ئاییندەی ناوچە جێناکۆکەکان لە نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان (بەشی دووەم)

ئازاد وەڵەدبەگی، ماستەر لە یاسای گشتی

گۆڕانکاری لە سنووری کارگێڕیی ناوچە جێناکۆکەکان

لە ماوەی ساڵانی دەسەڵاتدارێتیی ڕژێمی بەعس هەر لە ١٧/تەمووزی/١٩٦٨ هەتا ٩/نیسانی/٢٠٠٣، چەندین مەرسوومی کۆماری و بڕیارەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی هەڵوەشاوە لە لایەن ئەو ڕژێمەوە دەرچووە بۆ گۆڕینی سنووری ناوچە جێناکۆکەکانی کوردستان کە لە خوارەوە ئاماژەیان پێ دەکەین:

١) مەرسوومی کۆماری ژمارە (١٠٦٦) لە ١٧/٩/١٩٦٩ کە بەو پێیە پارێزگەی نوێی دهۆک پێک هات لە قەزاکانی دهۆک، زاخۆ، ئامێدی و ئاکرێ، بەڵام پاشان بەپێی بڕیاری (٧٥٧) لە ١٨/٥/١٩٨٠ قەزای ئاکرێ لە دهۆک جیا کرایەوە و بە پارێزگەی نەینەواوه‌ لکێندرا.

٢) مەرسوومی کۆماری ژماره‌ (٦٠٨) لە ١٥/١١/١٩٧٥ کە هەر دوو قەزای چەمچەماڵ و کەلار لە پارێزگەی کەرکووک جیا کرانەوە و بە سلێمانی لکێندران و، هەروا قەزای کفری لە پارێزگەی کەرکووکەوە بە پارێزگەی دیالە لکێندرا.

٣) مەرسوومی کۆماری ژمارە (٤١) لە ٢٩/١/١٩٧٦ کە قەزای دووزخورماتوو (جگە لە شارۆچکەی داقووق) لە کەرکووک جیا کرایەوە و بە پارێزگەی سەڵاحەددین لکێندرا؛ هەروا بەپێی هەمان مەرسووم ناوی پارێزگەی کەرکووک گۆڕدرا بە "تەئمیم".

٤) مەرسوومی کۆماری ژمارە (٣٣) لە ٢٥/١٢/١٩٧٦ کە تێیدا سنووری کارگێڕیی قەزای مەخموور گۆڕدرا و شارۆچکەکانی کەندیناوە و قەراجی لێ جیا کرایەوە و بە قەزای دوبز لکێندران.

٥) مەرسوومی کۆماری ژمارە (٥١٤) لە ١/١/١٩٨٤ کە تێیدا شارۆچکەی زاب لە قەزای شەرقاتی پارێزگەی نەینەوا جیا کرایەوە و بە قەزای حەویجە لە پارێزگەی کەرکووک لکێندرا.

٦) مەرسوومی کۆماری ژمارە (٥٠٨) لە ١/١/١٩٨٧ کە تێیدا شارۆچکەی قادرکەرەم لە قەزای چەمچەماڵی سەر بە پارێزگەی سلێمانی هەڵوەشێندرایەوە.

٧) بەپێی بڕیاری ژمارە ١/١٣/٨/٧٦٤ لە ١٢/٧/١٩٨٧ ژمارەیەک شارۆچکەی وەک قەرەهەنجیر (الربیع)، شوان، یایچی و قەرەحەسەن هەڵوەشێندرانەوە.

٨) مەرسوومی کۆماری ژمارە (٤٣٤) لە ٢٥/٩/١٩٨٩ کە بەو پێیە شارۆچکەی ئاڵتوون کوپری (پردێ) لە قەزای کەرکووک جیا کرایەوە و بە پارێزگەی هەولێر لکێندرا.

٩) مەرسوومی کۆماری ژمارە (٢٤٥) لە ١٥/١٠/٢٠٠٠ کە تێیدا شارۆچکەی سەرگەڕان (قودس) دامەزرا و بە قەزای دوبز لکێندرا و، پاشان دانیشتووانی کوردی ڕاگوێزران و زەویوزاریان درایە هۆزە عەرەبەکان.

١٠) مەرسوومی کۆماری ژمارە (٢٣٥) لە ١/١/١٩٩٦ کە تێیدا (٢٩) گوندی سنووری پارێزگەی هەولێر وەک: خەرابە، تووج، قەبلان، سازۆک و هتد، بە مەبەستی بەعەرەبکردنی ئەو گوندانە، بە پارێزگەی کەرکووک لکێندران.

بە سەرنجدان لەو مەرسووم و بڕیارانە بۆمان دەردەکەوێت، کە یارییەکی زۆر بە سنووری کارگێڕیی ناوچە کوردنشینەکان کراوە، بەتایبەت لە سنووری پارێزگەی کەرکووک، کە ئامانجی سەرەکیی، بەعەرەبکردنی ناوچە کوردنشینەکان و ڕاگواستنی دانیشتووانی کوردە. گۆڕینی دیمۆگرافیای کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکانی تر کردارێکی سیاسییە، بەپێچەوانەی شەپۆلە ئاسایییەکانی کۆچ کە دەرەنجامی فاکتەرە سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری یان کارەساتە سروشتییەکانە، بەڵکوو ئەم گۆڕینە بەرهەمی سیاسەتێکی پەیڕەوکراوە بە مەبەستی سەرلەنوێ داڕشتنەوەی نەخشەی ئەو ناوچانە و لەوانەیش کەرکووک و، ناکرێ ئەم گۆڕینی دیمۆگرافییە لە کەرکووک و ناوچەکانی تر لە پرۆژەکانی بنیاتنانی دەوڵەتی نوێی عێراق و قەیرانەکانی پێکهێنانی ئەم دەوڵەتە جیا بکەینەوە.

هۆکارەکانی ناکۆکی لە ناوچە جێناکۆکەکان

ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەوانەیش عێراق پاش چەرخی کۆلۆنیالیزم بەدەست کۆمەڵێک ناکۆکیی نێودەوڵەتی و ناوخۆیییەوە ناڵاندوویەتی. بۆ نموونە عێراق هەر لە سەرەتاوە کۆمەڵێک ناکۆکی و ململانێی لەگەڵ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان هەبووە، سەرەڕای چەندین ناکۆکیی سنووری، بەتایبەت لەگەڵ ئێران و کوێت، کە لە ئەنجامدا چەندین جەنگی ماڵوێرانکەری لە نێوان عێراق و ئەو وڵاتانە لێ کەوتۆتەوە. سەبارەت بە ناکۆکیی حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵی عێراق لەسەر ناوچە جێناکۆکەکان، کۆمەڵێک هۆکار بۆ سەرهەڵدانی ئەم ناکۆکییانە هەن کە لە خوارەوە ئاماژەیان پێ دەکەین:

١) هۆکاری مێژوویی: ناوچەی کەرکووک یەکێکە لەو ناوچە جێناکۆکانە کە زیاترین مشتومڕی لێ کەوتۆتەوە و بە درێژاییی مێژوو چەندین ئیمپراتۆریی وەک ئاشوور، ساسانی و عوسمانی، حوکمڕانیی ئەم ناوچەیان کردووە. لیام ئاندرسن و گاری ستانسفیلد، نووسەرانی کتێبی قەیرانی کەرکووک، دەنووسن کە ئەم ناوچەیە سەرەڕای شەپۆلەکانی کۆچ هەر ڕەنگ و بۆنی کوردییان هەیە و، عوسمانییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی سەفەوییەکان پشتیان بە فەرمانڕەوا کوردییە لۆکاڵییەکان دەبەست. وشەی "کوردستان" هەر لە سەردەمی سەلجووقییەکانەوە بۆ ئەو ناوچە جوگرافییەی کە کوردی لێ ژیاوە، بەکار هاتووە. کورد و ئاشوورییە مەسیحییەکان دانیشتووانی کۆن و ڕەسەنی ناوچە جێناکۆکەکانن و بوونی تورکمانی و عەرەبی لەم ناوچانە بۆ سەدەکانی دواتر دەگەڕێتەوە و لە دانیشتووانی کۆن و ڕەسەنی ئەو ناوچانەن نین، بەڵکوو بوونیان بۆ ساڵانی حوکمڕانییان لەم ناوچانە دەگەڕێتەوە کە پاشان بەسەریدا زاڵ بوون و، کۆچکردنیان بۆ ئەم ناوچانە دەگەڕێتەوە بۆ کۆمەڵێک فاکتەری سیاسی، ئابووری و ململانێی نێوان هەر دوو ئیمپراتۆریی عوسمانی و سەفەوی.

٢) هۆکاری ئابووری: ناوچە جێناکۆکەکان گرنگییەکی ئابووریی زۆریان هەیە، چونکە سەرچاوەیەکی سروشتیی بەربڵاوی نەوت و گازیان هەیە؛ جگە لەمەیش دەشتێکی بەرفراوانیان هەیە کە شیاوە بۆ بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی لە جۆری گەنم، جۆ، لۆکە. هەروا ئەم ناوچانە لە ڕووی جوگرافییەوە کەوتوونەتە نێوان هەر دوو ناوچەی شاخاوی و دەشتی لیتەیی؛ ئەمەیش وای کردووە هەر لە کۆنەوە ئەم ناوچانە ببنە سەنتەرێک بۆ کڕین و فرۆشتنی بەرهەمە کشتوکاڵی و ئاژەڵییەکان، وەک شارەکانی: مووسڵ، کەرکووک، خانەقین، شەنگال و مەندەلی.

پاش دۆزینەوەی نەوت لەم ناوچانە، بە ڕێژەیەکی زۆر گرنگیی ئەم ناوچانە زیاتر بوون و ململانێکان لەم بارەیەوە پەرەیان سەند و بابەتەکە جگە لە ڕەهەندی لۆکاڵی و نیشتمانی، ڕەهەندێکی هەرێمی و نێودەوڵەتییشی بەخۆیەوە گرت، چونکە ئەو لایەنەی کە بەسەر ئەم ناوچانەدا زاڵ بێت، لە ڕاستیدا بەسەر گرنگترین سەرچاوەکانی وزە لە جیهاندا زاڵ بووە. بۆ نموونە کەرکووک جگە لەوەی ناوچەیەکی گرنگی کشتوکاڵی و بازرگانییە، لە هەمان کاتدا دەوڵەمەندە بە سەرچاوەی سروشتی وەک نەوت؛ بە جۆرێک کە ژمارەی بیرە نەوتەکانی دەگاتە (٥٨٤) بیر و کۆی یه‌ده‌گی نەوتی دەگاتە (٢٥) ملیار بەرمیل و، لە ساڵی ١٩٢٧ەوە بەرهەمهێنان لەم بیرانە دەستی پێ کردووە. هەروا ناوچە جیناکۆکەکانی پارێزگەی نەینەوا، جگە لەوەی دەشتێکی بەربڵاوی کشتوکاڵیی هەیە، کۆمەڵێک بیرە نەوتیشی تێدایە کە ژمارەیان دەگاتە (٨٤) بیر و یه‌ده‌گی نەوتی دەگاتە دوو ملیار بەرمیل.

هۆکاری ئابووری، بەتایبەت دەشتی بەپیتی کشتوکاڵی و بوونی نەوت و هەڵکەوتنی ناوچەکە لەسەر ڕێی بازرگانیی سوڵتانی لە سەردەمی عوسمانی، وای کرد کە ڕۆڵێکی نەرێنی لەسەر چارەنووسی ئەم ناوچانە بگێڕێت؛ بە جۆرێک کە عوسمانییەکان، تورکمانەکانیان هان دەدا لەم ناوچانەدا نیشتەجێ ببن لە ڕێی دامەزراندنیان لە پۆست و پلە حکوومییەکان و پێدانی ئیمتیازاتی نەوتی بەو کەسانە، بۆ نموونە ئیمتیازی دەرهێنانی نەوتی "بابەگوڕگوڕ"یان دایە خێزانی نەفتچیزادەی تورکمانی بۆ ئەوەی بە خەڵکی ناوچەکە بیفرۆشن. هەروا نەوت ڕۆڵێکی گرنگ و یەکلاکەرەوەی هەبووە لە دیاریکردنی چارەنووسی ویلایەتی مووسڵ و لکاندنی بە دەوڵەتی عێراق. جگە لەمەیش، هۆکاری ئابووری لەپشت دژایەتیکردنی بریتانیاوە بوو بۆ درستبوونی دەوڵەتی کوردی؛ ئەمەیش بە هۆی سامانی نەوتی ئەم ناوچانە بۆ دابینکردنی پێداویستییە پیشەسازییەکانی بریتانیا و خۆڕزگارکردن لە هاوردەکردنی نەوت لە ئەمریکا، بە جۆرێک کە %٨٠ هاوردەی نەوتی بریتانیا لە ئەمریکاوە بوو.

پاش دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق، هۆکاری ئابووری، بەتایبەت نەوت، بووە فاکتەرێک بۆ بەڕێوەبردنی سیاسەتێکی نوێ، بە جۆرێک کە ژمارەیەکی زۆری عەرەب و ئاشوورییان بۆ کارکردن لە کۆمپانیای نەوتی کەرکووک لەو ناوچەیە نیشتەجێ کرد. سیاسەتی بەعەرەبکردن لە سەردەمی پاشایەتی دەستی پێ کرد و، لە سەردەمی کۆماری فراوانتر بوو، بەپێی پلانێکی داڕێژراوی پێشوەختە لە لایەن دەوڵەتی عێراق. بەم جۆرە بۆمان دەردەکەوێت، کە هۆکاری ئابووری ڕۆڵێکی گەورەی هەبووە لە دیاریکردنی سیاسەتەکانی حکوومەتی عێراق بەرامبەر بە ناوچە جێناکۆکەکان و کردوویەتی بە ناوچەیەکی گەرم بۆ ململانێکان؛ بە جۆرێک وەک بەرمیلێکی بارووت هەموو کات لە بەردەم ئەگەری تەقینەوەدایە. زاڵبوون بەسەر ئەم ناوچانە هێز و توانای ئابووریی دەوڵەت زیاتر دەکات؛ هەر بۆیە لکاندنی بە هەرێمی کوردستان سەنگی سیاسی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی عێراقی و هەرێمی زیاتر دەکات و دەبێتە هاندەری سەربەخۆییی کوردستان، کە دەوڵەتی عێراق و دەوڵەتانی دیکەی ناوچەکەیش ئەمە بە هەڕەشە لەسەر یەکپارچەییی خاکی خۆیان دەزانن و، بە هەموو توانایەک هەوڵ دەدەن ئەم ناوچانە نەخرێنە سەر هەرێمی کوردستان. 

٣) هۆکاری سیاسی: گرنگیی ناوچە جێناکۆکەکان وای کردووە، هێزە باڵادەستەکان هەوڵی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە بدەن. هەر لە سەردەمی دەوڵەتە عەرەبی و تورکییەکان لە ناوچەکە، وەک ئەمەوی، عەباسی، سەلجووقی، عوسمانی و سەفەوی و پاشان حکوومەتە عێراقییە یەک لە دوای یەکەکان، هەوڵیان داوە خەڵکانی عەرەب و تورکمان لەم ناوچانە نیشتەجێ بکەن بۆ ئەوەی وەک هێزی جەنگاوەر کەڵکیان لێ وەربگرن و ڕێگە بازرگانییەکانیان پێ بپارێزن و، هەروا هەر جۆرە ناڕەزایەتی و سەرهەڵدانێکی هۆزە کوردییەکانی پێ سەرکوت بکەن. لە ڕاپۆرتی کۆمیتەی کۆمەڵەی گەلان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووسڵ هاتووە: "ئەگەر ڕەگەز وەک فاکتەری یەکلاکەرەوە بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە وەربگرین، ئەوا دەبێت دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی دابمەزرێنین؛ ئەو بۆچوونەی کە زۆرینەی ناوچە کوردییەکان پشتیوانیی لێ دەکەن". بەڵام بەداخەوە ئەم بۆچوونە بۆ چارەسەری کێشەی مووسڵ پشتی پێ نەبەسترا و پشتگوێ خرا.

پاش دروستبوونی دەوڵەتی عێراق و لکاندنی ویلایەتی مووسڵ بەم دەوڵەتە، ئەم حکوومەتە ده‌ستی كردووه‌ بە داڕشتنی سیاسەتی بەعەرەبکردن (تعریب) لە ناوچە جێناکۆکەکان لە پارێزگەکانی نەینەوا، کەرکووک، دیالە و کووت و، هەوڵی نیشتەجێکردنی هۆزە کۆچەرە عەرەبییەکانی داوە لەم ناوچانەدا. لە سەردەمی کۆماری، سیاسەتی بەعەرەبکردن، بووە بەشێک لە سیاسەتی باڵای دەوڵەت و، بەرزترین دامودەزگەکانی دەوڵەت سەرپەرشتیی جێبەجێکردنی ئەم پرۆسەیەیان دەکرد لە ڕێگەی دەرکردنی مەرسوومی کۆماری و بڕیارەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش لە سێ تەوەردا بەم جۆرەی خوارەوە:

ئا) تەوەری بەعەرەبکردن لە ناوچەی جەزیرەی ڕۆژاوای پارێزگەی نەینەوا.

ب) تەوەری بەعەرەبکردنی ناوچەی کەرکووک.

ج) تەوەری بەعەرەبکردن لە پارێزگەی دیالە و ناوچەکانی کوردی فەیلی لە ڕۆژهەڵاتی بەغدا.

شاڵاوەکانی بەعەرەبکردن هەر لە قەزای بەدرە لە پارێزگەی واستەوە دەستی پێ کرد، پاشان بە خانەقین و پارێزگەی کەرکووکدا تێ دەپەڕی، هەتا دەگەیشتە شەنگال لە ڕۆژاوای پارێزگەی نەینەوا. لە ڕێگەی سەرنجدان لە سیاسەتەکانی حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق و بەتایبەت لە ساڵانی فەرمانڕەواییی بەعس (١٩٦٨-٢٠٠٣)، بۆمان دەردەکەوێت سیاسەتی بەعەرەبکردن لەم خاڵانەی خوارەوەدا ڕەنگ دەداتەوە:

١) نیشتەجێکردنی هۆزە عەرەبییەکانی باشوور و ڕۆژاوای عێراق لە ناوچە جێناکۆکەکان و دابەشکردنی زەویی کشتوکاڵیی کورد و تورکمان بەسەریاندا؛ بۆ نموونە (٢٧٧٠٥) کەس لە هۆزە عەرەبییەکان لە ساڵی ١٩٥٧ لە قەزای حەویجە نیشتەجێ کران. بەپێی بڕیاری ژمارە (٨٨)ی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش لە ١٩/٨/١٩٦٨، هۆزی ئەلسایحی عەرەبی لە قەزای شەنگال نیشتەجێ کرا و زەویوزاری کوردە ئێزیدییەکانیان پێ درا، لەژێر ناوی یاسای چاکسازیی کشتوکاڵی. هەروا هۆزە کوردییەکان دەگوازرانەوە بۆ باشوور و ڕۆژاوای عێراق، وەک گواستنەوەی هۆزەکانی پاڵانی و زەند لە قەرەتەپەی پارێزگەی کەرکووک بۆ پارێزگەی ئەنبار.

٢) دەرکردنی ژمارەیەکی زۆری فەرمانبەر و کرێکاری کورد لە دامودەزگەکانی دەوڵەت و کۆمپانیای نەوتی باکوور لە کەرکووک بۆ دەرەوەی کەرکووک و جێگیرکردنی فەرمانبەر و کرێکاری عەرەب لە شوێنیان.

٣) دابەشکردنی زەویی نیشتەجێبوون بەسەر عەرەبە هاوردەکان لەناو کەرکووک و پێدانی پاداشتی دارایی؛ بۆ نموونە لە ساڵی ١٩٨١ بڕی ٣٢ هەزار پارچە زەوی لە ناوچەی لەیلانی کەرکووک بەسەر عەرەبە هاوردەکاندا دابەش  کرا و هەر خێزانێک بڕی ١٩ هەزار دیناری پێ درا.

٤) پێدانی بریکارێتیی کۆمپانیا و دامودەزگە ئابوورییەکان بە عەرەبە هاوردەکان.

٥) قەدەغەکردنی کڕینی زەویوزار و خانووبەرە لە کورد و تورکمان و ڕێگەنەدان بە فرۆشتنی موڵکەکانیان بە غەیری عەرەب.

٦) دەستکاریکردنی سنووری کارگێڕیی پارێزگەکانی کەرکووک، نەینەوا، دیالە و سەڵاحەددین بە مەبەستی گۆڕینی واقعی دیمۆگرافی لە قازانجی عەرەب؛ بە جۆرێک پانتاییی پارێزگەی کەرکووک کە لە ساڵی ١٩٥٠ دەگەیشتە پتر لە ٢٠ هەزار کم٢، لە کاتی ئێستادا بووەتە ٩٦٧٩ کم٢. ئەم گۆڕینەیش مەرامی سیاسیی لەپشت بووە و، بە مەبەستی کەمکردنەوەی قەوارەی پێکهاتەی کوردی بووە لە پارێزگەی کەرکووکدا.

٧) ناچارکردنی کوردانی ئێزیدی، شەبەک و هۆزە کوردییەکانی کێکی، گەرگەری و هەسنیان لە پارێزگەی نەینەوا بەوەی کە خۆیان بە عەرەب تۆمار بکەن.

٨) بەعەرەبکردنی کەلتووری کە ئەویش بریتی بوو لە گۆڕینی ناوی کوردی و تورکمانیی شارۆچکەکان، گوندەکان، گەڕەکەکان و قوتابخانەکان بۆ سەر ناوی عەرەبی؛ بۆ نموونە ناوی پارێزگەی کەرکووک کرایە تەئمیم، گەڕەکی ڕەحیماوا کرایە ئەندەلوس. هەروا لە پارێزگەی نەینەوا، شارۆچکەی گرعوزەیر بە قەحتانییە و، سیپاشێخ خدر بە کۆمەڵگەی ئەلجەزیرە گۆڕدرا.

٩) دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و موڵکی گوێزراوە و نەگوێزراوەی ئەو خێزانانەی کە پەیوەندییان بە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستانەوە کردبوو و، گڵدانەوەی خانووبەرە و زەویی کشتوکاڵیی جووتیارە کوردەکان و ڕێگەدان بەوەی کە بخرێنە سەر ناوی عەرەب؛ ئەمەیش بە مەرسوومی کۆماری یان بڕیارەکانی ئەنجومەنی هەڵوەشاوەی سەرکردایەتیی شۆڕش یان لیژنەی کاروباری باکوور و نووسراوی فەرمیی پارێزگە و دامودەزگەکانی دەوڵەت جێبەجێ دەکرا.

١٠) بڕیاری چاکسازی یان گۆڕینی نەتەوە، بە جۆرێک کورد و تورکمان ناچار دەکران نەتەوەیان بگۆڕن بە عەرەب، بەڵام بەپێی بڕیاری ژمارە (٨٥٠)ی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش لە ١٢/١٢/١٩٨٨، گۆڕینی نەتەوەی عەرەب بۆ نەتەوەیەکی تر قەدەغە بوو.

١١) چۆڵکردنی پشتێنەی سنووری لە ناوچە کوردنشینەکانی پارێزگەی دیالە لە دانیشتووانی کورد و نیشتەجێکردنی عەرەب تیایاندا و، هەروا لێسەندنەوەی ڕەگەزنامەی عێراقی لە کوردە فەیلییەکان بەپێی بڕیاری ژمارە (٦٦٦)ی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش لە ٧/٥/١٩٨٠.

  

نەخشەی پارێزگەی کەرکووک بەر لە تەمووزی ١٩٦٨

 

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples