ئەرکی دەستە سەربەخۆکان لە عێراق لە نێوان تیۆری و کردار (بەشی یەکەم)

ئازاد وەڵەدبەگی، ماستەر لە یاسای گشتی

پێشەکی

پاش ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە ساڵی ٢٠٠٣ بەدواوە لە عێراق هاتنە ئاراوە، ژینگەیەکی نوێ دروست بوو بۆ سەرلەنوێ داڕشتنەوەی پەیکەری دەوڵەتی عێراق و، ئەوە بوو کە لە ڕێگەی دەستووری نوێی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٥ هەندێ پێکهاتە و دامەزراوە بۆ پەیکەری دەوڵەت زیاد کران، کە لە دەستووری عێراقی بە دەستە سەربەخۆکان (الهیئات المستقلة) ناسراوە. ئەم دەستانە بەپێی کۆمەڵێک ئیعتباراتی سیاسی-کارگێڕی هاتنە ئاراوە و لەپاڵ هەر سێ دەسەڵاتی یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەری ئەرکەکانی خۆیان بەڕێوە دەبەن.

لە ڕووی سیاسییەوە، ئەو ژینگە دیموکراسییەی کە لە عێراقی پاش ساڵی ٢٠٠٣ هاتە ئاراوە، ڕۆڵێکی گەورەی لە سەرهەڵدانی ئەم دەستانە هەبووە، چونکە بیرۆکەی سەربەخۆییی ئەو دەستانە دەتوانێ پەیوەندیی ڕاستەوخۆی لەگەڵ گەشەکردنی دیموکراسیدا هەبێت. هەروا لە ڕووی کارگێڕییشەوە، فراوانبوونی کار و ئەرکەکانی دەوڵەت و ڕێکخستنیان لەگەڵ چەمک و بنەماکانی نوێی حوکمڕانی و کردنەوەی ئاسۆی نوێ لە بەردەم ئەرکەکانی دەوڵەت و، بازدان بەسەر کەلتووری سیاسیی ڕابردوو، وای دەخواست کە کۆمەڵێک دەستەی لەم جۆرە دروست ببن.

دەستە سەربەخۆکان بەوە دەناسرێن جۆرێک لە سەربەخۆیییان هەیە لە ئەنجامدانی کار و چالاکییەکانیان و ئەم سەربەخۆیییەیش لە بواری دارایی، کارگێڕی و ئۆرگانی ڕەنگ دەداتەوە. سەربەخۆییی دارایی، بەو واتایە دێت کە دەستەکان خاوەن ژمێریاری و بوودجەی سەربەخۆن. مەبەست لە سەربەخۆییی کارگێڕییش ئەوەیە، کە دەستەکان دەسەڵاتێکی خودییان هەیە بۆ هەڵسان بە کارەکانیان و، سەربەخۆییی ئۆرگانیش ئەوەیە کە دەستەکان ئەو مافەیان هەیە کە بۆ ڕاییکردنی کاروبارەکانی خۆیان شێوازە ئۆرگانییە شیاوەکان بەکار بهێنن.

دەستووری عێراقی لە بەندەکانی (١٠٢-١٠٨) ئەم بابەتەی ڕێک خستووە. لەم زنجیرە وتارەدا، هەوڵ دەدەین تیشک بخەینە سەر ڕێکخستنی دەستووریی دەستە سەربەخۆکان لە دەستووری عێراقی و، پێناسە و تایبەتمەندییەکانیان دەخەینە بەر باس و، هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکەین.

پێشینەی مێژوویی و بنەمای فەلسەفی

دەستە سەربەخۆکان، لە کۆتایییەکانی سەدەی هەژدەیەم لە ئەنجامی ئەو گەشەکردنە سیاسی و دیموکراسییەی کە لە ئەوروپا و ئەمریکا هاتە ئاراوە سەریان هەڵدا؛ ئەمەیش بە هۆی فراوانبوونی ڕۆڵ و ئەرکەکانی دەوڵەت لە ژیانی ڕٶژانەی هاووڵاتیاندا، کە بووە هۆی ڕەنگدانەوەی ئەم بابه‌تە لە پەیکەری کارگێڕیی دەوڵەتدا. ئەم گۆڕانکارییانە لە ئەنجامدا بوونە هۆی بڵاوبوونەوەی ئەم دەستانە لە ڕووی چۆنێتی و چەندێتییه‌وه‌ لە هەموو وڵاتانی جیهاندا، لەژێر ناوی جۆراوجۆری وەک دەستە یان بەڕێوەبەرایەتییە سەربەخۆکان، بەڕێوەبەراتییە ڕێکخەرەکان یان ئاژانسەکان و هتد.

یەکەمین دەستەی لەم جۆرە لە دەستووری سوید لە ساڵی ١٨٠٩ لەژێر ناوی ئامبودزمان (به‌ ئینگلیزی: ombudsman) باسی لێوە کراوە؛ هەروا ڕێپێدراوی پەرلەمانی لە ساڵی ١٩٦٧ لە بریتانیا و ناوبژیکاری حکوومی لە ساڵی ١٩٧٣ لە فەڕەنسا و دەستەی نوێنەرایەتیی کارگێڕیی لە میسر.

سەبارەت بە بنەمای فەلسەفیی ئەم دەستانە، ڕا و بۆچوونی جیاواز هەیە. بۆچوونی یەکەم دەڵێت کە، دروستبوونی ئەم دەستانە پەیوەندیی بە سیستەمە دیموکراسییەکانەوە هەیە و، بە یەکێک لە هێماکانی دیموکراسیی سیستەمی سیاسی دادەنرێت. چونکە ناتوانین وێنای سەرهەڵدانی ئەم دەستانە بکەین، تەنیا لەژێر سێبەری سیستەمێکی دیموکراسیدا نەبێت.

ئەم گرووپە پێیان وایە کە سەرهەڵدانی ئەم دەستانە، دەگەڕێتەوە بۆ بیرۆکەی دەوڵەتە هاوچەرخەکان و پسپۆڕی لە ئەنجامدانی ئەرکەکانیاندا، چونکە دروستبوونی ئەم دەستانە بە هۆی فراوانبوون و پەرەسەندنی ئەرکەکانی دەوڵەته‌وه‌، بە یەکێک لە پێویستییەکانی دەوڵەتە هاوچەرخەکان داده‌نرێت. بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم ئەرکە نوێیانە، دەوڵەتەکان ناچار بوون بە دروستکردنی ئەم دەستانە. بە گوتەیەکی تر، دیاردەی بڵاوبوونەوەی دەستە سەربەخۆکان لە چوارچێوەی دامودەزگەکانی دەوڵەت، یەکێکە لە هێماکانی سیستەمی دەستووریی دیموکراتی کە لەسەر بنەمای جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و ئاڵوگۆڕی ئاشتییانەی دەسەڵات و سەروەریی یاسا و پاراستنی ماف و ئازادییەکانی مرۆڤ بنیات نراوە.

گرووپی دووەم، وای دەبینن کە بنەمای دەستە سەربەخۆکان بۆ بەدیهێنانی ژمارەیەک ئامانجە و لەوانەیش: پاڵپشتیکردنی بەڕێوەبردنی حکوومی و دەستەبەرکردنی چاودێریکردنی ئەو کەسانەی کە کاری تێدا دەکەن و خێرایی لە دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتیان.

بۆچوونی سێیەم پێی وایە، کە دەستە سەربەخۆکان دەرەنجامی پیادەکردنی بنەماکانی دیموکراسییە لە چوارچێوەی پاراستنی ماف و ئازادییەکانی تاک، کە ئەمەیش لە ڕێگەی گەرەنتیکردنی سەربەخۆییی ئەم دەستانە لە چاودێریکردنی دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن دێتە دی؛ بە جۆرێک کە ئەم ماف و ئازادییانە لە دەستدرێژی بپارێزێن.

بۆچوونی چوارەم لەو باوەڕەدایە، کە دەبێ جیاوازی بکەین لە فەلسەفەی دروستبوونی ئەم دەستانە لە فەڕەنسا و عێراق. لە فەڕەنسا، بنەمای دروستبوونی ئەم دەستانە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە جگە لە سەرهەڵدانی چەمکە دیموکراتییەکانی حوکمڕانی و پاراستنی ماف و ئازادییەکانی تاک هاوشان لەگەل گەشەکردنی ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و تەکنه‌لۆژی، پێویست بوو کە چالاکییەکانی دەوڵەت بە پلەیەکی بەرزی پسپۆڕی و سەربەخۆیی جێبەجێ بکرێن. بەڵام لە عێراق، دروستبوونی ئەم دەستانە دەگەڕێتەوە بۆ بەهێزکردنی فەلسەفەی دەوڵەت پاش دانانی دەستووری ساڵی ٢٠٠٥، جگە لە هەڵسانی ئەم دەستانە بە ئەرکەکانیان کە ئەرکێکی جێبەجێکارییە، کە بریتییە لە بەڕێوەبردنی دامودەزگە گشتییەکان کە پێویستییەکانی هاووڵاتیان دەستەبەر دەکات. هەروا دەتوانین بێژین، کە بوونی ئەم دەستە سەربەخۆیانە ڕەنگدانەوەی بنەمای جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانە بۆ ئەوەی بە دوور لە دەستوەردانی دەسەڵاتەکانی جێبەجێکردن و یاسادانان، بەوردی ئەرکی خۆیان به‌جێ بگه‌یه‌نن.

پێناسەی دەستە سەربەخۆکان

سەبارەت بە پێناسەی دەستە سەربەخۆکان ئاراستە و بۆچوونی جیاواز هەیە، بەڵام ئاراستەی باو، ئەم دەستانە لەسەر پێوەری ئۆرگانی (ڕواڵەتی) و پێوەری بابەتی (ئەرکەکان) پێناسە دەکات. بەپێی پێوەری ئۆرگانی، دەستە سەربەخۆکان بریتین لە دەستەگەلێکی تەکنیکیی پسپۆڕ کە سەربەخۆیە لە هەر سێ دەسەڵاتی جێبەجێکردن و یاسادانان و دادوەری. یاخود بریتییە لە کۆمەڵێک دەستە، کۆمیسیۆن و دەزگە کە یاسادانەر ئەرکەکانی دیاری دەکات بە چاودێری و سەرپەرشتیکردن یان جێبەجێکردنی چالاکی یان کردارێک لە کردارەکانی دەوڵەت، کە لە جێبەجێکردنی ئەم ئەرک و تایبەتمەندییانەدا خاوەنی سەربەخۆیییە.  

هەروا هەندێکی تر، جەخت لەسەر پێوەری بابەتی یان ئەرک دەکەنەوە بۆ پێناسەکردنی ئەم دەستانە بەگوێرەی ئەو چالاکییەی کە ئه‌نجامی ده‌ده‌ن کە بەم پێیە بریتییە لە: "پرۆسەی هەڵسەنگاندن و پشکنین و پێداچوونەوە کە دامودەزگە پسپۆڕەکان ئه‌نجامی ده‌ده‌ن بۆ جەختکردنەوە لە بەدیهاتنی ئەو ئامانج و سیاسەت و بەرنامانەی کە دامودەزگە کارگێڕییەکان دەبێ ملکەچی بن، لەگەڵ پێدانی دەسەڵاتی دەرکردنی بڕیاری شیاو کە گەرەنتیی ڕەوتی کارکردن بکات؛ هەروەها دانانی ئەو پێوه‌رانەی کە ئاستی لادانی ئەو دەزگەیانە لە ئامانجە دیاریکراوەکان دەستنیشان دەکات." یاخود بریتییە لە کۆمەڵێک کردار و چالاکی و تایبەتمەندی، کە ئەم دەستە یان کۆمیسیۆن یان دیوانە ئه‌نجامی ده‌دا و لە لایەن یاسادانەرەوە بە شێوەیەکی سەربەخۆ لە دەسەڵاتەکانی تر دیاری کراوە.

ئەگەر پێناسەیەکی کۆکراوە لە نێوان هەر دوو پێوەرەکەدا بکەین، دەتوانین بڵێین بریتییە لە "دامودەزگەیەکی ڕێکخەر کە چاودێریی ئاستی ڕەوایی و سیسته‌ماتیکبوونی ئیدارە دەکات لەپاڵ چاودێریکردنی ڕاپەراندن و کارایی و دەستەبەرکردن و شیاوێتیی ئیدارەی گشتی لە پێناو بەدیهێنانی ئامانجەکانی لەگەڵ پێدانی دەسەڵاتی دەرکردنی بڕیار بەم دامودەزگەیانە."

تایبەتمەندییەکانی دەستە سەربەخۆکان

ئەو پێگەیەی کە ئەم دەستانە لەناو دامودەزگەی دەوڵەتدا هەیانە وای کردووە، کە ببنە خاوەنی کۆمەڵێک تایبەتمەندی کە بەم جۆرەی خوارەوە ئاماژەیان پێ دەکەین:

١) ئەم دەستانە خاوەن سەربەخۆییی دارایی و کارگێڕی و تەکنیکین: کاری ئەم دەستانە وا دەخوازێ کە سەربەخۆ بن، بۆ ئەوەی گەرەنتیی بێلایەنیی ئەندامانی ئەم دەستەیە بکەن لە کار و ئەرکەکانیاندا و بەهێزکردنی شەفافییەت، کە ئەمەیش دەتوانێ بە شێوەی سەربەخۆییی ئۆرگانی و دارایی و کارگێڕی بێت.

٢) سەرۆک و ئەندامان و کارمەندانی بەبێلایەنی کار بکەن و لە کاریگەریی لایەنە سیاسییەکان بەدوور بن.

٣) ئەم دەستانە کەسایەتیی مەعنەوی یان یاساییی خۆیان هەیە، کە ئەمەیش لە ڕێگەی بوونی دەقێکی یاسایی دێتە دی کە ئەم کەسایەتییە بە دەستەکە ببەخشێت و شیاوی بکات بۆ وەرگرتنی مافەکان و قبووڵکردنی ئەرکەکان.

٤) فرەڕەنگی لە پەیوەندی لەگەڵ هەر سێ دەسەڵاتەکە: لە فەڕەنسا ئەم دەستانە سەربەخۆیییەکی نیمچەتەواویان هەیە لە دەسەڵاتی جێبەجێکردن و ملکەچن بۆ چاودێریی دەسەڵاتی یاسادانان. لە عێراق بەو جۆرەی کە لە دەقی دەستووردا هاتووە، هەندێکیان لەگەڵ دەسەڵاتی جێبەجێکردن لە پەیوەندیدان و هەندێکیان لەگەڵ دەسەڵاتی یاسادانان و هەندێکیشیان بە هیچ دەسەڵاتێکەوە نەلکێنراون.

٥) بڕیارەکانی ئەم دەستانە ملکەچن بۆ چاودێریی دادوەری، واتە دەکرێ لە بەردەم دادگە، تانە لە بڕیارەکانی سەرۆکی ئەم دەستانە بدرێت.

جۆرەکانی دەستە سەربەخۆکان

بە سەرنجدان لە فرەجۆریی دەستە سەربەخۆکان، بەپێی گۆشەنیگا جیاوازەکان دەتوانین بەسەر ئەم چەند جۆرەی خوارەوەدا دابەشیان بکەین:

١) لە ڕووی چوارچێوەی سەربەخۆیی بەگوێرەی دەستوور و یاسا کە بەسەر دوو جۆردا دابەش دەبن:

ئا) دەستە تەواو سەربەخۆکان وەک: دەستەی دەستپاکی و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤ.

ب) دەستە سەربەخۆکان لە ڕووی دارایی و کارگێڕی وەک: بانکی ناوەندیی عێراقی و دیوانی چاودێریی دارایی و دیوانەکانی ئەوقاف.

٢) لە ڕووی بەردەوامی: لەم بارەیەوە بەسەر دوو جۆردا دابەش دەبن:

ئا) دەستە سەربەخۆ ڕاگوزەرییەکان وەک: دەستەی باڵای نیشتمانیی لێپرسینەوە و دادپەروەری و دەزگەی شەهیدان و دەزگەی زیندانییە سیاسییەکان.

ب) دەستە سەربەخۆ هەمیشەیییەکان وەک: دەستەی دەستپاکی و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان.

٣) لە ڕووی ئەرکەکان کە بەسەر سێ جۆردا پۆلێن دەکرێن:

ئا) دەستە سەربەخۆ چاودێرەکان وەک: دەستەی دەستپاکی و دیوانی چاودێریی دارایی.

ب) دەستە سەربەخۆ جێبەجێکارییەکان وەک: دەزگەی شەهیدان و دەزگەی زیندانییە سیاسییەکان و دیوانەکانی وەقفی سوننە و شیعە.

ج) دەستە سەربەخۆ دادوەرییەکان وەک: دەستەی داواکارییەکانی موڵکدارێتی و دادگەی باڵای تاوانەکانی عێراق.

سەبارەت بە ژمارە و ناوی ئەو دەستانەی کە لە دەستوور و تەشریعاتی عێراقیدا هاتوون، دەتوانین ئاماژە بەم دەستانەی خوارەوە بکەین کە سەرجەم (٢٠) دەستەیە: کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، دەستەی دەستپاکی، بانکی ناوەندیی عێراقی، دیوانی چاودێریی دارایی، دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان، دیوانی وەقفی شیعی، دیوانی وەقفی سوننی، دیوانی ئەوقافی ئایینەکانی مەسیحی و ئێزیدی و سابیئەی مەندایی، دەزگەی شەهیدان، دەزگەی زیندانییە سیاسییەکان، دەستەی گشتیی گەرەنتیکردنی مافی هەرێمەکان و پارێزگە ڕێکنەخراوەکان لە هەرێم، ئەنجومەنی خزمەتی گشتیی فیدراڵی، دادگەی باڵای تاوانەکانی عێراق، دەستەی نیشتمانیی لێپرسینەوە و دادپەروەری، دەستەی گشتیی چاودێریکردنی داهاتە فیدراڵییەکان، دەستەی داواکارییەکانی موڵکدارێتی، دەستەی سەرپەرشتیاریی دادوەری، دەستەی باڵای حەج و عومرە، دەستەی حەشدی شەعبی.

دەستە سەربەخۆکان لە دەستووری عێراقی ساڵی ٢٠٠٥

دەستووری عێراقی لە دەروازەی سێیەم/ بەشی چوارەم و لەژێر سەردێڕی دەستە سەربەخۆکان باسی لە دامەزراندنی ئەم دەستانە کردووە و لە دەقی دەستووردا بە ناو ئاماژەی بە دامەزراندنی هەندێک لەو دەستانە کردووە و لە بەندی (١٠٨)یشدا دەرگەی کردووەتەوە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بە یاسا و بەگوێرەی پێویستی و زەروورەت دەستەی دیکەیش دابمەزرێن.

لە بەندی (١٠٢)ی دەستووردا هاتووە: "کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و دەستەی دەستپاکی، دەستەگەلێکی سەربەخۆن کە ملکەچن بۆ چاودێریکردنی ئەنجومەنی نوێنەران و کارەکانیان بە یاسا ڕێک دەخرێت."

هەروا لە بەندی (١٠٣)ی دەستووردا هاتووە: "بانکی ناوەندیی عێراقی، دیوانی چاودێریی دارایی، دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان، دیوانەکانی ئەوقاف، دەستەگەلێکی سەربەخۆی دارایی و کارگێڕین و یاسا کاری هەر یەکەیان ڕێک دەخات." 

لە بەندی (١٠٤) باس لە دامەزراندنی دەزگەی شەهیدان دەکات کە بە ئەنجومەنی وەزیران دەبەسترێتەوە و بە یاسا ڕێک دەخرێت. لە بەندی (١٠٥) باس لە دامەزراندنی دەستەی گشتیی گەرەنتیکردنی مافی هەرێمەکان و پارێزگە ڕێکنەخراوەکان لە هەرێم دەکات، کە ئەمەیش بە یاسا ڕێک دەخرێت.

لە بەندی (١٠٦) ئاماژە بە دامەزراندنی دەستەی گشتیی چاودێریکردنی داهاتە فیدراڵییەکان دەکات. لە بەندی (١٠٧) باس لە دامەزراندنی ئەنجومەنی خزمەتی گشتیی فیدراڵی دەکات کە پێکهاتە و تایبەتمەندییەکانی بە یاسا ڕێک دەخرێت.

لە بەندی (١٠٨) یاسادانەر ڕێگەی داوە بە دامەزراندنی دەستەی سەربەخۆی تر لە ڕێگەی دەرکردنی یاسا و بەپێی پێویستی و زەروورەت. 

پرسیارێک کە دێتە ئاراوە ئەوەیە، کە ئایا ئەم دەستانە بە دەسەڵاتێکی گشتیی سەربەخۆ دادەنرێن یاخود دەستەی ڕاوێژکارین؟ ئایا ئەمانە بە دەسەڵات دادەنرێن؟ ئه‌گه‌ر به‌ ده‌سه‌ڵات داده‌نرێن، ئایا دەسەڵاتی چوارەمن یاخود لە ڕیزی هەمان سێ دەسەڵاتی پێشوودان؟

ئەگەر بۆ دەستووری عێراقی بگەڕێینەوە، دەبینین کە لە بەندی (٤٧)ی دەستووردا بەڕوونی ئاماژە بەوە دەکات کە دەسەڵاته‌ فیدراڵییەکان بریتین لە دەسەڵاتەکانی جێبەجێکردن و یاسادانان و دادوەری و دەستوور. لێره‌دا ئەوەی بڕاندۆتەوە کە لە سێ دەسەڵات زیاتر نییە؛ هەر بۆیە پاش باسکردنی ئەو دەسەڵاتانە لە بەشی چوارەم لەژێر ناوی دەستە سەربەخۆکان باس لەو دەستانە دەکات و بە دەستە ناویان لێ دەبات نەک دەسەڵات، بۆ ئەوەی دەسەڵاتی دیکە هاوتەریبی سێ دەسەڵاتەکەی تر دروست نەبێت. جگە لەمەیش، ئەم دەستانە ملکەچن بۆ چاودێری یان سەرپەرشتیی دەسەڵاتی یاسادانان یان جێبەجێکردن یان دادوەری؛ واتە لە چوارچێوەی سێ دەسەڵاتی پێکهێنەری دەوڵەت دەرناچن.

 هەر بۆیە مەبەستی یاسادانەر لە پێکهێنانی ئەم دەستانە ئەوە نییە کە دەسەڵاتێکی نوێ دروست بکات، بەڵکوو مەبەستی پێدانی سەربەخۆیییە بۆ ئەوەی کار و ئەرکەکانی خۆیان باشتر و بێلایەنانەتر بەڕێوە ببەن، بەبێ ئەوەی لەژێر کاریگەریی دەسەڵاتە گشتییەکاندا بن.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples