لە خەباتی چەكدارییەوە بۆ بەرخودانی مەدەنی
(ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە نێوان دووڕێیاندا)
پەرویز ڕەحیم قادر/ مامۆستای زانستە سیاسییەكان لە زانكۆی سەڵاحەددین
پێشەكی و خستنەڕووی بابەت:
دابڕان و دووركەوتنەوەی حزبە سیاسییەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان له گۆڕانكارییه سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی، ئابووری و ته‌نانه‌ت جوگرافی و ئاسایشییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، وای كردووه كه نه‌توانن كاریگەری و خوێندنەوەی ورد و تەواویان بۆ گۆڕانكارییەكانی كۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و بەم پێیەیش شوێندانه‌رییان له‌سه‌ر بیروبڕوا و ڕەفتاری سیاسیی خه‌ڵك هه‌بێت. بۆ نموونە وەكوو لە ڕابردوودا بینیومانە، وا بكەن كە خەڵك به یه‌كده‌نگی و بە شێوەی سەرتاسەری به‌شداری له هه‌ڵبژاردنەكاندا نه‌كه‌ن. به مانایه‌كی تر، به هۆی بەرزبوونەوەی نفووز و گۆڕانكارییه جۆراوجۆره‌كان له پاش 39 ساڵ له ده‌سه‌ڵاتدارێتیی كۆماری ئیسلامی و گۆڕانكاری و وه‌رچه‌رخان له عه‌قڵییه‌ت و ویست و تەنانەت داواكاری و حه‌زی نه‌وه‌ی نوێ لە ئێران بەگشتی و ڕۆژهەڵاتی كوردستان بەتایبەتی، گوتاری حزبه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات شۆڕ نه‌بۆته‌وه بۆ نێو هزر و ژیانی ڕۆژانه و بووبێتە بەشێك لە داواكاری و ویستی زۆرینه‌ی تاكه‌كانی كۆمەڵگە. به‌م مانایه كه ستراتیژیی ئه‌م حزبانه، ژیانی ماددی و واتاییی هه‌موو چین و توێژه‌كان له‌خۆ ناگرێت، به‌ڵكوو له چوارچێوه‌یه‌كی شۆڕشگێری-چەپی ئه‌بستراكتدا و لە لایەكی تریشەوە مانه‌وه له‌ناو بیره‌وه‌ری و شانازی و سەروەرییەكانی مێژوویی‌دا (هەرچەندە ئەمەیش لە ڕووی ناسنامەسازییەوە زۆر گرنگە) لەو پارچەیە قه‌تیس ماوه‌ته‌وه.
بێجگە لەوەیش حزبە سیاسییەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان تاوەكوو ئێستا نەیانتوانیوە بەسەر كەلێن و لێكترازان و دابڕانە جوگرافی-مەزهەبییەكانی نێوان باكوور و باشووری ڕۆژهەڵاتی كوردستاندا زاڵ بن. بۆیە لەم نووسینەدا بە هۆی هەستیاریی بارودۆخی ئیستای كۆماری ئیسلامیی ئێران و گرنگیی ڕووداو و پێشهاتە سیاسییەكانی ئێران لەسەر پارچەكانی دیكەی كوردستان و، هەروەها بەرزبوونەوەی ناڕەزایەتیی ناوخۆیی لە ئێران و گوشاری دەرەكی لەسەر ئەم سیستەمە سیاسییه و، سیناریۆ و ئەگەرەكانی ڕوودانی جەنگ یاخود ڕازیبوون بە دانوستاندن و خۆبەدستەوەدانی كۆماری ئیسلامی و، یان شۆڕش و وەرچەرخانی ناوخۆیی لە ئێران‌دا، پێویستە ئاوڕێك لە خەسار و ڕەخنەكان لەسەر لایەنە سیاسییەكانی كوردستانی ڕۆژهەڵات بدەینەوە و لە هەمان كاتیش‌دا چوارچێوەیەكی گریمانەیی و شیمانەكراو بۆ بنیاتنانەوەی گوتار و بەم پێیە كاری سیاسیی ئەو هێزانە (هەرچەندە سنووردار و سەره‌تاییش بێت) بخەینە ڕوو؛ بەو پێیەی كە لە لایەك گۆڕانكارییەكانی هەر بەشێكی كوردستان كاریگەریی لەسەر بەشەكانی دیكەوە هەیە و، لە لایەكی تریشەوە پێویستە كورد بۆ هەر سێ ئەگەر و سیناریۆی 1- ڕووخانی ڕژێم و سیناریۆ و ڕووداوەكانی پاش ئەو گۆڕانكارییە 2- دانوستاندنی نێوان ئێران و ئەمریكا و هاتنەئارای ڕێككەوتنێكی نوێ لە نێوانیاندا و، 3- دروستبوونی جەنگ لە ناوچەكەدا، خۆی ئامادە بكات بۆ ئەوەی بەرژەوەندییەكانی بپارێزێت و خەسار و زیانەكانیشی كەمتر بكاتەوە. هەرچەندە بە هۆی ئەوەی كە ئێمە بە هۆی داخراوبوونی سیستەمی سیاسیی كۆماری ئیسلامیی ئێران و، هەروەها نایاساییبوونی حزبە سیاسییەكانی ئەو بەشەی كوردستان، ناتوانین هیچ ڕاپرسییەك لەو بەشەی كوردستان ئەنجام بدەین، بەڵام دەتوانین بەپێی زانیاری، گۆڕانكاری، ڕووداو و پێشهاتە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكان و، هەروەها ئاماژە و ڕەفتاری سیاسیی خەڵك لە لایەك و، هەروەها ستراتیژی و ڕەفتار و سیاسەتی كۆماری ئیسلامی لە لایەكی دیكەوە، شرۆڤە و هەڵسەنگاندنێكی ڕێژەیی لەم بوارەدا بكەین.
یەكەم: خەسارە سەرەكییەكان
په‌یام و سیاسه‌تی بەشێكی زۆری حزبه سه‌ره‌كییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، تاوه‌كوو ئێستا له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه كه "خه‌باتی چه‌كداری" ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی كه كۆماری ئیسلامی له ڕێگه‌ی دیالۆگ و دانوستاندن، دان به مافه‌كان و داواكارییه‌كانی كورددا بنێت، له كاتێكدا ئه‌مه به‌ناڕاسته‌وخۆ بۆ خه‌ڵك په‌یامێكی كوشنده‌یه بۆ دروستبوونی ئه‌و ڕوانگه‌یه له‌نێو تاكه‌كاندا، كه ئه‌م ڕژێمه ئه‌گه‌ر و توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه كه ڕیفۆرمی تێدا بكرێت و، ته‌نیا پێویسته ئاستی گوشار بەرزتر و زۆرتر بێت. له كاتێكدا كه زۆربه‌ی حزبه‌كان دروشمی فیدڕاڵییان هه‌ڵگرتووه و، ئه‌م سیستەمەیش تاوه‌كوو ئێستا له هیچ وڵاتێكی نادیموكراتیكدا سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه. بۆیه خه‌ڵكیش به‌م دژبه‌یه‌كییه (تناقض) له گوتاری حزبه‌كان، ئه‌م په‌یامه ناڕاستەوخۆ و نەویستراوە وه‌رده‌گرن كه دەتواندرێت/ده‌كرێت له چوارچێوەی كۆماری ئیسلامی‌دا له ڕێگه‌یه‌كی سیاسی و یاسایی و، هەروەها ناتوندوتیژی و بە ئامرازی سندووقی ده‌نگه‌كانه‌وه ماف، ئازادی و داواكارییه‌كانی كورد ده‌سته‌به‌ر بكرێت. لە لایەكی تریشەوە بەشێك لە ئەندامان و لایەنگرانیان هەڵگری دروشمی سەربەخۆییخوازی و سەربەخۆیین! ئەم خاڵەیش وای كردووە كە خەڵك لە نێوان دروشم و ستراتیژی و ئامانجی حزبە سیاسییەكان لە لایەك و گوتار و دروشمی بەشێك لە چالاكانی سیاسیی سەربەخۆییخواز! لە لایەكی دیكەوە سەرگەردان بێت. ئەمە بێجگە لەوەی كە هاتنەدیی ئامانجی كورد بەگشتی و حزبەكان بەتایبەتی، گرێ‌دراو و پەیوەستە بە دیموكراتیزەبوونی سیستەمی سیاسی و كەلتووری و تەنانەت هزریی ئێران و ئێرانییەكان لە دەرەوەی سنوورەكانی كوردستان، واتە لە تاران!
بەم پێیەیش، دروشمی بەشێكی زۆری حزبه‌كان ڕووخانی كۆماری ئیسلامییه، له كاتێكدا زۆربەی حزبه‌كان تاوه‌كوو ئێستا چاوه‌ڕوانن كه كۆماری ئیسلامی دانوستاندنیان له‌گه‌ڵدا بكات و له‌م ڕێگه‌یه‌وه لانی كه‌م به‌شێك له مافه‌كانی كورد دەستەبەر و مسۆگه‌ر بكەن. له كاتێكدا له لایه‌ك ئه‌م حزبانه هیچ هێزیكی شوێندانه‌ری ئەوتۆ و كاریگه‌ریان نییه لەسەر هاوكێشە سەربازی و سیاسی و ئاسایشی و ئابوورییەكان بۆ ئه‌وه‌ی كۆماری ئیسلامی ناچار به‌م كاره بكه‌ن و، له لایه‌كی تریشه‌وه ئه‌م دووانه و دژبه‌یه‌كییه‌یش (ڕووخان- دانوستاندن)، بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی سنووری ڕیفۆرمیست- خه‌باتگێڕ-خه‌ڵكی ئاسایی له‌گه‌ڵ ناوه‌ند (تاران) ڕوون و ئاشكرا نه‌بێت و، توانای بڕیار و جووڵه له كۆمه‌ڵگه وه‌ربگیرێته‌وه.
یه‌كێك له خاڵه لاوازه‌كان له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان ئه‌وه‌یه كه، تا ئه‌م ساته‌وه‌خته‌یش حزبه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات هەر یەكەیان بە شێوەیەك خۆیان به پێشه‌نگی بزووتنه‌وه و خه‌باتی ڕزگاریخوازی و شۆڕشگێری ده‌زانن؛ به‌م مانایه كه ئه‌م په‌یامه‌یان ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ بۆ خه‌ڵك ناردووه كه پێشمه‌رگه ئەو ئەركەی لە ئەستۆیە كە كۆماری ئیسلامی بڕووخێنێت و بەم پێیەیش ئه‌م حزبانه ده‌توانن ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان ڕزگار بكه‌ن. به مانایه‌كی تر، لێكه‌وته و ده‌رهاوێشته‌ی ئه‌م ڕوانگە و ستراتیژییه، لانی كەم وای كردووه كه خه‌ڵك چاوه‌ڕوانی هێزێكی ڕزگاركه‌ری ده‌ره‌وه‌ی ئیرادە و جووڵەی خۆیان/شاره‌كان بێت كه ئازاد و ڕزگاریان بكات. ئه‌مه‌یش توانای جووڵه و هەستی به‌رپرسیارێتی بۆ گۆڕینی له زۆرینه‌ی تاكه‌كان وه‌رگرتۆته‌وه و له دۆخی چه‌قبه‌ستووی چاوه‌ڕوانیدا هێشتوونه‌ته‌وه. لە كاتێكدا نە لە توانای ماددی و مرۆییی ئەم حزبانەدایە كە خەڵك ڕزگار بكەن و كۆماری ئیسلامی بڕووخێنن و نە ئەو ئەركە تەنیا لە ئەستۆی حزبە سیاسییەكان و پێشمەرگەدایە.
تاكڕه‌هه‌ندبوون یاخود زاڵبوونی شێوازی خه‌باتی "پێشمه‌رگانه/ چه‌كداری" لە بری بەهێزی، بۆتە هۆی دروستبوونی خاڵێكی لاوازی تری بزاڤی ڕزگاریخوازی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان و، ئه‌مه‌یش بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی كه بۆ زیاتر له بیست ساڵ به هۆی گۆڕانكارییه‌كانی باشووری كوردستان و ته‌نانه‌ت ناوچه‌كه و جۆری بارگرژی یاخود ڕێككه‌وتن و په‌یوه‌ندییه‌كانی ئێران له‌گه‌ڵ وڵاتانی ناوچه‌كه و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی، كاریگه‌ریی سلبیی له‌سه‌ر خه‌باتی ئه‌م پارچه‌یه هه‌بێت. به‌م مانایه كه خه‌باتی ئه‌م پارچه‌یه به هۆی هاوكێشه جیۆسیاسییه‌كانه‌وه "به‌بارمته" بگیرێت. به‌كورتی ئه‌م حزبانه نه‌یانتوانیوه خۆیان له كۆتوبه‌ندی جیۆسیاسیی خەباتی چەكداری ڕزگار بكه‌ن؛ ئه‌مه‌یش یه‌كێكه له لێكه‌وته و ئاسه‌واره‌كانی تاكڕه‌هه‌ندبوونی ستراتیژیی خه‌باتی حزبه‌كان له‌م به‌شه‌ی كوردستاندا. هەروەها ئامراز، میتۆد و شیوازی خەباتی چەكدارییش گۆڕانی بەسەردا هاتووە و بە هەمان میتۆدی پێشووتری ساڵەكانی سەردەمی سەرەتای شۆڕشی ئیسلامی، ناكرێت خەباتێكی چەكدارانەی سەركەوتووانە بكرێت، بەڵكوو گۆڕان لە هەموو بوارەكانی سەربازیی هەر دوو لایەندا هاتۆته كایه‌وه. بۆیە پێناسه‌كردنەوە و پێداچوونەوە بە شێواز، میتود و ئامانجەكانی سەربازی/پێشمەرگانە بۆتە ڕاستییەكی حاشاهەڵنەگری ئەم قۆناغە.
به‌گشتی دووركه‌وتنه‌وه و لێكترازانی جوگرافی-فیزیكی له نێوان تاكه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات و حزبه سیاسییه‌كان له لایه‌ك و، جۆر، شێواز و ستراتیژیی حزبه‌كان له‌گه‌ڵ تاكه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان و كه‌ڵكوه‌رنه‌گرتن له ئامرازه نوێیه‌كانی په‌یوه‌ندی به شێوه‌یه‌كی كارا و كاریگه‌ر یاخود به شێوه‌یه‌كی دروست و شوێندانه‌ر (هێزی نەرم) له لایه‌كی تره‌وه، بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی كه نه‌تواندرێت تێگه‌یشتن و ڕێككه‌وتنێكی هاوبه‌شی نه‌نووسراو له نێوانیاندا دروست ببێت، كه خه‌باتی ڕۆژانه و به‌رده‌وام ببێته به‌شێك له ژیانی هاووڵاتیان. له ڕوانگه‌یه‌كی تره‌وه، ده‌توانین بڵێین كه حزبه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات نه‌یانتوانیوه له‌گه‌ڵ ژیانی ڕۆژانه‌ی تاكی ئاسایی له شاردا ده‌رگیر بن یاخود تاكه‌كان تێوه بگلێنن، یان ئه‌وه‌ی كه ستراتیژیی خۆیان له‌گه‌ڵ ژیانی تاكه‌كاندا ئاوێته بكه‌ن. به‌م مانایه به‌رزكردنه‌وه‌ی تێچووی خه‌بات (زاڵبوونی خه‌باتی چه‌كداری و دووركه‌وتنه‌وه له شار)، وای كردووه زۆربەی تاكه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات دوودڵ و دڕدۆنگ بن له نێوان به‌جێهێشتنی ژیان له شاره‌كانی ڕۆژهه‌ڵات و هه‌ڵبژاردنی خه‌بات له شاخ، یاخود مانه‌وه له شار و به‌ڕێوه‌بردنی ژیانی ئاسایی و له‌ژێر سێبه‌ری كۆماری ئیسلامی و ڕازیبوونی هەرچەند ڕواڵەتی به‌م سیسته‌مه و كەڵكوەرگرتن لە ده‌رفه‌ته سنوورداره‌كانی بۆ ژیان و چالاكیی كەلتووری و پاراستنی ناسنامەی خۆیان.
له ڕووی بونیادی ناوخۆیی و پێكهاته‌ییشه‌وه حزبه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات گرفت و كێشه‌ی جددییان له ناوخۆی خۆیاندا هه‌یه؛ له لایه‌ك تووشی لێكدابڕان و جیابوونه‌وه و كه‌رتبوون بوونه و، له لایه‌كی تریشه‌وه زۆربه‌ی بڕیاربه‌ده‌ست، ڕێبه‌ر و نوخبه سیاسییه‌كانیان به جۆرێك هه‌مان نوخبه‌ی سه‌ره‌تای شۆڕشی گه‌لانی ئێرانن كه له ڕۆژهه‌ڵات پاشه‌كشه‌یان كردووه. له ڕوانگه‌یه‌كی تره‌وه، ئه‌م حزبانه‌ی ئێستا نه‌یانتوانیوه له‌نێو نه‌وه‌ی نوێ‌دا بڕیاربه‌ده‌ستی پله‌به‌رزی یه‌كه‌م له حزبه‌كاندا په‌روه‌رده بكه‌ن، یاخود ڕێگه‌یان پێ بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی جێگه‌یان بگرنه‌وه و ئه‌ركی ڕێبه‌رایه‌تییان پێ بسپێرن. ئه‌مه بێجگه له ڕۆڵی لاوازی ژنان له ڕێبه‌ریی ئه‌م حزبانه و، له لایه‌كی تریشه‌وه دابڕانیان له ویست و داواكاری و ژیانی كچان و ژنانی گه‌نج و خوێنده‌واری كۆمه‌ڵگه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان و وه‌گه‌ڕخستنیان له خه‌باتی شار یاخود تەنانەت شاخ.
دووەم: ڕەخنە
جێگەی ئاماژەیە بێجگە لە هەندێ هەوڵی سەره‌تایی وەكوو دروستكردنی "ناوەندی هاوكاریی حزبەكانی كوردستانی ئێران"، نه‌بوونی دامەزراوە و ڕێكخراو یاخود "به‌ره‌یه‌كی هاوبه‌شی سیاسی-سەربازیی كوردستانی"ی چالاك و كاریگەر یاخود جۆرێك له "حكوومه‌تی كاتی له تاراوگه"، كه وه‌كوو ئه‌ڵته‌رناتیڤێك بۆ تاكه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات بەرجەستە و ده‌ربكه‌وێت و، له لایه‌كی تره‌وه بۆ جیهانی ده‌ره‌وه و وڵاتانی ناوچەییی دژبەری ئێران، وه‌كوو ناوه‌ند و مه‌رجه‌عێكی بەردەنگ و ڕەوای خه‌باتی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان بناسرێت، بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی كه په‌رشوبڵاوی و فره‌گوتاری له نێوان هێز و لایه‌نه سیاسییه‌كان بێته ئاراوه؛ ئه‌مه‌یش خه‌ڵكی تووشی لێكترازان، دوودڵی و دردۆنگی كردووه. كۆی ئه‌م سیاسه‌تانه‌ی حزبه‌كان، بێجگه له بارودۆخی ئاسایشیی خودی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان له چوارچێوه‌ی سیسته‌می سیاسیی كۆماری ئیسلامیی ئێران‌دا، وای كردووه كه هیچ سه‌ندیكا و ڕێكخراوێكی به‌هێزی مه‌ده‌نیی سه‌رتاسه‌ری دروست نه‌بێت؛ ئه‌مه‌یش توانای جووڵه و ڕێكخستنی، له ناوخۆ له تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه وه‌رگرتۆته‌وه یاخود لاواز كردووه.
هەروەها تاكه‌كان و حزبه‌كان به هۆی لاوازیی ڕێكخستن و نه‌بوونی ستراتیژی و پلانێكی ڕوون و تۆكمه و ئاشكرا له تاراوگه و وڵاتانی ئه‌وروپی و ئه‌مریكا، نه‌یانتوانیوه كه‌ڵك له ده‌رفه‌ته‌كانی ئه‌م وڵاتانه وه‌ربگرن و ببنه ده‌نگی خه‌ڵكی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان. له ڕوانگه‌یه‌كی تره‌وه، هیچ جۆره لۆبیگه‌ری و گوشارێك، چ بۆ كۆماری ئیسلامی و چ له‌سه‌ر وڵاتانی ڕۆژاوایی، له لایه‌ن ئه‌م حزبانه و ئه‌ندام و لایه‌نگرانیان له ناوه‌نده‌كانی توێژینه‌وه (Think tank) و ئه‌كادیمی، ڕاگه‌یاندنه گشتییه‌كان و ڕای گشتیی وڵاتانی ڕۆژاوایییه‌وه نابیندرێت یاخود زۆر لاواز و سنوورداره.
له هه‌مان كاتدا تا ڕادده‌یه‌كی زۆر دووبه‌ره‌كی و لێكترازانێكی ڕیشەیی و قووڵ له نێوان ئه‌م حزبانه و تاكی ڕۆشنبیر و خوێنده‌واری ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان ده‌بینرێت. ئه‌مه‌یش بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی كه ئه‌م حزبانه له هزر و توانای ئه‌م نوخبانه بێبه‌ش بن و، هه‌ژاریی تیۆری و ستراتیژی به‌سه‌ر ئه‌م حزبانه‌دا زاڵ ببێت. له ڕوانگه‌یه‌كی دیكه‌وه پێكهاته و بونیادی ئه‌م حزبانه به شێوه‌یه‌ك سنووردار/ داخراوه، كه بەشیكی زۆری تاكه‌كانی ڕه‌خنه‌گر، ڕۆشنبیر، یاخود بەشێكی بەرچاو لە خوێنده‌واره باڵاكان له چوارچێوه‌ی ئه‌م ڕێكخراوانه‌دا خۆیان نابیننه‌وه، یاخود ئەو كەسانە گوتاری ئه‌م حزبانه له هزر و ویستی خۆیان به‌دوور ده‌بینن. ئەمەیش ئەو حزبانەی تووشی جۆرە چەقبەستوویییەكی هزری و ستراتیژی و تەنانەت تیۆری كردووە.
به هۆی زاڵبوونی گوتاری خه‌باتی چه‌كداری، سه‌ره‌ڕای دروشمی هه‌موو حزبه‌كان به‌وه‌ی كه باوه‌ڕیان به خه‌باتی جه‌ماوه‌ری و مه‌ده‌نی له شاره‌كان هه‌یه! بوار و ڕه‌هه‌نده‌كانی دیكه‌ی خه‌بات، فه‌رامۆش یاخود پشتگوێ خراون. به‌م مانایه له لایه‌ك هێزی "شاخ" كه چه‌كی هه‌یه، ئه‌و توانا مرۆیی و ته‌كنه‌لۆژی و ماددی و سه‌ربازییه‌ی نییه كه هاوكێشه‌كان به قازانجی كورد بگۆڕێت و، هه‌روه‌ها كۆماری ئیسلامی‌یش زاڵه له‌م بواره‌دا و، له لایه‌كی تره‌وه "شار" كه خاوه‌ن چه‌ك و هێزی ڕەق نییه، له لایه‌ن گوتاری حزبه‌كانه‌وه به شێوه‌یه‌كی كرده‌یی و پراكتیكی په‌راوێز خراوه. له ڕوانگه‌یه‌كی دیكه‌وه، نه هه‌موو تاكه‌كانی كوردستان بڕوایان به خه‌باتی چه‌كداری هه‌یه یاخود دەگونجێت و ده‌توانن چه‌ك هه‌ڵگرن و بێنه شاخ و، نه حزبه‌كانیش به‌رنامه، پلان و ستراتیژییه‌كی ڕوون و ئاشكرا، تۆكمه و سه‌رده‌مییانه‌یان بۆ خه‌باتی نه‌رم/ مه‌ده‌نی له شاردا هه‌یه.
به‌گشتی ده‌توانین بڵێین تاوەكوو ئێستا حزبه شۆڕشگێرە‌كان بڕوایان به كاریگه‌ری و شوێندانەریی هێنانەئارای دیسكۆرسی نوێ لە هەمبەر كۆماری ئیسلامی و بەم پێیەیش "جەنگی نەرم" و بەگشتی ڕەهەندەكانی "هێزی نه‌رم" نییه، یاخود به بابه‌تێكی لاواز و لاوه‌كیی ده‌زانن. سەرباری ئەمانەیش، پێناسه‌كردنی سنوور و كاری خه‌باتگێڕی و شۆڕشگێڕی ته‌نیا له "شاخ"، وای كردووه كه تاكه‌كان له "شار"، نه‌توانن له هه‌ر ده‌رفه‌تێكی بچووك وه‌كوو ڕەفتار و ئه‌كتێكی شۆڕشگێڕی و به‌رگریكارانه‌ی ڕاسته‌قینه كه‌ڵك وه‌ربگرن. ئه‌مه‌یش بۆ به‌رته‌سكیی پێكهاته و بونیادی ناوخۆیی و، هه‌روه‌ها ستراتیژی و دیسكۆرسی حزبه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه به‌ناڕاسته‌وخۆ وای كردووه تاقە ڕه‌فتاری شۆڕشگێڕانه، ڕه‌فتارێكی حزبی، پێشمەرگانە و چه‌كدارانه بێت.
سەرەڕای ئەوەی كە زۆربەی حزبە كاریگەرەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان هەڵگری بیری چەپ و سەر بە بەرەی چەپن، بەڵام لە ڕابردوودا تا ئاستی پێكدادانی سەربازی ناكۆكیان هەبووە و، ئێستایش بەتەواوی متمانەیان بە یەكتری نییە. بۆیە بێجگە لەوەی كە لێكترازانێكی گەورەی ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان ئەوەیە، كە حزبە سیاسییەكانیان لە ڕووی هزری و ئایدیۆلۆژییەوە لە نێوانیاندا ململانێ و كێشە و گرفتیان هەیە، بەڵام لێره‌وه چەند به‌ره‌یەكی لێكدابڕاوی به‌رگری و خه‌بات بۆ ڕۆژهه‌ڵات، ناڕاسته‌وخۆ دروست بوونه یاخود له ئارادان (هه‌رچه‌ند ئه‌م بابه‌ته ڕه‌ها نییه و تەنیا بۆ تێگەیشتن لە جیاوازییەكانە)، بەڵام لە پۆلینكردنێكدا دەتوانین ئەو ڕوانگە و بەرەیانە بەم شێوەیە (لانی كەم) دابەش بكەین:
1- ڕیفۆرمیسته كورده‌كان: كه هیوایان به چاكسازییه لە دەسەڵاتی ئێستای ناوه‌ندیی ئێران و، زیاتر له‌ژێر كاریگه‌ریی ڕیفۆرمیسته‌كانی ئێرانی- ناوه‌نددان.
2- سیاسییە شۆڕشگێره‌كان: كه زیاتر له چوارچێوه‌ی حزبه‌كاندان و دروشمی خه‌باتی چه‌كداری و ڕووخانی ڕژێمیان هه‌ڵگرتووه (هه‌رچه‌نده ئه‌م ده‌سته‌یه‌یش یه‌كگوتار و یه‌كده‌ست نین و جیاوازی له بیروبۆچوون و ستراتیژییان هه‌یه و، ته‌نانه‌ت به‌شێكیان لە هەندێ قۆناغدا نیشانیان داوە كە هیوایان به هاتنەئارا و ئه‌گه‌ری ڕیفۆرم و چاكسازی لە ناوه‌ند/ تاران هه‌یه).
3- چالاكان و ڕۆشنبیره سه‌ربه‌خۆكان له ده‌ره‌وه‌ی كوردستان: كه ئه‌مانه‌یش یه‌كگرتوو نین و هه‌ر كامه‌یان ڕوانگه‌یه‌كیان بۆ چۆنێتیی خەبات و دەستەبەركردنی مافەكانی كورد و تەنانەت چییەتی و سنوور و ئاستی ئەو مافانە و بەگشتی چاره‌سه‌ری پرسی كورد لە ئێران‌دا هه‌یه و لە لایەكی تریشەوە بەشێكی زۆریان سەربەخۆییخوازن نەك فیدراڵیست.
5- لایه‌نگرانی په‌كه‌كه/ پژاك: كه زیاتر له‌ژێر كاریگه‌ریی گوتاری باكووری كوردستاندان. ئەم تاكانە هەم لە ناوخۆ و هەم لە دەرەوە ڕەخنەگری جددیی سیاسەتەكانی حزبە سیاسییەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستانن و پرسی كورد لەو پارچەیە لە چوارچێوە و ڕوانگەی پەكەكە و باكوورەوە دەبینن. بۆیە ڕۆژهەڵات لە پلەی دووەمی ئەولەوییەتەكانیاندایە و پەیوەندی و دوژمنایەتیسان لەگەڵ ئێران لەو چوارچێوەیەدا لە هەڵكشان و داكشاندایە.
6- ئه‌و تاك و لایه‌نانه‌ی كه له‌ژێر كاریگه‌ریی گوتاری حزبه‌كانی باشووری كوردستاندا كار و چالاكی ده‌كه‌ن و ڕوویان لە ئەگەری دووبارەكردنەوەی مۆدێل و كاریگەریی حزب و لایەنە سیاسییەكانی باشوورە و، هەروەها لەژێر كاریگەریی گۆڕنكارییەكانی باشووری كوردستاندان.
7- لایه‌نه ئیسلامییه ناوخۆیییە‌كانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان (به هه‌ر دوو باڵی توندڕه‌و و میانڕه‌و): هه‌رچه‌نده ئه‌م به‌ره‌یه زۆر به‌هێز و خاوه‌ن كاریگه‌ریی قووڵ نین، به‌ڵام به‌شێكی زۆریان زیاتر گوتاری ئایینی و مه‌زهه‌بی به‌سه‌ریاندا زاڵه. بۆیە ئەم هێزانەیش دەتوانن لە ئێستا و داهاتوودا هەڕه‌شە لە پێگەی حزبە سیكۆلار و، هەروەها پرسە ناسنامەیییە نەتەوەیییەكان بكەن؛ چونكە نابێت فەرامۆش بكرێت بێجگە لە ناسنامە و پرسی نەتەوەیی، بەشێكی زۆری كوردی ڕۆژهەڵاتی كوردستان سوننە نین و، تەنانەت بەشێك هەر هەڵگری ناسنامەی ئایینی/ ئیسلامی نین.
بنیاتنانەوە: لە بری كۆبەند
لە ڕاستیدا خاڵێكی ورد و شاراوە ئەوەیە كە كۆماری ئیسلامی بە شێوەی ناڕاستەوخۆ زۆر حەزی لەوەیە كە میتۆد و دیسكۆرسی خەبات لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان چەكدارانە بێت؛ بەو واتایە كە چەندین سوودی هەیە: یەكەم ئەوەی كە زۆر باشتر پەیوەندی و گوتار و داواكاریی شار لە شاخ دادەبڕێت و، دووەم ئەوەی كە باڵادەستە و باشتر دەتوانێت سەركوتی بكات و، سێیەم ئەوەی كە توانا مرۆیی و ماددی و سەربازییەكانی كۆماری ئیسلامی لە ڕووی چەندێتی و چۆنێتییەوە زیاتر و زاڵترە لە حزبە سیاسییەكان، بۆیە خۆی بە براوەی سەرەكی دەزانێت و، چوارەم ئەوەی كە دەتوانێت بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد بە هۆكار و فاكتەرێكی ساختە و بچووك و دروستكراو و دەستی دەرەكی بزانێت، نەك هەڵقووڵاوی ویست و داواكاریی ناوخۆییی كوردستان و، پێنجەم ئەوەی كە لەم ڕێگەیەوە ڕەوایەتی دەداتە سەركوتكردن و پاراستنی سنوورەكان و، هەروەها گوشار بۆ باشووری كوردستان بە پاساوی سەرچاوەی نائاسایشیی په‌ڕینەوە لە سنوورەكان و كاری تێكدەرانەی ئاشتی و ئاسایش و، هەروەها بەپێی بنەماكانی سەروەری و یاساكانی نێودەوڵەتییەوە ڕەوایەتی بۆ كار و سیاسەتەكانی بەدەست بێنێت و لێرەوە سنوورەكانی بزووتنەوە ڕزگاریخوازەكانی كورد لەگەڵ یەكتری و، هەروەها خۆی لەگەڵ باشووری كوردستان لێك دابڕێت و زەق بكاتەوە.
خاڵی شەشەم كە زۆر مەترسیدارە ئەوەیە، كە دەتوانێت بە بیانوو و پاساوی دژایەتیی تیرۆر و دۆخی نائاسایشی لە ئاستی ناوخۆییی ئێران و، هەروەها ئاستی دەرەكی و نێودەوڵەتییەوە پاساو بۆ سەركوتكاریی ناوخۆیی بدۆزێتەوە و بزووتنەوەی كوردستان بە تیرۆر و تیرۆریزم ببەستێتەوە. خاڵی حەتەوم و گرنگترین خاڵ ئەوەیە كە كۆماری ئیسلامی لە قۆناغی لاوازیی ئابووری و سیاسیی ناوخۆیی و دەرەكیی ئێستایدا، دەتوانێت لە ئاستی ڕای گشتیی ناوخۆیی و، هەروەها ناڕاستەوخۆ لە نێوان ئۆپۆزیسیۆنی دەرەكیی دژبەری كۆماری ئیسلامی لە دەرەوەدا، بەرەیەك لە دژی مافە ڕەواكانی كورد پێك بێنێت و بۆ ئەم مەبەستەیش هەم لە ئاستی ناوخۆیی و هەم لە ئاستی دەرەكی پرسی لێكهەڵوەشانەوە و جیاخوازیی كوردستان و باقیی نەتەوەكانی دیكە لە ئەگەری نەمانی كۆماری ئیسلامیی ئێران بەرجەستە بكات. ئەم خاڵەی دوایی زۆر هەستیارە و دەتوانێت ڕەوایەتی بە مانەوەی ئەم ڕژێمە بدات و، هەروەها ببێتە هۆكاری دڵەڕاوكێ و ترسی ئۆپۆزیسیۆنی ڕژێم و بەتەنیامانەوەی كورد لە ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و دەرەكیدا. بۆیە پێویستە سەرەڕای بەكارهێنانی هەموو ئامراز و میتۆدەكانی خەبات بۆ بەرگریی ڕەوا لە كورد، بەڵام سیما و گوتاری زاڵ بەسەر بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد سیمایەكی تەنیا چەكدارانە نەبێت و ڕەچاوی هەستیارییە ناوخۆیی، نێودەوڵەتی و ناوچەیییه‌كان بكرێت.
لێره‌وه‌یه كه پێویستیی هاتنه‌ئارای دیسكۆرس یاخود گوتارێكی بەرخودان و خه‌باتگێڕیی فره‌ڕه‌هه‌ند (له پاڵ بوونی هێزێكی تۆكمه و یه‌كگرتووی پێشمەرگەی حزبە سیاسییە شۆڕشگێرە‌كان) دێته ئاراوه. به مانایه‌كی تر، پێویسته حزبه‌كان ئاستی تێچووی خه‌بات و به‌رگری بۆ تاكه‌كانی شار لە سەرەتادا كه‌م و "نزم" بكه‌نه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی خه‌بات له‌م قۆناغه‌دا كه‌متێچووتر بێت و تاكه‌كان خۆیانی تێدا ببیننه‌وه و ترس و دڵه‌ڕاوكێی تاكه‌كان له خه‌بات به‌پێی واقعی سه‌ركوتكه‌ری سه‌ربازی-ئاسایشیی كۆماری ئیسلامی بڕه‌وێته‌وه و، پاشان هه‌نگاو به هه‌نگاو هه‌ستانه‌وه‌یه‌ك له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان دروست ببێت. هەروەها پێویستە زۆر هۆشیارانە سنووری "بەكرێگیراو/ جاش" و "شۆڕشگێڕ/ پێشمەرگە" پێناسە بكرێتەوە و سنووری یەكەمیان زۆر بەرتەسكتر بكرێتەوە و سنووری دووەمیان بەرفراوانتر. ڕاستییه‌كه‌ی گوتاری "ڕاسان" كە لە لایەن یەكێك لە حزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان هاتۆتە ڕۆژەڤەوە، لە ئێستادا دەتوانێت هەڵگری ئەو ستراتیژییە بێت؛ بە مەرجێك ببێتە گوتاری زۆرینەی لایەنە سیاسییەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و، هەروەها لە چوارچێوەی ڕێكخراوێكی كاتیی سیاسی-سەربازیدا بەرجەستە بێت؛ بەو مەرجەی كە تەنیا سیمای چەكداری و گوتاری شاخی بەسەریدا زاڵ نەبێت. لە پاڵ ئەمەیش لۆبیگەرییەكی دەرەكیی ڕێكخراو و ڕاگەیاندنیكی بەهێز (بە هەموو جۆرەكانییەوە) كە هەڵگری گوتاریكی سەربەخۆ و مۆدێرن بێت، دابمەزرێندرێت.
بۆیە پێویستە تا ئەو كاتەی كە ئامانج و گوتاری زۆربەی حزبەكانی ڕۆژهەڵات لە ئێستادا سەربەخۆیی نییە، سنووری گوتار و جۆری كار و پەیوەندیی ئەم حزبانە لەگەڵ نەتەوە و حزبە ئۆپۆزیسیۆنە میانڕەو و خاوەن نفووزەكانی دیكە لە ئێران‌دا گشتگیر بكرێت و سنووری نەتەوەیی و ناوچەیی تێ پەڕێنێت. بەكورتی هەر پاشەكشەیەك لە هەر بوارێكی نا-سیاسی كە بە كۆماری ئیسلامی بكرێت/ دەكرێت، دەبێت ببێتە بەشێك لە بەرنامە گشتگیرە شۆڕشگێرانەكەی ئەو حزبانە، چونكە لە كۆتاییدا لە كۆماری ئیسلامی‌دا هەموو شتێك سیاسی و بەم پێیەیش ئاسایشییە.