عێراق لە نێوان بەرداشی ئێران-ئەمریکا

ئازاد وەڵەدبەگی، ماستەر لە یاسای گشتی

پێشەکی

لە یەک ساڵی ڕابردوو، پاش دەرچوونی ئەمریکا لە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، دۆخی پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو لا پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێوە و بەرەو ئاڵۆزیی زیاتر هەنگاو دەنێت. لە چەندین مانگی ڕابردوویش، ئەمریکا هەوڵەکانی خۆی بە ئاراستەی ملکەچپێکردنی ئێران و گوێڕایەڵبوون بە خواستەکانی ئەمریکا چڕ کردووەتەوە. لەم نێوانەیشدا، ئێران هەوڵ دەدات لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گوشارەکانی لەسەر ئەمریکا زیاتر بکات، ئەویش لە ڕێگەی دەوڵەتانی دۆستی خۆی و گرووپە میلیشیا چەکدارەکان کە لە وڵاتانی جۆراوجۆری ناوچەکەدا بڵاو بوونەتەوە وەک: عێراق، یەمەن، لوبنان و سووریا.

لەم نێوانەیشدا، ڕۆڵی عێراق وەک دەوڵەتێکی دۆستی هەر دوو لا، پتر لە جاران تۆخ بووەتەوە و، هەر یەک لە لایەنەکانی کێشەکە هەوڵ دەدات بە حوکمی پێگەی جیۆپۆلیتیکی عێراق ئەم دەوڵەتە بۆ ناو بەرەی خۆی پەلکێش بکات. ئەوەی جێی سەرنجە، عێراق هەر لە سەرەتای ساڵی ١٩٨٠وە تاکوو ئێستا چەندین قۆناغی جەنگی نێودەوڵەتی و ناوخۆییی تێ پەڕاندووە، کە نوێترینیان جەنگی دژ بە داعش بووە کە بووەتە هۆی بەفیڕۆچوونی بەشێکی زۆری توانا ئابوورییەکانی وڵات و، دروستبوونی چەندان قەیرانی گەورەی ناوخۆیی کە هەتا ئێستا عێراق بە دەستییەوە دەناڵێنێ. هەر بۆیە، ئەگەرێکی زۆر قورسە بۆ عێراق کە بتوانێ ببێتە لایەنێک لەم جەنگە یاخود ببێتە گۆڕەپانی یەکلاییکردنەوەی جەنگی چاوەڕوانکراوی نێوان ئێران-ئەمریکا.

لەم بابەتەدا، هەوڵ دەدەین تیشک بخەینە سەر دوا گۆڕانکاری و پێشهاتەکان سەبارەت بەم پرسە و، لایەنە جۆراوجۆرەکانی پەیوەست بەم بابەتە شی دەکەینەوە.

تارماییی جەنگ لە ناوچەکە

بە فراوانبوونی هەڕەشەکانی ئەمریکا و ئێران بەرامبەر بە یەکتر، چاودێران ئەگەری جەنگێکی نوێ لە ناوچەکە بە دوور نابینن و، ئەو شتەی کە ئەمڕۆ زیاتر لە هەر کاتێکی تر لە ناوەندە سیاسی و ستراتیژییەکانی ناوچەکە باسی لێوە دەکرێت ئەوەیە كه‌، ئایا جەنگێکی نوێ لە ناوچەی پڕ لە جەنگ و ئاژاوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوەیە؟

ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئێستا لە بەرده‌م چەندین سیناریۆی جۆراوجۆردایە کە لەوانەیە یەک لەو سیناریۆیانە جەنگ بێت. لە چەندین مانگی ڕابردوو لەگەڵ فراوانبوونی هەڕەشە و گوشارەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، بەتایبەت گوشارە ئابوورییەکان، هاودەنگیی جیهانی له‌گه‌ڵ بە ئەمریکا دژ به‌ ئێران زیاتر بووە و، ئەمە دەتوانێ ئاماژەیەک بێت کە ئەگەری جەنگ زیاتر بکات. هەرچەندە دۆناڵد ترامپ لە چەندین ڕۆژی ڕابردوو باسی لەوە کردووە کە خوازیاری جەنگ یان ڕووخانی ڕژێمی ئێران نییە، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە لە وتەکانی ترامپ، ئەوەیە زۆر بەخێرایی هەڵوێستەکانی خۆی دەگۆڕێت و ئەمەیش ڕەنگە جۆرێک لە پێدانی ناونیشانی هەڵە بێت بە لایەنی بەرامبەر بۆ ئەوەی هەم بەرپرسیارێتیی دۆخەکە بخاتە ئەستۆی لە ئەگەری ڕوودانی جەنگ و، هەمیش بە لاڕێیدا ببات و تووشی هەنگاو و هەڵوێستی هەڵەی بکات. پسپۆڕانی سەربازی، ئارایشتی جەنگیی زاڵ بەسەر ناوچەکە، بەتایبەت هاتنی هێزی نوێی ئەمریکی بۆ ناوچەکە و جێگیربوونیان لە ئاوەکانی کەنداو و نزیک لە سنوورەکانی ئێران، بە ئارایشتێکی جەنگی لە قەڵەم دەدەن. هەروا هۆشدارییەکی ئەم دوایییەی ترامپ دژ بە ئێران، کە گوتبووی هەر جەنگێک کە ئێران ئاگرەکەی خۆش بکات دەبێتە هۆی کاوڵبوونی بەتەواوەتیی ئێران، هۆشدارییەکی زۆر ڕوونە بۆ ئەو وڵاتە، کە تاران دەبێ ئاگاداری ڕەفتار و هەڵسوکەوتەکانی خۆی بێت.

ئەگەر سەیرێکی مێژووی نزیکی ناوچەکە بکەین لە سەرەتای دەیەی نەوەد، پاش داگیرکردنی کوێت لە لایەن عێراقه‌وه‌، ئەمریکییەکان ماوەی پێنج مانگ هۆشداری و هەڕەشەیان لە عێراق دەکرد، بەڵام خوێندنەوەی عێراقییەکان ئەوە بوو جەنگ ڕوو نادات. دواجار چەند ڕۆژێک بەر لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بۆ سەر عێراق، تاریق عەزیز و جەیمز بەیکر، وەزیرانی دەرەوەی ئەوسای عێراق و ئەمریکا لە سویسرا دیداریان کرد و ئەمریکا دوا پەیامی خۆی گەیاندە عێراق. بەڵام خوێندنەوەی هەڵەی عێراقییەکان لە ئەنجامدا زەمینەی بۆ جەنگ خۆش کرد. ئایا ئێرانیش لە دۆخی ئەمڕۆ هەمان هەڵەی عێراقییەکان دووبارە دەکاتەوە یاخود وانەی لە مێژووی پڕ لە شەڕوشۆڕی ناوچەکە وەرگرتووە؟ ئەمە پرسیارێکە کە ڕەنگە لە داهاتوودا وەڵام بدرێتەوە.

هەڵوێستی عێراقییەکان دەربارەی جەنگ

هاوکات لەگەڵ نزیکبوونەوەی ئەگەری جەنگێکی نوێ لە ناوچەکە، بەشێک لە بەرپرسان و گرووپە عێراقییەکان وێڕای دژایەتییان بۆ جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا، لەمەڕ ئەگەری بوونی عێراق بە گۆڕەپانی جەنگ هۆشدارییان دا. ئەم هۆشدارییەیش پاش ئەوە هات کە ڕۆکێتێک لە نزیک باڵوێزخانەی ئەمریکا لە بەغدا کەوتە خوارەوە و دوا بە دوای ئەمەیش ئەمریکا هەڵوێستی توندی وەرگرت و فەرمانی کرد بە بردنە دەرەوەی فەرمانبەره‌ ناپێویستەکانی خۆی لە بەغدا و هەولێر. لەم نێوانەدا، موقتدا سەدر، سەرۆکی ڕەوتی سەدر، بە بڵاوکردنەوەی تویتێک ڕای گەیاند: "نە ڕەزامەندە بە خۆشکردنی ئاگری جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا و نە ڕەزامەندە بەوەی کە پێی عێراق بکێشرێتە ناو ئەم جەنگەوە و وڵات بکرێتە گۆڕەپانی جەنگی ئێران و ئەمریکا؛ هەر کەسێک کارێکی لەو جۆرە بکات دوژمنی خەڵکی عێراقە."

هەروا هادی عامری، سەرۆکی گرووپی بەدر و لیستی فەتحی نزیک لە ئێران، لە ڕاگەیاندراوێکدا خوازیاری دوورخستنەوەی مۆتەکەی جەنگ بوو لە عێراق و دەڵێت: "بەرپرسیارێتیی نیشتمانی، ئایینی و مێژوویی وا دەخوازێت کە لە قۆناغی یەکەم، مۆتەکەی جەنگ لە عێراق و پاشان لە هەموو ناوچەکە دوور بخەینەوە و ئەگەر جەنگێک ڕوو بدات هەمووان دەسووتێنێ."

هەروا قەیس خەزعەلی، بەرپرسی گرووپی "عصائب اهل الحق" لە تویتێکدا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە جەنگ لە قازانجی ئێران و ئەمریکا نییە و تەنیا لە قازانجی ئیسڕائیلە.

بەم حاڵەیش نەسر شەمەری، سەرۆکی بزووتنەوەی نوجەبا، کە یەکێکه‌ لە گرووپەکانی حەشدی شەعبی و لە لیستی تیرۆری ئەمریکادایە دەڵێت: "تا کۆتاییی داگیرکاری لەگەڵ ئەمریکا دەجەنگین و ئامادەی وەڵامدانەوەی هەر جۆرە دەستدرێژییەکین." شەمەری بە ئاماژە بە بیانووەکانی ئەمریکا بۆ دروستکردنی ناسەقامگیری لە عێراق و ناوچەکە ڕای گەیاند، ئامادەی وەڵامدانەوەی هەر کردارێکی دوژمنکارانەی ئەمریکاین.

ئەم هەڕەشە و گوشارانەیش لەسەر ئاستی جەماوەری لە عێراق کاردانەوەی بە دوای خۆیدا هێنا و لە ڕۆژی ٢٤/٥/٢٠١٩ لەسەر داوای سەدرییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، خۆپیشاندانێک لە بەغدا بەڕێوە چووکە تێیدا خۆپیشاندەارن داوایان لە دەوڵەتی عێراق کرد لە مشتومڕی نێوان ئێران و ئەمریکا عێراق بێلایەن بێت و، خوازیاری ئەوە بوون کە عێراق نەچێتە ناو ئەو بارودۆخە ئاڵۆزەی کە لە نێوان ئێران و ئەمریکادا هەیە. خۆپیشاندانێکی لەم جۆرە لە بەسرە و دیوانییەیش بەڕێوە چوو.

لەسەر ئاستی فەرمییش عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئامادەییی خۆی بۆ ناوبژیوانی لە نێوان تاران و واشنگتۆن دەربڕی و، بڕیار وایە بۆ ئەم مەبەستە نوێنەرانی خۆی ڕەوانەی هەر دوو وڵات بکات. هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی شه‌ڕه‌قسه‌ی نێوان تاران و واشنگتۆن، عەبدولمەهدی لە ٢١/٥/٢٠١٩ ئەم پێشنیارەی خستە ڕوو و گوتی هیچ گرووپێک لە عێراق خوازیاری جەنگ نییە. هەروا عەمار حەکیم، سەرۆکی "ڕەوتی حیکمە"یش داوای کرد، بە سەرنجدان بە پەیوەندیی نزیکی عێراق لەگەڵ ئێران و ئەمریکا ئەو وڵاتە دەبێ و دەتوانێت ڕۆڵی ناوبژیوانی بگێڕێت. ئەوەی کە ڕوونە عێراقییەکان هەست دەکەن لە ئەگەری ڕوودانی جەنگ لەوانەیە وڵاتەکەیان ببێتە گۆڕەپانێکی نوێی جەنگ لە نێوان ئێران-ئەمریکا. ئەمەیش بۆ وڵاتێکی وەک عێراق کە تازە لە جەنگی داعش ڕزگاری بووە و هێشتا بەدەست ئاسەوارەکانییەوە دەناڵێنێت، زۆر قورسە کە بتوانێ بەرگەی جەنگێکی نوێ بگرێت، کە ڕوون نییە ناوچەکە بەرەو چ ئاییندەیەک دەبات. لەسەر ئاستی فەرمی و جەماوەری، ناڕەزایییەکی بەربڵاو هەیە دژ بەوەی کە عێراق بکرێتە گۆڕەپانی جەنگێکی نوێی نەخوازراو؛ هەر بۆیە جموجۆڵەکان بە ئاراستەی ناوبژیوانی یان وەرگرتنی هەڵوێستی بێلایەنانە لە ئارادایە.    

دوئیلی پۆمپیۆ- زەریف لە بەغدا

لە ماوەی ڕابردوو پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران دوو سەردانی یەک لە دوای یەکیان بۆ بەغدا ئەنجام دا. ئەوەی لەم سەردانانە جێی سەرنج بوو، هەر پاش ماوەیەکی کورت لە سەردانی پۆمپیۆ، زەریف دەگەیشتە بەغدا. گەشتی یەکەمی پۆمپیۆ لە ٩/١/٢٠١٩ ئەنجام درا کە ٤ ڕۆژ پاش ئەم سەردانە زەریفیش بە سەرۆکایەتیی شاندێکی پایەبەرزی دیپلۆماسی-بازرگانیی ئێرانی گەیشتە بەغدا. ئەمە یەکەمین گەشتی زەریف بوو بۆ بەغدا پاش دەرچوونی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی. عێراق ئاڵوگۆڕێکی گەورەی بازرگانیی هەیە لەگەڵ ئێران بە قەبارەی ١٣ ملیار دۆلار لە ساڵێکدا و خوازیارە بیگەیه‌نێتە ٢٠ ملیار دۆلار لە ساڵێکدا. هەروا عێراق دەخوازێت کە ئەمریکا لە ئاڵوگۆڕی بازرگانی و وزە لەگەڵ ئێراندا، بیخاتە بەر لێبووردن.  گەشتی دووەمی پۆمپیۆ لە کۆتایییەکانی مانگی ئایار ئەنجام درا. دەربارەی ئامانجەکانی ئەم گەشتانە گەلێک لێدوانی جۆراوجۆر دەخرێنە ڕوو. هەندێک کەس وای بۆ دەچن پۆمپیۆ لەم سەردانە خوازیاری ئەوە بووە کە عێراق لە ململانێی نێوان ئێران-ئەمریکا سەربەخۆییی خۆی بپارێزێت و ڕێگە نەدات کە وڵاتێکی تر سەربەخۆیییەکەی خەوشدار بکات، کە دیارە مەبەستی ئێرانە. هەروا تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێن لە ڕاپۆرتێکیدا دەڵێت کە، پۆمپیۆ هەڕەشەی ئەوەی کردووە کە وڵاتەکەی ڕێگە نادات کە ئێران لە خاکی وڵاتێکی ترەوە هەڕەشە لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بکات. هەندێ سەرچاوەی عێراقیش باسیان لەوە کرد کە ئەمریکا داوای لە عێراق کردووە، کە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان هەوڵی ناوبژیوانی لە نێوان ئێران و ئەمریکا بدات؛ هەواڵێک کە ڕاستییەکەی هێشتا ڕوون نییە.

 پاش گەشتەکەی پۆمپیۆ، زەریف سەردانی بەغدای کرد و لە ٢٦/٥/٢٠١٩ لە پرێس کۆنفرانسێک لەگەل محەممەد عەلی حەکیم، هاوتای عێراقیی خۆی، خوازیاری ئەوە بوو کە لەگەڵ وڵاتانی کەنداو پەیمانی دەستدرێژینەکردنە سه‌ر یەکتر واژوو بکەن و، گوتی کە ئێران دەخوازێت باشترین پەیوەندیی لەگەڵ وڵاتانی کەنداوی فارسدا هەبێت و پشتیوانی لە هەموو هەوڵێکی نەهێشتنی گرژییەکان دەکات. هەروا زەریف سوپاسی هەوڵەکانی عێراقی کرد بۆ چارەسەری گرفتەکان.

ئەوەی کە لەم دوئیلە دیپلۆماسییە دەخوێنرێتەوە ئەوەیە، کە ئامانجی پۆمپیۆ ئەوەیە کە عێراق لە بازنەی سیاسەتی ئێران بچێتە دەرەوە؛ بەڵام زەریف لە هەمان کاتدا دەیەوێت بە جۆرێک لە جۆرەکان باڵادەستی و دەستڕۆییی سیاسیی ئێران لە عێراق بۆ ئەمریکا نمایش بکات و، لە هەمان کاتدا ڕێگەیەک بدۆزێتەوە بۆ سووڕانەوە لە سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران و، باڵادەستیی سیاسی-ئابووریی ئێران لە عێراق بچەسپینێ. دیداری بەربڵاوی زەریف لەگەڵ هێز و لایەن و کەسایەتییە جۆراوجۆرە عێراقییەکان نیشانەی ئەو ڕاستییەیە، کە ئێران دەیەوێت لە بەرامبەر بە زریانی هێرشەکانی ئەمریکا خۆی بپارێزێت. لە لایەکی ترەوە، بە سەرنجدان بەوەی کە بەرپرسانی عێراقی چەندین جار ئارەزووی خۆیان بۆ ناوبژیوانی لە نێوان ئێران-ئەمریکا خستۆتە ڕوو، هەر بۆیە هەندێ کەس ئەوەیش بەدوور نازانن كه‌ لە نێوان ئەو هەرا میدیایییەی کە لەسەر ئەم گەشتانە دەخرێتە ڕوو، لە ڕاستیدا بەغدا سەکۆی ئاڵوگۆڕی پەیام و گفتوگۆکانی هەر دوو لایەنی کێشەکە بێت.  

دۆخی هەرێمی کوردستان لەناو جەرگەی ململانێکان

پاش ئەوەی باسمان لە هەڵوێست و خواستی عێراقییەکان کرد دەربارەی جەنگی چاوەڕوانکراو، وا باشە تیشکیش بخەینە سەر دۆخی هەرێمی کوردستان لەو ململانێیەدا. ئایا هەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە عێراق پەیڕەویی لە هەمان سیاسەتی فەرمی و ڕاگەیەندراوی دەوڵەتی عێراق دەکات یاخود لەو نێوانەدا هەرێمی کوردستان لە هەندێ وێستگەدا ڕێگه‌ی خۆی لە عێراق جیا دەکاتەوە؟

بێ گومان لە ڕووی یاسایییەوە تاکوو ئێستا هەرێم بەشێکە لە دەوڵەتی عێراق و، بەدەر لەوەیش لە چەندین مانگی ڕابردوو هاوئاهەنگی و هاوکارییەکان لە نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان پتر لە جاران پەرەی سەندووە و، وا چاوەڕوان دەکرێت پاش پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم بە ئامانجی نزیکبوونەوە و چارەسەری کێشەکان، تەکانێکی تر بە پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو لا بدرێت. جگە لەمەیش، لە کاتی دروستبوونی جەنگ و قەیرانە دەرەکییەکان و کاریگەرییان لەسەر عێراق، دۆخێکی وا دێتە پێشەوە کە عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان و خۆدوورگرتن لە زیانەکانی ئەو جەنگ یان قەیرانە، زیاتر لێک نزیک ببنەوە و هاوکاری و پاڵپشتیی یەکتر بکەن.

ئەگەرێک هەیە ئەویش ئەوەیە؛ ئەگەر هێزە تائیفییەکان یان دەوڵەتی قووڵ لە بەغدا بۆیان بچێتە سەر، لەوانەیە عێراق بخزێننە ناو ململانێکە و ئەم وڵاتە خۆی لە قازانجی ئێران یەکلایی بکاتەوە و بچێتە بەرەی ئەو وڵاتە. هەرچەندە دۆخێکی لەم جۆرە بە هیچ شێوەیەک لە قازانجی عێراق نییە، بەڵام ئەگەرێکە و بۆی هەیە ڕوو بدات. لە دۆخێکی لەم جۆرەدا دۆخی هەرێمی کوردستان بۆ بڕیاردان زۆر قورستر دەبێت، چونکە لە لایەکەوە ناتوانێ دەستبەرداری بەغدا بێت و لە لایەکی ترەوە پەیڕەویکردن لە سیاسەتێکی لەو جۆرە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستاندا یەک ناگرێتەوە.

ئەگەر لایەنێک بەرژەوەندیی ڕاستەوخۆی لە جەنگێکدا نەبێت، لۆژیک وا حوکم دەکات کە ئەو لایەنە خۆی لە جەنگێکی لەو جۆرە بەدوور بگرێت و بێلایەنیی خۆی بپارێزێت. ئەو ململانێیەی کە لە نێوان ئێران-ئەمریکادا دەگوزرێت بە هێچ شێوەیەک بەپێی بەرژەوەندییەکانی عێراق یان هەرێمی کوردستان دانەڕێژراوە و هەر دوو لایەنی کێشەکە- تاران و واشنگتۆن- بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆیان ئەو ململانێیە بەڕێوە دەبەن. هەر بۆیە، ڕێگەی دروست ئەوەیە کە هەم عێراق و هەم هەرێمی کوردستان خۆیان لە ئاگری ئەو جەنگە بەدوور بگرن و نەبنە لایەن تێیدا و، ڕێگەیش نەدەن وڵاتەکەیان ببێتە گۆڕەپانی جەنگێکی نەخوازراو و باڵانسی خۆیان لەو ململانێیەدا ڕابگرن.

کۆبەند

پاش خستنەڕووی چەند لایەنێکی ململانێی نێوان ئێران و ئەمریکا لە قۆناغی پاش کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی، بۆمان دەرکەوت کە لایەنە عێراقییەکان بەگشتی هەست بە مەترسیی هەڵگیرسانی جەنگ دەکەن لە ناوچەکە وەک یەکێک لە سیناریۆ چاوەڕوانکراوەکان. هەر بۆیە، عێراق هەوڵ دەدات بە هەموو شێوازێکی مومکین خۆی لە ئاگری ئەو جەنگە بەدوور ڕابگرێت و نەبێتە لایەن لەو جەنگە و ڕێگە نەدات عێراق ببێتە گۆڕەپانی جەنگێکی نەخوازراو، چونکە دۆخی سیاسی-ئابووریی عێراق بە هیچ چەشنێک بەرگەی جەنگێکی لەو جۆرە ناگرێت. هەروا سەبارەت بە هەرێمی کوردستانیش ڕێگەی دروست ئەوەیە کە بە هاوئاهەنگی و هاوکاری لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ بێلایەنیی خۆی بپارێزێت و ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان ئەولەوییەتی یەکەمی بێت.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples