د. پەرویز ڕەحیم قادر، دکتۆرا لە ئاسایشی نەتەوەیی و مامۆستای زانکۆ
لە پاش کوژرانی کچە کوردێک لە ڕێکەوتی ١٦-٩-٢٠٢٢، ناوی ئەم کچە هەموو ئێران و پاشان جیهانی گرتەوە و کەمتر کەسێک هەیە ئێستا ناوی نەبیستبێت، کە ئەویش "ژینا (مەهسا) ئەمینی"یە. تەنانەت بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەکەیش کە پاش کوژرانی ژینا سەری هەڵدا، هەندێ جار بە شۆڕشی ژینا (مەهسا) یان شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" دەناسرێتەوە؛ ئەو دروشمەی کە لە ڕۆژی ناشتنی ژینا لە شاری سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرز کرایەوە، بەخێرایی لە دروشم دەرچوو و بووە جۆرە مانیفێستێکی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی ڕاپەڕیو و وەزاڵەهاتووی ئێران.
لەم کاتەدا کە شۆڕشەکە لە ٦ مانگەی خۆی نزیک دەبێتەوە و زۆربەی خەڵکی ئێران و تەنانەت لە ئاستی دەرەوەیش، ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ پشتیوانییان لەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕییە کردووە، چەند پرسیاری بێوڵام هاتۆتە ئاراوە. لە ئێستادا بزووتنەوەکە لە خۆپیشاندانهوه چۆتە قۆناغی مانگرتن و نافەرمانیی مەدەنیی تاکەکان و شێوازەکانی تری دەڕبڕینی ناڕەزایەتی، بەڵام بەهۆی ئاست و قووڵایی و کەڵەکەبوونی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە ئێران لە هەمبەر کۆماری ئیسلامیی ئێران و لەدەستدانی ئەو ڕەوایەتییە هەرچەند لەرزۆکەکەی ئەم سیستەمە سیاسییە، پرسیارەکە ئەوە نییە کە "ئایا ئەم حکوومەت-سیستەمە دەمێنێتەوە یان نا؟" چونکە لە هەموو سیستەمە نادیموکراتییەکاندا کە ڕووبەڕووی ناڕەزایەتیی جەماوەری دەبنەوە و ڕەوایەتییان لەدەست دەدەن و تووشی ناکارامەیی و قەیرانی جۆراوجۆر دەبن و خەڵک داوای ڕووخانی سیستەمەکە دەکەن، بەرەو ئاڵوگۆڕی سیاسی و تەنانەت وەرچەرخانی سیستەمی دەچن. ئەوەیش بەهۆی ئەوەی کە ئەگەر دەسەڵاتی زاڵ پەنای بردە بەر هێزی سەربازی و سەرکوتکردن و تۆقاندن، کوشتن و لەسێدارەدان و ئەشکەنجە و هتد، ئەوە پچڕان و دابڕانێکی یەکجاری لە نێوان زۆرینەی گەل و نوخبە و سیستەمەکە دروست دەبێت، کە ئەنجامەکەی درەنگ یان زوو، وەرچەرخانی گەورەی سیاسییە. بۆیە پرسیارە سەرەکییە ئەوەیە کە، سیناریۆکانی داهاتووی ئەم سیستەمە سیاسییە کامانەن و وەرچەرخانەکان بەرەو چ ئاڕاستەیەک دەڕوات؟ لەم چوارچێوەیەدا، سەرەتا دەبێت هەڕەشە و دەرفەتەکان یان خەسارەکانی ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕییە دەستنیشان بکرێت و پاشان بەپێی ئەو خەسارانە سیناریۆكانی داهاتوو بخرێنە ڕوو و لەم نێوەیشدا تیشکخستنە سەر خاڵی لاواز و بەهێزی ئەکتەرەکانی ناوخۆیی و دەرەکی، یارمەتیدەر دەبێت.
هەڕەشە و دەرفەتەکانی بزووتنەوەی ژینا (ژن، ژیان، ئازادی)
١- ناڕێکی، ناچۆنییەکی، ناهاوتەریبی و نەبوونی هاوسەنگی لە ڕووی ناوچەیی و جوگرافییەوە، یەکێکه لە گەورەترین هەڕەشەکانی ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕییە. بەم واتایە کە قورساییی زیاتری بزووتنەوەکە لەسەر شارەکانی کوردستان و شارەکانی پارێزگاکانی گیلان و مازەندەران و لە ئێستادا بەلوچستان بووە. هەرچەندە بەپێی ژمارەی ناڕەزایەتییەکان تاران بەرزترین ئاستی ناڕەزایەتیی بەخۆیەوە بینی، بەڵام دواتر، ئەوە بزووتنەوەی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان و مانگرتنی قوتابیانی زانکۆکان بوون کە لەو شارە و شارەکانی دیکە ئەرکەکەیان گرتە ئەستۆ و بەهێزترین ناڕەزایەتییان دەڕبری. ئەمەیش وای کرد کە هێزە هەواڵگری و ئاسایشییەکان لە پاڵ هێزە نافەرمییەکانی وەکوو بەسیج و...، بتوانن هێزی خۆیان کۆ کەنهوە و بۆ ماوەیەکی کاتی سەرکەوتوو بن لە دامرکاندنەوەی خۆپیشاندانەکان (بەتایبەتی لە تاران و کوردستان) و، هەر بۆیە فۆرم و شێوازی ناڕەزایەتییەکان لەم بزووتنەوەیە لە ئێستادا گۆڕانی بەسەردا هاتووە.
٢- یەکێکی تر لە خاڵە لاوازەکانی ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕییە ئەوە بوو، لە ڕووی چینایەتییەوە بەپێی بەدواداچوونەکان، زیاتر چینی ناوەڕاست و ئەو چینەی کە لە ڕووی کەلتوورییەوه-نەک ئابووری- خۆی سەر بەم چینە دەزانێت، بەشدار بوون و ئەمەیش بەرفراوانی و قووڵایی و بەشداریی تاکەکانی لە پەیوەستبوون بە ناڕەزایەتییەکان لاواز کرد؛ بەو پێیەی کە بەهۆی بارودۆخی نالەباری ئابووری لە چەند دەیەی ڕابردوودا لە ئێران، ڕێژەی هەژاری لهو وڵاتهدا لە بەرزترین ئاستدایە. ئەمەیش بەپێچەوانەی ڕاپەڕینەکانی ساڵی ٢٠١٧ و بەتایبەتی ٢٠١٩ بوو کە بەرزترین ڕێژەی بەشداری، تایبەت بوو بە چینەکانی خوارووی کۆمەڵگە لە ڕووی ئابوورییەوە. هەر بۆیە ئەمە پێمان دەڵێت کە فاکتەرە سیاسی و کەلتوورییەکان بەرزترین هۆکاری بەشداریی ئەم چینە بوونە لە شۆڕشی ژینا؛ هەرچەندە بەشداریی کوردستان و بەلوچستان لەم ڕووەوە جیاوازیی هەیە کە بە ناوچەی هەژار و پەراوێزخراو لە ئێران دادەنرێن، چونکە لەم ناوچانە هۆکارەکانی ئاستی بەرزی بەشداری جیاوازییان هەیە.
٣- تاوەکوو ئێستا، بەپێی وتەی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی، نێونجیی تەمەنی بەشداربووانی ئەم بزووتنەوەیە، لە نێوان ١٥ بۆ ٢٥ ساڵ بووە. ئەگەر ئەم وتەیە بەڕاست وەربگرین، ئەوە دەری دەخات کە زۆربەی ئێرانییەکان بەشدارییان لەم بزووتنەوەیەدا نەکردووە کە لە خوار و لە سەروو ئەم تەمەنەن. هەرچەندە دوایین سەرژمێری لە ئێران لە ساڵی ٢٠١٦ ئەنجام دراوە، بۆیە ئامارەکان دەری دەخات کە ئەو نەوەیە لە ئێران زۆرینە نین. ئەمەیش وای کرد کە کاریگەریی بزووتنەوەکە لاوازتر بێت. هەرچەندە ئەم تەمەنە وای کرد کە بزووتنەوەکە مافخوازتر و لە ڕووی کەلتووری و سیاسییەوە ڕادیکاڵتر بێت بە بەراورد بە بزووتنەوەکانی ڕابردوو لە ئێران، بەڵام بەشدارینەکردنی توێژی ناسراو بە "خۆڵەمێشی" تاوەکوو ئێستا یەکێک لە گەورەترین خاڵە لاوازەکانی بزووتنەوەی ژینایە.
٤- هەرچەندە نەبوونی ڕێبەری لەم بزووتنەوەیەدا خاڵی بەهێزی بوو، بەڵام بە تێپەڕینی کات دەرکەوت کە نەبوونی شێوازێک لە ڕێبەری دەتوانێت خاڵی لاوازیشی بێت؛ بەم واتایە کە هەم لە ئاستی ناوخۆیی و هەمیش لە ئاستی دەرەکی و پاشان نەبوونی پەیوەندییەکی ئەوتۆ لە نێوان ئەم دوو ئاستەدا پێکەوە وای کرد، بزووتنەوەکە ڕووبەڕووی قەیرانێکی ڕێبەرایەتی یان بەڕێوەبردن و نوێنەرایەتی ببێتهوه. هەرچەندە لە بزووتنەوە نوێیە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکاندا شێوازی ڕێبەری چیتر؛ هەمیشەیی، تاکەکەسی، حزبی، ناوەندی و ستوونی لە سەرەوە بۆ خوارەوە نییە بەڵکوو؛ بەشدارانە، تۆڕی و نا-ناوەندی و ئاسۆیی و بەکۆمەڵ و نا-حزبی و نا-ئایدیۆلۆژیایی و کاتی و هاوپەیمانێتییه. هەر بۆیە کاتێک ئەم چەشن و شێوازە ڕێبەرییە کلاسیکی و نەریتییانە لە هێزە سیاسییەکانی دەرەوە لە ئارادایە و لە ئاستی ناوخۆییش دروست نەبووە، ناکۆکی و ململانێییەکی نەبڕاوە و بێئاکام لە دەرەوە درووست بووە کە وای کردووە کاریگەریی نەرێنی لەسەر بەردەوامی و گشتگیربوونی بزووتنەوەکە لە ناوخۆ دابنێت. [1]
٥- هەوڵدانی نەتەوەخوازە فارسەکان و ڕاستڕەوەکان بۆ کۆبوونەوە لە دەوری کوڕی شای پێشووی ئێران (ڕەزا پەهلەوی) وای کرد کە، ناکۆکییەکی قووڵ لە نێوان نەتەوەکانی ئێران و هێزە دیموکراسیخواز و چەپەکان ڕوو بدات. ئەمەیش وای کردووە کە ترس لە داهاتوو بەپێی تێجووەکان و، هەروەها ناکۆکی لەسەر شێوازی حوکمڕانی و سیستەمی سیاسی ببێتە خاڵی قووڵی ناکۆکیی پێکهاتە سەرەکییەکانی ئێران و هێزە سیاسییەکانیان.
٦- سەرەڕای مانگرتن و بەشدارییەکی سنوورداری کەرتی ئابووری و بازرگانی، بەڵام پەیوەستنەبوونی کرێکاران، کارمەندان و خانەنشینان و بەتایبەتی کەرتە ژێرخانییە ئابوورییەکانی ئێران وەکوو پیشەسازیی نەوت و گاز و پێترۆکیمیایییەکان و...، هاوشێوەی شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩، وای کرد کە کۆماری ئیسلامی باشتر بتوانێت چالاکییەکانی بزووتنەوەکە بۆ ماوەیەکی کاتی کۆنترۆڵ بکات. هەرچەندە لە ئێستادا ئەم چەشنە لە ناڕەزایەتی پەرەی سەندووە، بەڵام گرنگ پەیوەستبوون و هاوکاتیی ئەم نافەرمانی و مانگرتنە سەرتاسەرییانەیە کە تاوەکوو ئێستا بە شێوەیەکی بەرفراوان و ڕێکخراو نەبینراوە و تاوەکوو نەیەتی دی، ئەم بزووتنەوەیە ناتوانێت لە ئامانجە سەرەکییەکی- کە پاشەکشەكردنه بە سیستەم و وەرچەرخانی سیاسی-، سەرکەوتوو بێت.
٧- لە ئاستی ناوخۆییدا حکوومەت توانیویەتی بە شێوەیەکی کاتی و بە بەرزکردنەوەی ژمارەی گیراوان و توندوتیژی و کوشتن و لەسێدارەدان و تەنانەت بەپێی ڕاپۆرتە باوەڕپێکراوە نێودەوڵەتییەکان دەستدرێژیی سێکسی بە مەبەستی گوشار بۆ سەر کچان، چالاکان و گیراوان و، هەروەها بەکارهێنانی دەزگهی پڕوپاگەندە بۆ دوورخستنەوەی توێژی خۆڵەمێشی و دڵەڕاوکێ لەنێو توێژی مەزهەبی و تەنانەت دروستکردنی ناکۆکی و بەرزکردنەوەی ترس لە داهاتوو و ڕوودانی جەنگی ناوخۆیی یان هەڵوەشانەوەی ئێران و...، کۆنترۆڵی ئەم بزووتنەوەیە بکات. بۆیە سیاسەتی حکوومەت ئەوەیە کە تێچووی بەشداری لە ناڕەزایەتییەکانی بەرز بکاتەوە و لە هەمان کاتیشدا هیچ لێکترازان و ناکۆکییەک لەنێو نوخبە ئایینییەکان و سیاسییەکان، هەروەها هێزە سەربازی و ئاسایشییەکان دروست نەبێت؛ بەم واتایە کە دابڕان و لێکترازان لە ئاستی دەسەڵاتداران و هێزە ئاساشییەکان و پەیوەستبوونیان تاوەکوو ئێستا نەهاتۆتە دی، کە مەرجی سەرکەوتنی هەر شۆڕشێکی جەماوەرییە. تەنانەت جگە لە "میر حوسەینی موسەوی" کە لەژێر کۆنترۆڵ و دەستبەسەرە، لە ڕاگەیەندراوێکدا دانی بە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی دانا و داوای ڕیفراندۆم و گەڕانەوە بۆ ڕای خەڵکی ئێرانی کرد و بەتەواوی لە بەردەوامیی حوکمڕانیی کۆماری ئیسلامی بە شێوەی ئێستا بێهیوا بووە، ڕیفۆرمخوازەکانی دیکە وەکوو "خاتەمی" هێشتا بڕوای بە چاکسازی لەناو سیستەم بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە و مانەوەی سیستەمی ئێستا هەیە. جگە لەمانەیش، حکوومەتی ئێران بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان، پەنای برده بهر شێوازەکانی پێشوو و، هەوڵی دا بە پچڕاندنی ئینترنێت و فلتەرکردنی پلاتفۆرمەکانی وەک ئینستاگرام و واتسئەپ، دەستڕاگەیشتن بە زانیاریی خەڵک سنووردار بکات و بڵێسەی ناڕەزایەتییەکان بکوژێنێتەوە. هەروەها جگە لە واتسئەپ و ئینستاگرام، پلاتفۆرمەکانی وەک سکایپ، ئەپ ستۆر، گووگڵ پلەی، کلاش ئۆف کلانس، لینکیدئین و ڤایبەریش فلتەر کران. ئەو سنووردارکردنانە ئەوەندە کێشەی بۆ خەڵک دروست کرد کە سەرچاوەکانی هەواڵ بە پشتبەستن بە چالاکوانانی تەکنەلۆژیای دیجیتاڵی، باسیان لەوە کرد کە خواست لەسەر کڕین و دابەزاندنی دژەفلتەرەکان بە ڕێژەی لە سەدا ٣٠٠٠ زیادی کردووە!
٨- لە ئاستی دەرەکی، سەرەڕای هاوسۆزی و پشتیوانی و پێشوازییەکی بێوێنەی ڕای گشتیی وڵاتە ڕۆژاوایییەکان لە بزووتنەوەی ژینا، بەڵام ئیدارە و حکوومەتی دەوڵەتانی ڕۆژاوایی، بەتایبەتی ئەمریکا، تاوەکوو ئێستا جگە لە چەند هەنگاوێکی سیمبۆلیک، نەیانویستووە هیچ سیاسەتێکی یەکلاکەرەوە لە دژی کۆماری ئیسلامی بگرنە بەر. هۆکارەکانی ئەمەیش دهگهڕێتهوه بۆ سەرقاڵییان بە جەنگی ڕووسیا-ئۆکراینا، دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران و مەترسییەکانی، نەبوونی هیج ئەڵتەرناتیڤێکی ڕوون بۆ داهاتووی ئێران و هاوبەندی و هاوپەیمانێتییەکی بەهێزی سیاسیی نێوان ئێرانییەکان لە ئاستی نێودەوڵەتی، دامرکانەوەی کاتیی خۆپیشاندان و چۆڵبوونی شەقامەکان و، هەروەها نەبوونی هیچ ئاماژەیەکی ئاشکرا و بەرجەستە لە دڕدۆنگی یان لێکترازانی ناوخۆیی لەناو هێزە سەربازی و سەرکوتکەرەکان و ڕێبەرانی ئێران. جگە لەمانەیش، دیپلۆماسیی ئێران و هەناردنی پەیامی نهێنی بۆ ڕۆژاوایییەکان بۆ ڕازیبوون بە ڕێککەوتن و دانوستان لەگەڵ ڕۆژاوا و، هەروەها سیاسەت و هەوڵەکانی ئیدارەی بایدن و تیمەکەی بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران و دوورخستنەوەی لە ڕووسیا و چین، وای کردووە کە ئێران گوشارێکی ئەوتۆی لەلایەن دەوڵەتانی ڕۆژاوایی لەسەر نەبێت؛ ئەمەیش بزووتنەوەکەی لاواز کردووە، لە قازانجی پێدانی ورە و ئیرادە بە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی.
بە پشتبەستن بە ڕێبازە تیۆرییەکان دەتوانین بڵێین ئەم گۆڕاوانەی خوارەوە ڕۆڵی یەکلاکەرەوەیان لە داهاتووی بزووتنەوەکەدا دەبێت كه بریتین لە:
سیناریۆکانی داهاتووی کۆماری ئیسلامی
١) ڕیفۆرمی بنچینەیی: کرۆکی ئەم سیناریۆیه ئەوەیە کە، حکوومەت زنجیرەیەک چاکسازیی بنەڕەتی جێبەجێ بکات، وەک ئەو ئیمتیازانەی کە محەمەد ڕەزا پەهلەوی لە سەروبەندی شۆڕشدا پێشنیاری کرد و جێبەجێی کرد، وەک: هەڵوەشاندنەوەی ساواک، ئازادیی ڕاگەیاندن، دانانی شاپووڕ بەختیار وەک سەرۆکوەزیران و ڕۆیشتنی شا لە وڵات. واتە لانی کەم عەلی خامنەیی، هاوشێوهی شا قبووڵی بکات کە دەست لە دەسەڵات بکێشێتەوە و دەسەڵاتی خۆی ڕادەستی شوورایەک بکات کە نوێنەرایەتیی بەشە جۆربەجۆرەکانی کۆمەڵگه بکات. ههروهها ئازادی بۆ ڕۆژنامەگەری و گرووپە سیاسییەکانی هەر ئاڕاستەیەک دابین بكرێت؛ ئامادەکاری بكرێت بۆ ڕیفراندۆم بۆ هەموارکردنەوەی دەستوور؛ هەروەها سوپای پاسداران بخرێتە ناو ئهرتهشهوه و چاکسازیی جددی لە هەیکەلی دەسەڵاتی دادوەریدا بکرێت.
هەروەها نابێ ئەو ڕاستییە لەبەرچاو نەگرین کە لە بارودۆخی ئێستادا نە کۆماری ئیسلامی ئەوەندە لاواز بووە کە ئیمتیاز بە ئۆپۆزیسیۆن بدات و، نە ئۆپۆزیسیۆنیش هێزێکی وای بەدەست هێناوە کە بتوانێت کۆماری ئیسلامی ناچار بکات ئەو جۆرە ئیمتیازانە بدات. جگە لەمانەیش، خەڵک ئەزموونی زیاتر لە ٨ ساڵی دەسەڵاتی سەرۆککۆمار خاتەمی لە پاڵ زیاتر لە ٢٠ ساڵ هەوڵی سەرنەکەوتووی چاکسازی و ڕیفۆرمی لە چوارچێوەی سیستەمەكهدا هەیە. تەنانەت بەپێچەوانەوە، لە ئێستادا بەهۆی دوایین ڕاگەیهنراوی میر حوسەینی مووسەوی، شکستی ڕیفۆرمی لەم سیستەمەدا ڕاگەیاندووە و داوای ڕیفراندۆم و تێپەڕین لە دەستوور و دەسەڵاتدارێتیی ئێستا دەکات. جگە لەمانەیش، کەسایەتییە ڕیفۆرمخوازەکان ئەو کاریگەرییەی جارانیان نەماوە و له چەند شۆڕشی ساڵانی ڕابردوویشدا سەرەکیترین دروشم، تێپەڕین بووە لە دووانەی ڕیفۆرمخواز-بناژۆخواز. لە لایەکی تریشەوە، خۆپیشاندەران و ناڕازییانی ئێستا لە ناوخۆ و دەرەوە، بە کەمتر لە ڕووخانی ئەم سیستەمە ڕازی نابن و ئەم بابەتە لە ئێران کۆتایی پێ هاتووە.
٢) بەردەوامیی بزووتنەوەکە و حکوومەت هەردوو، بۆ ماوەیەکی نادیار: بەردەوامبوونی بزووتنەوەکە لەگەڵ بەردەوامیی قەیرانەکانی ڕژێم، بەشێک لە بلۆکی دەسەڵات لە جەستەی سیستەمەکە جیا دەکاتەوە.
٣) سەرکوت و کۆتاییی بزووتنەوەی ژینا: حکوومەت سەرکەوتوو دەبێت لە سەرکوتکردنی تەواوەتیی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی (ژینا) و، بەردەوام دەبێت لە ژیان وەک جاران بۆ ماوەیەکی زۆر و تا سەرهەڵدان و ڕاپەڕینێکی تر.
٤) چاوەڕوانی بۆ دروستبوونی شەپۆلێکی نوێی شۆڕش و ڕووخان لە داهاتوو: بزووتنەوەکە بەخێرایی دەگاتە شەپۆلێکی نوێ و، حکوومەت ئەم جارە ناتوانێت کۆنترۆڵی بکات.
٥) کودەتا و دروستبوونی حکوومەتێکی سەربازی لە ئێران: بزووتنەوەکە بە هەوراز و نشێو بەردەوام دەبێت و لە لایەکی تریشەوە، بەردەوامبوونی كۆمهڵێك قەیرانی ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی، ژینگەیی و پەیوەندییەکانی دەرەوە، کێشەکانی حکوومەت دەگەیەنێته ئاستێك کە یان بە دامەزراندنی حکوومەتێکی سەربازی یان هاندانی جەنگ و ململانێیەکی سەربازیی ناوچەیی، دەسەڵات بۆ ماوەیەک لە ناوەڕاستی ئاژاوەدا دەپارێزرێت.
٦) شەڕی ناوخۆ، شەڕی ناوخۆ کاتێک ڕوو دەدات کە نە حکوومەت توانای سەرکوتکردنی تەواوەتیی ناڕەزایەتییەکانی هەبێت و نە ئۆپۆزیسیۆن توانای ڕووخاندنی حکوومەتی هەبێت. لەم سیناریۆیەدا ئەگەر مەودای ناڕەزایەتییەکان و ئاستی توندوتیژی لە هەمان کاتدا بەردەوام بێت، دەکرێت بە پشتیوانی و دەستێوەردانی دەرەکی، خۆپیشاندەران پڕچەک بکرێن.
٧) دووبارەبوونەوەی سیناریۆی شۆڕشی ١٩٧٩: واتە بە ڕاگەیاندنی بێلایەنیی هێزە چەکدارەکان، شۆڕش سەر دەکەوێت و حکوومەت دەکەوێتە دەست هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ڕژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
کۆبەند
پێدراو و ئاماژەکان پێمان دەڵێن، ئەگەر خەسار و ئەم خاڵە لاوازانەی شۆڕشی ژینا پڕ نەکرێتەوە، تەمەنی کۆماری ئیسلامی درێژتر و تێچووی شۆڕشەکە بەرزتر دەبێتەوە. لەم چوارچێوەیەدا سەرکەوتنی هەر سیناریۆیەک لەو سیناریۆیانەی کە ئاماژەی پێ کرا، دەتوانێت کاریگەریی لەسەر فۆرم و شێوازی سیستەمی سیاسیی ئێران لە داهاتوودا هەبێت. ئەوەی کە تاوەکوو ئێستا دەبینرێت ئەوەیە کە، وڵاتانی ڕۆژاوایی چاویان لە ڕێكکەوتنە لەگەڵ ئێران و لاوازکردنی، نەک ڕووخانی سیستەمە سیسییەکە؛ ئەمەیش بەهۆی نەبوونی ئۆپۆزیسیۆنێکی بەهێز و یەکگرتوو کە داهاتووی ئێرانیان لە پاش سەرکەوتنی شۆڕشەکە بۆ ڕوون بێت و بەرژەوەندییەکانیان پارێزراو بێت و لە مەترسییەکانی بەسووریاییبوونی ئێران دوور بکەونەوە. هەموو ئەمانەیش کاریگەرییەکی قووڵ لەسەر ڕووداو و پێشهاتەکانی ناوچەکە دادەنێت و کوردیش بەپێی هاتنەدیی هەر سیناریۆیەک، پێگەی لە داهاتووی ئێران بەرجەستە دەبێتەوە. لەم ڕوانگەیەوە، هەر سیناریۆیەک لەم سیناریۆیانە کاریگەریی لەسەر هاوکێشە جیۆسیاسییەکانی ناوچەکە- بە ئەرێنی یان نەرێنی-، بەتایبەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێت.
[1] - لەم چوارچێوەیە کۆمەڵایەتییەی کە میدیای ئەلیکترۆنی ڕۆڵێکی گەورەی تێدا دەگێڕێت، بزووتنەوە نوێیە نیشتمانی و گەورەکان پێنج جۆر پرۆسەیان بۆ سەرکردایەتی هەیە: ١- سەرکردەی پلاندانان کە مەعریفەی خەبات دابین دەکەن و پاشان دابەشی دەکەن و ئەدەبیاتی تێکۆشان دروست دەکەن، ٢- سەرکردە پاڵنەر و ئیلهامبەخشەکان کە پاڵنەرن بۆ ئەوەی خەڵک بچنە ناو بزووتنەوەکە و بەردەوام بن و پەیڕەویی لێ بکەن و، ئەم جۆرە سەرکردانە زیاتر کاری میدیایی دەکەن، ٣- سەرکردە مەیدانییەکان کە دەچنە ناو کاری ئۆپەراسیۆنی لە مەیدانەکەدا و لە ڕاستیدا ئاراستەی مەیدانەکە دەگرنە ئەستۆ و، ٤- سەرکردە فیکری و ئایدیۆلۆژییەکان کە یەکگرتووییی فیکری دروست دەکەن و لە ڕووی تیۆرییەوە ئەڵتەرناتیڤ و ئامانجەکان و تیۆریزەکردنی سیاسەتەکان دەگرنە ئەستۆ و لە کۆتاییدا، ٤- ئەو سەرکردە سیاسییانەی کە ئاراستەی پراکتیکیی بزووتنەوەکە لە ئەستۆ دەگرن و بانگهێشتی ئەوانی دیکە دەکەن بۆ هاوپەیمانی و یەکگرتوویی و هەماهەنگی، هەروەها دەچنە ناو گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ هێزە جیاوازەکانی ناوخۆیی و دەرەکی.