرەو توندوتیژی و دابڕانی زیاتر دەڕوات. گەنجبوونی کۆمەڵگەی هەرێمی کوردستان لەم نێوەندەدا وا دەکات کە داواکاریی گەنجان کەڵەکە بێت؛ لە لایەکی تریشەوە لە هەرێمی کوردستان جیاکاری، دابەشبوون و ململانێ و لێکترازانی سیاسی، بەردەوام ئەگەری سەرهەڵدانی تەقینەوەی جەماوەری لێ دەکرێت. بۆیە پرسی ئازادیی ئابووی و هۆکارە ئابوورییەکان لە پاڵ ململانێ سیاسییەکان و داواکارییە وهڵامنەدراوەکانی نەوەی Z وا دەکات، هەرێمی کوردستان لە بەردەم سەرهەڵدانی ناڕەزایەتیی جەماوەریی توندوتیژانەدا بێت. چونکە ئەگەر گەڵاڵەکردنی داواکارییەکان لە ڕێگەی میکانیزمە پێشبینیکراوە دامەزراوەیییەکان و بەم پێیە کەناڵە ئاشتییانە و مەدەنییەکان بۆ دەسەڵات کاریگەر نەبێت، ئەوە گەڕی داهاتوو ناڕەزایەتییەکان زیاتر توندوتیژ دەبن؛ بۆ نموونە، لە پاڵ فاکتەرەکانی دیکە، جگە لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان[2]، رێژەی نزمی بەشداری لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە هەرێمی کوردستان گەورەترین فاکتەری سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییە لە داهاتوودا.
ئەگەر: بەرز-مامناوەند
٣- دابەزینی نرخی نەوت و لێکەوتە ئاسایشییەکانی
یەکێک لەو فاکتەرانەی کە دەتوانێت کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئاسایشی ئابووریی هەرێمی کوردستان و بەم پێیەیش سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی و دروستبوونی ناسەقامگیریی سیاسی هەبێت، ئەگەری دابەزینی نرخی نەوتە لە ساڵی ٢٠٢٣. هەرچەندە پێشبینیی جیاواز بۆ نرخی نەوت هەیە، بەڵام چەندان فاکتەر وەکوو؛ گۆڕانکارییەکانی جەنگی ڕووسیا و ئۆکراینا و هێواشبوونی گەشەی ئابووریی چین و تێپەڕاندنی وەرزی سەرما لە ئەوروپا و ئەمریکا و خستنەڕووی زیاتری یەدەگی نەوت لەلایەن ئەمریکاوە و، هەروەها بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان لەلایەن ئۆپێک و پشتبەستنی زیاتر بە گازی سروشتی و جێگرەوەکانی نەوت لە ساڵی ٢٠٢٣، دەتوانێت نرخی نەوت دابەزێنێت.
دابەزینی نرخی نەوت وا دەکات کە حکوومەت نەتوانێت بەردەوام بێت لە پێدانی مووچەی کارمەندان و، ئەمەیش کاریگەریی لەسەر بازاڕ و ئابووریی هەرێمی کوردستان دەبێت. کۆی ئەم هاوکێشەیەیش جگە لەوەی ئاسایشی مرۆیی دەکاتە ئامانج، لێکەوتەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئاسایشیی گەورەی دەبێت. شەکەتیی کۆمەڵگە لە پاش دروستبوونی قەیرانی ئابووری لە هەرێمی کوردستان لە پاش ساڵی ٢٠١٤ەوە بە هۆکاری بڕینی بوودجەی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغدا و، هەروەها قەیرانی کۆڕۆنا و لێکەوتەکانی وای کردووە کە کۆمەڵگەی هەرێمی کوردستان توانای دووبارەبوونەوەی سەرهەڵدانی قەیرانێکی تری ئابووری نەبێت. بۆیە فاکتەرێکی دەرەکی و ئابووری دەتوانێت کاریگەری لەسەر کۆی سێکتەرەکانی ئاسایشیی هەرێمی کوردستان هەبێت و وەکوو مەترسییەکی ئاسایشی دەستنیشان بکرێت.
هەر لەم چوارچێوەیەدا ڕێکنەکەوتنی بەغدا و هەولێر لەسەر پرسی نەوت وگاز و کارکردن بە بڕیاری دادگهی فیدراڵی و پەسندنەکردنی یاسای نەوت و گازی فیدراڵی- کە مافی هەرێمی کوردستانی دەستەبەر کردبێت-، لە پاڵ بەردەوامیی گوشار بۆ سەر کۆمپانیا بیانییەکان لە ناوخۆ و دەرەوە و تەنانەت گوشار بۆ تورکیا لە دادگه نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە ڕێگەپێدان بە فرۆشتن و هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و هێرشی چەکدار و میلیشیاکان بۆ سەر دامهزراوە نەوتی و گازییەکان و بەردەوامیی ناکۆکییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان و ڕوانگەیان سەبارەت بە "گازی سروشتی"، وا دەکات کە ئەم قەیرانە قووڵتر ببێتەوە. ئەو فاکتەرەی کە بەردەوام هەڕەشە لە ئاسایشی ئابووریی هەرێمی کوردستان دەکات و لە ساڵی ٢٠٢٣ بەردەوام دەبێت، ئابووریی کرێخۆر یان "ڕانتیەر"ه لە هەرێمی کوردستان. ڕەهەندێکی شاراوەی ئەم مەترسییە، دەتوانێت خۆی لە پێشبینییە هەڵەکان یاخود خەملاندنە جیاوازەکان لە یەدەگی ڕاستەقینەی نەوت و کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستاندا ببینێتەوە، چونکە پێ دەچێت (ئەگەر توێژینەوەکان ورد و دروست بن) یەدەگی خەملێنراو و یەدەگی سەلمێنراوی نەوتی هەرێمی کوردستان جیاوازییەکی بەرچاویان لەگەڵ یەکتری هەبێت.
جگە لەمانەیش قۆرخکاریی ئابووری و داخران و کشانەوەی کۆمپانیاکان و بەم پێیەیش پووکانەوەی کەرتی تایبەتی بچووک و ڕاستەقینە، یەکێک لەو مەترسییانەیە کە هەڕەشە لە ئاسایشی ئابووری و تەنانەت سیاسی و کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان دەکات. لە پاڵ ئەم هەڕەشانەیش، بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەژاری، بێکاری و هەڵاوسان و بەرزبوونەوەی نرخی شتومەک و خواردەمەنی لە ئەگەری قووڵبوونەوە یان درێژەکێشانی جەنگی ڕووسیا-ئۆکراینا و، لە لایەکی تریشەوە دابەزینی توانای کڕینی هاووڵاتیان بەهۆی سیاسەتی داراییی عێراق و نزمبوونەوەی بەهای دیناری عێراقی، دەتوانێت مەترسیی ئابووری بۆ سەر هەرێمی کوردستان و پاشان ئاسایشی کۆمەڵایەتی دروست بکات کە گوشارەکان بۆ سەر حکوومەت بەرز دەبێتەوە و لە هەمان کاتیشدا کاریگەریی لەسەر ڕەوایەتی سیاسیی حزبەکان و حکوومەت بەجیا دەبێت.
ئەم دۆخە بۆ هەرێمی کوردستان- کە لە ئێستادا دەوڵەت نییە-، وا دەکات کە چینی ناوەڕاست کە دەتوانێت هەڵگری بەها کوردستانی و دیموکراسییەکان بێت، بەرە بەرە لاواز و بچووک بێتەوە، لەم حاڵەتەیشدا گۆڕانکارییە ئابوورییەکان کاریگەرییان لەسەر لاوازبوونی ناسنامە و ئینتمای نیشتمانی دەبێت. بۆیە دەتوانین بڵێین ئەم پرسە جگە لە بەرزکردنەوەی ڕێژەی تاوان و لادانە کۆمەڵایەتییەکان، گەورەترین هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی سیاسیی هەرێمی کوردستان کە بەرەنگاری چەندان گرفت و هەڕەشەی ناوخۆیی و دەرەکی بۆتەوە.
ئەگەر: بەرز-مامناوەند
٤- بارگرژی و لێکترازانی هێزە سیاسییەکان: زەقبوونەوەی دوو-زۆنی
ئەزموونی ڕابردوو و گۆڕانکارییەکانی هەرێمی کوردستان، هاوتەریب لەگەڵ فاکتەرە جیاوازە ناوخۆیی و دەرەکییەکان وا دەکات کە، ئەگەری بەرزبوونەوەی بارگرژی و ململانێیەکی توند لە هەرێمی کوردستان لە ئارادا بێت. لە لایەکی تریشەوە سروشتی سیاسی و کۆمەڵایەتی و تەنانەت جوگرافیی هەرێمی کوردستان و دابەشبوونی ناوچەی نفووزی هێزە هەرێمایەتییەکان لە هەرێمی کوردستان، وا دەکات کە هەر بارگرژییەک لە نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان وەکوو مەترسییەکی ئاسایشی سەیر بکرێت کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر بوار و ڕەهەندەکانی دیکەی ئاسایشی هەبێت و تەنیا لە چوارچێوەی سێکتەری ئاسایشی سیاسیدا قەتیس نەمێنێتەوە.
لە ڕوانگەیەکی دیکەوە، بەهۆی بوونی هێزی چەکدار و هەواڵگری، لێکترازانی سیاسیی دوو هێزە سەرەکییە وا دەکات کە، ئاسایشی سەربازیی هەرێمی کوردستان بکەوێتە مەترسییەوە و ئەمەیش لێکەوتەی ڕاستەوخۆی ئابووری و کۆمەڵایەتیی دەبێت. تەنانەت لێکترازان و بارگرژیی یەکێتی و پارتی دەتوانێت کاریگەریی لەسەر هێز، نفووز و ئەدای حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکانی ئاسایش و خزمەتگوزاری و کاروباری ئاساییی هاووڵاتیان هەبێت. بۆیە بەردەوام ئەگەری پێکدادانی سەربازی لە نێوان ئەم دوو هێزە سیاسییە لە ئارادایە، ئەگەر فاکتەری ناوخۆیی و هەرێمایەتی هاندەر، ئامادە یان فەراهەم بێت. چارەسەرنەکردنی کێشەکانی دوو هێزی سیاسیی سەرەکیی هەرێمی کوردستان و ناکۆکی لەسەر پرس و بابەتە سیاسی و ئابووری و سەربازییەکان وا دەکات، ئەم بارگرژییانە بە هۆکار و فاکتەری جۆراوجۆر بەردەوام بێت.
بوونی هێزی هەواڵگریی حزبی و پێشمەرگەی سەر بە حزبەکان، مەترسییەکی تری ئەم پرسەیە کە لە ئاستی نێودەوڵەتییشدا کاریگەریی نەرێنیی لەسەر بەردەوامبوونی پشتیوانی و پاڵپشتیی نێودەوڵەتی بۆ هەرێمی کوردستان دەبێت. بۆیە ئەم هەڕەشە ئاسایشییە جگە لە هەڕەشە لە ئاسایشی سیاسی، ڕەهەندەکانی دیکەی ئاسایش وەکوو ئاسایشی سەربازی و ئاسایشی کۆمەڵگەیی و ئاسایشی ئابووریی هەرێمی کوردستان دەخاتە مەترسییەوە. لووتکەی ئەمەیش دەتوانێت زەقبوونەوەی دوو-زۆنی و هەنگاونان بەرەو مامەڵەی ڕاستەوخۆی بەشێک لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا بێت.
ئەگەر: بەرز-مامناوەند
٥- مەترسیی سەربازی: تیرۆر و مەترسیی ژیانەوەی داعش و میلیشیاکان و هێرشی سەربازیی ئێران و تورکیا
ڕێکنەکەوتنی بەغدا و هەولێر سەبارەت بە گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە جێناکۆکەکان و بەردەوامیی بۆشاییی ئاسایشی لە لایەک و، ئەگەری هێرشی سەربازیی تورکیا بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان، وا دەکات کە بە هەزاران چەکداری داعش جارێکی تر خۆیان ڕێک بخەنەوە و مەترسیی گەورەی ئاسایشی دروست بکەن. ڕێكخراوی داعش لە قووڵاییی بیابانی سووریا و ناوچەكانی دەوروبەر یاخود ڕیفی حەما و ناوچەی ڕەسافە و هەردوو بیابانی ڕەقە و حەما و شاخی بوشرا لە ڕیفی دێرەزوور بڵاو بووەتەوە. بیابانی سووریا بە ناوەندی سەرەكیی خۆڕێكخستنەوە و هێرشەكانی داعش ئەژمار دەكرێت. راپۆرتێكی نەتەوە یەكگرتووەكان كە 25ی كانوونی دووەمی 2022 بڵاو كرایەوە، ژمارەی ئەندامە چالاكەكانی ڕێكخراوی داعش لە سووریا و عێراق بە نزیكەی (10) هەزار كەس دەخەمڵێنێت؛ "هێزەكانی سووریای دیموكرات"یش ڕای گەیاندووە لەناو بەندیخانەكانی ژێردەسەڵاتیدا نزیكەی (12) هەزار جیهادی ههن.
جگە لەمانەیش بوونی لایەنگرانی داعش و گرووپە توندرەو و تیرۆریستییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، ئەو هەڕەشەیە دەکاتە مەترسییەکی بەرزتر. هەروەها مەترسیی میلیشیا شیعەکان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی گوشار بۆ دانیشتووانی کوردی ئەو ناوچانە، لە ئاست مەترسیی داعش دەتوانێت هەڕەشە بێت؛ بەو پێیەی کە چەندان میلیشیا به ناوی جیاوازەوە لە هەر ناکۆکییەکی سیاسیی نێوان هەولێر و بەغدا یان تاران و هەولێر، بە درۆن و مووشەک هێرش دەکەنە سەر پایتەختی هەرێمی کوردستان. هەروەها ئەم گرووپانە دەتوانن هەڕەشە لە ژێرخانە ئابوورییەکان، بەتایبەتی کەرت و دامەزراوە نەوتی و گازییەکانی هەرێمی کوردستان بکەن، بۆ نموونە: کۆرمۆر. هاوتەریب لەگەڵ هەموو ئەمانەیش، تورکیا و ئێران بە پاساوی لێدان لە هێزە کوردییەکان و ڕەواندنەوەی مەترسیی ئاسایشیی سەر وڵاتەکەیان، هەرێمی کوردستان لاواز و لەرزۆک بکەن؛ کە ئەمەیش جگە لە مەترسییە سەربازییەکان، کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئاسایشی مرۆیی و ئاسایشی ئابووریی ئەو ناوچانە دادەنێت کە ناوچەی کشوکاڵی و گەشتیارین.
هەموو ئەمانەیش گوشار بۆ سەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر دەکات کە وهڵامی سەربازی و سیاسیی هەبێت و لە ڕووی ئابوورییشەوە دەکەوێتە ژێر گوشار. هەروەها ئەمە وا دەکات کە هەرێمی کوردستان زیاتر پەنا بۆ عێراق و جێگیرکردنی هێزەکانی عێراق بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆی ببات، کە هەر ئەمەیش لە درێژخایەندا دەبێتە هۆکاری لاوازیی زیاتری هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر بەغدا. لە لایەکی تریشەوە، بەردەوامیی دۆخی نا-ئاسایشی وا دەکات کە وەبەرهێنانی ناوخۆیی و دەرەکی لە هەرێمی کوردستان پاشەکشە بکات، کە لە ئەنجامدا بەرزبوونەوەی ناڕەزایەتیی ناوخۆیی و ناسەقامگیریی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئاسایشی و لاوازیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی لێ دەکەوێتەوە. دوو فاکتەری ١- بەردەوامیی ناڕەزایەتییەکانی ناوخۆییی ئێران و، ٢-هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانیی تورکیا ئاستی ئەم هەڕەشە و مەترسییانە بەرز دەکەنەوە. کێشەکە ئەوەیە کە ئێستا ئێرانیش هەمان ڕێچکە و ستراتیژیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان دووبارە دەکاتەوە و ئەمەیش مەترسییەکە دووقات دەکاتەوە، بەتایبەتی کە لە بەرامبەریشدا میلیشیاکانی نزیک لە ئێران دەتوانن گەمارۆ و هەڕەشە سەربازییەکان قووڵتر بکەنەوە. فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و میلیشیا ڕاسپێردراوەکان وەکوو دوو هەڕەشەی سەربازین بۆ ساڵی ٢٠٢٣ کە دەتوانن ببنە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی هەرێمی کوردستان.
ئەگەر: بەرز- مامناوەند
٦- بەردەوامیی کێشەکان لە بەغدا و لەگەڵ بەغدا
لە ڕاستیدا گەورەترین مەترسیی بەردەوام و خاڵی لاوازیی هەرێمی کوردستان، بەغدایە. لە کاتێکدا، هەرێمی کوردستان بەدەست کێشە و ناکۆکییە ناوخۆیییەکانییەوە لاواز دەبێت، بەغدا گوشارەکانی چڕ دەکاتەوە و بەپێچەوانەیشەوە. ئێستا جگە لەوەی کە بەغدا بەهۆی بڕینی بوودجە بە پاساوی ناکۆکیی سیاسی و یاسایی و دەستوورییەوە لە ڕووی ئابوورییەوە گوشار و گەمارۆی ڕانەگەیهنراوی لەسەر هەرێمی کوردستان دروست کردووە، لە هەمان کاتیشدا دامەزراوە و ئامرازە دەستووری و یاسایییەکان لە دژی هەرێمی کوردستان بەکار دێنێت.
جگە لەمانەیش، ناکۆکییە ناوخۆیییەکانی هەرێمی کوردستان، دەگوازرێتەوە بۆ بەغدا و بەپێچەوانەیشەوە کاتێک کە لایەنە شیعەکان ناکۆکییان هەیە (بۆ نموونە سەدرییەکان و چوارچێوەی هەماهەنگی)، ئەوە هەرێمی کوردستان ناچار دەکرێت کە بەرەیەکی سیاسی هەڵبژێرێت و لە ئەنجامدا لەلایەن لایەنەکەی بەرامبەر سزا دەدرێت. بۆیە ئەمە لە داهاتووی عێراق یەکێک لەو مەترسییە نوێیانەیە بۆ هەرێمی کوردستان لە پاڵ مەترسییەکانی ڕابردوو. هەروەها پاشگەزبوونەوە لە فیدراڵی و جێبەجێنەکردنی دەستوور و تەسککردنەوەی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی دادگهی باڵای فیدراڵی و چارەسەرنەکردنی پرسی نەوت و گاز لە نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا لەپاڵ بەردەوامی بە دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و تەعریبی نوێ، وا دەکات کە هەڕەشەکان ببێتە مەترسییهكی ڕاستەقینەی ئاسایشی لە هەموو بوارەکاندا.
هەر ناکۆکییەکی نێوان خەڵک و دەسەڵاتیش لە عێراق وا دەکات، کابینەکان لەرزۆک بن و پاساویان بۆ خۆدزینەوە لە چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا و بەردەوامیی بەم ناکۆکییانە هەبێت. ئەم نائارامی و ناسەقامگیرییەیش وا دەکات، ڕێژەیەکی بەرزتر لە عەرەب ڕوو لە هەرێمی کوردستان بکەن؛ کە ئەمەیش دووبارە مەترسییەکی سیاسی و ئاسایشی و تەنانەت ژینگەیی و لە کۆتاییدا وجوودی و ناسنامەیی بۆ هەرێمی کوردستان دروست دەکات.
لە ئێستادا چەکی دەستووری و یاساییی زۆرینەی پەرلەمانی، کۆنترۆڵی دامەزراوە دارایی و ئیدارییەکان و بەتایبەتی بڕیارەکانی دادگهی فیدراڵی و پاشان پرسی بوودجە و شایستە دارایییەکانی هەرێمی کوردستان، یەکێک لەو هەڕەشە گەورانەیە لە ساڵی ٢٠٢٣ کە مەترسی بۆ پێگە و بەردەوامیی هەرێمی کوردستان دروست دەکات. دروستکردنی ناڕەزایەتیی ناوخۆیی لە هەرێمی کوردستان و کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکان، سنوور و پەیوەندییەکانی دەرەوە، لێکەوتە و هەنگاوەکانی دواتری بەردەوامبوونی ئەم ناکۆکی و بارگرژییانەن بە مەبەستی لاوازکردن و گەمارۆدانی هەرێمی کوردستان.
ئەگەر: زۆر بەرز- بەرز
٧- هەڕەشە جیۆسیاسییەکان: گۆڕانکاریی سیاسی لە ئێران و تورکیا و سووریا و عێراق
هەرێمی کوردستان بەردەوام لەژێر کاریگەریی گۆڕانکارییە جیۆسیاسییەکانی ناوچەکەدایە. لە گەورەترین ئەو هەڕەشانە کە دەتوانن مەترسییەکی ڕاستەوخۆ بن بۆ هەرێمی کوردستان، گۆڕانکاریی سیاسییە لە چوار دەوڵەتی تورکیا و سووریا و ئێران و دواجار عێراق. بۆ نموونە ئەگەری وەرچەرخانی سیاسی لە ئێران، چ لە قۆناغی گواستنەوە و چ لە بەردەوامیی دۆخەکە، دەتوانێت کاریگەریی لەسەر ئاسایشی هەرێمی کوردستان و لە داهاتوویشدا لەسەر پێگەی جیۆسیاسیی هەرێمی کوردستان لە ناوچەکە و عێراقدا هەبێت.
بۆ نموونە کاتێک کە سیستەمی ئێران بڕووخێت، ئەوە هاوکێشە سیاسییەکانی عێراق بەتەواوی دەگۆڕدرێت و ئەمەیش ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر داهاتووی هەرێمی کوردستان دەبێت. جگە لەمانەیش کاتێک لە تورکیا دەسەڵاتی سیاسیی ئێستا دەکەوێتە مەترسییەوە، لە کورتخایەن بە هێرشی سەربازی بۆ ڕۆژاوا و هەرێمی کوردستان قەرەبووی دەکاتەوە و لە درێژخایەندا ئەگەر دەسەڵات بگۆڕدرێت، ئەوەیش دهبێته هۆی نادڵنیایی لە بواری ئاسایشی و سەربازی و سیاسی و تەنانەت ئابووریی هەرێمی کوردستان.
هەروەها گۆڕانکاری لە سووریا و دروستبوونی جەنگ یان مانەوەی ڕژێمی بەشار ئەسەد، دەتوانێت کاریگەری بخاته سەر هاوکێشە ئاسایشییەکانی هەرێمی کوردستان. جگە لەمانەیش پرسی کورد لەو وڵاتانە بەردەوام وەکوو فاکتەرێک کاریگەریی لەسەر هاوکێشەی ئاسایشی و پەیوەندیی هەرێمی کوردستان و ئەو وڵاتانە هەیە. تێکچوونی پەیوەندییەکانی ئەو وڵاتانە لەگەڵ بەغدا لە لایەک و لێکنزوکبوونەوەیان لە بەغدا لە لایەکی دیکەوە، دەتوانێت ئاسایشی هەرێمی کوردستان بخاتە مەترسییەوە. هەروەها بەهێزبوونەوەی سەدرییەکان و تەقینەوە و ناڕەزایەتیی جەماوەری و بارگرژییەکانی نێوان هێزە شیعەکان، یەکێک لەو مەترسییانەیە کە لەم چوارچێوەیەدا پۆلین دەکرێت.
ئەگەر: مامناوەند-لاواز
٨- بەرزبوونەوەی ململانێ و بارگرژیی نێوان ئێران و ئەمریکا
هەرێمی کوردستان بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافی و شێوازی دامەزراندن و سروشتی سیستەمە سیاسییەکەیەوە، بۆ مانەوەی، پێویستی بە پاڵپشتیی ئەمریکا و هاوپەیمانە ڕۆژاوایییەکان و هاوکێشە هەرێمایەتییەکان هەیە؛ هەر ئەمەیش وا دەکات کە پەیوەندییەکانی ئەکتەرە هەرێمایەتی و سەرووهەرێمایەتییەکان کاریگەریی لەسەر ئاسایش و مانەوەی هەرێمی کوردستان هەبێت. لەم نێوەندەیشدا بارگرژی و درێژەکێشانی گرفت و کێشەکانی ئەمریکا و ئێران لە ساڵی ٢٠٢٣، لە لایەک دەرفەتە بۆ هەرێمی کوردستان کە هەردوو لایەن پێویستیان بە ڕۆڵ و بکەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە عێراق دەبێت و، لە لایەکی تریشەوە هەڕەشەیەکە کە دەتوانێت ببێتە مەترسییەکی گەورە، کاتێک کە هەر کام لەم دوو ئەکتەرە لە بەغدا پاڵپشتی لە ڕەوتێکی سیاسیی جیاواز بکەن و هەرێمی کوردستان ناچار بکەن کە پاڵپشتی لە لایەنێکی سیاسی بکات لە هاوکێشە سیاسییەکانی بەغدا. لە بەرامبەریشدا، هەردوو دەوڵەت دەتوانن ململانێکانیان لەسەر خاکی هەرێمی کوردستان یەکلایی بکەنەوە و، لە لایەکی تریشەوە گوشار لە هەرێمی کوردستان بکەن بۆ دوورکەوتنەوە لە ئەجێندای لایەنی بەرامبەر.
جگە لەمانەیش، ڕێککەوتنی ئێران و ئەمریکاش دەتوانێت هەڕەشە بێت؛ بەو پێیەی کە ئەمریکا دەستی ئێران بەناڕاستەوخۆ لە عێراق واڵا دەکات و نایەوێت سیاسەتێک پەیڕەو بکات کە هەستیاریی ئێران بجووڵێنێت. ئەزموونی هەردوو شێوازی سیاسەتی ئەمریکا لە عێراق، بە ئاست و شێوازی جیاواز، کاریگەریی نەرێنیی لەسەر هەرێمی کوردسان دەبێت؛ چ بارگرژی و چ باشبوونەوەی پەیوەندییەکانیان. تەنانەت ناکۆکیی تورکیا و ئەمریکاش دەتوانێت کاریگەریی نەرێنیی لەسەر ئاسایشی هەرێمی کوردستان هەبێت؛ بەو پێیەی کە تورکیا لە سووریا و عێراق دەیەوێت گوشار لە ئەمریکا بکات و ئەمەیش بۆ هەرێمی کوردستان مەترسییە.
ئەگەر: زۆر بەرز-بەرز
٩- لاوازبوونی سەرمایەی کۆمەڵایەتی و سیاسی: پرسە کۆمەڵگەیی، کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەکان
لادانی کۆمەڵایەتی، تاوانی ڕێکخراو و گەندەڵی و لێکترازانە کەلتووری و کۆمەڵایەتییەکان، لەو هەڕەشانەن کە لە ساڵی ٢٠٢٣ دەتوانێت وەکوو مەترسییەکی ئاسایشی بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەستنیشان بکرێت. بەرزبوونەوەی ئاست و ڕێژەی بەکارهێنان و بازرگانی بە مادەی هۆشبەر و، هەروەها بەردەوامیی کۆچی بەکۆمەڵ یاخود کۆچی بەلێشاوی گەنجان بۆ دەرەوە، یەکێک لەو هەڕەشانەیە کە لە ساڵی ٢٠٢٣ وەکوو مەترسییەکی ئاسایشی و کۆمەڵگەیی سەیر دەکرێت. جگە لەمانەیش خودی ئەم دوو فاکتەرە، دەتوانێت مەترسیی ڕێکخراوە تاوانکارییەکان و تاوانی ڕێکخراو بەرز بکاتەوە. بەردەوامی لە لێکترازانە کۆمەڵایەتییەکان، بەتایبەتی لە نێوان نەوەکان و ململانێی توندی بەهایی لە نێوان ڕەوت و گوتاری ئیسلامیی توندەڕەو لەگەڵ تەوژمی سێکولار، یەکێکه لەو هەڕەشانەی کە بە شێواز و هۆکاری جۆراوجۆ بەردەوام دەبێت و کاریگەریی لەسەر دابەشبوونی کۆمەڵگەی کوردستان و قووڵکردنەوەی لێکترازانەکان و بەم پێیەیش ئاسایشی کۆمەڵگەیی دەبێت.
یەکێکی دیکە لەو هەڕەشانەی کە دەتوانێت مەترسییەکی ساڵی ٢٠٢٣ بێت، بریتییە له سایبەر تیرۆریزم، بەتایبەتی کاریگەرییە نەرێنییەکانی لە سۆشیال میدیا و پاشان بڵاوبوونەوەی هەواڵی ساختە یان درۆیین (Fake news) لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان. بەپێی ڕاپۆرتێکى پێگەى "datareportal"، لە هەموو عێراق- بە هەرێمی کوردستانەوە-[3] 28.35 ملیۆن بەکارهێنەرى سۆشیال میدیا هەیە.[4] بەپێی رووپێویی هەرزەکاران و لاوان لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2019 کە لەلایەن وەزارەتی پلاندانان، دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان و بە هاوکاریی ڕێکخراوەکانی UNFPA و UNICEF لە سێ پارێزگای هەرێمی کوردستان لەسەر کەسانی تەمەن 10 بۆ 30 ساڵ کراوە، لە هەرێمی کوردستان، ڕێژەی 84.9% لە لاوان لە تەمەنی ١٠ بۆ ٣٠ ساڵی خاوەنی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانن (مۆبایل، کۆمپیوتەر و لاپتۆپ، تهبلێت و ئایپاد و تەلەڤزیۆنی مۆدێرن)؛ هەروەها بە ڕێژەی 72% بەکاربەری ئینترنێتن و به ڕێژەی 47.9% یارییە ئەلیکترۆنییەکان دەکەن. لە لایەکی تریشەوە، ڕێژەی 60.2% لەو تەمەنهدا، بەردەوامن لە خوێندن و ڕێژەی 52.0% لەو تەمەنەدا کاتەکانیان بە گەڕان بەناو ئینترنێت بەسەر دەبهن و، ڕێژەی 21.2% کاتە بەتاڵەکانیان بە یاریکردنی ئەلیکترۆنی بەسەر دەبەن.
ئەم پرسە بە ڕاددەیەک گرنگە، کە دەتوانێت کاریگەریی لەسەر ئاسایشی کۆمەڵایەتی و تەنانەت سیاسی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان هەبێت؛ چونکە بەکارهێنەران سەرچاوەی جۆراوجۆری زانیارییان هەیە کە مەرج نییە ڕاست و دروست بن و، لە هەمان کاتیشدا وڵاتانی هەرێمی بە "سوپایەکی گەورەی سایبەری"، بەشدارن لەم بوارەدا. بڵاوکردنەوەی زانیاریی هەڵە یان شێوێنراو و ئامانجدار، دروستکردنی دووبەرەکی و جەمسەربەندیی دوژمنکارانە لە نێوان حزب و گرووپە کۆمەڵایەتییەکان، پەرەپێدانی بێمتمانەیی و لاوازکردنی هەستی نیشتمانی و زەقکردنەوەی کێشە و گرفتە ئاسایییەکانی هەر کۆمەڵگەیەک لە پاڵ برەودان بە پۆپۆلیزم و ئاساییکردنەوەی تاوانەکان، گۆڕینی ستایلی ژیان و بەها سەرەکی و بنچینەیییەکانی کوردستان، بەشێک لەو هەڕەشانەن کە لە ساڵی ٢٠٢٣ مەترسین بۆ سەر بوار و ڕەهەندەکانی ئاسایشی کۆمەڵگەییی هەرێمی کوردستان کە پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان بە نەوەی Z و بەرزبوونەوەی توندوتیژیی سیمبۆلی هەیە.
هەر ئەو پرسەی کە ئێستا لە چوارچێوەی ڕق وکینە و توندوتیژی لە نووسین و پۆستەکاندا لە هەرێمی کوردستان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەبینرێت؛ ئەم ئامارە بەرزە لە خاوندارێتیی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان و پاشان بەکارهێنانی ئینترنێت لە هەرێمی کوردستان، کۆی بەها و سیستەمی بەهاییی کۆمەڵایەتیی تووشی گرفت کردووە و کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر سەرچاوەکانی ڕەوایەتیی کۆمەڵایەتی و سیاسی داناوە. ئەم گۆڕانكارییانە وایان كردووە كە جیلی نوێ (GEN Z) چاوەڕوانیی وهڵامدانەوەی خێرای پرس و بابەتە سیاسییەكانی لە دەسەڵاتی سیاسی هەبێت. هەروەها پێی وایه كه سیاسەت دهبێت لە خزمەت دابینكردن و دەستەبەركردنی ستایل و پێداویستییەكانی ژیانیدا بێت.
ئەگەر: بەرز- مامناوەند
١٠- ئاو، ژینگە و کارەساتی سروشتی
ڕوودانی کارەساتێکی لەناکاوی سروشتی یان گۆڕانی کەش لە کوردستان یەکێک لەو هەڕەشانەیە کە دەتوانێت لە ساڵی ٢٠٢٣دا مەترسییەکی ئاسایشی بۆ هەرێمی کوردستان دروست بکات؛ ئەمهیش دەتوانێت خۆی لە گۆڕانی کەشوهەوا و وشکەساڵی و بوومەلەرزە و لافاو یان بڵاوبوونەوەی پەتایەکی مەترسیدار ببینێتەوە. هەروەها دابەزینی داهات و پاشەکەوتی ئاو و بەردەوامیی بەفێڕۆدانی ئاو و کەمبوونەوەی ڕێژەی ئاوی ژێر زەوی لە شارە گەورەکان بە تایبەتی هەولێر دەتوانێت جگە لە دروستکردنی مەترسییەکی گەورەی مرۆیی، کاریگەریی لەسەر دروستبوونی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی جەماوەری هەبێت.
هەروەها بەردەوامبوونی سیاسەتی ئاویی تورکیا و ئێران دەتوانێت کەرتی کشتوکاڵ و قەیرانی ئاو لە هەرێمی کوردستان قووڵتر بکاتەوە. بۆیە دۆخ یاخود پرسی ئاسایشی ئاو یەکێکە لە ئەولەوییەت و مهترسییە ئاسایشییەکان لهسهر هەرێمی کوردستان. جگە لەمانەیش، پیسبوونی ژینگە و ئاووهەوا مەترسییەکی گەورەیە لە ساڵی ٢٠٢٣ و ساڵانی دواتریش لەسەر ئاسایشی مرۆییی هەرێمی کوردستان؛ بەو پێیەی کە هەولێر یەکێکه لە پیسترین شارەکانی عێراق و عێراقیش، نۆیەم دەوڵەتە لە ریزبەندی پیسترین وڵاتانی جیهان. هەروەها وشکەساڵی و وشکبوونی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق[5]، بەتایبەت دیجلە و فورات و بەم پێیەیش بەبیابانبوونی عێراق وا دەکات، مەترسیی گەورە لەسەر هەرێمی کوردستان بەهۆی کۆچی ژینگەییەوە چ لە ساڵی ٢٠٢٣ و چ لە ساڵانی دواتر، دروست بێت کە لێکەوتەی گەورەی مرۆیی و سیاسی و ئاسایشی و ناسنامەییی دەبێت.
ئاستی هەڕەشە: زۆر بەرز- بەرز
[1] - "٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، ئەمریکا هەڵبژاردنی ناوەڕاستی خولی دوو ساڵانەی ئەنجام دا بۆ هەڵبژاردنی ٤٣٥ ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران (دوو ساڵ جارێک هەڵدەبژێردرێن) و یەک لەسەر سێی ٣٥ سیناتۆر لە کۆی ١٠٠ نوێنەر (شەش ساڵ جارێک هەڵدەبژێردرێن بە ڕێژەی یەک لەسەر سێی هەر دوو ساڵ جارێک)، جگە لە ٣٦ حاکمی ویلایەت لە کۆی گشتیی ٥٠ ویلایەت، هەروەها ژمارەیەک پۆستی ناوخۆیی.
[2] - ڕێژەی بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان:
١- خولی یەکەم لە 19ی 5ی 1992؛ ئاستی بەشداری: 84.4%
٢- خولی دووەم لە 30ی 1ی 2005؛ ئاستی بەشداری: 75.6%
٣- خولی سێیەم لە 25ی7ی 2009؛ ئاستی بەشداری: 74.5%
٤- خولی چوارەم لە 21ی 9ی 2013؛ ئاستی بەشداری: 73.9%
٥- خولی پێنجهم لە 30ی 9ی 2018؛ ئاستی بەشداری: 59.8%
[3] - لە ڕاستیدا ئامارێکی نوێ و جیاکراوە بۆ بەکارهێنانی ئینترنێت و سۆشیال میدیا لەنێو دانیشتووانی هەرێمی کوردستان نەخراوەتە ڕوو، بەڵام بەپێی ئامارە بەردەستەکان، ژمارەی بەکارهێنەرانی ئینترنێت کە لە ساڵی 2010دا تەنیا 335 هەزار کەس بووە؛ ئەم ژمارەیە لە 2013دا گەیشتووەتە 2 ملیۆن و لە 2020دا بۆ 3 ملیۆن بەکارهێنەر بەرز بووەتەوە. واتە لە ماوەی کەمتر لە حەوت ساڵدا، ژمارەی بەکارهێنەری ئینترنێت لە هەرێمی کوردستان 794٪ زیادی کردووە. دیارە لە هەرێمی کوردستان بەکارهێنانی ئینترنێتیش بەزۆری پەیوەستە بە بەکارهێنانی سۆشیال میدیاوە (ناوەندی لێکۆڵینەوەی ڕووداو، 16-01-2023).
[4] - ئامارەکان ژمارەى بەکارهێنەرانى ئینترنێت و سۆشیال میدیا لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەپێی ڕاپۆرتەکە:
20.58 ملیۆن کەس ئینترنێت بەکار دەهێنن و 28.35ملیۆن بەکارهێنەرى سۆشیال میدیا هەیه. هەروەها فەیسبووک: 18.85 ملیۆن بەکارهێنەری هەیە، کە لەم ڕێژەیە %27.0 ژنان، 73.0% پیاون. ماسنجەر: 16.15 ملیۆن بەکارهێنەری هەیە ، کە لەم ڕێژەیە 26.2% ژن و %73.8 پیاون. ئینستاگرام: 15.45 ملیۆن بەکارهێنەری هەیە، کە لەم ڕێژەیە 34.2%ى ژن و 65.8% پیاون. سناپچات: 13.80 ملیۆن بەکارهێنەری هەیە، کە 51.9% ى ژن و 46.9% پیاون و تویتەر: 1.90 ملیۆن بەکارهێنەری هەیە. بەپێی ڕاپرسییەکی مەیدانی (کاریگەریی پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان لەسەر دۆخی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری لە هەرێمی کوردستان)ی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ڕووداو، بەپێی ئەنجامەکان، بەرزترین ڕێژەی بەکارهێنانی پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان لە هەرێمی کوردستان، بۆ فەیسبووکە بە ڕێژەی 88.86٪، بە دوایدا ماسنجەر بە ڕێژەی 73.22٪ دێت و، دوای ئەویش ئینستاگرام بە ڕێژەی 70.04٪ و ڤایبەریش بە ڕێژەی 69.94٪ دێت. تویتەر بە ڕێژەی 15.45٪ بەكار دێت و کەمترین بەکارهێنانیش بە 1.50٪ بۆ "لینکدین"ە. لە ڕوویەکی دیکەوە، چالاکبوون یاخود زیاتر بەکارهێنانی پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان لە هەرێمی کوردستان بە ڕێژەی 60.84٪ لە فەیسبووکە، بە ڕێژەی 36.26٪ لە سناپچاتە، لە کاتێکدا چالاكبوون لە لینکدین 0.19٪ بووە. هەروەها لە ڕووی ماوەی بەکارهێنان لە 24 کاتژمێردا، بەگشتی بەکارهێنانی پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان و سۆشیال میدیا لە هەرێمی کوردستان ڕۆژانە گەیشتووەتە 4 کاژێر و 42 خولەک، واتە زیاتر لە یەک لەسەر شەشی کاتی مرۆڤەکانی داگیر کردووە. لە ڕووی ڕەگەزیشەوە، ڕەگەزی نێر ڕۆژانە 5.07 کاتژمێر و ڕەگەزی مێ 3.82 کاتژمێر لەسەر ئینترنێتن. بەرزترین ڕێژەی بەکارهێنانیش لەنێو ئەوانەدایە کە سەڵتن و ڕۆژانە 5.91 کاژێر بەکاری دەهێنن، لە ڕووی گرووپی تەمەنیشەوە، تاوەکوو تەمەنی مرۆڤەکان گەورەتر بێت، کاتژمێرەکانی بەکارهێنانی پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان کەمتر دەبێتەوە.هەر بەپێی هەمان ڕاپرسی، ئەوانەی پێیان وایە پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان (سۆشیال میدیا و ماڵپەڕەکان) بوونەتە سەرچاوە بۆ ئاگاداربوون لە ڕووداوەکانی ناوچەکە، گەیشتووەتە 93٪، لە کاتێکدا تەنیا 3.85٪ دژی ئەوە بوون.
[5] - بانکى نێودەوڵەتى لە 3ى کانوونى دووەمى 2023 ڕاپۆرتێکى لەبارەى پێشبینییەکانى بۆ دۆخى عێراق بڵاو کردەوە بە ناوى راپۆرتى کەشوهەوا و پەرەپێدان. بەپێی تۆڕی میدیایی ڕووداو، لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، کەمبوونەوەی ئاو لە عێراق بە شێوەیەکى خێرایە و پێشبینی دەکرێت تاوەکوو ساڵى 2035 جیاوازیى بڕى ئاوى داواکراو لەگەڵ ئەو بڕەى لەبەردەستە، بگاتە نێوان 5 بۆ 11 ملیار مەتر سێجا و ئەوەیش دەکاتە تێکڕاى 15%ى خواست لەسەر ئاو. لە بەشێکى دیکەى ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، گۆڕانکاریى کەشوهەوا و بەرزىی پلەى گەرمى و کەمبارانى لە عێراق، دەبێتە هۆى کەمبوونەوەى ئاوى پێویست بۆ کشتوکاڵ بە ڕێژەى 20%، بەهۆى ئەوەیشەوە تێکڕاى بەرهەمى نێوخۆیی بە ڕێژەى 3.9% کەم دەکات. بانکى نێودەوڵەتی ئاماژەى بەوەیش داوە کە لە چوار بەش، سێ بەشی گازە زیانبەخشەکان بۆ ژینگە لە عێراق لە کەرتى کارەبا، نەوت، گواستنەوەیە و ئەو گازەى لە عێراق دەسووتێت.
هەروەها بەڕێوەبەری فەرمانگەی دارستان و بەرەنگاربوونەوەی بەبیابانبوون لە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دەڵێت، نزیکەی 27 ملیۆن دۆنم زەوی کە دەکاتە نزیکەی 15٪ی خاکی عێراق، بووەتە بیابیان و نزیکەی 55٪ی دیکەی ڕووبەری خاکی عێراقیش هەڕەشەی بەبیابانبوونی لەسەرە. لە لایەکی دیکەوە حەسەن تەمیمی، سەرۆکی یەکێتیی کۆمەڵەی جووتیارانی عێراق، ڕۆژی شەممە، 2-7-2022 بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند: "کەمئاوی کاریگەریی ڕوونی دروست کردووە و بووەتە هۆی ئەوەی بەشێکی زۆری خاکی عێراق ببێتە بیابان؛ ئێستا نزیکەی 13 ملیۆن دۆنم زەویی کشتوکاڵی بە کەڵکی کشتوکاڵکردن نایەت؛ ئەمهیش کاریگەریی گەورەی کردووەتە سەر جووتیاران و داهاتی کەم کردوونەتەوە". حەسەن تەمیمی گوتیشی: "ساڵی ڕابردوو بەرهەمی گەنم 3.5 ملیۆن تۆن بووە، لە کاتێکدا ساڵی پێشتر پێنج ملیۆن تۆن بووە؛ ئەمساڵ تاوەکوو ئێستا نزیکەی 1.9 ملیۆن تۆن کەمی کردووە، ئەوە لە کاتێکدایە ئەمساڵ بەهۆی جەنگی ئۆکرایناوە نرخی گەنم لە جیهاندا بەرز بووەتەوە، بۆیە ئەمساڵ زیانی زۆر گەورە بەتایبەتی بەر جووتیاران کەوتووە." هەروەها د. بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری پێشووتری عێراق، لە ڕۆژی جیهانیی ژینگەدا لە ساڵی ٢٠٢٢ ڕایگەیاند: "گۆڕانی کەشوهەوا هەڕەشەی مان و نەمانە لە ئاییندەی عێراق، چونکە بەبیابانبوون کاریگەریی لەسەر 39٪ی خاکی عێراق داناوە و 54٪ی خاکی عێراق مەترسیی لەدەستدانی توانای کشتوکاڵیی لەسەرە". بەرهەم ساڵح ڕایشی گەیاند: "وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق پێشبینی دەکات لە ساڵی 2035 بەدواوە عێراق ساڵانە 10 ملیار و 800 ملیۆن مەترسێجا ئاو لەدەست بدات".