ئاییندەی ناوچە جێناکۆکەکان لە نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان (بەشی سێیەم و کۆتایی)

ئازاد وەڵەدبەگی، ماستەر لە یاسای گشتی

میکانیزمە دەستوورییەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە

یەکێک لە پرسە ئاڵۆزەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان پاش ساڵی ٢٠٠٣، پرسی "ناوچە جێناکۆکەکان"ە. میکانیزمی چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، لە بەندی (٥٨) لە یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەت ساڵی ٢٠٠٤ و بەندی (١٤٠) لە دەستووری ساڵی ٢٠٠٥ داڕێژراوە. بەپێی بەندی (٥٨) لە یاسای بەڕێوەبردن، ئەرکی جێبەجێکردنی ئەم بەندە دەکەوێتە ئەستۆی حکوومەتی فیدراڵی ڕاگوزاری و، پاش پەسندکردنی دەستووری هەمیشەیی لە ساڵی ٢٠٠٥ ئەم ئەرکە دەکەوێتە سەر شانی حکوومەتی هەمیشەییی عێراق. جێکردنەوەی ئەم بەندە لە یاسای بەڕێوەبردن، داننانە بەو ستەمەی کە دەرهەق بە دانیشتووانی ناوچە جێناکۆکەکان و بەتایبەتی کورد کراون و گرتنەبەری هەنگاوێکی ئەرێنییە بۆ چارەسەری ئەم گرفتە؛ بە جۆرێک کە ئاماژە بە گەڕاندنەوەی دەرکراوان بۆ ناوچەکانیان، قەرەبووکردنەوەی دادپەروەرانە، دابینکردنی پارچەیەک زەویی نیشتەجێبوون، گەڕاندنەوەی عەرەبە هاوردەکان بۆ شوێنەکانی خۆیان و قەرەبووکردنەوەیان، چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی تایبەت بە موڵک و زەویوزار و... کراوە. ئەم ڕێکارانە لە ڕووی تیۆرییەوە ڕێکاری باش و دادپەروەرانەن، بەڵام لە ڕووی کردارییەوە جێبەجێکردنیان ئاسان نەبووە، هەر بۆیە تاکوو ئێستا نەیتوانیوە ئامانجی کۆتاییی خۆی بپێکێت و، پێدەچێت جێبەجێکردنی ئەم ڕێکارانە کاتی زیاتری پێویست بێت.

لەژێر گوشارەکانی لایەنی کوردی لە سەردەمی حکوومەتی ئیبراهیم جەعفەری، یەکەمین لیژنەی جێبەجیکردنی بەندی (٥٨) بە بڕیاری ژمارە (٢٣) لە ساڵی ٢٠٠٥ بە سەرۆکایەتیی "حەمید مەجید مووسا" پێک هات.

پاش پەسندکردنی دەستووری هەمیشەییی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٥ بەپێی بەندی (١٤٠/یەکەم)، دەسەڵاتی جێبەجێکردنی فیدراڵی پابەند کرا بە گرتنەبەری هەنگاوی پێویست بۆ جێبەجێکردنی بەندی (٥٨) لە یاسای بەڕێوەبردن؛ واتە ناوەڕۆکی ئەم بەندە بەتەواوەتی گواسترایەوە بۆ ناو دەستووری نوێ. هەروا بەپێی بەندی (١٤٠/دووەم) میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی ئەم پرۆسەیە بە سێ قۆناغی "ئاساییکردنەوە"، "ئامار" و "ڕیفراندۆم"دا تێپەڕ دەبێت لە کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکانی تر بۆ دیاریکردنی ویستی خەڵکی ئەو ناوچانە، بە جۆرێک کە نابێ لە ٣١/١٢/٢٠٠٧ تێپەڕ بکات.

سەبارەت بە قۆناغی یەکەم، واتە ئاساییکردنەوە، بریتییە لە گەڕاندنەوەی دەرکراوان بۆ شوێنەکانی خۆیان و گەڕاندنەوەی عەرەبە هاوردەکانیش بۆ ئەو ناوچانەی لێوەی هاتوون و قەربووکرنەوەیان؛ هەروا دابینکردنی هەلی کار بۆ ئەو کەسانەی کە لەم ناوچانە لێی بێبەش بوون و، ڕێگەدان بەوەی کە ناسنامه‌ی نەتەوەیی و ڕەگەزیی خۆیان دیاری بکەن و، هەروا ئەو ڕێکارانە هەڵبوەشێنرێنەوە کە بوونەتە هۆی گۆڕانی کارگێڕی لەم ناوچانەدا.

قۆناغی دووەم بریتییە لە ئامارگیریی دانیشتووانی ناوچە جێناکۆکەکان، کە بەندەکە تەنیا ئاماژەی بە ئامار کردووە بەبێ ئەوەی وردەکارییەکانی دیاری بکات، وەک: کاتی ئامارگیری و ئاراستەکردنی پرسیار بۆ دیاریکردنی ناسنامه‌ی نەتەوەییی دانیشتووان.

قۆناغی سێیەم بریتییە لە ڕیفراندۆم لە ناوچە جێناکۆکەکان، بۆ ئەوەی دانیشتووانی ئەو ناوچانە ویست و ئیرادەی خۆیان دەرببڕن دەربارەی دۆخی کارگێڕی و چارەنووسی ئەو ناوچانە؛ بەڵام سەبارەت بەم قۆناغەیش زۆر پرسیاری ناڕوون هەن وەک: لایەنی بەرپرس لە ڕیفراندۆم کێیە؟ کێیە ئەو کەسەی کە دەبێ دەنگ بدات؟ پێوەرەکانی هەڵبژاردنی دەنگدەر کامانەن؟ هەروا دەقی ئەو پرسیارە دیارینەکراوە کە دەبێ ئاراستەی خەڵک بکرێت و بژاردەکان لەم بارەیەوە چین؟ هەروا سنووری ناوچەی جوگرافیی دەنگدان کوێیە؛ ئایا لەسەر ئاستی نیشتمانی یان پارێزگە یان قەزا یان شارۆچکەیە؟ هەروا ڕێژەی پێویست بۆ تێپەڕاندنی ڕیفراندۆم چەندە؟ ئایا تێپەڕاندن بە زۆرینەی سادە دەبێت یان ڕەها یا دوو لەسەر سێ؟

هەروا بەدەر لەمانەیش، جگە لە کەرکووک کە لە دەقی بەندە دەستوورییەکە وەک ناوچەی جێناکۆک ناوی هاتووە، ئایا ناوچەکانی دیکە کوێن و دیاری نەکراون؟ کە ئەمەیش دەتوانێ لە داهاتوودا خاڵێکی جێی ناکۆک بێت.

 بەدەر لەوەی کە حکوومەتی فیدراڵی هیچ کات ویست و ئیرادەی پێویستی نەبووە بۆ جێبەجێکردنی ئەم میکانیزمانە، چ لە کات و ساتی دیاریکراودا و چ لە ساڵانی دواتریشدا، بەڵام لایەنی کوردییش لەم بارەیەوە کەمتەرخەم و کەمئەزموونیش بووە و، ڕەنگە سەرقاڵبوونی بە بابەت و کێشە جۆراجۆرەکانی کوردستان و عێراق وای کردبێت، چارەسەرکردنی کێشەی ناوچە جێناکۆکەکان لە لایان، ئەولەوییەتی یەکەم نەبێت. پاش کۆتاییهاتنی وادەی دیاریکراو لە دەستوور کە دێسەمبەری ساڵی ٢٠٠٧ بوو، بە نابژیوانیی نەتەوە یەکگرتووەکان کە ئەودەم "ستیڤان دیمیستۆرا" سەرۆکایەتیی "یۆنامی"ی دەکرد، هەر دوو لای کێشەکە ڕێک کەوتن لەسەر دواخستنی پرۆسەی جێبەجێکردنی بەندی (١٤٠) بۆ ماوەی شەش مانگ؛ بەڵام لەو کاتەوە تاکوو ئێستا بابەتەکە هەر بەهەڵواسراویی و جێبەجێنەکراوی ماوەتەوە.

بە سەرنجدان بە نەبوونی ئیرادە لە حکوومەتی فیدراڵی بۆ جێبەجێکرنی بەندی (١٤٠)، پرژوبڵاویی لایەنە کوردییەکان، باڵادەستبوونی سەربازیی حکوومەتی عێراق لە ناوچە جێناکۆکەکان پاش ڕێفراندۆم، دەستوەردانە هەرێمییەکان لە دۆخی ناوچە جێناکۆکەکان و بەتایبەت بوونی هێزەکانی حەشدی شەعبی لەو ناوچانە، جێبەجێکردنی بەندی (١٤٠) لەم قۆناغەدا دوور دەنوێنێ.

سیناریۆکانی چارەسەرکردنی کێشەکە

بە سەرنجدان لە لایەنەکانی کێشەکە، سیناریۆکانی چارەسەری ئەم کێشەیە لە نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵی دەتوانێ لە  چوارچێوەی ئامرازەکانی ئاشتییانە و سەربازیدا پۆلێن بکرێت. هەر لە سەرەتای دروستبوونی دەوڵەتی عێراق، کورد لە ململانێ و ناکۆکیی بەردەوام بووە لەگەڵ ئەم دەوڵەتە بۆ بەڕێوەبردنی ئەم ناوچانە، بەڵام حکوومەتی عێراقیش هەموو کات بۆ چارەسەری کێشەکە ڕێگەچارەی سەربازیی هەڵبژاردووە؛ تەنیا لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٣-٢٠١٧ بوو کە پەنا بۆ ڕێگەچارەی ئاشتییانە براوە، ئەویش لە ڕێگەی ئەو میکانیزمەی کە لە یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەت ساڵی ٢٠٠٤ و دەستووری ساڵی ٢٠٠٥ پێشبینی کراوە، کە بەداخەوە ئەو میکانیزمانەیش پشتگوێ خراون. لێرەدا ئاماژە بەو سیناریۆ چاوەڕوانکراوانە دەکەین کە بۆ چارەسەری کێشەی ناوچە جێناکۆکەکان پێشبینی دەکرێت بەم جۆرەی خوارەوە:

ئا) سیناریۆ ئاشتییانەکان: ئەم سیناریۆیانە بەسەر چەند جۆرێکدا دابەش دەبن بەم جۆرەی خوارەوە:

١) چارەسەری دەستووری بەگوێرەی بەندی (١٤٠)ی دەستوور

سەرەڕای ئەوەی کە بەگوێرەی بەندی (٥٨) لە یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەت کە پاشان گواسترایەوە بۆ بەندی (١٤٠)ی دەستوور، میکانیزمی دەستووری بۆ کێشەی ناوچە جێناکۆکەکان پێشبینی کراوە و، کاتی جێبەجێکردنەکەیش هەتا کۆتاییی ساڵی ٢٠٠٧ بووە، بەڵام سەرەڕای تێپەڕبوونی ١٢ ساڵ بەسەر ئەو کاتە هێشتا ئاسۆکانی جێبەجێکردنی بەندی (١٤٠) ناڕوونن. پێکهاتەی عەرەبی و تورکمانی لەم ناوچانە بەربەست لەبەردەم ئەم بەندە دەستوورییە دروست دەکەن و لەم ڕووەوە دەوڵەتانی هەرێمی و تەنانەت ڕۆژاواییش پاڵپشتیی بیرۆکەکانی ئەوان دەکەن و، بیانووی جۆراوجۆر وەک شیاونەبوونی کات بۆ جێبەجێکردنی ئەم بەندە دەهێننەوە. گرفتی سەرەکی لەبەردەم جێبەجێبوونی ئەم بەندەدا هەیە، لە کاتێکدا هێشتا قۆناغی ئاساییکردنەوە بەتەواوی جێبەجێ نەکراوە، بە هۆی شەپۆلی ئاوارە عەرەبەکان بۆ ئەم ناوچانە پرۆسەی ئاساییکردنەوە بەکردەوە بەهای خۆی لەدەست داوە؛ هەروا هەتا ئێستا ئامارگیری لەم ناوچانە ئەنجام نەدراوە، کە لە حاڵەتی جێبەجێنەبوونی قۆناغی ئاساییکردنەوە، بەکردەوە ئامارگیری و ڕیفراندۆمیش جێبەجێ نابێت.

٢) دابەشکردنی ناوچە جێناکۆکەکان

یەکێکی دیکە لە چارەسەرە چاوەڕوانکراوەکان لە نێوان حکوومەتی هەرێم و فیدراڵی، دابەشکردنی ناوچە جێناکۆکەکانە بەپێی ئاستی باڵادەستی و دەستڕۆییی سیاسی، دیمۆگرافی، کارگێڕی و سەربازیی ئەو ناوچانە. بەم پێیە، بۆ نموونە دەکرێ قەزاکانی خانەقین، شێخان، مەخموور و شەنگال بۆ هەرێمی کوردستان بن و، قەزای بەدرە و ناوەندی قەزای تەلەعفەر بۆ حکوومەتی فیدراڵی بێت. سەرکەوتنی ئەم سیناریۆیەیش دەکەوێتە سەر گفتوگۆکانی هەر دوو لا و داننان بە دۆخی دیفاکتۆ بۆ ئەو ناوچانە.

٣) دروستکردنی هەرێمی کەرکووک

یەکێک لە ڕێگەچارە ناوەنجییەکان بریتییە لە دروستکردنی "هەرێمی کەرکووک" بەپێی میکانیزمی بەندی (١١٩)ی دەستووری عێراقی و یاسای دروستکردنی هەرێمەکان ژمارە (١٣) ساڵی ٢٠٠٨، کە بەم پێیە کەرکووک دەبێتە هەرێمێکی سەربەخۆ. ئەم بۆچوونە پتر لایەنی تورکمانی و گرووپی قەیرانە نێودەوڵەتییەکان پاڵپشتیی دەکەن. عەرەبەکانیش پشتگیریی ئەم بۆچوونە ناکەن و هەروا لایەنی کوردییش دژایەتیی ئەم بۆچوونە دەکات و لە حاڵەتێکدا کە بکەوێتە ڕیفراندۆم، ئەوا بە حوکمی زۆرینەی کوردی لە پارێزگەی کەرکووک ئەم سیناریۆیە شکست دەهێنێت. هەر بۆیە، پێناچێت ئەم سیناریۆیە سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، چونکە لە ئەگەری جێبەجێبوونیشی، بە حوکمی ناڕەزاییی کوردی لەسەر ئەم چارەسەرە ئەوا ناکۆکییەکە هەر بەردەوام دەبێت.

٤) بڵاوکردنەوەی هێزەکانی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان

یەکێک لە چارەسەرەکان بریتییە لە بڵاوکردنەوەی هێزی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ناوچە جێناکۆکەکان بۆ ڕێگەگرتن لە پەنابردنە بەر ڕێگەچارەی سەربازی؛ کە ئەمەیش بەپێی چارتی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەکرێ بە بڕیارێکی ئەنجومەنی ئاسایش جێبەجێ بکرێت، کە ئەرکی ئەم هێزانە دیاری دەکات. لە کاتی نەگەیشتن بە چارەسەرێکی نیشتمانی و نەبوونی ئیرادەی ڕێککەوتن بەپێی میکانیزمی دەستووری، ئەوا ئەم ڕێگەیە چاوەڕوانکراوە بۆ ئەوەی لایەنە ناکۆکەکان پەنا نەبەنە بەر چارەسەری سەربازی. هەرچەند ئەم سیناریۆیە چارەسەری کۆتایی نییە بۆ ناکۆکییەکان، بەڵام دەتوانێ دۆخەکە هێور بکاتەوە یان ناکۆکییەکە دوا بخات.

هەروا نەتەوە یەکگرتووەکان پێشتر لە ڕێگەی نوێنەری خۆی لە عێراق (ستیڤان دیمیستۆرا) لە حوزەیرانی ٢٠٠٨ بۆ چارەسەری کێشەی ناوچە جێناکۆکەکان دەستپێشخەرییەکی ئاراستەی هەر دوو لایەنی کیشەکە کرد، کە ئەویش بریتی بوو لە پۆلێنکردن و چارەسەری کێشەی ناوچە جێناکۆکەکان بە دوو قۆناغ بەم جۆرەی خوارەوە:

قۆناغی یەکەم بریتی بوون لە قەزاکانی ئاکرێ، حەمدانییە و مەخموور لە پارێزگەی نەینەوا و شارۆچکەی مەندەلی لە پارێزگەی دیالە. قۆناغی دووەم بریتی بوون لە قەزاکانی تەلەعفەر، تلکێف، شێخان، شەنگال لە پارێزگەی نەینەوا و قەزای خانەقین لە پارێزگەی دیالە و پارێزگەی کەرکووک. ڕاپۆرتی شیکاریی قۆناغی یەکەم لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکان لە حوزەیرانی ٢٠٠٨ بڵاو کرایەوە، بەڵام ڕاپۆرتی دووەم تاکوو ئێستا بڵاو نەکراوەتەوە.

٥) لکاندنی ناوچە جێناکۆکەکان بە هەرێمی کوردستان

دەستووری عێراقی، مافی بە پارێزگە ڕێکنەخراوەکان لە هەرێم داوە کە داوای لکاندن بەو هەرێمانەوە بکەن کە ئێستا بوونی هەیە و لە کاتی ئێستایشدا تاکە هەرێم، "هەرێمی کوردستان"ە. بەپێی بەندی (١١٩) لە دەستوور و بەندی (٢/سێیەم) لە یاسای ڕێکارە جێبەجێکارییەکانی تایبەت بە پێکهێنانی هەرێمەکان ژمارە (١٣) ساڵی ٢٠٠٨، یەک لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگە دەتوانن داواکاری پێشکەش بکەن بۆ خۆلکاندن بە هەرێم لەگەڵ ڕەزامەندیی یەک لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجومەنی یاسادانانی هەرێمەکان. سەبارەت بە پارێزگەی کەرکووک، بە سەرنجدان بە زۆرینەی کوردی لە ئەنجومەنی پارێزگە ئەم دەرفەتە بەردەستە، بەڵام لە کاتی پێشکەشکردنی داواکاری بە ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵی بۆ ڕاسپاردنی کومیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، ئەوا لەو کاتەدا بەربەست لەبەردەم ئەم هەنگاوەدا دروست دەکەن. هەروا سەبارەت بە ناوچە جێناکۆکەکانی هەڵکەوتوو لە پارێزگەکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەددین و واست ئەم دەرفەتە بەردەست نییە.    

٦) گەڕانەوەی ئەو ناوچانەی کە کێشەیان کەمترە و پێدانی دۆخی تایبەتی بە کەرکووک لەناو هەرێمی کوردستان

بە سەرنجدان بەوەی هەندێ ناوچەی وەک خانەقین، مەخموور، شەنگال و شێخان هەستیاریی لای شەقامی عەرەبی کەمترە و باڵادەستیی کوردی تێیدا ڕوونە و، هەروا هەندێ ناوچەی وەک ناوەندی قەزای حەمدانییە کە زۆرینەی مەسیحین یان ناوەندی قەزای تەلەعفەر کە زۆرینەی تورکمانین و قەزای بەدرە کە بوونی کوردی تێیدا لاوازە و هەستیاریی لای شەقامی کوردی نییە، بکرێنە کارتێک بۆ سازشکردن و ناوچەکانی یەکەم بخرێنە سەر هەرێمی کوردستان و ئەوانی دیکە بخرێنە ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی فیدراڵی. دەکرێ لە قەزا و شارۆچکەکانی دیکەیش هەمان پرۆسە جێبەجێ بکرێت و سەبارەت بە پارێزگەی کەرکووکیش، دەکرێ دۆخێکی تایبەتی پێ بدرێت لە چوارچێوەی هەرێمی کوردستان و بخرێتە سەر هەرێم و بە دابەشکردنی دەسەڵاتەکان لە نێوان پێکهاتەکانی کەرکووک ئەوانیش ڕازی بکرێن.

  ٧) مانەوەی دۆخەکە وەک خۆی

لە ئەگەری نەگەیشتن بە ڕێککەوتن و جێبەجێنەبوونی بەندی (١٤٠) لە دەستوور و پەرەسەندنی گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵی و هەرێم و، تەنانەت ڕێکنەکەوتنی لایەنە کوردییەکان سەبارەت بە چارەسەرێکی یەکگرتوو بۆ ئەم ناوچانە، بە سەرنجدان بە بۆچوون و تێڕوانینی جیاوازی ئەم لایەنانە، بەتایبەت پارتی و یەکێتی، لەوانەیە لە ڕووی ناچارییەوە هێشتنەوەی دۆخەکە وەک خۆی چارەسەرێکی کاتی بێت بۆ ئەوەی ناکۆکییەکان، چ لە نێوان هەولێر-بەغدا و چ لە نێوان لایەنە کوردییەکان نەگاتە ئاستی تەقینەوە و پێکدادان.

ب) سیناریۆ سەربازییەکان: لە ئەگەری سەرنەگرتنی هیچ کام لە ڕێگەچارە ئاشتییانەکان، ئەوا لەوانەیە دەرفەت بۆ چارەسەری سەربازی بێتە ئاراوە، کە ئەمەیش خۆی لە دوو سیناریۆدا دەبینێتەوە بەم جۆرەی خوارەوە:

١) بژاردەی سەربازی لە لایەن هەرێمی کوردستان

لە ئەگەری شکستهێنانی هەموو ئەگەرێکی ئاشتییانە، لەوانەیە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بیر لە ڕێگەچارەی سەربازی بکاتەوە بۆ گەڕاندنەوەی ئەم ناوچانە بۆ سەر هەرێـمی کوردستان، هەروەک چۆن بینیمان لە کۆتاییی شوباتی ٢٠١١ هێزی پێشمەرگە بە چەکی قورس ڕووی کردە ناوچە جێناکۆکەکان بۆ پاراستنی پێکهاتەی کوردی. هەروا لە ساڵی ٢٠١٤ بە هۆی ئەو دۆخەی کە پاش هێرشی داعش هاتە ئاراوە و شکست و هەڵاتنی سوپای عێراق لە ناوچە جێناکۆکەکان، هێزی پێشمەرگە لە ڕووی سەربازییەوە بەتەواوی دەستی بەسەر ئەو ناوچانەدا گرت. هەروا بەرپرسانی کوردیش لە ڕابردوودا درێخییان نەکردووە لە هەڕەشەی سەربازی بۆ گەڕاندنەوەی ناوچە جێناکۆکەکان.

سەبارەت بە ئەگەری سەرکەوتنی ئەم ڕێگەیە، ئەوا لە لایەن حکوومەتی فیدراڵی و لایەنی عەرەبی و تورکمانی ڕەت دەکرێتەوە، هەروا ئەم شێوازە لە لایەن هێزە هەرێمییەکانیش پەسند ناکرێت؛ جگە لەمەیش دەستبەسەرداگرتنی لەو جۆرە، ڕەواییی یاسایی و سیاسیی نابێت و دۆخی کورد لە ڕووی یاسایی و سیاسییەوە لاواز دەکات و، لە هەمان کاتیشدا لە ئەگەری تێکچوونی باڵانسی هێز، دەکرێ هاوکێشەکە گۆڕانی بەسەردا بێت، هەروەک چۆن پاش ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر بینیمان دۆخی سەربازی لە قازانجی حکوومەتی فیدراڵی گۆڕانی بەسەردا هات.

٢) بژاردەی سەربازی لە لایەن حکوومەتی فیدراڵی

شێوازی حکوومەتە عێراقییە یەک لە دوای یەکەکان بە درێژاییی دروستبوونی دەوڵەتی عێراق، چارەسەری سەربازی بووە بۆ کێشەی کورد، بەڵام ئەم چارەسەرە جگە لە جەنگ و نەهامەتی هیچ ئەنجامێکی بەدواوە نەبووە. لە ئەگەری دەستبردن بۆ ئەم شێوازە هەر وەک چۆن لە ١٦ی ئۆکتۆبەر بینیمان، ئەوا لایەنی عەرەبی و تورکمانی (نەک هەموویان) پێشوازیی لێ دەکەن، بەڵام لایەنی کوردی ڕەتی دەکاتەوە. هەروا هێزە هەرێمییەکان پاڵپشتی لەم سیناریۆەیە دەکەن، بەڵام پێناچێت هێزە نێودەوڵەتییەکان لە درێژخایەندا پشتیوانی لەم شێوازە بکەن. بژاردەی سەربازی لە لایەن حکوومەتی فیدراڵی، ئەگەرچی لەوانەیە باڵادەستیی سەربازی و کارگێڕیی کاتیی بەدواوە بێت بۆ ئەو حکوومەتە، بەڵام نەک هەر کێشەکە چارەسەر ناکات، بەڵکوو ئەگەری قووڵتربوونەوەی کێشەکان و گەڕانەوە بۆ چوارگۆشەی یەکەم زیاتر دەکات، کە بە سەرنجدان بە دۆخی نالەباری ئاسایشی، سیاسی و ئابووریی عێراق ڕێگەیەکی عاقڵانە نییە.

ئەنجام

ڕیشەی ململانێ لەسەر ناوچە جێناکۆکەکان مێژوویەکی دێرێنی هەیە، کە تەنانەت دەگەڕێتەوە بۆ پێش دروستبوونی دەوڵەتی عێراق. ناوچە جێناکۆکەکان لە دەستووردا بەڕوونی دیاری نەکراوە و تەنیا پارێزگەی کەرکووک لە دەقی دەستووردا ناوی هاتووە وەک ناوچەی جێناکۆک، کە هۆکاری ئەمەیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کەرکووک جەوهەری کێشەی کوردە لە عێراقدا و لایەنی کوردی لە کاتی نووسینەوەی دەستوور ئەم ڕاستییەی چەسپاندووە. هەرچەندە، ئەو میکانیزمەی کە لە دەستووردا بۆ چارەسەری کێشەی ناوچە جێناکۆکەکان دانراوە ئاڵۆزی و ناڕوونیی تێدایە، بەڵام بەو حاڵەیش حکوومەتی فیدراڵی، لێبڕاو نییە بۆ جێبەجێکردنی ئەم میکانیزمە دەستوورییە؛ کە ئەمەیش وا دەکات کێشەکە هەر بەچارەسەرنەکراوی و هەڵواسراوی بمێنێتەوە.

پاش ڕووداوەکانی ١٦/ی ئۆکتۆبەری/٢٠١٧ حکوومەتی فیدراڵی بە پاڵپشتیی هێزە هەرێمییەکان و بیدەنگیی هێزە ڕۆژاوایییەکان، بژاردەی سەربازیی بۆ چارەسەری دۆخی ناوچە جێناکۆکەکان گرتە بەر، کە ئەمەیش پێچەوانەی بنەما و میکانیزمە دەستوورییەکانە. هەر چارەسەڕێک کە نەتوانێ ڕەزامەندیی هەموو پێکهاتەکانی ناوچەکە بەدەست بهێنێت، ئەوا بە چارەسەرێكی کاتی و نادەستووری دادەنرێت و ناتوانێ هەمیشەیی و بەردەوام بێت. پرژوبڵاوی و نایەکگرتووییی هێزە کوردییەکان (بەتایبەت پارتی و یەکێتیی) لەسەر ستراتیژێکی تۆکمە و یەکگرتوو بۆ دۆخی ئەم ناوچانە، دەرفەتی زیاتر بۆ باڵادەستیی حکوومەتی فیدراڵی دەڕەخسێنێت. بەدەر لەمەیش، چارەسەری گونجاو بۆ ئەم ناوچانە ئەوەیە کە ئازادی و دادپەروەری بۆ هەموو دانیشتووانی ناوچەکە بەدی بهێنێت، سەرەڕای ڕیزگرتن لە جیاوازیی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان.   

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples