ئازاد وەڵەدبەگی، ماستەر لە یاسای گشتی
چەمک و ناوەڕۆکی سەربەخۆیی لە دەستە سەربەخۆکان
لکاندنی زاراوەی "سەربەخۆ" بە ناوی ئەم دەستانە، نیشانەی ئەوەیە کە ئامانج و مەبەستی سەرەکی لە دامەزراندنی ئەم دەستانە، کارکردنیانە بە شێوەیەکی سەربەخۆ؛ واتە سەربەخۆیی، بەشێکی گرنگی جەوهەر و ناوەڕۆکی ئەم دەستانەیە. هەر بۆیە لێرەدا ئاماژە بەم چەمکە دەکەین و بابەتی سەربەخۆییی دەستەکان لە ڕوانگەی دارایی، کارگێڕی و ئۆرگانی دەخەینە بەر باس؛ چونکە بۆ سەربەخۆبوونی ئەم دەستانە، دەبێ سەربەخۆیی لەم سێ بوارە بەدی بێت، هەتا بتوانن لە بەرامبەر دەسەڵاتی جێبەجێکردن و یاسادانان و دادوەریدا سەربەخۆییی خۆیان بپارێزن.
سەبارەت بە پێناسەی یاساییی وشەی "سەربەخۆیی" لە دەستووری عێراقیدا باسی لێوە نەکراوە، بەڵام ئەگەر بۆ فەرمانی ژمارە (٦٦)ی ساڵی ٢٠٠٤ دەسەڵاتی هەڵوەشاوەی هاوپەیمانان بگەڕێینەوە، دەبینین لە بەشی (٢/بڕگە ٥) بەم جۆرە پێناسەی ئەم زاراوەیە دەکات: "توانای دارایی و بڕیاردان و کارگێڕی بۆ مومارەسەکردنی کارەکان بەبێ ملکەچبوون بۆ کاریگەری یان زاڵبوونی حکوومەت یان کاریگەریی هەر بەرژەوەندییەکی دەرەکیی نەشیاو." لە خوارەوە چەمکی سەربەخۆییی دارایی، کارگێڕی و ئۆرگانی ئەم دەستانە شی دەکەینەوە:
١) سەربەخۆییی دارایی
بە یەکێک لە گرنگترین سیماکانی سەربەخۆیی دادەنرێت، چونکە بەبێ سەربەخۆییی دارایی ناتوانین باس لە بوونی سەربەخۆیی بۆ ئەو دەستانە بکەین. سەربەخۆییی دارایی، ڕێگە دەدات کە ئازادی لە هەڵسوکەوتی یاسایی و پاڵپشتیکردنی بڕیارەکان بەدی بێت، بەبێ ئەوەی سروشتی پەیوەندییە باوەکانی ناو دەوڵەت کاریگەرییان لەسەری هەبێت. نەبوونی سەربەخۆییی دارایی کاریگەریی هەیە لەسەر جێبەجێکردنی پرۆژە و بڕیارەکانی ئەم دەستانە و پێویستی بە وەرگرتنی ڕەزامەندیی لایەنی باڵا دەبێت، کە ئەمەیش زۆر جار گرفت لە بەردەم کاروباری دەستەکان دروست دەکات و ڕێگە لە جووڵەی ئازادیان دەگرێت؛ هەروا دەرفەت بۆ دەسەڵاتی جێبەجێکردن دەڕەخسێنێت کە گوشاریان لەسەر دروست بکات و ڕەزامەندیی دارایییان پێ نەدات.
سەربەخۆییی دارایی، ڕێگە بەم دەستانە دەدات کە بۆ خۆیان بوودجەی خۆیان ئامادە بکەن و ڕاستەوخۆ لە بوودجەی گشتیی وڵاتدا بیگونجێنن و بۆ خۆیشیان جێبەجێکردن و چاودێریکردنی بوودجەکەیش لە ئەستۆ بگرن. واتە ئەم سەربەخۆیییە دارایییە لەسەر هەر سێ بواری ئامادەکردنی بوودجە، جێبەجێکردنی بوودجە و چاودێریکردنی بوودجە دەچەسپێت.
٢) سەربەخۆییی کارگێڕی
سەربەخۆییی کارگێڕی، واتە ئەو دەستەیە بتوانێ بەدەر لە کاریگەریی دەسەڵاتەکانی تر بۆ خۆی بڕیار دەربکات. هەروا سەربەخۆییی کارگێڕی بریتییە لە دانانی دۆخێک بۆ دەستە سەربەخۆکان کە بتوانن ئەرکەکانی خۆیان بە دوور لە هەر جۆرە بەربەستێکی یاسایی بەجێ بگەیەنن؛ بە جۆرێک لایەنی چاودێر لەسەریان دەستوەردان لە کارەکانیان نەکات و بە هیچ شێوازێک لە شێوازەکان کاریگەریی لەسەریان نەبێت. واتە دەستە سەڵاحییاتی تەواوی بەدەستەوە بێت بەبێ دەستوەردانی بێپاساو لە لایەن هەر دەسەڵاتێکی ترەوە، چونکە پێدانی هەر دەسەڵاتێکی کارگێڕی بە دەسەڵاتەکانی تر لە بەرامبەر دەستە سەربەخۆکان، بەکردەوە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی سەڵاحییاتی ئەم دەستانە و کاریگەریی لەسەر سەربەخۆیییان هەیە و، لە ڕووی واتا و ڕاستییەوە لە سەربەخۆییی تەواو، دەیکاتە سەربەخۆییی لاوەکی. هەر بۆیە پێویستە، هەر یەک لەو دەستانە سەربەخۆ بێت لە داڕشتنی کاروباری کارگێریی خۆی بەبێ دەستوەردانی دەسەڵاتەکانی تر.
بۆ ئەم مەبەستەیش پێویستە ئەم سەربەخۆیییە لە لایەکەوە لە دەستووری وڵاتەکەدا بچەسپێت و، لە لایەکی ترەوە بۆ فەراهەمکردنی ئەم سەربەخۆیییە گەرەنتیی تەشریعیی هەبێت؛ بە جۆرێک ئەو دەستەیە بتوانێت مومارەسەی ئەم سەربەخۆیییە بکات لە دیاریکردنی ئەرکی فەرمانبەران و پۆلێنکردن و دیاریکردنی مووچەکانیان و هاواهەنگکردنی بەرژەوەندییە کارگێڕی و تەکنیکییەکان. هەروا دەستە سەربەخۆکان ئازادیی تەواویان هەبێت لە دانانی پەیڕەوی ناوخۆی خۆیان و پێویستی بە پەسندکردنی لایەنەکانی تر نەبێت، بەتایبەت دەسەڵاتی جێبەجێکردن؛ هەروەک چۆن لە یاسای دیوانی چاودێریی دارایی و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان جەختی لەسەر کراوەتەوە.
هەروا ئەم بابەتە لە بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵی عێراق ژمارە (٢٢٨/ت/٢٠٠٦) لە ٩/١٠/٢٠٠٦ بەم جۆرەی خوارەوە جەختی لەسەر کراوەتەوە: "مەبەست لەو سەربەخۆیییەی کە لە بەندی (١٠٢)ی دەستووردا هاتووە ئەوەیە کە فەرمانبەرانی دەستەی دەستپاکی، سەربەخۆن لە بەجێگەیاندنی ئەو ئەرکانەی کە لە یاسای دەستەکەدا هاتووە و جگە لە یاسا کەس سەروەر نییە لەسەریان لە جێبەجێکردنی ئەم ئەرکانە و هیچ لایەنێک بۆی نییە دەستوەردان یان کاریگەریی هەبێت لەسەر دەستە بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانی، بەڵام دەستە ملکەچە بۆ چاودێریی ئەنجومەنی نوێنەران لە ئەنجامدانی ئەرکەکانیدا و ئەگەر سنووری بەزاند یان سەرپێچیی کرد، ئەوا تەنیا ئەنجومەن دەتوانیت لێی بپێچێتەوە و ڕێکاری پێویست لەم بارەیەوە بگرێتە بەر؛ بەڵام لە ڕووی پەیوەندیی دەستەوە، ئەوا دەستوور هیج لایەنێکی دیاری نەکردووە بۆ ئەم پەیوەندییە و، ئەمەیش واتای ئەوەیە کە دەستە خۆی خۆی بەڕێوە دەبات بەگوێرەی یاساکەی و لەم بارەیەوه هاوشانی بانکی ناوەندییە کە خاوەنی سەربەخۆیییە لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی بەبێ دەستوەردانی هیچ لایەنێکی تر."
٣) سەربەخۆییی ئۆرگانی
جگە لە سەربەخۆییی دارایی و کارگێڕی، دەستە سەربەخۆکان بۆ سەرکەوتن لە کار و ئەرکەکانیاندا پێویستە سەربەخۆییی ئۆرگانییشیان هەبێت؛ واتە ئەم دەستانە لە پێکهاتنیاندا ملکەچی کۆمەڵێک ڕێسای دیاریکراو بن کە ببێتە هۆی چەسپاندنی سەربەخۆیییان لە بەرامبەر دەسەڵاتەکانی تر. هەر بۆیە بۆ پاراستنی ئەم سەربەخۆیییە لە هەمبەر دەسەڵاتەکانی تر، پێویستیان بە دەزگەیەکی ڕێکخراوی سەربەخۆ هەیە.
هەر بۆیە دەتوانین بیرۆکەی سەربەخۆیی لەسەر کۆمەڵێک پێوەر دابڕێژین وەک: چۆنێتیی دروستبوونی ئەم دەستانە، شێوازی دامەزراندنی ئەندامەکانیان، ئاستی دەسەڵاتی سیاسییان لە دەوڵەت بۆ لادان یان نوێکردنەوەی فەرمانبەرانی دەستە، گەرەنتیکردنی شێوازی دانانی سەرۆکی دەستە یان فەرمانبەرانی و پێشخستن و گواستنەوە و کۆتاییهێنان بە خزمەتەکانیان؛ هەروا هەر دۆخێکی یاسایی کە پەیوەندیی بە بێلایەنی، ئازادی و بابەتییبوونی ئەم دەستانەوە هەبێت لە ئەنجامدانی ئەرکی چاودێریی خۆیان. دەبێ بڕیارەکانی سەرۆکی دەستە لەم بارەیەوە بڕیاری فەرمی و کۆتایی و یەکلاکەرەوە بێت و پێویستی بە پەسندکردنی هیچ لایەنێکی تر نەبێت.
دەستە سەربەخۆکان لە پرۆژەی دەستووری هەرێمی کوردستان
پرۆژەی دەستووری هەرێمی کوردستان کە لە ٢٤/٦/٢٠٠٩ لە لایەن پەرلەمانی کوردستانەوە پەسند کراوە، هاوشێوەی دەستووری عێراقی کە بە دەستووری دایک دادەنرێت گرنگیی بە دامەزراندنی دەستە سەربەخۆکان داوە و لە بەندەکانی (١٠٧) و (١٠٨)ی خۆیدا ئاماژەی بەم بابەتە داوە. بەگوێرەی بەندی (١٠٧)، دەستەی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی، دیوانی دەستپاکی، چاودێریی دارایی، دەستەی گشتیی دروستی و باشیی بەرهەمە خۆماڵی و هاوردەکان و ئەنجومەنی ڕاوێژ بۆ کاروباری ئابووری و کۆمەڵایەتی دادەمەزرێت.
هەروا بەپێی بەندی (١٠٨) لە پرۆژە دەستوورەکە، ئەو دەستانەی کە لە بڕگەی یەکەمی بەندی (١٠٧)دا ناویان هاتووە و بریتین لە دەستەی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی، دەستەی دەستپاکی، دیوانی چاودێریی دارایی و دەستەی گشتیی دروستی و باشیی بەرهەمە خۆماڵی و هاوردەکان، لەژێر چاودێریی پەرلەمانی کوردستان-عێراقدا دەبن و پەیوەندیی هەر یەکەیان بە پەرلەمانەوە بە یاسا ڕێک دەخرێت. لە بڕگەی دووەمی بەندی (١٠٨)ی پرۆژەی دەستووری هەرێم، ئەو سەڵاحییەتە بە دەسەڵاتی یاسادانان دراوە کە لە داهاتوودا بە یاسا کۆمیسیۆن و دەستەی دیکەیش پێک بهێنیت.
هەرچەندە ئەم پرۆژەدەستوورە هەتا ئێستا ڕۆشناییی نەبینیوە، بەڵام بەو حاڵەیش لە هەرێمی کوردستان هەتا ئێستا کۆمەڵێک دەستە و کۆمیسیۆنی سەربەخۆ بە یاسا دامەزراون کە لە خوارەوە ئاماژەیان پێ دەکەین:
١) یاسای ژمارە (٤) ساڵی ٢٠١٤؛ یاسای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی.
٢) یاسای ژمارە (٤) ساڵی ٢٠١٠؛ یاسای دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ.
٣) یاسای ژمارە (٣) ساڵی ٢٠١١؛ یاسای دەستەی گشتیی دەستپاکی.
٤) یاسای ژمارە (٢) ساڵی ٢٠٠٨؛ یاسای دیوانی چاودێریی دارایی.
٥) یاسای ژمارە (٧) ساڵی ٢٠١١؛ یاسای ئەنجومەنی گشتیی ڕاژە.
٦) یاسای ژمارە (٢) ساڵی ٢٠١٠؛ یاسای دەستەی گشتیی هەرێمی کوردستان بۆ ئەو ناوچانەی ناکۆکییان لەسەرە.
٧) یاسای ژمارە (٣) ساڵی ٢٠١٠؛ یاسای دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە.
جگە لە ئەنجومەنی گشتیی ڕاژە نەبێت، هەموو دەستەکانی تر لە هەرێمی کوردستان دامەزراون و لە کاتی ئێستادا لەسەر کار و ئەرکی خۆیان بەردەوامن.
هەڵسەنگاندنی دەستە سەربەخۆکان
هەرچەندە ئەم دەستانە بۆ کۆمەڵێک ئامانج و مەبەستی دیاریکراو دامەزراون و پێشتر ئاماژەمان پێ کردن، بەڵام مەرج نییە لەم چەند ساڵەی دامەزراندنی ئەم دەستانە لە جێبەجێکردنی کار و ئەرکەکانیاندا سەرکەوتنی تەواویان بەدەست هێنابێت. هەر بۆیە لە خوارەوە ئاماژە بەو ڕەخنانە دەدەین کە ئاراستەی ئەم دەستانە دەکرێن بەم جۆرەی خوارەوە:
١- ئامانج لە دامەزراندنی دەستە سەربەخۆکان ئەوەیە کە بە پاراستنی سەربەخۆییی خۆیان لە دەسەڵاتەکانی ناو دەوڵەت و لایەنە سیاسییەکان، ئەرک و کارەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن. بەڵام واقعی کرداری لە عێراق ڕەنگە بەتەواوی لە چوارچێوەی ئەو ئامانجەدا نەبێت کە بۆی دامەزراوە. ئەم دەستانە دەبێت بەدوور بن لە هاوسەنگی و بەرژەوەندیی لایەنە سیاسییەکان و سازشی نێوان ئەو لایەنانە و کەسانی پسپۆڕ و بێلایەن و بەتوانا لە پۆست و بەرپرسیارێتییەکان دابنرێن، بەڵام بەپێی نەریتی باو لە عێراق هەموو ئەو دەستانە بە کاندید و نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکان پڕ دەکرێنەوە و کەمترین پێوەرەکانی شارەزایی، بێلایەنی و پیشەییبوون لەبەرچاو دەگیرێن. ئەم دەستانە، لە کار و ئەرکەکانیاندا لەژێر گوشاری لایەنە حکوومی و سیاسییەکاندان، کە نموونەی بەرچاوی، دۆخی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بوو لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ساڵی ٢٠١٨ کە گرفت و ناکۆکیی فراوانی لە نێوان لایەنە سیاسییەکاندا دروست کرد و سەرەنجام پەرلەمانی عێراقی لە دواڕۆژەکانی تەمەنی خۆی، ئەم کۆمیسیۆنەی ههڵوهشاندهوه.
٢- هەندێک لەم دەستانە کار و ئەرکەکانیان لە ڕووی سروشت و ناوەڕۆکەوە جیاواز نییە لەگەڵ ئەرکی هەندێ لە دەسەڵاتەکانی ناو دەوڵەت و لە ڕاستیدا دروستکردنی ئەم دەستانە، جگە لەوەی هاوتەریبی ئەرکی ئەو دەسەڵاتەیە، بۆ نموونە دەستەی دەستپاکی، دەستەی داواکانی موڵکدارێتی و دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری کە کارەکانیان سروشتێکی دادوەرییان هەیە و جۆرێک لە تێکەڵبوون و هاوتەریبییان هەیە لەگەڵ ئەرکەکانی دەسەڵاتی دادوەری، کە ئەمەیش لە هەمان کاتدا پێچەوانەی بنەمای سەربەخۆییی دەسەڵاتی دادوەری و بنەمای جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانە. جگە لەمەیش دەستە و دادگهی تایبەتی سەربەخۆ، لەگەڵ ئەرک و سەربەخۆییی دەسەڵاتی دادوەریدا ناگونجێت.
٣- دامەزراندنی ئەم دەستە سەربەخۆیانە پێویستی بە دروستبوونی ڕۆئیا و بۆچوون و ڕەنگڕێژبوونی چەمکەکانە لە چوارچێوە دەستووری و یاسایی و ڕۆشنبیرییەکاندا، کە ببێتە هۆی دامەزراندنی هەندێ دەستەی بەڕاستی پێویست و و سەربەخۆ کە کەموکورتی و بۆشایییەکانی ناو دامودەزگەکانی دەوڵەت پڕ بکاتەوە، نەک ئەوەی کۆمەڵێک دەستەی هاوتەریبی دەسەڵاتەکانی تر دابمەزرێت. هەروا بەندی (١٠٨) لە دەستوور کە ڕێگەی داوە بە دامەزراندنی ئەم دەستە سەربەخۆیانە بەپێی پێویستی و زەروورەت، وا دەکات دەستی یاسادانەر و فراکسیۆنە پەرلەمانییەکان ئاوەڵا بێت بۆ دامەزراندنی هەندێ دەستەی وا کە ڕەنگە زەروور نەبێت؛ بە جۆرێک کە ئێستا ژمارەی ئەم دەستانە لە عێراق دەگاتە زیاتر لە (٢٠) دەستە، کە ئەمەیش بۆ خۆی حکوومەتێکە لە پاڵ حکوومەتی عێراقی و خەرجییەکی زۆری داراییش دەخاتە سەر بوودجەی گشتیی وڵات.
٤- وا پێدەچێت دامەزراندنی ئەم دەستانە لە عێراقی ئەمڕۆ، درێژەپێدانی هەمان ئەو دەستە تایبەتییانە بێت کە لە ڕابردوو لەم وڵاتەدا پەیڕەو کراوە و سەڵاحییات و دەسەڵاتی تایبەت و ڕیزپەڕیان پێ دراوە. هەر بۆیە لە دامەزراندنی ئەم دەستانە، نابێ هەمان کەلتووری ڕابردوو پەیڕەو بکرێتەوە و دهبێ لایەنی بابەتیی پێکهێنانی ئەم دامەزراوانە لەبەرچاو بگیردرێن. جگە لەمەیش، بە تێگەیشتنێکی بابەتییانە بۆ سروشتی کاری ئەم دەستانە، دەستەی نوێ دابمەزرێن نەک کۆپیکردنی کوێرانەی ئەزموونی وڵاتانی تر بێت بەبێ لەبەرچاوگرتنی زەروورەتی بابەتی.
٥- سەربەخۆییی دارایی و کارگێڕیی ئەم دەستە و دامودەزگەیانە، تێگەیشتنێکی هەڵەی دروست کردووە و بووەتە هۆی ئەوەی کە ئەم بابەتە بقۆزرێتەوە بۆ پەرەپێدانی گەندەڵی و بەفێڕۆدانی سامانی گشتی و دژایەتیکردنی هەر جۆرە یاسا و تەشریعاتێک کە سەربەخۆییی ئەم دەستانە سنووردار بکات؛ کە ئەمەیش ڕەنگە پێچەوانەی ئامانجی دامەزراندنی ئەم دەستانە و بنیاتنانەوەی دەوڵەتێکی نوێی دامەزراوەیی بێت و ئەوەی کە لە واقعی کردارییشدا دەبینرێت، سەلمێنەری ئەم ڕاستییەیە.
کۆبەند
لەم بابەتەدا، چەمکی دەستە سەربەخۆکان و پێناسە و جۆر و تایبەتمەندییەکانی ئەم دەستانە بەگوێرەی دەستووری عێراقی ساڵی ٢٠٠٥ و ئاماژەکردن بەم دەستانەیش لە پرۆژەی دەستووری هەرێمی کوردستان ساڵی ٢٠٠٩ و یاسا بەرکارەکان خرانە ڕوو. هەرچەندە، بوونی ئەم دەستە سەربەخۆیانە دەتوانێ هەنگاوێکی باش و ئەرێنی بێت بۆ پێشخستنی بنەماکانی دیموکراسی و حوکمڕانیی شەفاف، بەڵام لە ڕاستیدا ئەزموونەکە لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش لە ڕووی پراکتیکییەوە نەیتوانیوە سەرکەوتنی باش بەدەست بهێنێ و لەژێر گوشار و کاریگەریی دەسەڵاتی جێبەجێکردن و یاسادانان و لایەنە سیاسییەکاندا بووە، کە نموونەی هەرە بەرچاویشی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤ و دەستەی دەستپاکی و دیوانی چاودێریی دارایین، کە نەیانتوانیوە سەرکەوتنی پێویست لە ئەرک و کارەکانیاندا بەدەست بهێنن و سەرۆک و ئەندامانی باڵای ئەم کۆمیسیۆن و دەستانە بە سیستەمێکی پشکپشکێنە لە لایەن حزبە سیاسییەکانەوە دیاری دەکرێن. هەروا ئەگەر دەستەی دەستپاکی و دیوانی چاودێریی دارایی بە نموونە وەربگرین، دەبینین کە لە عێراق لەوەتهی ئەم دیوان و دەستەیش دامەزراون، عێراق هەر لە ڕیزی پێشەوەی وڵاتانی گەندەڵی جیهاندایە، کە ئەمەیش بەڵگەیە بۆ سەرنەکەوتنی ئەم دیوان و دەستەیە.