چەند سەرنج و پێشنیارێك بۆ خولی نوێی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان  

 

دکتۆر بڕیار شێرکۆ بابان پرۆفيسۆری یاریدەدەر/ زانکۆی سەڵاحەددین- هەولێر

لە دوای هەڵبژاردنی ڕۆژی ٣٠/٩/٢٠١٨، چاوەڕێ دەکرێت خولێکی نوێی پەرلەمانی کوردستان دەست پێ بکات، کە زیاتر بە خولی پێنجەمی پەرلەمان دەناسرێت. ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ خولەکانی پێشووتری پەرلەمانی کوردستان، بە بەروارد لەگەڵ پەرلەمانه‌كانی تری جیهان کە هەمان ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستانیان هەبێت، دەبينین کە پەرلەمانی هەرێم لە ئەنجامدانی کارەکانیدا زۆر لاوازە. بەتایبەتی لە خولی پێشووتری پەرلەمانی کە بە خولی چوارەم ناسراوە لە نێوان (٢٠١٣-٢٠١٨)، ديتمان کە پەرلەمانی کوردستان بەتەواوی لاواز کرا و هیچ ڕۆڵێکی ئەوتۆی لە مەیدانی سیاسی و یاساییی هەرێمی کوردستاندا نەبوو. ئەم کورتە نووسینە لە پێناوی هەستانەوەی دەسەڵاتی یاسادانان داڕێژراوە. ئەم دەسەڵاتە لەگەڵ دەسەڵاتە فەرمییەکانی هەرێم، پێکەوە دەتوانن هەرێمی کوردستان سەر بخەن و بيگەیەنن بە کەناری خۆشگوزەرانی و مافە ڕەواکانی ئەم گەلە ستەملێكراوه‌.

١- خولی پێشوو و خولی نوێی پەرلەمان

لە ماوەی کارکردنی پەرلەمانی خولی پێشوو (خولی چوارەم) کە پێنج ساڵی خایەند، تەنیا (٣٣) یاسایەك دەرچووە، کە ئەمەیش بە بەراورد لەگەڵ کارەکانی پەرلەمانی عێراقیدا ناگاتە نیوەی کارەکانی ساڵێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی؛ لە کاتێکدا عێراق و پەرلەمانەکەی بە یەکێك لە دواکەوتووترین وڵاتان و په‌رله‌مانه‌كان هەژمار دەکرێن. هێشتا پەرلەمانی هەرێم چەندین قۆناغ لە دوای ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقه‌وه‌ بووە، بەتایبەتی لەم چەند ساڵەی پێشوودا. خولی پێشوو نەیتوانی هیچ بوودجەیەکی گشتی دابنێت، کە ئەمە سەرەکیترین کاری پەرلەمانە لە جیهاندا. زۆربەی یاساکانی ئەو خولەیش تەنیا هەموارکردن یان بەرکارکردنی یاساکانی بەغدا بووە، کە لە یەك یان دوو ڕستە تێپەڕ نەدەبوون.

بە هەموو پێوەرەکان پەرلەمانی کوردستان، بەتایبەتی لە دوای ٢٠١٤وە، بووە بە دەزگه‌یەکی لاواز و ناکاریگەر، لە کاتێکدا پەرلەمانەکانی جیهان ناوەندی بڕیاردان و یەكلاییکردنەوەی پرسە چارەنووسسازەکانن. بەداخەوە ئەو قسەیە دەکەم، بەڵام کاریگەریی پەرلەمانی کوردستان (خولی پێشوو) لە مەیدانی سیاسیی کوردستان، نەدەگەیشتە پەیجێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، یان توندتر بڵێین ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە بوونە پەرلەمانتار-هەندێکی تریشیان لەم خولە نوێیەدا بوونەوە بە پەرلەمانتار- کاریگەرییان لە دەرەوەی پەرلەمان زیاتر بوو بۆ پێشخستنی کۆمەڵگه‌ وەك لەناوەوەی پەرلەمان؛ لە کاتێکدا پەرلەمان دەسەڵاتی فەرمیی یەکەمە لە سیستەمە سیاسییەکان و، ڕۆژنامەگەری بە دەسەڵاتی چوارەمی نافەرمی دادەنرێت. پێویستە بڵێم کە شکستخواردنی پەرلەمانیش، واتا شکستخواردنی کۆی پرۆسەی ديموکراسی و حوکمڕانی. هەر وڵاتێک پەرلەمانەکەی شێوێنرابوو، ئەوا خودی دەوڵەتەکەیش لە خراپترین دۆخی سیاسی و یاساییدا دەژیت. پەرلەمان ناوەندی بڕیارە لە وڵاتدا؛ فەرمیترین و کاریگەرترین سەکۆی دەنگی میللەتە.

پەرلەمانی هەرێم لە خولی چوارەم، لە جیاتی ئەوەی ببێت بە ناوەندێك بۆ کۆکردنەوەی هەموو دەنگەکان لەناو یەك ماڵدا، بوو بە هۆکارێك بۆ بۆ پەرتەوازیکردنی زیاتر؛ لە جیاتی ئەوەی ببێت بە خاڵی بەهێزکردنی هەرێم، کەچی درزەکانی سەر لەشی ئەم هەرێمەی زیاتر کرد. بەڵام هیوا هەر ماوە. هەڵبژاردنی نوێی پەرلەمان کرا و، هیوادارین ئەم خولەی پەرلەمان بە ڕۆحییەتێکی نوێ و جیاواز کارەکانی ئەنجام بدات.

ئێمە لە ئێستاوە حوکم نادەین کە ئەم خولەیش وەکوو خولەکەی پێشوو کز و ناکاریگەر دەبێت یان نا. هێشتا زووە بڕیار لەسەر چوستبوونی ئەم خولە بدەین، بەڵام ئەگەر هەمان خولی چوارەمی دووبارە بێتەوە، ئەوا کاریگەری لەسەر خودی هەرێم دروست دەکات، بەتایبەتی لەناوەندە نێودەوڵەتییەکان. ئەگەر لە خولی چوارەم جەنگی داعش و قەیرانی ئابووری پاساو بوون بۆ خراپبەڕێوەچوونی پەرلەمان، لەم خولە نوێیەدا ئەم پاساوانەیش نەماون. لە ساڵی ١٩٩٢ پەرلەمانی ئەوروپا بەفەرمی ڕای گەیاند، کە ئەوان پشتگيریی دامەزراوە دیموکراسییە تازە دروستبووەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن، کە بریتی بوو لە خولی یەکەمی پەرلەمانی کوردستان. هەرێمی کوردستان نموونەیەکی گیانفیدایی و خۆڕاگرییەكی مەزنی لە جەنگی دژی داعش لە ڕای گشتیی جیهانیدا دروست کرد. ئێستا کاتی ئەوە هاتووە باوەڕبوونمان بە ديموکراسی و مافەکانی مرۆڤ لە ڕێگه‌ی دامەزراوە یاسایییەکانی کوردستانه‌وه‌ بسەلمێنین، بەتایبەتیش پێگەی پەرلەمان بگەڕێنینەوە و، بیكه‌ین بە چەقی بڕیاردانی بەکۆمەڵی خەڵکی کوردستان.

٢- ئەرکەکانی پەرلەمان    

لێرەدا زەحمەتە هەموو ئەرکەکانی پەرلەمان باس بکەین، چونکە هه‌ر خۆی چەندین كتێب و توێژینەوەی پێویستە؛ بەڵام هەندێك خاڵ هەن جەختیان لەسەر دەکەینەوە. پەرلەمان ئۆپۆزیسيۆنی حکوومەت نییە؛ پەرلەمان تەواوکەری حکوومەتە و بە هەردووکیان حوکمڕانیی دەوڵەت دەکەن. پێویستە هەردووکیان لەسەر دوو تای تەرازوو حوکمڕانی بکەن.  پەرلەمان یاسادانەر و چاودێری حکوومەتە.

پێویستە سەرۆکایەتیی پەرلەمان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەمان زۆرینە بن. واتا ئەو لایەنە سیاسییەی زۆرینەی لە پەرلەمان هێناوە و نیازی وایە سەرۆکایەتیی حکوومەت بگرێته‌ ده‌ست، هەمان ئەو لایەنە سەرۆکایەتیی پەرلەمانیشی بەدەستەوە بێت. ئەمە مانای ئەوە نییە ئۆپۆزیسيۆن نەبێت، بەڵکوو بەپێچەوانەوە پێویستە دەنگی پێچەوانە لەناو هۆڵی پەرلەمان هەبێت و، لە دەرەوەی پەرلەمان پارێزراو بن و، ئازادی تەواویان لە ڕادەبڕین هەبێت. بەڵام سەرۆکایەتیی پەرلەمانیش حوکمڕانییە؛ مەحاڵە لە هەمان کاتدا ئۆپۆزیسيۆن بێت و حوکمڕانیش بێت. ئەگەر بەم شێوەیە نەبێت، دووکەرتبوونەوەی حوکمڕانیی هەرێم بە شێوەیەکی نوێ دروست دەبێتەوە.

پەرلەمانتار نوێنەری دەنگی خەڵکە، یاسادانەرە، مافپەروەرە، بەرگریکاری بەرژوەندیی گشتیی خەڵکی کوردستانە، چاودێری حکوومەتە. ئەگەر سەیری پێکهاتەی ئەم خولە نوێیە بکەین، لە چەندین چین و توێژی خەڵك پێک هاتووە. پەرلەمان ڕەنگدانەوەی ئاستی هۆشیاریی کۆمەڵگەیە. لەم خولە نوێیەدا، وەکوو خولی پێشوو، بێژەر و ڕۆژنامەنووس و هۆز و عەشیرەت لە بەدەستهێنانی دەنگی زۆردا کاریگەریی تەواویان هەبوو. ژمارەیەکی کەمی پسپۆر لە یاسا و ئابووری، گەیشتوونه‌تە پەرلەمانی کوردستان.

بە ڕای خۆم، ئەم خاڵانەی سەرەوە نابنە هۆکارێك بۆ ناچوستیی دەسەڵاتی یاسادانان. پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ژمارەیەکی یەکجار زۆر ڕاوێژکاری هەیە؛ با کاریان پێ بکەن، با یاسایان پێ دابڕێژن. لە دەرەوەی پەرلەمانیش چەندین پسپۆر هەیە دەتوانن بۆ پرسە جۆربەجۆرەکان سوودیان لێ وەربگرن. گورجوگۆڵیی پەرلەمان لەو کاتەدا بەدەردەکەوێت، کە ئەندامەکانی بوێر بن و ئەرکەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن و بڕیار بدەن.

٣- ئامانجەکانی خولی نوێی پەرلەمان

کاتێك هەر دامەزراوەیەك کارێك بەئەنجام دەگەیەنێت، پێویستی بە پلانێکە کە تیایدا گرنگترین ئەو ئامانجانە دیاری دەکات کە پێویستە لە کاتێکی دیاریکراودا پێی بگات. ئەم خولە نوێیەیش پێویستی بەوە هەیە چەند ئەرکێك دەستنيشان بکات و لە ماوەی کارەکانیدا لەم چوار ساڵەدا، پێویستە ئەم ئامانجانە بپێکێت. سەرەڕای ئەرکە ئاسایییەکانی پەرلەمان، ئێمە لێرەدا هەندێك ئامانج و ئەرک پێشنیار دەکەین، کە پێویستە خولی پێنجەمی پەرلەمان بە هەموو شێوەیەك هەوڵی بۆ بدات.

یەکەم: دانانی دەستوور. هەرێمی کوردستان لە کاتی دروستبوونییەوە تا وەکوو ئێستا، بێدەستوورە. هەندێك یاسای هەیە کە پلەی دەستوورییان هەیە، بەڵام ئاشکرایە بەبێ دەستوور نەقسێکی زۆر گەورە لە بواری حوکمڕانیی باش هەیە. دەستوور ڕێنشاندەرە بۆ حوکمڕانی؛ ئەو چرایه‌یە کە ڕێگه‌ی دەسەڵاتدارانی هەرێم ڕوون دەکاتەوە و ئامانج لێی حوکمڕانییەكی باشی هەرێمە. دەستوور ئەو چوارچێوەیەیه‌ کە ڕەنگ و جیاوازییەکانی تێدا کۆ دەکرێتەوە و پێکەوە کار دەکەن. دەستوور بۆ زیادەڕەوییەک كه‌ لە دەرەوەی ئه‌و چوارچێوەیه‌دا کار لە دژی هەرێم بکات، سنوور دادەنێت. ده‌بێ لە ڕێگه‌ی دەستوورەوە خیانەتی نیشتمانی پێناسە بکرێت. ئەم خولە، پێویستە کارێكی زۆر جددی بکات بۆ دانانی دەستوور؛ ڕاستەوخۆ لە ڕێگه‌ی پەرلەمان خۆیانەوە بێت یان ئەنجومەنێکی هەڵبژێردراوی دامەزراندنی دەستوور دروست بکرێت. لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە دەستووری عێراقی لە مادەی (١٢٠)یدا خۆی دەڵێت کە پێویستە هەرێم دەستووری خۆی هەبێت، کەچی تا ئێستا هەرێم بێدەستوورە.

دووەم: چەند بنەمایەکی سەرەکی هەیە، کە پێویستە ئەم خولە بە تيۆری و کرداری کاری لەسەر بكات و هەموو حزبە سیاسییەکانیشی پێوەی پابەند بکرێت، بۆ نموونە: قەدەغەکردنی دستێوەردانی دەرەکی، ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی. حکوومەت و پەرلەمان و دامەزراوەکانی هەرێم، لە هەموو حزبەکان باڵاترن. حکوومەت و پەرلەمان خاوەنی بڕیاری یەكلاکەرەوەن لە هەرێم و بڕیاریان لە سەرووی دامەزراوەکانی تری هەرێمەوه‌یه‌. دوو ئیدارەیی لە گۆڕ بنرێت، پێکەوەژیان بەرز ڕابگيرێت و، بەنیشتمانیکردنی دامەزراوەی پێشمەرگە.

سێیەم: گرتنەدەستی دۆسیەی پەیوەندییەکانی عێراق و کوردستان شان بە شانی حکوومەتی هەرێم، ئەویش بە داڕشتنی چەندین یاسا و بنەما: بۆ نموونە با حکوومەتی هەرێم بکرێت بە تاکە لایەنی دانوستانکار لەسەر پرسە هەستیارەکانی هەرێم؛ با دانانی پۆستە باڵاکانی بەغدا بە فيلتەری پەرلەمانی کوردستانەوە تێپەڕ بێت؛ با پەرلەمانتارە کوردستانییەکانی ناو ئەنجومەنی نوێنەران بە شێوەیەکی فەرمی و بەردەوام بانگهێشت بکرێن. چەندین پرسی هەستیارمان لەگەڵ بەغدا هەیە، پێویستە پێكه‌وه‌ لەگەڵ بەغدادا یەكلا بکرێنەوە. پەرلەمان دەتوانێت ئەو چەترە بێت بۆ کۆکردنەوەی زۆربەی زۆری دەنگەکانی کوردستان.

چوارەم: هەوڵدان بۆ دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و بەرژوەندیی گشتی. لە خولەکانی پێشوودا چەند یاسایەك دانران و تەنیا مەبەست لێی بەرژەوەندیی حزبی بووە، نەك بەرژوەندیی گشتیی خەڵکی کوردستان. یاسای ژمارە (٥)ی ساڵی ٢٠١٤ کە بە یاسای تەرخانکردنی بوودجە بۆ حزبەکان ناسراوە، هەر حزبێك بڕگەیەکی یاساییی لە بەرژوەندیی خۆی داناوە؛ حزب هەبووە یەك کورسیی هەبووە، باشترین بەشە بوودجەی بۆ خۆی بڕاندۆته‌وه‌. زۆربەی دەزگه‌ حکوومییەکان کرێچین، بەڵام حزبە سیاسییەکان خاوەنی موڵک و سامانی خۆیانن. دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، پێویستە بە باشترین شێوە ڕەچاو بکرێت. هەرێمی کوردستان و عێراق حیکمەتی خانەنشينییان شێواند؛ لە هەموو دنیادا خانشينی بە تەمەنەوە گرێ دراوە، کەچی لێرە پەرلەمانتار و هەندێك پۆستی حکوومی، لە هەڕەتی لاوێتیدا خانەنشین دەکرێن و تا هەتایە باشترین موچە وەردەگرن؛ ئەمە کارەسات دەخوڵقێنێت. لە چ شوێنێکی دنیادا کەسێكی (٣٠) ساڵان خانەنشين دەکرێت؟ ئێستا هەندێك پەرلەمانتار خانەنشين کراون، لە ژیانیاندا تەنیا ئەو چوار ساڵەی لە پەرلەمان بوونە خزمەتی گشتییان کردووە؛ لە کاتێکدا هەندێك فەرمانبەر دوای چل ساڵ خزمەت خانەنشين دەکرێن و یەك لەسەر دەی ئەو پەرلەمانتەرە خانەنشینە وەرناگرێت کە تەمەنی بەشێکی زۆری ئەم خولەی پێشووی پەرلەمان، لە (٤٠) ساڵ تێ نەپەڕیوە. پەرلەمان پێشێلکەری دادپەروەریی کۆمەڵایەتیییە، لە کاتێكدا دەبوایە بەرگریکاری ئەم دادپەروەرییە بێت. نەهێشتنی خانەنشينیی پەرلەمانتاران لە پێش تەمەنی خانەنشينبوونی گشتی، کە ئێستا (٦٣) ساڵە، بە ئەرکێکی سەرەکیی ئەم خولە نوێیەی دەبینم.

پێنجەم: پێویستە پەرلەمانتار بزانێت ئەرکەکانی چییە. بەرپرسیارێتیی پەرلەمانتار بەرفراوانە و، پێویستە بتوانێت بەرژوەندیی حزبی لە بەرژوەندیی نیشتمانی و گشتی جیا بکاتەوە. کاتێک پەرلەمانتار سوێند دەخوات، دەبێت بە نوێنەری گشت کۆمەڵگه‌ی کوردستان بە هەموو جیاوازییەکانییەوە. پێویستە سەرۆکایەتیی پەرلەمان ئەرکەکانیش بە دادپەروەری لە نێوان پەرلەمانتاران دابەش بکات. هەر (١١١) پەرلەمانتارەکە، پێویستە جگە لە ئەرکە گشتییەکانیان لەناو هۆڵی پەرلەمان، ئەرکی تایبەتییشیان لەسەر شان دابنرێت. هیچ پەرلەمانتارێك نابێت لەو ئەرکانەی لەسەر شانییەتی هەڵبێت و چاوەڕێی کۆتاییهاتنی ئەم خولە بکات بۆ ئەوەی مووچەی خانەنشینیی پەرلەمان وەربگرێت. پەرلەمانتاران پێویستە لە کاتی بەجێنەگەیاندنی کارەکانیان سزا بدرێن، بۆ ئەوەی ئه‌مه‌ ببێت بە نموونە بۆ کۆمەڵگه‌.

لەگەڵ دەستپێکردنی ئەم خولە، ئەم (١١١) پەرلەمانتارە نوێیە، (١١١) خانوو لە خۆشترین و داخراوترین شوێنی هەولێری پایتەخت چاوەڕێیان دەکات. نازانم بۆچی پەرلەمانتار یەکەم هەنگاوی ئەوە بێت کە لەو کۆمەڵگه‌ و شوێنەی تێێدا دەژیت داببڕێت و بخرێتە شوێنێك کە هەموویان وەكوو خۆی بن. ئەم خانوووەرگرتنە، یەکەم هەنگاوە بە کۆمەڵگه‌ دەڵێن ئێمە (١١١) کەسی جیاوازین لە گشت کۆمەڵگه؛ شایەنی ژیانێكی باشترین لە ئێوە. پەرلەمانتارەکان دەچنە ئاستێکی باڵاتر لە ژیان کە گەڕانەوەیان بۆ ژیانەکەی پێشوویان ئاستەمە، بۆیە پێویستیشە خانەنشینییەکی دەوڵەمەندیان هەبێت و تا لە ژیاندا مابن خۆشترین ژیانیان هه‌بێ! بەداخەوە ئەمە واقعی پەرلەمانتاربوونە لە هەرێمی کوردستان! هیوادارم ئەم عەقڵییەتە لەم خولەدا بگۆڕدرێت.

شەشەم: پێویستە هەندێك دامەزراوەی نوێ دروست بکرێن و هەندێکی تر یاسای نوێیان بۆ دابنرێت و هەندێکی تریان چالاك و جێبەجێ بکرێن، بۆ نموونە: دادگه‌ی دەستووری دابنرێت، وەزارەتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دابمەزرێت، کۆمپانیای نیشتمانی بۆ نەوت و گاز چالاك بکرێت، داواکاری گشتی لە پرسی چاکسازیدا دەستکراوە بکرێت، بازرگانی لەگەڵ دەرەوەی هەرێم و چاودێریی سەر بانکەکان بەدامەزراوەیی بکرێت، پێکهاتەکانی وەزارەتی پێشمەرگە ڕێک بخرێتەوە، سه‌رجه‌م ڕێنمایییە دارایییەکانی وەزارەتی دارایی لە ڕێگه‌ی پەرلەمانەوە دەربچێت، پرسی پاشەکەوت و قەرزەکانی هەرێم لە ڕێگه‌ی پەرلەمانەوە ڕێک بخرێتەوە و لە لایەن دامەزراوەکانی حکوومەتەوە جێبەجێ بکرێت و هتد.

حەوتەم: باشترین پێوەر بۆ ناساندنی پەرلەمانێكی سەرکەوتوو، ژمارەی دەرکردنی یاساکانە لە ساڵێکدا؛ هەر هیچ نەبێت با ژمارەکەی بگەیەنێتە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی! تەمەنی پەرلەمانی کوردستان لە ته‌مه‌نی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی درێژترە، کەچی ئەم ئەنجومەنه‌ لە پەرلەمانی کوردستان چالاکترە. ماستەرنامە و دکتۆرانامەکان و ئەو توێژینەوانەی لە هەرێم لە بواری یاسایی و ئابووری و سیاسەت نووسراون چەندین پێشنیار و ڕاسپاردەیان لەخۆ گرتووە و، پێویسته‌ سوودیان لێ وەربگیرێت. بە هەزاران قوتابیی خوێندنی باڵایش لە دەرەوە هاتوونەتەوە و چەندین پرۆژەیان پێیە.

هەر لە ساڵی یەکەمی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستانەوە زۆر بەئاسانی دەتوانین کار و ئەرکەکانی پەرلەمان هەڵبسەنگێنین، كه‌ ئایا سەرکەوتوو دەبێت یان فه‌شه‌ڵ دێنێت. ئەمانەی سەرەوە چەند پێشنیار و سەرنجێکن؛ گومانی تێدا نییە کە چەندین پرسی تریش هەن كه‌ لێرەدا ده‌رفه‌تی باسكردنیان نه‌بووه‌. پەرلەمان شوێنی کارکردن و خزمەتکردنە، نەك ململانێی بێئەنجام و کاسبکاریی سیاسی.

ئەی خوشک و برای پەرلەمانتاری بەڕێز: تۆ هەڵنەبژێردراوی بۆ شکاندنی مێژوو و کەسایەتیی ڕکابەرە سیاسییەکانی بەرامبەرت و خۆدەوڵەمەندکردن، بەڵکوو تۆ ئەرکی بەرزڕاگرتنی شکۆی هەرێم و یاسا و بەرژوەندیی گشتیت لەسەر شانە.

 

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples