چوارچێوە و بنەما یاسایییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی: هەرێمی کوردستان وەک نموونە (بەشی یەکەم)

ئازاد وەڵەدبەگی، ماستەر لە یاسای گشتی

 

ئابراهام لینکۆلن: "ئەو کاتەی کە دەنگی ئۆپۆزیسیۆن کپ دەبێت، دەنگی گوللە بەرز دەبێتەوە."

پێشەکی

ناڕەزایەتی بەرامبەر هەندێ لە ڕەفتار و کردارەکان یەکێکە لەو خەسڵەتانەی کە لە ناخی مرۆڤەکاندا هەیە و، لە هەموو کۆمەڵگەکانیشدا لە چوارچێوەی خیزان، شار و وڵاتدا بەدی دەکرێت، بۆ نموونە ناڕەزایەتیی ئەندامی خێزانێک بەرامبەر بە گوشارە خێزانییەکان یاخود ناڕەزاییی توێژێکی کۆمەڵایەتی بەرامبەر بە باڵادەستیی توێژێکی کۆمەڵایەتیی تر، یان ڕەفتارێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و هتد. بە گەشەکردنی کۆمەڵگەکان و دروستبوونی دەوڵەتە نوێیەکان، ئەوا ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی وەک شێوازیک لە شێوازەکانی چالاکیی سیاسی لەناو دەوڵەتەکاندا سەری هەڵدا. ئەمەیش بە واتای ناڕەزایەتی دێت بەرامبەر بە ویست و ئیرادەی دەسەڵاتی سیاسی یان دژایەتیکردنی ئەو بیرۆکە یاسایییەی کە دەسەڵاتی سیاسی پشتی پێ دەبەستێ؛ بە وتەیەکی تر، دژایەتیکردنی ئەو فەلسەفە سیاسییەی کە دەسەڵاتی سیاسیی لەسەر بنیات نراوە.

ڕاستییه‌كه‌ی، ناتوانین لە جیهاندا هیچ سیستەمێکی سیاسی بەبێ بوونی ئۆپۆزیسیۆن وێنا بکەین، چونکە لە هەر شوێنێکی جیهان کە دەسەڵاتی سیاسی هەبێ، ئەوا ململانێ لە نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکاندا بۆ دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات و بەڕێوەبردنی وڵات دروست دەبێت. هەر بۆیە، ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی، بەشێکی گرنگ و بنچینەیییە لە هەر سیستەمێکی سیاسی کە بەپێی سروشتی ئەو سیستەمە لە نێوان بەرتەسککردنەوە و فراوانبووندا چالاکی دەکات. سیسستەمە دیموکراتییەکان، دان بە بوونی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیدا دەنێن و ئەو دەرفەتەی بۆ دەڕەخسێنن کە بەئازادیی تەواو کار بکات، کە ئەمەیش وا دەکات گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن زۆر جار لە ڕێگەی سندووقەکانی دەنگدان و بە شێوازی ئاشتییانە بگەنە دەسەڵات. لە سیستەمە دیکتاتۆرییەکان، هەوڵی دوورخستنەوە و پەراوێزخستن و تەنانەت سڕینەوەی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی دەدرێت و ڕێگە بە بوون و چالاکییان نادرێت.

باسکردن لە چوارچێوە و بنەما یاسایییەکانی کاری ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی، یەکێکە لەو بابەتە گرنگانەی کە کەمتر باسی لێوە کراوە؛ هەر بۆیە لەم بابەتە، ئاماژە بە چوارچێوی یاساییی ڕێکخستنی کاری ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی دەکەین و پاشان ئاماژە بە سەرهەڵدان و دۆخی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی دەکەین لە هەرێمی کوردستان و، لایەنە جۆراجۆرەکانی ئەم پرسە دەخەینە بەرباس.

چەمک و پێناسەی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی

چەمک و واتای ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی یەکێکە لەو بابەتانەی کە پێناسە و واتای جۆراجۆری بۆ کراوە. زاراوەی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی زاراوەیەکی نوێ و هاوچەرخە، بەڵام لە ڕووی کردارییەوە بەپێی ئەو پانتایییەی ئازادیی ڕادەربڕین کە لە کۆمەڵگەکاندا بوونی هەبووە، پەیڕەو کراوە. یەکەم ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی لە سەدەی هەژدە لە بریتانیا لە نێوان هەر دوو حزبی ویگ و تۆری سەری هەڵدا، کە جیاوازییەکی ئەوتۆیان نەبوو و زۆر جاریش هاودەنگ بوون، بەڵام هەمیشە شەڕی زۆرینە و کەمینە و جێگۆڕکێی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن لە نێوانیاندا بەردەوام بووە.

 بنچینەی ئەم زاراوەیە دەگەڕێتەوە بۆ وشەی oppositioی لاتینی کە بە واتای ڕووبەڕووبوونەوە و بەرامبەریەکوەستان و یان ڕای پێچەوانەوە دێت و سەرەتا لە زانستی ئەستێرەناسیدا بەکار هاتووە، بەڵام پاشان هاتە ناو بوارەکانی دیکە و بەتایبەت سیاسەت. ئەم زاراوەیە، لە زمانی فەڕەنسییەوە هاتۆتە ناو زمانەکانی دیکە و واتای دژایەتیکردن یان بەرهەڵستکاری دەبەخشێت و لە واتا بەربڵاوەکەی بریتییە لە هەوڵ و کۆششی سەندیکا و حزب و دەستە و گرووپ و کەسەکان بۆ گەیشتن بە هەندێ ئامانجی دژ بە ویست و ئامانجی دەسەڵاتدارانی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی بە کەڵکوەرگرتن لە شێوازی کاری پەرلەمانی یان هەر شێوازێکی تر. لە واتا بەرتەسکەکەیدا، ئۆپۆزیسیۆن ناوێکە بۆ ئەو گرووپانەی کە لە سیستەمە پەرلەمانییەکاندا بەپێی دەستووری وڵات کارکردنیان فەرمییە و لە پەرلەماندا گرووپێکی پەرلەمانی پێک دەهێنن کە سەر بە حکوومەت نین و پاڵپشتیی لێ ناکەن، بەڵام لە هەمان کاتدا پابەندن بە دەستووری وڵات.

لە زمانی ئینگلیزییش، زاراوەی opposition لە ڕیشەی oppose وەرگیراوە کە بە واتای بەرهەڵستبوونەوە، بەرەنگاربوونەوە، هەڵسەنگاندن و دژایەتیکردن دێت و، هەروا وشەی opposite بە واتای دژ یان ناکۆک یان ڕووبەڕووبوونەوە، لەم ڕیشەیە وەرگیراوە. لە زمانی عەرەبییش، زاراوەی "معارضة" بەکار دێت، کە وەرگێڕانێکی وشەیییە و بە کەموکورتییەوە وەرگێڕدراوە و ماناکەی شێوێنراوە و واتای چەمکەکەی لە دژایەتیکردنی دەسەڵاتدا کورت کراوەتەوە. لە زمانی فارسییش، زاراوەی "اپوزیسیون"، "مخالفین" یان "معارضین" بەکار دێت. لە ئەدەبیاتی سیاسیی کوردیش بەزۆری زاراوەی ئۆپۆزیسیۆن یان بەرهەڵستکاری بەکار دێت. پێدەچێت کە زاراوەی بەرهەڵستکارییش وەرگێڕانی هەمان زاراوەی "معارضة"ی عەرەبی بێت کە ئەمەیش ڕەنگدانەوەی دۆخی سیاسی و خەباتی بەرهەڵستکارانەی کورد بووە بە درێژاییی مێژووی هاوچەرخ.

 چەمکی ئۆپۆزیسیۆن لە لای زانایانی سیاسی و یاسای دەستووری، دوو واتای ئۆرگانی (ڕواڵەتی) و بابەتی (ماددی)ی هەیە. ئۆپۆزیسیۆن بە واتا ڕواڵەتییەکی بریتییە لەو هێز و دەستە و لایەنانەی کە چاودێریی کاری حکوومەت و پلانەکانی دەکەن و یەکێک لە ئامانجەکانیان ئەوەیە، کە جێگه‌ی بگرنەوە؛ جا بە سەرکەوتن لە هەڵبژاردن بێت یان بە هەر شێوازێکی تر. بەڵام ئۆپۆزیسیۆن بە واتا بابەتییەکەی بریتییە لەو چالاکی و هەوڵانەی کە لەو ڕێگەیەوە ڕەخنە لە حکوومەت دەگرن و چاودێریی چالاکی و پلانەکانی حکوومەت دەکەن. ئەمەیش لە لایەن ئەو هێز و دەستانەوە دەبێت کە ئۆپۆزیسیۆنی ئۆرگانیی دەسەڵاتن، یاخود لە لایەن ئەو توێژ و کەسایەتییانەوە دەبێت کە لەناو حکوومەتدان، بەتایبەت ئەگەر حکوومەتەکە هاوپەیمانی بێت. بەو حاڵەیش لە بواری پراکتیکی، مەرج نییە ئۆپۆزیسیۆنی ئۆرگانی، هەموو کات هاوجووتی ئۆپۆزیسیۆنی بابەتی بێت، چونکە هەندێ جار ئۆپۆزیسیۆنبوون وەک چالاکییەکی ناڕێکخراو و نادامەزراوەیی سەر هەڵدەدات و، پاشان هەوڵ دەدات خۆی لە چوارچێوەی دەزگەیەکی سیاسی- بۆ نموونە حزب- ڕێک بخات.

چونکە جەوهەری بەرهەڵستکاری بەگشتی بریتییە لە ڕووبەڕووبوونەوە، بەربەرەکانێ یان ململانێ؛ کەواتە ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی بەو مانایە دێت کە لایەنێک مومارەسەی دەسەڵاتی سیاسی دەکات و بڕیار دەردەکات و یاسا دادەنێت. لە بەرامبەردا، لایەنێکی دیکە هەیە کە بەرەنگاری کاری دەسەڵات و بەڕێوەبردنی دەبێتەوە بە مەبەستی ئەوەی کاریگەریی لەسەر دابنێت و ئاراستەکەی بگۆڕێت، یان ناچاری بکات کە سیاسەتێکی دیاریکراو بگرێتەبەر یان هەوڵ بدات بۆ دەرکردنی یاسایەکی دیاریکراو کە لە لایەن ئۆپۆزیسیۆنەوە پێشنیار کراوە. بەم پێیە، ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی بریتییە لە هەر چالاکی یان کردارێکی دژ بە ڕێباز یان سیاسەتی حکوومەت لە لایەن هێزێک یان زیاتره‌وه‌ لەناو کۆمەڵگەیەکی سیاسیدا. مەرج نییە کاری ئۆپۆزیسیۆن تەنیا لایەنی سیاسی بگرێتەوە، بەڵکوو بەگوێرەی سروشتی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن، لایەنی ئابووری، کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری و هەموو بوارەکانی تری ژیانیش دەگرێتەوە.

پێناسەی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی دەربڕی جۆرێکە لە ململانێ و جەختکردنەوەیە لەسەر سیفەتی ئاشتییانەی ئۆپۆزیسیۆن، بەو جۆرەی کە لە سیستەمە دیموکراتییەکاندا پەسند دەکرێت؛ کە بەردەوامیی ئەمەیش پشت بە لانی کەمی قبووڵکردنی یەکتر و متمانەی بەرامبەر دەبەستێ. بەم پێیە، ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی ڕەتکەرەوەی ڕەهای دەسەڵاتی سیاسی نییە، بەڵکوو ناڕازییە بەرامبەر بە هەندێ لە سیاسەتەکان و بەڕێوەبردنی کاروباری گشتی و، بوونی دەسەڵات قبووڵ دەکات. هەر بۆیە دەکرێ لە ڕووی یاسایییەوە لە ڕێگەی دەرکردنی یاساوه‌، دەسەڵات دان بە ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیدا بنێت، بەو پێیەی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی بەربەست یان کۆسپە لە بەردەم دەسەڵاتی سیاسی لە ڕێگەی ڕەخنەگرتن لە دەسەڵات و ڕەخنەگرتن لە چۆنێتیی مومارەسەکردنی و، جگە لەوەیش جێگرەوەیەکی ئامادەیە بۆ دەسەڵات.

داننانی یاسایی بە ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی، یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی سیستەمە دیموکراتی و نیمچەدیموکراتییەکان. لە ڕوانگەی دەستووری و یاسایییەوە ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی وەک چالاکییەک یان دامەزراوەیەک بە مافێکی هاووڵاتیان دادەنرێ و بەشێکە لەو ئازادییە گشتییانەی کە دەستوور و یاساکان دانی پێدا دەنێن. هەر بۆیە، دەتوانین بڵێین کە ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی - یاسایی بریتییە لە چالاکییەکی سیاسیی دامەزراوەییی ئاشکرا و ئاشتییانە لە لایەن گرووپێکی سیاسیی کەمینە (حزبی یان فراکسیۆنێکی پەرلەمانی) بە شێوازی پەرلەمانی یان حزبی بە مەبەستی گوشارخستنە سەر دەسەڵات یان گەیشتن بە دەسەڵات یان پێکهێنانی حکوومەت بە پشتبەستن بە دەستوور و یاسا. ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی بریتییە لەو گرووپانەی کە ئامانجی سیاسییان هەیە و خاوەن چوارچێوەیەکی یاساییی هەمیشەیین و مافی ئەوەیان هەیە، کە بۆچوونی خۆیان و هەڵویستی پێچەوانەی هەڵوێستی حکوومەت بخەنە ڕوو و، لە ڕێگەی کاری سیاسییەوە بۆچوونی کرداریی خۆیان دەرببڕن.

ئۆپۆزیسیۆنی یاسایی لە ڕووی سیاسییەوە سەربەخۆیە و وابەستەییی سیاسیی بە هێز و لایەنە بیانییەکانه‌وه‌ نییە و، پابەندە بە یەکپارچەییی خاکی وڵاتەکەی و لە چوارچێوەیەکی یاساییدا چالاکی دەکات، بەڵام لە ڕووی پەسندکردنی سیستەمی سیاسی و دەسەڵاتداران ڕا و بۆچوونی جیاوازی هەیە.

خەسڵەتە یاسایییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی

مەبەست لە خەسڵەتە یاسایییەکان ئەو سیفەتانەیە کە ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیی پێ دەناسرێتەوە، کە دەتوانین ئەم خەسڵەتانە بەم جۆرەی خوارەوە بخەینە ڕوو:

١) خەسڵەتی سیاسیبوونی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی: بەکارهێنانی جۆری زاراوەی سیاسەت بە سروشتی خۆی دەبێتە هۆی جیاکردنەوەی نێوان گۆڕەپانی سیاسی و گۆڕەپانی ناسیاسیی کۆمەڵایەتی. بەم پێیە، سیفەتی سیاسیبوون لەسەر هەموو دیاردەکان پیادە ناکرێت، بەڵکوو لەسەر هەموو ئەو شتانە پیادە دەکرێت کە لە گۆڕەپانی سیاسیدا جێیان دەبێتەوە. د. بورهان غلیون بۆ جەختکردنەوە لەسەر خەسڵەتی سیاسیبوونی ئۆپۆزیسیۆن، دەڵێ کە پەیوەندیی ئۆپۆزیسیۆن لەگەڵ سیاسەت پەیوەندیی بوونە، واتە ناکرێت وێنای ئۆپۆزیسیۆن بەبێ سیاسەت بکرێت، چونکە ئۆپۆزیسیۆن بریتییە لە دەربڕینێکی سادە لە بوونی سیاسەت و هیچ سیاسەتێک نییە بەبێ بوونی ئۆپۆزیسیۆن. هەر بۆیە، دەربارەی خەسڵەتی سیاسیبوونی ئۆپۆزیسیۆن دەتوانین بڵێین، کە هەر هەوڵ و چالاکییەک کە ئامانجی گەیشتن بە دەسەڵات نەبێت یاخود نەچێتە ناو گۆڕەپانی سیاسییەوە، ئەوا بە ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی دانانرێت.

٢) خەسڵەتی ئاشتییانەی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی: خەسڵەتی ئاشتییانەی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی، واتە پەیڕەوکردنی ئامرازە ناتوندوتیژەکان بۆ گەیشتن بە دەسەڵات یان دەربڕینی بە شێوازێکی دەستووری و یاسایی. شێوازی ئاشتییانە لە سروشتی ئەو ژینگە سیاسییەوە سەرچاوە دەگرێت کە ئۆپۆزیسیۆن تێیدا دەژێت، کە ئامرازەکان دەتوانێ بەگوێرەی جیاوازیی ئەو سیستەمە سیاسییەی کە لە وڵاتدا حوکمڕانی دەکات جیاواز بێت؛ هەروا پشتئەستوورە بە دانپێدانانی یاسایی بە بوونی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی و قبووڵکردنی چالاکییەکانی و پەیڕەوکردنی جۆری ئامرازەکان.

پەیڕەوکردنی ئامرازی ئاشتییانە بۆ گەیشتن بە دەسەڵات لە لایەن ئۆپۆزیسیۆنی سیاسییه‌وه‌ ئامرازێکی شارستانییە بۆ دەربڕینی ویست و ئیرادەی سیاسیی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی، کە لە لایەن کۆمەڵگەوە قبووڵ کراوە و دەرگە دەکاتەوە بۆ ئەوەی بەشداری لە پرۆسەی گواستنەوەی دەسەڵات یان چاودێریکردنی بکات. شێوازەکانی ئاشتییانەی بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات لە لایەن ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی دەتوانێ بەم سێ جۆرە بێت: دەستبەسەرداگرتنی تەواوی دەسەڵات، دابەشکردنی دەسەڵات لە نێوان ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی و بژاردەی دەسەڵاتدار و بەشداریکردن لە دەسەڵات.

٣) خەسڵەتی ڕێکخراوبوون یان دامەزراوەییی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی: مەبەست لە ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیی ڕێکخراو یان دامەزراو ئەوەیە، کە ئۆپۆزیسیۆن خاوەن ڕێسا و بنەماگەلێک بێت کە بەو پێیە بەڕێوە بچێت و چوارچێوەیەکی کەسیی نەبێت. بۆیە، دەبێ ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی، خاوەن ڕەفتارێکی ڕێکخراو و ڕێکوپێک بێت کە لە ڕێگەی کۆمەڵێک ڕێکاری تەواوکەره‌وه‌ جێبەجێ بکرێت. هەروا مەبەست لە ڕێسا دامەزراوەیییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی ئەوەیە کە کۆمەڵێک ڕێسا هەبێت هەتا ئۆپۆزیسیۆن بۆ دروستکردنی بڕیارەکانی پێوەی پابەند بێت، کە دەکرێ ئەم ڕێسایانە نووسراو بێت (وەک پەیڕەوی ناوخۆی حزبەکان) یاخود نووسراو نەبێت؛ بەڵام گرنگ ئەوەیە کە ئەم ڕێسایانە لە کاتی دەرکردنی بڕیارەکان پەیڕەو بکرێن و بەشێک بن لە پەیکەری ڕێکخستن.

بەدامەزراوبوونی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی وا دەکات، کە ببێتە بەشێکی زیندوو لە سیستەمی سیاسی و ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە سەقامگیریی سیاسی و دوورکەوتنەوە لە دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی و گرژیی کوێرانە یان هەڵچوونی کاتی. بەدامەزراوبوونی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی دەبێتە هۆی جیاکردنەوەی لە حاڵەتەکانی ئاژاوە و گێرەشێوێنی.

٤) خەسڵەتی ئاشکرابوونی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی: مەبەست لە ئاشکرابوونی  ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی، ئاشکرابوونی قەوارەی سیاسی و ئاشکرابوونی چالاکییەکانیه‌تی، کە ئەمەیش پەیوەستە بە هەندێ چەمکی وەک دیموکراسی و ئازادی و یاسا. دیموکراسی بەگشتی دەرفەتێکی ئازادانە بۆ بوونی قەوارەیەکی ئۆپۆزیسیۆن (چ مەدەنی بێت یان سیاسی) لەسەر بنەمای قبووڵکردنی فرەیی و دەستاودەستکردنی دەسەڵات دەڕەخسێنێ. دیموکراسی دەبێتە هۆی ئاشکرابوونی ململانی سیاسییەکان بەبێ ئەوەی بەشاراوەیی بمێنێتەوە و، واتایەکی ڕاستەقینە بە ململانێی سیاسی دەدات. لە سیستەمێکی نادیموکراتیدا کە ڕێگە بە بوونی ئۆپۆزیسیۆن نادرێت، ئەوا ململانێکان شێوازی نهێنی بەخۆیانەوە دەگرن.

دەربارەی پەیوەندیی نێوان ئاشکرابوون و ئازادی، ئەوا لە گەوهەری ئازادییەوە سەرچاوە دەگرێت و ئازادی لە بنەڕەتدا پەیوەستە بە ئیرادەی مرۆڤی ئازادەوە لە ڕووی هەڵبژاردن یان هەڵنەبژاردنی کردارەکان. بەڵام ئەم ئازادییە، سنووردارە بە ڕێسا و چوارچێوە کۆمەڵایەتی و یاسایییەکان. سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان ئاشکرابوون و یاسا، هەروەک دەزانین یاسا بریتییە لە کۆمەڵێک ڕێسای ڕەفتاری کە ژیانی تاکەکانی ناو کۆمەڵگە ڕێک دەخات و ئەم ڕێسایانەیش گشتی و مولزەم و پەتین. جگە لەمەیش، هەندێ لە زانایانی یاسایی لەو باوەڕەدان، کە یاسا گرنگی بە خواست و پاڵنەرە شاراوەکان نادات، بەڵکوو گرنگی بە کردارە دەرەکییەکان دەدات؛ هەر بۆیە یاسا ئەوە دەسەپینێ کە  ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی ئاشکرا بێت و، ئەنجامی ئەم تێڕوانینەیش ئەوەیە کە هەر شتێک لە دەرەوەی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی ئاشکرا بێت، وەک خەباتی نهێنی، بەتایبەت لە سیستەمە دیکتاتۆرییەکان، ئەوا لەژێر ناوی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی پۆلێن ناکرێت.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples