د. پەرویز ڕەحیم قادر- دکتۆرا لە فەلسەفەی زانستە سیاسییەکان و مامۆستا لە بەشی سیستەمە سیاسییەکان و سیاسەتی گشتی، زانکۆی سەڵاحەددین-هەولێر
لەم ڕۆژانەدا سەرەڕای هەواڵ و ڕووداوەکانی ناوچەکە و جیهان، دوو هەواڵ لە ئاستی ناوچەیی و پاشان لە هەرێمی کوردستان سەرنجی ڕاکێشام. هەواڵی یەکەم ئەوە بوو کە بەپێی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی ئیسرائیلیی (HAARETZ) ڕێکخراوی زانیاری و ئاسایشی ناوخۆی ئیسرائیل "شین بێت" (Shin Bet) ڕای دەگەیەنێت، لەم دوایییانەدا کاریگەری و چالاکییەکانی "کۆماری ئیسلامیی ئێران"یان بۆ دزەکردن لە سۆشیال میدیا لە ئیسرائیل چاودێری و ئاشکرا کراوە. مەبەست لەم کاریگەرییە "چڕکردنەوەی دابەشکارییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانە لە ئیسرائیل لە نێوان لایەنە سیاسییە جیاوازەکاندا." بەڵام ئەوەی کە جێگەی سەرنجە ئەوە بوو کە، شین بێت مەزەندە دەکات کە کاریگەریی چالاکیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئیسرائیل کەمترینە؛ ئەوەیش بەشێکی گەورەی، هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هۆشیاریی گشتی. ئەم چالاکییانەیش کاتێک زیاتر بەرجەستە و ئاشکرا بوو کە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی هاووڵاتیانی ئیسرائیلی لە دژی بەرنامەی چاکسازیی کابینەی نوێی ئیسرائیل پەرەی سەندووە و، ئەمەیش وای کردووە کە دەرفەت بۆ ئەم گرووپە نەناسراوانە هاتۆتە ئاراوە کە بەپێی ئەم دەزگە هەواڵگرییە لەلایەن ئێرانەوە ئاراستە دەکرێن. خاڵی زۆر ورد و گرنگ ئەوەیە کە بە وتەی ماڵپەڕی هائارێتس، شارەزایانی ئەمنی، دوو تۆڕی سەرەکیی دزەکردنیان دەستنیشان کردووە: یەکێکیان "بێدەنگ یان بێدەنگەکان" و ئەوی دیکەیان "هانترێز". وا دیارە یەکێکیان پشتگیری لە ناڕەزایەتییەکان دەکات لە دژی چاکسازییە دادوەرییەکان و ئەوی دیکەیان دژی ئەو ناڕەزایەتییانەیە، بەڵام لە ڕاستیدا دەرکەوتووە هەردوو گرووپەکە لەلایەن دامەزراوەیەکی بیانییەوە بەڕێوە دەبردرێن بۆ دروستکردنی پشێوی و هاندان بۆ پێکدادان و دروستکردنی ناکۆکی لەنێو گەلی ئیسرائیلدا. تۆڕێکی دیکە کە گومانی لێکۆڵەرانی ورووژاندووە، تۆڕی "خیانەتکاران"ە، کە لە ڕێگەی "بێدەنگ یان بێدەنگەکان"ەوە بە گرووپی "هانترێز "ەوە بەستراوەتەوە.
هەواڵی دووەم، پاش مشتومڕێکی زۆر لە شەقامی عێراقی و هەرێمی کوردستان لە لایەک و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و لایەنە عێراقییەکان لە لایەکی ترەوە و پەسەندکردنی بوودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٣، سەرۆکی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، بەڕێز "حەمەی حاجی مەحموود"، لە ڕێکەوتی (13ی حوزەیرانی 2023) لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا دەڵێت: وتی: "من پێم وایە دەبێ كورد خۆی كۆ بكاتەوە، چونكە "بەغدا" بەوەوە ناوەستێت؛ ماوەیەكی تر بە بڕوای من پەلاماری بیرە نەوتەكانی سنووری كەركووك و مووسڵیش دەدەن و، دەبێت كورد خۆی بۆ بەرگری ئامادە بكات."
ئەم وتانە و چەندان وتەی هاوشێوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بووە جێگەی مشتومڕی زیاتر و بەگشتی دابەشبوون بەسەر دوو بەرەی لایەنگری قسەکانی و دژبەرانی وتەکانی. بەم واتایە لە ڕووداو و وتەی هاوشێوەی بەڕێز حەمەی حاجی مەحموود، بەرەیەک لایەنەگری دەکەن و پێداگری لەسەر ناسنامەی کوردستانیبوون دەکەنەوە و بەرەیەکی بەرامبەریش، گەڕانەوە بۆ بەغدا بە چارەسەر دەزانن و هەردوو جەمسەریش لایەنگری بەرچاویان هەیە و ئەرگیۆمێنتی بەهێزیان هەیە، بەرەی یەکەم، خەبات و قوربانییەکانی کورد دێننەوە یاد کە ئەم ئەزموونە تاقانەیەی کوردی لێ بەرهەم هاتووە لە مەترسیدا دەیبیننن و، جەمسەری دووەمیش پێی وایە کە ئەم دەسەڵاتەی ئێستا لەو بەها و ئامانجانە لای داوە و بۆ ئەوەی کە لاوازی بکەن، پێویستە عێراق وەکوو فردیادڕەسێک بێتە ناو هاکێشەکانەوە.
لە ڕاستیدا بەرەی یەکەم كە ناسنامە-تەوەرە هەوڵ دەدات چیڕۆك یان گێڕانەوەی کوردستانیبوون لە سەرووی پرس و بابەتەکانی تر دابنێت و، بەرەی دووەم زیاتر ژیان و خۆشگوزەرانی دەکاتە پێوەر و بەم پێیەیش چیڕۆكی عێراقیبوون بەبێ ئەوەی بیەوێت، دەکەوێتە پێش گێڕانەوە و ناسنامە کوردستانیبوونەکە. لە ڕوانگەیەکی ترەوە، جەمسەری یەکەم پێی وایە کە چونکە دەوڵەتمان نییە، ئەوە گەشەسەندن لە ڕێگەی کوردستانیبوونەوە دەبێت و بەرەی دووەمیش هەر پێی وایە چونکە دەوڵەتمان نییە، بەڵام لە چوارچێوەیەكی سیاسیداین بە ناوی عێراق، ئەوە پێویستە کەڵک لەو دەرفەتە وەربگرین. هەرچەندە وردە گوتار و گێڕانەوەی دیکەی توندڕەوتریش لە چوارچێوەی هەردوو جەمسەرەکەدا خۆیان دەبیننەوە؛ بۆ نموونە لە بەرەی یەکەم تاوەکوو دەوڵەتی کوردستان دەڕۆن و لە بەرەی دووەمیشدا ڕوانگەی وا هەیە کە ئامادەن بۆ لاوازکردن و نەمانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەنا ببەنە بەر بەغدا و گەڕانەوەی دەسەڵاتی تەواوی بەغدا بەسەر هەرێمی کوردستان و، تەنانەت بەپێی مشتومڕەکانی ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش بێت، هیواخواستن بە "نەمانی قەوارەی هەرێمی کوردستان"یش. تەنانەت هەندێ جار قوربانی، ئاوات بە جەللاد دەخوازێت، کە لێرەدا چیڕۆکی ئاواتەخوازیی تاکی کورد بە گەڕانەوەی دەسەڵات و وێناکردنی سەردەمی "سەددام حسێن"ی دیکتاتۆڕ و کوردکوژ و ئەنفالکەر بە "سەردەمی زێڕین و فریادڕەس، دەبێتە گێڕانەوەی ئاشکرا و نهێنیی گفتوگۆ و مشتومڕەکانی کورد لە هەرێمی کوردستان.
خاڵی سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە بەرەیەک، لایەنگرانی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆڵەکەی سەرەکییەکەی پێک دێنن و بەرەیەکیش لایەنگرانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەڵام هەر لەو دوو جەمسەرەدا چەند وردە-بەرەیەک خۆی تیایدا دەبینێتەوە و بە مەبەستی بەهێزبوون و باڵادەستیی گوتارەکەی، سوود لە نفووز و دەسەڵاتی گوتاری و تەنانەت ئامرازکانی لایەنگرانی جەمسەرەکە وەردەگرێت. خاڵی ناوەندی و مشتومڕی هەردوو بەرە لە ڕووکەش و ڕواڵەتدا "پرسی مووچە"یە، بەڵام لە ڕاستیدا دابەشبوونەکە ڕەهەندی قووڵتر وەکوو؛ گوتاری و جوگرافی و سیاسی و تەنانەت مێژوویی و سەربازی و لەمەیش مەترسیدارتر، لە ئاستی ناوخۆیی، ناسنامەیی و لە ئاستی دەرەکی، جیۆسیاسی لەخۆ دەگرێت. لە بەشەکانی دیکەی نووسینەکەدا هەردوو ڕووداو و هەواڵ کە خستمانە ڕوو، بۆی دەگەڕێینەوە و پەیوەندیی بە بابەتەکەمانەوە شرۆڤە دەکەین.
پێش ئەوەی کە هیچ جۆرە بڕیارێکی پێشوەختە سەبارەت بە ڕاستی و دروستیی هەر کامە لەم دوو گێڕانەوە یاخود بەرە و جەمسەربەندییە ناوخۆیییە بدەین، ئەوە دوو تایتڵ یان ناونیشانیان بۆ دەستنیشان دەکەین و پاشان ئەرگیۆمێنت و پاساوە بنەڕەتی و بنچینەیییەکانی هەر کامەیان دەخەینە ڕوو؛ بەم واتایە کە بە شێوەیەکی گشتی و کاتی دەتوانین جەمسەر و گوتاری یەکەم، ناو بنێین بە جەمسەری ماددی یان چیڕۆک و گێڕانەوەی واتاییی "ناسنامە-تەور" کە جەخت لەسەر گەڕانەوە و ناوەندێتیی هەولێر و کوردستانیبوون دەکاتەوە و پرسە سیاسی و ناسنامەیییەکان دەخاتە سەروو پرس و بابەتە خوشگوزەرانییەکان یان لانی کەم بە پەراوێزی و پلە دوویان دەزانێت. لە لایەکی ترەوە، گوتار یاخود جەمسەر یان گێڕانەوە و چیڕۆکی دووەم، بریتییە لە جەمسەری "ژیان-تەوەر" یاخود پێداگر لەسەر خۆشگوزەرانی، کە بەغدا وەکوو ئەکتەرێکی ناوەندی بە فریادڕەس هەژمار دەکات کە دەتوانێت چارەسەری کێشەکان بکات یاخود لانی کەم جەمسەربەندییە سیاسی و ئابوورییە ناوخۆیییەکانی هەرێمی کوردستان هاوسەنگ بکاتەوە.
پێش ئەوەی ئەرگیۆمێنتەکانی هەردوو لایەن یاخود بەرە و جەمسەر بخەینە ڕوو، پێویستە ئەوە بڵێین کە لە سەردەمێکدا کە بە "سەردەمی پۆست-ئایدیۆلۆژیا" دەناسرێت، ئەوە چیڕۆک یان گوتار و گێڕانەوە یاخود نەرەتیڤە کە سەرەڕای جیاوازییەکانیان، هەوڵی کۆکردنەوەی جەماوەر و تەنانەت داپۆشینی ناکۆکی و لێکترازانە ناوخۆیییەکان و زەقکردنەوەی لێکترازانە دەرەکییەکان لەگەڵ ئەکتەرەکانی تر وەکوو ڕکابەر یاخود نەیار و تەنانەت دوژمن دەدەن؛ لەم ڕێگەیشەوە ڕەوایەتی وەردەگرن و خۆیان جێگیر دەکەن، ئەگەر بە شێوەیەکی کاتیش بێت، تا ئەو کاتەی کە گوتارێکی دیکە جێپێی گوتاری زاڵ لەق دەکات و جێگەی دەگرێتەوە و چیڕۆکی تر زاڵ و باڵادەست دەبێت. بەڵام لە هەردوو حاڵەتەکەدا بڕواپێهێنان و جەنگ یاخود پێکدادان و ڕکابەریی ناسنامە و چیڕۆکەکان هەر بەردەوامە و لەسەر بڕواپێهێنان و قبووڵکردن یاخود وەرگرتنی جەماوەری وەستاوە. هەرچەندە هەردوو لایەن پاساو و ئەرگیۆمێنتی ڕیال (واقعی و بەرجەستە) پێشکەش دەکەن كە ڕیشەی لە ئێستا و ڕابردوویە، بەڵام وێنای داهاتوو لەسەر ئەم ئێستا و ڕابردوویە دەکەن. لە ڕوانگەیەکی ترەوە، لایەنە سیاسییەکان بۆ ڕۆنانی ناسنامە و پێکهێنانی گوتار و دەستەبەرکردنی ڕەوایەتی و زاڵکردنی هەژموونی سیاسیی خۆیان، کەڵک لە نەرەتیڤ و گێڕانەوە یاخود داستان و چیڕۆکی بەرهەمهاتوویان دەکەن و هەندێ جاریش بەپێچەوانەوە؛ چونکە ناسنامە بە گێڕانەوە بنیات دەنرێت و یارمەتیدەرە بۆ یەکخستن و گشتاندنی ناسنامە پەرشوبڵاوەکان. لە ڕوانگەیەکی ترەوە، خود-ئاگایی (هۆشیاری)ی مرۆڤەکان لەسەر بنەمای چیڕۆک و گێڕانەوەی پێشوەختە سەبارەت بە ناسنامە، دامەزراوە.
بە شێوەیەکی گشتی ڕوانگە یاخود میتۆد و ڕێبازی گێڕانەوە، تیشک دەخاتە سەر ئەو بوارەی کە پێی دەوترێت یادەوەری و، نیشان دەدات کە چۆن گێڕانەوەی هەر مرۆڤێک، مرۆڤەکان وەک بەشێک لە کۆمەڵگەی هاوبەش کۆ دەکاتەوە و فێریان دەکات کە ئەوەی وەک تاک ئەزموونی نەکردووە ببێتە بەشێک لە یادەوەریی هاوبەشیان و، بەم شێوەیە یادەوەریی بەکۆمەڵ دروست بکەن. ڕاستییەكەی، یادەوەرییە بەکۆمەڵەکان یارمەتیدەری گێڕەڕەوەکانن کە سنووری کات و شوێن دەبەزێنن و بە دروستکردنی چوارچێوەی کۆمەڵایەتی و کەلتووری، پەیوەندیی نێوان-نەوەکان و ناو-نەوەکان چالاک دەکەن و شوناسە تاکەکەسییەکان دەگۆڕن بۆ ناسنامە بەکۆمەڵەکان.
بۆیە ڕوانگەی گێڕانەوە لە تێڕوانین بۆ ناسنامە یاخود شوناسدا ئەرکی سەرەکیی، دەرخستنی ئەو ڕایەڵە شاراوانەیە کە لە نێوان یادەوەری و ڕابردوو (لە لایەک) و بنیاتنانی شوناسی خۆی و ئەوی تر (لە لایەکی دیکە) تێکەڵ دەبن و دەبێتە هۆی بەستنەوەی ناسنامەکانی تاکەکان بە ناسنامەی نەتەوەیی و بەکۆمەڵ و پاشان پەیوەندییان بە پرۆسەیەکی مێژووییی فراوانترەوە. هەر بۆیە فەیلەسووفی فەڕەنسی، بێرگسن (Henri Bergson (1859–1941 پێی وایە ناسنامەی مرۆڤ پەیوەستە بە یادەوەرییەکانییەوە و، لەسەر بنەمای ئەم بۆچوونە شوناسی کۆمەڵگەکان لەسەر بنەمای یادەوەرییە نەتەوەیییەکانی خۆیان دەزانێت.
توانای گێڕانەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە بەپێچەوانەی ڕووداوێک (وەک جەنگ) کە لە خاڵێکی دیاریکراو لە کاتدا ڕوو دەدات و کۆتایی پێ دێت، گێڕانەوە لە یەک کاتدا بەرەوپێش دەچێت و ئەمە بەردەوامبوونە لە کاتدا. پەیوەندیی گێڕانەوە لەگەڵ ڕووداوەکان لە سێ ئاستی کاتدا دیاری دەکرێت: ئێستا، ڕابردوو و داهاتوو. بازنەی ئەم سێ ئاستە کاتییە هێندە لە یەکتر گرێدراون، نە تێگەیشتنێکی تەواو و ورد لە ئێستا بەبێ ئاماژەدان بە ڕابردوو مومکین و، نە ڕابردوو بەبێ پەیوەندی بە ئێستاوە مانادارە، و نە بەبێ قبووڵکردن و تێگەیشتن لە ئێستا و ڕابردوو دەتوانین لە ئاییندە تێ بگەین و پێشبینی بکەین. ئەم تێکەڵاوبوونەی کات و گێڕانەوە، تێگەیشتنێکی دیاریکراو و بەرجەستە و کۆنکریتی لە ڕووداوەکە دروست دەکات - بەبێ گوێدانە ئەوەی کە ڕووداوەکە لە کام کاتەوە سەیر دەکرێت - هەمیشە مەرجدارە و بەستراوەتەوە بە دوو ئاستی کاتەوە کە ئامادەیییان نییە[1]. ئەم سنووردارکردنە هۆکاری نەبوونی سەقامگیری و نەبوونی دڵنیایی و شلەژانی گێڕانەوەیە. ئەم تایبەتمەندییانە لە ناسنامە یاخود شوناسیشدا دەبینرێن و، شوناسیش بە شێوەیەکی سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ ئەم تایبەتمەندییانە کە ئامادەیە بۆ گۆڕانکاری و تەنانەت وەرچەرخان.
ناسنامە (شوناس)، چەمكێكە كە دنیای دەروونی، یان كەسێتی لەگەڵ فەزای گشتی و فۆرمە كەلتووری و پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان تێكەڵ دەكات و، مانا دەبەخشێتە شتەكان و، ئەم ماناسازبوونی ناسنامەیییە، نیشانەی دروستكراوبوونییەتی. واتە ناسنامە شتێكی سروشتی و ههمیشهیی نییە، بەڵكوو دەبێ دروست بكرێ؛ واتە ناسنامه تایبەتمەندێتیی ناوەكی و گەوهەرییی نهگۆڕی" وشەكان و شتەكان" نییه. بەگشتی، ناسنامە بە دوو شێوە وابەستەی گێڕانەوەیە: گێڕانەوەکان شوناس دروست دەکەن، شوناسەکانیش دەبێ گێڕانەوەی خۆیان دروست بکەن بۆ ئەوەی خۆیان بناسێنن. ئەوەی شوناس دروست دەکات ئەو چیڕۆکانەن کە لە ڕابردووەوە دروست کراون یان ئەو چیڕۆکانەی ئێستا دروست کراون.
بەهێزترین ئەرگیۆمێنتی ئەم بەرەیە سەربەخۆییی سیاسی و گەڕانەوەیە بۆ بنچینە ناسنامەیی و سیاسییەکە لە چوارچێوەی سەروەرییە سنووردارە ناوخۆیییەکەدا. ئەم ڕوانگە و چیڕۆکە، پێداگری لەسەر ڕابردوو دەکاتەوە و پێی وایە کە پرسە بەهایی و نۆرماتیڤە ناسنامەیییەکان لە سەروو پرسە دارایی و ئابوورییەکانەوەیە. هەرچەندە ئەم جەمسەرە بەراوردی پێشکەوتنەکانی کوردستان بە ناوچەکانی دیکە لە چوارچێوەی ناسنامەییی کوردستانیبوونەوە دەکات، بەڵام خاڵی لاوازی ئەم جەمسەرە بەرەنگاری و بەرگرییەکی بەهێزە کە بە درێژاییی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان هاتۆتە ئاراوە و تەنانەت لە ڕووی گوتارییەوە ڕیشەی لە ڕابردووی شۆڕشی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستانیشەوە هەبووە. ئایدیالیزم دەتوانێت تایبەتمەندیی گوتاری ئەم بەرەیە بێت، سەرەڕای ئەوەی کە وەکوو بەرەیەکی بەهێز تاوەکوو ئێستا هەوڵی چەسپاندنی سەروەریی خۆی دەدات لە جیهانی واقعدا. لە لایەکی تریشەوە سەرگەردانی یاخود هاتوچۆ لە نێوان دوو ناسنامە و حەكایەت و گێڕانەوەی ئایدیالیستیی کوردستانیبوون و واقعیی چیڕۆك و ناسنامەی عێراقیبوون، ئەم جەمسەرەی لاواز کردووە. هەروەها نەبوونی سەروەریی دەرەکی و تەنانەت سەروەریی ڕوولە لەرزۆکبوونی ناوخۆیی، بەهۆی نەبوونی دەوڵەتی سەربەخۆ وای کردووە کە ئەم گێڕانەوە و چیڕۆک و حەكایەتە پەنا بۆ ڕەوایەتیوەرگرتن لە چوارچێوە بەهایی و ناسنامەیییە نەتەوەیییەکان ببات.
ڕەهەندێکی شاراوەی ئەم جەمسەرە ئەوەیە کە لە واقعدا پێکدادان و دژیەکی لە نێوان ناسنامەی کوردستانیبوون و ناسنامەی عێراقیبوون یاخود چیڕۆکی کوردستان و گێڕانەوەی عێراق لە واقعدا بوونی هەبێت؛ ئەمەیش لە لایەک پەیوەندیی بە نەبوونی متمانە و ئەزموونی خوێناویی ڕابردووە هەیە و لە لایەکی تریشەوە بەدیموکراسینەبوونی عێراق و دابەشبوونی بەسەر ناسنامە تائیفییەکان هەم ئەم چیڕۆک و جەمسەرەی لاواز کردووە و هەمیش ڕەوایەتیی پێ داوە. لە ڕوانگەیەکی ترەوە و لە ڕووی واقعییەوە، یەکێک لە هۆکارەکانی شکستی سیستەمی فیدراڵی، نەبوونی فرەییی ڕاستەقینە و دانپێدانراو و قبووڵکراوی ناوخۆیییە و، هەروەها بەدیموکراسینەبوونی کۆی سیستەمە سیاسی و کەلتووری و دەستووری و یاسایییەکەیە. چونکە ئەگەر لە پاش ٢٠٠٣وە سیاسەتی عێراق بەرەو بەدیموکراسیبوون ڕۆیشتبا و پاشگەزبوونەوە نەبینرابا و جیاکاری لە نێوان پێکهاتەکان و بەتایبەتی مامەڵەنەکردن بە لۆژیکی زۆرینە و کەمینە لە ئارادا نەبایە، ئەوە دەکرا ئاشتبوونەوەیەک لە نێوان ئەم دوو چیڕۆکەی کوردستانیبوون و عێراقیبوون بهاتبایە ئاراوە. بەڵام ڕەوتی ڕووداوەکانی و کەسایەتی و کارەکتەرە سیاسییە نادیموکراتییەکانی عێراقی وای کردووە کە، فیدراڵیبوونی عێراق بەهۆی دابەشبوونی تائیفی و دەستوەردانی دەرەکی و بەگشتی نادیموکراسیبوونەوە وەکوو خەیاڵێکی دوورەدەست بێتە بەرچاو تاوەکوو واقعێکی هەستپێکراو.
جگە لەمانەیش، ململانێی توند و دابەشبوونی سیاسی و جوگرافی و سەربازی و بەم پێیەیش ناسنامەییی ناوخۆیی لە ئاستی هەرێمی کوردستان و گوشاری جەمسەرە هەرێمایەتییەکان لە ئاستی دەرەکی وای کردووە کە، ئەم چیڕۆکە نەتوانێت هەژموونی خۆی بسەپێنێت و ببێتە حەكایەت یاخود چیڕۆکێکی گشتگیری سەرتاسەریی کوردستانی. هەر بۆیە ئەم چیڕۆکە وەکوو قەڵغانێک لە بەرامبەر واقعە زاڵە عێراقی و هارێمایەتی و تەنانەت ناوخۆیییەکەدا پەنا بۆ ناسنامە و گێڕانەوە کوردستانییەکە دەبات؛ هەم بۆ هاوڕاکردنی زۆرینە و هەمیش وەرگرتنی ڕەوایەتی لە گوتار و چالاکییەکاندا. ئەم چیڕۆکە ئاسایشی ناسنامەیی دەکاتە ناوەند و کرۆکی کۆڵەکە گوتارییەکەی خۆی و، لەم ڕێگەیەوە ناسنامە دەداتە لایەنگرانی جەمسەربەندییەکە.
لە بەرامبەر جەمسەر یان چیڕۆکی ناسنامە-تەوەردا، چیڕۆک و جەمسەر و ناسنامەی عێراقیبوون بەرجەستە دەبێت؛ ئەمەیش هەم وەکوو کاردانەوەیەک بۆ ڕێگریکردنی لە زاڵبوون و هەژموونی سیاسی و گوتاری ئەم حەكایەت یاخود چیڕۆک و گێڕانەوەیە و هەمیش بە مەبەستی وەرگرتنی ڕەوایەتیی جەماوەری و دروستکردنی هاوسنگی لە هەمبەر لایەنی بەرامبەر. ئەوەی کە جێگەی سەرنجە، ئەم چیڕۆکە ئەولەوییەت دەداتە پرسی ئابووری و خۆشگوزەرانییەکان و خاڵە لاوازەکانی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان، بەڵام خاڵی جێگەی سەرنج ئەوەیە کە "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان"یش کە هەم دەسەڵاتدار بووە و هەمیش بەشداری سەرەکی بووە لە بەڕێوەبردنی وڵات، لە ڕێگەی ئەم حەكایەت و گێڕانەوەیە ڕەوایەتی دەداتە گوتار و تەنانەت چیڕۆکەکەی. بەم واتایە کە بۆ دروستکردنی هاوسەنگی، عێراق/بەغدا وەکوو هێزی هاوسەنگکەر دێنێتە ناو هاوکێشەکانەوە و، لە لایەکی تریشەوە دەیەوێت بۆ بەهێزبوون و جەماوەریبوون پێشەنگایەتیی گوتاری ئەم چیڕۆکە بکات؛ هەرچەندە کەڵک لە ڕابردوویش وەردەگرێت، بەڵام ئێستا و داهاتوو دەکاتە پێوەر و دەیەوێت کەڵک لە هەردوو چیڕۆکی عێراقیبوون یاخود چیڕۆك و گێڕانەوەی کوردستانیبوون وەبگرێت. هەروەها هێزەکانی تریش کە لەم گێڕانەوە و حەكایەتە جێیان دەبێتەوە یان خۆیانی تێدا دەبیننەوە، یارمەتیدەرن بۆ زاڵبوونی جەمسەرەکە. لە ڕووی واقعیشەوە بەرجەستەکردنی پرسی دژایەتیکردنی گەندەڵی و خۆشگوزەرانیی ئابووری و بەتایبەتی پرسی مووچە، کرۆکی ڕووکەش و سادەکراوی ئەم چیڕۆکەیە کە پاڵپشتی و پشتیوانیی جەماوەری بۆ ئەم جەمسەرە دەستەبەر دەکات.
خاڵی لاوازی ئەم حەكایەت یاخود گێڕانەوە و چیڕۆکە ئەوەیە کە پشت بە گوتار و ناسنامە و چیڕۆکێک دەبەستێت کە لە هەناوی خۆیدا دیموکراسیی نییە و بەرەو ناوەندییەتی دەچێت و لە هەمان کاتیشدا جەمسەرێکی سەرەکی (یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و هاو-گێڕانەوەکان) خۆی بەشدارە لە بەڕێوەبردن و تەنانەت بنیاتنانی دەسەڵات، بەڵام لە ئێستادا بەتوندی هەست بە پەراوێزخستن یان پەراوێزکەوتن دەکات و بۆ ڕاستکردنەوەی هاوسەنگیی هێز لە هەمبەر پارتی دیموکراتی کوردستان، هەم پەنا دەباتە بەر بەغدا و هەمیش بۆ وەرگرتنی ڕەوایەتیی جەماوەری کەڵک لە خاڵی لاوازی لایەنی بەرامبەر وەردەگرێت و پرسی ژیان و ئابووری و مووچە دەکاتە ڕوونمای گوتارەکەی. ئەمەیش لە ڕێگەی گێڕانەوەی حەكایەت یاخود چیڕۆکی عێراقیبوون دەستبەر دەکات و ڕەوایەتیی لێ وەردەگرێت و لە هەمان کاتیشدا مانای پێ دەبەخشێت.
ململانێکان لە بەغدا لە کاتی خوێندنەوەی یاسای بوودجە لە نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان، بەتایبەتی سەبارەت بە مامەڵەکردنی ڕاستەوخۆی بەغدا لەگەڵ پارێزگاکان و پرسی دانەوەی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، بەرجەستەترین خاڵەکانی ئەم ململانێیە بوو، کە هەر جەمسەرێک بەپێی چیڕۆکی خۆی و لە چوارچێوەی ناسنامەی کوردستانیبوون و عێراقیبوونەوە بە دەسکەوت یان خیانەت وێنای دەکرد. هێزە بچووکەکانیش لە ڕووی قەبارەی جەماوەری یاخود لە ڕووی ژمارەی کورسییەوە لە نێوان ئەم دوو هێزەدا هەوڵی دەستەبەرکردنی ڕەوایەتیی خۆیان دەدا لە بەرامبەر ڕای گشتیی هەرێمی کوردستان.
کێشە و پێکناکۆکیی ناسنامەیی یان لێکدانەوەی هەڵەی لایەنگرانی جەمسەربەندییە ناوخۆیییەکان!
لە ڕاستیدا هەردوو چیڕۆکە هەڵگری ڕاستین، چ لە ڕووی بەهایی و ناسنامەیییەوە و چ لە ڕووی واقعەوە؛ بەم واتایە هەم پێکناکۆکیی وردەناسنامەییی ناوخۆیی هەیە و هەمیش پێکدادانی ناسنامەییی کوردستانی و عێراقیبوون. لە لایەکی تریشەوە، ئەوەی کە لایەنگرانی هەردوو جەمسەر دەخاتە هەڵەوە ئەوەیە، جەمسەربەندیی یەکەم لەسەر بنەمای دەوڵەت-سازی کار دەکات کە پەیوەستە بە پرسی ئاسایش و سەروەرییەوە و، جەمسەربەندیی دووەم گرێدراوی پرسەکانی نەتەوە-سازییە، کە پەیوەستە بە دەستبەرکردنی پرسەکانی بژێوی و خۆشگوزەرانی بە شێوەیەکی گشتی.
بە واتای دیکە، هیچ دەوڵەتێک بەبێ نەتەوەسازی ناتوانێت کار بکات (تەنانەت ئەگەر درۆیین و دروستکراویش بێت، وەکوو عێراق و....) و لە بەرامبەریشدا، هیچ نەتەوەسازییەکی مۆدێرن بەبێ دەوڵەت ناتوانێت لە پرۆسەی نەتەوەسازیدا سەرکەوتوو بێت و، بەم پێیەیش بەرەو پووکانەوە دەچێت. لە ڕوانگەیەکی تریشەوە پرسەکانی دەوڵەتسازی لەسەر ئاسایش و سەروەری و دامەزراوەگەرایییە و کرۆکی پرسەکانی نەتەوەسازی لەسەر بنەمای بەدیموکراسیکردن و خزمەتگوزاری و کەلتوور و خۆشگوزەرانییە، بەڵام لە هەردوو ڕەهەندەکەدا ناسنامەی ڕاستەقینە یان دروستکراو کرۆکی بابەتەکەیە. بەم واتایە کە دەوڵەت دەبێت ناسنامەی هەبێت و نەتەوەش هەر بەم شێوەیە و، لەم نێوەندەیشدا چیڕۆک و گێڕانەوەکان لە زاڵبوون و هەژموونی هەر دیسکۆرس یاخود گوتارێکی ناسنامەیی و بەتایبەتی نەتەوەیی و نیشتمانیدا ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن. بۆ نموونە لە هەرێمی کوردستان چیڕۆک و حەكایەت یاخود گێڕانەوەکان سەبارەت بە ئابووریی سەربەخۆ یان پرسی نەوت و گاز لە نێوان پارتی و یەکێتیدا پێکناکۆک و جیاوازە و، هەر ئەمەیش وای کردووە دەسەڵاتدارانی عێراق کەڵک لەم کەلێن و ناکۆکییە وەربگرن و، لە بەرامبەریشدا بەشێک لە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان ڕازی بن بە دەستبەسەرداگرتنی ئەم سەرچاوانە و دۆسیەیە لەلایەن بەغداوە و تەنانەت خۆشحاڵیی خۆیان دەڕببرن بە بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی لە هەمبەر هەرێمی کوردستان.
بۆیە لێرەدا هەردوو گێڕانەوە و چیڕۆک و حەكایەتەكە بەشێک لە ڕاستییان تێدایە و بەم پێیەیش هەڵەکە هەر لێرەوە سەر هەڵدەدات، چونکە ناسنامەی مۆدێرن جێگیر و تاکڕەهەندی نییە و بەردەوام لە گۆڕاندایە و، لە هەمان کاتیشدا تاک بەهۆی پرۆسەکانی بەجیهانیبوون و شۆڕشی زیانیاری و تەکنەلۆژیا و پێشکەوتنەکانی دیکەوە بەردەوام لە دۆخی ناجێگیریی ناسنامەییدایە و هەڵسەنگاندن بۆ ناسنامەکەی بەپێی بارودۆخی خۆی و ئەوانی تر لە چوارچێوەی سیستەمە بەهایی و نۆرماتیڤەکانی دەکات؛ هەرچەندە ئەمەیش جێگیر نییە و بەپێی بیڕوباوەر و پەروەردە و ژینگە و... دەگۆڕدرێت و هەر جارەو ناسنامەیەک بەسەر ئەوانی تردا زاڵ دەبێت. بەم مانایەیش تاکی مۆدێرن فرەناسنامەیە یاخود وردتر بڵێین، ناسنامەکەی فرەڕەهەندترە. لەم نێوەندەیشدا جیلی نوێ (Z- Generation) داینەمۆی ئەم گۆڕانکارییە ناسنامەیییانەیە و بە دوای ناسنامەی خۆیدا دەڕوات کە لەگەڵ ژیانی تاکەکەسی و بەکۆمەڵی هاوتەریب و گونجاو بێت. هەر لێرەوەیە کە جەمسەری دووەمیش (ژیان-تەوەر یاخود چیڕۆکی عێراقیبوون) دەتوانێت دەرفەتێک بۆ ڕۆڵبینین و بکەرایەتی لە هەرێمی کوردستان دەستەبەر بکات.
بەم پێیەیش، ناساندن و پێناسەکردن یاخود ناوزەدکردنی لایەنگرانی هەر چیڕۆک و گوتارێک بە "کۆیلە" و "گەندەڵ" یاخود "خیانەتکار" و "ناکوردستانیبوون" جگە لەوەی بچووککردنەوە و تێنەگەیشتنە لە کرۆکی بابەتەکان، لە هەمان کاتیشدا پرسێکی نهێنی و شاراوە بۆ تێگەیشتن و بەررەنگاربوونەوەی دوور دەخاتەوە و، ئەویش هەواڵ و ڕووداوی سەرەتای بابەتەکەمان بوو سەبارەت بە ئیسرائیل و دزەکردنی ئێران لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و کەڵکوەرگرتن لە داواکارییەکی دیموکراسییانەی هاووڵاتیانی ئیسرائیلی.
لێرەدا هەمان چیڕۆک بۆ کورد بەگشتی و هێزە سیاسییەکان و هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی دووبارە دەبێتەوە. هەرچەندە لێکۆڵینەوە و توێژینەوەیەکی وورد لەم بارەیەوە نەکراوە، بەڵام بە لێوردبوونەوە و تێڕامان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بڵاوبوونەوەی هەواڵی ساختە و قووڵکردنەوەی ناکۆکی و ململانێکان و دروستبوونی دوو جەمسەری کوردستانیبوون و عێراقیبوون و هەوڵدان بۆ ناوزڕاندنی یەکتری و تۆمەتباریکردنی یەکتری، ئەمە بەڕوونی دەری دەخات کە وێکچوونێکی زۆر لەم دوو کەیسەی ئیسرائیل و هەرێمی کوردستاندا لە ئارادایە و، لێرەشدا بەهەمان شێوەی ئیسرائیل، ئێران هەوڵ دەدات لە ڕێگەی گێڕانەوە یاخود نەرەتیڤەوە بەسەر گۆڕەپانی سیاسی و ئاسایشی و تەنانەت مەزهەبیی عێراقدا زاڵ ببێت و تەنانەت خۆیشی لەم ڕێگەیەوە هەوڵی وەرگرتنی ڕەوایەتی و چەسپاندنی هەژموونی و دەستەبەرکردنی نفووز دەدات. بۆیە سیاسەتی بەرجەستەکردنی ئەم ناکۆکییانە و دروستکردنی دوو چیڕۆک و جەمسەر و گێڕانەوە و بەم پێیەیش لێکترازانی ناسنامەیی، هەمان ستراتیژیی باڵای نەتەوە باڵادەستەکان، بەتایبەتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە. لێکەوتەی ئەم لێکترازانە گوتاری و ناسنامەیییە، بەردەوامیی دوو-زۆنی و دوو-پێشمەرگەیی و دوو-ئیدارەیی و تەنانەت هەندێ جار دوو-هەرێمییە!
هەروەها لە بەردەوامیی ئەم دوو جەمسەر و گوتار و ناسنامە و گێڕانەوە یاخود حەكایەتانەدا هیچ کات سنوورەکانی نیشتمانپەروەری و خیانەت و، هەروەها لە ڕووی پراکتیکی و کردارییەوە یەکخستنی سەربازی-سیاسی-جوگرافی-ئابووری و کەلتووری لە هەرێمی کوردستان و دروستبوونی دەسەڵاتێکی کاریگەر و خاوەن ڕەوایەتی و نفووز و سەرتاسەری لە سەروو زۆن و حزبەکانەوە، کە خاوەن هێزی پێشمەرگەیەکی یەکگرتوو بێت، نایەتە دی. هەر ئەمەیش وا دەکات کە هەموو ناوبژیوانی و هەوڵەکان بۆ بنیاتنانی متمانە و هێنانەکایەی ئاشتەواییی نیشتمانی لەرزۆک و کاتی بن یاخود نەگەنە ئەنجامی چاوەڕوانکراو. دەسەڵاتدارانی عێراقیش لەمە کەڵکیان وەرگرتووە و بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی و پاشان یاسای بوودجە دوایین هەوڵ و هەنگاوەکانی بەغدایە بەرەو ئاراستەی لەباربردنی ئەزموونی هەرێمی کوردستان. لەم نێوەیشدا هاووڵاتیانی ئاسایی لە نێوان ئەم دوو جەمسەرەدا وێڵ و سەرگەردان دەمێننەوە و لەژێر شەپۆل یاخود شاڵاوی هەواڵی ساختە و دروستکراوی ناوخۆیی و دەرەکی لە لایەک و ململانێی ئەم دوو چیڕۆك و گێڕانەوە ناسنامەیییەدا بێزار دەبن کە زۆر جار ئێمە بە لاوازیی وەفاداری و نەبوونی ئینتیمای نەتەوەیی و نیشتمانی لەنێو جیلی نوێ لێکی دەدەینەوە یاخود باس لە نامۆبوونی جیلی زێد (Z- Generation) دەکرێت بە بەها نیشتمانییەکان و ناسنامە نەتەوەیییە کوردستانییەکە.
ئەوەی ڕاستی بێت حزبە سیاسییەکان و حکوومەت و دامەزراوەکان لە لایەک و ڕاگەیاندن و هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان لە لایەکی ترەوە، دەبێت و پێویستە ئەو وشیارییە بەرجەستە بکەنەوە کە بەشێک لە کێشەکانی هەرێمی کوردستان پەیوەستە بە کار و سیاسەتی وڵاتانی دەرەکی و، بەشەکەی دیکەیش لە لایەک بەهۆی بەدیموکراسینەبوونی بەغدا و پاشەکشە لە فیدراڵی و ترسی کورد لە داهاتووی خۆی و لە لایەکی تریشەوە بەهۆی بەرجەستەنەبوونی دادپەروەریی ئابووری و کۆمەڵایەتی و تەنانەت سیاسییە. هەرچەندە کە بەراورد بە ناوچەکانی دیکەی عێراق دۆخی هەرێمی کوردستان لە ڕووی بێکاری و هەژاری و خزمەتگوزاری و ئاسایش و... گونجاوتر و پێشکەوتووتر و لەبارتر بێت، بەڵام ئێمە ئەوە دەزانین کە ئەم نەوەیە (Z- Generation) بە کەڵکوەرگرتن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئامرازەکانی تەکنەلۆژیا، بەردەوام بەراوردی خۆی لەگەڵ ناوچە و وڵات و نەتەوەی سەرووتر و پێشکەوتووتر دەکات و لە هەمان کاتیشدا ئەم پێوەرانە زەینی (subjective) و تەنانەت نێوان-زەینی (intersubjective) و ڕێژەیین (relativity). بەم واتایە کە کەسێکی ناڕازی کە خۆی بە شێوەیەکی ڕێژەیی بێبەش (Relative deprivation) و هەژار دەزانێت، مەرج نییە لە جیهانی واقعی و ڕاستیدا بەم شێوەیە بێت، بەڵکوو بە بەراوردکردنی خۆی بە کەسانی دیکە خۆی بە بێبەش و هەژار دەزانێت کە لەوانەیە بەپێی پێوەرە ئەکادیمی و زانستی و نێودەوەێتییەکان بەم شێوەیە نەبێت، یان لە ناوچەکانی دیکەی عێراق زۆر جیاواز بێت. ئەمەیش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی هەستی یەکسانی و دادپەروەری لە نێوان تاک و ناسنامەی ورد و گرووپ و کۆمەڵەکانی کۆمەڵگەدا.
لێرەوەیە کە ئەم ناکۆکییانە لە چوارچێوەی گێڕانەوە و حەكایەت و چیڕۆکانە دووبارە بەرهەم هێنراوەتەوە و بەم پێیەیش پێکدادان و پێکناکۆکی و لێکترازان لە نێوان ئەو دوو ناسنامە و گوتارانەدا سەری هەڵداوە. بەڵام وەکوو نموونەی ئیسرائیل، هۆشیاریی خەڵک دەتوانێت سەنتێزی هەردوو چیڕۆك بەرهەم بهێنێت و گوشارەکان هەموار بکاتەوە. لە ڕوانگەیەکی ترەوە، هەم چیڕۆک و گێڕانەوەی ناسنامە-تەوەری کوردستانیبوون و هەمیش ئابووری و خۆشگوزەرانی-تەوەر، دەبێت گوتاریان لەسەر بنەمای لێکگرێدراویی هەردوو ڕەهەندەكە بێت و بەجیا لە یەکتری نەزانن و، کرۆکی ئەمەیش بە گێڕانەوەی دادپەروەری دەستەبەر دەکرێت. بۆیە پێویستە کار لەسەر ئەو تێگەیشتنە بکرێت کە ناسنامەی تاکەکان و بەم پێیەیش پێداویستی و ڕۆشنبیری و بەرژەوەندییەکانیان زۆر پێکناکۆک و ڕۆڵەکانیان فرەچەشن و فرەڕەهەندە، بەڵام دەکرێت هاوسەنگی لە نێوانیان دروست بکرێت و ئەمەیش بە هێنانەدیی دادپەروەرییەکی ڕێژەیی، لانی کەم لە ڕووی ئابوورییەوە، لە ڕێگەی سەروەریی یاسا و بەم پێیەیش چەسپاندنی یەکسانی لە بەردەم یاسا دەستەبەر دەبێت. بەم واتایە کە داپەروەری وەکوو ئاڵقەی پێکەوەبەستنەوەی هەردوو چیڕۆك و گێڕانەوە، دەتوانێت بەسەر ململانێ و لێکترازانەکاندا زاڵ ببێت.
لێرەوە، دەبێت ئەوە ببێتە بەرنامەی کاری حکوومەت و حزبەکان و ڕۆشنبیرەکان کە لە دەرەوەی چوارچێوەی ناسنامە و گێڕانەوەی کوردستانیبوون، هیچ ئاسایشێکی ئابووری و ناسنامەیی و وجوودی بوونی نییە و بەپێچەوانەیشەوە تەنها لە ڕێگەی گەورەکردنەوە و بەرجەستەکردنەوە و ئەولەوییەتی ژیان و خۆشگوزەرانی و دادپەروەرییەوە، دەکرێت وەفاداریی جیلی نوێ (Z- Generation) دەستەبەر بکرێت. لێرەوەیە کە تاکەکان بۆ ناسنامە و ژیانیان لە چوارچێوەی قەوارە و خاکی کوردستان و پاراستنی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان، ئامادەن ژیانی خۆیان ببەخشن...
[1]- بۆ زانیاریی زیاتر بڕوانە: سينا جهانديده (٢٠١٢)، زمان، هویت و روایت: چگونگی فهم زمان در روایتهای تخیّلی غرب و ایران، دانشگاە گیلان، ادب پژوهی، شمارە نوزدهم، بهار ١٣٩١، صفحات: ١٢١-١٥٠.