شۆڕشی ٢٠٢٢ی ئێرانییەکان و ستراتیژیی هاوبەشی تورکیا و ئێران: کورد وەکوو قۆچی قوربانی!

د. پەرویز ڕەحیم قادر، دکتۆرا لە ئاسایشی نەتەوەیی و مامۆستای زانکۆ

لە دوای کوشتنی "ژینا ئەمینی" لە ١٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پاشان ناوچەکانی دیکەی ئێران لە دژی ڕژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕاپەڕین. ئەم ڕاپەڕینە لە ڕووی ئاستی داواکاری و بەرەنگاربوونەوەکان و، هەروەها لە ڕووی ئاست و ماوە و مەودا و جوگرافیا و بەرفراوانی و بەربڵاوی لە تەمەنی ٤٣ ساڵەی کۆماری ئیسلامیدا بێوەنەیە و کۆی سیستەمه‌ سیاسییەکەی خستۆتە مەترسییەوە و، تەنانەت بەپێی بیڕوڕای پسپۆڕ و شارەزایانی کارباری ئێران بە دەستپێک یان سەرەتای ڕووخانی ئەم سیستەمە تیۆکراسییە دادەنرێت یاخود لانی کەم لە گەشبینی بۆ مانەوەی ئەم سیستەمە وا دادەنرێت کە چیتر بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئێران ناگەڕێتەوە بۆ پێش کوژرانی ژینا ئەمینی و شۆڕشی ئەم جارەی ئێرانییەکان لەژێر ناونیشانی: ژن، ژیان، ئازادی.

لەم نێوەندەیشدا، ئێران لە لایەک لە ئاستی ناوخۆییدا کوشتار و سەرکوتکردنێکی بێوێنەی دەست پێ کردووە بۆ دامرکاندنەوەی ئەم شۆڕشە و، لە لایەکی تریشەوە لە ئاستی دەرەکیدا سیاسەتی هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان و حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی لە ناوچە سنوورییەکان و کۆیە، زڕگوێز، پردێ و جێژنیکان گرتۆتە بەر کە تا ئێستا بەهۆی هێرشەکانییەوە لانی کەم 22 کەس گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 70 کەسیش بریندار بوون. ئەمە جگە لەوەی کە رۆژنامەی ووڵستریت جۆرنال لە ڕاپۆرتێکدا لە ١-١١-٢٠٢٢ ئاشکرای کردبوو کە ئێران ئامادەکاریی کردووە هێرشی سەربازی بکاتە سەر سعوودیا و هەولێر و، تەنانەت پێشووتریش هێزی بەرەو سنوورەکانی ئازەربایجان جووڵاند و مانۆری سەربازیی ئەنجام دا.

ڕاستییەکەی بەهۆی هۆشداریی ئەمریکا و ڕاگەیاندنی پاڵپشتی لە سعوودیا لە هەمبەر هەر هێرشێک، ئەوە ئێرانی پاشگەز کردەوە، بەڵام ئاڵقەی لاواز لەم نێوەندەدا هەرێمی کوردستان و حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوون، کە چەندان جار هێرشیان کراوەتە سەر.[1] هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە (24ی تشرینی دووەمی 2022)، نوێنەرایەتیی تاران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە نامەیەکیدا بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، داوا دەکات حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن، چەک بکرێن. جگە لەمانەیش، لە ڕێکەوتی 25-11-2022، محەمەد پاکپوور، فەرماندەی هێزە وشکانییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران ڕای گەیاند، یەکەی زرێپۆش و هێزە تایبەتییەکانیان لە ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژاوا و باکووری ڕۆژاوای ئێران بڵاو دەکەنەوە.

هەموو ئەمانەیش وای کرد کە لە ڕێکەوتی ٢٣-١١-٢٠٢٢دا ئەنجومەنی وەزاریی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە سەرپەرشتیی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق و ئامادەبوونی ئەندامانی ئەنجومەنەكە و سوپاسالاری پێشمەرگەی كوردستان كۆ بووەوە و بڕیار درا بە دانانی پلانێك بۆ بڵاوكردنەوەی هێزەكانی پاراستنی سنووری عێراقی بۆ گرتنەدەستی خاڵی سفری سنوورەكان بە درێژاییی سنوورەكان لەگەڵ ئێران و توركیا.[2] بە شێوەیەکی گشتی کۆماری ئیسلامی دوو بژاردەی خستۆتە بەردەم حكوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان: داماڵینی چەكی حزبەكانی ڕۆژهەڵات و كۆنترۆڵكردنی سنوورەكان لەگەڵ ئێران لەلایەن سوپای عێراقەوە، یان ئۆپه‌راسیۆنێكی سەربازی بۆ ناو خاكی هەرێمی کوردستان. لە هەردوو مەرج و حاڵەتەکەیشدا هەم هەرێمی کوردستان و هەمیش حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زیان دەکەن. بەم واتایە کە بۆ ئێران لە هەردوو حاڵەتەکەدا یارییەکی دۆڕاندن-براوەیە بە قازانجی خۆیان. لێرەدا سەرەکیترین بنەماکانی ستراتیژیی کۆماری ئیسلامی لەم هەڕەشە و هێرشانە دەخەینە ڕوو:

یەکەم- لە ئاستی ناوخۆیی بەهۆی هاوسنووریی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەوە ئێران بەتەواوی ئەو ناوچەیە میلیتاریزە دەکات. لەم ڕێگەیشەوە ڕێگە لەسەر سەرهەڵدان و چالاکییەکی خەڵکی ڕاپەڕیوی کوردستان لە ئێران دەگرێت. لێرەدا دۆخەکە بەتەواوی ئاسایشی دەکات و هەر ناڕەزایەتییەکی جەماوەری دەکەوێتە چوارچێوەی هەڕەشە ئاسایشییەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

دووەم- بەهۆی ئەم هێرشانەوە ئێران تۆڵەی لە حزبەکانی ڕۆژهەڵات دەکاتەوە، کە بە هەڵگیرسێنەری ئەم شۆڕشەی ئێستا- کە سیستەمەکەی بەرەو ڕووخان بردووە- ده‌زانێ؛ بەم واتایەی كه‌ هه‌م یه‌کەم قوربانی کە بووە هۆی سەرهەڵدانەکە، کوردە و هەمیش لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و بە بانگەوازی حزبەکان ئەم شۆڕشە دەستی پێ کرد و ناوچەکانی تری ئێرانیش بەهۆی کەڵەکەبوونی داواکارییەکانیان پێشوازییان لێ کرد و، بووە شۆڕشێکی سەرتاسەریی ئێرانییەکان و سنووری ڕۆژهەڵاتی کوردستای تێ پەڕاند.

سێیەم- لەم ڕێگەیەوە ئێران هەڕەشەکان، دەکات بە دەرفەت؛ بەم واتایەی کە ئێران لاوازیی حکوومەتی عێراق و لەسەرکاربوونی هێزەکانی شیعەی لایەنگری ئێران لە پاش هەڵبژاردنی ١٠-١٠-٢٠٢١ دەقۆزێتەوە بۆ ئەوەی کە لە ڕێگەی بەغداوە گوشار لە هەرێمی کوردستان بکات بۆ ڕازیبوون بە مەرجەکانی ئێران. ئەمەیش وا دەکات کە کاریگەریی ئەم حزبانە لاواز بێت و وەکوو ڕابردوو نەتوانن هیچ چالاکییەکیان هەبێت. جگە لەمانەیش، ئێران کەڵک لە بارودۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان وەردەگرێت کە لە ئێستادا ناکۆکیی نێوان هێزە سیاسییەکان لە لایەک و کێشە هەڵپەسێردراوەکانی بەغدا و هەولێر، بە دەرفەتێکی گونجاو دەزانێت و پێی وایە کە هەرێمی کوردستان زۆر لەوە لاوازترە کە لانی کەم لە ڕووی سیاسییەوە بتوانێت جگە لە ئیدانە و سەرکۆنەکردن کاردانەوەیەکی ئەوتۆ و شوێندانەری هەبێت.

چوارەم- کۆماری ئیسلامی لەم ڕێگەیەوە دەتوانێت کوردەکان لە ئێران سەرکوت بکات و بەم پێیەیش بە بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن کاریگەریی نەرێنی لەسەر بزووتنەوەی سەرتاسەریی ئێران دادەنێت، چونکە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی نفووزی حزبە سیاسییەکان و سیاسەتی ڕابردووی ٤٣ ساڵه‌ی کۆماری ئیسلامییه‌وه‌ هەردەم ئامادەتر و ڕێکخراوتره‌ بۆ شۆڕش و داماڵینی دامودەزگه‌ حكوومییه‌كان لە ئێران. بۆیە ئێرانییەکان پێیان وایە کە لەم ڕێگەیەوە ڕێگە لە مەترسییەکی گەورە دەگرن لە داهاتوویەکی نزیکدا.

پێنجەم- کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی ئەم هێرشانەوە، چ لە ئاستی ناوخۆیی و چ لە ئاستی دەرەکی، دەیەوێت ئەم پەیامە بدات، کە ئەو شۆڕشەی ئێستا هۆکار و ڕیشەکانی، ناوخۆیی نین و تەنانەت خۆڕسک و سروشتی نین، بەڵکوو بەهۆی هاندان و بەگشتی کاریگەریی فاکتەر و ئەکتەری دەرکییەوە سەری هەڵداوە. لەم ڕێگەیشەوە کۆماری ئیسلامی بەردەوام پێداگری لە بەرنامە و پیلانی ئیسرائیل و ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان دەکاتەوە، کە یارمەتیی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەدەن بۆ ڕووخانی ئەم سیستەمەی ئێستای ئێران.

شەشەم- کۆماری ئسیلامیی ئێران، وەکوو ترسی تورکیا لە ڕۆژاوای کوردستان، هه‌ردووكیان دڵەڕاوکێی ئاسایشیی هاوبەشیان هەیە کە لە ئەگەری بەردەوامبوونی ئەم شۆڕشە، ئەوە ناوچەی دژەفڕین لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دروست بکرێت یان ئەوەی کە وەکوو هەرێمی کوردستان ئەمریکییەکان یارمەتیی کورد بدەن، کە کۆنترۆڵی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەن. بۆیە دەیەوێت بە جێگیرکردنی هێزەکانی عێراقی لە لایەک، هەروەها لاوازکردن و چەککردن و تەنانەت دەرکردنی ئەم هێزانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕێگە لەو ئەگەرە بگرێت؛ چونکە ئەمە بە مسۆگەربوونی ڕووخانی کۆماری ئیسلامی دەزانێت.

حەفتەم- کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی بەردەوامیی ئەم هەڕەشانەوه‌، هەروەها هێرشە مووشەکییەکان و هەڕەشەی هێرشی سەربازی بۆ قووڵاییی خاکی هەرێمی کوردستان، دەیەوێت کە هەم حکوومەت و هەمیش دانیشتووانی هەرێمی کوردستان هان بدات کە خۆیان ئەم پلانەی چەککردنی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەروەها نیشتەجێکردنیان لە کەمپەکان و تەنانەت دەرکردنیان لە هەرێمی کوردستان بۆ دەرەوەی عێراق- وەکوو موجاهیدینی خەلق-، جێبەجی بکەن و ئەمەیش وا دەکات کە لێکترازان و تەنانەت دوژمنایەتییەکی قووڵ لە نێوان ئەم دوو پارچەیەی کوردستان- کە نزیکترین و توندوتۆڵترین هاوپەیوەندیی نەتەوەیییان هەیە- ڕوو بدات.

هەشتەم- ئێران مەبەستیەتی کە لە ڕێگەی ئەم هێرش و هەڕەشانە هێزەکانی سوپای عێراق لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان جێگر بکات و لەم ڕێگەیەوە بەتەواوی هەرێمی کوردستان گەمارۆ بدات و تەنانەت لە قۆناغی دواتردا هێزەکانی حەشدی شەعبی جێگیر بکات. ئەمەیش بەتەواوەتی هەرێمی کوردستان لە هەر چوار لایەوە گەمارۆ دەدات و هەرێمی کوردستان جگە لەوەی کە لاواز دەبێت، ناچار دەبێت مل بۆ داواکارییەکانی بەغدا- کە لەلایەن ئێرانەوە ئاراستە دەکرێت- كه‌چ بكا؛ وەکوو دەسەڵاتە فیدراڵییەکان و تەنانەت دۆسییەی نەوت و گاز و هتد. ئەمەیش هەم سەربەخۆییی ئابووری و هەمیش سیاسی و سەربازیی هەرێمی کوردستان لەناو دەبات. لە لایەکی تریشەوە ئێران بەردەوام دڵەڕاوکێی ئاسایشیی هەیە کە چونکە سنوورەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن عێراقەوە کۆنترۆڵ ناکرێن، ئەوە ئەمریکا و ئیسرائیل چاودێریی ئێران دەکەن و، تەنانەت پێی وایە کە دزە دەکەنە ناو خاکەکەی. بۆیە لە ڕێگەی سوپای عێراق و لە قۆناغی داهاتوویشدا لە ڕێگەی حەشدی شەعبییەوە دەیەوێت ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ بقۆزێته‌وه و‌ بەسەر ئەو مەترسییەدا زاڵ ببێت. جگە لەمانەیش ئێران لەم ڕێگەیەوە، پلان و ستراتیژییە دێرینەکەی دێنێتە دی، کە بەستنەوەی تارانە بە دیمه‌شق و لوبنان بۆ تەواوکردنی "هیلالی شیعی". هەر بۆیە پێ دەچێت ئێران ڕێککەوتنێکی نهێنیی لەگەڵ تورکیا و ڕووسیا کردبێت لەم بارەیەوە؛ چونکە لە کاردانەوەیەکی سەرنجڕاکێش و بێوێنەدا، ئیسرائیل سیاسەتی نەریتیی خۆی لە جەنگی ڕووسیا و ئۆکراینا لە هەمبەر ڕووسیا گۆڕیوە و بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەی ئیکسیۆس کە لە ڕێکەوتی ٢٣-١١-٢٠٢٢ بڵاو کراوەتەوە، ئیسرائیل زانیاریی یارمەتییەکانی ئێرانی بۆ ڕووسیا لە ڕووی پێدانی درۆن و مووشەکی بڵاو کردۆتەوە.

 ئەم ستراتیژییەی ئێرانیش بە کۆنترۆڵکردنی سنوورەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان بە پاساوی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە؛ چونکە ئێران هەست بە گەمارۆ دەکات لە سنوورەکانی، بەتایبەتی کە ترسی هەیە بەهۆی ئەوەی کە دانوستانە ئەتۆمییەکانی لەگەڵ ڕۆژاوا گەیشتۆتە بنبەست، ئەوە ئەگەری لێدان لە بنکە و دامەزراوە ئەتۆمی و تەنانەت مووشەکییەکانی لە ئارادایە. هەر بۆیە دەیانەوێ لەگەڵ تورکیا پێكه‌وه‌ بە دابەشکردنی ناوچەی نفووز دەسپێشخەری بکەن.

نۆیەم- یەکێک لە ئامانجەکانی ئەم ستراتیژییە هێرشبەرانەی ئێران ئەوە بوو کە، حزبەکانی ڕۆژهەڵات ناچار بە وه‌ڵامدانەوەی سەبازی یان چەکداری بکات کە تاوەکوو ئێستا ئەم ئامانجە بەهۆی هۆشیاریی ئەو حزبانە نەهاتۆتە دی. بەم واتایە لە ئەگەری کاردانەوەی چەکداریی حزبەکان لە بەرامبەر هێرشەکان بۆ سەر بنکە و بارەگاکانیان، ئەو کاتە ئێران هەم خۆپیشاندەرانی زۆر بەخێرایی سەرکوت دەکرد و ڕای دەگەیاند کە ئەمە گرووپی چەکدارن نەک ناڕازی و خۆپیشاندەر و کەسی سڤیل و، هەمیش هاوسۆزی و هەماهەنگیی نێوان گەلانی ئێرانی لەناو دەبرد و  لێکترازانی لە نێوان گەلانی ئێران دروست دەکرد لە ڕێگەی بەرجەستەکردنەوەی مەترسیی جیابوونەوەی کوردەکان و، لەم ڕێگەیشەوە خۆپیشاندەرانی شارەکانی دیکەی ئێران لە ترسی دابەشبوونی ئێران کۆتایییان پێ دەهات و کۆماری ئیسلامی خۆی وەکوو پارێزەری ئێران دەناساند، کە بە لاوازبوونی ئەم ڕژێمە، ئەوە ئێران دابەش دەبێت. لێکەوتەی ئەمەیش ئەوە دەبوو کە ئۆپۆزیسیۆنی ناوخۆ و دەرەوە لە دژی کورد بوەستنەوە و بۆ ماوەیەکی نادیار ئەم ڕژێمە درێژە بە مانەوەی خۆی بدات. لە ڕاستییشدا، سیاسەتی ڕابردووی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ لاوازکردنی بزووتنەوەی کورد لە ئێران و لێکترازان لە نێوان گەلانی ئێران و تەنانەت ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوە کە دژی ڕژێمیش بووە، هەر ئەمە بووە. جگە لەمانەیش، ئاستی نێودەوڵەتیی ئێران نیشانی دەدا کە ئەم شۆڕش و ڕاپەڕینە، مەدەنی و ئاشتییانە نییە بەڵکوو چەکدارییە و جۆرێکە لە یاخیبوون و لەم حاڵەتەیشدا ئەو هاوسۆزی و هاوخەمی و پشتیوانییە بێوێنه‌یەی ڕای گشتیی وڵاتانی جیهان، پاشەکشەی دەکرد و ئێران سەرکەوتوو دەبوو لە سەرکوتکردن و دامرکاندنەوەی شۆڕشی ٢٠٢٢ی ئێرانییەکان.

 

تورکیا و شۆڕشی ئێرانییەکان: کورد وەکوو قۆچی قوربانی لە نێوان ئێران و تورکیادا

بە شێوەیەکی گشتی، تورکیا بۆ هێرشکردنە سەر ڕۆژاوای کوردستان چەند بەربەست و ئەکتەرێکی لە بەردەمدا بوو کە گرنگترینیان بریتی بوون لە: ئێران و ڕووسیا لە لایەک و ئەمریکا و ئەوروپییەکان لە لایەکی ترەوە. لە ئێستادا بەهۆی دەرچوونی هێزەکانی ڕووسیا لە سووریا، هەروەها پێویستیی ڕووسیا بە تورکیا لە ڕووی ئابووری و سیاسییەوە وای کردووە کە، ڕووسیا ڕازی بێت یان لانی کەم کاردانەوەیەکی کردەییی نەبێت و تەنانەت لەم ڕێگەیەوە گوشار بۆ ئەمریکا دروست بکات لە سووریا و ناکۆکی بخاتە نێوان ئەندامانی ناتۆ، یاخود لە ئەگەری کاردانەوەی ئەمریکا، ئەوە تورکیا زیاتر لە ڕووسیا نزیک ببێتەوە. لە لایەکی تریشەوە سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی و شۆڕشی ئێرانییەکان لە دژی ڕژێمی ئیسلامیی ئێران وای کردووە کە ئێرانییەکان- کە لە ڕابردوودا دژی دەستوەردانی تورکیا بوون- لە ئێستادا هیچ چارەیەکیان نەمێنێت جگه‌ له‌ ڕازیبوونیان بەم هێرشەی تورکیا و، له‌ به‌رامبه‌ریشدا ئێران پاڵپشتیی تورکیا وەربگرێ بۆ چەند مەبەستێک:

ئامانجی ئێران ئەوەیە کە تورکیا لەگەڵ کابینەی نوێی ئیسرائیل هاوبەشی نەکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران، چونکە لە ڕابردوو تورکیا بۆ نزیکبوونەوە لە ئیسرائیل چەند پلان و هێرشێکی ئێرانی لەناو خاکی تورکیا پووچەڵ کردەوە کە مەبەستیان کوشتن و ڕفاندنی ئیسرائیلییەکان بوو و، تەنانەت ئەو کەسانە کە لەلایەن ئێرانەوە ڕاسپێردرابوون دەستبەسەر کران و ئیسرائیل سوپاسی تورکیای کرد لەم بارەیەوە؛ ئەوە جگە لەوەی کە پاش هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئیسرائیل دەرکەوت کە هێزە توندڕەوەکانی دژبەری ئێران، وەکوو بنیامین ناتانیاهۆ و حزبە هاوپەیمانەکانی، جارێکی تر زۆرینەیان هێنایەوە و ڕاسپێردران بۆ پێکهێنانی حکوومەت و، ئەمەیش مەترسییەکی گەورەی بۆ ئێران لەم ساتەدا دروست کردووە کە هەم کێشەی لەگەڵ ئەمریکا و ئەوروپییەکان هەیە سەبارەت بە دۆسییەی ئەتۆمی و بەبنبەستگەیشتنی و هەمیش سەبارەت بە هەناردەکردنی درۆن و مووشەک بۆ ڕووسیا و بەکارهێنانی لەلایەن ڕووسیاوە لە دژی ئۆکراینا.

 جگە لەمانەیش ئێران لەلایەن ئەمریکا و ئەوروپییەکانە، سەبارەت بە کوشتن و سەرکوتکردنی خۆپیشاندەر و ڕاپەڕیوانی شۆڕشی ئێرانییەکان، لەژێر گوشاردایە کە دوایینیان دەرچوونی بڕیاری   (A/HRC/S-35/L.1)ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕێکەوتی ٢٤-١١-٢٠٢٢ بوو بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی "دۆزینەوەی ڕاستییەکان" لە پاش کوشتنی ژینا ئەمینی سەبارەت بەو کەیسانەی کە لەلایەن ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و چالاکڤانان خراونەتە ڕوو وەکوو بەشێک لە پێشێلکارییەکانی ئێران لە هەمبەر ئێرانییەکان، بەتایبەتی لە بەلوچستان و کوردستان  و  ناوچەکانی دیکە کە ئێران بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران هێزی سەربازیی لە بەرامبەر کەسانی سڤیل بەکار هێناوە. هەروەها بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، کۆماری ئیسلامی سەدان ناڕازیی کوشتووە کە بەشێکی زۆریان مناڵ و ئافرەتن و، دەیان هەزار کەسی گرتووە و ئەشکەنجە داوە و دەستدرێژیی سێکسیی کردۆتە سەریان و مەترسیی ئەوەیش هەیە بە تۆمەتی "دژایەتی لەگەڵ خوا" و "ڕووخانی سیستەم" سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا بسەپێنێت.

جگە لەمانەیش، لە ئێستادا ئێران و تورکیا و ڕووسیا هاوپەیمانی یان سێکوچکەیەکیان پێک هێناوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لە بەرامبەر ئەمریکا و ئەوروپییەکان، هەروەها لەلایەن "چین"یشەوە تا ڕاددەیەک پشتیوانی دەکرێن؛ ئەمەیش وای کردووە کە ئێران بۆ ڕزگاربوون لە مەترسییە ئاسایشییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان پەنا بباتە بەر تورکیا و، ڕازی بێت بە مەرجەکانی بۆ ئەوەی کە ئەو سێگۆشەیە بەردەوام بێت. هەرچەندە ئامانجەکانی تورکیا جیاوازتر بێت لە ئێران، بەڵام خاڵی کورد و سووریا و هاوپەیمانی لەگەڵ ڕووسیا لەم هاوکێشەیەیەدا پێکەویان دەبەستێتەوە.

تورکیاش نیگەرانە بە ڕووخانی ئەم سیستەمەی ئێستای ئێران؛ نه‌كا کورد لە ئێران وەکوو پارچەی سێیەم لە نێوان وڵاتانی ناوچەکە ببێتە خاوەن ستاتۆیەکی سیاسی و یاسایی و ئەمەیش کاریگەریی لەسەر کورد لە تورکیا هەبێت و، تەنانەت لەم ڕێگەیەوە تورکیا گەمارۆ بدرێت. هەروەها تورکیا نیگەرانە کە ئەگەر یارمەتیی ئێران نەدات، ئەوە ئێران یارمەتیی پەکەکە و یەپەگە بدات بۆ بەرەنگاربوونەوی هێزەکانی تورکیا لە عێراق و سووریا و تەنانەت لە ناوخۆی تورکیا.

ئێران بە ڕازیبوونی بۆ هێرشەکانی تورکیا مەبەستێکی تریشی هەیە، کە ئەویش ئەوەیە کە لەم کاتەدا تورکیا ئازەربایجان بۆ دژایەتیی ئێران هان نەدات کە هەوڵی پشتیوانی لە تورکە هاوزمان و هاونەژاد و هاومەزهەبەکانی لە ئێران لە ورمێ و تەورێز و  ئەردەبیل و زەنجان و... بدات بۆ ڕاپەڕین لە دژی ڕژێمی ئێران؛ چونکە جگە لەوەی کە تورکەکان دووەم ئێتنیکن لە ڕووی قەبارە و ژمارەی دانیشتووان لە ئێران، لە ڕووی مەزهەبییشەوە بەهۆی شیعەبوونیانه‌وه‌ پاڵپشتییان گرنگە بۆ ئێران؛ ئەمە جگە لە نفووزی باڵایان لە ڕووی ئابووری و، هەروەها ئەگەری ڕێککەوتنیان لەگەڵ کوردەکان بەهۆی هاوسنووریی جوگرافیایییان لەگەڵ یەکتری لە دژی ئێران.

هەروەها ئێران دەیەوێت لە ڕێگەی تورکیاوە ڕێگە لەوە بگرێت کە ئازەربایجان لەگەڵ ئیسرائیل لە دژی ئێران چالاکی بکەن لەناو سنوورەکانی ئێران، چونکە بەردەوام ئێران ئازەربایجان تۆمەتبار دەکات کە بۆتە بنکەیەک بۆ چالاکییەکانی ئیسرائیل لە دژی ئێران.

 لە هەموو ئەمانەیش هەستیارتر بۆ ئێران ئەوەیە کە، بەهۆی ئەو ئاڵوگۆڕە جیۆسیاسییەی کە لە دوای جەنگی دووەمی کاراباخ لە نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان ڕووی دا، ئەوە داڵانی زەنگەزوور لە نێوان نەخچەوان و ئازه‌ربایجان بکرێتەوە و بەتەواوەتی ئێران گەمارۆ بدات کە لە ئێستادا تەنیا سنوورێکی نزیکەی ٤٠ کیلۆمەتریی لەگەڵ ئەرمینیا ماوە و لەم ڕێگەیشەوە ئێران گەمارۆ بدرێت و تورکیا بەتەواوەتی زاڵ ببێت و ئێران لە ناوچەی قەوقازی باشوور بەیەکجاری داببڕێت و بەم پێیە هیچ دەرچەیەکی بۆ سەر دەریای ڕەش و ئەوروپا نەمێنێت و لە کۆتاییشدا پێگەی جیۆسیاسیی لە ناوچەکە دابەزێت و تووشی گەمارۆی ئابووری و جیۆسیاسی ببێتەوە.

هەموو ئەمانە وای کرد کە لە ڕێکەوتی ٢٠-١١-٢٠٢٢ هێزی ئاسمانیی تورکیا هێرشی کردە سەر پێگەکانی هەسەدە و، ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکە ناوی "چنگ-شمشێر"ی لێ نراوە؛ ئەوەیش دوای هەفتەیەک لە تەقینەوەکەی ئەستەنبوڵ هات لە ڕێکەوتی ١٣-١١-٢٠٢٢ کە شەش کوژراو و دەیان برینداری لێ کەوتەوە. ئێستا سوپای تورکیا بەنیازە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بەرفراوان لە باکووری سووریا دەست پێ بکات بۆ زیاتر سەرکوتکردنی ئەو هێزە کوردانەی کە ئەنقەرە بە بەرپرسی تەقینەوەکانی ئەستەنبوڵ دەزانێت. سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنی چنگ-شمشێر ڕای گەیاند: "تەنیا لە ئۆپەراسیۆنی ئاسمانیدا سنووردار نابێت؛ دواتر بڕیاری لەسەر دەدرێت کە پێویست بە بەشداریی چەند هێزی وشکانی دەکات. بەو شێوەیە هەنگاو دەنێین."

بێ گومان جگە لە لێکەوتەی ناخۆشی زۆر بۆ دانیشتووانی باکووری سووریا و بەرکەوتنی کەمپی ئاوارەکان بە ئاگری جه‌نگ، لە ئەگەری هێرشە گەورەکەی تورکیا بۆ سەر ڕۆژاوا، ئەوە دەتوانێت سوودی بۆ چەکدارانی سەر بە داعش بگەیەنێت؛ چونکە لە ئەگەری دروستبوونی جەنگ لە نێوان تورکیا و هێزەکانی هەسەدە، پرۆسەی بەرەنگاربوونەوەی داعش دەوەستێت و هێزەکانی سووریای دیموکرات چیتر توانای شەڕی داعشیان نابێت.

ئەمە ئەو ئامانجانەن کە تورکیا و ئێران لە سووریا بەدوایەوەن؛ چونکە لەم ڕێگەوە هەم ڕەوایەتی دەدەنە کردەوەکانی دواتریان لە سووریا و بەردەوامیی حکوومەتی بەشار ئەسەد لە بری گۆڕینی و، هەمیش ئەمریکا و هاوپەیمانان کە لە ئێستادا هەم لەگەڵ ئێران و هەمیش تورکیا لەسەر زۆر پرسی ناوخۆیی و دەرەکی ناکۆکییان هەیە، سەرقاڵ دەکەن. لێرەوە جگە لەوەی ئەم دوو دەوڵەتە (ئێران و تورکیا) کێشەکانیان هەناردەی دەرەوە دەکەن، لە هەمان کاتیشدا بە دروستکردنی دوژمنی دەرەکیی وەکوو داعش، ترس و دڵەڕاوکێی ئەوە لە ناوخۆی وڵاتەکانیان بڵاو دەکەنەوە کە بە لاوازبوونی دەسەڵاتدارانی ئێستا، ئەوە ئەگەری دزەکردنی تیرۆریست و گرووپە تیرۆریستییەکان لە ئارادایە. ئەم پلانە بۆ هەر یەکە لە ئێران و تورکیا ئامانجی جیاوازیان هەیە. بۆ تورکیا ئەم هاوبەشییە ستراتیژییە لەگەڵ ئێران لەسەر چەند بنەمایەک ڕاوەستاوە کە گرنگترینیان بریتین لە:

یەکەم- لە ئاستی ناوخۆییدا هەر ناڕەزایەتییەک بە پاساوی جەنگی دژەتیرۆر سەرکوت دەکات.

دووەم- ئەردۆغان بە بەرزکردنەوەی بارگرژییەکان لە دەرەوەی سنوور، لە ئاستی ناوخۆییدا خۆی وەکوو پارێزەرەی ئاسایشی نەتەوەیی دەناسێنێت و لەم ڕێگەیەوە بەسەر ڕکابەرەکانی لە هەڵبژاردنی مانگی ٦ی ساڵی ٢٠٢٣ زاڵ دەبێت.

سێیەم- لێرەدا تورکیا هێزەکانی هەسەدە سەرقاڵ دەکات و لەم ڕێگەیەوە دوو بەرەیان بۆ دەکاتەوە: لە لایەک داعش هێرشیان دەکاتە سەر و لە لایەکی دیکەیشەوە، هێزەکانی هاوپەیمان و لایەنگری خۆی لە سووریا گەمارۆیان دەدەن و لەم ڕێگەیشەوە تواناکانی هێزەکانی سووریای دیموکرات لەناو دەبات.

چوارەم- ئەگەر تورکیا سەرکەوتوو بێت، ئەوە ڕەوایەتی لە هێزەکانی هەسەدە وەردەگرێتەوە لە جەنگی دژەتیرۆر و، بەم پێیەیش خۆی وەکوو ئەکتەری سەرەکی و ڕەوا بۆ جەنگی دژی تیرۆر بە وڵاتانی ئەندامی هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی جەنگی دژی تیرۆر دەناسێنێت.

پێنجەم- لە هاوکێشە سیاسییە ناوخۆیییەکانی تورکیا، هێزە کوردییەکان، بەتایبەتی هەدەپە، دەخاتە ژێر گوشارەوە کە ئەگەر پشتیوانی لە ڕۆژاوای کوردستان بکەن، ئەوە ڕووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی و سزا دەبنەوە و لەم ڕێگەیشەوە لە هەڵبژاردنی داهاتوو ناتوانن هاوپەیمانێتییەک لە دژی ئەردۆعان پێک بێنن یان وەکوو هێزێکی ئەلتەرناتیف دەربکەون؛ لە هەمان کاتیشدا هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن لێیان دوور دەکەونەوە بۆ ئەوەی بەر تووڕەیی و ڕقی ناسیۆنالیستە توندڕەوەکانی تورکیا نەکەون و دەنگەکانیان بۆ ئاک پارتی و ئەردۆغان نەڕوات. ئەمە هەم ناکۆکی لەناو ئۆپۆزیسیۆن دروست دەکات  و هەمیش پێگەیان لاواز دەکات و ناچاریان دەکات بە دوای سیاسەتی ئەردۆغان بکەون. لە کاتێکیشدا کە هێزە کوردییەکان و ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا شوێنکەوتووی سیاسەتی ئاسایشیی ئەردۆغان بن، ئەوە بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دەنگدەر دەنگ بەو هێزە دەدات کە خاوەن دەستپێشخەرییەکەیە نەک ئەو هێزانەی کە شوێنکەوتوون.

شەشەم- بە لاوازکردنی هەسەدە لە ڕۆژاوای کوردستان، ئەوە قووڵاییی ستراتیژیی "پارتی کرێکارانی کوردستان" (په‌كه‌كه‌) لەناو دەچێ و ژیاتر دەخرێنە ژێر گوشارەوە و لەمەیش گرنگتر، ئەو ڕەوایەتییە سیاسی و سەربازی و ئاسایشییەی کە ڕۆژاوای کوردستان لە ڕووی ئیدارە و جەنگی دژەتیرۆرەوه‌ وەریان گرتبوو کاڵ دەبێتەوە.

حەفتەم- لە لایەکی تریشەوە، بەهۆی هێرش و هەڕەشە و گوشارەکانی تورکیاوە، هێزەکانی هەسەدە ناچار دەبن کە پەنا ببەنە بەر ڕژێمی سووریا کە بیانپارێزێت یان بە ناردنی سوپای سووریا بۆ سەر سنوورەکانی تورکیا و سووریا، کە ئێستا لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکراتیکە، وا دەکات لە ئەم هێزانە گەمارۆ بدرێن و ئەمەیش ئامانجێکی ستراتیژۆی ئەردۆغانە کە لەم ڕێگەیەوە هەم پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەشار ئەسەد ئاسایی بکاتەوە و هەمیش لە ڕێگەی ڕژێم و حکوومەتی سووریاوە لە ڕۆژاوای کوردستان بدات. ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت: "تورکیا بەو مه‌رجه‌ی هێزە سەربازییەکانی ڕژێمی سووریا له‌ سنووری تورکیا بگه‌ڕێنه‌وه‌، لە ئۆپه‌راسیۆنەکانی لە سووریا ڕادەوەستێت". تورکیا مەرجی ئەوەیشی هەیە کە دەبێت کشانەوەی شەڕڤانانی کورد و دانانی خاڵی سەربازیی هاوبەش لە نێوان سوپای تورکیا و سووریا بێتە ئاراوە، ئینجا ئامادەیە سنووربه‌زاندنه‌كانی بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان ڕابگرێت.

هەشتەم-  لە ڕوانگەیەکی تریشەوە، بە بەهێزبوونی ڕژێمی سووریا و کۆنترۆڵی بەسەر ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی خۆسەر لە ڕۆژاوای کوردستان، ئەوە  تورکیا دەتوانێت وەکوو تاکە ئەکتەر و به‌دیل و دەروازە بۆ ئەمریکا و ئەوروپییەکان دەربکەوێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ سووریا و هاوکێشە ناوخۆیییەکانی سووریا لە ئێستا و بۆ داهاتوو و، هەروەها بەردەوامیی جەنگی دژی تیرۆر لەو وڵاتە.

نۆیەم- لەم ڕێگەیەوە تورکیا زەمینە خۆش دەکات بۆ گۆڕینی دیموگرافیای ڕۆژاوای کوردستان و نیشتەجێکردنی هێزەکانی لایەنگر و نزیک لە تورکیا لە ناوچە کوردستانییەکانی ڕۆژاوای کوردستان لە سووریا و دابڕانی باکوور و ڕۆژاوای کوردستان لە یەکتری و، هەروەها ناردنەوەی پەنابەرانی سووریا و نیشتەجێکردنیان لەو ناوچانە وا دەکات کە تورکیا بەتەواوی بەسەر ڕۆژاوادا زاڵ ببێت و کێشەیەکی ناوخۆییشی سەبارەت بە بوونی زیاتر لە سێ ملیۆن و شەش سەد هەزار پەنابەری سووری لەو وڵاتە- کە بۆتە خاڵی لاوازی ئەردۆغان- چارەسەر بکات.

 کۆبەند

هەرچەندە هێزەکانی پێشمەرگە بەپێی دەستووری ٢٠٠٥، پاسەوان یان پارێزەری هەرێمی کوردستانن، بەڵام پێ دەچێت لاوازیی بەغدا و بێهەڵوێستیی ئەمریکا لە پاڵ جەنگی ئۆکراینا و ڕوووسیا وای کردبێت کە دەستی ئێران و تورکیا بە جێبەچێکردنی پلانەکانیان لە پاش ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ کراوەتر بێت. بۆیە ستراتیژیی نوێی ئەم دوو دەوڵەتە لە هەناردەکردنی کێشەکانیان بۆ دەرەوە، بۆ کورد بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی زۆر مەترسیدارە. پێویستە لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا ئەم کێشەیە بەئاسایشی بکرێت بۆ ئەوەی هەم هەرێمی کوردستان نەبێتە بەشێک لە ستراتیژیی ئەو دوو وڵاتە بۆ لێدان لە کورد و پاشان لاوازکردنی خۆی وەکوو ئەکتەرێک و، هەمیش شکست بەم ستراتیژییە مەترسیدارە بهێنرێت کە گەمارۆدانی هەرێمی کوردستانە لە پاڵ دەستبەسەرداگرتنی کەرتی وزەی هەرێمی کوردستان.

لە ئەگەری سەرکەوتنی ئەم ستراتیژییەی تورکیا و ئێران، گۆڕانی گەورەی جیۆپۆلیتیکی لە زیانی هەرێمی کوردستان ڕوو دەدات. هەرچەندە تێپەڕینی کات و ئەگەری گۆڕانکاری لە ناوخۆی ئێران ئەم هاوکێشەیە دەگۆڕێت، بەڵام لە ئێستادا دەبێت وەکوو ئەولەوییەتی سەرەکیی خەڵک و حکوومەت سەیر بکرێت و وەکوو هەڕەشەیەکی ژیانی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت و هەموو میکانیزم و ئامرازە دیپلۆماسییەکان بۆ ڕەواندنەوەی ئەم مەترسییانە بەکار بهێنرێت. جگە لەمانەیش ئاشتەواییی ناوخۆیی، ئەولەوییەت و پێویستییەکی جددی و هەنووکەیییە لە نێوان هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و پارچەکانی دیکە. هەرچەندە خاڵی هیوابەخش ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان چەند کارتێکی بەدەستەوەیە، بەڵام بەهۆی پەیوەستبوونی بابەتەکە بە ئاستی نیشتمانییەوە، ناکرێت لە ڕاگەیاندنەکان و بەئاشکرا باس بکرێت و پێویستە لە ناوەندە هزرییە تایبەتەکان و ناوەندە سیاسییە بڕیاربەدەستەکانی هەرێمی کوردستان تاوتوێ بکرێن.

 

[1] - بۆ نموونە، ڕۆژی 24ی ئەیلوولی 2022، هێزی وشکانیی سوپای پاسداران دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی دژی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی ڕاگەیاند و داوای لە خەڵکی هەرێمی کوردستان کرد لە بنکە و بارەگای ئەو حزبانە دوور کەنەوە. دوای چوار ڕۆژ و لە 28ی هەمان مانگ، سوپای پاسداران بە مووشەک و درۆن هێرشی کردە سەر قەڵای دیموکرات و بارەگای حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کۆیە، زڕگوێز و شێراوا؛ لە ئەنجامدا 18 کەس گیانیان لەدەست دا و زیاتر لە 50 کەسیش بریندار بوون. ڕۆژی 14ی تشرینی دووەم، جارێکی دیکە ئێران هێرشی کردە سەر بارەگاکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆیە، زڕگوێزیش لە سنووری سلێمانی کرایە ئامانج کە کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لەو سنوورەدان. لە هێرشەکەی کۆیەدا دوو کەس گیانیان لەدەست دا و هەشت کەسیش بریندار بوون.  دوایین هێرشی ئێران بۆ سەر هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕۆژی سێشەممە (22-11-2022) بوو کە بە مووشەک هێرشی کردە سەر بارەگای پارتی ئازادیی کوردستان لە کۆیە؛ هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانیی لێ نەکەوتەوە و تەنیا زیانی گیانیی بەدواوە بوو.

 

[2] - لە كۆبوونەوەكە تاوتوێی بابەتی سنووربه‌زاندن و پێشێلكارییەكانی توركیا و ئێران بۆ سەر سنوورەكانی عێراق كرا، لە پاڵ بۆردوومانی چەند ناوچەیەكی هەرێمی كوردستان، كە بووەتە هۆی ترسانی هاووڵاتیان و زیانگەیاندن بە خۆیان و موڵك و ماڵیان. بۆیە ئەنجومەنەكە بۆ  وەستانی ئەو پێشێلكارییانە، لە پاڵ هەوڵە دیپلۆماسییەكان، ئەو بڕیارانەی دا:

یەکەم- دانانی پلانێك بۆ بڵاوكردنەوەی هێزەكانی پاراستنی سنووری عێراقی بۆ گرتنەدەستی خاڵی سفری سنوورەكان بە درێژاییی سنوورەكان لەگەڵ ئێران و توركیا.

دووەم- دابینكردنی هەموو پێداویستییەكانی پاڵپشتیی لۆجیستی بۆ فەرماندەییی هێزەكانی سنوور و زیادكردنی توانای مرۆیییان و دابینكردنی پارەی پێویست و كەرەستەی سەربازی و هیتریش بۆیان، بۆ ئەوەی بتوانن ئەركەكانیان جێبەجێ بكەن.

سێیەم- بەكارهێنان و سوودوەرگرتن لە توانای مرۆییی وەزارەتی ناوخۆ، بۆ بەهێزكردنی بنكە تەناهییەكانی سنوورەكان.

چوارەم- هاوئاهەنگیكردن لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە بۆ جێبەجێكردنی بڕگەكانی یەك و دووی سەرەوە؛ ئەوەیش بە مەبەستی یەكخستنی هەوڵە نیشتمانییەكان بۆ پاراستنی سنوورەكانی عێراق.

 

Latest from پەرویز ڕەحیم

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples