پەرویز ڕەحیم قادر- دکتۆرا لە ئاسایشی نەتەوەیی و مامۆستای بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دیپلۆماسی/ زانکۆی سەڵاحەددین
پێشەکی
کۆرۆنا لە بوار و ڕەهەندی جۆراوجۆرەوه زیانی بە ئاسایشی هەرێمی کوردستان گەیاندووە، بەڵام ئەوەی کە بەهۆی لێکەوتەکانی کۆرۆناوە لە ئاستی جیهانی، زیاتر لە خودی مەترسییە پزیشکی و مرۆیییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا مەترسیی بۆ سەر ئاسایشی هەرێمی کوردستان دروست کرد، قەیرانی دارایی بوو بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت (بە جۆرێک ڕۆژانی 20 و 21ی نیسانی ٢٠٢٠ نرخی نەوت لە بازاڕەکانی بۆرسەی نیویۆرک بە 38 دۆلار خوار سفر مامەڵەی پێوە کرا و بۆ چەند ڕۆژێک لە خوار سفر مایەوە) و دروستبوونی قەیرانی دارایی لە ئاستی جیهانی و پاشان لە عێراق و هەرێمی کوردستان. هەروەها ڕاوەستانی کار و چالاکییە بازرگانییەکان لە جیهان بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی، گوشارەکانی بۆ خەڵک و داهاتی حکوومەت زیاتر کرد. ئەمە لەپاڵ گوشارەکانی بەغدا و بڕینی بوودجە و مووچەی فەرمانبەران وای کرد، کە ئاستی ناڕەزایەتی لە هەرێمی کوردستان بۆ دروستبوونی خۆپیشاندان بەرز ببێتەوە. واتە هاوکێشەیەکی پێچەوانەیی دروست بوو؛ نزمبوونەوەی داهاتی حکوومەت و هاووڵاتیان و دابەزینی نرخی نەوت و...، هاوکات بوو لەگەڵ زیادبوونی ڕێژەی بێکاری و بەرزبوونەوەی ناڕەزایەتیی هاووڵاتیان. لێرەوە جگە لە هەڕەشەکانی کۆرۆنا لە ڕووی بوار و ڕەهەندی ئاسایشی ئابووری و ئاسایشی کۆمەڵایەتی، ئاسایشی سیاسیی هەرێمی کوردستانیش بەهۆی خۆپیشاندانی توندوتیژانەوه کەوتە مەترسییەوە. لەم نووسینەدا هەوڵ دەدەین هۆکارەکانی ئەم پرسە تاوتوێ بکەین و نیشانی بدەین کە یەکەم، ئەمە تایبەت نییە بە هەرێمی کوردستان و دووەم، مەرج نییە فاکتەر، پاڵنەر و هۆکارەکان تەنیا سیاسی بن کە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی سیاسیی هەرێمی کوردستان دروست ببێت؛ باشترین نموونەیش ئەوە بوو ناڕەزایەتی و کێشە ئابووری و تەنانەت کۆمەڵایەتییەکان، گۆڕدرا بۆ هەڕهشە و مەترسی بۆ سەر ئاسایشی سیاسیی هەرێمی کوردستان.
ئاسایشی سیاسیی هەرێمی کوردستان: بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بووە هۆی ئەوەی دەوڵەتان خۆیان لە بارودۆخی جەنگدا ببینن و زۆربەی سیاسەتمەداران لە وتەكانیاندا ئاماژە بە دوژمن یاخود ڕكابەرێكی نەبینراو، نادیار و شاراوە دەكەن. تەنانەت لەو وڵاتانەی كە لیبراڵ دیموكراسیترین حکوومەتەكانی جیهانن، بە پێشنیاز و ڕاسپاردنی پسپۆڕانی تەندروستی، یاسا و ڕێوشوێنی توندیان گرتە بەر. لە ماوەی ڕابردوودا (ساڵی ٢٠٢٠) هەرێمی کوردستان هاوشێوەی وڵاتانی جیهان ڕووبەڕووی چەندین گرفتی جۆراوجۆر بووەوە کە سەرچاوەی زۆربەیان سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو. بەم پێیەیش دوو کەرت و بواری ئاسایشی، یەکەم: تەندروستی-کۆمەڵایەتی و دووەم: ئاسایشی ئابووری، لە هەموو کەرتەکانی ئاسایشی، زیاتر ڕووبەڕووی هەڕهشە بووەوە. بەڵام ئەوەی جێگەی گرنگی و سەرنجپێدانە ئەوەیە کە، لە هەمان کاتیشدا جگە لە گوشارە جۆراوجۆرەکانی بەغدا لە ڕووی سیاسی و بەتایبەتی ئابووری-دارایییەوە، لە خودی هەرێمی کوردستان لە بەشێک لە ناوچەکان خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکی توندوتیژ سەری هەڵدا کە لەپاڵ فۆرم و سیما دژەدەسەڵاتەکەی، پاڵنەر و هۆکارەکانی، زیاتر ئابووری یاخود بەهۆی ناڕەزایەتی لە دژی نەبوونی مووچە و خزمەتگوزارییەکان بوو. بەم واتایە، ئەوەی کە لەم نێوەندەدا کەوتە پەراوێزەوە و بەشاراوە مایەوە و حکوومەتیش نەیتوانی لانی کەم لە ڕووی سیاسەتی فەرمیی میدیایییەوە کاری لەسەر بکات، ئەوە بوو کە لەپاڵ لانی کەم هاندان و ئاراستەیەکی حزبی بۆ خۆپیشاندان، ئەم قەیران و نا-ئاسایشییە ئابووری و کۆمەڵایەتی و تەندروستییانە کە پاشان وێنا و فۆرمی نائاسایشیی سیاسیی وەرگرت، سەرچاوەکەی جیهانی بوو و پێویستیش بوو حکوومەت هیچ نهبێ لە ڕووی گوتارییەوە ئامادەکاریی بۆ بکردبایە. ئەمەیش نەک بەو واتایە بێت کە حکوومەت دەیتوانی لەو قەیرانەدا هەموو داخوازی و پێداویستییەکان دابین و دەستەبەر بکات، بەڵکوو بەو واتایەی کە لە ڕووی "کردەی گوتاری"یەوە (speech act) حکوومەت بەهۆی تایبەتمەندی و سەرمایە و سەرچاوە ماددی و ڕەمزییە بەردەستەکانی، دەیتوانی ناڕەزایەتییەکان لە ڕووی ئاسایشی سیاسییەوە بە نا-ئاسایشی (Desecuritization) بکات. لە کاتێکدا لە هەرێمی کوردستان نەویستراو و نەخوازراو، لەلایەن بەرپرس و کارهکتەرە حکوومییەکانەوە لە ڕێگەی "کردەی گوتاری"یەوە (speech act)، پرسەکان بە-ئاسایشی (securitization) کرا. ئەمەیش بووە هۆی ئەوەی کە ناڕەزایەتییەکی توندوتیژ دروست ببێت و دۆخە نا-ئاسایشییەکەیش لانی کەم لە ڕووی سیاسییەوە بە-ئاسایشی بکرێت و داواکاری و ناڕەزایەتییەکی ئابووری، بگۆدرێت بۆ هەڕەشە و مەترسییەکی سیاسی، کە ئەم دۆخەیش توانیی هەڕەشەیەکی جددی لە ئاسایشی سیاسی و سەقامگیریی کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان بکات؛ ئەویش لە هەستیارترین دۆخ و هەلومەرجدا.
بۆ نموونە، دهستهی سهربهخۆی مافی مرۆڤ له ڕاگهیهندراوێكدا لە ڕێکەوتی 10/12/2020 ڕای گەیاند: "دوای ئهوهی له چهند ڕۆژی ڕابردوو له چهند شار و شارۆچكهیهكی ههرێمی كوردستان لهلایهن چین و توێژهكانی كۆمهڵگه و مووچهخۆران و فهرمانبهرانهوه خۆپیشاندان بهڕێوه چوو، كه داوای مووچهكانیان و باشتركردنی ژیانیان دهكرد و سهرهتا خۆپیشاندانهكان بههێمنانه بهڕێوه دهچوو له چوارچێوهیهكی دیاریكراو، بهڵام بهداخهوه دواتر ئاڕاستهی خۆپیشاندانهكان گۆڕا و گرژیی تێ كهوت و كوژراو و برینداربوونی ژمارهیهك هاووڵاتی و ئهندامی هێزه ئهمنییهكانی لێ كهوتهوه و چهندان بارهگا و بینای حکوومی و شوێنی گشتی سووتێنران". ئەمە دەربڕی ئەوەیە کە هەموو لایەک ئەوە دەزانن کە ئەم توندوتیژییانە سەرچاوەیەکی ئابوورییان هەیە، بەڵام بێجگە لەوەی زۆربەی ناڕەزایەتییە ئابوورییەکان دەتوانێت بۆ پرسێکی سیاسی یاخود هەڕەشە لەسەر ئاسایشی سیاسی بگۆڕدرێت، لە هەرێمی کوردستانیش ئەمە ڕووی دا. بۆیە دەتوانین بڵێین جگە لە هۆکاری ململانێی حزبی لە هەرێمی کوردستان، تا کاتێک نەتواندرێت لە ڕووی کردەی گوتارییەوە (speech act)، پرسە ئاسایشی و نا-ئاسایشییەکان لە یەکتری جیا بکەینەوە و لە هەمان کاتیشدا هەموو پرسێک بە-ئاسایشی (securitization) نەکرێت، ئەوە ڕەفتار و گوتار و داواکاری و ڕووداوە نا-ئاسایشییەکانیش بە-ئاسایشی (securitization) دەکرێت. بۆیە پێویستە گرنگیی زیاتر بە نا-ئاسایشی (Desecuritization)کردنی پرس و گوتار و ڕووداوەکان بدەین، بۆ ئەوەی بەردەوام هەڕەشە لە قەوارەی هەرێمی کوردستان و ڕەوایەتیی حکوومەت نەکرێت کە لووتکەی ئاسایشی سیاسییە بۆ هەرێمی کوردستان، چونکە هەڕەشە لە ئاسایشی سیاسیی کوردستان مەترسییەکی ژیانییە ('vital threat') بۆ کورد و هەرێمی کوردستان. هەرچەندە هەموو پرس و جۆرەکانی ئاسایش پێکەوە گرێدراون و ڕەهەندی جۆراوجۆریان هەیە و جیاکردنەوەیان زۆر ئەستەمە، بەڵام دەکرێت پسپۆڕانی بواری ئاسایشی نەتەوەیی، ئەم بوار و ڕەهەند و پرسانە بەپێی مەترسی و هەڕەشەکان لە یەکتری جیا بکەنەوە.
بۆیە دەکرا "کۆرۆنا" وەکوو هەڕەشەیەکی جددی و مەترسییەک بۆ سەر هەموو کەرتەکانی تری ئاسایشی، گرنگیی زیاتری پێ بدرێت و لێکەوتە و ئاسەوارەکانی ڕوون بکرێتەوە پێش ئەوەی سەر بکێشێت بۆ دروستبوونی دۆخیکی ئاسایشی کە هەڕهشە لە کارامەیی و ڕەوایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکات و دروشمی ڕووخانی حکوومەت و تەنانەت هەڵوەشانەوەی هەرێمی کوردستان و دستێوەردانی بەغدا بەرز بکرێتەوە. لە لایەکی تریشەوە پلان و ڕێوشوێنە تەندروستییهكان و شێوازی قەدەغەکردن و کەرەنتینکردنەکانیش زیاتر دیراسە بکرابایە. چونکە کەرەنتین جگە لە سوود و قازانجە تەندروستییەکان، دەتوانێت لێکەوتەی نەرێنیی زۆری لە ڕووی ئابووری و کۆمەڵاتییەوە لەسەر کۆمەڵگە هەبێت.
ئاسایشی کۆمەڵایەتی-مرۆییی هەرێمی کوردستان: لەدەستدانی كار و لێكەوتە ئابوورییەكانی كۆرۆنا، سترێس و گوشاری دەروونی لە ژینگەی ماڵەوە دەخوڵقێنێت؛ بەم هۆیەیشەوە ئەگەری بەرزبوونەوەی توندوتیژیی خێزانی لەدژی ژنان و منداڵان زیاتر دەكات. بۆ نموونە بەپێی دوایین ڕاپۆرتەكان، دەركەوت كە لە چین، لەو ناوچە و شوێنانەی كە ماوەیەكی درێژ لە كەرنتینكرندا بوونە، توندوتیژییەكان، بە بەروارد لەگەڵ پێش كۆرۆنا و كەرنتینكردنیان، سێ بەرامبەر زیادی كردووە. هەروەها سندووقی منداڵانی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان (یۆنیسێف) ئاماژە بەوە دەكات كە پێشووتریش لە كاتی سەرهەڵدانی نەخۆشییە گوازراوەكاندا، توندوتیژی و بەكارهێنانی خراپی منداڵان بە شێوەیەكی بەرچاو زیادی كردووە. بۆ نموونە لە كاتی سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی "ئێبۆلا" لە ڕۆژاوای ئەفریقا لە نێوان ساڵانی 2014 تاوەكوو 2016، وای كرد كە بارودۆخی منداڵان پشتگوێ بخرێت و بەم پێیهیش ژمارەی ئەو منداڵانەی كە كاریان پێ كرا و بەكارهێنانیان بۆ مەبەستی سێكسی و تەنانەت دووگیانبوونی نەوجەوانان بەرز بووەوە. لە وڵاتی سیرالیۆن، ڕێژەی دووگیانبوونی نەوجەوانان گەیشتە 14000 كەس كە دووبەرامبەری ڕێژەی دووگیانبوونی نەوجەوانەكان بوو لەپێش بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا.
بەپێی ئهنجامهكانى ڕاپرسیى ڕاى گشتى لەسەر بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا له هەرێمى کوردستان (وهزارهتى پلاندانان/ دهستهى ئامارى ههرێمى كوردستان لە ڕێکەوتی 2020-03-28)، کە (48082) كهس له پارێزگاكانى (ھهولێر، سلێمانى، دھۆك، ھهڵهبجه، ئیدارهى گهرمیان و ڕاپهرین) لهم ڕاپرسییەدا بهشدار بوون، بە ڕێژەی (69.5%) لە بەشداربووان ڕایان گەیاندووە لە سەردەم و دۆخی کۆرۆنادا دڵەڕاوکێیان هەیە.[1] لە بوارەکانی کۆمەڵایەتی، خەڵکی هەرێمی کوردستان بە ڕێژەی (٢٥.٩%) کێشەی کۆمەڵایەتییان هەبووە. هەروەها بەشداربووان بە ڕێژەی (٢٣.٧%) کێشەی تەندروستی و بە ڕێژەی (٢٥.١%) کێشەی پەروەردەیییان هەبووە. کە ئەم ئامارانەیش لە یەکتری نزیکن و لە هەر ٤ کەس یەک کەس ئەو گرفت و کێشەیەی هەبووە لەم بوارەدا؛ واتا یەک لەسەر چواری خەڵکی هەرێمی کوردستان یاخود لانی کەم بەشداربووانی ڕاپرسییەکە کە وەکوو نموونەیەک لە هەموو ئیدارە سەربەخۆکان و پارێزگاكانى (ھهولێر، سلێمانى، دھۆك، ھهڵهبجه، ئیدارهى گهرمیان و ڕاپهرین) وەرگیراوە.
لهبارهی بێكاری بهگشتی و بێكاریی ژنان و كچان لە (٢٩-٩-٢٠٢٠)، بهڕێوهبهری گشتیی بهرهنگاربوونهوهی توندوتیژی دژ به ژنان "كورده عومهر" ڕای گەیاند: "بەدڵنیایییەوە کەمبوونەوەی هەلی کار و زیادبوونی بێکاری، کاریگەرییەکی زۆری دەبێ، چ لەسەر ئاستی تاک و چ لەسەر ئاستی خێزانی. بەشێکی زۆری خێزانەکان دوچاری داڕمانی کۆمەڵایەتی و هەڵوەشاندنەوەی خێزان دەبنەوە.[2]" هەروەها ڕێكخراوی تواناسازیی ئافرەتان لە ڕێکەوتی (7/12/2020) کە لە ماوەی کەرەنتینەی هاووڵاتیان بەهۆی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنا ئامارەكانی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان لە عێراق و هەرێمی كوردستان (%24 ) زیادی كردووە، بە شێوەیەك بەر لە هاتنی كۆرۆنا ڕێژەی توندوتیژی دژ بە ژنان (%35) بوو، بەڵام ئێستا ڕێژەکەی (%60)ه. زۆرترین توندوتیژییەكان لە شێوەی دەروونی بووە، كە ڕێژەكەی لە %67 و 90 پۆینت بووه؛ زۆرترین توندوتیژی لەلایەن پیاوەكانەوە بەرامبەر ژنان كراوە كە لە %47.5 بووە؛ هەروەها ڕێژەی %13.4ی توندوتیژییەکانیش لەلایەن براكانەوە بەرامبەر خوشك و دایكیان ئەنجام دراوە؛ جگە لەوەیش ڕێژەی %12ی توندوتیژییەكانیش لەلایەن باوكانەوە بەرامبەر كچەكانیان كراوە. لە لایەکی تریشەوە لە ڕووی ئاسایشی تەندروستی-مرۆیییەوە بەپێی دوایین ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی (تاکوو ٢٤-١-٢٠٢١)، تاوەکوو ئێستا ملیۆنێک و 26 هەزار و 924 پشکنین کراون؛ ئەنجامی پشکنینی 105 هەزار و 608 کەسیان پۆزەتیڤ بووە، لەو ژمارەیەیش 93 هەزار و 490 تووشبوو چاک بوونەتەوە و سێ هەزار و 456 تووشبوویش گیانیان لەدەست داوە. هەموو ئەم ئامارانە نیشان دەدەن ئاسایشی کۆمەڵایەتی و مرۆڤیی هەرێمی کوردستان لە سەردەمی کۆرۆنا ڕووبەڕووی هەڕەشە بووەتەوە.
ئاسایشی ئابووریی هەرێمی کوردستان: بەپێی ئهنجامهكانى ڕاپرسیى ڕاى گشتى لەسەر بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا له هەرێمى کوردستان (وهزارهتى پلاندانان/ دهستهى ئامارى ههرێمى كوردستان لە ڕێکەوتی 2020-03-28)، بەپێی بۆچوونی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان دوو لە گرنگترین ئەو کێشانەی کە ڕووبەڕوویان بۆتەوە بریتین لە:
لێکەوتەکانی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان بەپێی چەند ئامار و داتایەکی سەربەخۆ: ڕووپێویی ڕێكخراوی ئاشتی و ئازادی وەک نموونە
بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و ئەو ڕێکارانەی حکوومەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتاکە پیادەی کرد، کاریگەرییەکی زۆری لەسەر بێکاربوون و لەدەستدانی کار دروست کرد. بهپێی ڕووپێوییەکی ڕێكخراوی ئاشتی و ئازادی، بههۆی ڕێكارهكانی بهرهنگاربوونهوهی ڤایرۆسی كۆرۆنا ڕێژهی بێكاری له ههرێمی كوردستان بۆ 44% بهرز بووەوه .تەنیا لە ماوەی دوو مانگی قەدەغەکردنی هاتوچۆ و گرتنەبەری ڕێوشوێنی تەندروستی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، بە سەدان کەرت و بە هەزاران کرێکار لە کەرتە جۆراوجۆرەکان بێکار بوون یان داهاتیان لەدەست دا. کرێکارانی خزمەتگوزاریی بوارەکانی کارکردن كە خواردنگە، کافتریا، چایخانەکان، هۆتێل و ڕێستورانت و یەکە گەشتیارییەکان، ئارایشگهکان، سەرتاشخانەکان و... دەگرێتەوە، بۆ نموونە بەگوێرەی سەندیکانی گواستنەوە، تەنیا لە سنووری هەولێردا، زیاتر لە ٤٥ هەزار کرێکاری کەرتی گواستنەوە کە "شۆفێری تهکسی"ن، جیا لە شۆفێرانی پاسەکان، نەیانتوانی هیچ ڕۆژێک کار بکەن، لە کاتێکدا هەزاران کرێکاری بیناسازی بە هەمان شێوە لە کارەکانیان دابڕان و هەزاران کرێکاری پیشەسازی (پیشەوەران) و ژمارەیەکی زۆریش لە کرێکارانی کشتوکاڵ بە هەمان شێوە نەیانتوانی کار بکەن، بەتایبەت ئەو کرێکارانەی لە فرۆشگەکانی چەرەزات و میوەی وشککراوە کار دەکەن، بەو هۆیەوە کە ڕێکارەکانی حکوومەت ڕێگەیان بە کارکردن لەو ناوەندانە نەدەدا.
مەزەندە دەکرێت لە ماوەی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و قەدەغەی هاتوچۆدا، سەدان هەزار کرێکار بێکار بووبن، لە کاتێکدا بەگوێرەی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشەپێدانی پیشەسازی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆی سێ هەزار و ٧٣١ کارگە کە پێشتر لەلایەن حکوومەتی هەرێمەوە مۆڵەتیان پێ دراوە، دوو هەزار و ٢٨٧ کارگە داخراون و بەو هۆیەوە زیاتر لە نۆ هەزار کرێکار کارەکانیان لەدەست داوە کە پێشتر لەو کارگانەدا کاریان دەکرد. بەپێی ئامار و داتاکان، زۆربەی کارگەکان لە سنووری پارێزگای هەولێرن کە دوو هەزار و ٤٠٩ کارگەن، بۆیە پشکی شێری کارگە داخراوەکانیش بەر هەولێر دەکەوێت، کە ٧١.٦٪ی کارگەکانی داخران؛ لە سلێمانی ٩٧٨ کارگە، واتە ٤٤٪ی کارگەکانی داخران؛ لە دهۆکیش ٣٤٤ کارگە، واتە ٣٧٪ی کارگەکانی داخران و زۆرینەی کارگە داخراوەکانیش کارگەی بیناسازی بوون کە لە کۆی نزیکەی ٣٩٠ کارگەی بیناسازی، نزیکەی ١٩٠ کارگە داخران.[3]
بەڕێوەبەری پڕۆژەی كرێكاران لە ڕێكخراوی ئاشتی و ئازادی ڕای گهیاند: "له 14ی ئازاری ٢٠٢٠ تاکوو یەکی حوزەیران، لە ڕێگهی 20 تیم ڕووپێوێكمان لهبارهی بێكاری لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان ئەنجام دا؛ بەدواداچوونمان كردووە لە كاتی هاتنی ڤایرۆسی كۆرۆنادا ئاماری فەرمیمان وەرگرتووە، كە ڕێژەی بێكاری نزیكەی 44% بەرز بووەتەوە، لەگەڵ ئەوەیشدا لە 73% هاووڵاتیان تووشی كێشەی ئابووری بوونەتهوه." ئەمە لە کاتێکدایە لە ڕێکەوتی (15.04.2019) "عەلی سندی" لە وتارێکدا لە سەروبەندی ڕاگەیاندنی ڕووپێوییەک لەبارەی بازاڕی کار و شیکردنەوەی کارامهیییەکان لە عێراق، بە ھەرێمی کوردستانیشەوە، ڕای گەیاندبوو: "ڕێژەی بێکاری لە ھەرێمی کوردستان لە پێش شەڕی داعش، واتە پێش ساڵی ٢٠١٤، بریتی بوو لە (٦.٥%) لەسەد؛ ئەو ڕێژەیە لە ساڵی ٢٠١٥ گەیشتە نزیکەی (١٣.٥%) لەسەد. ھەروەھا خۆشبەختانە لە کۆتاییی ساڵی ٢٠١٧وە بۆ ڕێژەی (٢.٢%) لەسەد دابەزی." بەم پێیە بە بەراوردێکی سادە لە نێوان سەردەمی کۆرۆنا و سەردەمی پێش کۆرۆنا، ئاست و قەبارەی قەیرانە ئابوورییەکان و لێکەوتەکانی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان بەباشی دەردەکەوێت.
لێکەوتە جیهانییەکان: دوایین ڕاپۆرتی ئۆکسفام (Oxfam) وەک نموونە
دامەزراوەی ئۆکسفام (Oxfam)، گەورەترین دامەزراوەی بەرەنگابوونەوەی هەژاری، برسێتی و نادادپەروەری لە ئاستی جیهانی، ناونیشانی ڕاپۆرتێکی کە لە ڕێکەوتی ٢٥-١-٢٠٢١ لە ٨٣ لاپەڕەدا بڵاو کردهوە، بە "ڤایرۆسی نایەکسانی"، (فيروس اللامساواة- The Inequality Virus) ناوزەد کردووە. ئەو نایەکسانییەی کە بەپێی ئەم ڕاپۆرتە[4] تاوەکوو ١٠ ساڵی پاش پاندێمیی کۆرۆنا هەر بەردەوام دەبێت. بەم واتایە کە بۆ خەڵکی ئاسایی و هەژار لانی کەم ١٠ ساڵ پێویستە کە ئاسەوار و لێكهوته نەرێنییەکانی کۆرۆنا لەسەر ژیانیان بسڕنەوە. بۆ ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، ٢٩٥ زانای ئابووری لە ٧٩ دەوڵەتی جیهان بیروڕایان لێ وەرگیراوە. بەپێی ئەنجامەکانی توێژینەوەی ئەم دامەزراوە ناحکوومییە، پەتای کۆرۆنا بۆتە هۆی دروستبوونی قەیرانێکی ئابووری کە لە ماوەی ٩٠ ساڵی ڕابردوودا بێوێنە بووە.
هەر بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، سەدان ملیۆن کەس لە ئاستی جیهانی لە ٩ مانگی ڕابردوودا کار و پیشەیان بۆ دابینکردنی داهات و بژیوی ژیانیان لەدەست داوە. بەڵام ڕێژەیەکی زۆر کەم بارودۆخیان زۆر باشتر بووە بە بەراورد لەگەڵ ڕابردوو. بۆ نموونە، سامانی ١٠ پیاوی سامانداری جیهان لە مانگی دووی ساڵی ٢٠١٩وە، (٥٠٠) ملیار دۆلاری ئەمریکی زیادی کردووە و گەیشتۆتە (١١٢٠) ملیار دۆلار. هەر بەپێی ڕاپۆرتی ئۆکسفام ئەم ڕێژەیە لە پارە، بۆ ڕزگارکردنی خەڵکی جیهان لە هەژاری و دابینکردنی ڤاکسین بۆیان بەسە. هەر لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە کە ٨٧٥ لەو زانا ئابوورییانەی کە ڕایان وەرگیراوە و پرسیاریان لێ کراوە، پێشبینیی ئەوە دەکەن کە لەپاش کۆرۆنا نایەکسانی لە داهات، بە ڕێژەیەی زۆر بەرز بێتەوە. بەپێی ئاماری بانگی جیهانی، ڕێژەی (٣.٤) ملیار کەس لە جیهان داهاتیان لەژێر ($5.50) لە ڕۆژێکدایە؛ بەم واتایە کە بە هەژار هەژمار دەکرێن.[5]
بەپێی ڕاپۆرتی ئۆکسفام، نایەکسانی لە مردنیشدا بوونی هەبووە؛ بەم واتایە کە ڕێژەی مردنی کەمینە ڕەگەزی و ڕەشپێستەکان بۆ نموونە لە بهڕازیل بە ڕێژەی ٤٠% زیاتر بووە بە بەراورد لەگەڵ سپیپێستەکان. هەروەها بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ڕێژە و ئاستی نایەکسانی لە داهات لە سەردەمی کۆرۆنا لە نێوان ژنان و پیاوانیش دەبینرێت. بەم واتایە کە بەهۆی داخرانی هۆتێل و ڕیستۆرانت و شوێنە گەشتیارییەکان کە زیاتر ژنان کاری تیا دەکەن، ڕێژەیەکی بەرزتر لە ژنان بێکار بوونە یاخود داهاتی خۆیان لەدەست داوە. تەنانەت بەهۆی بەرزتربوونی ڕێژی ژنان لە ستافی تەندروستیی وڵاتاندا (لە ئاستی جیهان ڕێژەی ٧٠% لە هێزی کاری کەرتی تەندروستی و چاودێریی کۆمەڵایەتی لە ژنان پێک دێت)، ڕێژەی تووشبوونیشیان بەرزترە. پێشنیاری دامەزراوەی ئۆکسفام بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی نایەکسانییەکەیش ئەوە بووە، کە بە شێوەیەکی کاتی ڕێژە و ئاستی وەرگرتنی باج لە دەوڵەمەند و خاوەن سەرمایە و سامانەکان و، هەروەها کۆمپانیا گەورەکانی جیهان بەرزتر بێتەوە.
تەنانەت سندووقی دراوی نێودەوڵەتی (IMF) لە ڕاپۆرتێكیدا كە لە ڕێكەوتی 15-4-2020 بڵاوی كردەوە سەبارەت بە دروستبوونی ناسەقامگیریی كۆمەڵایەتی لەپاش سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنا هۆشداریی دا و ئاگاداركردنەوەی ڕاگەیاند. سندووقی دراوی نێودەوڵەتی ڕای گەیاند كە ئەگەر سیاسەتی وڵاتان بۆ كەمكردنەوەی قەیرانی ئابووریی هەڵقووڵاو لە سەرهەڵدانی كۆڤید-19 لە ئاست ئەم پەتایە نەبێت، ئەوە ئەگەری سەرهەڵدانەوەی ناڕەزایەتیی بەرفراوان لە چەند وڵاتێك لە ئارادایە. لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە كە ئەگەر یارمەتییەكانی حکوومەتەكان بە شێوەیەكی نا-دادپەروەرانە لە قازانجی كۆمپانیا گەورەكان بێت نەك زۆرینەی خەڵكی ئەو وڵاتانە، ئەم كارە دەتوانێت ببێتە هۆی سەرهەڵدانی ناسەقامگیری و نەبوونی ئاسایشی جددی لەو وڵاتانە. بۆیە سندووقی دراوی نێودەوڵەتی هۆشداریی داوە كە ئەم مەترسییە زیاتر لەو وڵاتانە ئەگەری ڕوودانی هەیە كە پێشتریش لە گەندەڵیی بەرفراوان و نەبوونی شەفافییەت لە كاروباری حکوومی تێوە گلاون و كەرتی خزمەتگوزاریی گشتییان لاوازە. لەم ڕاپۆرتە ئاماژە بە ناڕەزایەتییەكانی ساڵانی ڕابردوو دەدات كە لە هەمبەر سیاسەتی ئابووریی حکوومەت لە وڵاتانی جۆراوجۆر سەری هەڵداوە، وەكوو ئیكوادۆر و شیلی و هایتی و ئێران و تەنانەت بزووتنەوەی "ئێلەگزەردەكان" لە فەڕەنسا.[6]
قەیرانی ئابووریی ئێستای جیهان وەكوو دەرهاوێشتە و لێكەوتەی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بۆتە هۆی سەرهەڵدانی چەمد بارگرژییەک لە وڵاتان، بۆ نموونە لە ئەفریقای باشوور. لەپاش سەرهەڵدانی كۆرۆنا لە "كیپ تاون"، دووهەمین شاری گەورە لە ڕووی دانیشتووان لە ئەفریقای باشوور، هێزەكانی پۆلیس تۆمەتبار كران بە سەركوتكردنی ناڕەزایەتییەكان لە گەڕەكە هەژارنشینەكان كە بەهۆی كەمبوونی خۆراك هاتبوونە سەر شەقامەكان. تاوەكوو ئێستا، حکوومەتە جۆراوجۆرەكان لە سەرتاسەری جیهان بە گوژمەی زۆر بەرز، هەوڵیان داوە كاریگەرییە وێرانكەرەكانی قەیرانه ئابووری و كۆمەڵایەتییەكان بەهۆی كۆرۆنا چارەسەر بكەن بۆ ئەوەی ڕێگری لە سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەكان بكەن. بەپێی ڕاپۆرتەكە لەم گوژمەیە نزیكەی (3.3) تریلیۆن دۆلار بۆ تێچووەكانی تری حکوومەتەكان و نزیكەی (1.8) تریلیۆن دۆلار بۆ پێدانی قەرز و پێدانی سەرمایە و نزیكەی (2.7) تریلیۆن دۆلار بۆ گەرەنتیكردنی حکوومی تەرخان كراوە.
ئەم سەرنجە زۆر گرنگە كه ئەوە بزانین كە ناڕەزایەتییە جیهانییەكان لە دە ساڵی ڕابردوودا لە زۆربەی كاتەكان ڕەگ و ڕیشەی لە قەیرانی داراییی جیهانیی ساڵانی 2008و 2009دایە؛ ئەمەیش بۆتە هۆی نەبوونی دەرفەتی ئابووری و ناڕەزایەتی دژی نایەكسانی و گەندەڵیی حکوومەتەكان. هەر لە سەرەتای دەستپێكی پەیڕهوكردنی ڕێوشوێنی قەدەغەكردنی هاتوچۆ و كەرهنتینكردنی هاووڵاتیان و شارەكان، ناكۆكییەكان لە نێوان هێزی كار و بنەماڵەكان بەئاشكرا دەركەوتن. جگە لە دەستپێڕاگەیشتنی نایەكسان بە خزمەتگوزارییە تەندروستییەكان، نیگەرانی لە هەمبەر شۆكی داتەپینی ئابووری و دروستبوونی برسێتی و لەدەستدانی كار و شوێنی نیشتەجێبوون، لە زەینی زۆربەی تاكەكان ئازاریان دەدات. هەروەها خاچی سووری نێودەوڵەتی ڕای گەیاند، خەریکە پەتای کۆرۆنا دەبێتە بوومەلەرزەیەکی کۆمەڵایەتی و ئابووریی جیهانی و کاریگەریی ئەو بوومەلەرزەیەیش لەو ناوچانە زیاتر دەردەکەوێ کە شەڕیان تێدا بووە؛ هەر ئێستایش ملیۆنان کەس لەو ناوچانەدا کێشەی کەمیی خواردن، ئاو و کارەبا، خراپیی سیستەمی تەندروستی و بەرزبوونەوەی نرخی پێداویستییان هەیە و سەرچاوەکانی ژیان و ژێرخانیان لەدەست داوە.[7]
کۆبەند
ئاسەوار و لێكەوتە نەخوازراوەكانی قەیرانی كۆرۆنا تەنیا بە گوشار و سنووردانانەكانی دەوڵەتان ناوەستێت، بەڵكوو دەرهاوێشتەی تریشی هەیە. بۆ نموونە لە كاتی دەستپێكردنی كەرەنتینكردن ئاماری توندوتیژییە خێزانییەكان بەرز بۆتەوە، تا ئەو ڕاددەیە كە بەشێك لە وڵاتان "هێڵی پەیوەندیكردنی گەرم"یان بۆ بەدواداچوونی ئەم كەیسانە فەراهەم كردووە. سەردەمی کۆرۆنا و لێکەوتەکانی دەری خست کە ئەگەر بوار و کەرتێکی ئاسایشی مەترسیی بۆ دروست بێت، ئەوە کەرتەکانی تریش ڕووبەڕووی هەڕەشەی بە-ئاسایشیکردن دەبنەوە. بۆیە لێکەوتە نەرێنییە ئابووری و کۆمەڵایەتی-مرۆیی و سیاسییەکانی کۆرۆنا لە جیهان بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی زیاتر و بەرزترە لە تێچووە مرۆیییەکانی. خۆپیشاندانەکانی هەرێمی کوردستانیش پێویستە لەو چوارچێوەیەدا بخوێندرێتەوە، چونکە لە بنەڕەتدا پرسەکە سیاسی نەبوو، بەڵام ڕاستەوخۆ هەڕەشەیەکی بۆ سەر ئاسایشی سیاسیی هەرێمی کوردستان دروست کرد. تەنانەت دەتوانین بڵێین فاکتەری کۆمەڵایەتی لە سەردەمی کۆرۆنادا رۆڵی کاریگەری لە سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەکاندا هەبووە، جا لە ڕووی ئابوورییەوە بێت یاخود لە ڕووی دەروونی، چونکە ئەم پەتایە بۆتە هۆی لاوازبوونی سەرمایەی کۆمەڵایەتی و تەنانەت سەرمایەی سیاسیی دەوڵەتان، چ هۆکارەکانی ئابووری، وەکوو دابەزینی داهاتی تاک و بنەماڵەکان یاخود حکوومەت بن.
[1] - بۆ زانیاریی زیاتر بڕوانە: راپرسیى ڕاى گشتى لەسەر بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا له هەرێمى کوردستان (وهزارهتى پلاندانان/ دهستهى ئامارى ههرێمى كوردستان).
Available at: <http://www.krso.net/files/articles/280320091826.pdf >. Last visited: 25-1-2021.
[2] - بێكاری له سهردهمی كۆرۆنادا.. ژنان له بێكارییدا دوو جار قوربانیین، راپۆرت: بەهرە گەردی، ماڵپەری kurdistan 24.
Available at: <https://www.kurdistan24.net/ckb/story/85801>. Last visited: 25-1-2021.
[3] - بۆ زانیاریی زیاتر بڕوانە: کار و کرێکاران لە سەردەمی کۆرۆنا له ههرێمی كوردستاندا، ماڵپەری رێگای کوردستان، نشر بتاريخ: 01 تشرين1/أكتوير 2020.
Available at: <http://www.regaykurdistan.com/index.php/hewal-2018/kurdistan-2018/29480-2020-10-01-06-53-45>. Last visited: 25-1-2021.
[4]-smé Berkhout, Nick Galasso, Max Lawson, Pablo Andrés Rivero Morales, Anjela Taneja, Diego Alejo Vázquez Pimentel, The Inequality Virus, oxfam. Available at: <https://oxfamilibrary.openrepository.com/bitstream/handle/10546/621149/bp-the-inequality-virus-250121-en.pdf>. Last visited: 25-1-2021.
[5] - گزارش آکسفام درباره پیامدهای کرونا: ویروس نابرابری اجتماعی.
Available at: <https://p.dw.com/p/3oNtP>. Last visited: 25-1-2021.
[6] - بۆ زانیاریی زیاتر بڕوانە:
Transcript of International Monetary Fund Managing Director Kristalina Georgieva's Opening Press Conference, 2020 Spring Meeting. Available at: <https://www.imf.org/en/News/Articles/2020/04/15/tr041520-transcript-of-imf-md-kristalina-georgieva-opening-press-conference-2020-spring-meetings>. Last visited: 25-1-2021.
[7] - بۆ زانیاریی زیاتر بڕوانە: عەلی زەڵمی ، خاچی سوور: رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رووبەڕووی قەیرانی کۆمەڵایەتی و ئابووری دەبێتەوە، ماڵپەری روودا، 17-4-2020.
Available at: <https://www.rudaw.net/sorani/middleeast/16042020 >. Last visited: 17-4-2020.