ئاییندەی ناوچە جێناکۆکەکان لە نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان (بەشی یەکەم)  

ئازاد وەڵەدبەگی، ماستەر لە یاسای گشتی

پێشەکی

پاش کۆتاییی جەنگی جیهانیی یەکەم، بریتانیا وەک زلهێزێکی جیهانی دەستی بەسەر زۆر ناوچەی جیهاندا گرت و چەندین دەوڵەتی نوێی لەسەر نەخشەی جوگرافیای جیهاندا دروست کرد، کە یەک لەو دەوڵەتانە عێراقی ئەمڕۆیە. دروستکردنی عێراق هەر لە سەرەتاوە لەسەر بنەمای پەیوەندییە مێژوویی، جوگرافی و دیمۆگرافییە هاوبەشەکان نەبووە لە نێوان پێکهاتەکانی ئەم وڵاتەدا. هەر بۆیە، لە سەرەتاوە کێشە و ناکۆکی لە نێوان پێکهاتەکانی عێراق دروست بوو؛ بە جۆرێک کە تاکوو ئێستایش ناسنامه‌یه‌کی نیشتمانی و یەکگرتووی عێراقی دروست نەبووە. پاشان ململانێ و جەنگ لە نێوان کورد و عەرەب لە عێراقدا سەری هەڵدا، کە تاکوو ڕۆژگاری ئەمڕۆیش ئەم ناکۆکییە بەردەوامە و لە قۆناغە جۆراجۆرەکاندا ڕەنگ و ڕووی سیاسی، سەربازی و یاساییی بەخۆیەوە گرتووە.

پاش ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣ و دانانی یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەت بۆ قۆناغی ڕاگوزاری لە ساڵی ٢٠٠٤، بە مەبەستی چارەسەرکردنی گرفتی سنووری کارگێڕیی هەرێمی کوردستان لە بەندی ٥٨ ئەو یاسایە ئاماژە بە ناوچە جێناکۆکەکان کراوە، کە پاشان ئەم بەندە دەقاودەق بۆ بەندی ١٤٠ی دەستووری عێراق لە ساڵی ٢٠٠٥ گوازراوەتەوە. سەرەڕای دانانی میکانیزمێکی دەستووری بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئەو ناوچانە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق خوازیاری ئەوەن بەتەواوی بیخەنە ژێر ڕکێفی خۆیان، بەڵام هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی زۆر بەسستی بەرەو پێشەوە دەچن. لەم وتارەدا، هەوڵ دەدەین تیشک بخەینە سەر لایەنە جۆراوجۆرەکانی کێشەی ناوچە جێناکۆکەکان و ئاییندەی ئەم ناوچانە لە نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵی عێراقدا.

پێشینەی مێژووییی کێشەی ناوچە جێناکۆکەکان

ناکۆکی لە نێوان بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان و ئەو حکوومەتانەی کە حوکمی ئەم ناوچەیان کردووە (عوسمانی، بریتانیا و عێراق) شتێکی نوێ نییە و، تەنانەت بۆ سەردەمی پێش دروستبوونی دەوڵەتی عێراق دەگەڕێتەوە؛ بە جۆرێک کە بەپێی پەیمانی سیڤەر لە ١٠/ئاب/١٩٢٠ بڕیار وا بوو دەوڵەتێکی کوردی لە ناوچە کوردنشینەکانی عوسمانی پێک بێت، بەڵام پاشان بە هۆی پەیمانی لۆزان لە ساڵی ١٩٢٣ ئەم بیرۆکەیە لەبار برا. پاشان کورد بۆیان دەرکەوت کە بریتانییەکان دەیانەوێت ویلایەتی مووسڵی زۆرینە کوردنشین بخەنە سەر دەوڵەتی نوێی عێراق کە لە ساڵی ١٩٢١ دروست کرابوو. ئەوە بوو ئەوکات بیر و بۆچوونەکان بۆ ئاییندەی ئەم ویلایەتە لە نێوان سەربەخۆیی، فیدراڵی و ناناوەندێتیدا دەسووڕایەوە. کۆمەڵەی گەلان بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە لە ساڵی ١٩٢٤ کۆمیتەیەکی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ناوچە جێناکۆکەکان پێک هێنا. پاشان کۆمەڵەی گەلان مەرجی پاراستنی مافی کەمینەکان و لەوانەیش کوردی بەسەر حکوومەتی عێراقدا چەسپاند لە بری لکاندنی ویلایەتی مووسڵ بە دەوڵەتی عێراق، بەڵام پاشان دەوڵەتی عێراق خۆی لەو پابەندییە دزییەوە و لە ئەنجامدا ململانێ و جەنگ لە قۆناغە جۆراوجۆرەکان لە نێوان کورد-عەرەب هاتە ئاراوە هەتا ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١.

لەم ساڵەدا کورد توانیی بە پاڵپشتیی نێودەوڵەتی لەژێر ڕۆشناییی بڕیاری (٦٨٨)ی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ٥/٤/١٩٩١ و یاسای ئۆتۆنۆمی ژمارە (٣٣)ی ساڵی ١٩٧٤ دەست بەسەر بەشێک لە ناوچەکانی کوردستانی عێراقدا بگرێت و حکوومەتی هەرێمی کوردستانی لە ساڵی ١٩٩٢ پێک هێنا، بەڵام بەشێکی زۆر لە ناوچە کوردنشینەکان هەر لە ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی ئەوسای عێراقدا مانەوە. پەرلەمانی کوردستان بەپێی ڕاگەیەندراوی فیدراڵی لە ٤/١٠/١٩٩٢، سیستەمی فیدراڵیی وەک شێوازێک بۆ دیاریکردنی پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ حکوومەتی عێراق هەڵبژارد. پاش ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣ بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە و گوێگرتن لە داخوازییەکانی کورد لە بەندی (٥٨) لە یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە قۆناغی ڕاگوزاریی ساڵی ٢٠٠٤ و پاشان بەندی (١٤٠) لە دەستووری عێراقی لە ساڵی ٢٠٠٥ ئەم ناوچانە بە ناوچە جێناکۆکەکان پێناسە کران، بەڵام میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی هێشتا کۆتایی نەهاتووە و لە بری ئەوەی بە میکانیزمی دەستووری و یاسایی هەوڵی جێبەجێکردنی بدرێت، بابەتەکە پتر بەسیاسی کراوە و لە جێی خۆیدا چەقیوە.

ڕاستییه‌كه‌ی، کێشەی ناوچە جێناکۆکەکان، گرفتێکە کە لە دەیەکانی ڕابردووەوە بەجێ ماوە. هەر لە سەرەتاکانی سەدەی ڕابردوو، کورد و حکوومەتی عێراق بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە نەگەیشتنە ئەنجام؛ هەر بۆیە کێشەکە بەهەڵواسراوی ماوەتەوە و هەتا ئەمڕۆ هەر بەردەوامە.

پێناسەی ناوچە جێناکۆکەکان

ناکۆکی چەمکێکی گشتی و بەربڵاوە کە لەگەڵ هەندێ چەمکی دیکەی وەک ململانێ و جەنگ هاوواتایە، کە دەتوانێ شێواز و بابەتی جۆراوجۆری هەبێت، وەک ناکۆکیی ئابووری، کە بریتییە لە ناکۆکی لەسەر سامان و سەرچاوەی دارایی و وزە لە پێناو دووبارە دابەشکردنەوەی ئەم سەرچاوانە؛ هەروا ناکۆکیی سیاسی لە پێناو گەیشتن بە دەسەڵات لە نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکان دەربارەی میکانیزمەکانی فەرمانڕەوایەتی و بەشداری لە پرۆسەی بڕیاری سیاسی. ناکۆکیی ئیتنییش بریتییە لە ناکۆکیی لایەنێک لەگەڵ لایەنێکی تر لە پێناو سەلماندنی ناسنامه‌ی نەتەوەیی و فەرهەنگیی خۆی. هەروا ناکۆکی لە بوارەکانی دیکەیش بەدی دەکرێت وەک: ئایینی، ئایدیۆلۆژی، کۆمەڵایەتی و هتد.

ناکۆکی بە شێوەیەکی گشتی بریتییە لە پەیوەندیی نێوان دوو لایەن یان زیاتر لە تاک و گرووپەکان کە لەو باوەڕەدان ئامانجی دژبەیەکیان هەیە، یاخود بریتییە لە هەوڵی گرووپە جیاوازەکان بۆ بەدیهێنانی ئامانجە دژبەیەکەکان. ئەم زاراوەیە، پتر لە یاسای نێودەوڵەتی بەکار هاتووە و ئاماژەیە بە ناکۆکیی نێوان دەوڵەتان لەسەر بابەت یان شوێنێکی دیاریکراو. لە جیهاندا گەلیک ناکۆکیی نێودەوڵەتی هەن وەک: ناکۆکیی هیندستان و پاکستان لەسەر کشمیر، ناکۆکیی ئیسڕاییل-فەڵەستین، ناکۆکی لە هەرێمی باسک لە ئیسپانیا، ناکۆکیی سوودان و باشووری سوودان لەسەر ناوچەی ئەبیە و ناکۆکیی کوردی لە ئێران، عێراق، تورکیا و سووریا.  

هەروا لە عێراق، ناوچە جێناکۆکەکان دەستەواژەیەکی دەستوورییە و، بەکار دێت بۆ ئاماژەدان بە باری سیاسی و کارگێڕیی پارێزگەی کەرکووک و ئەو ناوچانەی کە بە هۆی سیاسەتەکانی حکوومەتی عێراق لە نێوان ساڵانی (١٩٦٨-٢٠٠٣) لە ڕووی کارگێڕی و باری دیمۆگرافی گۆڕانکاریی تێدا کراوە. هەروا بریتییە لەو ناوچانەی کە لە هەرێمی کوردستان دابڕێنراون و کەوتوونەتە دەرەوەی سنوورەکانی کە بەپێی دەستووری عێراقی لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق بە ناوچە جێناکۆکەکان ناسراوە. واتە ئەو ناوچانە لە چوارچێوەی کارگێڕیی پارێزگەکانی هەرێمی کوردستاندان، کە لێی دابڕێنراوە و لکێندراوە بە ناوچە کارگێڕییەکانی دیکە لە دەرەوەی سنووری هەرێمی کوردستان.

زاراوەی ناوچە جێناکۆکەکان لە دوو بەش پێک هاتووە؛ یەکەمیان وشەی ناوچەیە کە دەلالەت لەسەر بوونی هەندێ ناوچە و شوێنی دیاریکراو دەکات و، بەشی دووەمی بریتییە لە جێناکۆک کە دەلالەت لەوە دەکات زیاتر لە لایەنێک داوای موڵکییەتی ئەو ناوچانە دەکات و ئەم لایەنانە دەتوانن دوو دەوڵەت بن کە ناکۆکییان هەیە لەسەر هەرێم یا ناوچەیەکی دیاریکراو وەک ناکۆکیی عێراق و تورکیا لەسەر ویلایەتی مووسڵ. بەڵام لە یاسا ناوخۆیییەکاندا، دەکرێت ناوچەی جێناکۆک لەناو یەک دەوڵەتدا بێت وەک ئەوەی لە یاسای بەڕێوەبردنی عێراق بۆ قۆناغی ڕاگوزاری و دەستووریی ساڵی ٢٠٠٥دا هاتووە سەبارەت بەو ناوچانەی کە لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی عێراقدا جێناکۆکن. هەرچەندە ئەو زاراوەیە لە دەستووری عێراقدا بە ناوچەی جێناکۆک ناوی لێ براوە، بەڵام لە هەرێمی کوردستاندا زاراوەی دیکەیش بەکار دێن وەک: ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، یان ناوچە دابڕێنراوەکانی کوردستان.

سەبارەت بە پێناسەی زاراوەی ناوچە جێناکۆکەکان، لیژنەی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراقی بەم جۆرە پێناسەی دەکات: "ئەو ناوچانەیە کە کەوتۆتە بەر مومارەسەکانی ڕژێمی پێشوو و بریتین لە گۆڕینی دیمۆگرافی و سیاسەتی بەعەرەبکردن و گۆڕینی دۆخی دانیشتووان لە ڕێگەی ڕاگواستن و دوورخستنەوە و کۆچپێکردنی تاکەکان لە شوێنی نیشتەجێبوونیان وەک کۆچێکی زۆرەملێ و نیشتەجێکردنی خەڵکانی تر لە شوێنیان و دەستبەسەرداگرتنی موڵک و زەویوزار و بەناوکردن و کوژاندنەوەی مافەکانی تەسەڕوفپێکردن و بێبەشکردنیان لە کار لە ڕێگەی چاککردنەوە (گۆڕین)ی نەتەوە یان لە ڕێگەی یاریکردن بە سنووری کارگێڕیی ئەو ناوچانە بە مەبەستی بەدیهێنانی ئامانجە سیاسییەکان، کە ڕژێمی پێشوو پەیڕەویی لێ دەکرد و ئەو ماوە یاسایییەی کە لیژنەی ماددەی ١٤٠ی ناوچە جێناکۆکەکان کاری پێ دەکات، لە ١٧/تەمووزی/١٩٦٨ هەتا ٩/نیسانی/٢٠٠٣یە".

هەروا یاسای دەستەی گشتیی ناوچە جێناکۆکەکان لە هەرێمی کوردستان ژمارە (٢) ساڵی ٢٠١٠ کە لە ٢٦/١٠/٢٠١٠ لە پەرلەمانی کوردستان دەرچووە، بەم جۆرە پێناسەی ناوچە جێناکۆکەکان دەکات: "ئەو ناوچانەن کە لە کوردستان-عێراق بەپێچەوانەی واقعی مێژوویی و جوگرافی دابڕێنراون و ڕێکارەکانی بەعەرەبکردن و گۆڕینی ناسنامه‌ی نەتەوەیی لە لایەن ڕژێمی بەعس دەیانگرێتەوە".

بەپێی بڕیارێکی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق کە بە ژمارە (١١٧/اتحادیة/اعلام/٢٠١٧) دەرچووە سەبارەت بە پێوەری دیاریکردنی ناوچەیەک وەک جێناکۆک ئاماژە بە بەندی (٥٣/أ) لە یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەت بۆ قۆناغی ڕاگوزاری دەکات، کە دەڵێت سنووری هەر ١٨ پارێزگەکە لە قۆناغی ڕاگوزاری بەنەگۆڕی دەمێنێتەوە. هەروا ئاماژە بەوە دەکات کە زاراوەی جێناکۆک کە لە بەندی (١٤٠/دووەم) لە دەستووری عێراقیدا هاتووە، دەلالەت لەو ناوچانە دەکات کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی لەسەری ناکۆکن.

ناونانی ئەم ناوچە کوردستانییانە بە ناوچەی جێناکۆک لە لایەکەوە نەرێنییە، چونکە چارەنووسی ئەو ناوچە کوردستانییانە دراوەتە دەست قەدەرێکی نادیار و داننانە بە هاوبەشیی لایەنێکی تر بۆ فەرمانڕەوایەتی بەسەر ئەو ناوچانەدا؛ لە لایەکی ترەوە ئەرێنییە، چونکە ناوێکی یاسایی و دەستووریی لێ نراوە، وەک ئەوە وا بێت کە کێشەیەکە لە نێوان دوو دەوڵەتدا.

سنووری کارگێڕیی ناوچە جێناکۆکەکان

سەبارەت بە دیاریکردنی ئەو شوێنانەی کە بە ناوچەی جێناکۆک لە قەڵەم دەدرێن، لە بەندی (٥٨)ی یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەت ساڵی ٢٠٠٤ و دەستووری عێراقی ساڵی ٢٠٠٥ تەنیا کەرکووک وەک ناوچەی جێناکۆک دیاری کراوە و ناوچەکانی دیکە بە ناوهێنان لە دەقی دەستووردا نەهاتوون.

پارێزگەی کەرکووک، لەنێو هەموو ناوچە جێناکۆکەکاندا تایبەتمەندیی زیاتری پێ دراوە؛ بەو پێیەی ماددەی (١٤٠) تەواوی سنوورەکەی دەگرێتەوە، بە هەموو قەزا و ناحیەکانییەوە، لەوانەیش: حەویجە و داقوق و چەندین ناوچەی بەرفراوانی دیکە. ئەو پارێزگەیە دانیشتووانەکەی لە عەرەب، کورد، تورکمان و کریستیان پێک هاتووە. کورد داوای گەڕانەوەی کەرکووک دەکات بۆ سەر هەرێمی کوردستان؛ پێکهاتەی عەرەب لەگەڵ ئەوەدایە وەک بەشێک لە حکوومەتی فیدراڵی بمێنێتەوە؛ زۆرینەی تورکمانیش لە دوایین هەوڵیاندا بە پێویستیان زانی کەرکووک وەک هەرێمێکی سەربەخۆ لە چوارچێوەی عێراقدا بناسرێت.

پاش کەرکووک، زۆرترین ناوچەی جێناکۆک دەکەوێتە سنووری پارێزگەی نەینەوا، لەوانەیش: قەزای شەنگال، باشیک، مەخموور، تلکێف، شێخان، حەمدانییە، زوممار و قەحتانییە. زۆرینەی ئەو ناوچانە دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٤دا کەوتنە دەستی چەکدارانی داعش، تا کۆتاییی ساڵی ٢٠١٦ لە لایەن هێزی پێشمەرگە و هێزە عیراقییەکانەوە ئازاد کران؛ ئەو ناوچانە هێشتا ئاوەدان نەکراونەتەوە و لەبارەی چارەنووسی کارگێڕی و مەلەفی ئاسایشیی ئەو ناوچانە، ناکۆکی لە نێوان هەر دوو حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا هەیە.

لە سنووری پارێزگەی دیالەیش، ناوچەکانی خانەقین، شارەبان، جەلەولا، سەعدییە، مەندەلی، مەیدان، قۆرەتوو و، لە سنووری پارێزگەی "واست"یش بەدرە و جەسان لە نێوان حکوومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستاندا ناوچەی جێناکۆکن. هاوکات، لە پارێزگەی سەڵاحەددینیش، قەزای دووزخورماتوو ناوچەی جێناکۆکە، کە پێکهاتەی کورد داوا دەکات بخرێتەوە سەر پارێزگەی کەرکووک، بەو پێیەی پێشتر لەو پارێزگەیە دابڕێندراوە، بەڵام بەشێک لە پێکهاتەکانی دیکەیش داوای بەپارێزگەبوونی دەکەن.

پانتاییی ناوچە جێناکۆکەکان بە ٥١،٤% لە کۆی پانتاییی خاکی کوردستانی عێراق لە قەڵەم دەدرێت. لەم خشتەیەی خوارەوە قەبارەی دانیشتووان و پانتاییی یەکە کارگێڕییەکانی ناوچە جێناکۆکەکان دەخەینە ڕوو:

حکوومەتە عێراقییە یەک لە دوای یەکەکان، هەر لە کاتی زاڵبوونی حزبی بەعس لە ١٧/تەمووزی/١٩٦٨، هەوڵێکی زۆریان داوە بۆ گۆڕینی سنووری کارگێریی پارێزگە کوردنشینەکان کە دراوسێی پارێزگە زۆرینە عەرەبییەکانن، بە گوێرەی پلانێکی ڕێکخراو و داڕێژراو؛ کە ئەمەیش لە ڕێگەی دەرکردنی کۆمەڵێک مەرسوومی کۆماری و بڕیارەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشەوە جێبەجێ کراون.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples